ڕۆماننووسان و پاکنووسکردنی دەقەکانیان
وەک ئەوەی هەندێک لە شاعیرەکان ئەنجامی دەدەن، ئایا رۆماننووس دوای بڵاوبوونەوەی رۆمانەکەی، بۆی هەیە جارێکی دی پاکنووس و دەستکاری رۆمانەکەی بکات و سەرلەنوێ بڵاویبکاتەوە؟
هەمو نووسەرێک بەدەست جۆرێک لە ناتەواوییەوە دەناڵێنێت، ئەگەر وا نەبوایە، ئەوا نووسین بە هەمو جۆرەکانییەوە بەردەوام نەدەبوو، لە ساتی هاتنەئارایەوە تا رۆژی ئەمڕۆ.
قازی رێزدار “عبدالرحیم البیسانی 1135-1200” دەڵێت: “من بینیومە نووسەرێک ئەمڕۆ کتێبێک دەنووسێت، بەیانی دەڵێت: ئەگەر ئەمەم بگۆڕایە باش بوو. ئەگەر ئەمەم بۆ زیاد کردیایە باشتربوو. ئەگەر ئەمەم پێشخستایە چاکتر بوو، ئەگەر ئەوەم جێهێشتایە جوانتر بوو. ئەمە مەزنترین پەندە، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی هەمو مرۆڤەکان ناتەواویان هەیە”. لەبەر ئەم هۆکارەیە هەندێک لە شاعیرەکان، حەز دەکەن دوای بڵاوبوونەوەی شیعرەکانیان و دیوانە کۆنەکانیان، جارێکی دی بەسەریاندا بڕۆنەوە و پاکنووسیان بکەن، لێی لابدەن و بۆی زیاد بکەن، هەندێک لەو شاعیرانە بە دروستی ئەو کارەیان کردووە.
بەڵام رۆمان لەمەدا جیاوازە، ئایا رۆمان دوای بڵاوبوونەوەی و خوێندنەوەی لەلایەن خوێنەرەوە، دەکرێت سەرلەنوێ پاکنوس بکرێتەوە و بۆی زیاد بکرێت یان لێی کەمکردێتەوە؟ نەک بە تەنها هەڵەچنی بۆ بکرێت.
رۆمان کچی ساتەوەختی نووسینەوەیەتی
حەزی سەرلەنوێ پاکنووسکردنەوەی رۆمان، لای رۆمانوسی سوری “فەوزا حەداد” بوونی نییە، چونکە ئەو پێیوایە:”نابێت دوای بڵاوبوونەوەی رۆمان، جارێکی دی دەستکاری رۆمانەکە بکرێتەوە. رۆمان بۆ یەک جار نووسراوەو تەواو. لە زەمەنێکدا نووسراوە کە کات موڵکی من بووە. من وا سەیری رۆمان دەکەم کە دەرفەتێکە و یەک جار بۆم هەڵکەوتووە. ئیدی دوای ئەوە رۆمانەکە، بۆ خۆی دەبێت بوونی خۆی و بەردەوامی خۆی بسەلمێنێت، بێ یارمەتی یان پاڵپشتی نووسەرەکەی”. ئەم رۆماننوسە بە جەزیرە نێت-ی راگەیاندووە: ” هەر کە رۆمانێک لە رۆمانەکانم سەرلەنوێ چاپدەکرێتەوە، تەنها هەڵەکانی چاپ راستدەکەمەوە و کەمەکێکی زۆر کەمیش دەستکاری رستەکان دەکەم. لەوە زیاتر رێگە بەخۆم نادەم دەستکاری زۆری بکەم”. فەواز حەداد نووسەری رۆمانی “صورە الروائی”پێیوایە یەکێک لە رەهەندەکانی رۆمان ئەوەیە کچی زەمەنی خۆیەتی، بەو مانایەی پەیوەندی بەو کات و ساتەوە