ئانی ئێرنۆ، نووسەری فەرەنسی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەب بۆ ساڵی ٢٠٢٢ وەردەگرێت
نووسەر ئانی ئێرنۆی تەمەن ٨٢ ساڵ لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە لەبواری نووسیندا چالاکە. لە ڕێگەی ڕۆمانی (ئەو ساڵانە)ی کە لە ساڵی ٢٠٠٨دا بڵاو کرایەوە زیاتر لەلای خوێنەرانی وڵاتی فەرەنسا دەرکەوت.
دەستەی دادوەرانی خەڵاتی نۆبڵ؛ لەوەدا ستایشی نووسەریان کرد، کە وردبینانە لە بواری مرۆیی و باری دەروونی کەسایەتییەکاندا قووڵ بووەتەوە، توانیویەتی ڕەگی نامۆبوون و سنووردارکردنی یادەوەری تاکەکەسی ئاشکرا بکات. بەتایبەتی لە ڕۆمانی (ئەو ساڵانە)ی دا کە ڕۆمانەکه ڕەگێکی یادەوەری هەیە. نووسەر لە چل ساڵی ڕابوردوودا زیاتر لە سی بەرهەمی ئەدەبیی چاپ کردووە، هەروەها جگە لە ڕۆمان، چەندیین شانۆگەری نووسیون.
بە گوتەی دەستەی دادوەرانی خەڵاتی نۆبڵ بێت؛ ئێرنۆ بڕوای بە توانای ڕەهای نووسین هەیە و چاوی خوێنەران بەڕووی نایەکسانی کۆمەڵایەتیدا دەکاتەوە، لەوانە نایەکسانی ڕەگەز و زمان و کێشهی چینی کۆمەڵایەتی. لیژنەی خەڵاتی نۆبڵ کارەکانی بە نووکی چەقۆیەکی تیژ دەچووێنێت، کە ئێرنۆ بۆ “ئاشکراکردنی ڕاستییەکان” بەکاری دەهێنێت.
ئانی ئێرنۆ حەڤدەیەمین ژنە کە خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەبی وەرگرتووە، ههروهها شازدهیهمین نووسهری فهرهنسسیه که ئهو خهڵاتهی پێ بڕابێت، کە لە ساڵی ١٩٠١ەوە دەبەخشرێت.
دەستەی دادوەرانی خەڵاتی نۆبڵ ڕای گەیاند، لیژنەی خەڵاتی نۆبڵ سەرەتا نەیانتوانیوە پەیوەندی بە ئێرنۆە بکەن، تاوەکوو هەواڵەکەی پێ ڕابگەیەنن. بەڵام دواتر ئەو نووسەرە وەڵامی دایەوە؛ کە بە “شەرەف و بەرپرسیارێتییەکی گەورە ” ناوی دەبات.
ئانی ئێرنۆ ساڵی ١٩٤٠ لە لیلبۆن لە دایک بووە، ڕۆمانسییەی خوێندووە، ساڵانێکی زۆر مامۆستا بووە. ساڵی ١٩٧٤ یەکەم جار ڕۆمانی بایۆگرافی (دۆڵابە بەتاڵەکان)ی بڵاو کردەوە. ساڵی ٢٠٠٨ لە فەرەنسا بۆ بەرهەمی (ئەو ساڵانه) سێ خەڵاتی وەرگرت.