پشیله‌كه “كتێبی سور”ی خوارد
وه‌رگێڕانی له عه‌ره‌بییه‌وه: باوكی ڕه‌هه‌ند
سه‌رۆكی پێشووی چین “گیانگ زیمان” ده‌ڵێت: پیاوه مه‌زنه‌كانی چین سێ كه‌سن، ئه‌وانیش بریتین له: سون یان سون كه دامه‌زرێنه‌ری كۆماری چینه و به نازناوی “باوكی چین” ناسراوه، ماوتسی تۆنگ دامه‌زرێنه‌ری كۆماری دووه‌م، دینگ هسیاو بینگ.
چینییه‌كان به وڵاته‌كه‌یان ده‌ڵێن زه‌ویی ناوه‌ڕاست، له‌مه‌دا مه‌به‌ستیان له شوێنی جوگرافی سه‌ر ڕووی زه‌وی نییه. به‌ڵكو مه‌به‌ستیان له شوێنی وڵاته‌كه‌یانه له نێوان ئه‌رز و ئاسمان. چینییه‌كان له‌و بڕوایه‌دابوون، ئه‌وه‌ی چینی نه‌بێت، ئه‌وا به سروشتی خۆی، نامۆیه به‌و دونیا ناوه‌ڕاسته‌ی كه تێیدا ده‌ژین. له میانه‌ی میژووی ئه‌و كیانه زه‌به‌لاحه‌دا، پیاوه‌كان ڕۆڵێكی تایبه‌تمه‌ندیان له ژیانی چین دا بینیوه و ناویان چووه‌ته ناو تۆماری كاروانی مێژو‌وه‌وه. ئه‌فسانه و هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زی ڕۆژگار و ململانێی جیۆلۆجیا، تاكی سیمبول دروست ده‌كات كه له تاقیگه‌ی مرۆڤدا، سه‌رله‌نوێ وڵات بنیاد ده‌نێته‌وه.
ماوتسی تۆنگ، ڕابه‌ر و فه‌یله‌سوف و جه‌نگاوه‌ر، سه‌روه‌ختێك “كتێبی سور” ده‌نووسێت، ئامانجی له نووسینی ئه‌و كتێبه، سه‌رله‌نوێ دروستكردنه‌وه‌ی مرۆڤ و دروستكردنه‌وه‌ی نیشتیمان بوو. ده‌یویست كتێبه‌كه‌ی ببێت به كتێبێكی پیرۆز، سكی برسی تێر بكات و نه‌خۆشیش چاكبكاته‌وه و رێگای بوژانه‌وه و هه‌ستانه‌وه بێت، بۆ نیشتیمانه زه‌به‌لاحه‌كه.
ئایدۆلۆژیا زیندانی عه‌قڵه و تواناكانی مرۆڤایه‌تی كۆت و به‌ند ده‌كات. چینی سه‌رده‌می ما‌و، به‌ڵگه‌یه‌كی زانستی زیندووه بۆ ئه‌وه. ما‌و سه‌رجه‌م كتێبه‌كانی قه‌ده‌غه كرد و گڕی تێبه‌ردان، فه‌رمانی كرد سیمبوله ئاینییه‌كان وردوخاش بكرێن و له‌ناو ببرێن. جگه له كتێبه‌كه‌ی خۆی و په‌یكه‌ره‌كانی و وته‌كانی، ڕێگه‌ی به هیچ شتێكی دیكه نه‌ده‌دا. به‌م جۆره وڵات ڕۆچووه نێو زه‌لكاوی ترس و هه‌ژاری و مه‌رگ. ئه‌و شۆڕشه ڕۆشنبیرییه‌ی كه ما‌و، له ساڵی 1966 ڕایگه‌یاند، تاكو له‌وانه ڕزگاری ببێت كه پێیده‌وتن نه‌یار و دوژمنانی شۆڕش، باجه‌كه‌ی ده‌یان ملیۆن مردوو بوو، چ له برسا یان به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه. جگه له‌وه زۆرێك له سه‌ركرده‌كانی حیزبی كۆمۆنیستی چین، بۆ ئیشكردن، گواسترانه‌وه بۆ كارگه و كێڵگه‌كان. لێره‌وه هیچ سه‌ركرده‌یه‌كی مێژویی له پاڵیدا نه‌مایه‌وه، ته‌نها ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌م نه‌بێت، دیارترینیان “شوان لای” بوو، كه بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ، سه‌رۆك وه‌زیران بوو، وه‌لێ ئه‌و ته‌نها ئامرازێك بوو، فه‌رمانه‌كانی ڕابه‌ری جێبه‌جێ ده‌كرد.
یه‌كێك له‌وانه‌ی گواسترایه‌وه بۆ ئیشكردن له كارگه‌كان، پیاوێك بوو به ناوی دینگ هسیاو بینگ، ئه‌م پیاوه یه‌كێك بوو له سه‌ركرده گه‌وره‌كانی حیزب و له كارگه‌یه‌كدا سیفه‌تی كرێكاری وه‌رگرت. ئاخۆ ده‌بێت تاوانی ئه‌م پیاوه چی بێت كه سه‌ركرده‌یه‌كی حیزبی كۆمۆنیست بوو، كه‌چی ئیستا به ڕه‌سمی له كارگه‌یه‌كی دروستكردنی تراكتۆردا، بووه‌ته كرێكار؟ كاتێك دینگ هسیاو بینگ له سه‌ركردایه‌تی حیزب بوو، سه‌ردانی هه‌ندێك له ناوچه‌كانی وڵاته‌كه‌ی كرد، له‌وانه دێهاته‌كان. له‌و سه‌ردانانه‌یدا، ڕایگه‌یاند پێویسته هه‌ندێك پێداچوونه‌وه به سیاسه‌تی كشتوكاڵدا بكرێت و ئه‌م وته‌یه‌ی به‌كارهێنا: “ڕه‌نگی پشیله‌كه گرنگ نییه، گرنگ ئه‌وه‌یه ڕاوی مشك بكات”. له‌و وته‌یه‌دا مه‌به‌ستی ئه‌وه بوو، له سیاسه‌ت و پراكتیكدا، گرنگ ئه‌و ده‌رئه‌نجامانه‌یه كه به‌دیدێن. ئه‌و چه‌ند وشه‌یه، وا لێكدرایه‌وه كه گوزارشتێكی ڕاشكاوانه‌یه له خیانه‌ت و توانجگرتنه له فه‌لسه‌فه‌كه‌ی سه‌رۆكی وڵات ما‌و. ئیدی ئه‌و گوزارشته دینگ-ی كرد به كرێكارێك له كارگه‌یه‌كی دووردا، به‌دله‌ی ئیشكردنی له‌به‌ر ده‌كرد و قۆڵی هه‌ڵده‌ماڵی و له ناوه‌ڕاستی ئامێره‌كاندا، له‌گه‌ڵ هاوڕێ كرێكاره‌كاندا خه‌ریكی ئیشكردن بووه.