هەیە کە تێیدا نووسراوە: “واتە هەمان رۆمان ئەگەر دوای چەند ساڵێکی دیکە نووسرایەوە، ئەوا بەشێوەیەکی جیاواز دەنووسرێتەوە. زەحمەتە لەکاتی پاکنووسکردن و داڕشتنەوەی رۆمانەکە، ئەو زەمەنە بگەڕێنرێتەوە کە بۆ یەکەمجار رۆمانەکەی تێدا نووسراوە. ئەمە بەو مانایە نییە بڵێم زەمەنی رۆمانەکە بەسەر چووە، بەڵکو بەو مانایەیە کە رۆمانەکە خۆی دەبێت زەمەنی خۆی تێپەڕێنێت و لە سەدەکە بپەڕێتەوە، رەنگە چەند سەدەیەک ببڕێت. رۆماننووس دوای بڵاوکردنەوەی رۆمانەکەی، زۆر بە دەگمەن دەستکاری رۆمانەکەی دەکات. چونکە ئەگەر ئەوەی کرد، ئەوا زۆربەیجار رۆمانەکەی دەبێت بە رۆمانێکی دی، لەوەی پێش خۆی دەچێت، بەڵام ئەویش نییە. تا ئێستا رۆمانێکمان نەخوێندووەتەوە نووسەرەکەی لە چاپە تازەکەیدا ئەم پەرەگرافەی نووسیبێت: “بۆی زیادکراوە و پاکنووسکراوە”. دەستکاریکردنی رۆمان، بەشێوەیەکی سەرکەوتوو رووینەداوە، تەنها بە نووسینی رۆمانێکی نوێ نەبێت، تێیدا هەڵەکانی رۆمانی یەکەم راستکراونەتەوە.
شارلۆک هۆڵمز هێشتا هەر دەژی
ئەو نمونە بەناوبانگەی بۆ دید و تێڕوانینەکانی “فەواز حەداد” گونجاوە، ئەوەیە کە “ئارسەر کۆنان دویل” لە دوا رۆمانیدا پاڵەوانەکەی “شارلۆک هۆڵمز”ی کوشت، بەمەش کۆتایی بە سەرکێشییە پۆلیسییەکانی پاڵەوانەکەی هێنا کە بە شێوەیەکی زنجیرە بڵاودەکرایەوە. دوای ئەوە خوێنەرانی رۆمانەکە خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا، ئامانجی خۆپیشاندانەکەی خوێنەران دژ بە کوشتن و مردنی شارلۆک هۆڵمز بوو. ئەمە نووسەری رۆمانەکەی ناچارکرد، رۆمانێکی تازە بنووسێت و تێیدا پاڵەوانەکە رزگاری ببێت. واتە رۆمانی یەکەمی لە رێگەی نووسینی رۆمانێکی دیکەوە راستکردەوە، دیسانەوە شارلۆک هۆڵمزی گەڕاندەوە بۆ نێو ژیان.
خانمە رۆماننوس ئاجاسا کریستی، سودی لەو ئەزمونەی “ئارسەر کۆنان دویل” وەرگرت و لە رۆمانی “وەرگێڕە نایابەکە”دا، پاڵەوانی رۆمانەکەی نەکوشت و هەر بە زیندویی هێشتویەتییەوە. ئەگەرچی ئەو پاڵەوانە وەک خانەنشینێکی پۆلیسی بەلجیکا، لە ساڵانی بیستەکانی سەدەی بیستەمەوە دەرکەوتبوو، تەمەنێکی زۆری هەبوو، بێ ئەوەی هیچ نیشانەیەکی بەساڵاچوون و پیری پێوە دیاربێت. ئەمە لەکاتێکدایە پۆلیسی لێکۆڵەر، زیاتر دووچاری کوشتن دەبێتەوە، چونکە ئیشوکار و جووڵە و هەستان و دانیشتنی، لە ناوجەرگەی تاوانباراندایە.
