ئاراسم؛ لێکتێگەیشتن یان لێکبوردن
وەرگێڕانی: ڕێبین هەردی
ئاشنای دەمەقاڵێ و دژایەتیەکانی ئاراسمین دژی جەنگە مەزهەبی و سەڵیبیەکان ، ئەو ئایدیالی سازشکردنی مەزهەبی نەک بە ئاشتی لەنێوان مەزهەبە جیاوازەکاندا، بەڵکو بەتایبەتی لەهەر مەزهەبێکدا دەزانی. ئاراسم لە کێتبی هاودەنگی دڵنیشنی کەنیسە (١٥٣٣) دەیەوێت سەرلەنوێ بیر لە یەکپارجەیی مەسیحیەت بکاتەوە، بۆ ئەوەی کۆتای بەو نەیارێتیانە بێنێت کە دەرئەنجامی لێکۆڵینەوە دینیەکانە کە لە دەقە نووسراوەکانی پیرۆزەکان وورد بۆتەوە و دۆگمە ناسودمەندەکانی زیاد کردووە. ئەو بەرکەوتانەی پرۆتستانت و کاسۆلیکەکانی ڕووبەڕووی یەک کردۆتەوە، دەتوانێت بە سازان لەسەر حوکمەکان یان (لانیکەمی بنەماکانی باوەڕ) و بە گەڕانەوە بۆ دەقی کتێبی پیرۆز کۆتای پێ بێت: ووشەناسی، تەفسیری کتێبی پیرۆز و ناسینی زمانە کۆنەکان و هونەری وتاردان، ڕێگە دەدات لە هەقیقەتی حوکمە لاوەکیەکان لە نووسینە پیرۆزەکاندا بگەین. ئەو بنەمای باوەڕانە گەڕانەوەیە بۆ سەرچاوەکانی باوەڕ، بۆ پاکی سەرەتایی مەزهەب و وەحی، یان بۆ ئەو شتانەیە کە بناغەی حوکمە کاسۆلیکیەکان پێکدەهێنێت (نامەی ٨٥٨،١٤، ئۆگستۆسی ١٥١٨). جگە لەم حوکمانە، هەرکەس دەتوانێت ئازادانە ڕوانین و تیورەکانی خۆی بڵاو بکاتەوە و لەبەردەم هەموواندا باسیان بکات.
بەمشێوەیە ئاراسم بەرگری لە مەسیحیەتێک دەکات کە کەمبۆتەوە بۆ ژمارەیەک حوکمی دوگمایی کەم، و ناوکەکەی ڕەهەندێکی ئەخلاقی هەیە و ڕەچاوکردنی، دەبێت ببێتە هۆی ڕیفۆرمی ئەخلاقی کەنیسە، وەک کەنیسەی سەرەتای لێبێت. ئاراسم پەیڕەویکردن لە ڕێسا ئەخلاقیەکان، بەسەر دۆگمە تیوریەکاندا سەردەخات، سەرقاڵبون بە کرداری ڕاستەوە، بەسەر سەرقالی بە دینی ڕاستەوە بە بەرزتر دادەنێت. بەمشێوەیە بەناوی ئەخلاقەوە، بەیەکسانی ڕەخنە لە لێکۆڵینەوە مەسیحی و ڕەفتاری کاسۆلیەکەکان لەگەڵ پرۆتسانەکاندا دەگرێت: لەلایەکەوە زۆربوونی دۆگمەکان، کەمبوونەوەی مرۆڤدۆستی لەگەڵ خۆیدا دێنێت: ئەگەر وتوێژەکانی لێکۆڵینە دینیەکان، ژیانی سادەی ئەنجیلی لەناوبردووە، کەوابوو لەجێگەی خۆیدایە بگەڕێینەوە بۆ باوەڕی ڕاستگۆیانە کە بناغەکەی گەڕانەوەی ڕاستەوخۆیە بۆ کتێبی پیرۆز. لەلایەکی دیەوە ئارسم بەکارهێنانی زیاد لە ئەندازەی تۆمەتی لادان لەدین مەحکوم دەکات. بە تاوان دانانی هەموو قسەیەکی گوماناوی و بە سوتاندنی هەموو لادەرانی دین، هاودەنگی مەزهەبی و ئاشتی مەدەنی درووست نابێت. ئایا تاوانی لادانی دینی کاری دولایەنەی کاسۆلیک و پرۆتستانەکان نیە؟ و ئایا کەنیسە خۆی ئەو هەلەی نەڕەخساندووە کە پەیڕەوانی بە قەبوڵکردنی رێسای ناشایستەی ئەخلاقی، لادەرانی دین لەناو کەنیسەدا جێگە بگرن. ڕیفۆرمی ئەخلاقی کەنیسە، هاوکاتە لەگەڵ ڕەفتاری گونجاوی کاسۆلیکەکان لەبەرامبەر پرۆتستانەکاندا. ئاراسم بەردەوام رۆحی ئینجیل بیر دێنێتەوە کە مرۆڤدۆستی و نەرمی مەسیحی بەسەریدا زاڵە، و فەرمان بە عەشق و لێکتێگەیشتنی مرۆڤەکان دەکات. تەفسیری ئەو بۆ ئیستعارەی دانەو زەرداو (ئینجیلی مەتی، سیانزە، ٤٣-٤٤) هەر بەم ئارستەیەیە: دەبێ لەگەڵ لادەرانی دیندا لێبووردە بین، چونکە ئەوان دەشێی هەموو کات باش ببنەوە و باش نەبوونەوەی هیچ کەسێک جگە لە خودا ناتوانێت هەلیسەنگێنێت و سزای بدات. بەمشێوەیە ئاراسم ڕەدی هەمووجۆرێک بەکارهێنانێکی زۆر لە بواری مەزهەبدا دەکات، و دەوری لێکۆڵیاران دین بە فێرکاری دەزانێت، نەک بەکارهێنانی زۆر. هەڵوێستی بەرامبەر لۆسەریەکان میانڕەوانەیە: سزای جەستەیی یان لە سێدارەدانی لادەرانی دین نەفی دەکات(سزادانێک کە لادەرانی دین دەکات بە شەهید و بەمجۆرە لە ئەنجامدا سوود بە لادانی دین دەگەیەنێت).
