وتووێژ لەگەڵ جیانی ڤاتیمۆ
وەرگێڕانی: ڕێبین هەردی
ر.ج: لە ١٩٣٦دا لە تۆرینۆ لەدایک بوون، چۆن بوو ڕووتان لەفەلسەفە کرد؟
ج.ڤ: لەکاتی جەنگی جیهانی دوهەمدا وەک مەدەنیەک لە باشوری ئیتاڵیا دەژیام، تاڕادەیەک لە جەنگەوە دوور بوم. کاتێک ١٩٤٥ گەڕامەوە بۆ تۆرینۆ، تەواو گۆشەگیر بووم. دواجار باوکم لەسەر پێشنیاری خانمێکی شیرین فرۆشی گەڕەکەکەمان، ناردمی بۆ کەنیسە بۆ ئەوەی ببم بە قەشە و منیش بووم بە قەشەیەکی بچوک. پاشان بووم بەیەکێک لە سەرکردەکانی بزوتنەوەی کاسۆلیکی لاوان و لەوێوە لەگەڵ کەسانی وەک ئیمبرتۆ ئیکۆ دیدارم کرد. ئیکۆش لە سەرکردەکان بوو، بەڵام لەمن بەتەمەنتر بوو. پاش کۆتایهاتنی قۆناغی دوا ناوەندی هەم ئارەزووم بۆ دین هەبوو، هەم بۆ سیاسەت. چونکە دەبوو بۆم ڕوون بێتەوە کە ئایا دیموکراسی مەسیحی دەتوانێت لەگەڵ چەپدا هاوپەیمانی بکات یان نا؟. ئەمە هەمان قۆناغە کە بە قۆناغی (خولی چەپ) ناوی دەنێنن. وەک خۆم لەگەڵ ئەم هاوپەیمانێتەدا بووم. کەوابوو لەبەر ئاشتکردنەوەی ئارەزووم بۆ دین و سیاسەت پێی بەپێی یەک، ڕوومکردە فەلسەفە و لەزانکۆی تۆرینۆ ناوی خۆم تۆمارکرد و لەسەر دەستی فەیلەسوفانی کاسۆلیک پەروەردە بووم. تێزێکم لەبارەی ئەرستۆوە نووسی. لەو قۆناغەدا بەمەبەستی ڕەخنەی مۆدێرنەی لیبڕال، تۆمیسم بەشێوەی (ژاک مارتین) لەنێوان کاسۆلیکە پێشکەوتووەکاندا زۆر باو بوو. منیش بە توندی مەیلم بۆ ئەمانۆئیل مۆنیە بوو کە سەرنوسەری گۆڤاری ئەسپری بوو، و لە تۆرینۆ گروپێکم بەڕێخست بەنای (گروپی مۆنیە). تا کۆتای قۆناغی خوێندنم لەزانکۆ درێژەم پێدا. پاش ئەوە وەک لێکۆڵیار لە زانکۆ دەستبەکار بووم. لە ١٩٦٢بەوەرگرتنی مینحەی هۆمبۆڵتی چووم بۆ ئەڵمانیا. لەوێ فێربوونی فەلسەفەی هایدگەرم لەڕێی گادامێرەوە دەست پێکرد و ئاشنایی یۆرگن هابرماس بووم. زۆر لە گادامێرەوە نزیک بووم و کتێبی هەقیقەت و میتۆدم بۆ زمانی ئیتاڵی وەرگێڕا.
ر.ج: کاریگەری هیرمۆنیکی گادامێر لەسەر کاری فەلسەفیتان چی بوو؟
ج.ڤ: گووتم کە تێزەکەم لەبارەی ئەرستۆوە نووسی، بە مەبەستی دۆزینەوەی فەلسەفەی نامۆدێرن و نا لیبڕاڵ و لەهەمانکاتدا نا پارێزگارانە. پاشان سەرقاڵی قوتابخانەی فرانکفۆرت بووم، چونکە بیریارانی ئەو قوتابخانەیە وەک ئادرنۆ و هۆرکهایمەر سەرنجیان لە (دیالکتیکی رۆشنگەری)دەدا. سەرپەرشتی تێزەکەم بڕوای وابوو قوتابخانەی فرانکفۆرت کۆنەپەرستە. دەیگووت (گەر دەتەوێت لەبارەی نوسەرێکی دژ بە مۆدڕێرنەوە لێکۆڵینەوە بکەیت، خەریکی نیتچە بە!). ئەوکاتە دەستمکرد بە فێربوونی نیتچە. لە ١٩٦١دا هایدەگەر بەرهەمە دوو بەرگیەکەی لەبارەی نیتچەوە بڵاوکردەوە. کتێبەکەی هایدگەرم خوێندەوە و بووم بە لایەنگری هایدگەر. لە ١٩٦٣دا کتێبی بوون، مێژوو و زمانم لەبارەی هایدگەرەوە نووسی کە لەڕاستیدا بە تازەکردنەوەی بیرکردنەوەی هایگەر لە قۆناغی دوهەمدا دادەنرێت. لێرەوە لەژێر کاریگەری گادامێردا، بووم بە هایدگەری-نیتچەیی. لەگەڵ ئەمەشدا دوورونزیک پەیوەندیم لەگەڵ هیرمۆنتیکی گادامێردا پاراست. بەڕاستی سەرسام بووم بە گادامێر و زۆر جار وتوێژم لەگەڵ دەکرد. بەڵام بە بڕوای من بە پێی پێویست ڕادیکاڵ نەبوو. بۆ نمونە ڕستەیەک لە کتێبی هەقیقەت ومیتۆدا هاتووە کە زۆر لەسەری ووتووێژم لەگەڵدا کرد. ڕستەکەش ئەمەیە: (بوون، کە دەتوانێت قابیلی تێگەیشتن بێت، زمانە)، ئەم ڕستەیە لە زمانی ئەڵمانیدا بە دوو فاریزە نووسراوە. بەڵام لە وەرگێڕانە ئیتاڵیەکەیدا بەوشێوەیەی باو بوو نووسرا. لەئیتاڵیدا بە بێ فاریزە بەمجۆرە دەخوێنرایەوە (بونێک کە دەتوانێت قابیلی تێگەیشتن بێت زمانە). بەو مانایەی کە بوونی تریش هەیە. بەڵام گەر بە دوو فاریزەکەوە بنوسرێت، دەخوێنینەوە:(بوون زمانە). من بەمشێوە وەرگێڕانە، مانای ڕستەکەم ڕادیکاڵانە کرد، هەر ئەم شێوە رادیکاڵەم بەنوسینی کتێبێک لەسەر نیتچە بەناونیشان سبۆژێکت و ماسک لە ١٩٦٩دا درێژە پێدا. ئەم کتێبە ناساندنی بزوتنەوەی چەپی توندڕەو بوو لە ئیتاڵیای ئەو سەردەمە. تیورەکەی من وابوو کە (لە لێکۆڵینەوەکانی کەسانی وەک هربرت مارکیوز لەبارەی کۆمنیزمی جۆری یەکێتی سۆڤیەتەوە دەبینین) کێشەکە لەودایە مارکسیزمی سۆڤیەتی هیچ گرنگی بە نموونە پێشڕەوەکانی بۆرژوازی نەداوە وەک نیتچە، ئازادی جنسی، یان ئازادی بیرکردنەوە و بزووتنەوەی کرێکاری پێشڕەو. بۆ نموونە ڕابەرانی سۆڤیەتی ساڵەکانی ١٩٦٠ بەردەوام بە پاپێۆن و بۆینباخەوە دەردەکەوتن، لەکاتێکدا سەرۆکی ئەمەریکا بە تراکسودەوە ڕای دەکرد. ئەمە مەسەلەیەل زۆر جێگەی سەرنجە. لەبەرئەوە بە خۆمم گووت باشتر وایە دەستبکەم بە ڕوونکردنەوەی چەپی توندڕەو. چەپی