نامه‌یه‌كی شارل بۆدلێر بۆ دایكی
نامه‌یه‌كی شارل بۆدلێر بۆ دایكی
و. جه‌بار سابیر
(پاریس)
(٦ی ئایاری ١٨٦١)
دایكی ئازیزم، ئه‌گه‌ر به ڕاستی هه‌ستی دایكانه‌ت هه‌یه و ئه‌گه‌ر هێشتا ماندوو نه‌بوویت، وه‌ره بۆ پاریس، وه‌ره سه‌ردانم و ته‌نانه‌ت به دوامدا وه‌ره. من به هه‌زاران هۆكاری ترسناك ناتوانم به دوای شتێك‌دا كه زۆر پێویستم پێیه‌تی، واتا كه‌مێك دڵ و پڕكێشی و كه‌مێك نه‌وازش، بێم بۆ ئۆنفلۆر. كۆتاییه‌كانی مانگی ئازار كه بۆم نووسیت: “ئایا دووباره یه‌كتری ده‌بینین؟” گیرۆده‌ی یه‌كێك له‌و ته‌نگژانه بووم كه له ماوه‌یدا حه‌قیقه‌تێكی تاڵ ده‌رده‌كه‌وێ. نازانم، ئاماده‌م هه‌موو شتێكم بده‌م تا چه‌ند ڕۆژێك له په‌نا تۆوه بم، هه‌فته‌یه‌ك، سێ ڕۆژ، چه‌ند كاژێرێك، له په‌نا تۆوه، تاقه بوونه‌وه‌رێك كه ژیانم وابه‌سته‌یه پێوه‌ی.
تۆ نامه‌كانی من ئه‌وه‌نده به وردی ناخوێنییه‌وه. كاتێك قسه له نائومێدییه‌كانم، ته‌ندروستیم و ترسم له ژیان ده‌كه‌م، پێتوایه درۆ ده‌كه‌م یا لانیكه‌م زێده‌ڕۆیی ده‌كه‌م. دیسانیش ده‌ڵێم، من حه‌ز ده‌كه‌م تۆ ببینم، به‌ڵام ناتوانم بێم بۆ ئۆنفلۆر. نامه‌كانت، هه‌ڵه و وێناكردنی ناڕاستی زۆریان تێدایه كه پێده‌چێ گفتوگۆ بتوانێ چاكیان بكات، به‌ڵام چه‌ندین به‌رگ نووسینیش بۆ له نێوبردنیان به‌س نییه.
هه‌ر جارێ كه قه‌ڵه‌م به ده‌سته‌وه ده‌گرم تا بارودۆخی خۆمت بۆ ڕوون بكه‌مه‌وه، ده‌ترسم؛ ده‌ترسم تۆ به كوشت بده‌م، ده‌ترسم جه‌سته‌ی لاوازت له نێوبه‌رم. و خۆم بێئه‌وه‌ی بیری لێبكه‌یته‌وه به‌رده‌وام له ئاستانه‌ی خۆكوژیدام. پێموایه تۆ عاشقانه منت خۆشده‌وێ و به هه‌موو نازیره‌كییه‌كه‌وه، كه‌سێتییه‌كی گه‌وره‌ت هه‌یه! به‌ڵام من، من له منداڵیمدا عاشقانه تۆم خۆشده‌ویست، دواتر له ژێر فشاری نادادییه‌كانت له هه‌مبه‌ر تۆ بێڕێزیم كرد، وه‌ك بڵێی نادادی دایكانه بێڕێزی منداڵ به ڕه‌وا ده‌زانێ؛ زۆربه‌یجار له‌م بابه‌ته په‌شیمان بوومه، ئه‌گه‌رچی له ڕووی ڕاهاتنه‌وه شتێكم نه‌وتبێ. من ئیدی منداڵێكی هه‌قنه‌ناس و توندوتیژ نیم. تێڕامانی دوورودرێژ له باره‌ی چاره‌نووسمه‌وه و له باره‌ی ڕه‌فتاری تۆوه، یارمه‌تیدام تا هه‌موو هه‌ڵه‌كانی خۆم و گه‌وره‌یی تۆ ده‌رك بكه‌م. به‌ڵام كار له كار ترازا له‌به‌ر نه‌گونجاوی تۆ و هه‌ڵه‌كانی من. بێگومان ئێمه دروستكراوین تا یه‌كتریمان خۆشبوێ، تا بۆ یه‌كتری بژین، تا به شه‌رافه‌تمه‌ندانه‌ترین و خۆشترین شێوه‌یه‌ك كه ده‌كرێ، ژیانی خۆمان بگه‌یه‌نینه ئه‌نجام. به‌هه‌رحاڵ، هه‌لومه‌رجێكی ترسناك كه من تێیدام، ئه‌م وێناكردنه‌ی بۆ دروستكردم كه یه‌كێك له ئێمه، ئه‌ویتر به كوشت ده‌دات و ئێمه دواجار یه‌كتری ده‌كوژین. ڕوونه پاش مردنی من، ئیدی تۆ ناژی. من تاقه شتێكم كه تۆ زیندوو ده‌هێڵێته‌وه. پاش مردنی من، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر له گورزێكی ڕۆحی كه من هۆكاره‌كه‌ی بووم بمری، به دڵنیاییه‌وه من خۆم ده‌كوژم. مه‌رگی تۆ، كه زۆربه‌یجار به‌وپه‌ڕی ڕاده‌ستبوونه‌وه باسی ده‌كه‌یت، هیچ باشبوونێك له بارودۆخی مندا دروست ناكات؛ سه‌روه‌سێت دیاری ده‌كرێ (بۆچی دیاری نه‌كرێ؟)، هیچ نادرێ و من سه‌رباری خه‌مم، هه‌ستی ترسناكی ته‌نیایی ته‌واوم ده‌بێ. ئه‌گه‌ر خۆم بكوژم گه‌مژانه‌یه، مه‌گه‌ر وانییه؟ تۆ ده‌ڵێی: “كه‌واته ده‌ته‌وێ دایكه پیره‌كه‌ت به تاقی ته‌نیا جێبهێڵی؟” به ڕاست، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به ڕه‌هاییه‌وه مافی ئه‌نجامدانی كارێكی له‌م شێوه‌یه‌یشم نه‌بێ، پێموایه بڕه خه‌مێك كه له نزیكه‌ی سی ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌وه به‌رگه‌ی ده‌گرم، من شیاوی به‌خشین ده‌كات.
