ئاشتبوونه‌وه‌ی مێژوویی له نێوان فه‌لسه‌فه و ئاین
ئاشتبوونه‌وه‌ی مێژوویی له نێوان فه‌لسه‌فه و ئاین
توێژه‌ری كه‌نه‌دی “ڕیشار باستیان” بۆ بنیادنانی جیهانێكی نوێ، جه‌خت له گرنگی ئه‌و ئاشتبوونه‌وه‌یه ده‌كات.
هاشم ساڵح
و. له عه‌ره‌بییه‌وه: هه‌ورامان وریا قانع
له‌وانه‌یه ئێمه هه‌مومان له‌و باوه‌ڕه‌دابووبین، سه‌رجه‌م خۆرئاوا، مادیی و بێباوه‌ڕییه‌كی ڕووته، هیچ گومانی تێدا نییه كه ڕه‌وتی باڵاده‌ست به‌و شێوه‌یه‌یه. وه‌لێ ڕه‌وتێكی دیكه له خۆرئاوا هه‌یه و گاڵته‌ی پێناكرێ و بریتییه له ڕه‌وتی زانست و ئیمان. ئه‌مه‌یه توێژه‌ری كه‌نه‌دی “ڕیشار باستیان” پێمان ده‌ڵێت. ئه‌و توێژه‌ره به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمه‌ڵه‌ی كاسۆلیكه بۆ مافه‌كنی مرۆڤ له (ناوچه‌ی ئۆتاوا). ئه‌و ده‌ڵێت له خۆرئاوا زانای گه‌وره هه‌یه، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا باوه‌ڕیان به خودا و ئاین و به‌ها باڵاكان هه‌یه كه ده‌كه‌ونه ده‌ره‌وه‌ی شته مادییه‌كان، ئه‌وان پێچه‌وانه‌ی فه‌یله‌سوفه بێباوه‌ڕه‌كانن. گرنگترینی ئه‌و زانایانه بریتین له “جۆن نیومان”، “گلبێرت تشیستیرۆن”، “كلایڤ لویس” و ئه‌وانی دیكه، ئه‌و زانایانه هه‌ر هه‌مویان ئینگلیز و ئه‌مریكین و زۆر به قووڵی ڕه‌خنه‌یان له هه‌ندێك له هه‌ڵسوكه‌وتی مۆدێرنه و لادانه‌كانی و ده‌رچوونی له ڕێگا ڕاسته‌كه‌ی گرتووه.
پاشان ئه‌م توێژه‌ره ده‌ڵێت: “جیهانه‌كه‌مان هێنده پێویستی به چاكسازی سیاسی یان ئابوری نییه، به‌و ڕاده‌یه‌ی پێویستی به چاكسازی ئاینی و چاره‌سه‌ره ڕۆحانییه‌كان هه‌یه”، ئه‌و لێره‌دا به پله‌ی یه‌كه‌م مه‌به‌ستی جیهانی خۆرئاوایه، چونكه ئه‌و جیهانه به ته‌واوه‌تی وازی له ئاین و ڕۆحانییات هێناوه و به شتگه‌لێكی “كۆنه‌په‌رست” له قه‌ڵه‌میان ددات كه باویان نه‌ماوه و بوونه‌ته پاشماوه‌ی ڕابردوو. ئه‌م توێژه‌ره پێیوایه ده‌رد و نه‌خۆشی شارستانییه‌تی مۆدێرنه‌ی خۆراوا، له‌وه‌دایه به ته‌واوه‌تی ئیمان و ڕۆحانییه‌تی بیرچووه‌ته‌وه و له به‌ره‌ڵایی مادیی و شه‌هوه‌تدا نوقمبووه. ڕیشارد باستیان له‌و بڕوایه‌دایه سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندی نێوان ئیمان و عه‌قڵ، چوار دیدگا (تێڕوانین)هه‌یه كه بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه:
یه‌كه‌م: ئیمانی ڕه‌ها كه ئیمانێكی كوێره، نه عه‌قڵ و نه فیكر و نه تروسكاییه‌ك ڕووناكی نییه. خاوه‌نی ئه‌م جۆره هه‌ڵوێسته، له‌و بڕوایه‌دان ئێمه ته‌نها پێویستمان به ئیمانه به‌بێ عه‌قڵ. ته‌نها ئیمان به‌سه و پێویستمان به هیچ شتێكی دیكه نییه. ئه‌مه‌یه پێیده‌وترێت جه‌هلی پیرۆز و له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست و ڕۆژگاری دادگاكانی پشكنین، كۆنترۆڵی خۆرئاوای كردبوو، تاكو ئێستاش كۆنترۆڵی جیهانی ئیسلامی كردووه (سه‌یری داعش بكه‌ن).
دووه‌م: هه‌ڵوێستێكی ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی یه‌كه‌می هه‌یه، ئه‌ویش بریتییه له هه‌ڵوێستی مۆدێرنه‌ی توندڕه‌و كه ده‌ڵێت بۆ گه‌یشتن به حه‌قیقه‌ت، ته‌نها عه‌قڵ به‌سه و جگه له عه‌قڵ پێویستمان به هیچ شتێكی دیكه نییه: نه پێویستمان به ئاینه نه به ئیمان و نه به جیهانی میتافیزیكی و نه به هیچ شتێكی دیكه نییه و بڕۆ به‌خێرچیت.
سێیه‌م:هه‌ڵوێستی پۆست مۆدێرنه، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌یان له واقیعدا په‌یڕه‌وی هه‌ڵوێستی ڕێژه‌گه‌رایی ئه‌خلاقی یان نیهلیزمی ئه‌خلاقی ده‌كات. به‌و مانایه‌ی هه‌مو شتێك یه‌كسانه به هه‌مو شتێك و هیچ شتێك له هیچ شتێكی دیكه باشتر نییه. شته ئاساییه‌كان و شته نا ئاساییه‌كان و لادان و لانه‌دانه‌كان وه‌ك یه‌كن. ئه‌مه‌یان هه‌مو هه‌ڵوێسته‌كان ناشێلگیر ده‌كاته‌وه. ئا له‌به‌ر ئه‌وه‌یه وتمان ڕێژه‌گه‌رایی و نیهلیستییه و ئه‌گه‌ر زیاد له پێویست به‌جدی وه‌ربگیرێت و گه‌وره بكرێت، ئه‌وا شارستانییه‌تی خۆرئاوا وێران ده‌كات.
چواره‌م: هه‌ڵوێستی ئیمانی ڕاست و دروست كه ده‌ڵێت بۆ گه‌یشتن به حه‌قیقه‌ت و به‌دیهێنانی ژیانێكی خۆش و كامه‌ران له‌سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وییه، عه‌قڵ و ئیمان پێكه‌وه زه‌روور و پێویستن. لێره‌وه نه عه‌قڵ به ته‌نها كیفایه‌ته و نه ئیمان، به‌ڵكو پێویستمان به هه‌ردووكیان هه‌یه، ئه‌مه‌ش هه‌ڵوێسته ڕاست و دروسته‌كه‌یه.
بۆ به‌دبه‌ختی و جێگای داخه ئه‌م نووسه‌ره، هه‌مو ئیسلامی له خانه‌ی یه‌كه‌مدا داناوه: واته خانه‌ی ئیمانی ڕه‌های كوێرانه‌ی بێ عه‌قڵ. ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه. ئه‌ڵبه‌ته ئیسلام ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌كی ڕاست لێیتێبگه‌ین، له‌سه‌ر شێوه‌ی موعته‌زیله و فه‌یله‌سوفه ڕۆحانییه گه‌وره‌كان، نه‌ك له‌سه‌ر شێوه‌ی ڕه‌وته ئیخوانییه تاریكبینه توندڕه‌وه‌كان، ئه‌وا دینێكی عه‌قڵانییه به پله‌ی نایاب. پێش ئه‌وه‌ی قسه له‌م هه‌ڵه‌یه یان له‌م كه‌موكورتییه بكه‌ین كه له دیدگای ئه‌و توێژه‌ره‌دا بۆ ئیسلام هه‌یه، با سه‌ره‌تا فیكر و تێڕوانی ئه‌و وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌یه بخه‌ینه‌ڕوو، پاشان حوكمی به‌سه‌ردا بده‌ین. ئاخۆ ئه‌و به دیاریكراوی چی ده‌ڵێت؟ ئه‌و شتێكی ئاوامان پێده‌ڵێت: له‌گه‌ڵ هاتنی ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی نۆیه‌می زاینی، هه‌ندێك له زانایانی موسڵمان، له میانه‌ی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانی و دژایه‌تیكردنی و ته‌كفیكردنی، كه‌وتنه ڕه‌تكردنه‌وه‌ی عه‌قڵ. ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی وا وێنای گه‌ردوون بكرێت كه به شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی و خاڵی له هه‌مو عه‌قڵانییه‌تێك به‌ڕێوه‌ده‌چێت. ئیدی له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كاتدا، وایانلێهات ته‌نانه‌ت بیرۆكه‌ی ڕێژه‌گه‌رایی-یش ڕه‌تبكه‌نه‌وه. ئاشكرایه بێ ڕێژه‌گه‌رایی، عه‌قڵانییه‌ت بوونی نییه. نموونه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه ده‌هێنینه‌وه، زانای ئاینی به‌ناوبانگ غه‌زالی، یاسای ڕێژه‌گه‌رایی ڕه‌تكرده‌وه و په‌لاماری فه‌یله‌سوفه‌كانی دا، به‌تایبه‌ت ئیبن سینا، چونكه ئه‌وان كاریگه‌ربوون به فه‌یله‌سوفانی یۆنان، وه‌ك ئه‌فلاتون و ئه‌رستۆتالیس. ئێ ئه‌وه‌ی ئه‌م یاسا لۆژیكییه‌ی ڕێژه‌گه‌راییه ڕه‌تبكاته‌وه، مانای ئه‌وه‌یه پشتگیری یاسای هه‌ڕه‌مه‌كی و بێسه‌روبه‌ری ده‌كات. به‌م شێوه‌یه ئا له‌و چركه‌ساته‌وه، ڕووناكییه‌كانی جیهانی ئیسلامی كوژانه‌وه و مه‌شخه‌ڵی شارستنانییه‌ت گوازرایه‌وه بۆ ئه‌وروپا.
باشه ئێمه ده‌توانین چی له‌سه‌ر ئه‌و قسانه بڵێین؟ ده‌توانین زۆر شت بڵێین:
یه‌كه‌م: ڕاسته فوقه‌هاكان له سه‌ده‌ی نۆیه‌می زاینی، هێرشیان كرده سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانی، بگره پێشتریش هێرشیان كردبووه‌سه‌ر. به‌ڵام فه‌لسه‌فه‌ی عه‌ره‌بی، له سه‌ده‌ی نۆیه‌مدا ڕانه‌وه‌ستا، به‌ڵكو به‌رده‌وامبوو تا سه‌ده‌ی دوانزه و به مردنی ئیبن ڕوشد له ساڵی 1198، فه‌لسه‌فه‌ی عه‌ره‌بی ڕاوه‌ستا.
دووه‌م: ئه‌گه‌ر فوقه‌هاكان هێرشیانكردووه‌ته سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی عه‌قڵانی ڕێژه‌گه‌رایی و وتیان ته‌نها ئیمانی ڕه‌ها به‌سه. ئه‌وا فارابی و دوای ئه‌ویش ئیبن سینا، هه‌ڵوێستێكی پێچه‌ونه‌یان هه‌بوو و وتیان پێویسته ئیمان و عه‌قڵ یان فه‌لسه‌فه و ئاین، پێكه‌وه كۆبكرێنه‌وه. هه‌ر ئه‌مه بوو ئیبن ڕوشد، دوای ئه‌وان له كتێبه به‌ناوبانگه‌كه‌یدا “فصل المقال فیما بین الشریعة و الحكمة من الاتصال” ئه‌نجامیدا. لێره‌دا مه‌به‌ست له الحكمة، فه‌لسه‌فه‌یه. لێره‌وه فه‌یله‌سوفه گه‌وره‌كانی ئیسلام، له نمونه‌ی فارابی و ئیبن سینا و ئیبن توفیل و ئیبن ڕوشد و ئیبن باجه… هتد، نێوان ئیمان و عه‌قڵ یان فه‌لسه‌فه و ئاین-یان پێكه‌وه كۆكردووه‌ته‌وه و هه‌رگیز نه‌یانوتووه ئیمانی (كوێرانه) به‌بێ عه‌قڵ به‌سه. ئه‌مه وه‌ڵامێكی پڕ به پێستی تێزه هه‌ڵه‌كه‌ی توێژه‌ره ده‌رباره‌ی ئیسلام.
