ئەمانۆئیل لیڤیناس؛ لەبیرکردنەوەی ئەوی دیەوە، بۆ بیرکردنەوە بەشێوەیەکی دی

Loading

و. ڕێبین هەردی

ئەمانۆئیل لیڤیناس فەیلەسوفێکە کە لەئێران نەناسراوە، و هیچ یەک لەبەرهەمەکانی تا هەنوکە بە فارسی وەرنەگێڕراوە. لیڤیناس فەیلەسوفێکە کەمتر لە میشل فۆکۆ، ژاک درێدا و ژان بۆدریار لە ئێران ناسراوە. بەڵام گومانی تیا نیە لیڤیناس  لە سەدەی بیستدا یەکێکە لە گرنگترین فەیلەسوفانی بواری ئەخلاق. لەئێران ئەوانەی زۆرتر گرنگیان بە لیڤیناس دەدا، زۆرتر ئەو ڕۆشنبیرانە بوون کە لە فەڕەنسا خوێندویانە، من خۆم شانازی ئاشنابوون و قوتابی بوونی لیڤیناسم هەبووە، و لە ساڵی ١٩٨٠دا کە لە گۆڤاری سپری دەست بەکاربوو،م زیاتر ئاشنای بووم، و هەلی دیداری دوبارە و گفتوگۆم لەگەڵیدا بۆ ڕەخسا. ژاک درێدا لە نووسینێکدا لەبارەی لیڤیناسەوە دەڵێت: ((من ئامادەم واژۆ لەسەر هەموو نووسینەکانی لیڤناس بکەم، چونکە هەموو خاڵە جۆراوجۆرەکانی بیرکردنەوەی ئەوم قەبوڵە)). ڕەنگە مەبەستی درێدا لەم قسەیە ئەوەبێت ئەو و لیڤیناس گەرچی بەدوو شێوەی جیاواز بیردەکەنەوە، بەڵام جیاوازی بنەڕەتیان لەگەڵ یەکدا نیە، بەتایبەتی کە هەر دووکیان لە قەبوڵکردن و بەرەوپێشبردنی نەریتی دیاردەناسی لەگەڵ یەکدا هاوبیر و هاوڕێگان. هەستدەکەم دەکرێت هەر لێرەوە خاڵی دەستپێکی باسی ئەمڕۆ لەبارەی لیڤیناسەوە دەست پێبکرێت، واتە کاریگەری دیاردەناسی هوسرلی و هایدگەری لەسەر بیرکردنەوەی لڤیناس و ئەو جیاوازیانەی بیرکردنەوەی فەلسەفەی ئەوان لەگەڵ دیدی ئەم بیریارە گرنگەی سەدەی بیستدا هەیانە.

کەسانێک کە ئاشنای سیمای لیڤیناسن، دەزانن ئەو لەساڵی ١٩٠٦ لە خێزانێکی یەهودی لە لیتوانیا لەدایک بوو، یەکەم بیرەوەریەکانی لە ژیاندا دەگەڕێتەوە بۆ مەرگی تۆلستۆی، جەنگی جیهانی یەکەم و شۆرشی ڕووسیا. ڕەنگە ئەم نزیکیەی لڤیناس لە کلتووری ڕووسیەوە بووبێتە هۆی ئەوەی پێش ئاشنابوونی بە تەورات و نووسینە فەلسەفیەکانی دینی یەهود، بە نووسینەکانی بیریارانی وەک تۆلستۆی، داستاڤیسکی و گۆگڵ ئاشنا بوو بێت. بێگومان ئەم هۆگریە بۆ فکر و فەلسەفە بوو کە لەساڵی ١٩٢٣دا بووە هۆی چوونی لیڤیناس بۆ زانکۆی ستراسبۆرگ. لڤیناس خۆی دواتر لەبارەی ئەمەوە گووتی: ((ستارسبۆرگ نزیکترین شاری فەڕەنسی بوو لە لیتوانیاوە، هەر لەبەرئەمە ئەوێم بۆ خوێندنی فەلسەفە هەڵبژارد)). ڕۆیشتنی لڤیناس بۆ زانکۆی ستراسبۆرگ دوو ئاسۆی تازەی بۆ ئەو کردەوە: سەرەتا ئاشنابوون بە فەلسەفەی برگسۆن و پاشان هاوڕێیەتی لەگەڵ مۆریس بلانشۆ کە ئاشنای کرد بە بەرهەمەکانی پرۆست و ڤالێری. هەرچەند لیڤیناس لەڕێگەی مامۆستایانی وەک مۆریس پرادین و شارل بلۆندلەوە ئاشنای فەلسەفەی فەڕەنسی و قوتابخانەی برگسۆن بوو، بەڵام هۆگری بۆ فەلسەفەی ئەڵمان بووە هۆی ئەوەی کە لە ساڵەکانی ١٩٢٨ و ١٩٢٩دا سەفەر بۆ ئەڵمانیا بکات، و بەشداری لە وانەکانی ئادمۆند هوسرلدا بکات. هەر لەم قۆناغەدا بوو لڤیناس نامەکەی(ریسالە) خۆی لەبارەی تیورەی ئیدرال لای هوسرلەوە نووسی و ئاشنای کتێبی بوون و زەمەن بوو. بێگومان پاش برگسۆن، هایدگەر زۆرترین کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەی لیڤیناس هەبووە. لە دیدی لیڤیناسەوە گرنگی برگسۆن لە خستنەڕووی چەمکی (پەرەسەندنی داهێنەرانە)یە و گرنگی هایدگەر لەوەدایە کە ئێمە هوشیار دەکاتەوە بەو پێگەیەی لە جیهاندا هەمانە. بەقسەی خودی لڤیناس ئاشنابوون بە فەلسەفەی هایدگەر شۆکێکی گەورە بوو کە ژیانێکی تازەی بە میتۆدی دیادرەناسی بەخشی، و لە لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی ئەبستمۆلۆجیاوە، گۆڕی بۆ شیکردنەوە لەبارەی هەبوونێتی ڕۆژانەی مرۆڤ لە جیهانی مۆدێرندا.

لڤیناس لەیەکەم بیریارانێکە کە بیرکردنەوەی هۆسرل و هایدگەری بە فەڕەنسیەکان ناسی. لە ساڵی ١٩٣٢دا کاتێک کۆمەڵناسی بەناوبانگ ڕیمۆن ئارۆن لەسەفەری ئەڵمانیا گەڕایەوە بۆ پاریس، و سارتەر و سیمۆن دۆبۆڤاری لەبوونی دیاردەناسی هوسرڵ ئاگادار کردەوە، ساڵێک بەسەر وەرگێڕانی تێڕامانە دیکارتیەکانی هوسرل بە فەڕەنسی لەلایەن ئیمانوێل لڤیناسەوە تێدەپەڕی، و دوو ساڵێک بوو لڤنیناس کتێبێکی لەژێر ناونیشانی ((تیورەی ئیدراک لە دیاردەناسی هوسرلدا)) بەچاپ گەیاندبوو. لەهەمان ساڵدا وتارێکی دی لەژێر ناونیشانی ((هایدگەر و ئەنتۆلۆجیا)) لەبارەی مارتین هایدگەرەوە نووسی. دەکرێت ڕادەی گرنگیدانی لڤیناس بە دیاردەناسی هایدگەر و هوسرل، لە ژمارەی نووسین و وەرگێڕانەکانیدا ببینین. ئەم گرنگیدانە بەدرێژای ژیانی لڤیناس لەگەڵیدا بوو، تائەو ڕادەیەی لڤیناس لە چاوپێکەوتنێکدا لە ساڵی ١٩٨١دا دەڵێت: ((من هێشتا لەڕووی میتۆدلۆجی و دیدی فەلسەفیەوە، خۆم بە دیاردەناسێک دەزانم)). لڤیناس لەهەمان چاوپێکەوتندا دەڵێت: ((دیاردەناسی جۆرێک بیرکردنەوەیە لەبارەی پرۆسەی هوشیاریبوونی مرۆڤ لەبارەی ژیانێکەوە کە تیایدا دەژی)).

لەڕاستیدا لڤیناس بە گووتنی ئەم قسەیە ئاماژە بۆ ئەو دیدەی هوسرل دەکات کە: ((دیادرەناسی گەڕانەوەیە بۆ خودی شتەکان)). ((گەڕانەوە بۆ خودی شتەکان)) واتە هەوڵدان بۆ درووستکردنی پەیوەندی بە جیهانی دەرەوەی سۆبژێکتەکان. هوسرل بڕوای بەوەیە هەر هوشیاریەک، هوشیاریە بە شتێک، و بە گشتی دەوری بیرکردنەوە ئەوەیە کە هوشیاربوون بێت بە شتێک. ئەمە بابەتێکە کە هوسرل ناوی دەنێت ((مەبەستداری هوشیاری)). بۆ لیڤیناس دۆزینەوەی فەلسەفەی هایدگەر و فەلسەفە ئەنتۆلۆجیەکەی، هەلێک بوو بۆ ئەوەی لە دیاردەناسی هوسرلی دوور بکەوێتەوە… لە دیدی لڤیناسەوە ئەخلاق بەمانای گرنگیدانە بە مافی ژیانی ئەوی دی، و ئەمەش لە ئەنتۆلۆجیاوە وەرنەگیراوە، چونکە مانایەکی هەیە لەسەروو بوونەوە. بۆ لڤیناس بە پێچەوانەی هایدگەرەوە (هەبوو) باڵاترە لە (هەبوون) و لڤیناس ئاماژە بۆ ئەو شتە دەکات کە پەیوەندی ئەخلاقی بەوی دیەوە (شتێکە جیا لە بوون)) و نەک ((بەشێک لە بوون)).

هەر لەبەرئەمە فەلسەفە لەدیدی لڤیناسەوە بوونناسی نیە، بەڵکو ئەخلاقە، چونکە لەدیدی لڤیناسەوە پەیوەندی نێوان زیهنی یان نێوان سۆبژێکت بە ((بوون لە جیهاندا)) دەست پێدەکات، تێگەشتن و دەرککردنی دیاردەناسیانەی ئەم ((بوون لە جیهانە)) تێگەیشتن و دەرکێکی ئەخلاقیە. کەوابوو سۆبژێکت ناتوانێت بەتەنیا بژی و مانای خۆی تەنیا بە بوون لە جیهاندا وەک سۆبژێکتێک یان تاکە کەسێک بەدەست ناهێنێت. کەوابوو ئەخلاق کاریگەری لە بوونناسی سروشتەوە وەرنەگرتووە. لای لیڤیناس ئەخلاق دژی سروشت و غەریزەکانی سبۆژێکت هەنگاو دەنێت، چونکە یەکەمێتی بە بوونێتی ئیرادەی سۆبژێکت دەدات. بە دەربڕینێکی دی دۆخی ئەخلاقی، دۆخێکی بان سروشتیە و ئەخلاقی بان بوونناسی، دەربڕی جۆرێکی نا بوونناسیە. لێرەوە دەکرێت فەلسەفەی لڤیناس بەجۆرێک ((ئەویدی ناسی)) ناوبنرێت، کە بە ئاراستەی پێچەوانەی ((خودناسی)) یان ((من ناسی))  مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاواوە ڕادەوەستێت. بەقسەی لڤیناس تەنانەت فەیلەسوفانی وەک هایدگەر کە ڕەخنەگری مێژووی میتافیزکیایە، و بەدوای پرسیاری بوونەوەیە، زیندانی ئەم (خودناسیە)یە، چونکە ((ئەوی دی)) دەخاتە ژێر دەسەڵاتی بوونەوە.