له باره‌ی خۆكوژییه‌وه- بیركردنه‌وه‌یه‌ك كه گرده‌بڕ نییه، به‌ڵام تاوناتاوێ دووباره دێت به سه‌رمدا- شتێكه كه ده‌بێ خه‌یاڵت ئاسووده بكات. من به‌ر له ڕێكوپێككردنی كاره‌كانم، ناتوانم خۆم بكوژم. هه‌موو نووسینه‌كانم له ئۆنفلۆرن و ته‌واو تێكچڕژاو. كه‌واته، ده‌بێ كارێكی ڕێك‌وپێك له ئۆنفلۆر بكه‌م. ده‌پرسی بۆچی خۆكوژی؟ له‌به‌ر قه‌رزه‌كان؟ به‌ڵێ، هه‌ڵبه‌ته ده‌كرێ كارێك بۆ قه‌رزه‌كان بكرێ. به‌ر له هه‌ر شتێك، هۆكاره‌كه‌ی ماندوێتییه‌كی ترسناكه به هۆی بارودۆخێكی به‌رگه‌نه‌گیراو كه زۆر درێژه‌ی كێشاوه. كه هه‌ر چركه‌یه‌ك تێده‌په‌ڕێ بۆ منی ده‌سه‌لمێنێ ئیدی هیچ حه‌زێكم له ژیان نییه. له تافی لاویمدا نه‌گونجاوییه‌كی گه‌وره له تۆدا ده‌ركه‌وت.[1] نه‌گونجاوی تۆ و هه‌ڵه‌كانی ڕابردووی من، قورسایی ده‌خه‌نه سه‌ر شانم و سێبه‌ریان خستۆته سه‌ر بوونم. له بارودۆخێكی خراپدام. هه‌ندێك ڕێزم لێده‌گرن، هه‌ندێك ماستاوم بۆ ده‌كه‌ن، ڕه‌نگه كه‌سانێكی زۆریش هه‌بن ئیره‌ییم پێده‌به‌ن. بارودۆخی ئه‌ده‌بیم شتێكی واوه‌تر له باشه. هه‌رچییه‌كم بوێ ده‌توانم بینووسم. هه‌مووی چاپ ده‌كرێ. له‌وێوه كه سه‌لیقه‌م خه‌ڵك په‌سه‌ند نییه، پاره‌یه‌كی ئه‌وتۆم ده‌ست ناكه‌وێ و سه‌رباری ئه‌وه‌ی به‌جه‌رگی ژیانكردنم نییه، ده‌زانم ناوبانگێكی زۆر به‌جێده‌هێڵم. به‌ڵام له باره‌ی ته‌ندروستی ڕۆحیمه‌وه؛ نه‌فره‌تاوییه و ڕه‌نگه له ده‌ستچوو بێ. هێشتا به‌رنامه‌گه‌لێكم له سه‌ردایه: دڵی ئاشكرا بووم،[2] چه‌ند ڕۆمانێك، دوو شانۆنامه، یه‌كێك له‌وان بۆ “شانۆی فه‌ڕه‌نسا” ده‌بێ. هه‌موو ئه‌مانه ڕۆژێك ده‌نووسرێن؟ ئیدی به‌م شێوه‌یه بیر ناكه‌مه‌وه. ئابڕووم له مه‌ترسی دایه و به‌دبه‌ختی گه‌وره لێره دایه. هیچ ئارامییه‌ك له گۆڕێ نییه. قسه ناشیرینه‌كان، سووكایه‌تییه‌كان و جنێوگه‌لێك كه ته‌نانه‌ت ناتوانی وێنایشی بكه‌یت؛ ئه‌مانه هێزی خه‌یاڵكردن له‌نێوده‌به‌ن، ئیفلیجی ده‌كه‌ن. به‌ڵێ من كه‌مێك پاره‌م ده‌ست ده‌كه‌وێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌موو قه‌رزه‌م له‌سه‌ر نه‌بوایه و نه ئه‌و هه‌موو داراییه، ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بووم، باش بیر له‌م قسه‌یه بكه‌ره‌وه، له‌و حاڵه‌ته‌دا ده‌متوانی پاره به تۆیش بده‌م، ده‌متوانی بێ هیچ ترسێك له به‌رامبه‌ر ژه‌ن[3]دا چاكه‌خوازی بكه‌م. له ئێسته‌دا له باره‌ی ئه‌وه‌وه زیاتر قسه ده‌كه‌ین. خۆت ناچاری ئه‌م ڕوونكردنه‌وانه‌م ده‌كه‌یت. به‌هه‌رحاڵ، هه‌موو پاره‌ی من له ژیانێكی پڕ خه‌رجی و ناته‌ندروست (چونكه من ژیانێكی زۆر خراپم هه‌یه)، له دانه‌وه‌كان و زیاتر له پاكتاوكردنی بێكۆتایی قه‌رزه كۆنه‌كان، خه‌رجی كارمه‌ندانی جێبه‌جێكردن، كاغه‌زگه‌لی مۆركراو و شتانی دیكه له‌نێوده‌چێ.
ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر كار‌وباره ڕاسته‌قینه‌كان، واتا ئه‌وه‌ی له ئێستادا ده‌گوزه‌رێ. له به‌رئه‌وه‌ی پێویستم به قوتاربوونه، و ته‌نها تۆیت ده‌توانی قوتارم بكه‌یت. ئه‌مڕۆ ده‌مه‌وێ هه‌موو شتێك بڵێم. من ته‌نیام، نه هاوڕێیه‌ك، نه خۆشه‌ویستێك، نه سه‌گێك و نه پشیله‌یه‌ك كه ده‌رده‌دڵی لا بكه‌م. ته‌نها وێنه‌ی باوكم لایه كه ئه‌ویش به‌رده‌وام بێده‌نگه.
هه‌مان دۆخی ترسناكم هه‌یه كه له پاییزی ساڵی ١٨٤٤ گیرۆده‌ی بووم. دۆخی ڕاده‌ستبوونی خراپتر له تووڕه‌یی.
به‌ڵام له باره‌ی ته‌ندروستی جه‌سته‌ییمه‌وه كه له‌به‌ر تۆ، له‌به‌ر خۆم و له‌به‌ر ئه‌ركه‌كانم پێویستم پێیه‌تی؛ ئه‌مه‌یش كێشه‌یه‌كیتر! ده‌بێ له‌م باره‌یه‌وه قسه‌ت له‌گه‌ڵ بكه‌م، هه‌رچه‌نده تۆ بایه‌خێكی ئه‌وتۆی پێنه‌ده‌ی. نامه‌وێ هیچ له‌و په‌شێوییه عه‌سه‌بییانه كه ڕۆژ به ڕۆژ له پێم ده‌خه‌ن و به‌جه‌رگیم لێده‌سه‌نن، له ڕشانه‌وه‌كان، بێخه‌وییه‌كان، كابووسه‌كان و لاوازییه‌كان بڵێم. له باره‌ی ئه‌م شتانه‌وه چه‌ندین جار قسه‌م له‌گه‌ڵ كردویت. به‌ڵام شه‌رم كردن له تۆ بێكه‌ڵكه. خۆت ده‌زانی كاتێك زۆر گه‌نج بووم، تووشی جۆرێك سیفلیس بووم كه دواتر وامزانی به ته‌واوی چاره‌سه‌ر كراوه. پاشان له ساڵی ١٨٤٨ نه‌خۆشییه‌كه‌م دووباره له شاری دیژۆن[4] بڵێسه‌ی سه‌ند و دیسان به شێوه‌یه‌كی كاتی چاك بوو. ئێستا ئه‌م نه‌خۆشییه دووباره گه‌ڕاوه‌ته‌وه و شێوه‌یه‌كی تازه‌ی به خۆیه‌وه گرتووه، په‌ڵه‌گه‌لی سه‌ر پێست و ماندویتی زیاد له ڕاده له هه‌موو جومگه‌كاندا. باوه‌ڕ به قسه‌كه‌م بكه، چونكه شاره‌زاییم له‌و نه‌خۆشییه‌دا هه‌یه. ڕه‌نگیشه له‌به‌ر خه‌مێك كه تێیدا ڕۆچووم، ترسه‌كه‌م نه‌خۆشییه‌كه گه‌وره‌تر ده‌كات. به‌ڵام ڕژێمێكی سه‌ختم پێویسته و به بارودۆخی ژیانی منه‌وه ناكرێ په‌یڕه‌وی له ڕژێمێك بكه‌م.
هه‌موو ئه‌مانه ده‌خه‌مه لاوه و به‌ر له گه‌یشتن به به‌رنامه‌یه‌ك كه ده‌مه‌وێ له‌گه‌ڵ تۆدا باسی بكه‌م، ده‌ست به خه‌ون هۆنینه‌وه‌كانم ده‌كه‌م؛ به ڕاستی چێژ له‌م كارانه وه‌رده‌گرم. كێ چوزانێ، ڕه‌نگه جارێكی‌تر بتوانم سفره‌ی دڵم لای تۆ بكه‌مه‌وه، دڵێك كه قه‌ت قبوڵت نه‌كرد و نه‌تناسی! بێ هیچ دوودڵییه‌ك ئه‌مه ده‌نووسم، چونكه زۆر باش ده‌زانم ڕاسته.
كاتێك له منداڵیمدا عه‌شقێكی گه‌رموگوڕم بۆ تۆ هه‌بوو؛ بێ ترس ئه‌مانه ببیسته و بیخوێنه‌وه. هیچ كاتێك تا ئه‌م ڕاده‌یه له باره‌ی ئه‌وه‌وه قسه‌م نه‌كردووه. گه‌ڕانێكم به گالیسكه له بیره؛ له ئاسایشگه‌یه‌كی ده‌روونی كه تۆیان له‌وێ خه‌واندبوو، هاتییه ده‌رێ و بۆئه‌وه‌ی بۆ منی بسه‌لمێنی له بیری كوڕه‌كه‌تدا بوویت، ئه‌و تابلۆیانه‌ت پیشاندام كه به قه‌ڵه‌می په‌ڕ بۆت كێشابووم. یادگه‌یه‌كی سه‌یرم هه‌یه، وانییه؟ دواتر، گۆڕه‌پانی سانت ئاندرێ دێزئارك[5] و نیوی[6]، گه‌ڕانی دوورودرێژ، میهره‌بانییه هه‌میشه‌ییه‌كان! ئه‌سكه‌له‌كانم له بیره، كه سه‌ره‌تای شه‌و زۆر خه‌مین بوون. ئاه كه ئه‌و سه‌رده‌مه بۆ من سه‌رده‌می خۆشی میهره‌بانییه دایكانه‌كان بوو! داوای لێبوردن ده‌كه‌م له‌مه‌ی كه ئه‌وه به سه‌رده‌مێكی خۆش ناوده‌به‌م؛ سه‌رده‌مێك كه بێگومان بۆ تۆ ناخۆش بوو. به‌ڵام من هه‌میشه له بوونی تۆدا زیندوو بووم، تۆ ته‌نها هیی من بوویت. تۆ بۆ من هه‌م ماشووق بوویت هه‌م هاوڕێ. ڕه‌نگه سه‌یر بێ به لاته‌وه كه ده‌توانم به گه‌رمییه‌كی له‌م شێوه‌یه باسی سه‌رده‌مێك به‌م دوورییه بكه‌م. خۆیشم سه‌رم سووڕماوه. ڕه‌نگه له‌به‌رئه‌وه‌ی جارێكی‌تر هه‌ستم به حه‌زی مردن كردووه كه ڕووداوه‌كانی ڕابردوو به توندییه‌كی زۆر له زه‌ینمدا وێنا ده‌كه‌ن.
هه‌ینێ خۆت تێده‌گه‌یت مێرده‌كه‌ت ده‌یویست به چ شێوه‌یه‌كی ترسناك په‌روه‌رده‌م بكات؛ من ئێستا ته‌مه‌نم چل ساڵه، به‌ڵام ناتوانم بیر له سه‌رده‌می قوتابخانه‌م بكه‌مه‌وه، بێ هه‌ستی خه‌فه‌ت و هه‌ستی ترسێك كه باوه‌پیاره‌كه‌م له مندا دروستی ده‌كرد. به‌هه‌رحاڵ، خۆشم ده‌ویست. وێڕای ئه‌مه‌یش، ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌نده ئاقڵم ماف بده‌مه ئه‌و. به‌ڵام ئه‌ویش زۆر ناشیانه كاری ده‌كرد. خێراتر ده‌چمه پێش، چونكه ئه‌سرین له چاوانی تۆدا ده‌بینم.
له كۆتاییدا هه‌ڵاتم و له‌وه‌ودوا به ته‌واوی به حاڵی خۆمه‌وه به‌ره‌ڵا كرام. ته‌نها شه‌یدای چێژه‌كان بووم، ئۆخژنی به‌رده‌وام، سه‌فه‌ره‌كان، كه‌لوپه‌لی جوان، تابلۆكان، كچان و شتانی دیكه. ئه‌مڕۆ به قورسی هه‌موو ئازاری ئه‌وه له كۆڵ ده‌گرم. له باره‌ی دیاریكردنی سه‌روه‌سێته‌وه ته‌نها یه‌ك قسه‌م بۆ گوتن هه‌یه: ئه‌مڕۆ من له نرخی گه‌وره‌ی پاره تێده‌گه‌م و گرنگی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه په‌یوه‌ندییان به پاره‌وه هه‌یه، ده‌رك ده‌كه‌م! ده‌رك به‌مه ده‌كه‌م چۆن ده‌توانی پیتوابێ لێوه‌شاوانه و به قازانجی من كارت كردووه؛ به‌هه‌رحاڵ، پرسیارێك، پرسیارێك كه هه‌میشه مێشكی من به خۆیه‌وه سه‌رقاڵ ده‌كات: چۆن ده‌شێ ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه نه‌هاتبێت به مێشكتدا كه “ڕه‌نگه كوڕه‌كه‌م قه‌ت به هێنده‌ی من شعوور ڕه‌فتاری نه‌بێت، به‌ڵام ده‌شێ له به‌ستێنه‌كانی دیكه‌دا پیاوێكی شایه‌ن بایه‌خ پێدان بێ. له‌م حاڵه‌ته‌دا من چی ده‌كه‌م؟ ئه‌و به هه‌بوونی ژیانێكی دووانه‌یی و ناودژ مه‌حكوم ده‌كه‌م؛ له لایه‌ك ژیانێكی ئابڕوومه‌ندانه و له لایه‌كیتره‌وه ژیانێكی نه‌فره‌تاو و شه‌رمه‌زارانه؟ مه‌حكومی ده‌كه‌م كه تا سه‌رده‌می پیری په‌ڵه‌یه‌كی نه‌نگیت له‌گه‌ڵ بێ؛ په‌ڵه‌یه‌كی نه‌نگی وێرانكه‌ر، هۆكارێك له‌سه‌ر بێتوانایی و خه‌فه‌ت؟” به دڵنیاییه‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌و كاته سه‌روه‌سێت دیاری نه‌كرایه، هه‌موو شتێك خه‌رج ده‌بوو. ده‌بوو ئه‌نگێزه‌ی كاركردن به جۆرێك له مندا دروست بوایه. سه‌روه‌سێت دیاریكرا؛ به‌هه‌رحاڵ، هه‌موو شتێك خه‌رجكراوه و ئێستا من پیر و به‌دبه‌ختم. بابه‌ته‌كه لێره دایه كه ئایا دروستكردنی هه‌موو شتێك له تۆ كاری كرده‌یه؟
ته‌نها ئامانجم له گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕابردوو، پۆزش هێنانه‌وه له كاره‌كانم و جگه له‌م حاڵه‌ته، هێناوه‌ی پاساوێكی ته‌واوه. ئه‌گه‌ر له‌وه‌ی ده‌ینووسم هه‌ست به سه‌رزه‌نشتێك ده‌كه‌ی، لانیكه‌م بزانه ئه‌م بابه‌ته به هیچ كلۆجێك خه‌وشێك له په‌سنكردنم لەگۆ‌ڕ به ڕۆحی گه‌وره‌ی تۆ و قه‌درزانیم له هه‌مبه‌ر فیداكاریت دروست ناكات. تۆ هه‌میشه فیداكاریت كردووه. تۆ سه‌رانسه‌ر ڕۆحیه‌تی فیداكاریت. زیاتر عه‌شق ده‌به‌خشی تا ئه‌قڵ. به‌ڵام من له‌مانه زیاتر چاوه‌ڕوانیم له تۆ هه‌یه. بۆئه‌وه‌ی ده‌ره‌قه‌تی كاره‌كان بێم هه‌م چاوه‌ڕوانی ڕێنمایی و پشتیوانیم له تۆ هه‌یه و هه‌م چاوه‌ڕوانی تێگه‌یشتنی ته‌واو له نێوان خۆم و تۆدا. ده‌پاڕێمه‌وه، وه‌ره، وه‌ره. ئیدی هێزێك له ڕۆحمدا نه‌ماوه، ئیدی ئازایه‌تییه‌ك نه‌ماوه‌ته‌وه بۆم، ئیتر ئومێدێكم بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه. ترسێكی به‌رده‌وام ده‌بینم. ژیانی ئه‌ده‌بیم بۆ هه‌میشه له به‌نددا ده‌بینم. كاره‌ساتێك ده‌بینم. ده‌توانی هه‌فته‌یه‌ك لای یه‌كێك هاوڕێكانم، بۆ نموونه لای ئانسل، بمێنییه‌وه. ئاماده‌م هه‌رچییه‌كم هه‌یه بۆ دیتن و ماچكردنت بیده‌م. من هه‌ست به ڕوودانی كاره‌ساتێك ده‌كه‌م و له ئێستادا ناتوانم بێمه لای تۆ. ئه‌گه‌رچی پاریسیش ناخۆشه بۆم. پێشتر دوو جار ناوریاییه‌كی گه‌وره‌م كردووه، به‌ڵام ئه‌م جاره تۆ سه‌ختگیرانه‌تر له باره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌وه حوكم ده‌ده‌یت و من دواجار شێت ده‌بم.
من به‌خته‌وه‌رییه‌كه‌تم ده‌وێ، و به‌خته‌وه‌ری خۆتم ده‌وێ[7] تا بتوانین دووباره ئه‌زموونی بكه‌ینه‌وه. ئه‌مه ئه‌و به‌رنامه‌یه‌یه كه بڕیار بوو له‌گه‌ڵ تۆدا باسی بكه‌م: من ڕێچارێكی كاتیم ده‌وێ. دانانی بڕێكی گه‌وره[8] تا ئاستی بۆ نموونه ١٠٠٠٠ فڕانك، ٢٠٠٠ بۆ ڕاده‌ستكردنی خێرا به خۆم؛ ٢٠٠٠ یش له به‌رده‌ستی تۆدا بۆ ئاماده‌یی بۆ پێویستییه پێشبینی نه‌كراوه‌كان یا پێشبینی كراوه‌كان، پێداویستییه‌كانی ژیان، پۆشاك و هیتر بۆ ماوه‌ی ساڵێك (ژه‌نیش خانوویه‌ك ده‌گرێ و له‌وێ پێداویستییه سه‌ره‌تاییه‌كانی ده‌درێ). دواتر له باره‌ی ئه‌وه‌وه قسه ده‌كه‌م. دیسانیش تۆی من ناچاری ئه‌م كاره ده‌كه‌یت. له كۆتاییدا ٦٠٠٠ فڕانكه ماوه‌كه‌یش له به‌رده‌ستی ئانسل یا مارین[9]، ده‌مێنێته‌وه، پاره‌گه‌لێك كه ده‌بێ به ئارامی، لێكدا لێكدا و به وریایی خه‌رج بكرێن، به جۆرێك كه ڕه‌نگه بڕێكی زیاد له ١٠٠٠٠ فڕانك له قه‌رزه‌كان بدرێته‌وه و به‌ر له دروستكردنی هه‌ر جۆره شۆك یا ڕسوایییه‌ك له ئۆنفلۆر ده‌گیرێ.
ئه‌مه‌یش ساڵێك ئارامی. ئه‌گه‌ر من سوود له‌م ده‌رفه‌ته وه‌رنه‌گرم بۆ دیسانه‌وه دروستكردنه‌وه‌ی هه‌موو شتێك، یا شێتێكی سه‌رومڕ یا خوێڕییه‌كی سه‌رومڕم. هه‌موو پاره‌ی ده‌ستكه‌وتوو له‌م ماوه‌یه‌دا (١٠٠٠٠ فڕانك یا ڕه‌نگه ته‌نها ٥٠٠٠ فڕانك) له به‌رده‌ستی تۆدا ده‌بێ. من هیچ یه‌كێك له كار و سووده‌كانم له تۆ ناشارمه‌وه. ئه‌م پاره‌یه‌یش له‌بری دابینكردنی پێداویستییه‌كان، دووباره له دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كاندا خه‌رج ده‌كرێ و به‌م شێوه‌یه، له ساڵانی داهاتوودا. ڕه‌نگه بتوانم له‌م ڕێگه‌یه‌وه له ژێر چاودێری تۆدا هه‌موو شتێك له نووكه‌وه دروست بكه‌م و بێئه‌وه‌ی سه‌رمایه‌كه‌م زیاتر له ١٠٠٠٠ فڕانك بێته خوارێ ده‌بێ هه‌موو شتێك بده‌م، هه‌ڵبه‌ته بێ هه‌ژماركردنی ٤٦٠٠ فڕانكی ساڵانی ڕابردوو. له‌م حاڵه‌ته‌دا خانووه‌كه ڕزگاری ده‌بێ. چونكه ئه‌م یه‌كه له‌و لێكدانه‌وانه‌یه كه هه‌میشه له‌به‌ر چاومه.
ئه‌گه‌ر تۆ پشتی ئه‌م نه‌خشه به‌خته‌وه‌ری دروستكه‌ره بگریت، ده‌مه‌وێ تا كۆتایی مانگ یا ڕه‌نگه له ئێستاوه بێمه ئۆنفلۆر. كارێك ده‌كه‌م بێیت به شوێنمدا. خۆت باش ده‌زانی ورده‌كاری زۆر هه‌یه كه له نامه‌دا جێی نابێته‌وه. به كورتی ئه‌مه‌ی كه ده‌مه‌وێ هه‌ر یه‌كێك له‌م بڕانه ته‌نها له حاڵه‌تی ڕه‌زامه‌ندی تۆدا بدرێن، پاش باسی نه‌گونجاوی نێوان من و تۆ. له یه‌ك وشه‌دا حه‌ز ده‌كه‌م سه‌روه‌سێتی ڕاسته‌قینه‌ی من تۆ بیت. واتا ده‌كرێ بگه‌یته جێیه‌ك كه وێنه‌یه‌كی وه‌ها ترسناك به وێنه‌یه‌كی هێنده جوان له دایك گرێبده‌یت!
له‌م حاڵه‌ته‌دا، به‌داخه‌وه ده‌بێ واز له بڕگه‌لی كه‌م و داهاتگه‌لی كه‌م بهێنی، له سه‌د یا دووسه‌د فڕانكێك كه ڕه‌وتی ئاسایی ژیانی پاریسی لێره و له‌وێ له‌گه‌ڵیه‌تی. به‌م پێیه، دان بۆ سه‌وداگه‌ڵییه زۆره‌كان و كتێبگه‌لی گران كاتێكی زۆرتری گه‌ره‌كه. له‌م باره‌یه‌وه جگه له خۆت، ویژدانت و خوداكه‌ت، كه به‌خته‌وه‌ری باوه‌ڕبوونت به‌و هه‌یه، ڕاوێژ له‌گه‌ڵ كه‌سێكیتر مه‌كه. وریایانه بیركردنه‌وه‌ت له‌گه‌ڵ ئانسل باس بكه. ئه‌و كه‌سێكی باشه، به‌ڵام بیركورته. ئه‌و به گشتی مرۆڤێكی خراپی له مێشك دایه كه ده‌بێ سه‌ركۆنه‌ی بكه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌م مرۆڤه، مرۆڤێكی گرنگ بێ. ئه‌و له ڕووی لاسارییه‌وه لێده‌گه‌ڕێ تا من ته‌واو هیلاك ببم. له‌بری ئه‌وه‌ی ته‌نها بیر له پاره بكه‌یته‌وه، كه‌مێكیش بیر له ئابڕوو، ئاسایش و ژیانی من بكه‌ره‌وه.
بیرت ده‌خه‌مه‌وه له‌م حاڵه‌ته‌دا ئیدی بۆ دوو هه‌فته و مانگێك و دوو مانگ نایه‌مه ئۆنفلۆر. به‌ڵكو له‌وێ مانه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی هه‌ڵده‌بژێرم، مه‌گه‌ر له حاڵه‌تگه‌لێكدا كه پێده‌چێ پێكه‌وه بێین بۆ پاریس.
هه‌روابێته‌وه كاری به‌ڵگه‌نامه‌كانیش له ڕێگه‌ی پۆسته‌وه ئه‌نجام ده‌درێ.
دیسانیش یه‌كێك له‌و وێناكردنه هه‌ڵانه كه به‌رده‌وام ده‌ینووسی و ده‌بێ چاك بكرێت. من قه‌ت له ته‌نیایی ماندوو نابم، من قه‌ت له په‌نا تۆوه ماندوو نابم. ته‌نها ده‌زانم له لایه‌ن هاوڕێیانی تۆوه له ئازاردا ده‌بم، به‌ڵام به‌مه‌یش ڕازیم.
هه‌ندێكجار ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه دێت به مێشكمدا ڕاوێژكاری خێزانی بگرم یا ته‌نانه‌ت له دادگا ئاماده‌بم. ده‌زانی شتانی زۆرم بۆ گوتن هه‌یه. مه‌گه‌ر جگه له‌مه بوو كه من له هه‌لومه‌رجێكی ترسناكدا هه‌شت به‌رگ كتێبم نووسی. من توانیم خه‌رجی خۆم په‌یدا بكه‌م. به‌ڵام قه‌رزه‌كانی سه‌رده‌می گه‌نجیم منیان كوشت؟
به ڕێزی تۆ، به لێكدانه‌وه‌ی هه‌ستیاری ترسناكت، ئه‌م كاره‌م نه‌كرد. تكایه له‌م باره‌یه‌وه قه‌درم بزانه. دیسانیش دووپاتی ده‌كه‌مه‌وه، من ناچارم ته‌نها په‌نا بۆ تۆ بهێنم.
له ساڵی داهاتووه‌وه، داهاتی ده‌ستكه‌وتوو له‌و سه‌رمایه‌یه‌ی ماوه‌ته‌وه ته‌رخان ده‌كه‌م بۆ ژه‌ن. ئه‌و ده‌چێ بۆ شوێنێك تا له ته‌نیایی ته‌واو بێته ده‌رێ. ئه‌مه ئه‌و شته‌یه به‌سه‌ری هاتووه: براكه‌ی ئه‌وی ترنجاندۆته نه‌خۆشخانه تا له كۆڵ خۆی بكاته‌وه و كاتێك ژه‌ن هاتۆت ده‌رێ، تێگه‌یشتووه براكه‌ی به‌شێك له كه‌لوپه‌له‌كان و ته‌نانه‌ت پۆشاكه‌كانیشی فرۆشتووه. من له چوار مانگ له‌مه‌وبه‌ره‌وه، واتا له كاتی هه‌ڵاتنم له نیوی، ته‌نها حه‌وت فڕانكم پێداوه.
ده‌پاڕێمه‌وه ئارامیم بده‌رێ، ئارامی، كار و كه‌مێك خۆشه‌ویستی.
دیاره كه له كاروباری به‌رده‌وامی مندا شتانێكی زۆر ناچاری هه‌یه: كه‌واته، له بگره‌وبه‌رده‌ی لێهه‌ڵنه‌هاتووی بانكی به هه‌ڵگرتنی سه‌دان فڕانكێك كه هیی من نه‌بوو، بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزه تایبه‌تییه‌كانم، دیسانیش هه‌ڵه‌م كرد. هه‌ڵبه‌ته من به ڕاستی ناچاری ئه‌م كاره بووم. پێویست به وتن ناكات یه‌كسه‌ر كه‌وتمه بیری قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌وه. كه‌سێك له له‌نده‌ن، خۆی له دانه‌وه‌ی چوارسه‌د فڕانك دزییه‌وه كه قه‌رزاری من بوو. یه‌كێكیتر كه ده‌بێ سێسه‌د فڕانكم بۆ بگێڕێته‌وه، له سه‌فه‌ره. به‌رده‌وام ڕووداوگه‌لی چاوه‌ڕوان نه‌كراو. دواجار ئه‌مڕۆ پڕكێشی ترسناكی ددان نان به هه‌ڵه‌كانمم ده‌ستكه‌وت و نامه‌یه‌كم بۆ كه‌سێكی به‌شدار و خاوه‌ن ماف نووسی. ئه‌مه‌ی كه چی ڕووده‌دات، ئه‌سڵه‌ن نازانم، به‌ڵام ده‌مویست ویژدانی خۆم ئاسووده بكه‌م. ئومێده‌وارم به ڕێزگرتن له باوبانگ و توانام، ڕسوایی دروست نه‌كه‌ن و چاوه‌ڕێ بكه‌ن.
خوات له‌گه‌ڵ، ئیدی بڕستم لێبڕا. ئه‌گه‌ر بمه‌وێ ورده‌كاری په‌یوه‌ست به ته‌ندروستی بنووسم، ده‌بێ بڵێم تاڕاده‌یه‌ك له سێ ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ره‌وه نه نووستم و نه شتێكم خواردووه؛ گه‌رووم گوشراوه، به‌ڵام ده‌بێ كار بكه‌م.
نا، ماڵئاوایی ناكه‌م، چونكه ئومێده‌وارم تۆ ببینم.
به وردی نووسینه‌كانم بخوێنه‌وه، هه‌وڵبده باش تێبگه‌یت.
ده‌زانم ئه‌م نامه‌یه تۆ خه‌مین و كاریگه‌ر ده‌كات، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه له‌وێدا جه‌ختكردنه‌وه‌یه‌ك له میهره‌بانی، خۆشه‌ویستی و ته‌نانه‌ت ئومێد ده‌دۆزییه‌وه، شتانێك كه به ده‌گمه‌ن له باره‌یه‌وه شتێكت بیستووه.
خۆشمده‌وێی
شارل بۆدلێر
پەراوێزەکان:
[1] – مه‌به‌ستی بۆدلێر دیاریكردنی سه‌روه‌سێت بۆ ئه‌و له ساڵی ١٨٤٤. له‌م ڕێكه‌وته‌دا، به ده‌ستنیشانكردنی دادگا، بۆدلێر تا كۆتایی ته‌مه‌ن ده‌كه‌وته ژێر بریكاری سه‌روه‌سێتێكه‌وه و له‌مه‌ی كه میراتی باوكی یه‌كجێ له به‌ر ده‌ستدا بێ، بێبه‌ش بوو. ماڵباتی بۆدلێر بۆ به‌رگرتنی له هه‌ڵه‌خه‌رجییه‌كانی ئه‌و ئه‌م دادگایه‌یان ڕێكخست، به‌ڵام بۆدلێر هه‌ستی ده‌كرد سووكایه‌تی پێكراوه و هه‌رگیز له كاره‌كه‌یان خۆش نه‌بوو.
[2] – Mon Coeur mis a nu: یاداشته ڕۆژانه‌ییه‌كانی بۆدلێر كه پاش مردنی ئه‌و له ساڵی ١٨٨٧ بڵاوبۆوه.
[3] – هاوسه‌ره‌كه‌ی دوڤال (Jeanne Duval) ئه‌كته‌ری ئه‌ماتۆری شانۆ بوو كه بۆدلێر له ساڵی ١٨٤٢ ئه‌وی ناسی.
[4] – Dijon: شارێك له هه‌رێمی بۆرگۆنی هه‌ڵكه‌وتوو له خۆرهه‌ڵاتی فه‌ڕه‌نسا.
[5] – Saint-Andre-des-Arcs
[6] – Neuilly
[7] – ژ. كیرپه (بۆدلێرناسی گه‌وره) لێره‌دا به ڕاستی بیرمان ده‌خاته‌وه كه هه‌ڵه‌كه له لایه‌ن بۆدلێره‌وه بووه كه ئاماژه‌ی بۆ دوو به‌خته‌وه‌ری كردووه.
[8] – مه‌به‌ستی بۆدلێر هه‌ڵگرتنی ئه‌م بڕه پاره‌یه له میراتی باوكی بووه كه له ژێر چاودێری سه‌روه‌سێته‌كه‌یدا، واتا ئانسل، بووه.
[9] – Marin