بە بۆنەی چاپی دووەمی گوڵەکانی ژێر بەفر
ڕانانی: ئیدریس عەلی
کاتێ لۆگۆی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمم لەسەر یەکێک لە وەجبە کتێبە تازەکانیان بینی، بە نێوی (گوڵەکانی ژێر بەفر) و زانیم کە بابەتی کتێبەکە بیرەوەرییە، سەراسیمە بووم، دەزگای سەردەم و کتێبی بیرەوەریی سیاسسییەکی کورد بە نێوی (عاسی حوسێن مەحمود) هەرچیم دەکرد پێم هەزم نەدەکرا، خێرا لاپەڕەی یەکەمی کتێبەکەم هەڵدایەوە و بڕێک لە پێشەکیی نووسەرەکەیم خوێندەوە، دواتر تێگەیشتم کە ئەمە بیرەوەریی پێشمەرگەیەکی سادەیە، نەک سەرکردەیەکی سیاسی، بیرەوەریی تێکۆشەرێکە، لە گەلێ هەوراز و نشێو، تاڵی و سوێری، گەرما و سەرما، ئازار و زیندان و ئەشکەنجە و برسێتی و دیمەنی مەرگی خۆی، لە دەیان ساتی جیا جیادا بینیوە و هەنووکەش بە پاکیی تێکۆشەرێکی دڵ پڕ لە خەون ماوەتەوە، ئیدی تێگەیشتم کە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، کارێکی ژیرانەیان کردووە، با خوێنەر بۆ یەک جاریش بێت ئەو مێژووی بەرخودان و خەباتە، دوور لە فەنتازیای گێڕانەوەی سەرکردە گیرفان پڕەکانی ئێستا بخوێنێتەوە، لێرەوە گرنگیی کتێبەکەم بۆ دەرکەوت، پاشتر کە یەکەم پەڕەگرافم لە بە شی یەکەمی گێڕانەوەکە خوێندەوە، هەستم کرد کە ئیدی من لە بەردەم کتێبێکی جیاواز و زمانێکی جیاواز و شێوازێکی جیاوازی بیرەوەریی نووسیندام، کە بەم شێوە وەسفە جوانە دەست پێ دەکات، زیادەڕۆیی نییە دەستپێکی ئەم کتێبە هیچی لە دەستپێکی ڕۆمانە جیهانییەکان کەمتر نییە: ئەگەرچی لە سەرەتای ساتەکانی یەکەمی شەوێداین، بەڵام شەوێکی تاریک و ئەنگوستەچاوە، شەوێکی تاریک تاریکە، بە پێی ئەم سەرلەئێوارەیە بێت، بۆ ڕۆژبوونەوە ئاسمان پێویستی بە چەند خۆرێک هەیە هەتا ڕۆژی تێدا هەڵبێت، بڕوا ناکەم ئەم هەموو تاریکییە بە تاقەخۆرێک بڕەوێتەوە.
یادەوەرییەکانی (عاسی حوسێن مەحمود) بەم دەستپێکە بەهێزە، خوێنەر بە توندی گرێ دەدات بە خۆیەوە و بۆ یەک چرکەش ناهێڵێت دەستبەرداری بێت، لە ڕاستیدا نووسەری ئەم کتێبە بە زمانێکی ئەدەبیی باڵا ڕووداوە خۆش و ناخۆشەکانی ڕۆژانی تێکۆشان و پێشمەرگایەتی خۆیمان بۆ دەگێڕێتەوە، بێ ئەوەی هیچ لایەنگریی، یان ڕق و بە دووژمنکردنێکی ئەوانی دیکەی تێدا بێت، چاوە خاوێن و تیژەکانی ئەو، لەو ڕۆژگارەدا چیی دیتووە، ئەو دیمەن و وێنانەی بۆ کردووین بە وشە و لە فۆرمێکی سینەمایی، یان گێڕانەوەیەکی ڕۆمانئاسادا پێشکەشی کردووین، ئەم یادەوەریینووسە، وێنەیەکی حەقیقی ژیانی پارتیزانانەی کێشاوە، لە لایەکەوە باس لە چەندین کاری سەربازیی و پێشمەرگانە دەکات، کە خۆی و هاوڕێکانی دەیان جار لە مەرگ گەڕاونەتەوە، لە لایەکی دیکەوە نەخشەی چەندین گوند و ناوچەی جیا جیای کوردستانمان دەخاتە بەردەست و وەک ڕێوانێک ئاشنامان دەکات بەو ناوچانە و سروشت و ژیانی خەڵکە سادە و دڵپاکەکە، لە یادەوەرییەکانی ئەم پێشمەرگە سادەیەدا، ڕاستگۆییەکی بێ ڕیا دەبینرێت، چونکە لە هیچ شوێنێکدا خۆی ناکات بە پاڵەوان و کەسانی تر بە ترسنۆک، بەڵکو ڕووداوەکانی ڕۆژانی پێشمەرگایەتی و خەون و خەیاڵە جوانەکان و شەوانی پڕ لە ترس و برسێتی و ماندووبوونی پارتیزانانەمان بۆ دەگێڕێتەوە، بە تایبەت ئەوەی ئەم کتێبە و ئەم بیرەوەریانەی جوانتر کردووە، جگە لە زمانە سادە و ئەدەبییەکەی، تەکنیک و شێوازی گێرانەوەی ڕووداوەکانە لە سەرەتای ئاشنابوونی بە سیاسەت و ڕێکخستنە نهێنییەکان لە شاری کەرکووک، کە ئەو کات تەمەنی تەنها چورادە ساڵان بووە، تا دەگات بە زیندان و شاخ و هەڵگرتنی چەکی پێشمەرگایەتی، ساتەوەختی زۆر کۆمێدی و نوکتە و بەسەرهاتی خۆشی گێڕاوەتەوە، کە خوێنەر لەبەر خۆیەوە لە کاتی خوێندنەوەیدا، زەردە دەیگرێت، دیمەنگەلی زۆر تراژیدی و غەمگین و کارەساتباریش لەخۆ دەگرێت، کە نائاگا چاوان تەڕ دەکەن.
بەشبەحاڵی خۆم، یەکێکم لە خوێنەرە بەردەوامەکانی کتێبی بیرەوەری، بیرەوری زۆرێک لە کەسایەتییە سیاسی، فیکری و ڕۆشنبیرییە جیهانییەکانم خوێندووەتەوە و لە ئەزموونی ژیانی ئەوانەوە گەلێک شت فێر بووم، هاوکات لەنێو کوردیشدا کە ماوەیەکە بیرەوەریی نووسینەوە سەری هەڵداوە، بە تایبەت ئەو کەسایەتیانەی لەنێو جووڵانەوەی سیاسیی و بزووتنەوەی چەکداریدا، بە جۆرێک لە جۆرەکان، پێگە و بەها و گرنگییان هەبووە (جا من ئەو کەسایەتی و حیزبانەم بە دڵ بن یان نا، گرنگ نییە) گرنگ ئەوەیە ویستوومە لە زاری خۆیانەوە بە بە ڕووداوەکانی پشت پەردە، خەبات و مێژوو و بەرخودان و ئایدیا سیاسی و فیکرییەکانیان ئاشنا ببم و تێبگەم ئەوێ ڕۆژێ چی لە نێو ئەو شاخ و داخەدا گوزەراوە؟ ململانێ نێوخۆیی و دەروونییەکانی ئەو هێز و ڕێکخراو و حیزبانە چی بوون؟ چۆن قونیان کردە ڕژێمی دیکتاتۆر و لوولەی تفەنگیان ئاڕاستەی سنگی براکانی خۆیان کرد؟ ئەدی چیرۆکە غەمگین و دڵتەزێنەکانی زیندان چین، ڕاستی و دروستی ئەو بیروباوەڕەی لە پێناویدا جەستەی خۆیان بۆ داڕزاند و تا لێواری پەتی سێدارەی بردن، بە چی گەیشت و ئاکامی بەرخودانیان چی بوو؟ لەم بارەوە کتێبگەلی زۆرێک لە سەرکردەی سیاسی و کەسایەتی جۆراوجۆری کوردیم خوێندەوە، لە زمانی خۆیانەوە لە شۆڕش و بیروباوەڕ و ڕادەی بڕوایان بە ئازادیی بیروڕا تێگەیشتم، تێگەیشتم ئەوەی ئەمڕۆ لەم وڵاتە هیلاک و برسیی و نیگەرانەدا دەگوزەرێت، پارچەپەڕۆیەک نییە ڕەشەبا لە خۆوە هێنابێتی، بەڵکو لەدایکبوونێکە، ژانەکەی لەوێ ڕۆژگاردا، لەو شاخ و داخانەدا، بە نێوی شۆڕشەوە سەرچاوەیان گرتووە، بەڵی لە زاری خۆیانەوە خیانەت و تۆمەتبەخشین بە هاوڕێکانی خۆیانم ژنەوت، لە زاری خۆیانەوە دەیان پلانی نابەجێ بۆ کوشتنی کەسانی بێ گوناهم بیست، لە زاری خۆیانەوە ئەو چاڵانەی بۆ یەکدیان هەڵدەکەند و ئەو دیمەنی گوللانەی لە تاریکیدا و لە پشتەوە دەنران بە پشتەسەری دۆستەکانی خۆیانەوە بینی، بە کوردی ئەوەی خوێندبوومەوە تۆوی نائومێدییەکی گەورەی لە ڕۆحمدا چاند سەبارەت بە چەمکی ئازادی و شۆڕش، درووشمە سیاسییەکان و پاڵەوانە ئەفسانەییەکانی نێو حیزب و شاخ، خۆپاککردنەوە و پیسکردنی ئەوی دی، سڕینی دەستی سوور بوو بە خوێن، بە کراسی بەری ئەوی دیدا، خۆبەفریشتەکردن و بە شەیتانکردنی ئەوی دی، نائومێدییەکەم کتومت لە دۆخی ئێستا و خودی بیرەوەرییەکانی سیاسییە بیرەوەرینووسەکاندا پتر گەور بوو.
بەشبەحاڵی خۆم زۆر چێژ لەو ئەدەبیاتە دەبینم کە ڕوودا و بەسەرهاتەکان بە شێوەی فلاشباگ دەگێڕێتەوە، ئەم یادەوەریینووسە، زۆر سەرکەوتوانە ئەم کارەی کردووە، بۆ نموونە لە گەرمەی شاڵاوی ئەنفالدا، پاش ئەوەی بە هەزا نالی عەلی ڕزگاری دەبێت، کچێکی کەرکووکی ناسیاوی خۆیانی بۆ دەخوازن و بۆی دەهێنن بۆ شاخ، لە کاتێکدا بووکەخان بەسەر هێسترێکەوەیە و شاخە و شاخ، دۆڵاودۆڵ ڕێ دەبڕن و ئەم ڕەشمەی هێسترەکەی بە دەستەوە گرتووە، خەیاڵی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵانی هەشتاکان و ئەو دەمەی بە سیاسەت و ڕێکخستنە نهێنییەکان ئاشنا دەبێت، لێرەوە بە شێوەی فلاشباگ باسی ئەو شەوەمان بۆ دەکات کە ئەمن دێنە سەر ماڵەکەیان و دەستگیری دەکەن، ترسناکترین و غەمگینترین دیمەنەکانی نێو ئەم یادەوەریانە، ئەو ساتەیە کە ئەم دەخرێتە زیندان، لێرەدا بە جۆرێک چیرۆکی ئازار و ئەشکەنجە و لێکۆڵینەوەکانمان بۆ دەگێڕێتەوە، باوەڕ ناکەم هیچ خوێنەرێک هەبێت هەست بەو ئازارە نەکات کە زیندانییەکان دەیچێژن.
ئەوەی لەمانەش گرنگترە، بە لای منەوە ئەوەیە سەرباری ئەو ژیانە سەخت و پڕ مەترسییەی نێو زیندان و شاخ و شەڕی پارتیزانی و ئەنفال (کە بێگومان ئەم بە شێوەیەکی جیاوازتر دیمەنەکانی ئەنفالمان پیشان دەدات) ئەوەیە کە هیچ شتێک کار لە ورە و بڕوای ئەم ناکەن، پێناسەی تاریکترین و پڕ مەترسیترین ساتەوەختەکانمان بۆ دەکات، کەچی دەستبەرداری ئومێد و خەونە ئینسانییەکانی خۆی بۆ ئازادی و ڕزگاریی نیشتمان نابێت، کە وەک زۆرێک لە تێکۆشەرە سادە و دڵگەرمەکانی وەک خۆی، خۆی لە ئازادیی نیشتمان و یەکسانی و سەربەخۆیدا دەبینێتەوە.
بە گشتی دەتوانم بڵێم نووسەری ئەم کتێبەم وا دەهاتە پێش چاو، پاش ئەزموونی پەنجا ساڵ نووسین لە بواری ڕۆمان و چیرۆک و گێڕانەوەدا، هاتووە ئەم یادەوەریانەی نووسیوەتەوە، ئەم کتێبە بونیادێکی هێند بەهێز و دەوڵەمەندی هەیە، دەکرێت خوێنەر گەواهی بدات کە یادەوەرییەکی خوێندووەتەوە بە تامی ڕۆمان.