ڕۆشنبیریی پشووی نیە
رامین جهانبگلو
وەرگێڕانی: ڕێبین هەردی
– بۆ دەستپێکی گفتوگۆکە هەستدەکەم دەبێت لەمانا و چەمکی ڕۆشنبیرەوە دەست پێبکەین، بەتایبەتی کە بۆچوونی جیاواز بۆ وشەی ڕۆشنبیر هەیە و پێناسی جیاوازی بۆ کراوە. لەهەندێک لە پێناسەکاندا تەنانەت ئەو مامۆستایانەی کە وانەش دەڵێنەوە، بە ڕۆشنبیر ناو دەهێنن و لەهەندێک پێناسی تردا ڕۆشنبیری بەستراوە بە مۆدێرنەو بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەوە؟ ئێوە چۆن دەڕواننە ئەم مەسەلەیە؟
– بەبڕوای من هەڵەیە گەر کاری ڕۆشنبیری لە بیرکردنەوەدا کورت بکرێتەوە، ڕۆشنبیر لەگەڵ لێکۆڵیارێکدا جیاوازیەکی هەیە، لەگەڵ نووسەردا جیاوازیەکی هەیە، لەگەڵ زانایە جیاوازیەکی هەیە، لەگەڵ هونەرمەندا جیاوازیەکی هەیە. کەسێک کە ناوی ڕۆشنبیری ڵێدەنێن کەسێک نیە کە تەنیا بیر دەکاتەوە، بەڵکو کەسێکە کە بیرکردنەوەی خستۆتە خزمەتی هەقیقەتەوە. من بەم مانایە جەخت لەوە دەکەم ڕۆشنبیر کەسێکە لەناوی هەقیقەت و بۆ هەقیقەت دەژی. ئەگەر ئەم مانایەمان قەبوڵ بێت، ئەوا دەبێت ڕۆشنبیری ویژدانی بەخەبەر و نەنووستوی کۆمەڵگا بێت، ئەگەر نەڵێن ویژدانی بەخەبەری جیهان بێت. ڕۆشنبیر کەسێکە کە وەک ئەلبێر کامۆ دەڵێت هوشیارە بەخودی خۆی و بەردەوامیش ئەم خودە دەخاتە ژێر پرسیارەوە، و بەم پرسیارکردنە لە خودیش، جیهانی دەوروبەری خۆشی دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
– لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشێ، ئەگەر ڕۆشنبیر ویژدانی بەخەبەری کۆمەڵگاکەی بێت، هەقیەقەت سنووردار دەبێت بەیەک کۆمەڵگا، لەکاتێکدا ئەم هەقیقەتە یەک مانای لەهەموو کۆمەڵگاکاندا نیە، و لەهەماکاتدا زۆر ئاسان بەدەست ناهێنرێت و بەڵکو زۆرتر دەبێت بەدوایدا بگەڕێین. ئێستا ئەو پرسیارە دێتە پێشێ ئایا گەڕان بە دوای هەقیقەتێکی وادا ، ناکۆک نیە بەو تاکگەریەی بەهەرشێوەیەک بووە پەیوەندی بە ڕۆشنبیریەوە هەیە؟
– نا! تەماشاکە ئەم هەقیقەتە ڕێژەیی نیە. ئەو هەقیقەتەی من گووتم چەمکێکی هەمەکیە. ئەم هەقیقەتە وەک ئاسۆیەکە کە چەند لێی نزیک ببنەوە، دورتر دەکەوێتەوە. لەبەرئەوە ئەمە ئەو هەقیقەتە نیە کە ئێوە بتوانن دەستان پێی بگات. ئەم هەقیقەتە ئەزموونێکە کە ڕۆشنبیر بەدرێژایی ژیانی بەدەستی دێنێت. ئەگەر ڕۆشنبیر بیەوێت هەقیقەت بەدەست بێنێت و بیکات بە هەقیقەتی ڕەها، ئەوا چیدی ڕۆشنبیر نیە، بەڵکۆ ئایدۆلۆژیستە. جیاوازی نێوان ئایدۆلۆژیست و ڕۆشنبیریش هەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەم خاڵە: ئایدۆلیۆژیستەکان کەسانێکن دەیانەوێت پەیڕەوی لە هەقیقەتێک بکەن و ئەو هەقیقەتە بۆ ئەوانی دی بسەلمێنن و بسەپێنن. لەبەرئەوە لە شوێنێکدا دەوەستن، بەڵام ڕۆشنبیر دەبێت کەسێک بێت کە (گریمان هەر ئەم ئالبێر کامۆیە لە فەڕەنسا یان کەسێکی وەک ئیدوارد سەعید) بەردەوام تەنانەت ڕابردووی خۆشی دەخاتە ژێر پرسیارەوە و بتوانێت میتۆدەکانی خۆی لە قوناغە فکریەکانی ڕابردوودا بخاتە ژێر پرسیارەوە.
– ..و زۆرتر پرسیار دروست دەکەن.
– بەڵێ. ڕێک پرسیار بەرهەم بێنن. واتە ڕۆشنبیر خۆی پرسیارکەرە و ڕۆشنبیریش پرۆژەیەکی فەلسەفیە.
– واتە ڕۆشنبیر بەناچار فەیلەسوفە؟
– مەرج نیە بۆ ڕۆشنبیر بوون، فەیلەسوف بیت. بەڵام ڕۆشنبیری خۆی پرۆژەیەکی فەلسەفیە. واتە پرۆژەیەکە کە تیایدا ڕەخنەگرتن و بیری ڕەخنەگرانە هەیە، و ئەمەش خۆی دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی پرۆژەی فەلسەفی.
– بەم ڕوونکردنەوانە ڕۆشنبر چەمکێکی نەتەوەیی و خۆماڵیە یان چەمکێکی گەردوونی یان ئەم دوانە پێکەوە کۆ دەبنەوە؟
– ئەمە پرسیارەکی باشە. من بڕواموایە هەموو ڕۆشنبیرێک لە شوناسێکی جۆگرافیدا دەژی، و هەرلەبەرئەمەش گەردوونیە. من هەمیشە ئاماژە بۆ ئەدەبیاتی گەردوونی گۆتە دەکەم. تەماشاکە! گۆتە بڕوای وابوو زمانێک بۆ ئەوەی دەوڵەمەند بێت، دەبێت سوود لە زمانەکانی دی وەربگرێت، و ئەو زمانانە بێنێت و تێکەڵ بە خۆی بکات. نەک ئەوەی ئەو زمانەی لە دەرەوەی خۆیەتی ڕەد بکاتەوە و دەربکات. ئەمە ڕێک ئەو کارەیە کە ڕۆشنبیر دەیکات، واتە ڕۆشنبیر هەڵوێستێکی -وەک میخائیل باختین دەڵێت- ڕوو لە دەرەوەی هەیە. واتە لە پێگەی خۆی دێتە دەرێ و دەتوانێت لە کلتوورێکەوە سەفەر بۆ کلتوورێکی دی بکات، هەموو ئەو ڕەگەزانەی دەیەوێت، لە کلتووری دیەوە وەریبگرێت، بیهێنێتە ناو جوگرافیای شوناسی خۆیەوە. بەم جۆرە باشتر دەتوانێت بەرگری لە شوناسی خۆی و ڕۆحی نەتەوەیی خۆی بکات.
– کەوابوو ڕۆشنبیر بەجۆرێک لە جۆرەکان گفتوگۆی نێوان شارستایەکان گەرم دەکات؟
– واتە دەبێت بەیەک ووشە ڕۆحی نەتەوەیی لە پەیوەندیدا بێت بە ڕۆحی جیهانیەوە. کاتێک دەتوانرێت بەرگری لە ڕۆحی نەتەوەیی بکرێت کە لەپەیوەندیدا بێت بە میراتی جیهانیەوە. ئێمە کاتێک دەتوانین نوسەرێک، فیلمسازێک یان فەیلەسوفێکی ئێرانی بین، کە بتوانین لە جیهاندا جێگەیەک بۆ خۆمان بدۆزینەوە. ئەگەر ئێمە بمانەوێت لە دۆخێکی پەراوێزیدا بمێنینەوە و لەم دۆخە داخراوەدا بمێنینەوە، وەک ئەوەیە لەناو بەنداوێکدا گیرمان کردبێت کە ناتوانین لێی دەربچین. ئێمە هەم شوناسێکی ئێرانیمان هەیە، هەم دەبێت شوناسێکی جیهانیمان هەبێت.
– ئێوە گووتان ڕۆشنبیر کەسێکە بەدوای هەقیقەتدا دەگەڕێت، و گووتان مانایەکی هەمەکیتان بۆ ئەم وشەیە هەیە. بەم پێناسەیە دەکرێت بگوترێت بە ئەندازەی هەر مرۆڤێک دەکرێت چەمکی هەقیقەت و ڕێگەی گەڕان بەدوایدا و شێوازی گەڕان بە دوای هەقیقەتدا لەیەک جیاواز بێت. لە هەلومەرجێکی وادا ئەو شتەی کە وا لەیەکێک دەکات ئێرانی بێت و یەکێکی دی دەگەڕێنێتەوە بۆ فەزایەکی تر، چیە و چ جیاوازیەک لەنێوان ڕۆشنبیری ئێرانی یان فەرەنسی یان بۆ نموونە ئینگلیزدا هەیە؟
– هەمان شوناسە کە جیاوازی درووست دەکات. میکنایزمی زمانیش هیە. ئێمە بە زمانی فارسی کار دەکەین، ئەوی دی بە زمانی فەڕەنسی و یەکێکی تر بە ئینگلیزی. ئەمە بەشێکە لە میراتی نەتەوەیی. لەپاڵ ئەمەدا سوود لە میراتی جیهانیش وەردەگرین، بۆ نموونە ئێوە بیهێنە پێش چاوتان بۆ نموونە مایکڵ ئەنجلۆ یان داڤینچی.. ئەمانە ئیتاڵین، و لەهەمانکاتدا کە ئیتاڵین، ڕێنسناسیشن. واتە لەناو فکری جیهانی و هەمەکی خۆیاندان، لەناو پرۆژەیەکەی گشتی سەردەمەکەیاندا. ئێمە ناتوانین ڕەخنە لەمانە بگرین کە بۆ نموونە مایکل ئەنجلۆ بە ئیتاڵیای شیعر دەڵێت و بە ئینگلیزی نایڵێت. ئەم شوناسەی لێرەدا درووست دەبێت، شوناسی نەتەوەییە. من هەستدەکەم ڕۆشنبیر دەبێت هەمیشە بیرۆکە و ئایدیای مرۆڤ لەگەڵ خۆیدا هەڵگرێ. بۆ ئەوەی بتوانێت لەناو شوناسێکدا بیر بکاتەوە. ئەو بیرۆکەی مرۆڤەش مەرج نیە ئەو مرۆڤانەبێت کە لەدەوروبەریدان، بەڵکو مەبەست ئایدیایەکی هەمەکی ترە کەدەیخاتە ناو ڕۆحی جیهانیەوە. بە وتەی ڕۆسۆ: ((من کاتێک دەمەوێت بیر لە مرۆڤەکان بکەمەوە، دەبێت لە نزیکەوە سەیر بکەم. بەڵام کاتێک دەمەوێت بیر لە مرۆڤ بکەمەوە، دەبێت تەماشای دوور بکەم.)). لێرەدا ئێوە هەم بیر لە یەکێتی مرۆڤ دەکەنەوە، هەم لە جیاوازیەکانی مرۆڤ. ئێمە وەک ئێرانیەک دەزانین چینی، هندی، ژاپۆنی و عەرەب نین، بەڵام لەناوەخندا وەک کەسانێک کە لەدنیای ئەمڕۆدا دەژین، و سوود لە پەیوەندیەکانی دنیای ئەمڕۆ ەردەگرین ، و لە ڕەوتی بەجیهانیبوونداین، دەزانین ئەمڕۆ ئێمە لەم گۆی زەویەدا دەژین و هەموو پرسەکانی، جا ئەو پرسانە پرسی ژینگە بێت، پرسی سیاسی بێت یان پرسی تەکنەلۆژیا بێت لەگەڵماندایە و ناتوانین ئەم پرسانە پشت گوێ بخەین. بەرپرسیارێتیمان دوو لایەنەیە: بەرپرسیاری لەبەردەم کۆمەڵگای خۆماندا و بەرپرسیاری لەبەردەم کۆمەڵگای جیهانیدا.
– واتە ڕەنگە هەندێک لە پرسیار و پرسەکانی ئێمە لە شوێنەکانی دی دنیا جیاواز بێت و هەندێکی لێکچوو بێت. تەنانەت لەنێوان ڕۆشنبیرانی ئێرانیشدا ئەگەری ئەم لێکچوون و جیاوازیە هەیە.
– بەو شێوەیەی کە هەیە. ئێمە لە سینەماشدا هەروا، لە هونەرەکانی دیشدا هەروا، لە ڕۆشنبیریشماندا هەر بەهەمانجۆر. هەندێک پرسمان هەیە دەشێت گشتی بێت، بەڵام گریمان بۆ فەڕەنسی یان ئینگلیزەکان گرنگ نەبن، چونکە ئەوان ئەوانەیان بەدەستهێناوە. بۆ نموونە هەنوکە لە ڕۆژئاوا کە چەند قۆناغێکی مەدەنیەت و هاوڵاتیبوون و تاکەکەکسی مۆدێرنی بڕیووە، ئەو پرسانە کە بۆ ئێمە لەئارادان، بۆ ئەوان لە ئارادا نیە، چونکە لای ئەوان بوون بە بەڵگەنەویست . بۆ ئەوان یاسا شتێکی بەڵگەنەویستە، بۆ ئێمە یاسا شتێکە کە تا ئێستاش زیهنیە و بابەتی نیە. واتە ئێمە هێشتا وتوێژ لەبارەی ئەوەوە دەکەین کە یاسا شتێکی باشە و دەبێت لە کۆمەڵگادا جێبەجێی بکەین. لەکاتێکدا یاسا لە وڵاتەکانی ڕۆژئاوادا دەروونی کراوە. واتە ئەو هاوڵاتیە فەڕەنسی یان ئینگلیزیەی بەیانی لەخەو هەلدەسێت، ئەم باسی یاسایەی دەروونی کردووە، لەکاتێکدا لە ئێراندا وانیە. وەک دەبینین خستنە ڕووی ئەم مەسەلانە بەتەواوی جیاوازە.
– کەوابوو دەتوانین بڵێین خستنەڕووی مەسەلەکە و پرسیارەکە ئەرکی ڕۆشنبیرە. بەڵام کاتێک ئەم مەسەلەیە چارەسەر کرا یان وەڵامێکی بۆ دۆزرایەوە، ئیدی بەشێک نابێت لە سەرقاڵیە ڕۆشنبیریەکان.
– نەخێر. بەتایبەت وشەی بەرپرسیارێتیم بەکارهێنا، تەماشاکە! بەرپرسیارێتی سنووری نیە. بەرپرسیارێتی شتێکە کۆتایی نایەت. لەبەرئەوەی ئەم بەرپرسیارێتیە وەک لیڤیناس دەڵێت بەرپرسیارێتیەکە بەرامبەر بەوی دی. ئەم ئەوی دیە دەتوانێت مرۆڤێک بێت، سروشت بێت یان ئاژەڵێک بێت. ئێوە بەرامبەر بە ژیانی ئەوی دی بەرپرسیارن، ئێوە بەرپرسیارن لەوەی توندوتیژی بەرامبەر بەوی دی نەکرێت. لەبەرامبەر ئەو شتانەی لاواز و ناسک بوون، بەرپرسیارین. لەبەرامبەر سروشتێکدا کە خەریکە لەناو دەچێت، بەرپرسیارین. لەبەرامبەر جۆرێک ئاژەڵدا کە خەریکە لەناو دەچن، بەرپرسیارین و دەبێت بیر لەم شتانە بکەینەوە. ئەمە تەنیا مەسەلەیەکی ڕۆشنبیری نیە، ڕۆشنبیرەکان ئەمانە دەکەن بە کۆمەڵێک چەمک و قسەی لەبارەوە دەکەن و ئەمەش بەرپرسیارێتی ڕاستەقینەیە و هەموومان دەگرێتەوە. ئەم بەرپرسیارێتیە سەرتاپاگیر و گەردوونیە.
– با کەمێک لە باسە تیوریەکان دوور کەوینەوە و باسی ڕۆشنبیری ئێرانی بکەین. لەبارەی ڕۆشنبیری ئێرانی و ئەو چەمکانەی دێنە ئاراوە، بۆ نموونە ئەو پۆلێنکردنەی لەنێوان ڕۆشنبیری دینی و ڕۆشنبیری ئێرانیدا دەیکەن.
– من ئەم پۆلێنکردنەوەم بەهیچ شێوەیەک قەبوڵ نیە. ئەم پۆلێنکردنە لە ڕۆژئاواشدا نیە. بۆ من ڕۆشنبیر، ڕۆشنبیرە. واتە ڕۆشنبیر کەسێکە لەناو هەقیقەت و بۆ هەقیقەت دەژی. خەباتی بۆ دەکات، و دژی درۆ دەجەنگێت. بە سروشتی دەبێت ئەمە هەڵوێستێک بێت کە ڕۆشنبیرێک هەیبێت، و دەتوانین بڵێین بۆ ئەوەی بەم ئاستە بگات، دەتوانێت سووود لە عەقڵی ڕەخنەگرانە وەربگرێت. .
بەبروای من بەتایبەتی ئێستا دوای شۆڕشی ئێران لەبەر هۆی سیاسی نەک کلتووری، ئەم جیاکاریە کراوە. بەبڕوای من ئەم پۆلێنکردنە ئەو ڕۆشنبیرانە دەیکەن کە پاشگری دینی بۆ خۆیان هەڵدەبژێرن، و بەم پۆلێنکردنەش کۆمەڵێک دەسڕنەوە، بەو بیانووی ئەوەی کە ئێمە ناومان ڕۆشنبیری دینیە. ئەمە بەو مانایەیە دێت کە کۆمەڵێک کەس هەن وەک ئێمە نین، ناوی ئەوانە دەنێن ڕۆشنبیران. کۆمەڵێک کەس کە خۆیان بە هاوڕێی کەسانی وەک شەریعەتی، عەبدولکەریم سروش یان موحسن کدیور یان یوسف ئەشکوری نازانن.
بەبڕوای من ڕۆشنبیری دینی پارادۆکسێکە. واتە شتێکە وەک ئەوەی هایدگەر پێی دەگووت (بازنەی چوارگۆشە). ئێوە ناتوانن بازنەیەکی چوارگۆشەتان هەبێت، یان بازنەتان هەیە یان چوارگۆشە. یان ڕۆشنبیری دینی یان ڕۆشنبیر..ناتوانێت هەردوکی پێکەوە هەبێت.
– بۆچی دەڵێن نابێت؟ هۆی ئەم پارادۆکسە چیە؟
– بۆچی ئەو شتەی هەیە، هەیە؟ ئەمە پرسیارێکی لایبنتزیە کە لە فەلسەفەدا دەیخەینە ڕوو. بۆ فەیلەسوف و ڕۆشنبیرێک کە نایەوێت دینداری وەک پێشگریمانەیەک وەربگرێت، وەڵامی ئەم پرسیارە ڕوون نیە. ئێوە وەڵامی ئەم پرسیارە لە ڕەوتی فەلەسەفیتان و لە پرۆسەی دیاردەناسیتان پێشکەش دەکەن. بۆ ڕۆشنبیری دینی وەڵامی ئەم پرسیارە ڕوونە، دیارە لێرەدا جیاوازیەک دروست دەبێت، واتە هەمان مەسەلەی هەقیقەت دێتە پێشێ. وەڵامی ڕۆشنبیر لە پێشەوە دیاریکراو نیە، و لە ئەزموونی فکریدا پێی دەگات. دیارە ڕۆشنبیران دەتوانن دینداریش بن و ڕۆشنبیرانێکمان هەیە مرۆڤی دینین، وەک پۆل ڕیکۆر، و لیڤیناس کە یەکێکیان پرۆتسنانتە و ئەودی دیان یەهودیە. بەڵام زۆر پێ لەسەر ئەوە دادەگرن کاتێک کاری فەلسەفی دەکەین، لۆژیکە دینیەکەمانی تێکەڵ نەکەین. چونکە گەر تێکەڵی بکەین، کارە فەلسەفیەکەمان کەموکوڕ دەبێت، و ناکرێت پرسیارە فەلسەفیەکەمان بەو شێوەیەی هەیە بخەینە ڕوو، توشی پارادۆکس دەبین. کەوابوو کاتێک لێکۆڵینەوە لە تێکستە خودایی و دینیەکان دەکەین، لەو کاتەدا بەتەواوی لێکۆڵینەوەی دینی دەکەین، بەڵام کاتێک لەناو تێکستە فەلسەفیەکاندا کار دەکەین، لەبنەڕەتدا کاری فەلسەفی دەکەین. ئەمجۆرە کارانە زۆرێک لە یەسوعیەکان ئەنجامی دەدەن، بۆ نموونە چەندان پسپۆر دەبینن کە پسپۆرن لە نیتچەدا، یان لە کانتدا، بەڵام کاتێک بۆ وانەکانیان دەچیت، ئەمانە ئیلاهیات ناڵێنەوە، بەڵکو فەلسەفە دەڵێنەوە، و ئەو پرسیارەی دەیکەن، هیچ پەیوەندی بە مەسیحیەتەوە نیە، بەڵکو باسێکی تەواو فەلسەفیە. من هەستدەکەم لە کۆمەڵگای ئێرانیدا پێویستمان بەمجۆرە دەتسنیشانکردنانە نیە. ئێمە لە کۆمەڵگای ئێرانیدا دەستنیشانکردنەکانمان دەبێت لەنێوان ڕۆشنبیری و لەمپینیزمدا ێت، نەک لە نێوان ڕۆشنبیری دینی و ڕۆشنبیری سکولار. ئەو مەترسیەی هەڕەشە لە ڕۆشنبیریی دەکات لەمپنیزمە، لەمپینزیمی فکری و لەمپنیزمی زمانی. واتە ئەوەی ڕۆشنبیرانی ئێمە وەک لەمپینەکان قسە بکەن و وەک لەمپینەکان بنوسن و وەک ئەوان بیر بکەنەوە.
