دیموکراسی شەکەت و ماندوو

Loading

ئەلیف شەفەق
وەرگێڕانی
سەڵاح حەسەن پاڵەوان
(ئەم نووسینە ئەلیف شەفەق بە هۆی ساڵیادی کۆچی هونەرمەندی کورد ئەحمەد کایا نووسیویەتی)
تۆ منت نەدەناسی، نە لە شارێکدا هاتبووینە دنیاوە، نە لە قوتابخانەیەکدا بووین و وانەکانم پێکەوە خوێندبێت، نە بەیەک زمانیش یەکەمین لایلایە و چیرۆکەکانمان بیستبێت، تۆ سەر بە خێزانێکی گەورە بوویت، براو و خوشکی زۆرت هەبوون، منیش دایکێکی بێوەژن و داپیرەیەکم هەبوو، باوکی تۆ کرێکاری کارگەی جۆڵایی بوو. باوکی من مامۆستای زانکۆ بوو، ئەگەرچی ئەوەندە نەمدیتبوو. تۆ بە هەژاری و نەداری گەورە بووبوویت، بەڵام خەمی من بۆ شتێکی تر بوو، دەردێکی شاراوە بوو، ئەویش ئەوە بوو زمانی تۆ قەدەغە بوو، بەڵام من هیچ گرفتێکم لەگەڵ ئەو وشەو ڕستانە نەبوو کە بەکارمدەهێنان.
ساڵانێک بەسەر رووداوی دوازدەی سیپتێمبەردا تێپەڕیبوو، تانکەکان بەسەر ڕووی ئەم خاکەدا تێپەڕیبوون. نەمدەزانی و نەماندەزانی، لە پشتی شیشەکانی زیندان چی دەگوزەرێ، چ بەڵایەکیان بەسەر بەرهەڵستکارە چەپ و ڕاستڕەوەکاندا دەهێنا، چۆن ئەشکەنجەدان ئەنجام دەدرا، هاونیشتمانان لەمبارەیەوە هیچیان نەدەزانی. هاوسێکەمان، پورە حیکمەت خۆشحاڵ دەهاتە بەرچاو بەوەی کە قڕە و هەراوهوریای کۆڵان و شەقامەکان وەستابوو، دڵخۆش بوو بەوەی چالاکی ئانارشیستییەکان کۆتایی پێهاتبوو، هەرکە کەنان ئوزەن لەسەر شاشەکانی تەلەفزیۆن دەرکەوت ڕەزا ئەفەندی سڵاوی لێ کرد.
پاشان من تورکیام بەجێهێشت. ماوەیەک لە دەرەوەی تورکیا خەریکی خوێندن بووم، بە بڕوای هەندێک زۆر دڕەنگ ئاشنات بووم، بەڵام ئەگەر لێم بپرسی کەی ئاشنات بووم، دەکرێ ڕێک ئەوکاتەی کە قوتابی بووم ئاشنات بووم ، ڕۆژێکیان دەمەوئێوارەیەک بەڕێکەوت گوێم دابووە سترانێکت ، سەرەتا ئەو گۆرانییە نامۆ بوو بە من. ئەگەر ڕاستت دەوێ تاڕادەیەک ئەو گۆرانییەم زیاد پیاوانە هاتەبەرگوێ؛ بۆ منێک کە بەدوای تایبەتمەندییە نێرینەکان لە ژنەکان و تایبەتمەندییە ژنانەکان لای پیاوان دەگەرام، ئەو گۆرانییە بۆ من نێرانە دەهاتە بەرچاو. تۆ دڵنیابوو لەوەی کێ حەقدارە و کێ ناحەق. بەڵام من زیاتر هەستم بە دڵنیایی دەکرد لە تەنیشی ئەو زەین و بیرانەی پەشێوبوون و لە تەنیشتی ئەو کەسانەی دودڵ بوون.
تۆ باست لە پاڵەوان دەکرد، بەڵام من ئارەزووم بوونی کۆمەڵگایەک بووم، پێویستی بە پاڵەوان نەبێت؛ وەک ئاماژەیەک بۆ ڕستەیەکی (بریشت)، لەو ڕستەیەدا کە دەڵێ : ”بە دۆست هیچ مەڵێ، تا نەبیتە هۆی پەشێوەی زەینم” باری زبری پیاوانە هەیە. ئەو پشتڕاستکردنەوەی لەم ڕستەیەدا هەیە: ”بەبێ وتنی سروود، مەرگ شایستەی ئێمە نییە” ، منی لە تۆ دوور دەخستەوە، کاتێ کە دەتگووت ”ئەشقی ڕەسەنم” لە وشەی ئەشق دەگەیشتم، بەڵام سەرم لە وشەی ”ڕەسەن” دەرنەدەکرد. گرفتم لەگەڵ ئەو ئاوەڵناوانە هەبوو کە بەکارتدەهێنان. بەڵام هەر گوێم لە وشەکانت دەگرت، گوێم لە بانگەوازت بوو. پاشان گۆرانییەکم گوێ لێبوو، پاش ئەوەش گۆرانییەکی تر. کاتێ چاوم کردەوە، سەیرم کرد وەک مڵوکۆکەرێ گوێ لە گۆرانییەکانت دەگرم.
تۆزێک لە یەکتری جیاواز بووین، تۆ حەزت لە ئارەق و گۆشتی باسترما بوو، بەڵام من ئەوەندە حەزم بە خواردنیان نەبوو، ئەگەر لەسەر مێزێک پێکەوە دانیشتینایە، ڕەنگە گاڵتەت بە خۆراکەکانم بهاتایە. یان وات بیردەکردەوە من ”کابانی” ماڵم، یان ”چێشتلێنەرێکی ” دەستڕەنگین. هەندێجار خۆزگەم بە ڕەفتارەکانت دەخواست، لەمەڕ ئەوەی هەمیشە لەسەر حەق بووی، ئیرەیم پێت دەبرد.
بەڵام بەشێوەیەکی سەیر دڵشکاو بووی، نەشدەکرا ئەو دڵشکاوییە نەبیبرێت، لەژێر ئەو جلەی پۆشیبووت، منداڵۆچکەیەک خۆی شاردبۆوە، مرۆڤێک بوو پڕ لە غەم و پەژارە، بە دەرد و ئازار ئاشنابووی ، لە هیچ کەسێکت نەدەکر، تەنیا و پیاو بووی، کورتوکرمانجی و ڕاشکاوانە شتەکان دەوت و هیچت نەدەشاردەوە. لەم ڕستەیەدا کە وتبووت: ” نە دیاربەکر لێم تێگەیشت نە تۆ، بەڵام من هەردووکتانم خۆشدەوێ”، دڕکێ بوو چەقیبووە دڵم.
لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، هەر بەمشێوەش ژیانت خۆشدەویست، بە ویژدان بوویت، بڕوات بە مرۆڤایەتی هەبوو، ئەگەر هاوسێکەت برسی بوایە، نەتدەتوانی بە سکی تێرەوە سەربنێتەوە، ئەگەر پەنجەی کەسێ خوێنی لێ بچۆڕایە، ئازارت پێدەگەیشت، بە بڕوام تێکەڵاوی ئەو کارانە دەبووی کە هیچ پەیوەندی بە تۆوە نەبوو، چون تەحەمولی زوڵم و نادادپەروەریت نەدەکرد، هەر لەبەر ئەمەش ئەو ڕستەیە کە دەڵێ ” کاری هەر مرۆڤێ پەیوەندی بە خودی خۆیەوە هەیە” لای تۆ بێماناترین ڕستە بوو. دەنگت چووە نێو دڵمەوە، گرنگ نییە لەگەڵ هەندێ لە وتەکانت هاوڕا نەبووم، تۆ ”مرۆڤی باران و گەردەلوول ” بووی. ئەوەندە یاخی بووی بە ئەندازەی ئەو ڕستەیەی کە دەتگوت ” دەچم بە گژ دنیادا”، لە تۆوە فێری وشەی ” نووری چاوم” بووم.
ساڵانێک تێپەڕی، بۆ ساتێک دەنگی پەرتکردن و تێگرتنی کەوچک و چەتاڵ و هەراوهوریاکان لە تەلەفزیۆنەوە دەرکەوتن.. چ شتێک هۆکاری ئەم هەموو ناڕەزایی و تووندوتیژییە بوو؟ چی تێدایە ئەگەر یەک ڤیدیۆ بە زمانی کوردی تۆمار بکەیت؟ هەروەک بڵێی بایەکی سەخت هەڵیکردبێت. عەقڵ نەمابوو، نۆبەتی تووندوتیژی بوو.
تۆ وابەستەی وڵاتی خۆت بووی. ئەگەرچی دەتگووت: ”شەو دەمناسێت، هەندێجار دەمێنم و هەندێجار دەڕۆم”. بەڵام هەمیشە مانەوەت لە ڕۆیشتن پێ باشتر بوو، پێموایە ئاکارەکانت هەڵگری ڕووی مرۆڤانەیان هەبوو، دۆستە دێرینەکان، سفرەی ڕازاوە بە ئاشنایان، هەستی بەردەوامی. ڕەنگە مەرگ لە تاراوگە ئازاری دڵی دابێتی، بۆ دەبێ وڵاتێ تا ئەم ئەندازەیە خۆشتبوێ، ئەوەندە ئازارت بدات؟ سەیرەکە ئەوەیە هیچ کەسێ وەڵامی ناداتەوە.
ئێستە نازانم لەو سەرەوە چۆن دەمانبینیت؟ بەڵام هەواڵەکانمان ئەوەندە دڵخۆشکەرە نین، تەنانەت ئەو کەمە دیموکراسییەی بەدەستمان هێنابوو، پاشەکشەمان کردووە. دیارە گەڕانەوە بۆ دوا بە خێرایی، دووبارە باسوخواسی لەسێدارەدان هاتووەتە گۆڕێ، تۆ وتبووت: ” ئەی باڵندەکان، بەرەو زێدی من لە شەقەی باڵ بدەن\ ئەوەتانێ لەوێ لەسەر کێوەکانم گوڵە ئەرخەوانییەکان شکۆفەیان کردووە” نەخێر گوڵە ئەرخەوانییەکان نین، ئەوەی هەیە ئاژاوە و پاشاگەردانییە. دیموکراسیمان بەرەو پرووکانەوە دەڕوات. بۆ ناتوانین و نەمانتوانی ببینە وڵاتێک ژیان پیرۆز ڕاگرێت؟
###
ئەم نووسینەم بە هۆی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر کۆچی هونەرمەندی بە توانا ”ئەحمەد کایا” نووسیووە. ئەو پیاوەی لە هیچکەس نەدەچوو و لەدەستدانی هەستی پێدەکرێت. مامۆستای هونەرمەند وتبووی: ”بۆ ئێمە زڵزڵە، ژەنگ و تۆز و خۆڵ مایەوە\ هاوڕێیانمان تیاچوون، ترسی نەبوون سێبەری بەسەرماندا هەڵداوە.” خۆزگە لەم نیشتمانە، کورد- ، تورک- سونی – عەلەوی، پارێزگار – سۆسیال، ژن – پیاو، بیانتوانایە لەوپەڕی ئارامی و ئاشتی و دیموکراسی پێکەوە بژین.
ناردن: