خوویه‌كی باو… دانپیانانی ڕۆشنبیران و ئه‌دیبان به دزینی كتێب
خوویه‌كی باو… دانپیانانی ڕۆشنبیران و ئه‌دیبان به دزینی كتێب
وه‌رگێڕانی له عه‌ره‌بییه‌وه: باوكی ڕه‌هه‌ند
دیارده‌ی دزینی كتێب له نێوان ڕۆشنبیران و ئه‌دیباندا به‌ربڵاوه، هه‌ندێك پێیانوایه دزییه‌كی “ڕه‌وایه” و لایان بووه به خوو، له كوێ كتێب و كتێبخانه هه‌بێت، هه‌وڵی دزینی ده‌دات. ئه‌و كتێبه‌ی كه دڵخواز و مه‌به‌ستییه‌تی، ده‌یدزێ و له چاو تروكانێكدا خۆی ونده‌كات و له‌و ناوه نامێنێت. تا ئێستاش خه‌ڵكانێك هه‌یه به ڕاده‌یه‌ك عاشقی كتێبن، ده‌یانه‌وێت به‌زۆر یان به (شمشێری شه‌رم/ بسیف الحیا‌ء) ببنه خاوه‌نی، جا ئه‌وه به خواستنی بێت كه نایگه‌ڕێننه‌وه یان له ڕێگه‌ی دزینییه‌وه بێت. له‌م ڕاپۆرته‌دا، ژماره‌یه‌ك له نووسه‌ر و ئه‌دیبی عه‌ره‌ب، بۆ ئه‌لجه‌زیره نێت قسه‌یان كردووه و ددانیانناوه به دزینی هه‌ندێك كتێب له كتێبخانه‌كان و پێشانگاكانی كتێبدا.
ناونیشانه سه‌رنجڕاكێشه‌كان
له خۆرئاوا دیارده‌ی كتێب دزه‌كان، بووه‌ته كێشه و نیگه‌رانی لێكه‌وتووه‌ته‌وه. به‌ڵام ئه‌م دیارده‌یه، دیارده‌یه‌كی جیهانییه و له‌دایكبووی ئه‌مڕۆ نییه، ئه‌گه‌رچی له‌مڕۆدا و له چه‌ندین وڵات، له هه‌ڵكشاندایه و له ناوه‌نده ڕۆشنبیرییه گشتییه‌كه‌دا خۆی سه‌پاندووه، به جۆرێك ده‌یان كه‌س كتێبیان دزیوه، له‌وانه خانه‌دانه‌كان و ئه‌دیبه‌كان و بیرمه‌نده‌كان و ڕۆشنبیران و ئه‌وانی دی. ڕۆماننووسی ئه‌رژه‌نتینی “ئه‌لبێرتۆ مانگوێل” له دایكبووی ساڵی 1948، له كتێبه‌كه‌یدا (مێژووی خوێندنه‌وه) ده‌ڵێت: “زانای بیركاری ئیتالی دۆق گۆلیلمۆ لیبری، كه ساڵی 1869 ڕۆشتووه بۆ پاریس، به‌ناوبانگترین دزی كتێب بووه له مێژوودا، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان بۆ ڕوونده‌كاته‌وه بۆچی مانگوێل، كتێبخانه‌كه‌ی كه 117 هه‌زار كتێبی له‌خۆگرتووه و كتێبه‌كانی به‌پێی پیته‌كانی ئه‌لف و بێ پۆلێنكردبوو، به كاروانێكی وشتر، له‌گه‌ڵ خۆی بردوویه‌تی بۆ پاریس و له‌سه‌ر كه‌ناره‌كانی ڕووباری سین، كتێبه دزراوه‌كانی فرۆشتووه”.
هه‌ندێك پێیانوایه بیرۆكه‌ی دزینی كتێب، به پله‌ی یه‌كه‌م بیرۆكه‌یه‌كی كه‌لتووری و ڕۆشنبیرییه و كه‌تنێك یان تاوانێك نییه كه پێویستی به سزای یاسایی هه‌بێت. چونكه زۆرجار دزەكه، كه‌سێكی داهێنه‌ر یان هونه‌رمه‌نده. چیرۆكنووس و ڕۆماننووسی عێراقی “شه‌وقی كه‌ریم حه‌سن” سه‌باره‌ت به پاڵنه‌ره‌كانی پشت دزینی كتێب، لای هه‌ندێك له نووسه‌ر و ڕۆماننووسه‌كانی عه‌ره‌ب ده‌ڵێت: “ئیمه به مانا باوه‌كه‌ی دزی، دزیمان نه‌ده‌كرد، چونكه ئێمه هه‌ستمان به شه‌رمێكی گه‌وره ده‌كرد و نه‌مانده‌زانی چۆن چۆنی خۆمانی لێ ڕزگار بكه‌ین. مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه بوو، نه‌وه‌یه‌ك ده‌یویست خۆی بسه‌لمێنێت و بوونی هه‌بێت، به‌ڵام خاوه‌نی په‌نجا فلس نه‌بوو، كه‌واته چاره‌سه‌ر چییه؟”. به‌ڵام دزینی كتێب ئه‌و متمانه‌یه تێكده‌دات و نایهێڵێت كه كتێبخانه‌كان پشتی پێده‌به‌ستن. به پێچه‌وانه‌ی ڕۆماننووسه عێراقییه‌كه، ڕۆماننووسی سوری “جان دۆست” كه له ئه‌ڵمانیا داده‌نیشێت، پێیوایه: “ناكرێت له ژێر هیچ ناونیشانێكدا، پاساو بۆ دزینی كتێب بهێنرێته‌وه. دزی جۆرێكه له ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر مافه‌كانی ئه‌وانی دی”. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ندێك نووسه‌ر به ئاشكرا ڕایده‌گه‌یه‌نن كه دزی كتێبن، له‌وانه ڕۆماننووسی كۆلۆمبی گابرێل گارسیا ماركیز (1927-2014) ده‌ڵێت: “من دزم”، هه‌روه‌ها جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه “دیارترین دزی كتێبه”. فه‌یله‌سوف و ڕۆماننووسی ڕوسی لیۆ تۆڵستۆی (1928-1910) ئه‌گه‌رچی پاره و پوولێكی زۆری هه‌بوو، به‌ڵام له‌به‌رده‌م كتێبدا، ده‌می ئاوی ده‌كرد و خۆی پێنه‌ده‌گیرا و ده‌یدزی. هه‌رچی ده‌رهێنه‌ری به‌ناوبانگی فه‌ره‌نسییه “جان لۆك گۆدار” كه ساڵی 1930 له‌دایكبووه، كتێبی ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی خۆی ده‌دزی، پاڵنه‌ره‌كه‌شی هه‌میشه حه‌ز و ئاره‌زووی بووه بۆ زانین و مه‌عریفه.
مه‌سه‌له‌كه لای به‌ناوبانگترین دزی كتێب له مێژووی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا “ستیڤن كاری بلۆمبێرگ” كه ساڵی 1948 له‌دایكبووه، جیاوازه. ستیڤن دووچاری كۆمه‌ڵێ نه‌خۆشی ده‌روونی هاتبوو، له‌وانه شه‌یدای دزینی كتێب بوو. ئه‌و زیاد له 23 هه‌زار و 600 كتێبی به به‌های زیاد له پێنج ملیۆن دۆلاری ئه‌مریكی، له مۆزه‌خانه‌كانی ویلایه‌ته‌كانی ئه‌مریكا دزیوه، ساڵی 1999 به 5 ساڵ حوكمی زیندانیكردنی به‌سه‌ردا درا.
خواستنی كتێب…دزییه‌كی ده‌مامكدار
شانۆنووسی به‌ریتانی ئیرله‌ندی جۆرج برناردشۆ (1856-1950) ده‌ڵێت: “گه‌مژه‌یه ئه‌و كه‌سه‌ی كتێب به خواستن بدات و گه‌مژه‌یه ئه‌و كه‌سه‌ی كتێبه‌كه بگه‌ڕێنێته‌وه”، هه‌ندێك له نووسه‌ران و خاوه‌ن كتێبخانه‌كان، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه‌سانێك هه‌یه، كتێب به خواستن ده‌بن، وه‌لی دوای خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كه، به پاڵنه‌ری خۆپه‌رستی/ ئه‌نانییه‌ت، كتێبه‌كه ناگه‌ڕێننه‌وه. هه‌ندێك كه‌سی دیكه هه‌یه، كتێبه‌كه به خواستن ده‌بات و نایخوێنێته‌وه و لای خۆی گلیده‌داته‌وه و وه‌ك پارچه‌یه‌ك دیكۆر، ده‌یخاته نێو كتێبخانه‌ی ماڵه‌كه‌ی. له‌م باره‌یه‌وه ئاماژه به‌وه ده‌كرێت، ژماره‌یه‌ك له ئه‌دیبه‌كان، وه‌ك چۆن دینار و درهه‌مه‌كانیان پاراستووه، ئاواش كتێبه‌كانیان له ده‌ستی ئه‌هلی خواستن پاراستووه. ئه‌وه‌تا یه‌كێك له‌وانه وتوویه‌تی:
ئه‌ی ئه‌هلی خواستنی كتێب لێمگه‌ڕێن
پێدانی كتێبه‌كانم به خواستن شه‌رمه‌زارییه
دولبه‌ركه‌م له‌م دونیایه‌دا كتێبه‌كانمه
ئایا بینیوتانه دولبه‌رێك بدرێت به خواستن
له كتێبخانه‌ی “دێر سان پیدرۆ” له به‌رشلۆنه، هۆشدارییه‌ك له‌سه‌ر شێوه‌ی نزا هه‌ڵواسراوه و تێیدا هاتووه: “هه‌ر كه‌سێك كتێب بدزێت یان كتێب بخوازێت و نه‌یگه‌ڕێنێته‌وه، كتێبه‌كه‌ی ناو ده‌ستی ببێت به ماری په‌ڵه‌دار، تووشی له‌رزێكی ترسناك و ناكۆتا ببێته‌وه و هه‌مو ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌ی له‌كار بكه‌وێت”.
ڕۆماننوسی سوری ئیبراهیم ئه‌لیوسف كه له ئه‌ڵمانیا نیشته‌جێیه ده‌ڵێت: ” سه‌باره‌ت به خواستنی كتێب، وتارێكم له یه‌كێك له ڕۆژنامه‌كانی سوریا نووسی، دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی وتاره‌كه، خانمێكی هاوڕیم كه هه‌نووكه له سوید داده‌نیشێت، په‌یوه‌ندی پێوه‌كردم و وتی: پاش كه‌مه‌كێكی دی، براكه‌م، ئه‌و كتێبانه‌ت بۆ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه كه به خواستن لێموه‌رگرتبوویت. ئیدی كه‌وته داوای لێبوردن كردن، چونكه زۆر درنگ ئه‌و كتێبانه‌ی گه‌ڕانده‌وه كه به‌ر له دوو ساڵ یان زیاتر، به خواستن بردبووی”. ئه‌و ڕۆماننووسه سورییه، له قسه‌كانیدا بۆ ماڵپه‌ڕی ئه‌لجه‌زیره نێت، به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت: “كه‌سێك نزیكه‌ی 200 كتێبی له كتێبخانه‌كه‌م، به شێوه‌ی خواستن برد، تا ئێستا یه‌ك كتێب چییه نه‌یگه‌ڕاندووه‌ته‌وه. كاتێك خه‌م و په‌ژاره‌ی خۆمم بۆ كتێبه‌كانم پیشاندا، له وه‌ڵامدا وتی: پێویست بوو له‌سه‌رت ئه‌م هه‌مو ساڵه دوا نه‌كه‌وتیتایه و زووتر باستبكردایه، ئێستا نازانم كتێبه‌كان له كوێن و چی‌یان به‌سه‌رهاتووه!”.
خۆرهه‌ڵاتناسی ئه‌ڵمانی پاول كراوس (1904-1944) كه له میسر ژیاوه و هه‌ر له‌وێش خۆیكوشتووه، له زانكۆی قاهیره كتێبی خواستووه و نه‌یگه‌ڕاندووه‌ته‌وه. ڕۆماننووسی سوری جان دۆست پێیوایه: “ئه‌و كه‌سه‌ی به نیه‌تی نه‌گه‌ڕاندنه‌وه، كتێبێك له خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌خوازێت، ئه‌وه دزییه‌كه داپۆشراو به به‌رائه‌ت و بێگوناهییه‌كی ساخته”.
فه‌توای هه‌ڵبه‌ستراو
له ناوه‌ندی ڕۆشنبیریدا وا وه‌سفی دزینی كتێب ده‌كرێت كه دیارده‌یه‌كی به‌ربڵاوه، هه‌یه شانازی پێوه‌ده‌كات و پێیوایه ئه‌وه دزی نییه، به‌ڵكو ته‌نها خوویه‌كه وهیچی دی نییه. لێره‌دا جێگای وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه له سه‌ده‌ی حه‌ڤده، دزینی كتێب به تاوان دانه‌نراوه، ئه‌گه‌ر دزه‌كه كتێبه‌كه‌ی نه‌فرۆشتایه‌ته‌وه. به‌شی هه‌ره زۆری كتێب دزه‌كان، ئه‌و كه‌سانه‌ن، گرنگی به كتێب ده‌ده‌ن و باوه‌ڕیان به‌وه‌یه كه دزینی كتێب، ئامرازێكه بۆ خۆڕۆشنبیركردن. هه‌ندێك له نووسه‌ران، وایده‌بینن به‌شێك له دزینی كتێب، هۆكاره‌كه‌ی بۆ نه‌بوونی پاره ده‌گه‌ڕێته‌وه. ئه‌وه‌ی تووشی نه‌خۆشی دزینی كتێب بووبێت، هه‌ست به تاوانی دزییه‌كه‌ی ناكات، بگره ئه‌و چه‌ندین پاساو بۆ ئه‌و كاره‌ی ده‌هێنێته‌وه. ڕۆماننووسه عێراقییه‌كه “كه‌ریم حه‌سه‌ن” ئاوا هۆكاری دزیكردنی بۆ كتێب شیده‌كاته‌وه: “هه‌ر له گه‌نجییه‌وه، جگه له كتێب، هیچ شتێكی دیكه‌مان وه‌ك خۆراك و سه‌رچاوه‌ی فیكری نه‌بوو كه هه‌ر ده‌بوا به‌ده‌ستمان بهێنایه. به‌ڵام ئه‌م خه‌ونانه، له‌به‌رده‌م ده‌ستكورتی و نه‌بوونی و حه‌سره‌تی په‌یداكردنی بژێوی ڕۆژانه، زۆر بچووك و به‌رته‌سك ببوه‌وه. له ڕۆژگاری ئێمه‌دا، نرخی كتێبه‌كان زۆر به‌رز بوو، گریفانی ئێمه‌ش تا بڵێی به‌تاڵ بوو، له هه‌ژار هه‌ژارتربوو. داواكردنی زانست، ئه‌و پاساوه بوو وای لێ ده‌كردین كتێب بدزین و ده‌ستاوده‌ستی پێبكه‌ین. ئێمه یه‌كترمان ئاگادار ده‌كرده‌وه، كه هه‌مومان یه‌ك كتێب نه‌دزین، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه بوو بتوانین كتێبه دزراوه‌كان، له‌ناو خۆماندا ئاڵوگۆڕ بكه‌ین”.
به‌سه‌رهات و چیرۆكی دزینی كتێبه‌كان، له ژماردن نایه‌ن، نه‌ك ته‌نها له نێوان خوێنه‌رانی نه‌ناسراو، بگره له نێوان خودی نووسه‌ره‌كانیش. كتێبخانه‌ی شه‌خسی نییه، كتێبێكی تیانه‌بێت له ڕێگه‌ی ته‌ڕده‌ستی یان خواستن و نه‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ی، نه‌هاتبێته ناویه‌وه. شاعیر و ڕۆماننوسی فه‌ره‌نسی جان جێنیه (1910-1986) خاوه‌نی كتێبی “ڕۆژانه‌ی دزێك” ئاوا وه‌سفی خۆی ده‌كات: “به‌ناوبانگترین دزه له مێژووی ئه‌ده‌بی جیهانیدا”. ئه‌م ڕۆماننوسه فه‌ره‌نسییه جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه “دزی سه‌ركه‌وتنه بۆ مرۆڤ، دزییه‌كه له پێناو دزی نییه، سه‌روه‌ختێك ئه‌دیبێك كتێبێك ده‌دزێت، ئه‌وه سه‌ركه‌وتنه بۆ كتێبه‌كه، نه‌ك سه‌ركه‌وتنبێت بۆ خودی ئه‌دیبه‌كه، ئه‌مه‌ش به‌هایه‌كی ڕۆشنبیریی گرنگه”. كاتێك دادوه‌ره پرسیار له جان جێنیه ده‌كات كه به تۆمه‌تی دزینی كتێب ده‌ستگیر كرابوو و پێی ده‌ڵێت: “ئایا ده‌تزانی نرخی كتێبه‌كه چه‌نده؟”، ئه‌و وه‌ڵام ده‌داته‌وه و ده‌ڵێت: “نه‌خێر، به‌ڵام به‌های كتێبه‌كه‌م ده‌زانی”.
ڕۆماننووس شه‌وقی كه‌ریم، سه‌باره‌ت به ئه‌زمونی خۆی له‌گه‌ڵ دزینی كتێب، له قسه‌كانیدا بۆ ماڵپه‌ڕه‌كه، ددانیپێداده‌نێت و ده‌ڵێت: “كتێبگه‌لێكی زۆرم دزیوه كه ناونیشانه‌كانیان سه‌رنجی ڕاده‌كێشام، له‌وانه سه‌رجه‌م كاره‌كانی شاعیری گه‌وره سه‌عدی یوسف (1934-2021) كه له یه‌ك به‌رگدا كۆكرابوونه‌وه، وه‌رگێڕانی كۆی كاره‌كانی دیستۆفیسكی (1821-1881)، ڕۆمانی ده‌نگه ده‌نگ و توندوتیژی” نووسه‌ری ئه‌مریكی ولیام فۆكنه‌ر (1897-1962)، هه‌روه‌ها چاپی یه‌كه‌می ڕۆمانی سه‌د ساڵ ته‌نیایی ماركیز-م دزی، سه‌رجه‌م كاره‌كانی تیشخۆف-م دزی، له هه‌موی جوانتر و نایابتر، ئه‌وه بوو سه‌رجه‌م كاره‌كانی پزیشكه نه‌مساییه‌كه سیگمۆند فرۆید-م دزی (1856-1939).
به‌ڵام ئه‌نجامدانی ئه‌م دزییه، به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر په‌رۆشی بۆ خوێندنه‌وه. وه‌لێ دزه‌كه “ئه‌دیبه‌كه” به‌ره‌و سه‌رپێچی و پێشێلكردنی یاسا ده‌بات، وه‌ك ئه‌وه‌ی جان دۆست له قسه‌كردنه‌كه‌یدا بۆ ئه‌لجه‌زیره نێت، جه‌ختی لێكردووه‌ته‌وه و ده‌ڵێت: “ساڵی 1985، ساڵی یه‌كه‌می زانكۆم بوو له زانكۆی حه‌له‌ب، سه‌ردانی پێشه‌نگایه‌كی كتێبم كرد كه له زانكۆ كرابوه‌وه. به ڕێكه‌وت چاوم كه‌وت به كتێبێكی بیرمه‌ندی ماركسی توركی حیكمه‌ت قفڵجملی، پاره‌ی كڕینی كتێبه‌كه‌م پێنه‌بوو، ناونیشانی كتێبه‌كه بۆ گه‌نجێك كه ده‌یویست هه‌مو شتێك له‌باره‌ی ماركسیزم بخوێنێته‌وه، سه‌رنجڕاكێش بوو. نازانم چۆن چۆنی ده‌ستم بۆ درێژ كرد، هه‌ڵمگرت و خزاندمه ژێر قایشی ئه‌و پانتۆڵه‌ی بۆ زانكۆ له‌به‌رمكردبوو”. جان دۆست له درێژه‌ی قسه‌كانیدا، ئاوا باسی ئه‌و حاڵه‌ته ده‌كات: “له ترس و له شه‌رما، ئاره‌قم كرده‌وه، چیتر هیچ شتێكی به‌رده‌می خۆمم نه‌ده‌بینی، ئیدی به‌رگه‌ی مانه‌وه‌م له هۆڵه‌كه‌دا نه‌گرت، بگره به هه‌نگاوی قورس و له‌رزۆكه‌وه هاتمه ده‌ره‌وه، بێ ئه‌وه‌ی ئاوڕ له دوای خۆم بده‌مه‌وه ده‌ستم كرد به ڕۆشتن، تا مه‌سافه‌یه‌كی زۆر له باڵه‌خانه‌ی كۆلێژی زانست دووركه‌وتمه‌وه.” دواتر جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێت: “به‌دڵنیایی زۆره‌وه ئه‌گه‌ر پاره‌ی نرخی كتێبه‌كه‌م پێبوایه، ئه‌وا ده‌ستم بۆ درێژ نه‌ده‌كرد”.
سه‌رچاوه
عبدالرحمان مظهر الهلوش، الجزیرة نیت، 12-9-2022