بەڵام لێبووردن لەلادەرانی دین ڕێگە چارەیەکی کەم خایەنە، تا ئەوکاتەی وتوێژی گشتی بە یەکێتی باوەڕ دەگات. ئاراسم بەهیچ شێوەیەک بەرگری لە لێکبوردن وەک ڕێگە چارەیەکی بڕاوە و خۆبەخۆ ناکات، و پێکەوەژیانی چەند مەزهەبێک یان چەند گروپێکی مەزهەبی لەیەک وڵاتدا بەڕاست نازانێت. ئاڵۆزی لە تێروانینی ئاراسمدا لەو دەقەدا دەردەکەوێت کە دەیهێنینەوە. نووسەر لەڕاستیدا بە ناپەسەندی دەزانێت بۆ ڕێگری لە تیورەدانانی لادەرانی دین، نووسینەکانی پەیوەست بە باوەڕەوە زیادیان کردووە: ئاراسم ئەمە بە لادان لە مانای نووسینە پیرۆزەکان دادەنێت کە سادەیی باوەڕی لەناوبردووە، و کەڵەکەبوونی لادەنەکان و دۆگمە ناسودمەندەکان، دەرئەنجامی پرۆسەی داڕمانی بووە. هێندە گرنگی بە ووشە زیاتر لە ماناکانی نووسینە پیرۆزەکان دراوە، کە وردبونەوە لە بارەی رێسا بەکارهاتووەکان، تەفسیرەکان و فەرمانەکان فروان بووە و دۆگم و رێساگەلێکیان بۆ کتێبی پیرۆز گەڕاندۆتەوە کە لەبنەڕەتدا لەو کتێبەدا نیە. بە کورتی ئەو وەحییە سەرەتاییە وون بووە و مەسەلەی وا بۆتە جێگەی باس و وتوێژ کە سەلماندن یان ڕەدکردنەوەیان مومکین نیە. بەڵام ئاراسم بە ڕەخنەگرتن لە زانستی لێکۆلەرە دینیەکان، دەرئەنجامە شوومەکانی دەمەقاڵێی کاسۆلیک و پرۆتستانەکان پێشان دەدات و دەڵێت ئەم دەمە قاڵێییانە کەنیسەی رۆمی ناچارکردووە تیورە گەلێک دابڕێژێت و بیخاتە ناو کتێبی پیرۆزەوە، و بەمشێوەیە بنەما و بناغەی باوەڕ لەدەست بدات. بە بڕوای ئاراسم پرۆتستانەکان لەمبارەیەوە هەڵەیان کرد.
نابێت هەڵەبکەین: ئاراسم نە بەرگری لە یەکسانی مەزهەبەکان و نە قەدەعەکردنی گروپە مەسیحیەکان دەکات. ئاراسم بەتوندی پابەندە بە هەقیقەتی مەزهەبی کاسۆلیکەوە و هەموو جۆرە گۆرانکاریەک تیایدا مەحکوم دەکات. ئەو دەقەی دەیهێنینەوە بە ڕوونی فرەیی گروپەکان و قوتابخانە فەلسەفی ومەزهەبیەکان وەک مەترسیەک دەبینێت، و بە هۆکاری پارچە بوون و پێکدادانی دەزانێت. ئاراسم بەرگری لە یاسای بوونی لێکبوردن دەکات. بەڵام بڕوای وایە لێکوبردن بەتەواوی کاتیە و خۆ بەخۆ بەهایەکی نیە و دەرئەنجامی سەبرێکە کە مرۆڤ بە هۆیەوە تەحەمولی ئەزموون یان شتێکی خراپ دەکات تا ئەوکاتەی لەناو دەچێت. ئەگەر نەرمیەکی قەناعەتپێکەر کە دەبێت چاوی لادەرانی دین بکاتەوە، بەڵگەیە لەسەر هەستی مرۆڤدۆستی، لێبوردن لە لادەرانی دین، لێبوردنیێکی مەدەنیە کە بەشێوەیەکی کاتی ( تا ڕێکەوتن لەسەر دین)، فرەیی مەزهەبەکان لە ویەک شاردا بە مومکین دەزانێت. وەک چۆن تۆماس مۆریش ئاشتی مەدەنی و چونیەکی ئیرادەکان و یان لێکتێگەیشتن بە ئامانجی خۆی دەزانێت، نەک لێکبوردن. فرەیی مەزهەب و باوەرەکان دەبێت لەناوبچێت، ئەم فرەییە هەمیشە خراپە.