توندڕەوی ئیتاڵیا لەو قۆناعادا زۆر گرنگی بە فەلسەفە نەدەدا، چونکە بە توندی لایەنگری لۆکاچ بوو. سەرنووسەری بڵاوکراوەی II Manifesto کە لەو مێژووەدا بڵاوکراوەی چەپی توندرەو بوو، بەدوای ئازادی ڕەمزی و شێوازەکانی داهێنانی زمانی ئەنارشستیەوە بوو. بەڵام من ئەو کاتە بڕوام وابوو دەکرێت پێکهاتەیەک لە مەزنە مرۆڤی نیتچەیی لەگەڵ مرۆڤی مارکسی لە خۆ نامۆ نەبوو دروست بکرێت. بەڵام لە قۆناغی تیرۆریزم و بریگادی سووردا لە ئیتاڵیا لە ساڵانی ١٩٧٠ دا خوێندکارانێکم هەبوو کە هاوکاری بزووتنەوەی تیرۆریستیان دەکرد و پێموابوو بەتەواوی ئەندمانی کەنارخراوون. ئەندامانی نموونەیی بریگاردی سوور کەسێک بوو کە لاسای کرێکاری دەکردەوە و لە شوێنێکی پەراوێزی کرێکاری نێشتەجێ دەبوو، بۆ ئەوەی دەریبخات کرێکارێکی ٢٤ عەیارە، هەموو رۆژێک بەیانی کاتژمێر پێنچ وەک هەموو کرێکارەکان دەکەویتە ڕێ. ئەم جۆرە لە مرۆڤ بەجۆرێک زمانی ئاخر زەمانی قسەی دەکرد، وەک ئەوەی ئایندەیەکی باڵا بەردەوام بەڕێوە بێت. من زۆر بیرم لە دۆخی ئەمجۆرە مرۆڤانە کردەوە و دواجار بەو ئەنجامە گەیشتم کە پێکهاتن لەنێوان سۆبژێکت نیتچەیی و شۆرشی پرۆلیتاری مومکین نیە. چونکە لە بیرکردنەوەی مارکسدا بەردەام ئاشتی دیالیکتیکی هەیە، بەو مانایەی ئێمە بە ناچاری بەرەو هەماهەنگی دەڕۆین کە هەرگیز ناکرێت بگۆڕێت. خەسڵەتی دەسەڵاتداڕێتی بزووتنەوەی کۆمنیستی لێرەوە سەرچاوە دەگرێت.
لەبەرئەوە لەساڵەکانی ١٩٨٠دا گۆرانکاری لە بیرکردنەوەمدا درووست بوو، و کتێبی (دیالکتیک، جیاوازی و بیری کەم توانا)م نووسی. دیالکتیک لەناونیشانی کتێبەکەدا ئاماژە بۆ دیالکتیکی مارکسیستی دەکات. جیاوازی سەرنجی لەسەر بیرکردنەوەی فەڕەنسی دۆلۆز و لیوتارە و و مەبەستیش لە بیری کەم توانا گوێگرتنە لە هایدگەر- واتە تێگەیشتن لە ئایدیای جیاوازی ئەنتۆلۆجی. جیاوازی ئەنتۆلۆجی لە قسەکردنی نیگەتیڤدا دەتوێتەوە، بەبڕوای من دەبێت هایدگەر بەم مەبەست و ئامانجە بخوێنرێتەوە کە جیاوزی ئەنتۆلۆجی لە شتێکدا دەتوێتەوە کە بوون بە کەمکردنەوەی خۆی لە تواناکانی خۆی کەم دەکاتەوە، لەبەرئەوە من بیری کەم توانام بۆ ناونیشانی کتێبەکە هەڵبژارد. کەوابوو هەموو ئەمانە خاڵی وەرچەرخان بوو لە بیرکردنەوەی مندا. خوێندنەوەی (توندتیژی و شتی پیرۆز)ی بەرهەمی ڕێنێ ژیرارم بە دەستەوەگرت و هەروەها کتێبەکانی نۆربرت ئەلیاس، دوای ئەمە بێ دەسەڵاتیم بە شێوەی نیتچەی ڕوونکردەوە، چونکە نیتچە مێژووی ڕۆژئاوا بە ئاوابوونی لەسەرخۆی میتافیزکیا دەزانێت. منیش بیرمکردەوە فەلسسەفەی مۆدێرنە وەک ڕزگاری پێشکەش بکەم، بەجۆرێک کە مۆدێرنە کورتکەرەوەی نادیاری بونیادە سەنگینەکان بێت(وەک دەسەڵاتخوازی و خودهوشیاری دیکارتی و لەمجۆرە شتانە) . لێرەوە ئەو بیرۆکەیەم پەرە پێدا کە فەلسەفە دەبێت ئەنتۆلۆجیای هەنوکە بێت. فۆکۆش هەروا بیری دەکردەوە.، بەڵام هەرگیز بیرۆکەی ئەنتۆلۆخیای هەنوکەی بەو مانایە بەکارنەهێنا کەمەبەستی من بوو. لەوڕوەوە کە میتافیزکیاکمان نیە وەک ناسینی بوون بە ناونیشنای بوون، تەنیا مێژووی بوون هەیە و بیرکردنەوە لەبارەی مێژووی بوونەوە. کەوابوو بۆ تێگەشتن لە بوون، بوون ئێمە بۆ کورتکردنەوەیەک بانگ دەکات- واتە ئایدیای هایدگەری کە فەلسەفە ناتوانێت بیرکردنەوە ئامێز بێت. پەیامێک کە رێنمایمان دەکات بۆ بژاردەی تر لە ئایندەدا، بزوێنەری ئەمجۆرە نەخشەیەیە. کەوابوو بە بڕوای من ماقوڵترین تەفسیری مۆدێرنە و مێژووی چەمکی بوون هەمان کەمکردنەوەی دەسەڵاتە، هەروەها بەهۆی ژیرارەوە سەرلەنوێ خوێندنەوەی تێکسەتە مەسیحیەکانم دەست پێکردەوە (کە لە ساڵەکانی ١٩٦٠ تا ١٩٧٠ وازم لێهێنابوو)، ئەو بیرۆکەیەی پۆلسی قەدیسم دۆزیەوە کە دەڵێت: (خودا خۆی بچوک کردەوە بۆ ئەوەی بۆ مرۆڤەکان دەرکەوێت). خۆی بەشێوەکەی قەرەبوونەکراوە بچوک کردەوە- واتە هەقیقەتی بوون کورتکردنەوەی بوونەوەرەکانە.. ڕستەیەکی زۆر مەزنی هایدگەر لە بوون و زەمەندا هەیە. لە کۆتای فەسڵی یەکەمی کتێبەکەدا دەڵێت: (Sein nieht Seiendes, gibt es in sofar Wacheit ist Warheit ist nur in sofar Dasein ist) .
ئەگەر سەرنج بدەیت دەبینیت هایدەگەر لە بەشی یەکەمی ڕستەکەدا دەڵێت “Sein nieht Seiendes”- واتە هەقیقەتی بوون، بوونەوەرەکان نیە کە خۆی لەبەردەم هەڵسەنگاندندا دەردەخات، بەڵکو ئامانج گەیشتنە بە پلەیەکی کلتوور و زانیین و دەزگا کۆمەڵایەتیەکان.
ر.ج: لەم ناوەدا چی بەسەر واقعیەتدا دێت؟
ج.ڤ: پرسیارێکی باشە، چونکە خوێندنەوەی نیتچە و هایدگەر ئێمە بۆ ئەو بیرۆکەیە لەبارەی واقعیەتەوە برد، هەنوکە سەرقاڵی نووسینی کتێبێکم لەبارەی چەمکی واقعیەت. بۆ نوسینی ئەم کتێبە باسی فەلسەفەی پاش-شیکاری ئەمەریکیم کردووە کە بیریارێکی وەک ماک داڤڵ ناساندوێتی. ئەگەر نووسیەنەکەی ماک داڤڵ بخوێننەوە کە کانتیە، سەرنج دەدەن کە گادامێر ڕاستی دەکرد کە دەیگووت: (هەقیقەتی زانستەکانی پێدراوە، بێ ناوەندگیری نیە). تازە پێدراوەی بێ ناوەندگیری لەبنەرەتدا پێدراو نیە. بۆ ئەوەی پێدراو وەک شتێکی زانستی لێ بێت، دەبێت دەستکاری بکرێت بۆ ئەوەی لەنا ئەو پارادیمانەدا جێگەی بێتەوە کە عەقڵانیەتی کانتی پەتی نین، بەڵکو نەریتی زمانی زانستین. من زۆر ئەمە پەسەند دەکەم. چوکە لەوە دەچێت کە بڵێین لەڕاستیدا ئەوە کەمبوونەوەی دەسەڵاتی ئامادەبوونی بێ ناوەندگیریە کە زانستە پۆزەتیڤەکان درووست دەکات.