دوای ڕه‌وینه‌وه‌ی دوكه‌ڵی شۆڕشی رۆشنبیریی و ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی به‌سه‌ر وڵات‌دا هات، قۆناغێكی دیكه له دوورخستنه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانی حیزب ده‌ستی پێكرد و گه‌لێكی ناوی گه‌وره‌ی گرته‌وه، له‌وانه لیۆ تشاو و چه‌ندانی دیكه. له هه‌مان كاتدا پێداچوونه‌وه‌یه‌ك به بریاره‌كانی حیزب‌دا كرایه‌وه. یه‌كێك له ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئه‌و پێداچوونه‌وه‌یه، گه‌ڕانه‌وه‌ی دینگ هسیاو بینگ بوو بۆ سه‌ركردایه‌تی حیزب. قۆناغه‌كانی ژیانی شه‌خسی و سیاسی ئه‌م پیاوه، له هه‌مو شتیكد،ا نوسخه‌یه‌ك بوو له قۆناغه‌كانی چین، هه‌ژاری، نامۆیی، نه‌هامه‌تی، دادگایی و په‌راوێزخستن. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌مو كه‌وتن و نه‌هامه‌تیانه‌دا، ده‌گه‌ڕێته‌وه تاكو سه‌رله‌نوێ هه‌ستێته‌وه. ئه‌و به‌شێوه‌یه‌كی سه‌یر له سێداره ڕزگاری بوو، له سه‌ره‌تاكانی به‌رپابوونی شۆڕشی كۆمۆنیزم، باوكی تیرۆر ده‌كرێت، له كاتی شۆڕشه ڕۆشنبیرییه‌كه‌ی ما‌و دا، كوڕكه‌ی له باڵه‌خانه‌یه‌كی گه‌وره‌وه ده‌كه‌وێته خواره‌وه و دووچاری ئیفلیجی ده‌بێت. دینگ به ناپاك و فاشیزم تۆمه‌تبار كرا‌و له‌گه‌ڵ لیۆ تشاو تشی-سه‌رۆكه مه‌زنه‌كه‌ی ده‌وڵه‌ت- دادگایی كران.
ساڵی 1970 ده‌سه‌ڵاتی پاسه‌وانی سور (الحرس الاحمر) دایه كزی، ما‌و له ده‌سه‌ڵاتی سوپای ڕزگاری ترسا، پێیوابوو ته‌نها دینگ ده‌توانێت جڵه‌وی تووندڕه‌وه‌كانی نێو سوپا بگرێت. ئیدی له ئاهه‌نگێكدا كه بۆ پیشوازیكردن له ئه‌میری كه‌مبۆدیا “سیهانۆك” سازكرابوو، هه‌موان به هاتنه ژوره‌وه‌ی كچه‌كه‌ی ما‌و، كه قۆڵی كردبوو به قۆڵی دینگ هسیاو بینگ دا، حه‌په‌سان. به‌م جۆره دینگ گه‌ڕایه‌وه بۆ ڕابه‌رایه‌تی كردنی حیزب و به‌رنامه‌ی خۆی خسته‌ڕوو، پاشان ورده ورده به په‌یژه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا سه‌ركه‌وت. ده‌رگای له‌به‌رده‌م جوتیاره‌كاندا كرده‌وه، تاكو ببن به خاوه‌نی زه‌وی و زاری خۆیان، به‌رهه‌مه‌كانیان بفرۆشن و پاره‌كانیان له كارگه‌كاندا بخه‌نه‌گه‌ڕ. به‌م جۆره تاده‌هات موڵكایه‌تی خه‌ڵك فراونتر ده‌بوو، بارودۆخی ژیان و گوزه‌رانیان به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو، به‌ره‌و باشتر ده‌ڕۆشت. به‌ڵام رێگریكردن له سیاسه‌تی كرانه‌وه‌ی بینگ، وه‌ك خۆی مایه‌وه و هێمن نه‌بووه‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به‌رده‌وام بوو له پاڵپشتیكردنی وه‌رچه‌رخانه‌كان و به‌گژ به‌رتیل و گه‌نده‌ڵیدا چووه‌وه. باوه‌ڕهێنان و قه‌ناعه‌تكردن به سیاسه‌ته‌كانی، تا ده‌هات فراوانتر ده‌بوو. له وته‌یه‌كیدا ده‌ڵێت: “ڕابه‌ر و سه‌ركرده‌كان، مرۆڤن و خودا نین”.