دەق:
جەوهەری مەزهەبەکەی ئێمە ئاشتی و لێک تێگەیشتنە. ئەو شتانەی ناکرێت بە ئاسانی بپارێزرێن مەگەر بە مەرجی ئەوەی دۆگمێکی کەمتر قەبوڵ بکەین و تاکەکان ئازاد بکەین خۆیان لەبارەی زوربەی شتەکانەوە داوەری بکەن…..بنەمای زانینی واقعی لێکۆڵینەوەی دینی ئەوەیە، هیچ حوکمێک جگە لەوەی لە کتێبی پیرۆزدا هاتووە نەدرێت، و ئەو دۆگمانەی لە کتێبی پیرۆزەوە هاتووشە، باشترە بە سادەیی و بە نیەت باشیەوە لە بواری لێکۆڵینەوەی دینی بخرێتە لاوە. ئەمڕۆ بۆ بڕیاردان لەبارەی زۆرێک مەسەلەوە، دەگەڕێنەوە بۆ ئەنجومەنی مەزهەبی گشتی، بەڵام باشترە ئەم مەسەلانە بۆ رۆژێک دانێن کە ئێمە ڕوبەڕووی خودا دەبینەوە… باوەڕ بەر لەمە، زۆرتر ئەوە بوو کە لەژیاندا پراکتیک دەکرا، نەک ئەوەی لەبارەی باوەڕ و بیروڕاوە دەمانگووت، هێواش هێواش حوکمی دۆگمەکان زەرورەتی پەیدا کرد. بەڵام ئەم حوکمانە سەرەتا زۆر کەم بوون و بەسادەیی حوکمەکانی حواریەکان بوون. پاشان بەهۆی ناڕاستی لادەرانی دینەوە، کتێبی پیرۆز وردتر لێی کۆڵرایەوە. پێداگری لادەرانی دین، کەنیسەی ناچارکرد بۆ ئەنجومەنی خۆی حوکمگەلێک دەربکات و دواجار هێواش هێواش رەمزی باوەڕ، زۆرتر نوسینەکان بێت تا دڵەکان. باوەر ژمارەی مرۆڤەکانی زیاد کرد، نوسینەکان زیاد بوون و پاکی و بێگەردی کەم بوونەوە. دینی مەسیحی کە سەرەتا هەموو چەلەحانێکی نەفی دەکرد، خوازیاری پشتگیری قوتابخانە فەلسەفیەکان بوو. ئەمەش یەکەم هەنگاو بوو بۆ داڕمانی کەنیسە. دوای ئەمە سامانەکان زیادی کرد، توندوتریژیشی تێکەڵ بوو. دەستتێوەردانی پاشا لە کاروباری مەزهەبیدا، زیانی بە پاکژی بڕوا گەیاند، مەزهەب بوو بە ئەرگومێنت هێنانەوەی سەفسەتەئامێز، و کەنیسەش گیرۆدەی کۆمەڵێک حوکم و نوسین بوو، و لێرەشەوە قۆناغی تیرۆر و هەڕەشەکان دەستی پێکرد. گەرچی ژیانی مەسیحیانەمان جێهێشتووە، گەرچی باوەڕ بەرلەوەی لە دڵماندا بێت لەسەر زمانمانە، گەرچی لە زانینی کتێبی پیرۆز دوور کەوتووینەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵ دەدەین خەڵکانێک بە زۆر و لە ترسا ناچار بەوە بکەین باوەر بە هەندێک شت بهێنن کە بڕوایان پێ نیە. ئەوەی کە خۆشیان ناوێت، خۆشیان بوێت، ئەوەی لێی تێناگەن. تێیان گەیەنین. بەڵام ناچارکردن لەگەڵ راستی و راستگۆیدا کۆنابێتەوە و مەسیح هیچ دیاریەک جگە لەوەی خواستی دڵ بێت قەبوڵ ناکات.
سەرچاوە:
ژولی سادا- ژاندرون: تساهل در تاریخ اندیشە غرب. ترجمە: عباس باقری. تهران، نشر نی . ١٣٧٨