کەوابوو گەر یەکەمێتی بۆ ((ئەوی دیە))، ئەوە ((خود)) نیە کە خەبات دژی سیستەم دەکات، بەڵکو ((ئەوی دی))ە کە سەرچاوەی خەباتە دژ بە سیستەم. لەبەرئەوە ئەخلاقی لڤیناس بەپێچەوانەی ئەخلاقی کیرگجۆردەوە بنەمای خۆی لە دەسەڵاتدارێتی دینیدا نادۆزێتەوە، بەڵکو سەرچاوەی فەلسەفەی خۆی لەنێوان ڕووبەڕوو بوونەوەی سۆبژێکت و ئەوی دی بەدەست دێنێت. ئەو ئازادیەی لە ئەخلاقی لڤیناسدا جێگەی سەرنجە ئازادیەک نیە بە ئاسانی بەدەست بێت، و هەر لەبەرئەمەش لڤیناس باسی ((ئازادی ئەستەم)) دەهێنێتە پێشەوە. ئەم ئازادیە ئەستەمە بەمانای خەباتە دژی هەموو جۆرە ((چونیەکیەک))، چونیەکیەکی کە لە زمانیشدا بوونی هەیە و لڤیناسیش بێ سەرنجدان نیە لێی. لڤیناس بڕوای وایە لە زماندا ئاسۆیەکی ئازادی بوونی هەیە، واتە زمان دەتوانێت ڕاهێنانێکی ئەخلاقی بێت، بەو مەرجەی کە بەشێوەی ((گووتن)) و بە ((گوتراوو)) بخرێتە ڕوو. ئەوەی کە گووترا بۆ چونیەکیەک کورتکراوە و سەلمێنراو دەگۆڕێت، و بەڵام ئەوەی لە زماندا وەک گووتن وایە، کرانەوەیە بەرامبەر ئەوی دی، و ئاسۆیەکی ئازادی لەهەناویدا هەڵگرتووە. بە قسەی لڤیناس گووتن مەیدانی نەنووسراو و نەگووتراوە، لە کاتێکدا ((گوتراوو)) ئەو شتەیە کە بەشێوەی دەق یان ووشەی لێهاتووە. لەبەرئەوە ((گووتن)) بەپێچەوانەی ((گوتراوەوە)) سۆبژێکت ڕووبەڕووی ئەوی دیتیەکی بێکۆتای دەکاتەوە.