سه‌روه‌ختێك ماوتسی تۆنگ، به مۆمیاكراوی ڕاكشابوو، دینگ وه‌سیه‌تی بۆ هه‌موان كرد و وتی: “كاتێك ده‌مرم، چاوه‌كانم ده‌ربێنن و بیده‌ن به خوێندكارانی كۆلێژی پزیشكی، تاكو وانه‌ی له‌سه‌ر بخوێنن. جه‌سته‌م بسوتێنن و خۆڵه‌مێشه‌كه‌ی فرێده‌نه ناو ئاوه‌وه، نه كۆته‌ڵ و نه په‌یكه‌رم بۆ دروست مه‌كه‌ن “. بینگ به شێوه‌یه‌كی ئه‌فسانه‌یی، چینی گواسته‌وه، زۆر جیاوازتر بوو له هه‌مو ئه‌و گواستنه‌وانه‌ی ماوتسی تۆنگ پێیهه‌ستا. بینگ له‌م گواستنه‌وه‌یه‌دا و له نێوان لادێ و كارگه‌دا، تاڵاوێكی زۆری چه‌شت، له نێو جووتیاره هه‌ژار و زۆر نه‌داره‌كاندا ژیا، ئه‌و مردووانه‌ی بینی، بوونه قوربانی دروشمه‌كان و بازدانه‌كانی شۆڕشی رۆشنبیریی. پیش هه‌مو ئه‌وانه‌ش، له فه‌ره‌نسا به هه‌ژاریی ژیابوو، له چه‌ند شوێنێكدا كاری كردبوو، خاڵی نه‌بوو له سوكایه‌تی و ئیهانه‌كردن. ژیان له تاقیگه‌كه‌یدا خۆیدا، فێریكرد زانست و ده‌ستپیشخه‌رییه تاكه كه‌سییه‌كان، رێگای پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردنن. ئه‌مه بوو وایكرد، چه‌ندین شاندنی خوێندن بنێرێت بۆ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و ئه‌وروپا و یابان. ده‌رگای لیژنه‌ی مه‌ركه‌زی حیزبی كۆمۆنیستی، بۆ ته‌كنۆكراته‌كان و زاناكان خسته سه‌ر پشت. وایكرد چین ببێته بازاڕێكی كراوه، ئیدی تواناكان ته‌قینه‌وه و بازدانی ڕاسته‌قینه به‌ره‌و پیشكه‌وتن ڕوویدا.
پشیله‌كه‌ی دینگ هسیا و بینگ كه گرنگی به ڕه‌نگه‌كه‌ی نه‌ده‌دا، توانی كتێبه سوره‌كه‌ی ماوتسی تۆنگ، ڕاوبكات و چین بخاته سه‌ر سكه‌ی بوژانه‌وه و پیشكه‌وتن. سه‌روه‌ختێك سه‌رۆكی چواره‌م “تشی جینبینگ” دێت، چین له‌ژێر سایه‌ی ڕابه‌رایه‌تی كردنه‌كه‌یدا، له دونیای پێشكه‌وتندا، به شێوه‌یه‌كی ئه‌فسانه‌یی له شه‌قه‌ی باڵ ده‌دات و به‌رز فڕی. ئیدی له هه‌مو شتێك‌دا بووه هێزێكی مه‌زن و هه‌موان به‌ره‌وڕوی دێن، تاكو وه‌به‌رهێنانی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن و گه‌وره‌كان هه‌زار و یه‌ك حسابی بۆ بكه‌ن.
چه‌ند پشیله‌مان پێویسته، تا هه‌مو ئه‌و كاغه‌زه وه‌همییه و دواكه‌وتن و خورافاتی دروشمه‌كان و ئه‌و بازانه‌ی به‌ره‌و دواوه ڕامانده‌كێشێت، ڕاو بكات.
سه‌رچاوه
نووسینی: عبدالرحمن شلقم، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی لیبیا و نوێنه‌ری پێشوی لیبیا له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، االشرق الاوسط، شه‌ممه، 5 حوزه‌یران، 2021.