وتووێژ لەگەڵ سێر رۆجەر پێنرۆز
و: ڕێبین هەردی
ر.ج: سەرەتا سوپاستان دەکەم کە بانگهێشتەکەی ئێمەتان قەبوڵ کرد. بۆ دەست پێکردنی ووتوێژ سەرەتا چەند پرسیارێک لەبارەی ژیانتانەوە دەکەم. ئێوە لە ئابی ١٩٣١ لە ئیسکس لە ئینگلتەرا لەدایک بوون. لەزانکۆی کۆلێجی لەندەن ماتماتیکتان خوێند و پاشان لە زانکۆی کامبریچ دکتوراتان لە ماتماتیکتدا هێنا. چۆن بوو ڕووتان لە لێکۆڵینەوەی زانستی و بەتایبەتی ماتماتیک کرد؟
ر.پ: هەستئەکەم هۆکەی باوکم بوو. ئەو زانا بوو و لە زانکۆی لەندەن لە بواری ژنتیکی مرۆیدا وانەی دەگووتەوە. بەڵام ئارەزووی فروانی هەبوو، و ئارەزووی بۆ ماتماتیکییش هەبوو. لەکارەکەی خۆیدا زۆر سوودی لە ماتماتیک وەردەگرت. لەگەڵ من و براکەمدا باسی ماتماتیکی دەکرد. برا گەورەکەشم بوو بە ماتماتیکزان. برا بچوکترەکەم بوو بە یاریزانی شەترەنج و دەجار بەپلەی پاڵاوانێتی شەتڕەنج گەیشت. بەڵام بچوکترین برام هیچ کات حەزی لە ماتماتیک نەبوو. من دڵنیام هۆی ئارەزووم بۆ ماتماتیک و زانست، باوکم بوو. پێکەوە پیاسەی دوورودرێژمان دەکرد، و لەم پیاسانەدا ئەو شتانەی بۆ ڕوون دەکردمەوە کە لە سروشتدا بوو. ئەو ئارەزووی بۆ هەموو بوارە زانستیەکان هەبوو، لە بایۆلۆجیاوە بیگرە تا ماتماتیک. دایکم لە بواری پزیشکیدا خوێند بووی و ئەویش ئارەزووی بۆ زانست هەبوو.
ر.ج: کەوابوو بە جۆرێک لە جۆرەکان چارەنووستان وابوو ببن بە ماتماتیکزان؟
ر.پ: نە. چارەنووس نەبوو. ڕاستان بوێت من دەمویست ببم بە پزیشک، چونکە چ دایک وچ باوکم سەڵاحیەتی پزیشکیان هەبوو، لەبرا بچوکەکەشم نائومێدبوون کە تەنیا حەزی لە شەتڕەنج دەکرد. برا گەورەکەم ماتماتیکزان بوو، بەکورتی لە خێزانەکەماندا ماتماتیکزانیشمان هەبوو، بڕیار بوو منیش ببم بە پزیشک. من دەمویست ببم بە دکتۆری نەشتەرگەری مێشک. ئارەزوی من لەو سەردەمەدا کە لاو بووم، هەر ئەمە بوو. تەنیا کاتێک لە دوا ناوەندی ناچار بووم هەڵبژێرم، بڕیارمدا ببم بە ماتماتیکزان. ڕۆژێک چووم بۆ بینینی بەڕێوبەرەکەمان و لێی پرسیم لە زانکۆ چی دەکەم. گووتم کە دەمەوێت بایلۆجیا، کیمیا، و ماتماتیک بخوێنم. گووتی: (ناتوانی. ئەگەر دەتەوێت ماتماتیک بخوێنیت، دەبێت فیزیا و کیمیا بخوێنیت). منیش قەبوڵم کرد. چونکە ئەوکاتە نەمدەیوست دەست لە ماتماتیک هەڵگرم. دەمویست لەسەر ماتماتیک بەردەوام بم. بەڵام پێموایە کاتێک گەڕامەوە بۆ ماڵێ و گووتم دەمەوێت ببمە ماتماتیکزان، دایک و باوکم زۆر خۆشحاڵ بوون.
ر.ج: لە کۆتای سەدەی بیستدا گەر کەسێک ئارەزووی ماتماتیک بکات، هۆکەی چیە؟
ر.پ: هەستدەکەم لانیکەم دوو هۆی پاساوداری هەیە. هۆی یەکەم ئەوەی ماتماتیک بناغەی زۆرێک لە زانستەکانە. بێ ماتماتیک ناتوانێت لە زانستدا زۆر بچیتە پێشێ. بەڵام هۆی دووهەم هەستدەکەم ئەوەبێت کە ماتماتیک بە چالاکیەکی کلتووری زۆر گرنگ ئەژمار دەکرێت. یەکێکە لە کۆنترین چالاکیە کلتووریەکانی مرۆڤ و هەستدەکەم گەر ماتماتیک نەزانیت، بەشێکی زۆر لە کلتووری مرۆڤ لە دەست دەدەیت. پێویست ناکات بێگومان بچنە ناو ووردەکاریەکانەوە، بەڵام دەبێت بزانیت لەم بوارەدا چی ڕوو دەدات. ڕەنگە هۆیەکی سێهەمیش هەبێت کە دیارە خەڵک زۆر گرنگی پێ نادەن: ئەوەی کە خوێندنی ماتماتیک خۆی سەرگەرمیە. خەڵکی بە گشتی لە ماتماتیک دەترسن، بێ ئەوەی سەرنج لەوە بدەن کە بەشێکی گەورەی بریتیە لەمەتەڵەکان و ئەو شتانە کە دەتوانێت زۆر چێژ بەخش بێت.
ر.ج: لە سەردەمی ێۆنان بەدواوە بەردەوام پەیوەندیەکی نزیک لەنێوان فەلسەفە و زانستی ماتماتیکدا هەبووە، ئەفڵاتۆن گوتبووی کە لەسەر ئەکادیمیاکەی ئەم ووشانە بنووسن (کەسێک کە ئەندازە نازانێت، نەیەتە ژوورەوە). هەندێک لە فەیلەسوفە گەورەکان وەک باسکاڵ و لایبنیتز، ماتماتیکزانی گەورەش بوون، ڕاسل و وایتهایدیش ماتماتیکیان خوێندبوو. ئێوە خۆتان لە فەلسەفەوە نزیک دەبینن؟ ئایا ئەمکارە لە ژیانی پراکتیکیدا هاوکاریتان دەکات؟
ر.پ: بە بڕوای من بیرکردنەوەی فەلسەفیانە لەبارەی زۆرێک لە مەسەلە زانستیەکان گرنگی هەیە. دیارە من لە بواری فەلسەفەدا پسپۆر نیم و خوێندنەوەی فەلسەفی زۆرم نیە. بەڵام گەر کەسێک ئارەزووی لە بنەماکانی فیزیا هەبێت، گرنگە دیدێکی فەلسەفی هەبێت.
ر.ج: هەستدەکەن لەگەڵ کام یەک لە فەیلەسوفەکاندا نزیکن؟
ر.پ: لەگەڵ فەیلەسوفێکی وەک ئەفلاتۆن هەست بە نزیکی دەکەم. زۆر هاودڵی برتراند ڕاسلیشم. لەبارەی واتهایدیشە هەروام. بەڵام زۆرێک لەو زانایانەی کە باسی فەلسەفەیان کردووە، کاریگەریان لەسەرم داناوە، وەک شرودینگەر.
ر.ج: هایزنبرگ چۆن؟
ر.پ: هایزنبرگ زۆر کاریگەری لەسەر من نەبوو. کاریگەری شرویگەر لەسەر من گەلێک زۆر بوو. هەموو نووسینەکانیم خوێندەوە و لە چالاکیەکانمدا بەکارم هێنا.
ر.ج: کەمێک باسی کارەکانتان بکەین. لە دنیادا ئێوە بەیەکێک لە لێهاتووترین ماتماتیکزانەکانی هاوچەرخ دەناسن. بەڵام هۆی سەرەکی بەناوبانگی ئێوە لەبەر کێشەکانی تیورەی ڕێژەگەری قورساییە. ئەم کارە هاوبەشەی ئێوە لەگەڵ ستیڤان هاوکینگ بوو. بە بڕوای ئێوە تەواونەبوونی جدی لەم تیورەیەدا هەیە؟
ر.پ: بەڵێ. ئەم تەواونەبوونە بەپلەی یەکەم میکانیکی کوانتۆمیە. ئەوەش بڵێم کە ئەم لاوازیە بەتەواوی ناسراو نیە. ڕوانینی کاربەدەستانی فیزیا ئەوەیە کە تیورەی ڕێژەگەری گشتی ئەینشتاین، ناتوانێت تیورەیەکی کامڵ بێت، چونکە نابێتە میوانداری میکانیکی کوانتۆمی. بەڵام زوربەی کاربەدەستانی فیزیا شتێکی جیاواز لەمە دەڵێن. ئەمە ئەو کارەیە کە من دەیکەم. واتە دەڵێم میکانیکی کوانتۆمی تیورەیەکی کامڵ نیە- نەک تەنیا لەبەرئەوەی نابێتە میوانداری تیورەی ڕێژەگەری گشتی، بەڵکو لەبەرئەوەش کە کێشەی زاتی جدی هەیە. تەبایی دەروونی واقعی نیە. دیارە تیورەگەلێک هەن کە لەڕووی ماتماتیکیەوە زۆر ورد و ناسکن، و بەڕادەیەکی زۆر تاقیکراونەتەوە.
ر.ج: لەدوا کتێبتاندا بەناوی (گەورە، بچووک و زیهنی مرۆڤ) زۆر باسی تیورەی تەقینەوەی گەورە Big Bang دەکەن. ئایا وێنای نەریتی تەقینەوەی گەورە ڕەد دەکەنەوە، کە بەڕادەیەکی یەکجار زۆر دنیامان پێ دەناسێنێت؟
ر.پ: بەڵگەی بەهێز هەیە کە سەردەمێک دنیا لە پلەی گشتی ١٠توان ١٠ی ساڵی پێشوەوە هەبووە. لەو سەردەمەدا دنیا هێندە تێکچڕژا بوو کە چڕیەکەی بەپێی پێوەرەکانی ئەمرۆ زۆر زیاد و باوەڕپێ نەکراو دەردەکەوێت. ئەگەر لەو سەردەمە بەدواوە مەزەنە بکەن، ئەنجامەکەی ئەوە دەبێت بە نەزانراو دەگەن. من دەڵێم کە بێگومان تەقینەوەی گەورە ڕوویداوە، بەڵام ئەمە بەناچار بەمانای سەرەتا نیە. دیارە من لەو کەسانە نیم کە دەڵێم سەردەمێک پێش تەقینەوەی گەورە بوونی هەبووە، بەڵام بڕوام وایە دەتوانین تەقینەوەی گەورە بەشێوەیەکی ڕێکوپێکتر وەسف بکەین.
ر.ج: دەگەین بە ئەرگۆمێنتی سەرەکی ئێوە- ئەوەی دەڵێن ناتوانین فیزیای کلاسیکی لە فیزیای کوانتۆمی هەلێنجێنین، چونکە ئەو یاسایانەی لە ئاستی کوانتۆمیدا بەکار دەهێنرێن، ناکرێت لە ئاستی کلاسیکیدا بەکاربهێنرێن.
ر.پ: پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئێستا گووتم. دەبینین زۆرێک لە فیزیازاناکان دەڵێن کە بە تەفسیرێک میکانیکی کوانتۆمی ڕاستترە لە فیزیای کلاسیک، و دەبێت فیزیای کلاسیکی لە فیزیای کوانتۆمیەوە هەڵێنجێنین. چونکە بە بڕوای ئەوان فیزیای کوانتۆمی وەک تیورەیەک ڕاستر و ووردترە. بەڵام من هەستدەکەم وا نەبێت. ناتوانیت فیزیای کلاسیکی لە میکانیکی کوانتۆمیەوە هەڵێنجێنیت. ئەمانە دوو سەری یەک پەلکەزێڕینەن. لەلایەکەوە میکانیکی کوانتۆمی زۆر بە باشی کار دەکات و لەلایەکی دیەوە فیزیای کلاسیکی زۆر باش کار دەکات. ڕاست نیە بڵێین فیزیای کلاسیکی بەشێوەیەک خەسڵەتی سیستمە ئالۆزە گەورەکانی کوانتۆمیە. بەبڕوای من ڕاست نیە. بەمشێوەیە وەڵام ناداتەوە. بەشێک لە بۆچوونی من ئەوەیە پێویستمان بە شۆڕشێکە کە بونیای میکانیکی کوانتۆمی بگۆڕێت، بەو شێوەیەی هەنوکە لەم تیورەیە دەگەین. ئەوکاتە تێدەگەین ئەو سەرە کوانتۆمی و ئەمسەرە کلاسیکیە لەڕاستیدا دوو سنووری یەک تیورەن کە هێشتا دیار نیە. مەبەست ئەوە نیە کە سەرێکیان بەستراوە بەسەرەکەی ترەوە، بەڵکوو هەردووکیان پێویستیان بەتێگەیشتنێکی تازە هەیە.
ر.ج: بەمشێوەیە ئێوە بەجۆرێک دەگەڕێنەوە بۆ هەڵوێستی یۆنانیەکان لەبەرامبەر گالیلۆی-نیۆتنی. ستیڤان هاڤکینگ دەڵێت راجر پنروز ئەفڵاتۆن گەرێکە کە بڕوای وایە دنیایەکی بێوێنە لەئایدیاکان (ئایدیا-مثل) هەیە، کە واقعی فیزیای بێوێنە پێناس دەکات. ئایا هاوڕان؟
ر.پ: دەبێت لەمجۆرە ڕادەڕبڕینانە خۆمان بپارێزین. بەڵام بەڵێ، بە رۆح هاوڕام. یەکێک لە هاوکارەکانم لەلەندەن مامۆستای فیزیایە، دەڵێت ئەمڕۆ تێگەیشتنی ئێمە بۆ فیزیا هاوشێوەیەی جیهانبینی ێۆنانیە. من لەگەڵ ئەم بۆچوونەدام، چونکە ێۆنانیەکان بیریان دەکردەوە کە یەک یاسا هەیە بەسەر زەویدا حوکمڕانی دەکات، و یاسایەکی دیش هەیە کە بەسەر ئاسمانەکاندا حوکمڕانی دەکات. فیزیای مۆدێرنیش هاوشێوەی ئەمەیە. یاساگەلێک هەن کە لە ئاستێکی بچوکدا کاردەکەن و یاساگەلێکیش هەن کە لەئاستێکی گەورەدا کار دەکەن. کەوابوو دیسان ڕووبەڕووی دۆخێکین کە واماندەزانی گالیلۆ و نیوتن ڕێزگاریان کردووین لێی. ئەم دووانە پیشانیان داین کە یاسگەلێک لە ئاستێکدا هەیە کە قابیلی کارپێکردنە لە ئاستێکی تریشدا. بەڵام ئەمڕۆ وەک ێۆنانیەکان زانیوومانە کە دوو شێوەی بینین بۆ دنیا هەیە.
ر.ج: بەڵام بە خوێندنەوەی بەرهەمەکانتان ئەو دەرئەنجامگیریە دەکرێت کە بڕواتان بە جیهانە ڕەهاکانی ئەفڵاتۆن هەیە کە ناوتان ناوە (جیهانی٣)- دیارە هیچ پەیوەندی بە (جیهانی سێی) کارل پۆپەرەوە نیە. پۆپەر لە ئەبستمۆلۆجیای خۆیدا لەبری جیهانی کلتوور، سوودی لەم زاراوەیە وەردەگرت؟
ر.پ: تەواو ڕاستە. بۆچوونی پۆپەر لەبارەی (جیهانی سێهەمەوە) لەگەڵ بۆچوونی من جیاوازە. وەک خۆت گووتت بۆ پۆپەر جیهانی سێهەم بریتیە لە جیهانی کلتوور کە لە زیهنەوە سەرچاوە دەگرێت، لەکاتێکدا من (جیهانی٣) زۆرتر وەک سێگۆشەیەک وێنا دەکەم. دیارە ئێمە لەڕێگەی عەقڵ و بیرکردنەوەی خۆمانەوە(بەدەربڕینی ئەفڵاتۆن) دەستمان بە جیهانی ئەفڵاتۆنی دەگات. بەڵام هەستدەکەم هەندێکجار خەڵک خاڵێک نادیدە دەگرن کە ئەگەر فیزیازانێک، ماتماتیکزان بێت، لاتان تەواو شتێکی بەدیهیە. فیزیا بەشێوەیەکی بێ ئەندازە بە ماتماتیکەوە بەستراوە. شتێک نیە بەسەر جیهاندا بیسەپێنین، بەڵکو شتێکە کە لەجیهاندا هەیە. بۆ من مانای نیە بڵێین جیهانی ماتماتیک درووستکروای ئێمەیە، چونکە جیهان زۆر پێش پەیدا بوونی مرۆڤ، بەپێی ماتماتیک کاری کردووە. کەوابوو وێنایەکی وا بێ مانایە و ناتوانین باسی ئەو بابەتە بکەین کە کاتێک مرۆڤ نەبوو، فیزیا چۆن بووە. هەرچی زیاتر سەیری دنیا بکەین، زۆرتر سەرنج لەوە دەدەین کە جیهان بەمشێوەیە نیە، مەبەستم ئەوەیە جیهان بەپێیی شێوەکانی ماتماتیکی زۆر ورد و ئاڵۆز کار دەکات.
ر.ج: کەوابوو بڕواتان وایە ماتماتیکزانان دەتوانن لەڕێگەی جیهانی ڕەهاکانی ئەفلاتۆنەوە لەگەڵ یەکدا پەیوەندی بکەن. وایە؟
ر.پ: دیارە، هەستدەکەم شتێکی هاوشێوەی ئەمەم لەکتێبی زیهنی تازەی ئیمپراتۆردا نووسیوە. بەڵێ بەمانایەک هەموو ماتمایکزانێک تێگەیشتنی تایبەتی خۆی بۆ جیهانی ئایدیا ماتماتیکیەکانە، و ئەگەر کەسێک بیەوێت ئەم تێگەیشتنە بۆ کەسێکی دی ڕوون بکاتەوە، وێنای ئالۆز دەگوێزێتەوە، کە ئەو کەسەی تر پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەل دەبەستێت. ئەم ڕەوتە هەمیشە دەبینین، تەنانەت کاتێک بۆ مناڵێکی روون دەکەنەوە کە ژمارەکان چین. بەمناڵ ناڵێن کە هەموو ژمارە جیاوازەکان چین. ناتوانن هەموو رێساکانی پێ بڵێن، چونکە لەبنەڕەتدا ناتوانن ئەم ڕێسایانە وەک ڕێسا پێشەکەش بکەن. مناڵ فێردەبێت لەگەڵ ژمارەکاندا یاری بکات، بێ ئەوەی ڕێساکان بزانێت.
ر.ج: دەگەین بە دوا بەشی گفتوگۆکە کە پەیوەندی هەیە بە ناوەڕۆکی لێکۆڵینەوەکانی کە لە کتێبە جیاوزەکانی وەک زیهنی تازەی ئیمپراتۆر، سێبەرەکانی زیهن، گەورە و بچوک و زیهنی مرۆڤ، پێشکەشتان کردووە. لەم سێ کتێبەدا باسی پەیوەندی زیهن و فیزیاتان کردووە. تێزی سەرەکی ئێوە ئەوەیە کە ڕەوتی بیرکردنەوەی ماتماتیکانە و کۆی ڕەفتاری ناخودهشیارانە، بە (شێوەکانی نا کۆمپیوتەری) ڕو دەدات، لەبەرئەوە ناتوانین بە کۆمپیوتەری بچوێنین؟
ر.پ: بەبڕوای من ئەو چەمکە سەرەکیەی من بەکاری دەهێنم و دەبێت جەختی لێبکەم، چەمکی (تێگەیشتنە). ئەمە یەکێک لە ئاشکراترین ئەو شتانەی کە مرۆڤ لە کۆمپیوتەر جیا دەکاتەوە. مەبەست ئەوەیە مرۆڤ توانای تێگەیشتنی هەیە، بەڵام بۆ وەسفی کارێک کە کۆمپیوتەر دەیکات، ئەم ووشەیە گونجاو نیە. کۆمپیوتەر ئەژماردن دەکات، و ئەو شتە دەکات کە پێی گووتراوە. بەڵام بۆ ئەوەی بزانیت ئەم ئەژمارکردنە چ مانایەکی هەیە، دەبێت خاوەنی شێوەیەکی تری بیرکردنەوە لەبارەی شتەکانەوە بن. لە ئەنجامدا من دەڵێم کە (تێگەیشتن) بەکورتی شتێکە کە کۆمپیوتەر نیەتی. هەندێکجار هەندێک کەس دەڵێن کۆمپیوتەرەکان ڕێژەیەکی هوشیاریان هەیە. بەڵام لەڕووی (تێگەیشتنەوە) من دەڵێم ڕادەی تێگەیشتنی کۆمپیوتەر سفرە. (تێگەیشتن) شتێکە کە ئێمەی مرۆڤ هەمانە. دیارە بە ڕادەیەکی زۆری ئەژمارکردن دەتوانێت تاسنوورێک تێگەیشتن قەرەبوو بکاتەوە، و زانستیش بەردوام وای کردووە، بەڵام توانا یان هێزی تێگەیشتن ناکرێت بەتەواوی بسڕێتەوە.
ر.ج: لە قسەکانتەوە وا دەردەکەوێت کە کۆمپیوتەرەکانی ئایندە، تەنانەت گەر بتوانن کارەکان ووردتر و خێراتر ئەنجام بدەن، دیسان ناتوانن تێبگەن کە چی دەکەن؟
ر:پ: ڕاستە. دیارە ئەم باسە تەنیا لەبارەی کۆمپیوتەرەکانەوەیە. ڕەنگە لە ئایندەدا هۆکار و ئامرازی تر پەیدابن کە سوود لەوە وەربگرن کە ئێمە دەیکەین.
ر.ج: مەبەستان ئەوەیە کە هۆکار و ئامرازی وا بێن کە بتوانن وەک مرۆڤەکان بتوانن هەڵسەنگاندنی ئەخلاقی یان ستاتیکی بکەن؟
ر.پ: دەشێت. بەڵام کۆمپیوتەر نابێت. دەبێت ئامرازێک بێت بەتێگەیشتن لە جیهان بەو شێوەیەی ئێمە تێیدەگەین، بتوانێت جێگەی مرۆڤ بگرێتەوە.
ر.ج: رۆبۆتێکی نیمچە مرۆیی؟
ر.پ: باشە. دیارە لەبارەی ئایندەیەکی زۆر دوورەوە قسە دەکەین. خۆمان هیچ لەبارەیەوە تێناگەین. دیارە من هیچ گومانێکم لێی نیە. گەر زانست بەپێی پێویست پێش بکەوێت و ئەگەر تێگەیشتنی ئێمە بۆ (خودهوشیاری) بە پێی پێوسیت پێشکەوێت، هۆیەک نابینم کە دواجار نەتوانین کارێک بکەین کە هەموو ئەو بنەما فیزیایانەی لە خۆماندا کۆمان کردۆتەوە، لەودا کۆ بکەینەوە. بەڵام هەنوکە نزیک نین لە دۆخێکی واوە.
ر.ج: کەوابوو بە بڕوای ئێوە مەسەلەی خودهوشیاری مرۆڤ شتێک نیە کە لەدەرەوەی دامێنی فزوڵەیەتی زانستی بێت.
ر:پ: نا نیە. بەڵام لەگەڵ ئەوەی زانست تا ئێستا خەرێکێتی، زۆر جیاوازە. زانست دەستدەکات بە حەل و فەسڵی مەسەلەی خودهوشیاری مرۆڤ. زۆر ناڕواتە پێشێ. بەڵام لانیکەم دەستدەکات بە تێگەیشتن لە خودهوشیاری مرۆڤ. کەوابوو (خودهوشیاری مرۆڤ) بەشێوەیەکی گشتی لە دەرەوەی دامێنی زانست نیە. بەڵام بێگومان لەدەرەوەی دامێنی زانستی ئەمڕۆیە. زانست دەبێت دیدێکی قوڵتر و فراوانتر بێت لەوەی هەنوکە هەیە.
ر.ج: ئێوە خۆتان بە زانایەکی خۆشبین دەزانن؟
ر.پ: زۆر دڵنیا نیم کە خۆشبین بم. چونکە لە دەروونمدا شتێک هەیە کە نیگەرانم دەکات لەوەی هەنوکە گووتم. هەندێکجار خەڵکی ووشەی (خۆشبین) بۆ کەسێک بەکار دەهێنن کە بۆ نموونە دەڵێن کۆمپیوتەر لەماوەی ٣٠ ساڵدا دەگاتە ئاستی مرۆڤ. بەبروای من خاڵێکی ئاگادارکردنەوە لەم بڕوایەدا هەیە. کەوابوو دڵنیا نیم کە (خۆشبین) بم. دیارە بڕوای تەواوم بەوە هەیە تەنانەت خودهوشیاری مرۆڤ کە هەنووکە نهێنیەکی تەواوە، دەتوانین لە ئایندەدا تێیبگەین. کەوابوو بڕوام بە پێشکەوتنی زانست هەیە. بێ ئەوەی زۆر خۆشبین بم.
ر.ج: زۆر سوپاستان دەکەم.
تۆرنتۆ، کەندا، ١٠ ئۆکتوبەری ١٩٩٧
* سەرچاوە:
رامین جهانبگلو: جهانی بودن: پانزە گفتگو با اندیشمندان امروز جهان-رامین جهانبگلو- تهران. نشر مرکز، چاپ دوم١٣٨٢