چوار حیكمەتەكەی دكتۆر ئەنوەر
چوار حیكمەتەكەی دكتۆر ئەنوەر
بوشرا كەسنەزانی
لە هەقایەتێكی دێریندا بیستوومە، نۆجوانێكی شەیدای فێربوون هەبووە، هەر لە ساواییەوە لە لایەن هێرمسەوە دڵۆپەی دانایی تكاوەتە زاری، كە گاگۆڵكێی كردووە؛ لوقمان هاتووەتە خەونی، كە بووەتە كۆڕیژگە ئیمامی عەلی بە زیندەخەون دیوە، كاتێكیش هەراش بووە، لەنێوان خەیاڵ و خەون لەنێوان چاوترووكان و چاوكرانەوەدا، پیری كێوی قافی دیوە و ناوزەدی كردووە. كاتێك ئەم نۆجوانە دەچێتە سەر ڕێگەی فێربوون، باڵەكانی بەدەم بای سەباوە دەكاتەوە تا بەرەو سەرزەمینی زانستی ببات، بایش نایكاتە نامەردی لە یەمەن دەیگیرسێنێتەوە. كە دەگاتە ئەوێ لە لای پیرێك بارگەی دەخات، ڕێز بەجێدەهێنێت و لەسەر چۆك لە بەردەمدا دادەنیشێت، پیرەكەی دەست دەبات بۆ مێزە چكۆلە پنەئاساكەی بەردەمی، چوار مێخی گەورەی لە بن دەردەهێنێت و دەڵێت دەستت بێنە كوڕم، هەر چواری دەخاتە نێو لەپی دەستی نۆجوانەكەوە- جا لە هەقایەتەكاندا ژمارە چوار “هێمای پێگەیشتن و چێوەوەرگرتن و كەماڵە”، پێی دەڵێت: ئەم چوار مێخە چی پێدەكرێت؟ نۆجوانەكە كەمێك لێیان ڕادەمێنێت، قەیرێك خامۆش دەبێت جا دەڵێت: قوربان! زۆر شتان؛ دەتوانی چوار وڵاخی پێ ببەستیتەوە! دەتوانی یەك دوژمنی پێ لە چوارمێخە بدەیت، دەتوانێت یەك خێمەی پێهەڵدەیت! مامۆستاكە دەڵێت: تۆ كامیانی پێ دەكەیت؟! تازەشاگردەكە دەڵێت: مێخی تۆ لە بەستنەوەی وڵاخدا زایە ناكەم، چونكە حەكیمیش مەیتەری بێت وڵاخ، هەر وڵاخە! دوژمنم هەرگیز نابێت تا بیدەم لە چوارمێخە، چما داناییخوازیی و دوژمنی؟ پیرم؛ خێمەیەكی پێدروست دە0كەم، تیایدا خۆم فێری نهێنیی ئەو زانستانە دەكەم، كە تۆ پێمی دەبەخشیت. مامۆستاكە دەڵێت: دەبڕۆ خێمەكەت هەڵدە!
بە درێژایی تەمەنی فێربوونمان، هەموومان یەكی چوار مێخمان لە مامۆستاكانمان وەرگرتووە، هەندێك جار ونمان كردوون، هەندێك جار چارەنووسی مێخەكەمان دوژمنكوژی یان وڵاخكوتی بووە، كەم جاریش خێمەمان پێ هەڵداوە. سەرگوزەشتەی من و مامۆستاكەم ئەگەر بەیان كەم وەهایە: ئەو چوار مێخەی من لە دكتۆر ئەنوەری مامۆستامم وەرگرت و خێمەكەی خۆمم پێدروست كرد، هەریەكەیانی لە دەمێكدا پێبەخشیم، كە وادەی بەخشینی بوو، خۆ یەكێك لە هونەرەكانی مامۆستاییش ئەوەیە، هیچ كات بێ وادە هیچ شتێك ناكەن. یەكەمین جار كە دیم، ساڵی دووهەزار و حەوت بوو، من خوێندكاری قۆناغی چواری بەشی زمان و ئەدەبی كوردی زانكۆی سلێمانی بووم، ئەو لێژنەی گفتوگۆی باسی دەرچوونم بوو، هەرگیز پێشتر نەمدی بوو، بەڵام لە قۆناغی یەكدا لە وانەی تێكستی ئەدەبیدا، بۆ یەكەمین جار ناویم بیستبوو، مامۆستای ئەو وانەمان، بە سروشت خۆی سەلیقەیەكی جوانی بۆ شیعر هەبوو، چ شتێك لای خۆی دڵمەند بوایە، جا دەقی شیعری كلاسیك یان نوێ، دەیهێنا و لە ناخی دڵییەوە بۆی شی دەكردینەوە، هەر ئەوكات مامۆستاكەمان “دكتۆر قومری عەزیز” شیعری “غەریبی”ی ئەنوەر قادر جافی بۆ خوێندینەوە و بۆی شیكردینەوە، لەگەڵیشیدا باسی ئەم شاعیرەی كرد و گوتیشی مەلازادەیە و نازناوەكەی جافە. من ئەوەی بەلامەوە جوان بوو بە زانیاریی كاڵوكرچیی ئەو دەمەوە و پرسیاریش بۆم، چۆن شاعیرێك لە شیعری نوێدا باسی مەولانا دەكات؟ “مەولانا بەو گەورەییە ڕۆژی دوو دوو تەنەكە ئاوی بەسەرشان بۆ تەكێی شێخی دەهلەوی دەهێنا” پێم وابوو شیعری نوێ هیی بابەتی نوێیە، ناوە دێرینەكانیش بە خۆیان و كەواوسەڵتە و فەقیانە و ڕەشتییەكانیانەوە سەر بە بەیت و حوجرەكانی ناو شیعری كلاسیكن.
كاتێك لەگەڵ مامۆستایەكدا چووم بۆ لای زۆر بە خێرایی و تێكەڵی و شڵەژاوی قسەم دەكرد و بەو دۆخەوە خۆمان كرد بە ژووری مامۆستایانیشدا، بە تاقی تەنیا خۆی لێ بوو، لەسەر كورسییەكەی هەستا، هاتە ئەمدیو مێزەكەیەوە، وەك ئەوەی ئێمە گڵۆڵەیەك بەنی ئاڵۆزكاومان هەڵدابێتە سەر مێزەكەی، وەها ئارامی لێتیكچوو، بە ئاستەم برۆی كرژ كرد، دوو هەنگاو هاتە پێش، تەماشای هەردووكمانی كرد كە وا شپرز و پڕقسە بووین، هەر لەوێدا یەكەمین مێخی خۆیی خستە دەستم، لەژیر لێوەوە گوتی: ئەو گۆڵمەزەی ناوێت!
من بە خۆمدا چوومەوە، وابزانم كەمێكم لە دڵ گران بوو توانجەكەی، چونكە پێم وابوو ئەوە سروور و شەوقی تەواوبوونی باسەكەمە و ئاساییە لەو دۆخەدا وەها بم. كە بۆ ڕۆژی دواتر چوومەوە لای و گفتوگۆی لەگەڵ كردم سەبارەت بە باسەكەم “پۆستەرەشیعری كوردی و هایكۆی ژاپۆنی”، من هەم لە دڵم دەرچوو، هەم مێخەكەم لە زەویدا چەقاند بوو، بە ئارامی و بێ شڵەژان و گۆڵمەز، وەڵامی پرسیارەكانیم دایەوە و تیبینییە ورد و زۆر گرنگەكانیم یادداشت كردن و لێیەوە فێربووم: پیاوی دانا مەنگ و ماتە، كەمدوو و شیرین وێژە!