وەک گووترا دۆخی ئەخلاقی لە فەلسەفەی لڤیناسدا، دۆخێکی بان سروشتیە. لەم دۆخەدا سۆبژێکت بە ئایدیای خودا دەگات، چونکە خودا جیایە لە سروشت. لە دیدی لڤیناسەوە خودا (ئەوی دی بوونە). لە بیرکردنەوەی لڤیناسدا بۆ ئەوەی بەرەو خودا بچین، دەبێت بەرەو ئەوی دی بڕۆین. هەروەها لە دیدی لڤیناسدا خودا، خودای غائیبە، لەبەرئەوە بێسنوور و ناکۆتایە. ئەم غیابەی خودا بەمانای گرنگیپێنەدانی خودا بە ژیانی مرۆڤەکان نیە. خودای لڤیناس لەگەڵ مرۆڤەکاندا جیاوازە، بەڵام سەبارەت بەوان بێ گرنگیپێدان نیە. هەرلەبەرئەمە خودا لەدیدی لڤیناسەوە بواری ئایدیای بێکۆتایی ((دەرەکی بوونی ڕەهایە)). لڤیناس ئەم چەمکی ((دەرەکی بوونە)) لەبەرامبەر چەمکی ((تۆتاڵدا)) دادەنێت. ((دەرەکی بوون)) واتە دۆخێک کە تیایدا سۆبژێکتی ئەوی دی لە تۆتاڵ ڕاناوەستێت، بەڵکو لە بیرۆکەی بێکۆتایی ((ئەوی دی)) نزیک دەبێتەوە. لەبەرئەوە ((ئەوی دی)) واقعیەتێکە لە بێسنوورو باڵایە ((تراندنستاڵە). لەو شوێنەدا کە لڤیناس باسی بێکۆتایی دەکات، مەبەستی ئەو (ئەوی دی) ڕەهایە. ئەگەر ((ئەوی دی)) ناکۆتایە، لەبەرئەوەیە کە دەچێتە سەروو دەسەڵات و باڵادەستی سۆبژێکتەوە، ((چونکە ئەوی دی)) سەربەخۆ لە سۆبژێکت دەخرێتە ڕوو. لەبەرئەوە ((ئەوی دی)) لەهەموو جۆرە یەکسانی و چونیەکیەک ڕادەکات. ((ئەوی دی)) نە لەگەڵ ((منە)) و نە دژی ((من)). لەڕاستیدا ((ئەوی دی)) واقعیەتێکە کەلەبەرامبەر ((بوونی من)) دا دەوەستێت. لڤیناس لەبەرامبەر بوونناسی نەریتی ڕۆژئاوادا کە ((ئەوی دی)) کورتکردۆتەوە بۆ چونیەکی، بڕوای وایە بوونی سۆبژێکت پێویستی بە بووی ((ئەوی دی)) هەیە. کەوابوو وەک دەبینین ئەخلاقی لڤیناس بەرەو بیرۆکەی ((نەفرەت لە من)) (واتە ئەوەی باسکاڵ ناوی دەنێت) بەرەو خۆشەویستی بۆ ئەوی دی دەبات. کەوابوو وەک دەبینین عەشق لای لڤیناس دۆخی هوشیاری بەردەوام و پەیوەستبوونە بەوی دیەوە، واتە دۆخێک کە تیایدا هەستی بەرپرسیاری ئێمە هیچکاتێک ناخەوێت، و هەمیشە هوشیارە. کەوابوو لە هەقیقەتدا بەرپرسیاری ئەخلاقی بەرامبەر بەوی دی ئەرکێکی بەردەوام و دۆخێکی بێ خەوییە (ئەمە وشەیەکە خودی لڤیناس سوودی لێ وەردەگرێت). واتە جۆرێک دڵەڕاوکێ و نیگەرانی هەمیشەیی بۆ ((ئەوی دی))، کە وەک هەڵکەندران لە جێگەیەک دەردەکەوێت. ئەم شوێن داماڵێنە لەبەرئەوەیە ((ئەوی دی)) لە شوێنێکی جیاواز لە سۆبژێکت ڕاوەستاوە. ئێمە هەمیشە لەگەڕانداین بۆ ((ئەوی دی))، چونکە ((ئەوی دی)) لە شوێنێکی دیدایە. لڤیناس ئەم گەڕانە بۆ ((ئەوی دی)) وەک بەرپرسیاری ئەخلاقی تاوتوێ دەکات. منی ئەخلاقی لە دیدی لڤیناسەوە، سۆبژێکتێکە خاوەن بەرپرسیارێتیە بەرامبەر ((بەوی دی))، و ئەو ڕستە بەناوبانگەی ئالیوشا لە کتێبی برایانی کارامازۆف دوبارە دەکاتەوە: ((ئێمە هەموومان بەرپرسیاری ئەوانی دین و من زیاتر