به‌ڵام ئه‌و قسه‌یه ڕاسته كه ده‌ڵێت ڕه‌وتی غه‌زالی، ئه‌و سه‌ركه‌وت نه‌ك ڕه‌وتی فارابی و ئیبن سینا و ئیبن ڕوشد. ئه‌وه ڕه‌وتی غه‌زالی بوو به درێژایی سه‌ده‌كانی داڕمان به‌ربڵاوبوو، له سه‌ده‌ی سیانزه‌وه تا ڕۆژی ئه‌مرۆ، هه‌ژموونی به‌سه‌ر جیهانی ئیسلامی‌دا هه‌یه و باڵاده‌سته. ئه‌گه‌ر وا نییه، چۆن و به چ شێوه‌یه‌ك لێكدانه‌وه بۆ دواكه‌وتنی موسڵمانه‌كان و پێشكه‌وتنی ئه‌وانی دیكه بكه‌ین؟ چۆن لێكدانه‌وه بۆ هۆكاری بڵاوبوونه‌وه‌ی بزووتنه‌وه ئوسوڵییه‌كان بكه‌ین كه له هه‌ڕه‌تی سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا، به‌م ئاسته بڵاوبوونه‌ته‌وه؟ ئێمه ئه‌مه‌ی بۆ زیاد ده‌كه‌ین و ده‌ڵێین ڕه‌وتی موعته‌زیله كه توێژه‌ر پێده‌چێت به ته‌واوه‌تی لێی بێئاگابێت، به شێوه‌یه‌كی زۆر نایاب و سه‌رسوڕهێنه‌ر، نێوان عه‌قڵ و ئیمانی پێكه‌وه كۆكردووه‌ته‌وه. ئاشكرایه موعته‌زیله له ئیسلامدا، له هه‌مو مه‌زهه‌به‌كانی دیكه زیاتر عه‌قڵانی و پێگه‌یشتوتره. وه‌لێ دوای ئه‌وه‌ی ڕه‌وتی ئوسوڵی، به ته‌واوه‌تی سه‌ركه‌وت به‌سه‌ر موعته‌زیله‌دا، به‌م جۆره ئه‌وان له‌ناوچوون و قڕانیانكردن و له شار‌و گونده‌كاندا كتێبه‌كانیان سووتاندن. باشه له‌مڕۆدا بۆچی موعته‌زیله، وه‌ك چۆن سونه و شیعه و ئه‌بازی هه‌یه، ئه‌وان بۆچی نین؟ بۆچی له‌ناوچوون؟ كه‌س ئه‌م پرسیاره ناكات. كه‌س پرسیار ناكات: بۆچی ئوسوڵییه‌كان سه‌ركه‌وتنێكی ڕه‌ها سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر عه‌قڵانییه‌ته‌كاندا (1)؟
دواتر ده‌بینین ئه‌م توێژه‌ره، ته‌نها به هێرشكردنه سه‌ر كۆی ئیسلام، به شێوه‌یه‌كی ناڕه‌وا، ڕاناوه‌ستێت. به‌ڵكو له ئاینی مه‌سیحیشدا په‌لاماری مه‌زهه‌بی پرۆتستانت ده‌دات. ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چه‌ند ده‌مارگیره بۆ مه‌زهه‌به كاسۆلیكییه پاپاوییه‌ته‌كه‌ی خۆی. ئه‌مه له‌به‌ر ئه‌وه ده‌كات، چونكه مه‌زهه‌بی پرۆتستانت، دوژمنه هه‌ره سه‌رسه‌خته‌كه‌ی مه‌زهه‌بی كاسۆلیكه له ئه‌وروپا، یان بڵێ جاران و به درێژایی چه‌ندین سه‌ده، دوژمنه هه‌ره سه‌رسه‌خته‌كه‌ی مه‌زهه‌بی كاسۆلیك بوو. ئه‌مه پێش ئه‌وه‌ی بۆ دواجار و له ڕێگه‌ی گه‌شه‌كردنی هۆشیاری و ڕووناكبوونه‌وه‌ی گه‌لانی ئه‌وروپی، هه‌ردوو مه‌زهه‌ب ئاشتبوونه‌وه. مه‌زهه‌بی پرۆتستانت، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی توێژه‌ر بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات، ئه‌و زیاتر له عه‌قڵانییه‌ته‌وه نزیكتر بوو تا مه‌زهه‌بی كاسۆلیك. مه‌زهه‌بی پرۆتستنت وه‌ك مه‌زهه‌بی كاسۆلیك، دژایه‌تی و هێرشی نه‌كردووه‌ته سه‌ر زاناكان و فه‌یله‌سوفه‌كان.
به‌ڵام پێویسته ددان به‌وه‌دا بنێین كه مه‌زهه‌بی كاسۆلیك، دواتر هه‌وڵێكی زۆری خسته‌گه‌ڕ و له‌گه‌ڵ عه‌قڵانییه‌ت و مۆدێرنه و سه‌رده‌م ئاشتبوه‌وه و داوای لێبوردنی له گالیلۆ و داروین و…هتد كرد. ئه‌مه‌ش شه‌ره‌فێكه بۆ ئه‌و. بگره داوای لێبوردنی له‌و قه‌سابخانه تائیفییانه كرد كه به‌رامبه‌ر به پرۆتستانته‌كان ئه‌نجامیدابوو، به تایبه‌ت قه‌سابخانه‌ی “سانت بارتیلیمی” به‌ناوبانگ له ناوجه‌رگه‌ی پاریس و له ساڵی 1572. هه‌روه‌ها جێگای ده‌ستخۆشییه كه هه‌وڵێكی زۆری خسته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ مه‌زهه‌بی پرۆتستانت ئاشتبێته‌وه، بگره ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ ئیسلام و ئاینه‌كانی دیكه‌ی وه‌ك جوله‌كه و بوزدی و هیندۆسی… هتد ئاشتبووه‌ته‌وه. سه‌یری بڕیاره بوێرانه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی به‌ناوبانگی كڵێسا به ناوی ڤاتیكانی دووه‌م (1962-1965) بكه. ئه‌وه شۆڕشێكی گه‌وره‌ی ڕزگاریخوازی تیۆلۆژیا بوو. (خۆزگه ئه‌و شۆڕشه، لای ئێمه و له ئیسلامدا ڕووبدات. بگره به‌م دواییانه لای ئێمه‌ش له‌سه‌ر ده‌ستی ئیماراتی عه‌ره‌بی و شانشینی عه‌ره‌بی سعودییه ڕوویداوه. ته‌ماشای په‌یماننامه‌ی برایه‌تی مرۆڤایه‌تی و ڕێكه‌وتننامه‌ی ئیبراهیم خه‌لیل و په‌یماننامه‌ی مه‌ككه‌ی پیرۆز بكه‌ن. ئه‌مه‌ش گه‌شه‌كردنێكی گه‌وره‌یه و خێروبێری بۆ هه‌موان ده‌بێت).
له كۆتیدا ده‌بینین ئه‌م توێژه‌ره، هێرش ده‌كات سه‌ر بیریاره گه‌وره‌كانی مۆدێرنه، له‌سه‌رو هه‌مویانه‌وه دیكارت. به‌ڵام دیكارت له‌سه‌ر شێوازه فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی خۆی، باوه‌ڕی ته‌واوی به خودا هه‌بوو. هه‌روه‌ها په‌لاماری نیوتن و جۆن لۆك و ڤۆڵتێر و ژان ژاك ڕۆسۆ و كنت-یش ده‌دات، ئه‌گه‌رچی ئه‌وانیش بڕوایان به خودا هه‌بوو، ئه‌وان هه‌رگیز بێباوه‌ڕ نه‌بوون. به‌شێوه‌یه‌كی ڕه‌ها دژ به ئاین و دژ به ئیمان نه‌بوون. به‌ڵكو ته‌نها دژ به ده‌مارگیری ئاینی بوون كه له‌و ڕۆژگاره‌دا ئه‌وروپای گرتبووه‌وه و خه‌ریكبوو ئه‌وروپا له‌ناوببات یان به‌شێوه‌یه‌كی توند هه‌لا هه‌لای بكات. ئا له‌به‌ر ئه‌وه بوو ئه‌و فه‌یله‌سوفانه، به ئاشكرا جه‌نگه‌كه‌یان دژ به ده‌مارگیری ئاینی به‌رپاكرد و له كۆتایشدا بردیانه‌وه. ئایا له‌به‌ر ئه‌و سه‌ركه‌وتنه لۆمه و سه‌رزه‌نشتیان بكه‌ین؟ ئایا سه‌رزه‌نشتیان بكه‌ین چونكه ئه‌وان گه‌لانی خۆیان ڕووناك كرده‌وه و له چنگی ده‌مارگیری تایفی و مه‌زهه‌بی ڕزگاریان كردن؟
(1)لێره‌دا ئه‌م كه‌وانه‌یه كراوه‌ته‌وه: (داوای لێبوردن ده‌كه‌م بۆ ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی له وتاری پێشوومدا ڕوویدا: “گۆڤاری ئیسلام له سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك”، له‌و وتاره‌دا ناوی تقی ا‌لدین ئه‌لسیوطی هاتووه، ده‌بوایه له بری ئه‌و ناوه، ناوی جه‌لال ا‌لدین ئه‌لسیوطی بێت كه یه‌كێكه له عه‌لامه به‌ناوبانگه‌كانی فێنده‌مێنیتاڵیزم)
سه‌رچاوه
الشرق الاوسط، پێنج شه‌ممه، 15 كانونی یه‌كه‌م، 2022