ڕۆڵی ڕۆشنبیر-گفتوگۆ لەگەڵ رامین جهانبگلو
رامین جهانبگلو
لە فارسییەوە: ڕێبین هەردی
مەحمودی فروغی: گەر تەماشای سەدوپەنجا ساڵ پێشی ئێران بکەین، لەو خاڵە دەگەین کە لەکاتی جەنگی ئێران و ڕوسیادا بۆ یەکەمجار چەمکی مۆدێرنە بەهۆی بەرکەوتن بەجۆرێک مۆدێرنیزم لە زیهنی ڕۆشنبیری ئێرانیدا چەکەرەی کرد. لەم قۆناغە سەدوپەنجا ساڵەیەدا ئێمە بەردەوام لە ئالانگاریدا بووین لەگەڵ ڕۆژئاوادا کە ڕەنگە لە سەد وسی تا سەدوچل ساڵی، لە دەوری تەوەرەی مۆدێرنیزم سوڕابێتەوە، لە دوا دەیەدا شایەتی سەرهەڵدانی گوتارێکی تازە بووین لە بواری ڕۆشنبیری ئێرانیدا لەژێر ناوی پۆستمۆدێرندا. ئێستا با ئەو پرسیارە بکەین کە چۆن مۆدێرنیزم کەڵکەڵەی زیهنی نەوەی یەکەمی ڕۆشنبیرانی ئێرانی وەک عەباس میرزا و ئەمیر کەبیری وەک زنجیرەیەک لە رۆشنیبران داگیر کردووە. پرسیاری بنەڕەتیتر و سەرەکیتر ئەوە دەبێت بۆچی مۆدێرنیزم بۆ هەر نامۆدێرنێک دەبێت بە کەڵکەڵە، و چ ڕەوایەتیەک لەم مۆدێرنیزمدا هەیە کە هەموو نامۆدێرنێک ناچاردەکات، بیری لێبکاتەوە، وەک یەکەم پرسیار لە ئێوە دەمەوێت باسی ئەم نەوەیەی ڕۆشنبیرانی ئێرانی و نەوەکانی دوای ئەوان و ئامانج و بیرکردنەوە و ڕێبازەکانیان بکەیت؟
ڕامینی جهانبگلو: ئەو سەدوپەنجا ساڵەی باسی دەکەین زۆر ئاڵۆز و پڕ هەوراز ونشێو بووە. دیارە لەم قۆناغەدا جیاوازی زۆر لەناو نەوە جیاوازەکانی ڕۆشنبیراندا دەبینرێت. لەڕاستیدا جەنگی ئێران و ڕوسیا بۆ ئەرستۆکراتەکانی ئەو کاتە، و دوای بەدوای ئەوانیش بۆ خاوەن ڕا و کەسانێک کە سەروکاریان لەگەڵ سیاسەتدا هەبوو، وەک عەباس میزرا و ئەمیر کەبیر وەک شۆکێک بوو. ناوەڕۆکەکەشی تەنیا شکستێکی سەربازی نەبوو، بەڵکو جۆرێک ڕووبەڕووبونەوەی ئەنتۆلۆجیش بوو، بەمشێوەیە بۆ یەکەمجار ڕووبەڕووی گۆرانی ئێرانی نەک لە ڕوانگەی کلتووریەوە ، بەڵکو لە ڕوانگەی سیاسی و سەربازیەوە بوینەوە. لە ئەنجامدا ئەو نەوە ڕۆشنبیرە بیریان لەوە کردەوە وەڵامێک بۆ ئەو پرسیارە بدۆزنەوە کە بۆچی شکستیان هێناوە، و ئەگەربکرێت چارەسەرێکی ستراتیژی و سەربازی بۆ ئەم شکستە بدۆزنەوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە کەسانی وەک عەباس میرزا وەک ڕۆشنبیرانی ڕۆژئاوا بەدوای ڕێگە چارەی کلتوریەوە نەبوون، بەڵکو زۆرتر بەدوای بونیادنانەوەی سوپای ئێرانەوە بوون لەڕێگەی هێنانی ستراتیژی جەنگیەوە لە وڵاتانی هەندەرانەوە، وەک نەمسا و وەرگێڕانی چەندان کتێب لەبارەی لەشکر و لەشکرگریەوە بۆ ئێران. سەلمێنەری دەرئەنجامەکانی ئەم مەسەلەیە، قسەی یەکێک لە مامۆستاکانمە کە دەیگووت پەیوەندی بوارەکان وەک سەبەتەیەکی گیلاسە، کە کاتێک تۆ دەتەوێت دەنکە گیلاسێک لە سەبەتەکە هەڵگریت، هەموو ئەو گیلاسانەی دیشی لەگەڵدا دێن کە پێوەی نووساون.
ئەو ڕووداوانەی لەو ڕۆژانەدا بۆ ئێران ڕوویدا، هەر ئەمە بوو. کارزانە ئێرانیەکان لەو قۆناغەدا بڕیاریاندا ژمارەیەک کەسی وەک میرزا ساڵح ڕەوانەی ڕۆژئاوا بکەن، بۆ ئەوەی زۆرتر لە بوارەکانی تەکنۆلژیا و تەکنیکدا بخوێنن، و ئەنجامی ئەم خوێندنەش لە قاڵبێکی هونەریدا بهێننە ناو ئێرانەوە. ئەم نەوە نێرراوە بۆ ڕۆژئاوا، لەوێ ئاشنای کەلتور و شارستانێتی ڕۆژئاوا بوون، و دەرئەنجامی ئەم خاڵەش ئەوەبوو کە بۆ نموونە لە دڵی ئەم ڕووداوەوە یەکەم ڕۆژنامەی ئێران بڵاوکرایەوە، و ئەزموونی یەکەم کاردانەوەیان بەرامبەر نموونەکانی شارشتانێتی ڕۆژئاوا کرد. هەموو ئەم شتانە لەپاڵ یەکدا بوونە هۆی ئەوەی بۆ یەکەمجار بزوتنەوەیەکی ڕۆشنبیری لە ئێراندا سەرهەڵبدات، و لەپاڵ ئەرستۆکراتەکانی قاجاردا کە پرسی سەرەکیان کەڵکەڵەی سیاسی بوو، زۆرتریش بڕوایان وابوو دەبێت ریفۆرم لەسەرەوە بکەن، نەک لە خوارەوە. کەسانی وەک تاڵبۆف، ئاخونزادە، میرزا مەلکوم خان و…دێنە ئاراوە کە بیرکردنەوەیان ڕووی لە پرسی یاسایە، ئەوان تەنیا تەماشای دەستکەوتە سیاسیەکانی ڕۆژئاوایان نەدەکرد، بەڵکو سەیری دەستکەوتە کلتوریەکانی ڕۆژئاواشیان دەکرد. مەسەلەی ئەوان مەسەلەی ڕۆژئاوایی بوون بوو، ئەوەی چۆن دەکرێت ڕۆژئاوا بناسین یان چۆن دەکرێت ڕۆژئاوایی بین، کە دەرئەنجامی ئەم تێڕوانینەش شۆرشی مەشروتیەتە ((دەستوری)) بەهەموو دەستکەوتەکانیەوە، ئێمە هەرکات بمانەوێت سەرلەنوێ لە فەزای گشتی ئەم کۆمەڵگایەدا باسە سیاسیەکان بکەین، ناچار دەبین بگەڕینەوە بۆ ئەو قۆناغە. مەشروتە و دەستورەکەی بۆ ئێمە مۆدێلێکە کە هێشتا ئێرانیەکان لە چوارچێوەی نەچوونەتە دەرێ. قۆناغی دووهەمی ڕۆشنبیری، قۆناغی پەهلەوی یەکەمە. ئەم قوناغە خەسڵەتێکی تایبەتی هەیە، هەم دەستکەوتەکانی مەشروتەی لەگەڵە، و هەم تێکشکانەکانی. دەکرێت دەستەکەوتەکانی مەشروتە لە مرۆڤێکی وەک فروغیدا ببینرێت. ئەو سەرنجەی کەسێکی وەک فروغی لە یاسای مەشڕوتە، مۆنتیسیکۆ و جیاکردنەوەی هەر سێ دەسەڵاتی دادوەری و جێبەجێکاری و یاسادانان دەیدات، یان هەوڵدان بۆ سەرنجدان لە نەتەوە یەکگرتووەکان. لێرەوە ئەم قۆناغە هەڵگری چەندان ڕووداوی گرنگە، ئەم قۆناغە بە بەراورد بە قۆناغی پێشوو، شتێکی زیادەی هەیە، کە ئەویش ئەو ڕووداوە تازانەیە کە لەم قۆناغەدا ڕوودەدەن. یەکێک لەو ڕووداوانە شۆڕشی زۆر گرنگی ڕوسیایە. و گرنگترین خاڵیش ئەوەیە ڕۆشنبیران لە ڕابردوو زیاتر، گرنگی بە وەرگێڕان دەدەن، ئەزموونی تازە لەم بوارەدا تۆمار کرا. لەم قۆناغەدا کەسانی وەک ئارانی، عەلەوی، هیدایەت، جەمالزادە، کازمزادە ئیرانشەهر و…دەیانەوێت زیاتر ڕۆژئاوا لەڕێگەی وەرگێڕانەوە بە ئیرانیەکان بناسێنن. بە بڕوای من دەرئەنجامی پۆزەتیڤی ئەم قۆناغە کە هێشتا لەم قۆناغەشدا لەگەڵمانە، ئەو دەزگایانەن کە لە قۆناغی ڕەزاشادا درووستبوون، و من پەهلەوی یەکەم وەک سەرچاوە و دامەزرێنەری نابینم، بەڵکو دەستەبژێرەکان و ڕۆشنبیرانی ئەم داهێنانە مێژوویە، بە دامەزێنەرانی ئەم دەستکەوتە دەزانم. دەزگاکانی وەک فەرهەنگستان و زانکۆی تاران لەو دەزگایانەن کە بە هیمەتی کەسانی وەک فروغی و عەلی ئەکبەر داوەر و ئیسماعیل مەرئات درووستکران. نەوەی دووهەمی ڕۆشنبیرانی ئێرانییش لە ناوجەرگەی شکستێکەوە سەریان دەرهێنا. لەمانگی سپتەمبەری ساڵی ١٩٤١ و تێکشکانی ئەو قۆناغە بووە هۆی ئەوەی ڕۆشنبیران کەمێک بە بەدبینیەوە تەماشای دۆخی جیهانی بکەن و هەروەها بیرلەوە بکەنەوە کە نەیانتوانیووە لەوەدا سەرکەوتووبن بەشێک بن لە کادرانی دەوڵەت، وەک چۆن فروعی یان قوام وایان دەزانی دەتوانن. دیارە ئێمە هەمیشە لەم قۆناغێشدا ئاوارتنی وەک سادقی هیدایەتیشمان هەیە، کە هەمیشە خۆیان لە ڕوداوە سەرەکیەکان بەدوور گرتووە. بەڵام ئەمجۆرە لە ڕۆشنبیران لە کەمینەکانن. قۆناغی سێهەم قۆناغێکە کە کەسایەتی و پارادایمی و سەرەکیەکەی ئال ئەحمەدە، و هەر لەم ئاراستەیەدا کەسانی وەک شەریعەتی کە لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی و ڕۆژئاوایی کە تا ئەو قۆناغە هاتووە و قەبوڵکراوە، لە ململانێدان و لە هەوڵی ئەوەدان ئەڵتەرناتیڤی تازەی بۆ بدۆزنەوە، و تێزی گەڕانەوە بۆ خودا لای ئەوان گرنگیەکی تایبەتی هەیە، قۆناغێک کە زۆربە و تەنانەت بەشێکی دیاری خوێندەواران و زانکۆییەکان، دەکەونە ژێر کاریگەری مارکسیزمی ڕوسیەوە.
– مارکسیزم و بنەماکانی لە هەندێک لە کۆمەڵگاکاندا بووە هۆی گۆڕانکاری، بەڵام ئەم ڕووداوە چ لە ئێران و تەنانەت لە سۆڤیەتیش ئەنجامی نێگەتیڤی هەبوو، هۆکە دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵگاکان یان شێوەی تێگەیشتنی ئەوان بۆ مارکسیزم؟
– بەبڕوای من مارکسیزم لەهیچ وڵاتێکی دنیادا دەستکەوتی پۆزەتیڤی نەبووە و سروشتیە لە ئێرانشدا مارکسیزم نەتوانێت بە ئاماجێکی خوازراو بگات. جەخت لەسەر ئەو خاڵە دەکەمەوە ئەوان گرنگیان بە مارکسیزمی جۆری ڕووسی دەدا، نەک مارکسیزمی قوتابخانەی فرانفۆرت یان مارکسیزمی مارکس و ئەنگڵز.. ئەو مارکسیزمەی ئەوان دەیناسن لەڕێگەی چاپ و پەخشی پرۆگرس و حیزبی تودەوە ناسێنرا بوو. لەم ناوەدا کەسانێک کە بەشێوەیەکی زانستی لە مارکسیزم دەکۆڵینەوە و خودی بیرکردنەوەی مارکسیزمیانەیان شیدەکردەوە، کەسانی وەک حەمید عینایەت بوون کە بە ئاوارتن دادەنرێن. ئەم قۆناغە ڕۆشنبیریە قۆناغێکە کە ململانێ لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی و بەتایبەتی ڕۆژئاوا بە سوودوەرگرتن لە بزووتنەوەکانی دژی کلتووری ڕۆژئاوا بوون، زۆر بەهێزە. بۆ ئەم ڕۆشنبیرانە جەنگی ڤێتنام، شۆڕشی کوبا و گیڤارا گرنگ بوو، من ناوی ئەم گروپە لە ڕۆشنبیرم ناوە ڕۆشنبیرانی پارتیزان، واتە ڕۆشنبیرانێک کە پەیڕەوەی لە شێوازی پارتیزانی دەکەن. بەڵام کێشە ئەوەیە شێوازی پارتیزانی ناتوانێت لە بواری ڕۆشنبیریدا ڕێنمایەکی دروست بێت. هەروەک چۆن ئەم ڕۆشنبیرانە لەناو جەرگەی سپتەمبەری ١٩٤١وە سەریان دەرهێنا، دەرئەنجامی کارەکانیان بەهۆی شۆڕشی ئێرانەوە جێگیر کران. شۆڕشی ئێران لە قۆناغی یەکەمیدا زۆر نزیک بۆوە لە ئایدیا و ئەو قسانەی کە دەیانکرد: گەڕانەوە بۆ ڕەسانەیەتی، دژایەتی ڕۆژئاوا، جۆڕێک دژایەتی مۆدێرن و جەماوەرویبون، هەموو ئەمانە ئەو مەسەلانە بوون کە لە شۆرشی ئێراندا باس دەکران، کە ئەمانەش بەجۆرێک لە جۆرەکان بە ئامانجەکانی ئەم ڕۆشنبیرانە دەزانران.
– پرسیارێک کە لەبارەی نەوەی سێهەمەوە دەکرێت، ئەوەیە نەوەی سێهەم ڕەمزەکەی جەلال ئال ئەحمەد و غەربزەدەگیە. سەرچاوەی فکری ئال ئەحمەدیش کەسایەتی ئەحمەد فەردید بوو، بێگومان بەڕێزتان ئەحمەد فەردید باش دەناسن. پێشەکی کتێبی (لەژێر ئاسمانەکانی جیهاندا) بۆ ئەو کەسانەی خوێندویانەتەوە، لەبیر ناچێتەوە. لەو پێشەکیەدا ئێوە دەڵێن لەو دانیشتنانەی لە ماڵی باوکتاندا دەکرا و کەسانی وەک شایگان، فەردید…ئامادە دەبوون. فەردید بوو کە هەمووانی ڕەخنە دەکرد. فەردید وەک باوکی نەوەی سێهەمی ئێران لەژێر کاریگەری بزووتنەوەی هایدگەری و هایدگەری نوێی ڕۆژئاوادا، چەندان بابەتی لە زیهنی ڕۆشنبیراندا چاند کە کاریگەریەکانی بەرچاوە. لەو باسانەی زۆر خرانە ڕوو دژایەتی و ڕوبەڕووبوونەوە و ڕەخنەی تەکنەلۆژیایە، لە ڕۆژئاوا پاش چەند پرۆسەیەک و تێپەڕین لە چەند قۆناغێک، ئەوان بە قۆناغێک گەیشتن کە وەک هایدگەر دەڵێت، پرسیار لە تەکنەلۆژیایان هێنانەیە پێشەوە و جەوهەری کۆمەڵگای ڕۆژئاوایان خستە ژێر پرسیارەوە. ئێستا لە ئێران کە ئێمە هێشتا بە چەمکە بنەڕەتیەکانی مۆدێرنیزم نەگەیشتووین، و لە ململانێی و بەرکەووتنی توندیان لەگەڵ نەریتەکاندا، لە ئێرانێکدا کە توانای تەنانەت بوونی شەقام، دەزگا و سیستەمی بەڕێوەبردنمان بە کەمترین چۆنایەتی و چەندایەتی نەبووە، ئایا هێنانە ئارای ئەمجۆرە پرسیارە هایدگەریە لە فەزایەکدا کە لەبنەڕەتدا تەکنەلۆژیمان نەناسیووە و ئەزموون نەکردووە، شتێکی مەعقوولە؟ ئێستا پرسیارەکە لەبارەی ئەم پرسیارکەرەوەیە، ئەحمەد فەردید کێ بوو؟ چەند قوڵ بوو؟ سیستمە فکریەکەی چی بوو؟ زۆرێک لە ڕۆشنبیران وەک دکتۆر نەراقی کاتێک قسە لەبارەی فەردیدەوە دەکات، زۆر توڕە دەبێت و ڕەخنەی توندی ئاراستە دەکات، لە لایەکی دیەوە ژمارەیەک هەن تەماشای فەردید وەک ئەفسانەیەک دەکەن. ئەم ڕوانینە ناکۆک بەیەکانە لەبارەی فەردیدەوە هەیە، پرسیارەکە ئەوەیە ماهیەتی ڕاستەقینەی فەردید چیە؟
– من بڕوام وایە نابێت لەبارەی هیچ بیریارێکەوە بە توڕەییەوە قسە بکەیت، ئەوەی ڕۆژئاواییەکان پێی دەڵێن Fair play دەبێت لە ڕەفتاری مرۆڤدا دەرکەوێت، واتە لەبارەی مەسەلەکانەوە بەوشێوەیە قسە بکەین کە هەن. لەبەرئەوە ئەگەر لەبارەی دکتۆر فەریدەوە قسە بکەین، بەو ئەندازەیەی دەیناسم، باسی دەکەم. دکتۆر فەردید بە پلەی یەکەم فەیلەسوفێکی زارەکی بوو، هەمیشەش قسەکەردن لەبارەی فەیلەسوفەوە کێشەیە، چونکە کاتێک فەیلەسوف دەمرێت، جگە لە وتاربێژیەکان و قسەکانی کە لەگەڵ خەڵکی جیاواز و لەوانە خوێندکارانی کردوێتی، هیج بەجێ ناهێڵێت. لەبەرئەوە ئەستەمە ئاماژە بۆ نووسینەکانی وەک هەر شاعیر یان نوسەر و فەیلەسوفێکی تر بکەیت، وەک شیعرێکی سپەهری یان نووسینەکانی ئال ئەحمەد و بڵێت بۆ نموونە لەگەڵ ئەم بەشەدا نیم. دیدی من بۆ فەردید تەواو جیاوازە لەو دیدە گشتیەیەی خوێندکارانی فەردید لە گۆڤاری مەشرقدا پێی دەبەخشن. من ئەو فەردیدەی لە هەرزەکاریدا لەبیرمە بەهیچ شێوەیەکی فەردیدێکی موسڵمان نەبووە، و یان بەهیچ شێوەیەک فەریدێک نەبووە کە حەماسەتی بۆ ئیسلام هەبێت. گرنگرتین خاڵ ئەوەیە فەردید سیستەمێکی فەلسەفی هاوئاهەنگی نەبوو، شایگان وەک کەسێک کە تەمەنی لە من زیاترە و ئاشنای فەردید بوو و لە منیش باشتر دەیناسی، لەمڕوەوە هاوڕای منە کە فەردید مرۆڤێک بوو کە خاوەنی جۆرێک تێڕامانی قوڵ بوو. دەیتوانی لەناکاو لەبارەی چەندان بابەتەوە قسەی زۆر سەرنجڕاکێش بکات. بۆ نموونە دکتۆر فەردید لەبارەی هایدگەر و پەیوەندی بە حافزەوە قسەی زۆر سەرنجڕاکێشی دەکرد. ئەمە شتێکی سەرنجڕاکێشە، چونکە لەو