لەوانی دی بەرپرسیارم)). ئەمە بەمانای زۆرتر لەبیری ئەوی دی بوونە، تا لەبیری خۆ بوون. لڤیناس ئەم ناهاوسەنگیەی نێوان ((خود)) و ((ئەوی دی)) بە بنەمای فەلسەفەی ئەخلاق دەزانێت. بە دەربڕینێکی دی لە دیدی لڤیناسەوە بۆ ئەوەی ئەم ئەخلاقە مانا پەیدا بکات، سۆبژێکت دەبێت زۆرتر بەرپرسیاری ((ئەوی دی)) بێت، تا بەرپرسیار بەرامبەر بە خۆی، و ئەگەر بەرپرسیاری سۆبژێکت بە پلەی هوشیاری ئەلیوشا بگات، سۆبژێکت دەبێتە بەرپرسیاری هەموو جیهان. لە دیدی لڤیناسەوە سۆبژێکت بۆ ئەو کارەی ئەنجامی دەدات، بەرپرسیار نیە، بەڵکو پێش ئەنجامدانی هەر کارێک بەرپرسیارە. لڤیناس بڕوای وایە بۆ بەرپرسیاربوون، دەبێت بچیتە زەمەنی (ئەوی دی)ەوە، و لە زەمەنی ((خود)) دوور کەوێتەوە. کەوابوو ناکرێت لە ((زەمەنی خود))ا بۆستین و بەرپرسیار بین. بەرپرسیار بوون بەرامبەر بەوی دی تەنیا بەمانای وەڵامدانەوە بەوی دی نیە، بەڵکو جیابوونەوە لە دۆخێکی بوونناسیە کە تیایداین، واتە ئەو دۆخەی پاسکاڵ ناوی دەنێت (شوێنی من لە هەتاو)دا. پاسکاڵ دەڵێت :(( شوێنی من لە هەتاودا، ئەمە وێنەیەکە لە خاوەندارێتی جیهان)). لڤیناس بە پەیڕەویکردن لە باسکاڵ دەڵێت: ((من دەبێت شوێنی خۆم لە هەتاودا بخەمە بەردەست ئەوی دی، دەست لە خاوەندارێتی جیهان هەڵگرم)). هەرلەبەرئەمە لڤیناس بڕوای وایە بەرپرسیارێتی لەبەرامبەر ئەوی دیدا، دەستگەیشتنە بە چەمکی ((چاکە))، و ئەو ڕستە بەناوبانگەی ئەفڵاتۆن دوبارە دەکاتەوە کە ((بیرۆکەی چاکە سەروو بوونە)). ئەگەر بەرپرسیارێتی ئێمە بە بیرۆکەی ((چاکە)) دەگەیەنێت، لەبەرئەوەیە ئێمە دەتوانین جێگە پێی خودا لە سیمای ئەوی دیدا بدۆزینەوە. سیما یەکێکە لە چەمکە کلیلیەکانی فەلسەفەی لیڤیناس. کاتێک لڤیناس باسی سیما دەکات، مەبەستی یەک بابەت یان شتێک نیە، سیما بۆ لڤیناس بابەتی وێنەکێشان یان سینەما نیە. سیما بانگهێشتکردنێکە، چونکە سیمای ئەوی دی (( من بانگهێشت دەکات بۆ خۆی)). لەبەرئەوە فکرو بیرکردنەوە لەبەرامبەر سیمای ئەوی دیدا، دەکرێتەوە، واتە لەهەمووجۆرە تۆتاڵێک ڕزگاری دەبێت. لەبەرئەوە دەبێت پەیوەندیەکی دیداریمان لەگەڵ ئەوی دی هەبێت، و ئەم دیدارە بە سیمای ئەوی دیەوەیە کە درووستکەری بەرپرسیارێتیە لە مندا. لای لڤیناس لە سیمادا پیرۆزیەک هەیە کەئەرکێک بیری من دەخاتەوە، ئەو ئەرکەش هیچ نیە جگە لە لەپێش بوونی ئەوی دی بەسەر مندا. لەم ڕوبەڕووبونەوەی من لەگەڵ سیمایەکی دیدا، بەو ئەنجامە دەگەم کە ((من بۆ ئەوی دیم)) و ئەوی دی لەپێش منە. بوون بۆ ئەوی دی، واتە بەرپرسیار بوون لەبەرامبەر ئەودا، کەوابوو سیمای ئەوی دی بانگهێشتم دەکات بۆ گفتوگۆ، چونکە دەرکەوتنی سیمای ئەوی دی، دوورکەوتنەوەی توندوتیژیە، واتە یەکەم فەرمانێک کە دیدارکردن لەگەڵ سیمای ئەوی دیدا پێم دەبەخشێت، ئەوەیە (( تۆ ناکوژیت)).