ر.ج: پەیوەدنی نێوان دەسەڵات و هەقیقەت لەم ئەنتۆلۆجیای واقعیەتیەی خۆتاندا چۆن دەبینی؟
ج.ڤ: هەرکاتێک باسی هەقیقەت دەکرێت، ئەو ئاوازە ئیتاڵیەم بیر دەکەوێتەوە: (هەقیقەت ئازارم دەدات). من بیرۆکەی هەقیقەتی بابەتی لەبەرامبەر هەقیقەتی ئنجیلیدا دادەنێم. ئەوەندەی من بیردۆزەکەی فیساغۆرس بناسم بەکەڵک نایەت، مەگەر ئەو کاتە نەبێت کە بمەوێت مێزێک یان باڵاخانەیەکی بەرز درووست بکەم. بەڵام ئەو بەهایانەی بۆ تێگەیشتن لێیان پێویستم بەم هەقیقەتە ستراتیژیە هەیە- بەوتەی هابرماس- هەقیقەتی بابەتی نیە. کەوابوو هەقیقەتی بابەتی تەنیا لەبەر ئەو هۆیانەی پەیوەندیان بە دەسەڵاتەوە هەیە کورت دەبێتەوە بۆ ئەم شێوە ڕەق و سەختە. نیتچە لە شوێنێکدا گووتوێتی کە خود هوشیاری پێوست نیە، بۆ ئەو کەسانە نەبێت کە فەرمان دەکەن و ئەوانەش کە فەرمانیان پێدەکرێت. ئێستا گەر ئەمە بۆ زمانێکی بەدەزگایی بوو وەربگێڕی، وا دەردەبڕێت کە تەنیا پۆلیس ناسنامە داوا دەکات. واتە پەیوەندیەک هەیە لەنێوان چەمکی میتافیزیکی هەقیقەتی بابەتی و چەمکی دەسەڵات. من ئەم دەسەڵاتە لە دەسەڵاتی کەنیسەیشدا دەبینم. هەر لەبەرئەمەش فەلسەفەی من دژی کەنیسەییە.
ڕ.ج: کەوابوو ئێوە مەسەلەی باوەڕ لەپشت دەسەڵاتی کەنیسەوە دەهێننە پێشێ؟
ج.ڤ: بەڵێ، بێگومان. چونکە باوەڕ بەشێوەیەک لەڕێگەی ڕەوتی هوشیاریەوە ئەزموون دەکرێت. هوشیاربوون بەوەی کەسێک لە دەرەوەی من ، بانگم دەکات. من بڕوام بە خودای ئنجیل هەیە، نەک وەک دانەری ئنجیل، بەڵکو وەک بابەتی ئینجیل. لە چاوی مندا خوای ئنجیل کەسێک نیە کە لەلایەکەوە قسە بکات و لەلایەکی دیەوە بنووسێت. هەردوکیان یەک شتن. تەنیا بەمشێوەیە ریوایەتی ئینجیل ناماقوڵ نیە. لە ئینجیلەکاندا ڕستەیەک هەیە کە دەڵێت: (هەموو ئەوەی کە نووسرا، بەمەبەستی پەروەردەکردنی ئێوە نووسرا). پەروەردەکردن لێرەدا زانیاری نیە، واتە بزانین کە خودا چۆنە، بۆ نموونە گەورەیە یان بچوک. پەروەردەکردن بانگکردنی ویژدانی ئازادی ئێمەیە. بانگکردنی عەشقە. هەمان ئەو شتەیە کە لەزمانی لاتینیدا پێی دەڵێن (La (caritas. ئەگوستینی قەدیس لە جێگەیەکدا گووتوێتی: (خۆشەویستی بکەو هەرچیت دەوێ بیکە)ئەمە تاکە ڕاستیە. ئەوەی دەمێنێتەوە وتوێژە لەسەر سەلماندنی ئەم بابەتە کە مرۆڤ ئەمە یان ئەوەیە. کەنیسە لەسەر ئەم بنەمایە دەیەوێت فەرمانڕەوا بێت بەسەر یاسا مەدەنیەکاندا. ئەگەر تەڵاق بەشێوەیەکی سروشتی قەدەغەیە، کەوابوو دەبێت بەواقعی قەدەغە بێت. بەڵام ئەمانە هەمووی یاری دەسەڵاتە.