سەردەمەدا ژمارەیەکی کەم هایدگەریان دەناسی. بۆ نموونە ئال ئەحمەد یەکێک لەوانە بوو کە هیچ هایدگەری نەخوێندبۆوە، و یەکێک لە ڕەخنەکانی منیش لە کەسانی وەک ئاڵ ئەحمەد و شەریعەتی ئەوەیە کە ناوی بیریارانێک دەهێنن، بەبێ ئەوەی ئەم ناو و بیریارانە بەشێوەیەکی دروست بە قوتابیەکانیان بناسێنن، و بیروڕاکانیان بۆ ئەو قوتابیانە ڕوون بکەنەوە. ئەمانە خۆیان بەرهەی ئەو بیریارانەیەن بە دروستی نەخوێندۆتەوە و تەنیا ناویان بیستوون، یان رەنگە کورتەیەکی چەند لاپەڕەییان لەبارەیانەوە خوێندبێتەوە، کە ئەمڕۆ دەتوانێت لە ئینتەرنێتیشدا بیاندۆزتیەوە. ناتوانرێت ئەمجۆرە ڕوانینە بە ڕوانینێکی پسپۆریانە بۆ ئەو کلتوور یان ئەو فەیلەسوفە بزانین، دیارە فەردید لەبارەی هایدگەرەوە کاری کردبوو، هەوڵیشی دابوو هاوتای فارسی بۆ هەندێک لە چەمکەکانی بدۆزێتەوە. ئەو کەسێک بوو کە دەرئەنجامەکانی مەشرقیەکان بوون و ئەمەش دەریدەخات ئەم مامۆستایە لە رووی فکریەوە چەند توشی سەرلێتێکچوون بووە.
من هەستدەکەم فەردید هاوئاهەنگی فکری و دروست و سیستماتیکی پێویستی نەبوو، بیرکردنەوەیەکی سەرنجڕاکێشی هەبوو، لەم بیرکردنەوە سەرنجڕاکێشەوە چەمکەکانی وەک سپاردنی مێژووی- غەربزەدەگی…دەچۆرا. ڕۆشنبیران و بیریارانی دی ئەم چەمکانەیان وەردەگرت و کاریان پێ دەکرد. وەک غەربزەدەگی ئال ئەحمەد. من و دکتۆر شایگان لەبارەی غەربزەگیەوە هاوڕاین، کە لە ڕاستیدا غەربزەگی، نەناسینی ڕۆژئاوایە، کاتێک کەسێک ڕۆژئاوا بناسێت، غەربزەدە نابێت، بەڵکو دەبێت بە ڕۆژئاواناس و لەڕاستیدا غەربزەدەی سەرەکی خودی ئال ئەحمەدە. چونکە لەبارەی کۆمەڵێک بابەتەوە قسە دەکات کەبە کەموکوڕی و نێوە ناچڵیەوە خوێندوێتیەو و تەنانەت بە نێوە ناچڵیش قسەیان لەبارەوە دەکات.
جگە لەمە ئال ئەحمەد ((غەربزەدەگی)) و ((لە خزمەت و خیانەتی ڕۆشنبیران))ی وەک مانیفێستێکی ئایدۆلۆژی دەنووسێت. ئەمرۆکە ئەم کتێبانە وەک مانیفێستێک دەخوێنرێنەوە، چونکە مانفێست ئاسان و بوون بە چەند کتێبی کۆن، واتە لەڕاستیدا لەنەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دی مێژووی مەسرەفکردیان تەواو دەبێت، و نەوەیەکی گەنجتر وەک نەوەی ئەمڕۆ چیدی نازانێت چی لە غەربزەدەگی بکات، چونکە مەسەلەکە بەتەواوی پێچەوانەی ئەم غەربزەدەگیەیە، و تەنانەت ڕۆشنبیرانی نەوەی چوارهەم کە ئیدی گەنجی نێوان ٢٠ یان ٢٥ ساڵ نین، کێشەکەیان کێشەی غەربزەدەگی نیە، ئەوانیش بۆ نموونە دەیانەوێت کتێب لەبارەی هایدگەرەوە بنووسن، یان کەسانی وەک ئەرنست یونگەر زۆرتر بناسێنن، ئەمڕۆ ئیدی پێویست نیە وەک ڕۆشنبیرێک تەنیا یەک ناو بهێنن، گاڵتەتان پێدەکەن و دەڵێن ئێمەش ئەم ناوانەمان بیستووە و لە ئینتەرنێتدا دەتوانین بابەتی باشتر لەسەر ئەم بابەتە بدۆزینەوە. ئەگەر ڕۆشنبیر بانگەشەی شتێک دەکات، دەبێت لەبارەی بابەتێکی وتاربێژی یان وتارەوە پسپۆریەکی هەبێت. ئەمە ئەو کێشانەیە کە ئێمە هەمانبووە.
– لە فەزای فکری-کلتووری ئێرانی دەیەی ٧٠ دا لەناو ناوەندە ڕۆشنبیریەکاندا بابەتێک هاتە پێشەوە بەناوی پۆستمۆدێرنەوە. باسی پۆستمۆدێرنیزم لە ئێراندا سیمایەکی دژبەیەکی وەرگرتووە. لەلایەکەوە کەسانێکمان هەن کە بەشێوەیەکی مەنهەجی ڕوبەڕووی دەبنەوە و بەشێوەیەکی جدی و ئەکادیمیانە پۆستۆمدێرن دەخوێننەوە، و دەیانەوێت لەم ڕێگەیەوە بە دیدێکی ڕەخنەگرانەوە تەماشای هەلومەرجی هەنوکە بکەن، لەلایەکی دیەوە کۆمەڵێک بیریاری نەریتگر دەبینین کە بۆ ڕەخنەگرتنی مۆدێرنیزم، ئامرازێکی باشتر لە پۆستمۆدێرن نادۆزنەوە. ئەمانە بانگەشەی گەڕانەوە بۆ نەریت دەکەن. ئەمانە ئەو کەسانەن زۆر بەرگری لەم باسە دەکەن، بەتایبەتی ئەو بەشانەی کە زۆرتر هایدگەرین. کەسانێکی دیش هەن کە تەنیا وەک مۆدێک تەماشای دەکەن. نەوەیەکی وەک دکتۆر تەباتەبائیش هەیە کە هەر مەسەلەی پۆستمۆدێرنیان لا گرنگ نیە. چونکە بڕوایان وایە تا پلەی یەکەممان نەبڕیوە، چۆن دەتوانین بە قۆناغی پۆستمۆدێرن بگەین. دکتۆر تەباتەبائی نموونەیەکی سەرنجڕاکێش دەهێنێتەوە و دەڵێت هێنانی وتەزایەکی فکری وەک هێنانی ئوتومبێلێک نیە، ئەگەر بمانەوێت ئوتومبیلێک بکڕین، عەقڵانیەت دەڵێت دەبێت باشترین جۆری بکڕین بۆ نمونە مارسیدس بنز، بەڵام هێنانی پۆستمۆدێرن وەک هێنانی کەلوپەلێکی ماڵەوە نیە کە بمانەوێت دوا مۆدێلی دەستکەوت و بەرهەمە فکریەکانی ڕۆژئاوا بەکار بهێنین. ئێمە دەبێت ڕەوتێکی لۆژیکی ببڕین و پرۆسەی مۆدێرنیسم بەجێ بهێڵین بۆ ئەوەی بەم قۆناغە بگەین. لەبەرئەوە بۆ ئێمە کە سەرقاڵی گواستنەوەیەن لە نەریتەوە بۆ مۆدێرنە، مەسەلەی پۆستمۆدێرنیزم هیچ بایەخێکی نیە. پرسیارەکە ئەوەیە لە دیدی ئێوەوە پاتۆلۆژی باسی پۆستمۆدێرنیزم لە ئێراندا چیە؟
– من لەگەڵ ئەو نموونەیەی جەواد تەباتەبائیدا هاوڕام و ڕەنگە زیاتر لەویش بڵێم کە تەنیا کڕینی مارسیدز بنز بەس نیە، بەڵکو دەبێت فێر بین چۆن سواری ئەم ئوتومبێلە دەبین. ئەگەر بەهەمان شێوەی سواری ئێستر دەبین، سواری ئەم ئوتۆمبێلە بین، ئەوا ئەوەی ئوتومبیلەکە بنز یان شۆفلێت یان ژیان بێت، جیاوازیەکی زۆری نیە، مەسەلەکە ئەوەیە کاتێک ئێوە ڕووبەڕووی ئامرازێکی تەکنەلۆژی دەبنەوە، دەبێت زانیاری سوودوەرگرتن لەو ئامرازەشت هەبێت، نەک ئەوەی ئەم ئامرازە بخەینە ناو جەرگەی ئاڵۆزیەکی کلتووریەوە، بۆ ئەوەی ماهیەتی خۆی لەدەست بدات. ئەمە ڕێک ئەو بەڵایەیە کە بەسەر ئەم باسەدا لە ئێران هاتووە. من ئەو خاڵە زۆر بەجدی دەڵێم .ئەگەر دەمانەوێت لەبارەی پۆستمۆدێرنیزمەوە کتێبێک بنووسین یان وەربگێڕین ، و پاشان لەلای هاوڕێ و هاوکارەکانمان پۆزی پێوە لێدەین، ئەوە ئەمە کارێکی زۆر هەڵەیە.
لەقۆناغی دووهەمی شۆڕشی ئێراندا کە قۆناغێکە چیدی کاریزمایی نیە، نەوەیەکی گەنجتر کە نەوەی چوارهەمی ڕۆشنبیرانی ئێران پێک دەهێنن، دەردەکەون، ئێستا بۆچی لەم دەیەیەدا مەسەلەی مۆدێرنە و پۆستمۆدێرنە دێتە پێشێ؟ دەکرێت هۆکەی بگەڕێنرێتەوە بۆ ئەو خاڵە کە ئەم ڕۆشنبیرانە لە بزووتنەوە یۆتۆپی و ئایدۆلۆژیەکان نائومێد بوون، دەگەڕێنەوە بۆ ئەم خاڵە کە بۆ یەکەمجار ڕۆژئاوا لە چوارچێوە و فەزای فەلسەفیدا دەیخەنە ڕوو، واتە مەسەلەی مۆدێرنە و پەیوەندی بە بواری نەریتەوە دەخەنە روو، لەلایەکی دیەوە جێگەی سەرنجە کە نەریتگەرانێک کە دەکرێت ناویان بنێن تازەگەرانی دینی، کەسانێکن لەنەریتی دینی دوور دەکەونەوە و لە هەمانکاتدا بەدوای ڕیفۆرمەوەن، ئەوانیش ئەم مەسەلانە ئەم پرسی پۆستۆدێرنەیان لەبەردەمدایە. کەوابوو دەرگای گفتوگۆ لە سەرەتاکانی ساڵەکانی ١٩٩١وە لە ئێراندا لەنێوان ڕۆشنبیرانی سکۆلار و ڕۆشنبیرانی دینیدا دەکرێتەوە. لەم ناوەدا پرسی پۆستمۆدێرنیزمیش بۆ زۆرێک لەوان دێتە پێشێ. ئەوەی ئەمان بۆ ئەم باسە ڕادەکێشێت ئەوەیە کە بە خۆیان دەڵێن گەر دەمانەوێت ڕۆژئاوا بناسین، دەبێت پۆستمۆدێرنیزم، دوا دەستکەوتی ڕۆژئاواش تاوتوێ بکەین و تێیبگەین. هەوڵی ئەوان بەو ئاراستەیەیە پۆستمۆدێرنیزم لەهەموو ڕەهەندە جیاوازەکانیەوە تاوتوێ بکەین و بە ئێرانیەکانی بناسێنن. ئەم مەسەلەیە ڕەهەندێکی هەیە کە من لەهەموو نووسین و گفتوگۆکانمدا دژی بووم، کە ئەویش ئەوەیە گەر ئێمە بەرەو ڕووی پۆستمۆدێرنیزم وەک مۆدەیەک بڕۆین و لەپەیوەندیدا بەم بابەتەوە واز لە ئامرازی ڕەخنە بهێنین، شتێکمان دەست ناکەوێت، ئەمەش ڕێک ئەو شتەیە کە لە گوتاری ڕۆشنبیری ئەمڕۆی ئێراندا ڕوو دەدات. زوربەی ئەوانەی گرنگیان بە پۆستمۆدێرنەکان و پۆستمۆدڕنیزم دەدەن، لەوانەن کە یا پلە فەلسەفیەکانیان بەدروستی نەخستۆتە ڕوو، یان خوازیاری بازدانن بەسەر مۆدێرنیزمدا. لەکاتێکدا ئەوانەی ئەم پلانەیان بڕیووە یان لە ڕۆژئاوا خوێندویانە و فەلسەفەیان بە شێوەیەکی ئەکادیمی خوێندووە، پۆستمۆدێرنە لە پەیوەندیدا بە مۆدێرنەوە دەخەنە ڕوو و یان ئەوەی دژی پۆستمۆدێرنیزمن و لەبنەڕەتدا ئەم مەسەلەیە لای ئەوان هیج گرنگ نیە .
ئەگەر گروپی یەکەم مەسەلەی پۆستمۆدێرن دەهێننە پێشێ لە چوارچێوەی مۆدێرنەدایە، واتە بەو شێوەیە کە پۆستۆمدێرن قۆناغێکی مێژووی تازە نیە. دیدێکی فەلسەفیە کەلەناو خودی مۆدێرنەدا درووست دەبێت، وەڵامێکە بۆ قەیرانەکانی مۆدێرنە، و ڕەخنەی عەقڵی مۆدێرن کە لە دوو بەرگدا ئامادەم کردووە، لەم ئاراستەیەدایە. چونکە بڕوام بەوەیە ناتوانینن مەسەلەی مۆدێرنیزم بەتەواوی بخەینە لاوە و بانگەشەی ئەوە بکەین کە ئێستا بووین بە پۆستمۆدێرن. یان بە دەربڕینێک بووین بە شاعیر، وێنەکێش، ڕۆژنامەنووس و وێنەگری پۆستمۆدێرن. بەبڕوای من ئەمانە کۆمەڵێک پاشگرن کە کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا بەرامبەر بەو بەریانە کە ناوم هێنان لەجێگەی خۆیدا نیە. ئێمە سەرەتا تێبگەین پەیوەندی پۆستمۆدێرنیزم بە مۆدێرنەوە چیە؟
– بەدەربرینێکی دی ئێوە پۆستمۆدێرنەکان زۆرتر بە دوا مۆدڕێنیستەکان (Late modern) دەزانن؟
– من بەرلەوەی بە دوا مۆدێرنستەکانیان بزانم، کەسانی وەک بۆردیار، فۆکۆ، ڤاتیمۆ…بە ڕەخنەگرانی مۆدێرنە دەزانم. ڕەخنەگرانێک لە عەقڵانیەتی مۆدێرنە و پرۆژەی مۆدێرنە، کە ئەگەر نەڵێین لە دیکارتەوە لانیکەم لە ڕۆشنگەریەوە تا ئێستا هەمانبووە. ئەوان بڕوایان وایە مۆدێرنیزم لەڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە دەرئەنجامی شوم و ترسناکی هەبووە. کەوابوو پرسیار لە مۆدێرنیزم، پێشگریمانەکانی و میکانیزمەکانی مۆدێرنیزم دەکەن. ئەمانە کە ئەم مەسەلەیە لە چوارچێوەی قاڵبی شارستانێتی خۆیاندا دەبینن، دەتوانن وەڵامی بۆ بدۆزنەوە. ئێمە ئەم ڕووداوانە نەژیاوین و زۆر دوورین لێوەی. ئاشفێتز و گۆلاگ شتێکە کە تەنیا لەکتێبەکانی مێژوودا خوێندومانتەوە، ئێمە وەک بۆ نموونە یەهودیەکی ئەوروپی بە پێست و ئێسقانی خۆمان هەستمان پێ نەکردووە.
خاڵی دووهەم ئەوەیە ئەوان بڕوایان وایە گەر ئەم شتانە لە چوارچێوەی مۆدێرنەدا ڕوویداوە، مەسەلەکە ئەوە نیە کە ئێوە لە مۆدێرنەوە بگەڕێنەوە بۆ نەریت، مەسەلەکە ئەوەیە لەو چوارچێوەیەدا کە هەن، جا چوارچێوەی سەدەی بیست بێت یان سەدەی بیستویەک، قەیرانەکان و ئالانگاریەکانی ئەو چوارچێوەیە دەخەنەڕوو، ئەوان وەک فەیلەسوف، کۆمەڵناس یان کەسێک کە دیدێکی ڕەخنەگرانەی هەیە، دیدێکی دروستیان هەیە و پێ دەخنە جێگەیەکی ڕاستەوە. چونکە بە دیدێکی ڕەخنەگرانەوە تەماشای مەسەلەکە دەکەن. ئێمە ئەم مەسەلەیەمان زۆرتر وەک مۆد هێناوەتە پێشەوە، نەک بەشێوەیەکی ڕەخنەگرانە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ درووست نەبوونی بیری ڕەخنەگرانە لە ئێران. ئێمە لە مۆدێرنەوە لەبری ئەوەی زۆرتر ڕەهەندە ڕەخنەگرانەکەیمان بەدەستهێنا بێت، لە چوارچێوەیەکی ئایدۆلۆژی و ئامرازیدا وەرمانگرتووە.