لای لڤیناس بەرپرسیارێتی لەبەرامبەر ئەوی دیدا جۆرێک فیداکاریە بۆ ئەوی دی، بێ چاوەڕوانیکردنی پاداشت، چونکە دواجار ئەم فیداکاریە دیدارە لەگەڵ خوداوەند و گەیشتن بە بێکۆتایی. ئامادەبوونی من لەبەرامبەر سیمای ئەوی دیدا، جۆرێک دەرکەوتی خودایانەیە. من کاتێک دیدار لەگەڵ سیمای ئەوی دیدا دەکەم، لەڕێگەی چاوانیەوە، پەیوەندی لەگەڵ خودی ئەودا دەبەستم. لڤیناس ئەم دیدارە لەگەڵ خودی ئەوی دیدا بە ئاماژەکردن بۆ ڕۆمانی ژیان و چارەنووستی نوسەر ڤاسیلی گروسمان دەردەبڕێت. لڤیناس تابلۆیەکی ئەم ڕۆمانە دەهێنێتەوە کە تیایدا کەسانێک لە کۆڵانی لوبیانە لە مۆسکۆ لەبەرامبەر پەنجەرەیەکی بچوکدا ڕیزیان بەستووە، و ژنێک بەسەیرکردنی پشتی گەردنی کەسێک کە لەپێشیەوە ڕاوەستاوە، سەرنجی ئەو ترسە دەدات کە لەڕۆحی ئەو کەسەدا هەیە. ئەمەش جۆرێک دیدارە لەگەڵ خودی ئەوی دی، واتە دیدارێکە لەگەڵ نەناسراودا. ڕەنگە هەر لەبەرئەمە لڤیناس بە گەڕانەوە بۆ ڕووداوەکانی ئۆلیس لە کتێبی ئۆدیسەی هۆمەردا کە پاش بەسەرهاتەکانی دەگەڕێتەوە بۆ ئیتاکا، تەماشای مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوا وەک گەڕانەوەیەک بۆ چوونیەکی دەکات، کە لەدیدی لڤیناسەوە باڵادەستی سۆبژێکتە بەسەر ئەوی دیەوە. بەڵام لڤیناس لەبەرامبەر چیرۆکی ئۆلیس، چیرۆکی ئیبراهیم دەهێنێتەوە. ئیبراهیم لە دیدی لڤیناسەوە دیارە کە نیشتیمانی خۆی بەجێ دێڵێت، بەرەو نەناسراو دەڕوات. بە قسەی لڤیناس لە جیهاندا پاش ئاشڤێتز چەمکی مرۆڤایەتی کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە، و کەوتۆتە ناو توندوتیژیەوە، و ڕۆیشتن بەرەو ئەخلاقی (ئەوی دی بوون))، ڕۆیشتنە بەرەو نەناسراو. ئەم خەباتەی لڤیناس دەتوانێت بانگهێشتێک بێت بۆ ئاشتی و ناتوندوتیژی لە جیهانی ئەمڕۆدا، و هەروەها خەبات بۆ بیرکردنەوەیەکی دی. بیرکردنەوەیەکی دی لە بواری ئەخلاق و سیاسەتدا، بەڵام پێش هەموو شتێک بیرکردنەوەیەکی دی لەبواری بیرکردنەوەدا.

سەرچاوە:

رامین جهانبگلو: بین گذشتە و ایندە. تهران: نشر نی، ١٤٨٤

[1] – ۱. روزنامه همشهری، ٢٦ مهر ۱۳۸۲ (سخنرانی در تاریخ ۸۲/٥/۱۲ در دانشگاه امیرکبیر).

ناردن: