ئایا توانای خوێندنه‌وه‌ی قووڵمان له‌ده‌ستداوه؟
نووسینی: ئه‌نیسه مه‌خالدی
توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێ هۆكاره‌كه‌ی بۆ ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه.
“خوێندنه‌وه كلیلی عه‌قڵه و خۆراكی ڕۆحه”، به‌ڵام به‌پێی توێژینه‌وه نوێیه‌كان بێت، له‌گه‌ڵ ته‌قینه‌وه و فراوابوونی زانیارییه‌كان و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، خوێندنه‌وه به شێوه‌یه‌كی خێرا له پاشه‌كشه‌دایه، به تایبه‌ت خوێندنه‌وه‌ی قووڵ. دوا توێژینه‌وه‌ی په‌یمانگای نیشتیمانی فه‌ره‌نسی بۆ كتێب ((سي إن إل) ئاشكرای كردووه كاتی ته‌رخانكراو بۆ خوێندنه‌وه، زۆر كه‌می كردووه. به ڕاده‌یه‌ك كه‌می كردووه له هه‌فته‌یه‌كدا، ته‌نها له سێ كاتژمێر تێناپه‌ڕێت، له‌به‌رامبه‌ردا ڕووبه‌ری ته‌رخانكراو بۆ شۆشیال میدیا و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و بڵاوكراوه ئه‌لیكترۆنییه‌كان، ڕۆژانه زیاد له سێ كاتژمێر و نیوی بۆ ته‌رخانكراوه. ئه‌گه‌رچی له‌و كاته‌وه‌ی چووینه‌ته ناو ته‌كنه‌لۆژیای دیجیتاڵییه‌وه، چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامی له‌و جۆره ده‌كرێت. وه‌لێ ئه‌وه‌ی له‌م توێژینه‌وه تازانه‌دا نوێیه، بریتییه له ئاشكراكردنی دیارده‌ی پاشه‌كشه‌كردن له “خوێندنه‌وه‌ی قووڵ”.
دیارده‌ی پاشه‌كشه‌كردن له خوێندنه‌وه‌ی قووڵ، واته نه‌مان و له ده‌ستدانی توانا بۆ خوێندنه‌وه‌ی له‌سه‌رخۆ و به‌رده‌وام كه به پله‌ی یه‌كه‌م، پشت به لێوردبوونه‌وه له ماناكان و وشه نووسراوه‌كان ده‌به‌ستێت. به گوێره‌ی هه‌مان توێژینه‌وه، 47% فه‌ره‌نسییه‌كان، وه‌ڵامیان داوه‌ته‌وه ته‌نها بۆ ده خووله‌ك، ده‌توانن به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام بخوێننه‌وه. ئه‌وان زۆرجار خوێندنه‌وه‌كه‌یان له ماوه‌ی ئه‌و ده خووله‌كه‌شدا، له كاتی گۆڕینی كه‌ناڵه‌كانی ته‌له‌فزیۆن یان له كاتی گه‌ڕان به ناو تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا، ئه‌نجامده‌ده‌ن. ته‌نانه‌ت هه‌ندێكایان به‌ده‌م خوێنده‌وه‌وه، وه‌ڵامی نامه‌كانی مۆبایله‌كه‌ی ده‌داته‌وه یان گوێی له مۆسیقا گرتووه.
ڕۆژنامه‌ی “سلات” له چاپه فه‌ره‌نسییه‌كه‌یدا، له وتارێكدا به‌م ناونیشانه: “ئایا هه‌ست ده‌كه‌یت چیتر توانای خوێندنه‌وه‌ی كتێبت نه‌ماوه؟ ئه‌مه په‌تایه‌كی به‌ربڵاوه”. ڕۆژنامه‌كه باس له‌و دیارده‌یه ده‌كات و له وتاره‌كه‌دا هاتووه: “له كاتێكدا لێشاوێك له نامه‌ی ئه‌لیكترۆنی و خێرا، له چه‌ندین تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی جیاواز جیاوازه‌وه، ته‌نها یه‌ك كلیك لێته‌وه دووره، ئا له‌و كاته‌دا، زه‌حمه‌ته ته‌ركیز بخه‌یته سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی كتێب. هه‌ر هێنده‌ی لاپه‌ڕه‌ی ماڵپه‌ڕێك یان پێگه‌یه‌كت كردووه، ده‌بینیت ڕیكلامه‌كان و لینكی به‌سته‌ره‌كان، به‌ڕووتدا ده‌كرێنه‌وه. ئاماده‌گیی و بوونی به‌رده‌وامی ئه‌م پاڵنه‌رانه/ المحفزات، وا ده‌كات گواستنه‌وه‌ی زانیاری له نێوان یاده‌وه‌ریی هه‌ستیی و یاده‌وه‌ریی گشتیدا ڕا‌وه‌ستێت. دواتریش له نێوان یاده‌وه‌ریی چالاك و یاده‌وه‌ریی دوور مه‌ودا دا ڕا‌وه‌ستێت”. ئه‌مه‌یه شاره‌زایان جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كه‌نه‌وه و هۆشداری له‌باره‌وه ده‌ده‌ن، به‌وه‌ی له‌وانه‌یه ئه‌وه‌ی پێیده‌وترێت “مێشكی خوێندنه‌وه‌ی قووڵ” له‌ناوبچێت، ئه‌گه‌ر فێری ئه‌وه نه‌بین كه چۆن چۆنی خۆمان له سه‌رقاڵییه‌كانی تۆڕه جاڵجاڵۆكه‌ییه‌كه‌ی ئینته‌رنێت دووربخه‌ینه‌وه.
نووسه‌ری ئه‌مریكی “نیكۆلاس كار” یه‌كه‌م ڕۆشنبیر بوو له كتێبه‌كه‌یدا “ئینته‌رنێت چی به عه‌قڵمان كردووه” زه‌نگی مه‌ترسییه‌كه‌ی لێدا، ئه‌و كتێبه گه‌شته لیسته كورته‌كه‌ی خه‌ڵاتی پۆلیتزه‌ر. نووسه‌ر سه‌ره‌تای كتێبه‌كه‌ی به‌م په‌ره‌گرافانه ده‌ستپێده‌كات: “به‌م دواییانه هه‌ستێكی ناخۆش و بێزاركه‌ر دایگرتووم، وا ده‌زانم كه‌سێك یاری به عه‌قڵم ده‌كات. خوێندنه‌وه‌ی كتێبم زۆر لا قورس بووه، دوای لاپه‌ڕه‌یه‌ك یان دوو لاپه‌ڕه، ته‌ركیزم په‌رش و بڵاوده‌بێت… هه‌ست به دڵه‌ڕاوكه ده‌كه‌م و به‌دوای شتێكی دیكه‌دا ده‌گه‌ڕێم ئه‌نجامیبده‌م. هه‌ستده‌كه‌م به گه‌ڕانه‌وه‌ی عه‌قڵی دواكه‌وتووم بۆ تێكسته‌كه، كاته‌كانم به‌فیرۆده‌ده‌م… خوێندنه‌وه‌ی قووڵ كه جاران به شێوه‌یه‌كی سروشتی ده‌هات، هه‌نووكه بووه به ململانێیه‌كی سه‌ختی ڕۆژانه”.
هه‌مان ئه‌م تێبینییه، له‌لایه‌ن “كاترین هایلس”یشه‌وه كه مامۆستای ئه‌ده‌به له زانكۆی دیوك، هه‌ستی پێكراوه و له كتێبه‌كه‌یدا “خوێندنه‌وه و بیركردنه‌وه له ناوه‌ندی دیجیتاڵیدا” ئاماژه‌ی پێداوه و نیگه‌رانی خۆی له بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌یه خستووه‌ته‌ڕوو، دیارده‌یه‌ك خه‌ریكه ده‌بێته هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر پێشكه‌وتنی توێژینه‌وه و مه‌عریفه. ئه‌م خانمه سه‌باره‌ت به ئه‌زموونی خۆی وه‌ك مامۆستایه‌كی زانكۆ ده‌ڵێت: “هه‌رچه‌نده هه‌وڵێكی زۆرمدا، كه‌چی سه‌ركه‌وتوو نه‌بووم له‌وه‌ی وا له خوێندكاره‌كانم بكه‌م، ته‌نانه‌ت ڕۆمانێكی كورتی فۆكنه‌ر-یش بخوێننه‌وه. كاتێك داوای توێژینه‌وه‌یه‌كیان له‌سه‌ر نووسه‌رێك لێده‌كه‌م، ده‌بینم په‌نا بۆ گوگڵ ده‌به‌ن و هه‌ندێك په‌ره‌گراف له كتێبه‌كانی ده‌هێننه‌وه. چونكه ئه‌وان زۆر به ساده‌یی، ناتوانن كتێبێك له سه‌ره‌تاكه‌یه‌وه بۆكۆتاییه‌كه‌ی بخوێننه‌وه”.
سه‌ندیكای نیشتیمانی فه‌ره‌نسی بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه، ئه‌ویش لای خۆیه‌وه، هۆشداریداوه له‌و دۆخه‌ی خوێندنه‌وه‌ی قووڵ تێیكه‌وتووه. ئه‌و سه‌ندیكایه له دوا ڕاپۆرتیدا كه له پێگه‌كه‌ی خۆی بڵاویكردووه‌ته‌وه، باس له سووده‌كانی خوێندنه‌وه‌ی قووڵ ده‌كات و ده‌ڵێت: “خوێندنه‌وه‌ی قووڵ سودی زۆره: وه‌ك په‌ره‌پێدانی بیركردنه‌وه و گێڕانه‌وه له‌سه‌ر بنه‌مای لۆژیكی یه‌ك له دوای یه‌ك، په‌ره‌پێدانی یاده‌وه‌ری ڕووداوه‌كان، هه‌روه‌ها سه‌رنج و ته‌ركیز و گه‌شه‌كردنی هه‌ستی ڕه‌خنه‌یی تاك باشتر و به‌رزتر ده‌كاته‌وه”.
هه‌مو ئه‌و به‌ڵگه و گه‌واهیده‌رانه، په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ ئینته‌رنێت درێژ ده‌كه‌ن، ئینته‌رنێت به به‌رپرسی پاشه‌كشه‌ی وشه‌ی نووسراو له به‌رده‌م ئامرازه‌كانی بیستن و بینین داده‌نێن. ئاخر ته‌كنه‌لۆژیا شێوازی وه‌رگرتنی گۆڕیوه، كار گه‌شتووه به‌وه‌ی ته‌كنه‌لۆژیا، لافاوێك له ناوه‌رۆكمان ده‌خاته به‌رده‌ست كه پێویستی به خوێندنه‌وه‌یه‌كی خێرا و كورت و ڕووكه‌شانه‌یه. تا بڕی ئه‌م ناوه‌رۆكانه كه وه‌ریانده‌گرین زیاد بكات، كوالێتییه‌كه‌ی نزم و خراپتر ده‌بێت. هه‌ر بۆیه وامان لێهاتووه زیاتر مه‌یلمان به‌لای وه‌رگرتنی زانیاری ناخۆش، له‌گه‌ڵ وێنه‌و سه‌ر دێڕ و كۆمێنتی خێرادا هه‌بێت. زانیارییه‌كان به شێوه‌یه‌كی هێجگار زۆر به‌رده‌ستن، به‌ڵام قسه‌كردن له‌سه‌ر زانیارییه‌كان، بووه‌ته قسه‌كردنێكی هاكه‌زایی و ڕووكه‌شانه. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه ده‌ركه‌وتووه، ئه‌وه‌یه ئه‌م دیارده‌یه ئێمه‌شی گرتووه‌ته‌وه، چونكه ئێمه‌ش تا بێت زیاتر و زیاتر له‌سه‌ر شاشه‌كان و ئامرازه‌كانی ته‌كنه‌لۆژیای مۆدرێن ده‌خوێنینه‌وه، له به‌رامبه‌ردا خوێندنه‌وه‌ی كتێب و لاپه‌ڕه كاغه‌زییه‌كانمان پشتگوێخستووه.
توێژینه‌وه زانستییه‌كه‌ی توێژه‌ری نه‌رویژی “ئان مانجن”، ئه‌و حاڵه‌ته‌ی سه‌ره‌وه پشتڕاست ده‌كاته‌وه. ئه‌م خانمه له توێژینه‌وه‌كه‌یدا، داوا له دوو تیمی خوێنه‌ر ده‌كات كه چیرۆكێكی بۆ كورت و پوخت بكه‌نه‌وه. تیمی یه‌كه‌م له میانه‌ی خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌وه، تیمی دووه‌م له میانه‌ی خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كه به شێوه‌ی ئه‌لیكترۆنی و له‌سه‌ر ئینته‌رنێت. ئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌وه بوو، ئه‌و تیمه‌ی تێكسته‌كه‌یان له‌سه‌ر وه‌ره‌قه خوێندبوه‌وه، له كورتكردن و پوختكردنی چیرۆكه‌كه‌دا سه‌ركه‌وتووتربوون. توێژینه‌وه‌یه‌كی ئه‌مریكیش گه‌شتووه به هه‌مان ئه‌و ده‌رئه‌نجامه، توێژینه‌وه ئه‌مریكییه‌كه له‌سه‌ر 170 هه‌زار خوێنه‌ر كراوه، ده‌ركه‌وتووه خوێندنه‌وه‌ی كتێبی كاغه‌زیی، ناوچه‌كانی مێشك/ ده‌ماغ بۆ یاده‌وه‌ری و قسه‌كردن چالاكتر ده‌كات. جگه له‌وه ده‌ركه‌وتووه شێوه و به‌رگی كتێبه‌كه و بۆنه‌كه‌ی و ژماره و ئه‌ستوری لاپه‌ڕه‌كانی، هه‌ر هه‌مو ئه‌وانه، یارمه‌تی مێشكمان ده‌دات ئه‌و زانیارییانه‌ی كه پێیده‌گات وه‌ربگرێت و له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كاتدا باشتر، پارێزگاری‌یان لێبكات. به‌ڵام ئه‌و چیرۆك و ڕۆمانانه‌ی له‌سه‌ر شاشه‌كان ده‌خوێنرێنه‌وه، په‌یوه‌سته به ئه‌زمونێكی هه‌ستییه‌وه كه كه‌متر دیاریكراوه. لێره‌وه به شێوه‌یه‌كی كه‌متر ده‌مێنێته‌وه و كه‌متر پارێزگاری لێده‌كرێت.
توێژه‌ری فه‌ره‌نسی “ئیف سیتۆن” كه مامۆستای ئه‌ده‌به، له كتێبه‌كه‌یدا “ته‌كنه‌لۆژیای به‌ئاگاهێناوه”، پێیوایه كێشه هه‌ره گه‌وره‌كه‌ی ئامرازه‌كانی ته‌كنه‌لۆژیای مۆدرێن، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌یه: “ڕاسته ته‌كنه‌لۆژیا تا ڕاده‌یه‌كی كه‌م به‌رپرسه له پاشه‌كشه‌كردنی ڕێژه‌ی خوێندنه‌وه، چونكه وه‌ك چۆن شیرینی سه‌رنجمان ڕاده‌كێشێت، ته‌كنه‌لۆژیاش به هه‌مان شێوه سه‌رنجمان ڕاده‌كێشێت. به‌ڵام ئه‌مه هه‌رگیز به‌و مانایه نییه كه پێویسته له‌سه‌رمان مۆبایله‌كانمان و تابلۆ ئه‌لیكترۆنییه‌كان ڕابگرین. چونكه ئه‌وه‌ی ڕێگره له‌وه‌ی به قووڵی ڕۆبچینه نێو كتێب خوێندنه‌وه‌وه، بریتییه له هه‌وڵی ڕاكێشانی سه‌رنجمان كه هه‌مو چركه‌یه‌ك ڕوبه‌ڕووی ده‌بینه‌وه. سه‌رنجمان وه‌ك كاڵایه‌كی ده‌گمه‌نی لێهاتووه، كۆمپانییاكان، له میانه‌ی پێگه ئه‌لیكترۆنییه‌كان و ئه‌پلیكه‌یشنه‌كان و تۆره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ڕیكلامه‌كانه‌وه، كێبڕكێیانه له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی سه‌رنجمان. ئه‌مه‌ش ژینگه‌یه‌كی دیجیتاڵی به‌رده‌وامی سه‌رقاڵكه‌ر ده‌خولقینێت كه تێیدا ته‌ركیزكردن زۆر سه‌خت و قورسه”.
ئه‌وه‌یه “خێراكردن/ التسارع”ی كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتووریی؛ كه فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی هاوچه‌رخ “هرمۆرت رۆزا” قسه‌ی له‌باره‌وه كردووه و پێیوایه مرۆڤی هاوچه‌رخ، زه‌مه‌نێكی خێرا و نیگه‌ران و به هه‌ڵه ده‌ژی، ده‌رهاویشته‌كانی له كه‌لتوور و هه‌مو كایه‌كانی دیكه‌دا به ڕوونی ده‌رده‌كه‌وێت. ئیمه وامان لێهاتووه مه‌یلمان به‌لای خواردنی خێرادایه و په‌یوه‌ندیكردن به ئه‌ندامانی خێزانه‌وه، له چاو جاران و سه‌رده‌می باوباپیران، كه‌متر بووه. سه‌یركردنی ته‌له‌فزیۆن، په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی، په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی، هاتوچۆ، ئه‌نجامدانی كاری كارگێڕی، خوێندنه‌وه، هه‌ر هه‌موی به‌هۆی ته‌كنه‌لۆژیاوه كه به‌ڕێوه‌یانده‌بات، به‌شێوه‌یه‌كی خێرا ڕووده‌ده‌ن.
فه‌یله‌سوف و مێژوونووسی فه‌ره‌نسی “مونا ئازرۆڤ” پێیوایه ئه‌وه‌ی بووه‌ته ڕێگر له خوێندنه‌وه‌مان، بریتییه له سه‌ختی و دژواری به‌ده‌ستهێنانی ئارامی و هێمنی و گۆشه‌گیری، ته‌نانه‌ت بێزاریش بووه‌ته شتێكی ده‌گمه‌ن. ئه‌م فه‌یله‌سوفه له كتێبه‌كه‌یدا: “له سه‌رخستنی كێشه‌ی كتێب دا” ده‌ڵێت: “سه‌روه‌ختێك ده‌ست به خوێندنه‌وه ده‌كه‌ین، له دونیای ده‌ره‌وه داده‌بڕێین، به‌ڵام مرۆڤی هاوچه‌رخ، حه‌زی به‌و هه‌سته نییه كه له ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی دابڕاوه”. ساڵانێك دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی كتێبی “ئینته‌رنێت چی به عه‌قڵمان كردووه؟” هێشتا نووسه‌ره‌كه‌ی “نیكۆلاس كار”، بڕوای به‌وه‌یه ئیمه چه‌ند هه‌نگاوێك دوورین له زه‌مه‌نی پۆست خوێندنه‌وه، بگره ئه‌و پێشبینی ئه‌وه ده‌كات خوێندنه‌وه‌ی قووڵ نه‌مێنێت و له چه‌ند ساڵی كه‌می داهاتوودا، خوێندنه‌وه‌ی قووڵ ته‌نها تایبه‌ت ده‌بێت به ده‌سته‌بژێر. هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو “ماثیۆ كروفۆرد”ی فه‌یله‌سوف له كتێبه‌كه‌یدا “بۆچی جیهانمان له ده‌ستدا و چۆن به‌ده‌ستی بێنینه‌وه” باسی ده‌كات. ئه‌م فه‌یله‌سوفه له‌و كتێبه‌یدا باس له سیناریۆیه‌كی كاره‌سات ئامێز ده‌كات، كاره‌ساتێك تێیدا خوێندنه‌وه‌ی قووڵ، ته‌نها تایبه‌ت ده‌بێت به كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی زۆر كه‌م. ئاینده‌ی خوێندنه‌وه‌ی قووڵ، وه‌ك جیاوازی نێوان دوو هۆڵ ده‌خاته‌ڕوو، هۆڵی فرۆكه‌خانه‌كان كه پڕه له قیڕه‌قێڕ و هاتوهاواری بڵندگۆكان و شاشه‌ی ڕیكلامه‌كان و سه‌رقاڵییه ته‌كنه‌لۆژییه‌كان، له‌گه‌ڵ ئه‌و هۆڵانه‌ی تایبه‌ته به پیاوانی خاوه‌ن كار‌و ده‌سته‌بژێر كه تێیدا ڕێگه ده‌درێت به‌هێمنی و وردبینییه‌وه كار و خوێندنه‌وه ئه‌نجامبدرێت، به‌ڵام بۆخه‌ڵكانێكی زۆر كه‌م.
له نێو ئه‌م تیۆره ڕه‌شبینانه‌دا، هێشتا هه‌ندێك لایه‌ن، بێ ڕاوه‌ستان و به‌رده‌وام له هه‌وڵی چاندنی خۆشه‌ویستی خوێندنه‌وه و كتێبن و هیوادارن به گوڕ و تینێكی به‌هێزه‌وه بگه‌ڕێته‌وه. كۆمه‌ڵه‌ی “بێده‌نگ… ئێمه ده‌خوێنینه‌وه” كه تایبه‌ته به “ئۆلیڤییه دۆلایی”ی ده‌رهێنه‌ر و “دانیاڵ سلیناڤ”ی ئه‌كادیمیست، قه‌ناعه‌تیان به زیاد له هه‌زار ده‌زگای فێركاری فه‌ره‌نسی هێناوه، مه‌راسیمی تایبه‌تمه‌ند ئه‌نجامبده‌ن، به‌وه‌ی ڕۆژانه واز له هه‌مو چالاكییه‌كی په‌روه‌رده‌یی بێنن و له ژێر هه‌ر بارودۆخێكدا بێت، پانزه خووله‌ك بۆ خوێندنه‌وه ته‌رخان بكه‌ن. له هه‌مان كاتدا، حكومه‌تی فه‌ره‌نسا وا سه‌یری خوێندنه‌وه ده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ی “دۆزێكی نیشتیمانی” بێت و ده‌ستیكردووه به ئه‌نجامدانی هه‌ڵمه‌تێكی هۆشیاركردنه‌وه‌ی نیشتیمانی بۆ هاندانی خوێندنه‌وه. به‌تایبه‌ت لای منداڵانی قوتابخانه‌كان و ئامرازه جیاواز جیاوازه‌كانی لە میدیاوه.
سه‌رچاوه: الشرق الاوسط، سێ شه‌ممه،17كانونی دووه‌م، 2023