فەواز حەداد بۆ کەناڵی ئەلجەزیرە نێت، بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی دێنێت: “رۆمان هەر ئەوەندە لە کتێبێکدا چاپ و بڵاوکرایەوە، ئیدی وەک کارێکی تەواوکراو حسابی لەگەڵدا دەکرێت. ئەو قسەیە راستە کە دەوترێت لە نووسەرەکەی جیادەبێتەوە، رۆمانەکە بۆ خۆی دەبێتە خاوەنی لۆژیکی خۆی، هەروەها دەبێتە موڵکی جیهانی رۆمان”.
لەم بارەیەوە رۆماننوسی میسری “وحید الطویل”، سەبارەت بە ئەزمونی خۆی بۆ نووسینی رۆمان دەڵێت: “هەندێکجار هاوڕێیەک پێم دەڵێت خۆزگە فڵانە رستە بە شێوەیەکی دیکە بوایە. منیش رستەکەی بۆ تەواو دەکەم. هاوڕێکەم بەسەرسوڕمانەوە دەڵێت ئایا رۆمانەکەت لەبەرە؟”. ئەم رۆماننوسە هەست دەکات هەمو رۆمانەکانی بە زمانێک دەنووسێت و لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: “هەر رۆمانێک بە زمانی تایبەتی خۆی دەنووسم”. لەبەر ئەوە رۆمانەکانی لای هەندێک کەس، وا دەردەکەون کە لەلایەن یەک نووسەرەوە نەنووسراون. وحید لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت: “بیرمکردەوە ناونیشانی رۆمانی (دەرگای شەو/ باب اللیل بگۆڕم و بیکەم بە (کچانی یەک شەممە یان بیکەم بە ئایا حەز لە ڤانتا دەکەیت؟)، بەڵام لە کۆتایدا ئەو کارەم نەکرد و دڵخۆشبووم بە بڕیارەکەم، بە تایبەت زۆر کەس سەرسامبوون بە ناونیشانی دەرگای شەو. هەمو نووسەرێک، دوای ئەوەی تێکستەکەی تەواو دەکات و بڵاویدەکاتەوە، هیوادارە کە بەشێوەیەکی باشتر بینوسیایە. رۆمانی “کەس نییە نامە بۆ کۆڵۆنێل بنووسێت”، ئەگەر ئەو ناوبانگە گەورەیەی بەدەست نەهێنایە، ئەوا لەوانەیە مارکیز بیری لەوە بکردایەتەوە جارێکی دی بینووسێتەوە”. دواجار ئەم رۆماننوسەی میسر ئاوا کۆتایی بە قسەکانی دێنێت: “تەنها یەک مسودە دەنووسم، بەڵام بەردەوام پاکنووسی دەکەم، توانام نییە سەرلەنوێ مسوەدەکە بنووسمەوە. کەچی من درۆ لەگەڵ تۆ و لەگەڵ خۆشم دەکەم، چونکە حەزدەکەم جارێکی دی سەرلەنوێ رۆمانی “العاب الهوی” بنووسمەوە.
هەرچی خانمە رۆماننوسی سوری “مها حسن”ە، ئارەزووی ئەوەی هەیە سەرلەنوێ کار لەسەر بەرهەمێکی پێشوتری بکاتەوە کە بڵاویکردووەتەوە. لەم بارەیەوە باس لە ئەزمونی خۆی دەکات و ئەوە دەخاتە روو کە لە دوو رۆمانیدا ئەنجامیداوە. واتە باس لە رەخساندنی ئەو دەرفەتە دەکات کە بۆ دەستکاریکردنی رۆمانەکانی بۆی رەخساوە. سەبارەت بە رۆمانی “اللامتناهی” کە یەکەم رۆمانییەتی و ساڵی 1995 لە سوریا بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت: “لە چاپی دووەمدا کە ساڵی رابردوو سەرلەنوێ چاپکرایەوە، هیچ شتێکم لێ نەگۆڕی، تەنها پێشکەشییەکەی نەبێت، ئەویش لەبەر هەندێ هۆکاری شەخسی بوو”. واتە دەقەکە چۆن بوو ئاوا وەک خۆی ماوەتەوە. ئەم خانمە رۆماننوسە لە درێژەی قسەکانیدا بۆ کەناڵی ئەلجەزیرە نێت، باس لەوە دەکات پێیخۆش بووە دەقە کۆنەکەی بگەڕێنێتەوە بۆ ژیان، بە هەمان ئەو فۆرمەی یەکەمجاری، لەمەشدا پەرۆشی ئەوە بووە کە: “حەزمکرد هەمیشە پارێزگاری لە فۆرمی یەکەم بکەم کە تێکستەکەی لێوە بەرهەمهاتووە. چونکە- هەرچەندە ناتەواویشی تێدابووە، یان حەزم کردووە گۆڕانکاری تێدابکەم- هەستم کردووە لەو حاڵەتەدا کە دەستکاری تێکستەکە دەکەین، ئێمە ئازاری تێکستەکەمان دەدەین”.