– باسی جیاکاری نێوان ڕۆشنبیری و لەمپینزیم باسێکی گرنگە، بەڵام ئەگەر ڕێگە بدەن پاش کامڵبوونی باسی ڕۆشنبیری دینی بچینەوە سەری. دەکرێت لە چەند گۆشە نیگاەوە باسی ڕۆشنبیری دینی بکرێت. یەکێکیان ئەوەیە هەموو ڕۆشنبیرانی دینی یەک ئاراستەی چونیەکیان نیە و هەموویان وەک یەک نین. ڕەنگە هەندێکیان وەک ئەوە وابن کە ئێوە دەڵێن، و تەنانەت بەجۆرێک لە جۆرەکان تیولۆجیەک بن وەک ئێوە دەڵێن و بیانەوێت بەرگری عەقڵیانە لە دین بکەن. هەندێکیشیان ڕەنگە دین بابەتی کاریان بێت، واتە ئەو پرسیارانەی دەیخەنە ڕوو، لەبابەتی دین یان بواری دینیدا بێت. باسێکی دیش دێتە پێشێ، ئەوەش ئەوەیە کاتێک بەراوردێک بکەین لەنێوان ئەو ڕۆشنبیرانەی پێیان دەگوترێت ڕۆشنبیری دینی و ئەوانەی پێیان دەگوترێت ڕۆشنبیری عەلمانی، ئەوا مەسەلەکانی ڕۆشنبیرانی دینی خۆماڵیترە. ئەو مەسەڵانەی دەیهێنە پێشێ، مەسەلەکانی خۆماڵیانەی ئێرەیە. بۆ نموونە پەیوەندی خەڵک بە دینەوە، پەیوەندی خەڵک بە دەسەڵاتەوە. بەڵام ڕۆشنبیرانی دی مەسەلەکانیان خۆماڵی نیە، و زۆرتر لەبارەی مەسەلە جیهانیەکانەوە قسە دەکەن. زۆر هەقیان بەسەر مەسەلە خۆماڵیەکانەوە نیە. بۆ نموونە لە کارەکانی بابەکی ئەحمەدیدا زۆر بە دەگمەن نموونەی ئێرانیتان بەرچاو دەکەوێت. فەزاکانی هەمووی جیهانی و ڕۆژئاوایین. بەهەرحاڵ ئەو ڕۆشنبیرانەی بە ڕۆشنبیری دینی ناودەنرێن، ئەو پرسیارانە دەکەن کە پرسیاری خۆماڵین. دیارە دەکرێت ڕەخنە لەو وەڵامانە بگیرێت کە بە پرسیارەکانی دەدرێنەوە. لە لایەکی دیەوە ئێوە کێشەتان لەگەڵ زاراوەی ڕۆشنبیری ئێرانیدا نیە، واتە کێشەتان لەگەڵ ئەوەدا نیە وشەی ئێرانی بۆ ڕۆشنبیر زیاد بکەین، بەڵام بڕواتان وایە بە زیادکردنی وشەی دینی بۆ ڕۆشنبیر، توشی پارادۆکس دەبین. ئەمە بۆ من کەمێک جێگەی پرسیارە؟
– لەنێوان ئەم دووانەدا جیاوازی سەرەکی هەیە. دەکرێت باسەکە لەوێوە دەست پێبکەین کە زوربەی ئەو ڕۆشنبیرانەی خۆیان بە ڕۆشنبیری دینی دەزانن، مرۆڤی سیاسین. چەندان کەس هەن کە لەگەڵ ڕەوتی شۆڕشدا هاتن و کەمتازۆر بەشداریان لە سیاسەتی شۆڕشدا کرد. جیاوازیەکی بنەڕەتی لەنێوان کەسێکی وەک عەبدلکەریم سروش و کەسێکی وەک بۆ نموونە بابەکی ئەحمەدیدا هەیە.
– بابەکی ئەحمەدیش قۆناغێک سیاسی بووە و ئاراستەی سیاسی هەبووە. سروشیش ئاراستەی سیاسی هەبوو. من هەستدەکەم نابێت هەڵسەنگاندمان بۆ بەرهەمەکانی ئەم دوو کەسە تا دوا تەمەنیان سەرنجی لەسەر چالاکی سیاسیان بێت. دواجار ئەمانە کۆمەڵێک نووسینیان هەیە کە دەکرێت هەڵیان سەنگێنین؟
– من نەمدەویست لەو ڕوانگەیەوە هەڵیانسەنگێنم. دەمویست بڵێم هەندێکجار ناوەڕۆکی قسەکانی ڕۆشنبیرانی دینی ئایدۆلۆژی دەبێت، مەسەلەکانیان کەمتر جیهانی و زۆرتر پەراوێزیە، نەک مەسەلەی خۆماڵی و قەومی. لەبەرئەوەی ئێمە هەموومان بە بێ ئاوارتن ڕۆشنبیری ئێرانین. بۆچی ڕۆشنبیری ئێرانین؟ چونکە هەمومان بە فارسی دەنووسین. پەیوەندی لەگەڵ خەڵکی ئێرانیدا دەکەین. هەندێک زۆرتر و هەندێک کەمتر. هەموومان وتاربێژی دەکەین، کتێب دەنووسین و وانە دەڵێینەوە. لێرەدا دەبێت ئێوە جیاوازی لە نێوان نەریت و میراتدا بکەن، بۆ ئەوەی باسەکە ڕوون بێتەوە. ئەگەر ئێوە نەریت لە میرات جیا بکەنەوە، دەکرێت ئەوکاتە بڵێن ڕۆشنبیرانی عەلمانی ڕۆشنبیرانی میراتن. چونکە خۆیان دەخەنە ناو میراتێکەوە کە میراتی ئێرانیە.
– چ جیاوازیەک لەنێوان میرات و نەریتی یان میراتی و نەریتدا هەیە؟
– بەڵگەی ئێرانی بوونی ئێمە چیە؟ ئێرانی بوونمان دەگەڕێتەوە بۆ میراتێک کە هەمانە، لە ئێرانی دێریننەوە تا قۆناغی ئیسلامی و لە قۆناغی ئیسلامیەوە تا قۆناغی مۆدێرن. بە بڕوای من ئەم سێ ڕەهەندە ئەنتۆلۆجیە، لەگەڵماندایە. ئەم سێ ڕەهەندە ئەنتۆلۆجیە، سێ ڕەهەندی مرۆڤناسیشمان پێدەدات، کە ئەمانە دەبێت هاوسەنگی یەک بن. هەریەک لە ئێمە لە زانایانەوە بیگرە تا ڕۆشنبیرانی ڕۆژئاوایی تر ئەم سێ ڕەهەندەیان هەیە. من نموونەیەکی زۆر دیارتان بۆ دێنمەوە. کەسێک کە ڕەنگە زۆر بە ڕۆژئاوایی بزانیت، ڕەنگە شەوانە خەوی ئیسلامیانە ببینێت، واتە خەیاڵێکی ئیسلامی هەبێت و بە پێچەوانەوە. کەسێک کە پێدەچێت زۆر نەریتی بێت، ڕەنگە خەیاڵی ڕۆژئاوایی هەبێت، خەونی مۆدێرن بوونی هەبێت، بۆ؟ چونکە بەم ڕەهەندانەوە دەژی. ئەم ڕەهەندانە کار لە ناخودهوشیاریمان دەکەن. ئێوە سەرجەم ڕۆژێک خەریکی مۆبایل و کۆمپیوتەر و دیڤی دی و هەموو ئامرازە تەکنەلۆژیەکانن، ناخودهوشیاری کاریگەری لەسەرتان هەیە. ئێوە کەسێک نین کە لەسەدەی ١٢زاینیدا بژین. بەهەرحاڵ ئەم سەدەیە و دەرکەوتەکانی کار لە ئێوە دەکەن.
ئێمە دەتوانین بڵێین چەند تەختی جەمشید میراتی ئێمەیە، هێندەش مزگەوتی شێخ لوتفئەلاش ش میراتی ئێمەیە، ئەمە بەشێکە کە ئێمە دەکات بە ئێرانی، وەک چۆن چالاکیە ڕۆشنبیریەکانی ئێستا دەبێت بەمیراتێک بۆ ئەوانەی داهاتوو، ڕووداوەکانی ٥٠ ساڵی داهاتووش هەر وا دەبێت. چونکە ئەمانە بەشێکە لە میراتی ئەوان. دیارە هەستدەکەم باسە جدیەکان دەمێننەوە، و ئەو باسانەی کاتین لەناودەچن. هەمیشەش هەروا بووە. من پێ لەسەر ئەوە دادەگرم شوناسی نەتەوەیی ئێرانی، شوناسێکە هەموو ڕۆشنبیرانی ئێرانی هەیانە، تەنیا ڕۆشنبیرە دینیەکان خاوەنی نین. وڵاتی ئێران وڵاتێکە بۆ هەموومان درووستکراوە. هیچ کەس ناتوانێت بڵێت ئەم وڵاتە بۆ کێ هەیە و بۆ کێ نیە. ئێمە هەموومان ئێرانین، و بەشدارین لە ((ئەزموونی ئێرانیدا). تەنیا جیاوازیەکی گەورە هەیە، کەسانێک کە بە خۆیان دەڵێن ڕۆشنبیری دینی سوورن لەسەر ئەوەی قسە لەسەر مۆدێرنەی خۆماڵی بکەن، بەڵام ئەم مۆدێرنە خۆماڵیە دیار نیە سنوورەکەی چیە و چۆن دەبێت بە دەزگایی بکرێت. لەبنەڕەتدا خودی چەمکەکە ڕوون نیە، وەک چۆن خودی چەمکی ڕۆشنبیری دینی ڕوون نیە، چەمکی مۆدێرنەی دینیش چەمکێکی ئاڵۆزە. ئێمە دەبێت سەرەتا مۆدێرنە بناسین، پاشان بزانین ئەم مۆدێرنەیە چیە، و ئەو ڕەخنانەی لێیگیراوە بە دروستی بناسین، نەک ئەوەی بە سێ چوار کتێب کە لەبارەی پۆستمۆدێرنەوە وەرمانگێڕاوە، وابزانین ناسیومانە. کاتێک دەچینە ناو ئەم ڕەوتەوە، دەبێت ببینین کە ئەمە چۆن و لەچ ڕەهەندێکی ئیرانیبووندا جێگەی دەبێتەوە، ئەو کاتە دەتوانین پرسی مۆدێرنە خۆماڵی و ناخۆماڵی بهێنینە پێشێ.
– هەستدەکەم وەڵامی ئەوەت نەدامەوە کە بۆچی پاشگری ئێرانی بۆ ڕۆشنبیر بە پاداردۆکس نازانن و پاشگری دینی بۆ ڕۆشنبیر بە پارادۆکس دادەنێن؟
– وەڵامی من ئەوەبوو کە ڕۆشنبیری دینی وەک گووتم بازنەیەکی چوارگۆشەیە و ڕۆشنبیری ئێرانی، ئێرانی بوونی هیچ پارادۆکسێک درووست ناکات. ڕۆشنبیری ئێرانی کەسێکە لە فەزای ئێراندا کار دەکات، لە فەزای ئێراندا بیر دەکاتەوە، بۆ کار ئێرانیەکان دەکات. کاتێک بەزمانی فارسی دەنووسێت و دەڵێت خەریکی ئەمکارەیە، خوێنەرەکانی ئێرانیەکانن. بەشێک لە ئێرانی بوونیش دەگەڕێتەوە بۆ مەسەلە هەنوکەییەکانی ئێران. هەندێکیشی دەگەڕێتەوە بۆ شێوەی پەیوەندیکردنی لەگەڵ کلتوور و میراتی خۆیدا.
-بە بڕوای من لەبەرئەوە هەندێک کەس ئەم زاراوەیە بە پارادۆکس دەزانن، چونکە وێنایەکی پێشوەختیان بۆ دین هەیە کە بە چەمکێکی ئایدۆلۆژی دەزانن، لەکاتێکدا ئەمانە هاتوون بۆ ئەوەی ئەم ڕوانینە ڕەد بکەنەوە. واتە بەشێوەیەکی دیاریکراو کەسێکی وەک سروش بڕوای بە شتێک نیە بەناوی دیموکراسی دینی؟
– قۆناغێک سروش دەیگووت. دیموکراسی دینی.
– بەهەرحاڵ ئێستا واناڵێت. بەبڕوای من دەکرێت دوو تێڕوانینمان بۆ ڕۆشنبیری دینی هەبێت. ڕوانینێک ئەوەیە کە ئێوە دەیڵێن و دین تیایدا وەک ئایدۆلۆژیایەک تەماشا دەکرێت، و لەگەڵ ڕۆشنبیردا کۆ نابێتەوە. بەڵام ڕوانینێکی دی دەتوانێت ئەوە بێت کە دین لێرەدا فەزا و بواری چالاکیە، وەک چۆن کاتێک ئێران بە ڕۆشنبیرەوە دەلکێنین، فەزا و بواری چالاکیە. بەتایبەتی کە مەسەلەی خۆماڵیتری وەک پەیوەندی دەسەڵات و مەزهەب، جێگەی پرسیاری ئەوانە. بە بڕوای من ئەوەی تەنیا لێرەدا دەگۆڕێت، لە فەزای زماندایە کە یەکێکیان فەزای زمانێکی پێناسکراوی هەیە و زمان وەک ڕەگەزێکی دیاری دەکات، بەڵام ئەوی دیان خاوەنی فەزای زمانی نیە.
– تەماشاکە من کاتێک گووتم ڕۆشنبیری دینی پارادۆکسێکە، پێشداوەریم لەبارەی سیفەتی دینەوە نەکردووە. لای من دین مەسەلە و وتەزایەکی گرنگە، و لە مەسەلەیەکی گرنگتردا دەردەکەوێت کە ناوی ڕۆحانیەتە، کە ئەم ڕۆحانیەتەش مانا بەو کارانە دەبەخشێت کە ئەنجامی دەدەن، و ڕەنگە هەموو کەسێک بۆ ئەم مانایە بگەڕێت، ڕۆشنبیرێک، هونەرمەندێک یان مرۆڤێکی ئاساییش بەدوای ئەم مانایەدا بۆ خۆی بگەڕێت. بە بڕوای من ئەم مانایە لە قۆناغی ئەمڕۆدا تووشی قەیران بووە، و ڕۆشنبیرانی دینی پەنجە ناخەنە سەر ئەم قەیرانە. لەبری ئەوەی باسی ئەم قەیرانە بکەن، بەسەریدا باز دەدەن، دنیای ئەمڕۆ قەیرانی مانای هەیە، دەبێت لە ڕووی فەلسەفیەوە لێکۆڵینەوەی لێ بکرێت، ئێوە ناتوانن ئەم پرسە فەرامۆش بکەن و بڵێن من دەمەوێت بەردەوامی بەو دۆخە نەریتیە بدەم کە هەمبووە. نموونەی بەرجەستەی هەمان ئەو باسەیە کە ئێوە کردتان لەبارەی دیموکراسی و سروشەوە، کە سروش بڕوای بە دیموکراسی هەیە. ڕەنگە زۆر کەس بڕوایان بە دیموکراسی هەبێت. مەسەلەی گرنگ ئەو چەمک و دەزگایانەیە کە بیریان لێدەکەیتەوە. واتە کاتێک ئێوە دەڵێن من دەمەوێت دیموکراسی لە جێگەیەکدا دامەزرێنین یان دەمەوێت بیر لە دیموکراسی بکەمەوە، لەڕاستیدا بیر لەوە دەکەنەوە کە دەزگا و خەسڵەتەکانی دیموکراسی دەبێت چی بێت. یەکێک لە شتە گرنگەکان مەسەلەی تاکایەتی و مەسەلەی مەدەنیەت دەبێت، مەسەلەی پلۆرالیزمی بەهاکان و پۆلرالیزمی سیاسی دەبێت. ئەمانە هەموو ئەو شتانەن کە دیموکراسی لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێت. ناتوانیت بڵێت من لایەنگری دیموکراسیم، بەڵام دەمەوێت ئەم دیموکراسیە تەنیا لە ئیرشادی حوسینیەدا جێبەجێ بکەم. ئەو ڕۆشنبیرەی دەڵێت دەمەوێت پرسیاری فەلسەفی بکەم، دەبێت بڵێت ئەو ڕەگەزانەی دیموکراسی چین کە دەیەوێت بیری لێبکاتەوە. ئەو مۆدێلانە چین کەلە خەیاڵی مندا هەن؟ مۆدێلەکەم مەولەویە یان مۆنتیسیکۆ. لە مەولەوەیە دیموکراسی دەرناهێنرێت، خۆ موجامەلە ناکەین. لەمەولەوەیە عیرفان دەردەهێنن، بەڵام دیموکراسی نا. چونکە دیموکراسی بەتەواوی مۆدێرنە. دیموکراسی وتەزایەکە پەیوەندی بە فەلسەفەی سیاسی مۆدێرنەوە هەیە. من پرسیارم لە هاوڕێیانی ڕۆشنبیری دینی هەیە، ئایا فەلسەفەی سیاسی ئێوە چیە، بناغەکانی فەلسەفەی سیاسی ئێوە چیە و ڕەگوڕیشەی لە کوێدایە؟
– هەستدەکەم ئەوان کاتێک باسی دیموکراسی دەکەن، لانیکەم کەسێکی وەک سروش، پێناسەکەیان هیچ جیاوازیەکی لەگەڵ پێناسی مۆدێرن بۆ دیموکراسی نیە، و ئەگەر کۆڕ دەگیرێت و تیایدا باسی مەولەوی دەکرێت، بەهای باسکردنی مەولەوی تەنیا جوانکاریە، نەک وەک بنەمایەکی تایبەت بۆ دیموکراسی.
– نەمگووت مەولەوی بنەمایە. گووتم بنەماکانی دەبێت ڕوون بکرێتەوە. بنەماکان زۆر گرنگن. یەکێک لە کێشەکانی ڕۆشنبیری ئەمڕۆیی ئێران ئەوەیە ئەم چەمکانە دەشێوێنرێن. بۆ نموونە باسی لەخۆنامۆبوون یان پۆلۆرالیزم، یا دیموکراسی یا هاوڵاتیبوون دەکەیت، دەبێت بە ڕوونی بڵێیت مانای وردی ئەم چەمکانە چیە. ڕێک وەک چۆن کاتێک باسی مۆدێرنە و پۆستمۆدێرنە دەکەین، دەبێت سوود لە مانا وردەکانی وەربگرین. بۆ نموونە گریمان کەسێک سواری ئوتمبێلێکی بنز دەبێت، هەر ئەوەندەی دەعمی کرد، زنجیرەکەی دەردەهێنێت و دەستدەکات بە لێدانی بەرامبەر، ئەو کاتە بڵێین ئەو کەس چەند پۆستمۆدێرنە. بەڵام ئەمە پۆستمۆدێرنزم نیە، ئەمە دڕندایەتیە. کاتێک چەمکەکان دەشێوێن، ناتوانیت پرسیاری فەلسەفی دروست بکەیت. قسەکەی من ئەوەیە دەبێت سنوورەکانی زانین دیار بن. ئێوە ناتوانن لە زمانێکەوە کە زمانێکی تیولۆژیە، بچنە ناو زمانێکی فەلسەفیەوە. لێرەدا پێگەیەکی ئەنتۆلۆژی جیاواز هەیە. ئێوە ناتوانن لە پێگەیەکی ئەنتۆلۆژی خۆتانەوە بازدەن بۆ پێگەیەکی ئەنتۆلۆژی تر، بەهەموو ئەم مانایانەی هەیەتی و بڵێیت من دەتوانم زۆر بە ئارامی قسە بکەم. ناکرێت لە تێکستێکی نەریتیەوە دیموکراسی دەربهێنن. لەناو ئەو تێکستەوە مۆنیسیکۆت دەست ناکەوێت. ئێوە بۆ ئەوەی شێویەکی باش بەم چنینە بدەن، دەڵێن ئەمە ئەو شێوە ئێرانیە کە ئێمە هەمانە، و ئێمە بیر لە سیمای ئێرانی و خۆماڵی خۆمان دەکەینەوە، کە زۆر جیاوازە لە شێوە ڕۆژئاواییەکەی. دیموکراسی هەمیشە هەمان شت بووە. مەگەر هندیەکان هاتوون بڵێن ئەمە سیمای هندی ئێمەیە. هندیەکان دەڵێن ئێمە میراتی دینی خۆمان هەیە، کە دروستبووە لە هیندۆیزم، بۆدیزم و ئیسلام و شتی تر، ئەمەش مێژوومانە. بەڵام ئەو دیموکراسیەی کەسانی وەک گاندی و نەهرۆ باسی دەکەن، بەتەواوی دیارە. ئەگەر ڕەخنەش لە مۆدێرنە دەگرن، زۆر بە ڕوونی دەڵێن کە چیان دەوێت.
– من هێشتا بڕوام وایە ئەو ئاماژانەی هەندێک لە هاوڕێیان بۆ مەولەوی دەیکەن، زۆرتر بەهای گووتاری هەیە. ئەوان ڕوانینێکی ئایدۆلۆژیان بۆ دین نیە، واتە پاشگری دینی بۆ ئەوان ئایدۆلۆژی نیە، زۆرتر دەستنیشانکردنی فەزای کارکردنیانە. بەڵام بۆ من جێگەی سەرنجە کە جەواد تەباتەبائی لە گفتوگۆیەلدا لەگەڵ (ڕۆژنامەی هەمشەهری)، ڕەخنەیەک لە ڕۆشنبیرانی دینی دەگرێت کە لە خاڵێکدا لە ڕەخنەکەی تۆ دەچێت و لە خاڵێکیشدا جیاوازە لێی. لێکچونەکەی لەو قسەیەدا بوو کە باسەکانی ڕۆشنبیرانی دینی سیستمەی مانایی چەمکەکان دەشێوێنێت، بەڵام جیاوازیەکە لەوەدا بوو کە ئەو ڕەخنەشی لە چەمکەکانی تیولۆژیای مەسیحیەت و هێنانی بۆ ناو باسەکانی بواری دین دەگرت. مەسیحیەت و ئیسلام دوو بوونناسی جیاواز نین. ئەگەرچی پرس و کێشەکانی مەسیحیەکان و موسڵمانەکان جیاوازە، بەڵام لەڕووی بوونناسیەوە کێشەیان نیە و نابێت کێشە درووست بکات.
– تەماشاکە! ئەوەی ئێوە لەگەڵ کام قۆناغی مەسیحیەتدا ئەمکارە دەکەن، گرنگە. مەسیحیەتی ئێستا، مەسیحیەتێکە ئەفسانەی داماڵیوە. مەسیحیەتێکی مۆدێرنە، مەسیحیەتێکە کە خۆی لەگەڵ جیهانی مۆدێرندا گونجاندووە. من نموونەی ئەو فەیلەسوفە یەسوعیانەم بۆ هێنانەوە کە کاتێک باسی چەمکەکانی نیتچە دەکەن کە فەیلەسوفێکی سکۆلارە، فەیلەسوفێکی مەسیحی لێ درووست ناکەن. ناڵێن لەبەرئەوەی من مەسیحیم، کەوابوو کاتێک باسی نیتچە دەکەم، دەبێت بگۆڕێت بە فەیلەسوفێکی مەسیحی. نا هەرگیز شتی وا نیە. خۆیان لەگەڵ لۆژیکی جیهانی مۆدێرندا دەگونجێنن، لەبەرئەوەی دەزانن کە دەتوانن لەناو ئەو فەزا ماناییەدا کار بکەن، مانا بدۆزنەوە و ڕەنگە بتوانرێت بگوترێت جۆرێک ڕەوایەتی فکری و فەلسەفی بدۆزنەوە.
– من هەستدەکەم ئەگەر شتێکی وا لە کۆمەڵگای ئێمەدا ڕوو بدات، لە ڕێگەی ڕۆشنبیری دینیەوە ڕوو دەدات. واتە ناکرێت ڕۆشنبیرانی سکۆلار پرۆسەی ئەفسانە داماڵین لە ئێراندا بەشتێک بگەیەنن. لەبنەڕەتدا ئەوان ناتوانن لەگەڵ دیندا بچنە ناو دیاکۆگەوە، چونکە مەسەلەکانیان جیاوازە.
– تەماشاکە! من لایەنگری گفتوگۆم و تا ئەو شوێنەی توانیومە هەوڵمداوە لەنێوان ئەم دوانەدا ئەم گفتوگۆیە هەبێت. بەڵام بە بڕوای من ئەوەی لای ئەو کەسانەی ناوی خۆیان دەنێن ڕۆشنبیری دینی دەستناکەوێت، هەمان نەبوونی ((پرسیاری فەلسەفی))ە. ئەوان پرسیاری فقهی دەکەن، نەک پرسیاری فەلسەفی، دەگەڕێنەوە بۆ تێکستە فقهیەکان کە لەبارەی ئیلاهیاتەوەیە، وکەمتر دەگەڕێنەوە بۆ فەلسەفەی ڕۆژئاوا. لای ئەوان باسی سەرەکی، باسی فقهیە. کێشەکەی من ئەوەیە کە ئەو مانیفێستەی سوودی لێ وەردەگرن، مانیفێستی فەلسەفی نیە. بە وتەی هیگڵ مانیفێستێکی ئیلاهی- سیاسیە. ئەو شتەی لەسەدەکانی ناوەڕاستدا پێمان دەگووت مانیفێستی ئیلاهی- سیاسی. ئێمە لەسەردەمی مۆدێرندا لە لۆژیکی ئیلاهی- سیاسی هاتوینەتە دەرێ، چوینەتە لۆژیکێکی ترەوە. لۆژیکێک کە بەتەواوی ئەفسانەی داماڵیوە. ئەم لۆژیکەی ئەمڕۆ سوودی لێوەردەگیرێت، تاچ ئاستێک لۆژیکی فەلسەفیە؟ ئێمە بێین ڕاستگۆیانە ببینین تا چ ئەندازەیەک ئەم لۆژیکە، لۆژیکی فەلسەفیە. تا چ ئاستێک ئەم باسە باسی فەلسەفیە. من هەستدەکەم ئەو باسانەی دەکرێن تا ئاستێکی زۆر باسی بواری ئیلاهیات و فیقهە. قسەکەی من ئەوەیە گەر ئێوە نوێگەرێکی دینی یان ریفۆرمخوازێکی دینین، بڵێن کە من ڕێفۆرمخوازی دینیم، نەک ڕۆشنبیر. کاتێک ئێمە دەپرسین مۆدێلی ئێوە بۆ ڕۆشنبیری کێیە، دەڵێن ڕۆشنبیری دینین. کاتێک دەڵێین مۆدێلی ئێوە کامۆ یان فۆکۆیە، دەڵێن ئێوە غەربزەدەن، مۆدێلەکانی ئێمە خۆماڵیە. باشە ئێمە دەڵێین مۆدێلە خۆماڵیەکەی ئێوە کێیە؟ مەلا سەدر یان سەهرەوەردی یان هاوشێوەی ئەمانەیە؟ لە پێگەیەکدا ئێوە خەریکی کارکردنن لەبارەی مێژووی فەلسەفەی ئیسلامیەوە، و لە پێگەیەکی دیدا دەتانەوێت ڕۆشنبیرێکی جیهانی بن.
ئەو کەسانەی ئەمڕۆ لەبارەی مەلا سەدر و سەهروەردیەوە کار دەکەن، زوربەیان هیچ دیالۆگێکیان لەگەڵ دنیای دەرەوەی ئێراندا نیە. زوربەیان ناتوانن لەگەڵ کەسانی وەک ئیدوارد سەعید، لۆک فریدا گفتوگۆ بکەن، ئێمە کاتێک لەم کارەساتە تێدەگەین کە ئەم کەسانە دێن بۆ ئێران و دەیانەوێت کۆر بگرن. کۆڕەکەیان بەتەواوی یەک لایەنە دەبێت، کۆمەڵێک کەسی بەرکار لە هۆڵەکە دادەنیشن و ئەویش دێت و قسەدەکات و دەڕوات. هیچ دیالۆگێک درووست نابێت. بۆ؟ چونکە هیچ هەوڵێک لەڕووی فکری و فەلسەفیەوە ئەنجام نەدراوە. ئێمە لەناو بابەتە خۆماڵیەکانی خۆماندا نوقم بووین، و تەنانەت هەوڵمان نەداوە بڕۆین و فێر بین. ئەمە ئەو جیاوازیەیە کە لەنێوان کەسانێکدا کە لە فەزای ڕۆشنبیری ئێمەدا هەن، لەگەڵ کەسانی وەک بۆ نموونە ماریۆ بارگاست ێۆسایە. ئەو کەسێکە هەم کلتوور و زمانی ئیسپانی دەزانێت و هەم شوناسی جیهانی خۆی دەناسێت، لەهەموو ئەم پێگە جیهانیانە و لەهەموو ئەم ئامرازانە سوود وەردەگرێت بۆ ئەوەی پێگەی خۆی باشتر بناسێت. بەڵام بە زمانی خۆی دەنوسێت، نایەت بە زمانی ئینگلیزی یان فەڕەنسی بنووسێت. لە مەکسیک دەژی و شوناسیشی مەکسیسکیە.
– هەست ناکەن ئەم کەموکوڕیە هەموو ڕۆشنبیرانی ئێمە دەگرێتەوە کە پرسیاری فەلسەفی ناکەن؟
– با! بێگومان. دیارە لەم دە ساڵەی دوایدا کەسانێک کە لەبواری فەلسەفەدا کار دەکەن زیاتر لە لقە فکریەکانی دی لە ئێراندا زەحمەتیان کێشاوە، و دەرئەنجامیشی هەبووە. بەبروای من دەبێت ڕێز لەکاری مۆرادی فەرهاد پور، بابەکی ئەحمەدی، زەمیریان عەبدولکەریم بگیرێت. چونکە هەموویان کەسانێکن لەپاڵ یەکدا هەرکەس بەجۆرێک کار دەکات، هەرکەسێکیش لە گوشەی خۆیەوە. بەهەرحاڵ هەموویان زەحمەتیان کێشاوە و پرسیاری فەلسەفی دەکەن. بەڵام زۆربەیان کاری میتۆدیانە دەکەن، و واتە لەبری ئەوەی بێین و وەک قۆناغی شەریعەتی و ئال ئەحمەد ناوەکان ڕیز بکەن، لەبارەی یەک کەسەوە کتێبێک دەنوسن. دیارە لایەنگرانی شەریعەتی دەڵێن ئێوە لایەنگری فکری دەکەن، بەڵام من لەیەکێک لە وتارەکانیدا بینیم، وابزانم (ڕۆشنبیری بەرپرسیار) بوو ناوی دە کەسی لەدوای یەک هێناوە، بێ ئەوەی ڕوونکردنەوە بدات و زیهنی خوێنەران دەشێوێنێت. ئێستا لە قۆناغێکداین کە سەدەی بیستویەکە، هیچ یەک لەو کەسانەی کار دەکەن، کاری هەمەکی ناکەن، بەڵکو دێن لەبارەی فڵان فەیلەسوفەوە کتێبێک دەنووسن. کارەکان وردتر بووە، چونکە کەسانێک کە ئەم کارانە دەخوێننەوە وردتر بوون. ئێمە فرسەتی ئەوەمان نیە بێین و قسەی هەمەکی بکەین. ئێمە ناچارین هەم لەبارەی شوناسی خۆمان و هەم لەبارەی شوناسی جیهانیەوە کاری وورد بکەین.
– بەڵام نەگەیشتووین بە بەرهەمهێنانی پرسیار.
– من هەستدەکەم لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی پرسیارداین. پرسیارکردن چەندانجار لەوەڵام گرنگترە، و بە بڕوای من کاتێک دەکەوینە پرسیارکردن، بەڕێگە ڕاستەکەدا دەڕۆین. ڕاستە ئێمە وەک کەمایەتیەک کار دەکەین، بەڵام گرنگە.
– ئێستا با بگەڕێینەوە بۆ مەسەلەی لەمپینزم کەپێشتر باستان کرد.
– ئەگەر پرۆسەی پرسیارکردن شکست بهێنێت، ئەوا لەڕوووی زمانی و فکری و زیهنیەوە بە پلەیەکی لەمپینزم دەگەین. ئەمڕۆ خودی خۆم لەو زمانەی لە کۆمەڵگادا سوودی لێ وەردەگیرێت، زۆر ناڕەحەتم. چونکە لەم زمانەوە نە بەرهەمی ئەدەبی لەدایک دەبێت و نە بەرهەمی فەلسەفی. ئەم زمانە هیچ ئەرکێکی ڕوونی نیە. من لە تاران تابلۆیەکی پڕوپاگەندەم بینی بۆ یەکێک لە ساردیەکان نوسیوێتی ئاناناسم. ئەمە مانای چیە؟ چ فێرکاریەک پێشکەش بە لاوان دەکات؟ ئەمە جگە لەوەی زمانێکی نەگونجاو فێری لاوان دەکات، هیچی تر نیە. لە پشت ئەمە چ فکرێک هەیە؟ گەنجێک کاتێک ئەمە دەبینێت چۆن بیر دەکاتەوە.
– بەهەرحاڵ هەستناکەن ئەمە جۆرێکە لە کلتووری خەڵکیە کە دەبێت خۆی بابەتی لێکۆڵینەوە بێت و نابێت بەمجۆرە سەیر بکرێت؟
– ئەم زمانەی خەڵکی شایەنی لێکۆڵینەوەیە. خوالێخۆش بوو شاملو لەبارەی فەرهەنگی (کۆڵان و بازاڕ(ەوە کاری کردبوو. ئەمە شایانی لێکۆڵینەوەیە. بەڵام ناتوانن بڵێن (ئاک باند[1]) و (گووتار) لەیەک ئاستدان. ئێوە بە ووشەی ئاکباند ناتوانن بەدوای پرۆژەیەکی فەلسەفیەوە بچن. دیار نیە ڕەگوڕیشەی لە کوێوە هاتووە، بەڵام گووتار تەواو ڕوونە لەکوێوە هاتووە،و ڕەگو ڕیشەی لاتینیە و لە دەرونیدا دنیایەک فکرو فەلسەفە هاتۆتە دەرێ. هەموو قسەی من ئەوەیە پرۆژەی فەلسەفی لەناو لەمپنیزمەوە لەدایک نابێت. چ لەمپنیزمی زمانی بێت چ فکری یان جۆرەکانی تری. بۆچی؟ چونکە لەمپنیزم لەگەڵ خۆیدا جۆرێک بوونناسی دەسەپێنێت. شێوازێکی بوون. ئەم شێوازی بوونە دژی هەموو ڕامان و بیرکردنەوەیەکە. لە هەموو شوێنێکی دنیاشدا هەبووە و هەیە. لەبەرئەوە بە بڕوای من کەسانێک کە کاری فەلسەفی دەکەن. دەبێت لەم مەسەلەیدا زۆر ورد بن کە توشی لەمپنیزم نەبن.
– واتە ئێوە نیگەرانی ئەوەن ئەم زمانە بێتە ناو باسە ڕۆشنبیریەکانەوە؟
– نا! من نیگەرانی ئەمە نیم. من نیگەرانی ئەوەم کاتێک بۆ نموونە گرنگی بە هایدگەر دەدەن، ئەم لەمپنیزمە لەگەڵیدا بژی. چونکە ئەم لەمپنیزمە فکر لەناو دەبات و ناتوانن چاوەڕێی ئەوە بکەن بەشی فەلسەفە بەشێوەیەکی جدی کار بکات. ئێوە مۆسیقایەکی باش و موسیقایەکی خراپ لەبەرچاو بگرن، بۆ نموونە کاتێک ئێوە دەچن بۆ شوێنێک کە سەمفۆنیای مالر لێدەدەن، و لەپاڵیشیدا موسیقایەکی خراپی لۆس ئونجلۆسی هەیە، بێگومان کاتێک بتانەوێت هەڵیانسەنگێنن، ئەوا مۆسیقای مالر بەهایەکی جیهانی هەیە، بەڵام ناتوانیت مۆسیقا لۆس ئەنجلۆسیەکە بە دەستکەوتی مرۆڤایەتی بزانیت. من لەبیرمە ئەو کاتەی دەیانویست مانگێکی دەستکرد بۆ ئاسمان بنێرن، بابەتەکە ئەوەبوو گەر ژیان لە ئەستێرەکانی دی هەبێت، چۆن خۆمان بناسێنین. یەکێک لەو شتانەی بۆ ناساندن دەستنیشان کرا، سەمفۆنیای نۆی بتهۆڤن بوو. هەموو مرۆڤایەتی و تەنانەت فیلمە ئێرانیەکانی سوودی لێ وەردەگرێت. دیارە مرۆڤایەتی ئەمە بە دەستکەوتی کلتووری خۆی دەزانێت، وەک چۆن تابلۆی پەرستگا دەستکەوتی مرۆڤایەتیە، شیعری رامبۆش، مزگەوتی شێخ ئەڵلا، حافز یان تەختی جەمشیدیش. ناکرێت مۆسیقای لۆس ئەنجلۆسی بە دەستکەوتی کلتووری مرۆڤایەتی بناسێنین. ئێمە دەبێت لەڕووی بەهاوە هەڵسەنگاندن بکەین. لەڕووی جوانناسی و لەڕووی فکری و فەلسەفیەوە. قسەی من ئەمەیە. ئێمە تا چ ئەندازەیەک بەرپرسیارین بەرامبەر بەو پرۆژەیەی کە هەمانە، و تا چ ئەندازەیەک دەتوانین ئەم بەرپرسیارێتیە لە ئەستۆ بگرین، و پابەندبین پێوەی، و تا چ ئەندازەیەک خەباتی بۆ دەکەین. ئێمە لە ئاستی شاریدا خەباتی بۆ دەکەین، لە ئاستی مەدەنی، لە ئاستی فکری و لە ئاستی مرۆییدا و لەهەموو ئاستەکاندا. بەبڕوای من پرۆژەی ڕۆشنبیری خەباتی جوانیشە دژی ناشرینی. ئێوە کاتێک خەبات بۆ هەقیقەت دەکەن، بۆ جوانی شارەکانیشتان خەبات دەکەن.
– هەندێکجار لە هەندێک پێناسەکانی ڕۆشنبیردا، ئەو کەسانەی کاری هونەری دەکرێن، دوور دەخرێنەوە، بۆ نموونە مۆسیقارەکان، شاعیران و نووسەران..هتد. هۆکەشی دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندی ڕۆشنبیر و عەقڵانیەت، کە داهێنانی هونەری و ئەدەبی لەگەڵ عەقڵانیەتدا ناکۆکە. دیدی ئێوە چیە؟
– منیش ناڵێم ئەمانە ڕۆشنبیرن، بەڵکو بڕوام وایە بەهەمان ئەو هۆیە بەرپرسیارن، کە ڕۆشنبیران بەرپرسیارن. دیارە بەبڕوای من لەنێوان داهێنانی فەلسەفی و داهێنانی هونەریدا ماوەیەک نیە. واتە ڕۆشنبیران لە هونەرمەندانەوە دەوڵەمەند دەکرێن و هونەرمەندانیش لە فەیلەسوفەکانەوە. هەمیشە وابووە. کەسێکی وەک ڤاگنەر لە قۆناغێکدا هاوڕێی نیتچە بووە و لەسەردەمێکدا هەردوکیان لەژێر کاریگەری شۆپنهاوەردا بوون یان بە پێچەوانەوە. ئەم دوانە هەمیشە هاوڕێی یەک بوون. هونەرمەندان زۆر دەتوانن کار لە فەیلەسوفەکان بکەن، لەبەرامبەر ئەمەشدا فەیلەسوفانیش دەتوانن. چونکە زمانی داهێنانی هونەری، دەگۆڕن بۆ زمانی چەمک و کاری پێدەکەن.
– ئێستا خەریکە ڕۆشنبیر کورت دەکەنەوە بۆ فەلسەفە، لەکاتێکدا لەسەرەتای باسەکەدا گووتان مەرج نیە ڕۆشنبیر فەیلەسوف بێت.
– نموونەم هێنایەوە. مەبەست هەر ڕۆشنبیرێکە. ڕۆشنبیرێک کە بەشێوەی جیهانی بیر دەکاتەوە. مەسەلەکەشی هەر ئەم فکری جیهانیەیە.
-واتە لە بوارێکی وەک ئەدەبیاتدا ئەمە ڕوو نادات؟
– من دەمگووت نووسەرێکی وەک بارگاس ێۆسا تەنیا نووسەر نیە، ڕۆشنبیریشە. کەسانێک هەن کە بیر لە ئەدەبیات دەکەنەوە، نەک تەنیا لەبارەی ئەدەبیات، بەڵکو بیر لە فەلسەفەی ئەدەبیاتیش دەکەنەوە.
– بۆ نموونە لە ئێرانی خۆمان نووسەرێکی وەک شەمسی لەنگرودی یا زیا موەحەد یا خوالێخۆشبوو گوڵشیری و کەسانی دی کە لەبارەی ئەدەبیاتەوە دەنووسن و نووسیویانە، ئایا ئەمانە لە پێناسی ئێوەدا بۆ ڕۆشنبیر جێگەیان دەبێتەوە؟
– بێگومان جێگەیان دەبێتەوە. لەبەرئەوەی بەرپرسیارێتی ڕۆشنبیریان هەیە. زوربەی ئەوانەی ناوت هێنان کەسانێکن خۆبەخۆ بەرپرسیاری کۆمەڵایەتیان هەیە، بەرپرسیاریەتیەکەشیان لە ئەستۆ گرتووە، جگە لەمەش لە کارەکانیاندا پرسیاریش دەکەن. وەک موەحەد کە هەم شیعر دەڵێت و هەم لەبارەی شیعرەوە پرسیاری فەلسەفی دەکات. بەبڕوای من موەحەد کاری ڕۆشنبیری دەکات.
– ئێوە ئێستا خەریکن جەخت لەسەر وشەی بەرپرسیارێتیش دەکەن، لەکاتێکدا…
– چونکە مەسەلەیەکی زۆر گرنگە. من زۆرتر جەخت لە وشەی بەرپرسیارێتی دەکەم تا پابەندبوون. لە قۆناغێکدا بۆ نمونە خوالێخۆش بوو شەریعەتی یان گروپەکانی دی باسی پابەندبوون و پابەندبوونی شۆرشگێڕانەیان دەکرد، کە ئەگەر ڕۆشنبیر پابەند نەبێت و پابەندبوونی شۆڕشگێڕانەی نەبێت، ڕۆشنبیر نیە. بەبڕوای من ڕۆشنبیر بە زیندایکردن نابێت بە ڕۆشنبیر. مرۆڤ ڕەنگە بە هۆی جیاواز زیندانی بکرێت، بەڵام خۆ بەمە نابێت بە ڕۆشنبیر. دیارە ڕەنگە ژان ژنێ مرۆڤێکی دز بێت و زیندانی بکرێت، لەلایەکی دیەوە بە ڕۆشنبیر بێتە دەرەوە. بەڵام نەک لەبەرئەوەی لەزینداندا بووە، بووە بە ڕۆشنبیر، بەڵکو لەبەرئەوەی کاری ڕۆشنبیری کردووە و پرسیاری ڕۆشنبیرانەی کردووە.
– واتە زیندایکردن هیچ بۆ ڕۆشنبیر زیاد ناکات؟
– نا! ئەگەر مرۆڤ ڕۆشنبیر نەبێت نەخێر. دیارە بەبڕوای من ئەزموونی زیندان وەک ئەزموونێکی وجودی شتێک بۆ مرۆڤ زیاد دەکات، و هێز و توانا جەستەیی و ڕۆحیەکانی، لە زینداندا تاقیدەکاتەوە، و بە گووتەی دەروونناسی بەناوبانگ کە خۆی لە ئاشڤێتز بوو، ئێوە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک هەڵوێستی کۆتایی دەبنەوە کە ڕەنگە مردنیشی تێدا بێت، بەڵام ئەمە ئێوە ناکات بە ڕۆشنبیر. خەڵکێکی زۆر لە ئاشڤێتز بوون و بە زیندووی ڕزگاریان بووە لێی. لەنێوان ئەو کەسانەی لەبارەی ئاشڤێتزەوە نووسیویانە، کەسانی وەک فرانکل زۆر کەم بوون کە گووتیان ئێمە لەوێ فەزای فکری خۆمان پەیدا کرد و ئەوەش هیوای پێبەخشین بۆ ئەوەی بژین و فەزای ژیان پەیدا بکەین. لەبەرئەوەی پێش زیندانی کردن کاری خۆیان کردبوو، ئەوان توانیان مانا بەکارەکانیان بدەن.
– بەگشتی ئێوە هیچ پەیوەندیەک لەنێوان ڕۆشنبیری و شۆڕشگێڕیدا درووست ناکەن.
– هەموو کەسێکی شۆڕشگێڕ، ڕۆشنبیر نیە. ئەگەر وا بوایە لە قۆناعەکانی ڕابردوودا لە چین، سۆڤیەت و تەنانەت لە شۆڕشی فەڕەنسیدا دەبوو ملێۆنها ڕۆشنبیرمان هەبوایە، بەڵام دەبینین کەسانێک کە لەبارەی شۆرشی فەڕەنیسەوە بیر دەکەنەوە، کەسانی وەک هیگڵ یان کانت، یان کەسانێک کە بیر لە شۆرشی چین و ڕووسیا دەکەنەوە. زۆر ژمارەیان کەمە، بەبەراورد بەو کەسانەی دەڕۆن و هاوار دەکەن.
– ئەو پرسیارەی هەمبوو پەیوەندی ڕۆشنبیر و دەسەڵاتە. بەهەرحاڵ دەسەڵات یەکێک لە بابەتەکانی ڕۆشنبیرە و جێگەی پرسیارە. بە بڕوای ئێوە دەبێت پەیوەندی ڕۆشنبیر و دەسەڵات چۆن بێت؟ من خۆم هەمیشە وا بیرمکردۆتەوە لە ئێراندا گەر پاتۆلۆژی بکەین بەو ئەنجامە دەگەین کە ڕۆشنبیری ئێمە زۆرجار ((لەسەر)) دەسەڵات بووە. دیارە ئاوارتینیش هەیە و کەسانێکیش هەن کە ڕەخنەیان لە دەسەڵات نەبووە، و ئەگەر ڕەخنەیەکیشان هەبوو بێت، ڕەخنەیەکی درێژخایەن بووە، و ناگەڕێتەوە بۆ هیچ قۆناغێکی دیاریکراو و ئاماژە بۆ هەموو دەسەڵاتەکان دەکەن.
– بە بروای من دەبێت لێرەدا جیاکاری بکەیەن لەنێوان دەسەڵات بەمانای ئایدۆلۆژی و سیاسەت. ڕۆشنبیران دەتوانن لە قۆناغی جیاوازدا تێکەڵ بە سیاسەت بن، و خۆشیان لەم فەزایەدا کار بکەن. ئێستا نموونەکەی لۆک فریە کە یەکێکە لە مامۆستاکانی من. ئەو ئێستا لە فەڕەنسا وەزیری پەروەردەیە و لە هەمانکاتدا فەیلەسوفێکە. ئاندرێ مالرۆ وەک نوسەر و ڕۆشنبیرێک بەناوبانگ بوو، کە بووە وەزیری ڕۆشنبیری ژەنراڵ دۆگل. دیارە فەزای ئەم کەسانە ئایدۆلۆژی نیە. ڕۆشنبیرەکان لەگەڵ سیاسەتدا لە دنیای سیاسەت نزیک دەبنەوە. ڕەنگە بتوانن خزمەت بە دنیای سیاسەت بکەن و لەناویدا شتێکی تازە بەرهەم بهێنن. بەڵام بەناچار لە خزمەتی دەسەڵاتێکی ئایدۆلۆژیدا نین. من هەستدەکەم جیاوازیەکی بنەرەتی هەیە لەنێوان ڕۆشنبیرێک کە لە حیزبێکی ئایدۆلۆژیدا و تەنیا بۆ هەڵوێستەکانی ئەو حیزبە تێدەکۆشێت، و لەهەندێک ساتەوەختدا ناچارە هەقیقەت پێشێل بکات (تەنانەت گەر بزانێت ئەوە هەقیقەت نیە) بۆ ئەوەی حیزبەکەی ڕزگار بکات. لەگەڵ ئەو ڕۆشنبیرەدا کە لەفەزایەکی دیموکراتدا چالاکی دەکات. فەزایەکی کە ڕۆشنبیرێک تەنانەت گەر خۆی وەزیر یان جێگری وەزیر بێت، لەبەرئەوەی دەبێت وەڵامدەرەوە بێت و هەر ساتە ناساتێک ڕەنگە لێپرسینەوەی لێبکرێت، و لە پۆستەکەی لاببرێت، ناچێتە ناو فەزایەکی ئایدۆلۆژیەوە.
– بەڵام دواجار دەسەڵاتی سیاسی چ لەڕێگەی ڕەوای وەک هەڵبژاردن و دیموکراسیەوە بەدەست هاتبێت، چ لەڕێگەی ناڕەواوە، سنوردارێتیەک بۆ ڕۆشنبیر درووست دەکات.
– ئەو سنووردارێتیەی درووستی دەکات ئەوەیە کە کاتی پێویستان بۆ کاری ڕۆشنبیری نابێت.
– واتە کاری ڕۆشنبیری بۆ ماوەیەک پشوو دەدات؟
– نەخێر، ڕۆشنبیری پشووی نیە. نموونە بەرجەستەکەی (ڤاسێلا هاول)[2]ە. هاول لەهەموو ئەو کاتەی سەرۆک کۆمار بوو، کاری ڕۆشنبیریەکەی پشووی نەدا. ئەو کتێبانەی نوسی و ئەو وتارانەی دای، دەریدەخات کەسێکی ڕۆشنبیرە و بیر لە دنیای خۆی چ لە ئەوروپای خۆرهەڵات و چ لە سەرجەم دنیادا دەکاتەوە. نەک وەک سیاسەتمەدارێک، بەڵکو وەک ڕۆشنبیرێک. بەبڕوای من جیاوازیەکی سەرەکی لە نێوان کەسێکی وەک تۆنی بلێر و کەسێکی وەک ڤاتسلا هاولدا هەیە. تۆنی بلێر کەسێکە خۆی ڕۆشنبیر نیە، ڕەنگە سیاسەتمەدار بێت کە زۆر کەس خۆشیان دەوێت، بەڵام ڕۆشنبیرەکەی تۆنی بلێر، ئانتۆنی گیدینزە. واتە دەڕوات لە گیدینزەوە پەند و ئامۆژگاری وەردەگرێت. بەڵام خودی هاول بەهەرحاڵ لەبەرئەوەی لەهەمانکاتدا کە چالاکی سیاسی کردووە، کاری ڕۆشنبیریشی کردووە، توانیوێتی ئەم دوانە تێکەڵ بەیەک بکات. سەرۆک کۆمار بوونی هاول، بیری ڕۆشنبیریانەی سنووردار نەکردووە. ئەوەی کە سنوورداریکردووە ئەوکات و زەمەنەیە کە ئەم مرۆڤە بۆ کاری ڕۆشنبیری دایناوە و ئێستا دەبێت ئەم کاتە دابنێت بۆ سیاسەت.
– واتە ئێوە بڕواتان وایە دەسەڵات مەسەلەکانی ئەم مرۆڤە وپرسیارەکانی نەگۆڕیووە؟
– نەخێر! من دەمەوێت بڵێم کاتێک ئێوە ڕۆشنبیرن و لەناو فەزایەکی دیموکراتیدا دەژیت کە ناچاریت وەڵامدەرەوە بیت، و ناتوانیت ببیت بە دیکتاتۆر، دیسان ئەم بەرپرسیارێتیە ڕۆشنبیریەتان بەردەوام دەبێت، بەڵام لە بوارێکی تردا. بۆ نموونە چیدی ئێوە لە بواری ئەدەبیات و فەلسەفەدا نین، بەڵکو لە بواری سیاسەتدان. بواری سیاسەت بۆ خۆی لۆژیکێکی هەیە. کاتێک دەچنە ناو سیاسەتەوە ڕێسای خۆی هەیە. ئەگەر کەسێک ئەم ڕێسایانەی قەبوڵ نیە. نابێت بچێتە ناویەوە. بەڵام ئەم ڕێسایانە لە فەزای سیاسی جیاوازدا جۆراجۆرە. دواجار جیاوازیەکی سەرەکی لەنێوان ستالین و ڤاتسلا هاولدا هەیە. لە ستالینزیمدا تەنیا یەک کەس دەستنیشانی ڕێساکان دەکات: ستالین. لە چیکێکدا کە سەرۆک کۆمارەکەی ڤاتسێلا هاولە، ئەو ناتوانێت وەک خۆی ڕێساکان دیاری بکات. بەڵکو ئەنجومەنێک هەیە دیاری دەکات، کەسانی دی هەن کە دیاری دەکەن، سیستەمی جیهانی هەیە کە دیاری دەکات، هاولیش دەبێت لەگەڵ هەموو ئەمانەدا بگونجێت.
– واتە بڕواتان وایە ڕۆشنبیری لەگەڵ ئایدۆلۆژیادا دژیەکن، بەڵام لەگەڵ سیاسەت و دەسەلاتدا وانیە؟
– بەڵێ، من جەخت لەوە دەکەمەوە ڕۆشنبیری لەگەڵ سیاسەتدا بە مانای هونەری ڕێکخستنی کۆمەڵگا دژیەک نیە. بەڵام لەگەڵ سیاسەتدا بەمانای ئەوەی بەرگری لە ئایدۆلۆژیایەک بکەن، بەڵێ. چونکە ئێوە ناتوانن بۆ هەقەقەت و لە هەقیقەتدا بژین. چونکە ئێوە پێشێلی هەقیقەت دەکەن، بۆ بەرگری لە هەقیقەتێکی ڕەها. لێرەدا ئیدی ئێوە ڕۆشنبیر نین و لەباشترین حاڵەتدا دەبن بە کۆیلەی ئایدۆلۆژیا.
– لەم ساڵانەی دوایدا کە فەزایەکی کراوەتر لەبواری بیرکردنەوەدا درووستبووە، و کتێبی تازە لە جاپ دەدرێن کە ڕەنگە لە هیچ قۆناغێکدا بەم قەبارەیە و بەم چۆنایەتی و قوڵیەوە نەبوو بێت. بڵاوبونەوەی کۆمەڵێک کتێب یەکجار زۆر بووە، ئەویش کتێبەکانی فەیلەسوفە فەڕەنسیەکان. ئەو فەیلەسوفانەی پارێزگاریان نیە. ئەم دیاردەیە ڕەنگە دوو هۆی هەبێت. یەکێکیان ئەوەیە ئەو کەسانەی لە ڕۆشنبیری ئێرانیدا چالاکن، بە جۆرێک لە جۆرەکان پەیوەندیان بە کلتووری فەڕەنسیەوە هەیە. هۆیەکی تر ئەوەیە ڕژێمی سیاسی سوود لەم فەلسەفەیە وەردەگرێت و دەیکات بە پشتیوانی کۆمەڵێک شت کە لەبنەڕەتدا بەیەکەوە کۆ نابنەوە. لەرووی سەرچاوەشەوە زۆر لەیەک جیاوازن. یان تاک ڕەهەندانە ڕەخنەی مۆدێرنەی لێوەردەگرن و بەرجەستەی دەکەن، و بەشێوەیەکی نەگونجاو سوود لەم چەمکانە وەردەگرێت. بۆ نموونە سوود لە چەمکی کۆتای خۆرئاوا وەردەگرن، و جۆرێک پیشانی دەدەن وەک ئەوەی ڕۆژئاوا تەواو بوو بێت، ئێستا سەرەی ئێمە و دیدی ئێمەیە کە دەست پێ بکەین. ئێوە چۆن دەیبینن؟
-من بڕوام وایە ئەمە دوو هۆی هەیە. واتە ئەم فەلسەفانەی ئەوە باستان کردو پۆستمۆدێرنیزم یا بونیادشکێنی بەشێکن لەو شتە گرنگانە لە دوو ئاستدا دەخرێنە ڕوو. لە ئاستێکدا جدی ترن. چونکە ئەو کەسانەی دەیخەنە ڕوو، کەسانێکن کە پەیوەندیان بەم کلتوورەوە هەبووە، لەگەڵیاندا ژیاون، خوێندنەوە بەو زمانە دەزانن، و بەجۆرێک لە جۆرەکان لەژێر کاریگەری یان گۆڕانی جیهاندان. گریمان لە مارکسیزمەوە گەیشتوون بە پۆستمۆدێرنیزم. دیارە لای ئەمانە پرۆسەکە هوشیارانەترە. بەڵام ئەم ڕووداوە ئاستێکی تریشی هەیە، ئاستی کەسانێک کە هیچ کاتێک ئەم وتەزایانەیان ئەزموون نەکردووە، نەشچونەتە دەرەوەی ئێران، یان کەسانی گەنجترن . هەندێکیان ئەم کتێبانەشیان وەرگێڕاوە، و لەبارەی ئەم بابەتانەوە قسە دەکەن. بەڵام بە بڕوای من وەک مۆدە ئەمکارە ئەنجام دەدەن. واتە وابیردەکەنەوە گەر ئێمە ئەم قسانە بکەین، زۆر تازەترە لەوەی بێین و باسی دیکارت بکەین، کەوابوو دێین و باسی ئەمانە دەکەین. بەبڕوای من ئەمە هەڵەیە. بەتایبەتی لە هەرێمێکی وەک هەرێمی فەلسەفەدا، دەبێت کاری جدی بکرێت. یەکێک لەو هۆکارانە ئەم دواییانە وای لێکردم زۆرتر خەریکی فەلسەفەی ئایدیالیزم بم و زۆرتر سەقاڵی فەلسەفەی هیگڵ بم، ئەوەیە هیگڵ فەیلەسوفێکە زمانی قورسە، بیری قورسە، بەڵام دەکرێت لە لابەلای فەلسەفەکەیەوە مێژووی فەلسەفە بخوێنیتەوە و لەمێژووی فەلسەفە بگەین.
– جۆرێک ئەلقەی گوم بوو لەنێوان فەلسەفە تازەکانی دەخرێنە ڕوو، لەگەڵ فەلسەفەکانی پێش خۆیدا
– من کاتێک لەگەڵ یەکێک لە هاوڕێکانمدا قسەمان دەکرد، باسی ئەم مەسەلەیەمان دەکرد، کە زۆرێک بێ ئەوەی خوێندنێکی ئەکادمی و جدیان هەبێت و مێژووی فەلسەفەیان خوێندبێتەوە، یەکسەر خۆیان بە پۆستمۆدێرنیزم یان بونیادشکێنی یان دوای بونیادشکێنی دەگەیەنن. هەستدەکەم ئێوە گەر بتانەوێت بەهەر قۆناغێک بگەن، دەبێ قۆناغەکانی پێشترتان خوێندبێتەوە بڕیبێت. چونکە کەسێک گەر بیەوێت بیری درێدا بناسێت، ناتوانێت بیری درێدا بێ بیری هوسرل یان هایدگەر بناسێت. ناتوانێت فۆکۆ بێ تیتچە یان کانت بناسێت. مەسەلەکە ئەوە نیە مرۆڤ بچێت و کتێبێک بخوێنێتەوە، بەڵکو دەبێت بەشێوەیەکی جدی بەدوای مەسەلەکەدا چوو بێت.
– من بڕوان وایە ئەو پێشوازیەی لەم فەلسەفانە دەکرێت، بەتایبەت لەهەندێک بڵاوکراوەی تایبەتدا، کەمێک هۆکاری سیاسی هەیە. بۆ نموونە خوالێخۆشبوو فەردید کە لەژیاندا بوو بەجۆرێک بەر هایدگەر دەکەوت، کە کۆمەڵێک بنەمای بۆ بەرگریکردن لەمجۆرە شتانە لە وڵاتی ئێمەدا داتاشی. قوتابیان و هاوڕێیانی ئەم خوالێخۆشبووە، درێژە بەهەمان شێوە دەدەن.
– بەڵام هەڵەیە. من هەستدەکەم ئەو تەفسیر و ناساندنەی قوتابیانی فەردید بۆ هایدگەری دەکەن، هایدگەر لە قەبرا ئەلەرزێنێت. واتە گەر هایدگەر زیندوو بوایە و بیبینیایە چ تەفسیرێکی بۆ دەکەن، یەکەم قسەی کە بەم قوتابیانەی دەگووت ئەوەیە کە لانیکەم فەلسەفە بە دروستی بخوێننەوە. وەک چۆن هایدگەر خۆی دەورەیەک فەلسەفەی خوێندبوو، دەیگوت دەورەیەک مێژووی فەلسەفە بخوێنن. گرنگتر لەمەش ئەوەیە هایدگەر ئەگەرچی مرۆڤێکی گۆشەگیر بوو، بەڵام لەگەڵ جیهانی دەرەوەی خۆیدا لە دیالۆگدا بوو. چەند مامۆستایەکی خۆم قوتابی هایدگەر بوون کە وانەی فەلسەفەیان پێ دەگووتین. یەکێک لەو کەسانەی هێشتالە فەڕەنسا زیندووە و زۆر هاوڕێی نزیکمە و لەو کەسانەشە زۆر لە هەیدگەر نزیک بووە، فەیلەسوفێکە بەناوی ئەکسلۆس. من گفتوگۆیەکیشم لەگەڵدا کردووە. ئەم مرۆڤە زیندووە و من هەرکاتێک بچم بۆ فەڕەنسا، قسەی لەگەڵ دەکەم. ئێوە ئەمە بەراورد بکەن بە قوتابیانی فەردید و بەو کەسانەی ئەمجۆرە تەفسیرانە بۆ هایدگەر دەکەن، ئەوانە ناتوانن دیالۆگ لەگەڵ مرۆڤێکی وادا بکەن، مەحاڵە. چونکە ئەمانە بۆ یەکجاریش لەبارەی ئەم فەیلەسوفانەوە قسەیان نەکردووە، من تا ئێستا نەمدیووە. لەبنەڕەتدا ئەمانە دیالۆگ ناکەن. هەستدەکەم یەکێک لەو کێشانەی ئێمەی ڕۆشنبیران یان بەشێوەیەکی گشتی پرسیاری فەلسەفی ئێمە هەیەتی، ئەوەیە خۆمان لەناو بازنەیەکی داخراودا دادەنێن و پێمان ناخەینە ئەو دیو بازنەکەوە، و لێرەوە باسەکانمان لەهەمان دۆخی پەراوێزیدا دەمێننەوە.
– واتە دیالۆگی جیهانیمان نیە؟
– بەڵێ، دیالۆگی جیهانیمان نیە. هۆکەشی ئەوەیە نە سەفەر دەکەین، نە بیریارانیش وەک پێویست دێن کە ئەم دیالۆگەمان هەبێت. ئێمە کۆنفرانسێکمان لەگەڵ شایگاندا لە ئەسفەهان بەست، لەبارەی ناوەند و پەراوێزەوە کە ١٤ تا ١٥ کەس لە شوێنە جیاوازەکانی دنیاوە هاتبوون و بەشداریان لەم دیالۆگەدا کرد. بەڵام بە بڕوای من لایەنە ئێرانیەکەی زۆر لاواز بوو. واتە ئەو کەسانەی دەیانویست لەلایەنی ئێرانیەوە بەشداری بکەن، زۆر ئەوەیان بۆ گرنگ نەبوو کە چ قسەیەک دەکەن و یان ئەو قسانەی ئەوانی دی دەیکەن چیە؟ و ئێمە دەمانەوێت چی پێشکەش بکەین؟. بە بڕوای من دەبێت چەندانجار جدیتر لەگەڵ ئەم مەسەلانەدا ڕەفتار بکەین. ئەگەر دەمانەوێت جیهان ئێمە بە جدی وەربگرن، دەبێت ئێمەش جیهان بە جدی وەربگرین.
– کەوابوو دەتوانم بڵێم گرنگترین پرسی ئێوە گفتوگۆی ڕۆشنبیری ئێرانیە لەگەڵ ڕۆشنبیری جیهانیدا؟
– من لەبنەڕەتدا هەستدەکەم و ئاماژەشم بۆ ئەم مەسەلەیە کردووە کە ئێمە گەر جیهانیانە بیر نەکەینەوە و جیهانی نەبین، ناتوانین وەک ئێرانی ئامادە بین و ناتوانین ئەم ئێرانیبوونە بە جیهان بناسێنن، ئێرانیبوونیشمان بۆ خۆشمان دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.
سەرچاوە:
رامین جهانبگلو: بین گذشتە و ایندە. تهران: نشر نی، ١٤٨٤
[1] ئاک باند uk band ئەو پاکاتە بازرگانیانەی لە ئینکلیزەوە دەهاتن، بەگشتی بەو کاڵا بازرگانیانە دەگوترێت کە لەناو پاکەتدان و نەکراونەتەوە
[2] – نوسەر و شانۆنامەنووسی چیکی کە بووە یەکەمس ەرۆک کۆماری چیک.