لە كۆتایی نەوەدەكاندا و لەو وێرانە مەعریفی و ڕۆحییەی كە لەبەر گەلێ هۆ و هۆكار هەموو بوارەكانی ژیانی كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریمانی تەنیبۆوە و وەكو پێداویستییەكی ئەم ڕۆژگارەی كورد و بە هەوڵ و تەقەللای شاعیری نەمر شێركۆ بێكەس و چەند ئەدیب و نووسەرێكی تر؛ لەوانە ڕەووف بێگەرد و محەمەد موكری و حسەین عارف و دڵشاد عەبدوڵڵا و ئازاد بەرزنجی و شێرزاد حەسەن و ئەكرەم قەرەداخی و هەندێكی تر بیرۆكەی دامەزراندنی دەزگایەكی چاپ و بڵاوكردنەوە هاتە گۆڕێ تا كەم و زۆر و ئەوەندەی لە توانادا بێت لە پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە ڕۆشنبیرییە گەورەیەدا بەشدارییەك بكات و سەرچاوەی فەلسەفی و فیكری و زانستی و هونەری و ئەدەبی بخاتە بەردەست ڕۆشنبیران و خوێنەرانی كورد، بۆیە كۆمەڵێك ئەدیب و نووسەر بە هەستی لێپرسراوێتییەوە كەوتنە ڕێكخستنی ئەو پڕۆژەیە و بەدیهێنانی بە شێوەیەكی نوێ كە لەگەڵ ڕەوتی ڕووناكبیری و فیكریی جیهانی ئەمڕۆدا بگونجێت، بەتایبەتی ئەو شێوە دەزگاییە لە خۆ بگرێت كە سیمای كۆمەڵگای مەدەنیە و لە بواری بەرهەمهێناندا ئازاد و سەربەخۆیە.
دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لەسەر داوای بەشێك لەو ئەدیبانە و بەپێی بڕیاری ژمارە (٩٨)ی ڕۆژی ٢٥/١٠/١٩٩٨ی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سلێمانی دامەزراوە و ئێستا ئەم دەزگایە ئەنجومەنێك بەڕێوەی دەبات كە دەسەڵاتی باڵایە لە دەزگاكەدا و لە سەرۆكی ئەنجومەن و چەند ئەندامێك پێكهاتوە.