بەڵام ئەم خانمە لە رۆمانی دووەمیدا “حبل سری” کە دوای نۆ ساڵ لە بڵاوبوونەوەی چاپی یەکەمی رۆمانەکە، چاپێکی تازەی بڵاوکراوەتەوە، لەم چاپە تازەیەدا لەگەڵ بڵاوکارەکەی رێکەوتووە: “هەندێک پەرەگراف لاببات کە هەستم کردووە دەقەکە قورس دەکات، بەڵام لە شوێنیدا هیچم بۆ زیاد نەکردووە و هیچم رێکنەخستووەتەوە”. بەم کارەی هەرچەندە هەستی کردووە دەقەکەی یەکەمجاری جوانتر کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا “هەستم کرد تا رادەیەک خیانەت لە فۆرمی یەکەمجاری دەقەکە دەکەم”.
مها حسن لەو بڕوایەدایە، ویستی کامڵبوون/ الکمال بەسەر زۆربەی نووسەراندا زاڵە. هەر بۆیە لەمڕۆدا زۆر پەلەی بڵاوکردنەوەی نییە، بۆ ئەوەی ئەم ئەزموونە دووبارە نەکاتەوە، بۆ ئەوەی دوای بڵاوکردنەوەی بەرهەمێکی تازەی، بیر لەوە نەکاتەوە جارێکی دی گۆڕانکاری لە دەقەکەدا بکات یان لە هەندێک شوێندا دەستکاری بکات. ئەو لە کۆتایدا باس لەوە دەکات ئەو ترسە هەمیشە بوونی هەیە، ترسی ئەوەی دوای بڵاوکردنەوەی دەقێک، جارێکی دی حەز بکەیت دەستکاری بکەیتەوە، لەم بارەوە دەڵێت: “ئێمە ئەوەی دەمانەوێت بیڵێین، وەک پێویست نەمانوتووە، یان ئەوەمان وتووە کە نەمانویستووە بیڵێین. هەر بۆیە زۆجار لەخۆمان رازینین، ئەم ئیحساسە بۆ من، لە هەمو رۆمانەکانمدا نەمتوانیوە لێی رزگار ببم. لە هەمان کاتدا و دوای بڵاوکردنەوەی بەرهەمێکم، رێگە بەخۆم نادەم هەوڵی دەستکاری کردنی بدەم، ئەگەرچی هەمیشە حەز و ویستی دەستکاری کردنی لە مێشکمدا ئامادەیە. ئەمە وەک ئەوە وایە حەز بکەیت جەستەیەکی تەواو رێکوپێکت هەبێت و هیچ ناتەواوییەکی نەبێت، ئەمە جۆرێکە لە مەحاڵ. مرۆڤ خاوەنی کەماڵی تەواوەتی نییە، بە هەمان شێوە تێکستیش خاوەنی کەماڵی تەواوەتی نییە”.
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: باوکی رەهەند
سەرچاوە بە کەمەکێک دەستکارییەوە:
الجزیرە نیت، نووسینی عارف حمزە، 4-5-2020