كاتێك لە زانكۆ وەرگیرامەوە، لە سەرۆكایەتیی بەش كارم دەكرد، ئەوم هەموو ڕۆژ دەدی، سەحەرخێز بوو، بەیانیان دەهات بەیانی باشی لێدەكردین، هەمیشە حەزم دەكرد بە هەر بەهانەیەك بێت قسەی لەگەڵ كەم، چونكە لە هەقایەتەكانەوە فیر ببووم، مامۆستای دانا، گەوهەری خۆی هەڕاج ناكات، نیشانی مەرد و نامەردی نادات، دەبێت خەریداری هەبێت، كە هەیبوو، مشتی دەكاتەوە و بێ بەرامبەر هەمووی دەبەخشێت. ئێ من خەریداری بووم، ئەویش درێغی نەكرد، لە سەلمان ڕوشدییەوە تا دستۆێڤسكی لە حسێن پەناهییەوە تا ڤلادیمێر مایاكۆفسكی پرسیارم لێدەكرد، لە بێرتێلسەوە تا ئۆسكار مان، لە مەحوییەوە تا سەعدی، لە مەولەوییەوە تا مەولانا، لەم شاخەوە بۆ ئەو شاخ، لەم ژانرەوە بۆ ئەو ژانر، هەركات لە یەك وشە دڵنیا نەبوایە، كە دەچووە ماڵ دڵنیا دەبووە و بۆ سبەی بە خەتێكی جوان لەسەر كاغەزێك ماناكەی نووسیبوو، ناوی ئەو سەرچاوەیەش كە لێوەی وەرگرتبوو. جا بە زار بۆی باس دەكردین {چونكە لە ژوورەكەم دوو هاوڕێی تریش هەبوون} و دواییش بۆ دڵنیایی زیاتر كاغەزەكەی لەسەر مێزەكەم بۆ بەجێدەهێشتم. لەوەوە فێر بووم بێ چوونەوە بنجوبناوان و پشت بە سەرچاوە بەستن، لە گیرفانی خۆمەوە زانیاری هەڵنەڕژم.
كاتێك لە ماستەر وەرگیرام، وانەی تیۆری ئەدەبی پێدەوتین، كە نامەكەشم نووسی، هەرچەند ئەو سەرپەرشتیارم نەبوو، بەڵام لە خۆم دڵسۆزتر دێڕ بە دێری نامەكەمی هەڵسەنگاند، لە سەرچاوە عەرەبی و ڕووسی و سویدییەكانەوە چەمكەكانی بۆ وەردەگێڕام و بۆشی شی دەكردمەوە، هەر قۆرتمێكم هاتبایە پێش، بەو نەبوایە بۆم چاك نەدەكرا، بارتەقای مانای مامۆستایی، دەستگیرۆیی كردم، لەم قۆناغەدا مێخی دووەمی خستە لەپی دەستمەوە. كاتێك دەمویست زوو نامەكەم تەواو بكەم، خاوەخاویم دڵ پێوە نەبوو، ئەو گوتی: خۆ پێشبڕكێ نییە، بۆ وا پەلە ئەكەیت! من لەوەوە فێر بووم، بە كاوەخۆ، یەكبەیەكی ئەوەی دەیخوێنمەوە جوان هەرسی بكەم، جا بینووسم، لە وادەی خۆیدا بێ ئەوەی تەماشای ئەوانەی پیش و دوای خۆم بكەم، كارەكەم بگەیەنمە جێی خۆی.
ئەو دەمەی وەك مامۆستا لە بەشەكەم وەرگیرامەوە، دووەمین كتێبی خۆمم چاپ كرد، داوای ڕێنماییم لێكرد بۆ ناوی كتێبەكە، پێشنیاری ئاستانەی سبەینێی بۆ كردم، وەهام ناونا و كتێبەكەیشم پێشكەش بەو كرد، ئەو یارمەتیی دابووم بەرەو ئاستانەیەكی نوێ بڕۆم. لەم ماوەیەدا بوومە هاوپێشەی، بەڵام هەمیشە بیرم بووە، لە جاران زیاتر شاگردێتی خۆم نیشان بدەم، بیرم بووە، بە كۆ بانگی كەم و هەمیشەش یەك مەتر لێوەی دوور بم، چونكە هەم شەرمی دەكرد لە خانمان، بۆ پیاوانیش حەزی لە مەودا پاراستن هەبوو. كاتێك هاتینە كەمپی نوێی زانكۆ ژوورەكەمان بوو بە دراوسێ بەڵام كەمتر یەكمان دەدی، جارێك لە بارەی كتێبێكی شەمسی لەنگەروودییەوە قسەمان كرد، هەروەها لە بارەی كتێبێكی هوشەنگی گوڵشیرییەوە، ئەوان بە قۆناغبەندی كاریان لەسەر شیعر و چیرۆكی نوێی خۆیان كردووە، قۆناغەكانیان پۆلین كردووە، هەڵیان سەنگاندووە، پاشان ڕەخنەشیان كردووە، ئەو لەوێدا مێخی سێیەمی خستە دەستم، گوتی: بۆ ئەدەبی كوردیی تۆ بیكە! من لەوەوە متمانەیەكی زیاترم وەرگرت، چونكە ئەو لە زوومرەی ئەو پیاوانە نەبوو، لە ڕوودابمێنیت، وەسفی نابەجێ، یان خودانەخواستە زیادە لەسەر كەس بڵێت، قسەیەكی وەها مانای وەرگرتنی مۆری ئەو بوو لە سەر دەفەی شانی زانستم. لەوەوە فێر بووم، خەمی ئەدەبەكەی خۆم بخۆم، وەك ئەو دەیگوت با پڕۆژەیەكی دە ساڵی بێت، قەیدی چییە، گرنگ ئەوەیە كەلێنی زۆر گەورە هەن دەبێت پر بكڕێنەوە، بە كاری ورد، پشووی درێژ، زانستی زۆرەوە.
كاتێك لە دكتۆرا وەرگیرام، ئەو وانەی پێنەگوتین، لە سەروبەندی خانەنەشینیدا بوو، بەڵام كە دەمدی لە جاران زیاتر هەستم بە سەنگینی مامۆستایی ئەو دەكرد، ئادەمیزاد تا گەورەتر بێت، زیاتر پەیی بە قووڵی و مەزنی مامۆستاكانی دەبات، ڕەنگە جەخاریش بخوات، كە بۆچی زۆرتر لە دەمی خۆیدا قسەی لەگەڵ نەكردووە، یان كتێبی زۆرتری نەگۆڕیوەتەوە یان پرسیاری زەوەندەتری لێ نەكردووە، لە تەمەنی گەورەتردا تێدەگەیت ئەو مامۆستایەی ڕەنجی لەگەڵت داوە بۆ ئەوە بووە، تۆیش سبەی ئەو ڕەنجە لەگەڵ یەكێكی تر بدەیت، وەك زنجیرەی پیرۆزی تەریقەتی پیران، یەكبەیەك شاگرد پێبگەینن تا خزمەتیكی بچووك بە زمان و ئەدەبەكەی خۆیان بكەن. كە لەوە تێگەیشتیت، ئیتر خەجارەكەت ئاسانتر دەبێت. مێخی چوارەمی ئەوكات پێیبەخشیم كە هەواڵپرسیی نامەكەمی كرد، گەیشتوومەتە چی و كوێ؟ وەڵامم دایەوە كە لە نێوەیدام. گوتی تۆ خۆت وریایت و ئیشی خۆت دەكەیت، من گوتم دڵم بەو قسەیت خۆشە، گوتی: تۆ پێویستت بە دڵخۆشكردن نییە! بەم مێخە لە بری ئەوەی شاگەشكە ببم، تێگەیشتم بابەتەكە هیی دڵخۆشی و دڵتەنگی نییە، هیی بەرپرسیارێتییە؛ چاوەڕوانیی ئەوەت لێدەكەم باش بیر بكەیتەوە، باش بنووست، دروست بنووسیت، ئاگاشت لە زمانی كوردیت بێت، ئەو وەهای نەوت بە زار، بەڵام بە زمانی حاڵ دەیگوت.
هەمیشە بە خوێندكارەكانم دەڵێم ئێمە پەروەدەی ئەو مامۆستایەین، پێنج زمان دەزانێت، بەڵام كە بە كوردی قسە دەكات، زمانەكەی كوردیی ڕەوان و پاراو و شیرینە وەك ئەوەی هیچ زمانیكی تر نەزانێت، مامۆستای دانا شەو و ڕۆژ هەموو ئەو مەدالیایانەی وەریگرتوون نابەستێت لەسەر شان و سینەی، خوو و ئاكاری نیشاندەری میدال و خەڵاتەكانین، ئەم مامۆستایە بە كردەوەكانی فێری كردین، بەرپرسیاربین لە زمان بەكارهێناندا، هونەرمەندبین لە نووسین و وەرگێڕاندا، نەفەس درێژ بین لە زانستخوازییدا.
من چوار مێخەكەیم داكوتی، خێمەی زانستی ئەوم هەڵدا لە پاڵ خێمەی مامۆستاكانی تری ژینمدا، ئەم خێمەمم خۆشەوێت، تیایدا نزای لەشساغی و تەمەندرێژی و بەرقەراری بۆ مامۆستاكەم دەكەم، كورد گوتەنی: خوا دەست بە باڵتەوە بگرێت، ئوستاد.