ر.ج: بەڵام ئەگەر نەتوانین لە کلتوورەکاندا بە بەهای هاوبەشی بابەتی بگەین، ئایا دەتوانین لە باوەڕدا بیدۆزینەوە؟
ج.ڤ: ئەگەر بمەوێت لەڕووی فەلسەفیەوە وەڵامی ئێوە بدەمەوە کە من لەسەر ڕاستم، خۆ واقعیەتی شتەکان پیشانی ئێوە نادەم. لە ئێوە دەپرسم ئایا فڵان یان فیسار کتێبتان خوێندۆتەوە؟ کەوابوو دەتوانرێت بگوترێت کە بەها هاوبەشەکان لە دەوری ناوکی پێوەرەکان، ڕێکەوتنی ڕا درووست دەکەن. من خۆبەخەشانە هەندێک لە پێوەرەکان قەبوڵ دەکەم، بۆ نموونە مافە سروشتیەکان. بەڵام مافە سروشتیەکان لە هەندێک دۆخدا سروشتیە. بۆ نموونە ڕێگرتن لە ئەنجامدانی هەندێک جوڵە کە لەمافە سروشتیەکاندا ڕێگەپێدراو نیە، و دەرخەری پێوەرەکانی ئادابی کۆمەڵایەتیە. نموونەیەکی دی بهێنینەوە دروشمی بڵاوکراوەی (Saint Siege)بەناوی Lobservanre Romans ئەمەیە (بۆ هەرکەس، دارایی خۆی). زۆر باشە ئەم ((خودە)) لە کوێوە هاتووە؟ ئایا (خۆمێکی) سروشتی بوونی هەیە؟ نەخێر، (خۆم) بەمیرات ماوەتەوە. ئەگەر باوانم دز بوونایە و پارەکانیان دزی بوایە و لە باوانی ئێوە داراتر بوون، ئەوا ئەم داراییە موڵکی من بوو لەڕێگەی میراتەوە. لەبەرئەوە دادپەورەری سروشتی بوونی نیە. تاکە دادپەورەریەک کە قەبوڵی دەکەم ئەوەیە کە لەگەڵ کەسێکدا ڕێک بکەوم کە ڕێز لە ئازادیەکانی من بگرێت و بە خۆمی قەبوڵ بکەم کە تا ئەوکاتەی ڕێز لە ئازادیەکانی من دەگرێت، هەوڵ بدەم لەگەڵی ڕێک بکەوم. ئەمە زۆرتر مافی پۆزەتیڤە تاکوو مافی سروشتی. بەڵام نەریتی ئینجیلی بە قوڵی لەناو ئەم بیرۆکەیەی مافە پۆزەتیڤەکاندا ڕۆچووە. بەڕاستی تێناگەم کە چۆن ئەخلاقی کانتی دەتوانێت چاوپۆشی لە فەرمانی عەشق لە ئنجیلەکاندا بکات. چونکە چۆن دەتوانرێت ڕێز لەوی دی بگیرێت، بە بێ هەبوونی وێنایەکی لە خۆ بووردن – واتە چوونە سەرو خود.
ر.ج: کەوابوو ئێوەیە سەرەڕای ڕەخنەتان لە مۆدێرنە بڕواتان بە دیموکراسی هەیە؟
ج:ڤ: دیارە. لە مۆدێرنەدا دیموکراسی لەسەر ئەو ئایدیایە دامەزراوە کە شتێک بەناوی مافی سروشتی بوونی هەیە. لەکاتێکدا من دیموکراسی بە ڕەچاوکردنی ئازادی ئەوی دی وەک سۆبژێکتی خود پەرپرسیار دەزانم. ژیانکردن لەهەمانکاتدا مرۆڤانە و مەسیحیانە. من بیرۆکەی مرۆڤایەتی لە مەسیحیەت بە جیا نازانم. مەسەلەی ژینگەی-ئەخلاقی تەنانەت گەر بمانەوێت بە دیاریکردنی سروشتی مرۆیی مەسەلەکە چارەسەر ببێت، دەبێت بە مەسەلەی کورپەلە لەبارخستن دەست پێبکرێت. دەبێت بگوترێت(کورپەلە چەندان مافی هەیە). بەڵام بەم قسەیە ڕاستەوخۆ ئازادی دایک پێشێل دەکەیت، چونکە دەبیتە ڕێگری لەبارخستنی کورپەلەکەی. من ناڵێم دەبێت هەموو ژنان کورپەلە لەبار بەرن، دەڵێم ئەم مەسەلەیە دەبێت گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت. وەک مەسەلەی خۆکوشتن. ئەگەر کەسێک بڵێت بەتەمام خۆم بکوژم، یەکسەر ڕێگری لە خۆکوشتنەکەی دەکەیت. بەڵام گەر جارێک ڕێگەمان لێگرت و ئەو دوبارە هەوڵی خۆکوشتنیدا، ئازادە کە بیەوێت خۆی بکوژێت. ئەم ئازادیە بونیادیە. تەنانەت لە ژینگەی-ئەخلاقیشدا پێوەری سروشتیمان هەیە. بۆ نمونە گەر لەناکاو لەناوەڕاستی شەقامدا بەسەرمدا بێت، خۆ تەلەفون بۆ دەوڵەت ناکەن، یەکەمجار تەلوفون بۆ خێزانەکەم دەکەن. لە دۆخە سروشتیەکاندا دەبێت بەناوی ئازادیەوە ڕەچاوی پلەکان بکرێت.
ر.ج: ئێوە وەک بیریارێکی پۆستمۆدێرن دەناسن. ئێمە لە ئێران کێشەمان لە تێگەیشتن لە بابەتی پۆستمۆدێرن هەیە. ئێوە چۆن پێناسی پۆستمۆدێرن دەکەن؟
ج.ڤ: لەگەڵ ئالان تۆریندا وتوێژێکمان لەبارەی چەمکی مۆدێرنەوە هەبوو و هەستدەکەم هێشتا نەمانتوانیووە بەشێوەیەی کە پێویستە پێناسی مۆدێرنە بکەین. ئالان تۆرین وێنایەکی مێژووی بۆ مۆدێرنە هەیە. تۆرین مۆدێرنە لە سەردەمی سۆبژێکتی کانتی و سۆبژێکتی بیرکەرەوەدا دادەنێت. بەڵام من هەمیشە مۆدێرنەم لەسەردەمی مێژووگەری ڕۆشنگەریدا ناسیووە. دروشمی رۆشنگەری Aufklarung ئەوە بوو: (دەبێت مۆدێرن بین)، و دەبێت مۆدێرن بین، چونکە مێژوو ڕەوتێکی ڕوو لە پێشکەوتنە. کەواتە گەر ئەم ڕەوتە نەگرنە بەر، ئەوا خوازراو نابن. بەڵام پێموایە ڕاستر وایە باسی کۆتایی مۆدێرنە بکەین. بۆچی مۆدێرنە بە کۆتایی دەگات؟ چونکە چیدی کەس بڕوای بەیەک ڕەوتی مێژوو نیە. نەک یەک مێژووی مرۆیی، بەڵکو چەندان مێژووی مرۆیی هەن. لێرەوە لەگەڵ کۆتاییهاتنی کۆلۆنیالیزم و نەتەوە ناوەندی بە کۆتای وێنای یەک مێژوو گەیشتووین. بێ پێشکەوتن و پەرەسەندن، مۆدێرنەیەک بوونی نابێت. من بەمشێوەیە پۆستمۆدێرنە پێناس دەکەم. من پۆستمۆدێرنە بە کۆتایی ڕەهاکان و لەدایکبوونی وتوێژ دەزانم.
ر.ج: بەڵام ئایا وەک ژان فرانسوا لیوتار دەڵێت دەکرێت پۆستمۆدێرنە بگۆڕێت بۆ حیکایەتی گەورە؟
ج.ڤ: زۆر هاوڕێی لیوتار بووم و بەردەوام ڕەخنەی ئەوەم لێگرتووە کارایی ئایدیای حیکایەتی گەورەی ڕوون نەکردۆتە. ئەگەر دەڵێیت کە مایۆی ٦٨ نکوڵیکردنە لە ستالییزم و زانستی بایۆلۆجی و ڕەدکردنەوەی هوشیاری پۆزەتڤیزم بوو، ئەوە ئەمە خۆ حیکایەتی گەورە نیە، شتێکە سەر بە ڕابردوو. ئەگەر وەک حیکایەتی گەورە تەماشای بکەیت، دواجار دەبێت بە ڕستەی میتافیزیکی پێناسی بکەیت. واتە دواجار دەڵێیت :(دەزانم پاش ماێۆی ٦٨، چیدی ستالینیزم بوونی نابێت). لێرەدا دەگەین بەجۆرێک میتافیزیکی ڕوونکەرەوە و بابەتی کە بەنیازە ئەو مەسەلەیە دیاری بکات کە لەکوێوە هاتووین و بۆ کوێ دەچین. ئەمە بیری ڕستەیەکی فینگشتاینم دەخاتەوە کە دەڵێت: (ئەگەر بە ڕێگەوەیت، کەوابوو دەزانیت بۆ کوێ دەچیت). ئەمە تا ڕادەیەک هەمان وێنایە کە من بۆ ئەنتۆلۆخیای هەنوکەم هەیە. ئەنتۆلۆجیای هەنوکە ئایدیای بەشێکە لە مێژووی بوون کە خۆمان بەشێوەی هەنوکەیی لەناویدا دەدزۆینەوە. مێژووی بوون لەبنەڕەتدا مێژووی چەمکی بوون و مێژووی مانای جیهانە کە ئەزموونی ئێمە لە بوون بەردەوام، ڕێکخراو و ئامادە دەکات. پاش فیزیای ئەتۆمی، ئایدیای بوون زۆر گۆڕا. وەک چۆن پاش فرۆید دەرونناسی گۆڕا، هەموو ئەمانە لەبنەرەتدا نەخوازراو نیە.
ر.ج: ئێوە ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپان. چۆن فەلسەفە و سیاسەت بەیەکەوە دەگونجێنن؟
ج.ڤ: بڕوا ناکەم پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆ لەنێوان فەلسەفە و سیاسەتدا هەبێت. بە بڕوای من مەسەلە سیاسیەکان کەمتازۆر بە ڕاوەستان لەبەرامبەر توندوتیژیدا دەناسرێنەوە. بیهێنە بەرچاوی خۆت کە بازاری ئابوری دەبێتە شتێکی ڕەها. بڕوام بەوە نیە کە دەبێت بازاڕ هەرچۆنێک بێت، قەبوڵی بکەین. زۆرێک لە یاساکان لە بواری ئازادیە مەدەنیەکاندا پەیوەندی بەو بیرۆکەیەوە هەیە کە مرۆڤ کۆمەلێک خەسڵەتی هەیە کە دەبێت لە پشت ئازادیە مەدەنیەکانەوە ڕێزی لێ بگیرێت. ڕەنگە سەیرتان لێبێت، بەڵام دەبێت دان بەوەدا بنێم کە دژی قەدەغەکردنی مادە بێ هۆشکەرەکانم. دەزانم کارێکی ئاڵۆزە، بەڵام گەر ڕاستان بوێت هەرگیز نەمدیوە لەبەردەم قوتابخانەیەکی سەرەتایدا مەشروباتی ئەلکولی بفرۆشن، لەکاتێکدا مادە بێهۆشکەرەکان دەفرۆشرێن. بۆچی وایە؟ چونکە بازاڕی ڕەش هەیە. گومانی تیا نیە دەبێت پارێزگاری لە مناڵان بکەین، بەڵام پارێزگاریان لێ ناکرێت. من وەک ئەندامێکی پەرلەمانی ئەوروپا بەردەوام هەوڵدەدەم یاساگەلێک لە یەکێتی ئەوروپا دابنێن کە توندوتیژی کەم بکاتەوە. توندوتیژی بەمانا فراوانەکەی بەکار دەهێنم. بە بڕوای من توندوتیژی تەنیا مەسەلەی جەنگ و ئاشتی نیە. پیسبوونی ژینگە و نەخۆشیەکان و ئەمشتانەش دەبێت ڕەچاو بکرێت. بەرنامەیەکی سیاسیم لەمبارەیەوە نیە. بەڵام بڕوام وایە فەیلەسوفێکی وەکو من کە ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپایە، دەتوانێت هەندێک کار ئەنجامبدات. لەگەڵ ئەوەشدا کە هیچ لە سوشیالیزم نەماوەتەوە، بەڵام دەکرێت تا هەنوکەش باسی یەکسانی بکرێت. ئایدیای نوێ لە پەرلەمانی ئەوروپا بڵاو دەکەمەوە. پەرلەمانی ئەوروپا بەڕاستی دەزگایەکی زۆر سەرنجڕاکێشە. بەرهەمی هیچ جەنگ یان زنجیرە یان بنەماڵەیەک نیە. بونیادێکی دروستکراوە کە بە ئیرادەی مرۆڤ بونیاد نراوە.
رج: ئایا بڕواتان وایە ئەوروپا دەتوانێت لەبەرامبەر بە ئەمەریکادا ببێتە هێزێک؟
ج.ڤ: لە دڵەوە ئارەزووی ئەوە دەکەم. جۆرێک بەریەک کەوتنی لەنێوان ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکادا هەیە. ئەمە بیری دروشمی فاشیستی سەردەمی ئیتاڵیام دەخاتەوە: (نەفرەتی خودا لە ئینگلیزەکان). حەزناکەم ئەمەریکیەکان بەر نەفرەتی خودا بکەون، بەڵام حەزدەکەم ئەوروپا بتوانێت لەبەرامبەر ئەمەریکادا ڕابوەستێت، هەم لەڕووی سیاسی و هەم لەڕووی ئابوری و هەم لە ڕووی کلتووریەوە.
جهانبگلو: بەڕێز جیانی ڤاتیمۆ زۆر سوپاس کە ئەم وتووێژەتان قەبوڵ کرد.
ڕیۆدۆ جۆنیرۆ. سپتەمبەری ٢٠٠٢
* سەرچاوە:
رامین جهانبگلو: جهانی بودن: پانزە گفتگو با اندیشمندان امروز جهان-رامین جهانبگلو- تهران. نشر مرکز، چاپ دوم١٣٨٢