گونیللا بێرگسترۆم جێیهێشتین!

Loading

سەمەد قادر

 

گونیللا، بەیەکەم کتێبی (باوکی مییا دەگوێزێتەوە) ساڵی ١٩٧١ هاتە ناو ئەدەبی مناڵانەوە، ئەو کتێبەی تێیدا لە گۆشەنیگای مناڵەوە باس لە جیابوونەوەی دایکوباوک دەکات. گۆشەنیگایەک لە زۆر کلتور و کۆمەڵگادا پشتگوێ خراوە و هیچ بەهایەکی نییە.

گونیللا بێرگسترۆم ( بێریسترۆم بە سویدی) خاوەنی نزیکەی ٣٠ کتێبی مناڵانە و بە تایبەتی زنجیرەی ( ئەلفۆنس ئۆبارگ \ ئۆباری) بووە یەکێک لە بەناوباگترین و ناوداوترین کتێبی مناڵان. هەر لە ناوەڕاستی ساڵانی حەفتاکانی سەدەی پێشوو تاکو ئێستا. بۆ نزیکەی ٤٠ زمان وەرگێڕدراوە و زۆریش لە کتێبەکان کراونەتە زنجیرەی تەلەفیزۆنی.

ئەوەی هەر زوو لە هاتنمدا بۆ سوید سەرنجمی راکێشا و کردمی بە دۆستێکی نزیکی خۆی، کتێبخانەی ئەدەبی مناڵان بوو. سوید یەکێکە لەو وڵاتانەی دەوڵەمەندە بە ئەدەبی مناڵان. ئەدەبێک زۆر نزیک لە فەنتازیای مناڵان و هەڵدانەوە و کردنەوەی باری دەروونیان. ئەدەبێک دوور لە شێوەی ئامۆژگاری، بیر و تێگەیشتنی گەورانە.

ئەوەی گونیللا لە زۆربەی نووسەرەکانی ئەم بوارە جیادەکاتەوە، بۆ خۆی نەک هەر نووسەرە بەڵکو هونەرمەندێکی وێنەکێشانی لێهاتووشە. خاوەنی وێنەکێشانی کتێبەکانی خۆیەتی  و تایبەتتمەندی خۆیان هەیە.

ناوەڕۆکی کتێبەکانی گونیللا، بیرتییە لەو ساتە بچوکە تێبینیکراوانانەی رۆژانە بە سەر منداڵاندا لە ماڵەوە، لە ژوری نوستندا، زۆرجار لەتەک باوکیدا تێدەپەڕن، لەبەر ئەوەی ئەمانەش لای زۆربەی مناڵان وەبیرهێنانەوەیەکن و خۆیان تیادەبیننەوە بۆیە کتێبەکانی لای ئەوان خۆشەویستن. کتێبەکانی سەریان بە هەموو ماڵێکی منداڵداری سویدا کردووە.

گونیللا، سەبارەت بە کێشەی هاندیکاپی و کەم ئندامی مناڵان، ئەو مناڵانەی لەوانی دی ناچن، بۆ مناڵان باسدەکات. کێشەکانی دایکوباوک لە گۆشەنیگای مناڵەوە دەخاتە روو. لە تەلەفیزۆنی سویدیا، یەکێک لەوانەی سەبارەت بە گونیللا چاوپێکەوتنیان لەتەکدا کرد، وتی: ئێوارەیەک، کە بیرمکردەوە مناڵەکەم گەورەبووە، دەستمکرد بە گریان، بە خۆمم وت چیدی کتێبەکانی (ئالفۆن)ی بۆ ناخوێنمەوە.

خەسڵەتی ( ئالفۆن) لەو زنجیرە کتێبەدا، رۆڵی سەرەکی لە تەمەنی جاواز جیاوزدا دەبینێ بۆیە کتێبەکانی لای بەرەیەکی فراوانی مناڵان پەسەندکراون. بەمەش ساڵانە چەندین خەڵاتی ئاڵتونی و پلەبەرز بە گونیللا پێشکەشکراوە.

ئەمڕۆ گونیللا بێرگسترۆم لە تەمەنی ٧٩ ساڵیدا بەجێیهێشتین، لە دوای خۆی خەرمانێک لە ئەدەبی پڕ لە هونەری وێنەی مناڵانی بۆ وەچەکان جێهێشت.

 

ناردن: