جیهان ٧٠ ساڵه چاوه‌ڕوانی گۆدۆ ده‌كات
جیهان 70 ساڵه چاوه‌ڕوانی گۆدۆ ده‌كات
گۆدۆ كاراكته‌رێكه له نووسه‌ره‌كه‌ی جیابووه‌ته‌وه و ژیانێكی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه
كێ له ئێمه ناوی گۆدۆ-ی نه‌بیستووه؟
له عه‌ره‌بییه‌وه: باوكی ڕه‌هه‌ند
ئه‌گه‌رچی چاوه‌ڕوانییه‌كان درێژه بكێشن و به‌ڵێنی هاتنه‌كان دووباره ببنه‌وه، به‌ڵام ئه‌م كاراكته‌ره ئاڵۆزه، هه‌رگیز نایه‌ت. كاتێك بۆ یه‌كه‌مجار له پاریس و پێش حه‌فتا ساڵ له‌مه‌وبه‌ر (1953)، شانۆگه‌رییه‌كه‌ی سامۆئیل بێكت (1906-1989)، له چاوه‌ڕوانی گۆدۆدا، نمایشكرا، به ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌م دوای ئه‌و نمایشكردنه، چیتر گۆدۆ، له چوارچێوه‌ی كارێكی شانۆییدا، وه‌ك كاراكته‌رێكی هه‌میشه ئاماده و هه‌میشه نائاماده، نه‌مایه‌وه. بگره له خاوه‌نه ئیرله‌ندییه خه‌مباره‌كه‌ی جیابووه‌وه و ژیانێكی تایبه‌ت به‌خۆی وه‌رگرت، ژیانه تایبه‌ته‌كه‌ی له میانه‌ی ئه‌و سه‌ركێشیانه‌وه به‌ده‌ستهێنا كه بردییه ناو سنوور و زمان و زه‌مه‌نه‌كانه‌وه، تاكو پانتایی كلتووری جیهانی ڕووناكبكاته‌وه، چ كه‌لتووری ده‌سته‌بژێره‌كه‌ی یان میللییه‌كه‌ی و بووه سمبولێكی كاریگه‌ر بۆ هه‌مو چاوه‌ڕوانییه‌كی بێهوده.
شانۆگه‌ری “له چاوه‌ڕوانی گۆدۆ دا” له نێوان كۆتایی ساڵی 1948 و سه‌ره‌تای ساڵی 1949 نووسراوه، ساڵی 1952 له چاپی یه‌كه‌می، 2500 نوسخه‌ی لێ چاپكرا. وه‌لێ نووسه‌ره‌كه‌ی، چوار ساڵ چاوه‌ڕێی كرد، تا ناوبانگ و مێژوو، به‌ده‌ستبێنێت و مشتومڕێكی زۆر بخاته‌وه. ئه‌مه دوای ئه‌وه‌ی له كۆتایدا توانی سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبێنێت. دوای چه‌ندین هه‌وڵی شكسخواردو له‌گه‌ڵ (نیو ده‌رزه‌ن) له ده‌رهێنه‌ره فه‌ره‌نسییه‌كان، توانی قه‌ناعه‌ت به یه‌كێكیان بكات “ڕۆجه‌ر بلین”، شانۆگه‌رییه‌كه له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆی (بابل) له پایته‌ختی فه‌ره‌نسا نمایش بكات، شانۆگه‌رییه‌ك به پێی قسه‌ی یه‌كێك له ڕه‌خنه‌گره‌كان: (هیچ شتێك تێیدا ڕوونادات)، بلین سه‌ره‌تا دوو دڵ بوو له‌وه‌ی كارێك پێشكه‌ش بكات كه هیچ رۆڵێكی بۆ ئافره‌ت تیانییه و پڕ پڕه له چه‌نه‌بازی و به ته‌واوی له مه‌غزا فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی تێنه‌گه‌یشتبوو. به‌ڵام ئه‌زموونی پێشووی له پێشكه‌شكردنی كاری شانۆگه‌ری ئیرله‌ندی و نزیكایه‌تی له‌گه‌ڵ بێكیت له ڕووی مه‌ی خواردنه‌وه و تێچوونی كه‌می كارێك كه له پێنج كاراكته‌ر و دره‌ختێك پێكهاتووه، وایانكرد له دواجاردا ڕازیبێت به نمایشكردنی شانۆگه‌رییه‌كه. بلین ئه‌گه‌رچی مینحه‌یه‌كی له ده‌وڵه‌تی فه‌ره‌نسییه‌وه وه‌رگرتبوو، كه‌چی به شێوه‌یه‌كی كرده‌یی، بۆ نمایشكردنی شانۆگه‌رییه‌كه، زیاد له دوو ساڵ، هه‌وڵیدا هۆڵی شانۆیه‌ك دابین بكات. دواجار پێش ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانییه‌كه‌ی كۆتایی پێبێت، شانۆیه‌كی دۆزییه‌وه كه خه‌ریك بوو چیتر كاری تێدا نه‌كرێت. به‌ڕێوه‌به‌ری شانۆكه بڕیارده‌دات به نمایشكردنی كارێكی فه‌لسه‌فی، كۆتایی به مێژووی خۆی بێنێت.
به‌م شێوه‌یه له 5 كانوونی دووه‌می ساڵی 1953، لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ له مێژووی شانۆی جیهانیدا نووسرایه‌وه، ئه‌مه‌ش ئه‌و كاته بوو كه په‌رده له‌سه‌ر دیمه‌نی پیاوێك لادرا، كڵاوێكی له‌سه‌ره و بارودۆخی باش نییه و هه‌وڵده‌دات پێڵاوه‌كانی داكه‌نێت. ئه‌و پیاوه “ئیستراگۆن” بوو كه هه‌ر ئێستا له‌ژێر دره‌ختێكی بێ گه‌ڵادا، ده‌گات به “ڤلادیمێر”ی هاوڕێی. زۆربه‌ی زۆری كاتی شانۆگه‌رییه‌كه كه له دوو به‌ش پێكهاتووه، بریتییه له‌وه‌ی هاوڕێكه‌ی باسی دواهه‌مین كێشه‌كانی ده‌كات و به وردی گفتوگۆ له‌سه‌ر ژماره‌یه‌كی زۆر پرسی لاوه‌كی و بێبایه‌خ ده‌كه‌ن. لێره‌وه و له میانه‌ی قسه‌وباسه‌كانیانه‌وه، تێده‌گه‌ین ئه‌م دووانه چاوه‌ڕوانی كه‌سێك ده‌كه‌ن ناوی گۆدۆ-یه. ئه‌وان به ته‌واوه‌تی له‌وه دڵنیانین كه ئاخۆ پێشتر ئه‌و كه‌سه‌یان بینیوه، هه‌روه‌ها له‌وه‌ش دڵنیانین كه ئایا ئه‌و كه‌سه به ڕاستی دێت. هه‌رچه‌نده ڕه‌گه‌زنامه‌ی كاره‌كته‌ره‌كانی شانۆگه‌رییه‌كه دیار نییه، به‌ڵام ڕوون و ئاشكرایه ئینگلیز نین، چونكه ئه‌وان باس له دراوی فره‌نك ده‌كه‌ن و نوكته‌ی گاڵته‌جاڕانه له‌سه‌ر ئینگلیز و زمانه‌كه‌یان ده‌كه‌ن. له‌و به‌رهه‌مانه‌ی به زمانی ئینگلیزی ده‌نووسرێن، كاره‌كته‌ره‌كان به شێوه‌یه‌كی ئاسایی به له‌هجه‌ی ئیرله‌ندی قسه ده‌كه‌ن.
ساڵی 1955 له له‌نده‌ن، بۆ یه‌كه‌مجار نوسخه‌ی ئینگلیزی شانۆگه‌رییه‌كه نمایشكرا كه به ده‌ستكارییه‌كی كه‌مه‌وه له نوسخه فه‌ره‌نسییه ئه‌سڵیه‌كه‌وه وه‌رگێڕدرابوو، هه‌روه‌ها ئه‌م نوسخه ئینگلیزییه ناونیشانێكی لاوه‌كی هه‌بوو: (كۆمیدیایه‌كی تراژیدی له دوو به‌شدا). جه‌ماوه‌ری شانۆی مه‌له‌كی به‌ریتانی، له وه‌رزی 1998-1999، به‌و پێیه‌ی شانۆگه‌ری له چاوه‌ڕوانی گۆدۆ دا “له سه‌ده‌ی بیستدا گرنگترین شانۆگه‌رییه به زمانی ئینگلیزی نمایشكرابێت” ده‌ستنیشانیان كرد. له‌و كاته‌وه له‌سه‌ر سه‌حنه‌ی ده‌یان شانۆی جیهانی نمایشكراوه، له ئوسترالیاوه بۆ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، له نه‌رویژه‌وه بۆ باشوری ئه‌فریقا و بوو به به‌ناوبانگرتین كاره‌كانی بێكیت. ئه‌گه‌رچی شانۆگه‌ری له چاوه‌ڕونی گۆدۆ دا، له هه‌مو كاره‌كانی دیكه‌ی بێكیت گرنگتر نییه، به‌ڵام له ڕووی داهاته‌وه كۆمه‌كێكی زۆری به نووسه‌ره‌كه‌ی كردووه. له‌گه‌ڵ هه‌مو ئه‌وانه‌دا، یه‌كه‌مین كاردانه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر له هه‌ردوو شاره‌كه‌دا، واته له پاریس و له‌نده‌ن، هه‌مویان نمایشه‌كه‌یان به‌دڵ نه‌بووه. بگره زۆربه‌یان له كاتی پشوی نێوان هه‌ردوو به‌شه‌كه‌دا، هۆڵه‌كه‌یان به‌جێهێشتووه و هه‌ندێك ڕه‌خنه‌گر گاڵته‌یان به شانۆگه‌رییه‌ك كردووه كه ”تێیدا هیچ شتێك ڕونادات”. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه، زۆرێك له ڕۆشنبیران و شانۆكاران، گله‌یی ئه‌وه‌یان ده‌كرد زۆر قورسه په‌ی به‌وه ببه‌یت كه نووسه‌ر ده‌یه‌وێت له چاوه‌ڕوانی هاتنی گۆدۆدا، پێیبگه‌یت و هه‌ڵیهێنجێنیت. بگره مشتومڕێكی زۆر كرا له‌سه‌ر نهێنی ناونانی شانۆگه‌رییه‌كه به “گۆدۆ” و شێوازی گۆكردنی له نێوان فه‌ره‌نسی و ئینگلیزی و له‌هجه جۆراوجۆره‌كانی نێوان له‌نده‌ن و دبلن و نیۆیۆرك.
هه‌ر هه‌مو ئه‌وانه، وایانكرد بێكیت هه‌ست به بێزاری و توڕه‌یی بكات. جگه له‌وه به‌لایه‌وه زۆر سه‌یر بوو كه ناچاره، هه‌ندێك وشه‌ی برینداركه‌ر له نمایشه ئینگلیزییه‌كه‌دا بسڕێته‌وه، به‌و پێیه‌ی شانۆ له به‌ریتانیا، له ساڵانی په‌نجاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا، له‌ژێر سانسۆرێكی وردی حكومه‌تدا بوو. وه‌لێ دواتر كه شانۆگه‌رییه‌كه په‌ڕییه‌وه بۆ وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌وروپا، به هه‌زاران كه‌س، هه‌ڵپه‌یان بوو بۆ بینینی، چه‌ندین ڕه‌خنه‌گری ناودار ستایشی ڕه‌سه‌نایه‌تی به‌رهه‌مه‌كه‌یان كرد و ئاماژه‌یان بۆ به‌هێزی ڕۆحی نوكته و گاڵته‌كردن به قه‌ده‌ر و چاره‌نووسه‌كان كه له شانۆگه‌رییه‌كه‌دا هه‌یه، كردووه. هه‌ندێك له شانۆكارن به “توحفه‌یه‌كی ته‌واو هونه‌ری” وه‌سفیان كرد و له‌م باره‌یه‌وه یه‌كێكیان ده‌ڵێت: “گۆدۆ له میانه‌ی هه‌ڵهێنجان و به‌رجه‌سته‌كردنی شكڵ له جه‌وهه‌ره‌كه‌یه‌وه، بنه‌ماكانی درامای هه‌ڵگه‌ڕانده‌وه و سه‌روژێری كرد، سه‌لماندی شانۆگه‌رییه‌كه له بنچینه‌دا ئامرازێكه بۆ بردنه‌سه‌ری دوو كاتژمێر له تاریكی‌دا، بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به بێزاری و وه‌ڕسی بكه‌یت”.
بێكیت له ئه‌سڵدا شانۆكار نه‌بوو، به‌ڵام گۆدۆ، له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م نمایشی كه بۆی سازكرا، نووسه‌ره‌كه‌ی گه‌یانده ترۆپكی نه‌مری ئه‌ده‌بی، بێكیت خۆی ئه‌مه ناو ده‌نێت”به‌ختێكی گه‌وره، به‌بێ تێگه‌یشتن”. بێكیت وه‌ك ئه‌كادیمییه‌كی فاشیل، ڕۆماننوسێكی ئاڵۆز ده‌ستی پێكرد. پێش نووسینی گۆدۆ، گرنگی به ئه‌ده‌بی شانۆ نه‌ده‌دا، له كۆتاییه‌كانی ساڵانی سییه‌كانی سه‌ده‌ی بیست، له پاریس نیشته‌جی بوو، ئه‌ویش له‌به‌ر هۆیه‌كی زۆر ساده، ژیان له له‌نده‌ن پاره‌ی زۆرتری ده‌ویست. سه‌روه‌ختیك پاریس له ساڵی 1940، ده‌كه‌وێته ژێر ده‌سه‌ڵاتی نازییه‌كان، ناچار ده‌بێت بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ پاریس به‌جێبێڵێت و بڕواته گوندێكی دووره ده‌ستی لاچه‌پ، له باشوری فه‌ره‌نسا و له‌وێدا بمێنێته‌وه.
بێكیت وه‌ك كاره‌كته‌ری شانۆگه‌رییه‌كه‌ی، خۆی وا ده‌بینی چاوه‌ڕێی شتێكه كه نایه‌ت، ئه‌و ماوه دوور و درێژه له ته‌نهایی ناچاری و به‌زۆر سه‌پاو، وایلێكرد دوور له قیڕه‌قیڕی شاره گه‌وره‌كان، توانای به‌سه‌ر زمانی فه‌ره‌نسیدا بشكێت و تێیدا شاره‌زیایی پێویست بۆ نووسین به زمانی فه‌ره‌نسی په‌یدا بكات. هه‌ر بۆیه پێش گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ دبلن و له ماوه‌ی كه‌متر له چوار ساڵدا، جگه له شانۆگه‌ری گۆدۆ، چوار ڕۆمانی نووسی. قسه‌وباسێكی زۆر ده‌كرێت سه‌باره‌ت به سه‌رچاوه‌ی ناونانی شانۆگه‌رییه‌كه به گۆدۆ، هه‌ندێك پێیانوایه ناوێكه له ناوه‌كانی زاتی ئیلاهی، یان زایه‌ڵه‌ی هه‌ندێك ناوی دیكه‌یه كه له كاره ئه‌ده‌بییه‌كانی پێشتردا زرنگاوه‌ته‌وه. به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی زۆر له‌وه ساده‌تره و هه‌ندێك له كه‌سه نزیكه‌كانی بێكیت ئه‌مه ده‌گێڕنه‌وه: ڕۆژێكیان بێكیت به‌لای كۆمه‌ڵێ بینه‌ردا تێده‌په‌ڕێت كه سه‌یری پێشبڕكێی ساڵانه‌ی فه‌ره‌نسا بۆ پاسكیل-یان ده‌كرد، له‌و چركه‌ساته‌دا هیچ پاسكیلێك دیار نه‌بوو، ئه‌ویش لێیان ده‌پرسێت چاوه‌ڕوانی چی ده‌كه‌ن؟ ئه‌وان پێی ده‌ڵێن چاوه‌ڕوانی گۆدۆ ده‌كه‌ن. گۆدۆ ناوی خانه‌واده‌ی یه‌كێك له پاسكیلسواره ناسراوه‌كان بوو: “ڕۆجه‌ر گۆدۆ 1920-2000”.
ئه‌م شاكاره‌ی بێكیت ئاوا وه‌سف كراوه: “مه‌حاڵێكی تیۆری به‌ده‌ستهێناوه، ئاخر ئه‌م شانۆگه‌رییه هیچ شتێكی تیدا ڕوونادات، كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، جه‌ماوه‌ر نووساون به كورسییه‌كانیانه‌وه”. هه‌ندێك هه‌وڵیانداوه ڕه‌هه‌ندی فه‌لسه‌فی گوتاره‌كان ده‌ربهێنن كه پێده‌چێت وه‌ك: “لافاوێك له قسه‌ی بێ‌مانا وابێت یان لافاوێك له قسه كه هیچ به‌هایه‌كی نییه”. ڕه‌خنه‌گر مارتن ئسلین، ئه‌م شانۆگه‌رییه‌ی له خانه‌ی ئه‌وه‌ی ناوی ناوه “شانۆی بێهوده‌یی” پۆلێنكردووه، ئه‌و پێیوایه ئه‌م خۆبردنه‌پێشه‌وه‌یه به ناوی فه‌لسه‌فه‌وه كه وه‌ك هه‌ڵچوونێكی ئاشكرا و نالۆژیكی ده‌رده‌كه‌وێت، نموونه‌ی كاری ئه‌و ئه‌كته‌ره‌یه كه ده‌ڵێت: “دژی دایه‌لۆگه و له‌گه‌ڵ دایه‌لۆگدا نییه. به‌جۆرێك مانا له دژایه‌تیه‌كی دیاله‌كتیكیدایه له‌گه‌ڵ نه‌بوونی مانا له دێڕه‌كانی تێكسته‌كه‌دا”. به‌ڵام مه‌سه‌له‌كه هه‌رچۆنێك بێت، ئه‌م شانۆگه‌رییه، به دڵنییاییه‌وه و به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان، گوزارشته له‌و دۆخی ونبوونه‌ی كه گه‌لانی ئه‌وروپی، له قۆناغی جه‌نگی جیهانی دووه‌م تێدا ژیاون. شانۆگه‌رییه‌كه به حوكمی ئه‌بستراكبوونه/ تجریدها توونده‌كه‌ی و ڕه‌گه‌زپه‌رستییه دیاره‌كه‌ی، له‌سه‌ر ئاستی سایكۆلۆژی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئاینی، خوێندنه‌وه‌ی جۆراوجۆری بۆ كراوه. ڕه‌نگه ئه‌وه به‌شێك بێت له نهێنی سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی. ئاشكرایه خودی بێكیت، هه‌وڵینه‌داوه له‌م كاره‌دا، مه‌به‌ست و ئامانجه‌كانی به ڕاسته‌وخۆ ده‌ربڕێت، ئه‌و به‌د حاڵیبوونه‌شی ڕه‌تكردووه‌ته‌وه كه لای ڕه‌خه‌گران هه‌بووه، ئه‌وانه‌یان هه‌وڵده‌ده‌ن شیكاری ئاڵۆز بۆ كاراكته‌ره‌كان بكه‌ن و ده‌پرسێت: “خه‌ڵكی بۆچی شتێكی ئاسانی له‌م جۆره، ئه‌وه‌نده ئاڵۆز ده‌كه‌ن، ئه‌وه مه‌سه‌له‌یه‌كه ناتوانم لێی تێبگه‌م”. ئاشكرایه خودی بێكیت، زۆر زه‌حمه‌ته له چوارچێوه‌ی قوتابخانه‌یه‌كی فیكری یان ڕێبازێكی ئه‌ده‌بی دیاریكراودا، دابنرێت.
بێكیت هه‌مو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی ڕه‌تكرده‌وه كه ده‌یانوویست “گۆدۆ” هه‌موار بكاته‌وه یان وای لێبكات جگه له شانۆ بۆ ژانری دیكه‌ش بشێت یاخود له‌لایه‌ن ئه‌كته‌ری ئافره‌ته‌وه نمایش بكرێت. دوای كۆچی دوایی بێكیت، میراتگره‌كانی به هه‌مو شێوه‌یه‌ك و به هه‌مو ئامرازێكی یاسایی، هه‌وڵی جێگیركردنی ئه‌و شێوازه جێگیره‌ی شانۆنامه‌كه‌یان داوه و تا ئێستاش له‌و هه‌وڵه‌یان به‌رده‌وامن. له‌م ڕووه‌وه ساڵی 1991داوه‌رێكی فه‌ره‌نسی، بڕیاریدا نمایشكردنی شانۆگه‌رییه‌كه له‌لایه‌ن ئه‌كته‌ری مێیینه‌وه، هیچ زه‌ره‌رێك به ناوبانگ و میراتی بێكیت ناگه‌یه‌نێت. هه‌ر بۆیه له ڤیستیڤاڵی ئه‌فینیۆن، ڕێگه‌یدا له‌لایه‌ن كاره‌كته‌ری مێینه‌وه نمایش بكرێت. به‌ڵام دادوه‌ره‌كه، پێش هه‌ر نمایشێك، ڕێگه‌یدا پارێزه‌ره و میراتگرانی بێكیت، ناڕه‌زایی خۆیان ده‌رببڕن و بیخوێننه‌وه.
ڕه‌نگه له سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا، گرنگی و بایه‌خی “له چاوه‌ڕوانی گۆدۆ دا”، به‌و پێیه‌ی كارێكی ئه‌ده‌بییه، كه‌میكردبێت و له‌كزیدابێت. به‌ڵام تێمای چاوه‌ڕوانی مرۆڤ بۆ شتێك كه نایه‌ت و شانۆگه‌رییه‌كه به‌رجه‌سته‌ی كردووه، هه‌میشه ده‌مێنێته‌وه مادام مرۆڤ ماوه‌ته‌وه. هێنده به‌سه له شوێنێكی گشتیدا، چاودێری مرۆڤه‌كان بكه‌یت و ببینیت چۆن به‌رده‌وام و هه‌مو خوله‌كێك سه‌یری مۆبایله‌كانیان ده‌كه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی شتێك بكه‌ن. ئایا هه‌مومان له چاوه‌ڕوانی گۆدۆ دا نین؟
سه‌رچاوه
ندی حطیط، الشرق الاوسط، سێ شه‌ممه، 31 كانونی دووه‌م، 2023