– لەو گفتوگۆیەکدا کە لەگەڵ ڕۆڕتی ئەنجامتاندا، لەوانە ئەو پرسیارانەی لە ڕۆڕتیتان کرد، ئەو خاڵە بوو کە ئایا ئێوە پۆستمۆدێرنن؟ وەڵامی ڕۆڕتی ئەوەبوو ئێوە پێناسی پۆستمۆدێرنم بۆ بکەن، بۆ ئەوەی پێتان بڵێم پۆستمۆدێرنم یان نا. دیارە ئەم وەڵامە ئەوە دەردەخات کە پۆستمۆدێرنزم بەشێوەیەکیس ەرەکی کێشەی پێناسی هەیە، و ڕەنگە ئەمەش لەبەر ماهیەتی خەسڵەتی دژ بە پێناس و سنوورشکێنی پۆستمۆدێرن بێت؟
– بەڵێ. تەنانەت هەر لەم کتێبەی ڕەخنەی عەقڵی مۆدێرنیش لەو گفتوگۆیەدا کە لەگەڵ ژان فڕانسوا لیوتار کردم کە دامەزرێنەری باسی پۆستمۆدێرنە، دەڵێت پیاچوونەوەم بەو قسانەدا کردووە کە کردوومن و ئەو کتێبانەی نووسیومن. واتە لەبارەی ئەو بابەت و چەمکانەوە سەرلەنوێ بیرم کردۆتەوە، ئامادەکردنی ڕەخنەی عەقڵی مۆدێرن لەبەر ئەو خاڵە بوو کە گووتم ئێمە لە ئێران گەر پێنج سەدە لەدواوە نەبین، پەنجا ساڵ لە دواوەین. چونکە ئەو ڕووداو و چیرۆکانەی لە ڕۆژئاوا روودەدات، زۆر درەنگ بە ئێمە دەگات. بۆ نموونە کتێبێک کە لە دەیەی حەفتادا نووسراوە، پاش سی و چەند ساڵێک بۆ فارسی وەرگێڕاوە، لەکاتێکدا ڕەنگە هەر ئەو باسە لای خودی نووسەرەکە کۆن بوو بێت و شێوەیەکی تری وەرگرتبێت، کە ئەگەر هەنوکە لەگەڵ یەکێک لەو بیریارانە قسە بکەین، دەبینی کە گۆڕان بەسەر بیرکردنەوەیدا هاتووە. بۆ نموونە من دانیشتنێکم لەگەڵ ڤاتیمۆ لە ڕێو هەبوو و قسەم لەگەلدا کرد. ئەو کەسێکە لە حیزبی چەپی ڕادیکاڵ هاتۆتە دەرەوە، کەسێکی وا گرنگی بە مەسیحیەت و پیرۆزی دەدات. لەم بوارەدا کتێب دەنووسێت. لەسەر بناغەی ئەو شتانەی گووتم پەیوەندی ئێمە بە پۆستمۆدێرنەوە پەیوەندیەکی کەموکوڕ و نیوە بە نیوەیە. بەدەربڕینێک پەیوندی فەلسەفی و نێوان زیهنی لەناو ئێمەدا درووست نەبووە، چونکە ڕۆژئاوا هوشیارانە پۆستمۆدێرنیزمی لە بوارەکانی تەلارسازی و هونەرو بەتایبەتی فەلسەفەدا خستۆتەڕوو. بیریارانی وەک درێدا، فۆکۆ، بۆدریارو…قۆناغەکانی فەلسەفەی مۆدێرنیان بڕییووە و پلە بە پلە بەرەو پۆستۆدێرنیزم جوڵاوون. مەگەر مەسەلەکە ئەوە نیە کەسێکی وەک فۆکۆ لەبارەی ڕۆشنگەری و کانتەوە وتاری هەیە، واتە کەسێکە کە خوێندنەوەی بۆ کانت کردووە، بیرکردنەوەکانی کانتی بۆ گرنگە و ئەو مەسەلانەی کانت وەک لوتکەی مۆدێرنە دیاری دەکات، لای گرنگە. زۆرێک لە بیریارانی بەناو لوتکەی پۆستمۆدێرن خوێندنەوەی جدیان بۆ مارکس و هیگڵ هەبووە. ئەم خاڵە دەرخەری گرنگی ڕەوتی چوارچێوەی مێژووییە لە بیرکردنەوەی ڕۆژئاوادا. لەم هەلومەرجەدا ئێمە ناتوانین بە بێ گرنگیدان بە کانت و خوێندنەوەی بەرهەمەکانی، کانت تێپەڕێنین. ئەم بابەتە لەبارەی هەموو بیریاراکان و سەرجەم ڕەوتی فەلسەفەی ڕۆژئاواوە ڕاستە.
من دژی ئەزموونی باسەکانی پۆستمدێرن لەبواری نووسین و وەرگێڕاندا لە ئێراندا نیم. بەڵکو کێشەم لەگەڵ گۆڕینی ئەم باسانەدایە بۆ سیستەمێکی ئایدۆلۆژی.
– ڕۆشنبیرانی نەوەی چوارهەم بڕوایان وایە لەفەزای فکری-کلتووری هاوچەرخی ئێراندا درزێک درووست بووە و هەوڵی ئەوان بۆ پڕکردنەوەی ئەم درزەیە، و بەم ئاراستەیە ناوەڕۆکەکانی پۆستمۆدێرنیان هێنایە ناو گوتاری دەیەی دوای ئێرانەوە. ئەم نەوەیە لە ڕۆشنبیران، سەرنجیان لە دەرەوە بۆ ناوەوەیە. من هەستدەکەم کەسانی وەک فروغی یان داوەر لەبەرئەوەی لەبواری پراکتیکیدا چالاک بوون و لە ستونەکانی دەوڵەت بون، سەیرکردنیان لە ناوەوە بۆ دەرەوە بوو. ئێستا پرسیارکە ئەوەیە ڕۆشنبیرانی نەوەی چوارهەم باسی پۆستمۆدێرنیان بۆ پڕکردنەوەی چ دابڕانێک ڕێگە پێداوە و بەم دیدە لە دەرەوە بۆ ناوەوە چەند لەم ڕێگەیدا سەرکەوتوو بوون؟
– ڕۆشنبیرانی نەوەی چوارهەم سەرقاڵی مەسەلەی نەریت و مۆدێرنەن، و بە هێنانی باسی پۆستمۆدێرن بەدوای ڕیفۆرمی هیچ دابڕانێکەوە نین. هەوڵی ئەوان بەو ئاراستەیەیە کە لە سەردەمی خۆیان دوا نەکەون، هاوچەرخی زەمەنی خۆیان بن. لەڕاستیدا کەڵکەڵەی سەرەکی ئەم ڕۆشنبیرانە، ئەوەیە کوڕی سەردەمی خۆیان بن. لەم ناوەدا سەرنجی ئەوان بۆ ئەم مەسەلەیە ناچاریە کە کۆمەڵگای ئێرانی کۆمەڵگایەکە لە ڕووی فکری، خێرایی و تەکنەلۆژیاوە هاوتای ڕۆژئاوا و سەدەی بیست و یەک بەرەوپێش ناچێت. ئەوان دەبوو ئەوە ڕەچاو بکەن کە بۆ نموونە کاتێک باسی کەسێکی وەک دڕێدا یان تەلارسازێکی وەک ئایزنمان دەکرێت، بۆ تەلارسازێکی ئێرانی کە زەوی خەڵک دەکڕێت و چل یەکەی نیشتەجێبوونی لەسەر درووست دەکات، و یان بۆ کەسێک کە پلە فەلسەفیەکانی نەبڕیووە، گرنگی نیە. ئەوان توانای ئەوەیان نیە بەهەمان خێرایی و بیرکردنەوەوە پێ بەپێ بەرەوپێشەوە برۆن. لێرەدا بۆشاییەکی گەورە هەیە، ئێمە ناتوانین بەسەر ئەو بۆشاییە گەوەرەیەدا بازدەین کە لە جیهانی مۆدێرن جیامان دەکاتەوە. ئێمە ناچارین ئەم ڕەگەیە ببڕین. دیارە پێویست ناکات ئێمە ئەم ڕێگەیە بە پێنچ سەد ساڵ ببڕین، بەڵام ئەوە ناچاریە کە دەبێت ئەم ڕێگەیە ببڕین. ئەو کارانەی کەسانی وەک فروغی ئەنجامیان دەدا، کاری زۆر گەورە و زۆر گرنگ بوون بۆ بەدەزگاییکردنی ئەم وڵاتە، و ئەم بەدەزگایبوونەش تەنیا دەستکەوتێکە کە لەسەرجەم قۆناغە ڕۆشنبیریەکانی ڕابردوەوە بۆمان بەجێماوە. بۆ نموونە زانکۆ یەکێکە لەم دەزگایانە. ئامانجی دامەزراندنی زانکۆ مرۆڤسازیە، واتە مانای ئەوەیە لەوێ مرۆڤی خاوەن کلتوور پەروەردە بکرێت. کەسانی وەک فروغی بیریان لەم مەسەلانە دەکردەوە. کاتێک فروغی فەرهەنگستان دادەمەزرێنێت، مەسەلەکەی زمانی فارسیە، بەمانای واقعی بەهەموو ئەو ئالانگاریانەوە کە چاوەڕوانی زمانی فارسی دەکات، ئەو ئالانگاریانەی لە زمانی فەڕەنسی، ئینگلیزی، عەرەبیەوە لە زمانی فارسیدا درووستبووە، و یان ئەو کێشانەی لەبواری وەرگێڕاندا دێتە پێشێ. ئەم مەسەلانە تا هەنوکەش ماونەتەوە و ئێمە هێشتا گیرۆدەی ئەم مەسەلانەین و بەشێک لەم کەموکوڕیە دەگەڕێتەوە بۆ گرنگینەدانمان بە مەسەلەی بەدەزگایی بوون. لەبەرئەوە سەرلەنوێ دوبارەی دەکەمەوە کە من دژی ئەوە نیم لەکتێب فرۆشیەکانماندا نووسین یان وەرگێڕانی بەرهەمەکانی بیریارانی پۆستمۆدێرنمان هەبێت، بەڵام دژی ئەوەم ئەم مەسەلەیە بە سەرەکیترین مەسەلەی بواری بیرکردنەوە لە ئێراندا دابنرێت، کۆمەڵگایەک کە بە توندی سەرقاڵی بەرکەوتنی توندی مۆدێرنە و نەریتە.
بەبڕوای من ئەمجۆرە هەڵوێستە خۆ لادانە لە پرسەکان. کۆمەڵگای ئێرانی کۆمەڵگایەکە سەرقاڵە بە ئالانگاری توندی نەریت لەگەڵ مۆدێرنیزمدا. ئەم مەسەلانە بەشێوەیەکی ناهوشیارانە دەورمان دەدەن. هەرئەوەندە بەسە کاتێک دەچینە ناو یەکێک لە شەقامەکانی تارانەوە سەرنج بدەین. بەباشی بۆمان دەردەکەوێت ئەو مەسەلانەی پێوەی سەرقاڵین، مەسەلەکانی پۆستمۆدێرن نین. کەوابوو پۆستمۆدێرن لانیکەم لەبواری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا مەسەلە و دڵەراوکێیی ئێمە نیە، ئەوەی ترافیک تێکچووە یان ئەوەی هەموو شتێک لە ئێراندا ناڕێکخڕاو و بێ ڕێکخستنە، نابێتە بەهانە بۆ ئەوەی ببین بە پۆستمۆدێرن، چونکە هەندێک کەس ئەم ناڕێکخراوی و لێکدابڕان و بێ ڕێکخستنیە وەک ئاماژە بۆ پۆستمۆدێرن بوونمان دادەنێن. ئەم ناڕێکخراویە بەهیج شێوەیەک ئاماژەی پۆستمۆدێرنزم نیە، بەڵکو نیشانەیەکی دواکەوتوویی و بێ بەرنامەیی ئێمەیە. دۆخێک کە ئێمە دیدێکی نێگەتیڤمان بۆی هەیە. کلتوورێک کە لەڕۆژئاوادا هەیە بە بیرکردنەوەوە بەرەو پۆستمۆدێرنیزم ڕۆیشتووە. پۆستمۆدێرنەکان لەهونەر، تەلارسازی و سینەمادا سەیری کارەکانیان بەشێوەیەکی نێگەتیڤ ناکەن، شێوەی دید و کارکردنیان پۆزەتیڤە. کێشەکانی ئێمە جۆرێکی ترە. ئێمە گیرودەی کۆمەڵێک کێشەیەن کە دەبێت چارەسەریان بکەین.
– هەستدەکەم جیاوازیەکی سەرەکی لەنێوان ئێران و ڕۆژئاوادا هەیە، لە ڕۆژئاوادا بەباوەڕەوە بەرەو پێشکەوتن، گەشەکردن و مۆدێرنە ڕۆیشتون، بەڵام لە ئێران پاش شکان، واتە ئێران و ڕووس ، مەشروتە و ٢٥ی هەشت. خاتوو مۆنیکا ڕینگەر لەم دواییەدا باسێکی لە کتێبی سەردەمی قاجارەکاندا لەبارەی مێژووی ڕیفۆرمی پەروەردەوە پێشکەش کردووە، من هەستدەکەم یەکێک لە مەسەلەکانی ئەمرۆ لە پرۆژەی گەشەکردن و تازەگەری و مۆدێرنیزمدا پێوەی سەرقاڵین، باسی فێرکاری و پەروەردەیە. ئەگەر ئێمە لە ئێراندا بمانتوانیایە باسی فێرکاری و پەروەردە بەشێوەیەکی قوڵتر پەیڕەوی بکەین، بۆ نموونە وەک درووستکردنی دەزگای وەک خانەی هونەرەکان، ئایا هەستدەکەن بە پەرەسەندنی فێرکاری و پەروەردە و دەستەبژێرگەری، سەرکەوتنێکی زۆرترمان چ لەبواری بونیادنانەوەی ناوخۆ و چ لەشانۆی نێودەوڵەتیدا بەدەست بهێنایە؟
– نەخێر، لەبەرئەوەی ڕەوتی دەستەبژێرگەری لە وڵاتی ئێمەدا هێشتا هەیە. لە قۆناغەکانی پێشوودا بە دوو شێوەیە ئەم ڕەوتە فۆرمەلە بووە، لە شێوەیەکیاندا بەشێوەەکی واقعی و ڕەسەن خرایە روو کە دەرئەنجامەکەی کەسانی وەک محەمەد عەلی فروغی و تەقیزادەن، و شێوەی دوهەمیش بەشێوەیەکی تەسەنوعی و ناڕەسەن کە تا هەنوکەش ئێمە لە ئێراندا لە قاڵبی دیبلۆم پەرستانی بێ ڕەگوڕێشەدا هەمانە. لە ئێراندا باسی فێركاری و پەروەردە، ڕەگوڕیشەی کۆنتری هەبوو، کەسانی وەک ئەمیرکەبیر یان محەمەد عەلی فروغی هوشیاربوون بەم مەسەلەیە و لەم بوارەشدا چەندان هەوڵی جێگەی سەرنجیان دا. لە ئێراندا بەهۆی زیاد لە هۆیەکەوە ئەم دیدە لە ڕەوتی مێژوودا فەرامۆش کراوە، و گرنگی ئەم مەسەلەیە کەمتر تیشکی خراوەتە سەر. لەگەڵ ئەوەشدا سیمای دەستەبژێرگەری لە ئێراندا ڕووی نێگەتیڤیشی هەیە، بەڵام دەبوو ئەم دەزگایانە لە ئێراندا بونیاد بنێین، بۆ ئەوەی دەستەبژێرە چالاک و ڕۆشنبیرە کاریگەرەکان تیایدا پێبگەن.
– لە یەک و نیو دەیەی دوایدا ڕەوتێکی تازە لە فەزای فکری ئێراندا سەریهەڵدا لەژێر ناونیشانی ڕۆشنبیری دینی، کە ڕەمزەکانی کەسانی وەک دکتۆر سروش و موجتەهد شبستەرین. ئەمانە هەوڵدەدەن بە سوودوەرگرتن لە کۆمەڵێک سەرچاوەی وەک نەریتی ئێرانی، فەلسەفەی مۆدێرن، هێرمۆنتیک و..تەفسیر و ڕاڤەی تازە بۆ کتێبی پیرۆز و دین پێشکەش بکەن، و بەجۆرێک لە جۆرەکان دینی نەریتی لەگەڵ پێگە و کەڵکەڵە و مرۆڤی مۆدێرندا بگونجێنێت. ئێوە ئەم ڕەوتە تا چ ئاستێک قوڵ، شایەنی تێبینیکردن و بەسەرکەوتوو دەزانن. لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەم ڕەوتە لە وڵاتە ڕۆژئاییەکانیشدا هەبووە. هەستدەکەن ئەم ڕاڤەکردنە تازەیە بۆ دین و نەریت. دەتوانرێت لە ئاستی جیهانیدا پێشکەش بکرێت، یان نموونەیەکی تایبەت بە ئێرانە؟
– من بەردەوام ئەوەم گووتوە کە کێشەم لەگەڵ چەمکی ڕۆشنبیری دینیدا هەیە. من ئەم باسەم لەگەڵ دکتۆر سروش و دکتۆر کەدیوەردا کردووە. ئەوان لەگەڵ ئەم دیدەدا نین. نوێگەرێکی دینی بەدوای شێواز و بیرکردنەوەی تازەوەیە، بەڵام دەبێت ڕۆشنبیری بۆ خۆی بەجێبهێلێت، لەبەرئەوەی ڕۆشنبیر خاوەن دیدێکی ڕەخنەییە. ڕۆشنبیر کەسێکە بۆ هەقیقەت و لە هەقیقەتدا دەژی، نەک بۆ هیچ سیستەم یان ئایدۆلۆژیایەکی تر. ڕۆشنبیر مرۆڤێکی ئازادە کە لەهیچ هەلومەرجێکدا ناتوانێت خۆی بۆستێنێت. ئەو ناتوانێت بە خۆی بڵێت ئەمە کۆتایی ڕێگەیە و من هەقیقەتی ڕەهام دۆزیەوەتەوە، و لێرە بەدواوە پێویستم بە زانین و تێگەیشتن نیە. لە دیدی منەوە ئەم وتوێژانەی لەبارەی تازەگەری دینیەوە لە ئێراندا هاتۆتە ئاراوە، ئایندەیەکی ئەوتۆی لە گوتاری ڕۆشنبیریدا نیە، چونکە کاتێک من لەگەڵ نەوەیەکی گەنجتردا قسەدەکەم، ئەوە دەبینم کە ئارەزووی ئەوان ڕووی لە باسە تازەکانی ڕۆژئاوایە. بەردەوام باسی دین و پیرۆزی لەهەموو کۆمەڵگاکاندا و لەسەرجەم شارستانێتیەکاندا هەیە. لە سەدەی بیستدا ڕووداو و بزوتنەوەی دیمان لە بواری ڕۆشنبیریدا هەیە، وەک بوونگەری کە بۆ نموونە دین و پیرۆزی یەکێک لە پایەکانێتی، و فەلسەفەکانی وەک گابریل مارسل و یاسپرس بۆ نموونە مەسەلەی مەسیحیەت بە شایەنی گرنگیپێدان دەزانن، بەڵام خۆیان وەک فەیلەسوف یان ڕۆشنبیری دینی پێشکەش ناکەن.
– بەدەربڕینێک باسی تازەگەری دینی تەنیا لە چوارچێوەی و فەزایەکی دیارییکراودا توانای خۆ بونیادنانەوەی هەیە، و بەڵام ئەو ئازایەتی و ئازادیەی ڕۆشنبیری لە ڕەخنە و بونیادنانەوەی پایە فکریەکانی خۆیدا نیە، ئایا مەسەلەکە بەمشێوەیەیە؟
– ڕێک قسەی منیش ئەمەیە. مەسەلەی ئەمڕۆی ئێران مەسەلەی ڕۆشنبیری، عەقڵی ڕەخنەگرانە و بیری پێشکەوتوخوازە. ئێمە دەبێت چ بەرامبەر بە خۆمان وچ بەرامبەر ئەوانی دی سوود لە ئامرازی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە وەربگرین. لەبەر ئەوە ڕەنگە پێیوست بێت لە فیلتەرێکی چەمکی تێپەڕین. ئەو پرۆژەیەی ئەمڕۆ لە ئێراندا هەمانە، لە دیدێکەوە پرۆژەیەکی کلتووریە. کلتووری لەو ڕوەوە کە دەبێت لەو خووە ڕۆژانەیەی توشمان بووە و سەرجەم ئەو چەمکانەی لەگەڵ یەک تێکەڵ بوون و لێکئاڵاوون، و شێوەیەکی کەشکۆڵ ئاسایان بەخۆوە گرتووە، دوور بکەوینەوە و، لە هەڵوێستێکی فەلسەفیەوە تەماشای کێشە و پرسەکان بکەین، ولە هەموو ئەمانەش گرنگتر هەموو شتێک لە جێی خۆی دابنێین. وەک هیگڵ دەڵێت ئەمکارە وەک کونەپەپوی مینروایە کە لە خۆرئاوابووندا دەبێت فڕین دەست پێبکات، نەک هەموو رۆژێک بەیانیان سەعات ١١بێتە ناو شەقام و دەرگیری ئەم خووە ڕۆژانەییانە بێت.
کاری ڕۆشنبیری لەکاتێکدا دەتوانێت کاری سیاسی و کۆمەڵایەتیش بێت، بۆ جدیبوون پێوستی بە هەبوونی دیدی ڕەخنەگرانە-دیدی دروستکەر و ڕیفۆرمکەر_ هەیە. ڕۆشنبیر دەبێت خۆی لە باسە ئایدۆلۆژیەکان بەدوور بگرێت، جیاوازیەکی سەرەکی لەنێوان ئایدۆلۆژیاکان و ڕۆشنبیراندا هەیە کە ئەویش ئەو خاڵەیە ئایدۆلۆژیاکان دەیانەوێت دەوری ڕۆشنبیر ببینن، و لەبەر ڕەچەتە دروستکردن تێکدەشێکێن. چونکە کاری ڕۆشنبیر ڕەچەتە درووستکردن نیە.
-ئێمە بەردەوام دوو ئاراستەمان بۆ فکری ڕۆژئاوا هەبووە. هەندێکجار بیرکردنەوە و فکری بیریارانی ڕۆژئاوا بەشێوەیەکی زۆر پۆزەتیڤ بۆ ئێران پێشکەش دەکەین، بۆ نموونە لەبارەی کانت، هایدگەر، فۆکۆ،..کتێبەکانیان وەردەگێڕین، ڕوونکردنەوەی بیروڕاکانیان وەردەگێڕین و لەبارەیانەوە دەنوسین و بیرکردنەوەکانیان بە ئێرانیەکان دەناسێنین، بە ئاراستەیەکی تر بەشێوەیەکی مەنهەجی لێیانەوە فێر دەبین، بۆ نموونە تێڕوانینە ڕەخنەگرەکانی ئادرنۆ، هۆرکهایمەر، هابرماس دەهێنینەوە یان میۆدی ئەرکۆلۆجیای فۆکۆ و نیتچە و هەروەها دیدی دیستراکشنی درێدا وەردەگرین، و ئەم میتۆدانە بۆ خوێندنەوەی کێشە و گرفتەکانی ناوخۆ بەکار دێنین. بەدەربڕینێکی دی ئێمە فکری ڕۆژئاوا ناهێننە ژورەوە، بەڵکو فێری شێوەی بیرکردنەوەی ئەوان دەبین. ئێوە ئەمکارە تا چ ئەندازەیەک بە کارا دەزانن؟
– من هەستدەکەم میتۆدۆلۆجی و گەڕان بەدوای میتۆدا، کاری سەرەکی ڕۆشنبیران و بیریارانە. دیارە ئەم پرۆسەیە درێژخایەنە و ئێوە ناتوانن بە وەرگێرانی یەک دوو کتێب، میتۆدێکی فکری بەوانی دی بناسێنن. مەسەلەیەکی تر ئەوەیە بیریارانێکی وەک مارکیوز و فۆکۆ، و …لە چوارچێوەکدا فێری میتۆدەکەی خۆیان بوون، و لەو چوارچێوەیەشدا تێزەکانیان قابیلی تێگەیشتنە. دەبێت ئەم چوارچێوەیە بناسرێن. بیریارانی ڕۆژئاوا وەک زنجیرەیەک بەیەکەوە گرێدراون، و ناکرێت بەشێوەیەکی جیا لە گشت بیریان لێبکرێتەوە. بۆ نموونە فۆکۆ بەردەوام دەمانگەڕێنێتەوە بۆ نیتچە، ئێوە گەر نیتچەتان نەخوێندبێتەوە و تێی نەگەیشتبن، ناتوانن لە فۆکۆ بگەن، ناشتوانن لە نیتچە بگەن گەر دەسەڵاتتان بەسەر سەرجەم مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوادا نەبێت. چونکە نیتچە دەمی تیژی ڕەخنەی ئاراستەی سەرجەم قوتابخانەی ئەفڵاتۆن، کانت، مەسیحیەت،…بە دەبڕینێکی دی سەرجەم شارستانێتی ڕۆژئاوایە. بەبڕوای من دەبێت میتۆدمان هەبێت بۆ ئەوەی ئەم میتۆدە بناسێینین، واتە بۆ گواستنەوەی ئەو میتۆدە، مێتۆد پێویستە. دەبێت ئەم بیرکردنەوانە بە دروستی بخوێنرێنەوە. ئێمە دەبێت وەرگێڕانی بەرهەمە کلاسیکیەکانی ڕۆژئاوامان لەپاڵ وەرگێڕانی بەرهەمەکانی پۆستمۆدێرندا هەبێت. لێرەدا لە گرنگی کارەکانی کەسانی وەک دکتۆر بەشیریە و دکتۆر ڕەشیدیان تێدەگەین. کەس ناتوێت بێ تێگەیشتن لە هۆبز، لۆک و ڕۆسۆ باسی فەلسەفەی سیاسی بکات، و یەک سەر بە هانا ئارنێت بگات. لە فەلسەفەشدا هەروایە. بێ خوێندنەوەی بەرهەمەکانی ئەفلاتۆن، ئەرستۆ، کانت، هیگڵ، تێگەیشتن لە بەرهەمەکانی بیریارانی پۆستمۆدێرن ئەستەمە. پێویستی تێگەیشتن لە زنجیرەی بیروڕاکان و قۆناغە فکریەکان، شتێکە نکوڵی لێ ناکرێت.
– من لە پرسیارەکەی پێشودا دەمویست زەمینە بۆ پرسیارکردن لەبارەی بەرهەمەکانی دکتۆر تەباتەبائی ئامادە بکەم. زۆرێک شێوازی کارکردنی تەباتەبائی لەنێوان لێکۆڵیاران و ڕۆشنبیرانی هەنوکەی ئێراندا بە سەنگینترین و تەباترین میتۆد دەزانن. زۆرێک لە لێکۆڵیارانی ئێمە بابەتی ناپێوست دەهێننە پێشێ، بەڵام لە دیدی دکتۆر تەبا تەبائیەوە پەیامی ڕۆشنبیر ئەوەیە کە خەریکی بابەتە پێویست و پراکتیکیەکان بێت لەبارەی کۆمەڵگای خۆمانەوە. تەباتەبائی خەریکی ناوەخنی کێشەکان و مەسەلەکانی ئێرانە، و لەهەمانکاتدا کە مێژووی ئێران دەخوێنێتەوە، ڕێگرە سەرەکیەکانی گەشەکردن لە ئێراندا پێشان دەدات، و ئەو هۆکارانەش لە مێژوودا دەستنیشان دەکات کە بۆتە هۆی داڕمان و کەوتنی ئێمە. میتۆدەکەی تەباتەبائی لە لێکۆڵینەوە و نووسینەکانیدا میتۆدی هیگڵیە. بەڕێزیان لەبواری میتۆدیشدا کە گرنگترین بەشی لێکۆڵینەوەیە، زۆر مەنهەجیانە و هاوئاهەنگ کاردەکەن. حەزدەکەم ڕای تۆ لەبارەی ڕەوتی کارەکانی دکتۆر تەباتەبائیەوە و کتێبەکەی لەبارەی تیورەی داڕمان لە ئێراندا بزانم؟
– ئاشنای من لەگەڵ دکتۆر تەباتەبائی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پێشوو. کاتێک لەحەڤدە ساڵیدا بۆ خوێندن چووم بۆ فەڕەنسا، دکتۆر تەباتەبائیم لەبیرە وەک پیاوێکی کامڵ کە هۆگری ئالتۆسیر و بەدوای باسەکانی ڕۆژدا دەچوو. من لەو سەردەمەدا هەرزەکارێک بووم و توانای گفتوگۆم لەگەڵ سەید جەواد تەباتەبائیدا نەبوو، بەڵام پاشان کاتێک خۆشم دەستم بە خوێندنی فەلسەفە کرد، لە قۆناغێکدا هاوپۆل بووین و بەگشتی ماموستای هاوبەشمان هەبوو، پەیوەندیمان زۆرتر بوو. لەساڵەکانی ١٩٨١ م ١٩٨٢ دکتۆر تەباتەبائی و من و چەند هاوڕێیەکی دی چەندان کۆبونەوەمان لەپاریس هەبوو، هەر ئەم باسانەمان بەشێوەیەکی ناکامڵتر لەو سەردەمەدا ئەنجام دەدا. چونکە لەو کاتەوە تا هەنوکە هەریەک لە ئێمە چەند کتێبێکمان نووسیووە و لێکۆڵینەوەمان لە چەندان باس کردووە. لەو ساڵانەدا کە ساڵەکانی لوتکەی ململانێی سیاسی و ئایدۆلۆژی نێوان گروپە سیاسیەکان بوو، من و دکتۆر تەباتەبائی و چەند هاوڕێیەک بەتوندی دژی باسە ئایدۆلۆژیەکان بووین، بڕوامان بەوە بوو پرۆژەیەکی ڕۆشنبیری کە ئامانجی سەرەکی پرسیارکردنی ئەنتۆلۆجینایە دەربارەی ئێران، دامەزرێنرێت. بە باشی بیرمان دێت سەید تەباتەبائی لەوکاتەوە دەیگووت کە بەدوای بەرکەوتنە بە دیاردەیەک کە ناوی نابوو ئایدۆلۆژیای ئێرانی. ئەم باسە بە شێوەیەکی پۆختر بونیادی کتێبی نەمانی بیرکردنەوەی سیاسیان لە ئێراندا داڕشت. من بەرهەمەکانی دکتۆر تەباتەبائیم خوێندۆتەوە و بە بەرهەمی زۆر بە نرخیان دەزانم، بەسەرنجدان لەو خاڵەی کەهەردوکمان دیدێکی هیگڵیمان هەیە، دکتۆر تەباتەبائی دکتۆراکەی خۆی لەبارەی هیگڵەوە نووسیووە و منیش کتێبێکم لەبارەی هیگڵەوە نووسیووە، و لێرەوە لەو گرنگیدانەی هەردوکمان بە هیگڵمان هەیە، زۆر لەیەکەوە نزیکین. جیاوازی من و دکتۆر تەباتەبائی لەو خاڵەدایە من هەمیشە باسی دیالۆگ لەکارەکانماندا زۆرتر دەکەم، ئەو بەتەواوی دابڕانێکی تەواوی لەگەڵ ئەم باسەدا هەیە، و هیچ جۆرە زەمینەی گفتوگۆیەک لەگەڵ هیچ گروپێکدا چ ڕۆشنبیرانی دینی یان ڕۆشنبیرانەی نەوەی دوایی و تەنانەت کەسێکی وەک شایگاندا درووست ناکات، و هەڵوێست وسنورداریەکی زۆر توندی هەیە. بەندە هەڵوێستەکانم بەو ئاراستەیەیە گەر ئێمە ئەم دیالۆگە لە ئێراندا لەنێوان خۆماندا درووست نەکەین، بەهەمان ئەو باسەی سەید جەواد تەباتەبائی ، واتە داڕمان دەگەین. من بڕوام وایە لەگەڵ ئەوەشدا کە ئێمە دواکەوتوویمان هەیە، بەڵام داڕمان بەشێوەیەکی کامڵ بەو مانایەی شپلینگەر بەم زارەوەیەی دەدات، ڕووی نەداوە، و لەهەمانکاتدا کە دیکارت لە ئەوروپا دەردەکەوێت، سەردەمی درەوشانەوەی ((مەلا سەدرە) لە ئێراندا. ئێمە لە دوای مەلا سەدرەوە هیچ سیستەمێکی فەلسەفیمان لە ئێراندا نەبووە، فەلسەفە لە ئێراندا ئاوا بووە.
کەوابوو یەکێک بیرکردنەوە بەرەو درەوشانەوە دەبات و ئەوی دی ڕێگەی بیرکردنەوە دەگرێت. لەگەڵ ئەمەشدا لەکاتی جەنگی ئێران و ڕووسا بەسەرنجدان لەو ڕووداوانەی ڕوویاندا، ڕۆشنبیرانێکمان هەبووە کە خاوەن کەسایەتی قوڵ و جێگەی سەرنج بوون. ئەمەش خاڵێکە کە هەنوکە سەید جەواد تەباتەبائی تێبینی دەکات. من ڕێزم بۆ کەسایەتی کەسانی وەک فروغی، هیدایەت و میرزا مەلکوم خان هەبووە، و هەستدەکەم کەسانێکن کە کارەکانیان باش ئەنجامداوە. کەسێکی وەک میزرا مەلکوم خان مەسەلەی یاسا یان کەسێکی وەک فروغی باسی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان یان نەتەوە یەکگرتووەکان بە دروستی دەخاتەڕوو. کەسێکی وەک هیدایەت کە ئاوارتنێکی زۆر گەورەیە لە مێژووی ڕۆشنبیری ئێمەدا، کۆنەپەپوی کوێر دەنوسێت، لە فۆتۆریسم نزیک دەبێتەوە یان مەسخی کافکا وەردەگێڕێت، لەسەردەمی خۆیدا ڕێگەیەکی ڕاستی هەڵبژاردووە، و هەر لەبەرئەوەش تا ئەمڕۆ لای ئێمە بە زیندووی ماوەتەوە.
ئەگەر بمانەوێ لەم باسەدا زیاتر بڕۆم، دەکرێت ئەوە زیاد بکەم کە ئێمە بەتەواوی ناتوانین بەلای ڕابردوودا تێپەڕین، بەدیدێکی ڕەخنەیەوە هەم سەیری ڕابردوو دەکەم و هەم سەیری نەوەی خۆم. بەوجۆرە نیە کەنەوەی چوارهەم قارەمانانی ڕۆشنبیری ئێران بن. ئەو باسەی من وەک تەواوکەر لەپاڵ باسەکەی سەید جەواد تەباتەبائیدا دەیخەمەڕوو، ئەوەیە ئەوان چەندان پرسیاریان بۆ هاتۆتە پێشێ و لەبەر شکستە سیاسی یان ڕۆشنیری یان نەناسینی دروستی ڕۆژئاوا، توانای کامڵکردنی باسەکەیان نەبووە. ئەرکی نەوەی چوارهەم ئەوەیە ئەم باسە تا ئەو شوێنەی دەتوانن ببنە پێشێ یان پیای بچنەوە و بونیادی بنێنەوە. من لایەنگری ئەوە نیم هەموو شتێک وێران بکەیت، و سەرلەنوێ دروستی بکەیتەوە، تەنانەت لە سیستەمی مستەفا کەمالی تورکیاشدا بەو شێوەیەیە کە ئێوە لە زۆر شت دەدەن، بەڵام بەشێکی زۆر لەو ڕەگانە دەمێنێتەوە. ئەو ڕەهەندانەی شارستانێتی کە باسی دەکەین، و زۆرێک لەگەڵ ئەم پۆلێنکردنەی ڕەهەندەکاندان ،بریتیە لە ڕەهەندی پێش -ئیسلام- ڕەهەندی ئیسلام- ڕەهەندی مۆدێرن. ئەم ڕەهەندانە زۆر جدین، چونکە تەنیا ڕەهەندی کلتووری نین، بەڵکو ئەنتۆلۆجیشن. ئێمە ناتوانین ئەم ڕەهەندانە لەناو بەرین و دوور بخەینەوە. ئەمانە بەشێک لە میرات و شوناسی ئێمە پێکدەهێنن، کەوابوو باسی میراتمانیشمان باسێکی گرنگە کە لە چالاکیە ڕۆشنبیریەکاندا دەبێت ڕەچاو بکرێت.
سەرچاوە:
رامین جهانبگلو: بین گذشتە و ایندە. تهران: نشر نی، ١٤٨٤