ڕۆشنبیر و بیری ڕەخنەگرانە

Loading

ڕۆشنبیر و بیری ڕەخنەگرانە

رامین جهانبگلو

وەرگێڕانی: ڕێبین هەردی

 

باسی ئەمرۆ لەبارەی مەسەلەی ڕۆشنبیر و بیری ڕەخنەگرانەیە. ئێمە لە زمانی فارسیدا وشەی ((ڕۆشنبیر)) لەبەرامبەر وشەی ئینگلزی intellectual و وشەی فەڕەنسی intellectuel بەکار دەهێنین، کە وەرگیراوە لە وشەی لاتینی intelligere بەمانای جیاکاری لەنێوان دوو شتدا. کەوابوو باسەکە لێرەوە دەست پێدەکەم کە ڕۆشنبیر کەسێکە توانای جیاکاری هەیە، و هەرلەبەر ئەمەش ئەو نوێنەری مۆدێرنی عەقڵی ڕەخنەگرانەشە. جێگەی سەرنجە کە وشەی critique بەمانای ((ڕەخنە))ش لەڕەگوڕیشەی ێۆنانی krinein وە دێت کە لە لەڕاستیدا هەمان جیاکاری کردنە. ڕەخنەگرتن بەمانای توانای جیاکاریە لەنێوان ڕەگەزەکان و شتەکاندا، و هەر جۆرە ڕەخنە و جیاکاریەکیش خۆی جوڵەیەکە بەئاراستەی درووستکردنی قەیران crisis. ئەم قەیرانە قەیرانێکی مانایی و چەمکیە و ڕۆشنبیر وەک کەسێک کە ڕەخنەگرە، قەیرانی چەمک درووست دەکات و ڕێسا و بەها و پێوەرەکانی کۆمەڵگا دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

لێرەوە ڕۆشنبیر یەکێکە لە کەسایەتیە سەرەکیەکانی جیهانی مۆدێرن، واتە جیهانێک کە تیایدا عەقڵ تەوەری هەموو شتێکە، تەنانەت گەر ئەم عەقڵە لە دادگای خۆشیدا بچێتە ژێر پرسیارەوە. لەبەرئەوە ئێمە لەبەردەم کەسەیاتیەکداین کە نە لە جیهانی گەردوون سەنتەری (ێۆنان و رۆم)دایە و نە لەجیهانی خودا سەنتەردا (سەدەکانی ناوەڕاستی مەسیحی و ئیسلامی).

من چوار خەسڵەت بۆ ڕۆشنبیر پێشکەش دەکەم کە هەریەکێکیان تەواوکەری ئەوی دیە:

١) سەرەتا ئەوەی ڕۆشنبیر کەسێکی خودهوشیارە و ئەم خودهوشیاریەش خاوەن ناوەڕۆکێکی دیاردەناسیانەیە (بەمانا هیگڵەیەکەی ووشەکە). واتە ڕەوتێکە لەسەربنەمای فێربوون و پەروەردەکردنی زیهن ڕاوەستاوە.

٢) دووهەم ڕۆشنبیر دەتوانێت بە هۆی ئەم خودهوشیاریەوە بەردەوام لەخۆی دوور بکەوێتەوە و بەدیدێکی ڕەخنەییەوە لە خۆی بڕوانێت. بەدەربڕینێکی دی دەتوانێت بەردەوام بەشێوەیەکی دی بیر بکاتەوە. دواجار ڕۆشنبیر کەسێکی (جیاواز بیرکەرەوەیە). ئەو دەتوانێت دژی کۆمەڵگای خۆی و دژی خۆشی بیر بکاتەوە.

٣) سێهەم ڕۆشنبیر کەسێکە لە هەقیقەت و بۆ هەقیقەت دەژی و خەبات دەکات. دیارە ئەم هەقیقەتە جەوهەرێکی ڕەهای نیە و زۆر جیاوازیشە لە هەقیقەتی ئایدۆلۆژی. لەڕاستیدا ئەم هەقیقەتە ئاسۆیەکی بێ کۆتاییە کە هیچ کاتێک بەدەست نایەت، بەڵام هەمیشە لەبەردەم چاوی ڕۆشنبیردایە و ڕۆشنبیر بە پشتنبەستن بەو هەقیقەتە خەبات دژی درۆ دەکات. ئەو هەقیقەتەی من لێرەدا باسی دەکەم وەک بیرۆکەی ئایدیای مرۆڤایەتی کانتە، کە بەشێوەیەکی تراندنستالی لەناو زیهنی سۆبژێکتا هەیە.

٤) چوارهەم ڕۆشنبیر کەسێکە ویژدانی نەخەوتووی کۆمەڵگای خۆی و کۆمەڵگای جیهانیە. ڕۆشنبیر هوشیارە، چونکە توانای سوودوەرگرتن لە عەقڵی ڕەخنەگرانەی لە زۆرێک لە مەسەلەکانی بواری گشتیدا هەیە.

دەکرێت لەم چوار مانایەی ڕۆشنبیرەوە ئەو ئەنجامگیریە بکەین کە ڕۆشنبیر کەسێکی پابەند و و بەرپرسیارە، و ڕۆشنبیریی هاوکات پابەندبوونێکی ئەخلاقی و بەرپرسیارێتیەکی کۆمەڵایەتیە.  پابەندبوونی ئەخلاقی ڕۆشنبیر بەرامبەر پرسیاری ڕەخنەگرانەیە کە لە خۆی و لە کۆمەڵگاکەی دەکات، و لێرەدا دەبێت ئەوەش بڵێم ئەم پرسیارە بەشێوەیەکی دەروونی لەناو ڕۆشنبیردا هەیە، چونکە بۆ ڕۆشنبیر خۆشەویستی فکر بەمانای ئامادەبوونە لەجیهان و لە پاڵ مرۆڤەکاندا. واتە بەدەربڕینێکی دی ڕۆشنبیریی لەم ڕستە بەناوبانگەی ئەرستۆدا کورت دەبێتەوە ((ژیان، کرداری بیرکردنەوە)). بۆ ڕۆشنبیر ژیان لەناو هەقیقەتدا بەردەوام هاوەڵی بیرکردنەوەیە لەبارەی هەقیقەتەوە. گومانی تیا نیە ئەم بیرکردنەوەیە لەبارەی هەقیقەتەوە بەشێوەیەکی تاکەکەسی ئەنجام دەدرێت، چونکە بیرکردنەوە خۆی کردارێکی تاکەکەسیە. لەو شوێنەدا کە کۆمەڵێک کەس بەشێوەیەکی دەستەجەمعی بیر دەکەنەوە، بیرکردنەوە نیە، بەڵکو کۆمەڵێک مەڕ هەیە کە لەلایەن شوانێکەوە ئاراستە دەکرێن. کەوابوو ناوەڕۆکی هەموو جۆرە بیرکردنەوەیەک تاکەکەسیە، تەنانەت گەر ئەنجامەکەی دەستەجەمعی بێت. بە دەربڕینێکی دی ((ڕەخنەی عەقڵی پەتی)) نووسین و دەرکەوتەی فکری تاکەکەسێکە، نەک دەیان یان سەدان کەس. وەک چۆن وێنەی گرنینگا داهێنانی وێنەکێشەکە بەناوی بیکاسۆوە، نەک بەرهەمێک کە حیزبی کۆمنیستی فەڕەنسا دایڕشتبێت. بە وتەی خۆزخێ ئۆرتیگا گاست ((بیرکردنەوە دیاریەک نیە کە پێشکەش بە مرۆڤ کرا بێت، بەڵکو پێدراوێکی مەترسیدار و گۆڕاوە)). بەمشێوەیە بیرکردنەوە بە مانای کەڵەکەکردنی زانست نیە و ئامانجی سەرەکی ئامادەبوونی ڕۆشنبیر لە بواری گشتیدا، بەرگریکردنە لە باوەڕ (doxa) نەک گرنیگیدان بە زانست  (episteme). لەو شوێنەدا کە زانست لە پرسیاری ڕەخنەگرانە لەبارەی ناوەڕۆک و کرداردەکانی خۆیەوە ئازار دەکێشێت، ڕۆشنبیریی بە کرداری پرسیارکردن مانایەکی دینامیکی بە ناوەڕۆکی خۆی دەدات. لێرەوە ئەوە کرداری پرسیارکردنە لەزۆرێک لە پێگەکاندا مرۆڤ توشی سەرسوڕمان دەکات، و ڕێگە بۆ گەڕانی بێکۆتایی بەدوای هەقیقەتدا خۆش دەکات. بەدەربڕینێکی دی دەتوانرێت بگوترێت ئەرکی ڕۆشنبیر ئەوەیە تاکەکانی کۆمەڵگا تووشی سەرسوڕمان بکات، سەرسوڕمانێک کە بە خستنەڕووی چەمک تازەکان بەدەست دێت. لەڕاستیدا ئەوەی لێرەدا گرنگ دەردەکەوێت، هەوڵی ماندوونەناسانەی ڕۆشنبیرە بۆ پرسیارکردن، نەک گەیشتن بە وەڵامێکی بڕاوە و حەتمی. واتە گرنگ لێرەدا هەوڵدانە بۆ گەیشثن بە هەقیقەت، نەک خودی  دەستگەیشتن بە هەقیقەت. چونکە لەوکاتەوەی هەقیقەت بەدەست دێت، چیدی هیچ ئاسۆیەکی هەقیقەت بوونی نامێنێت.

لێرەوە وەڵامە کۆتایی و بڕاوەکان بەردەوام شێوەیەکن لە شێوەکانی مردنی بیرکردنەوە، و ڕۆشنبیریش هەوڵێکی بەردەوامە بۆ ڕزگارکردنی بیرکردنەوە لەمردنێک کە هەڕەشە لە دۆگماتیزمەکان و ئایدۆلۆژیا جۆراجۆرەکان دەکات. ڕۆشنبیریی کردارێکی دینامیکیە بە ئاراستەی ژیان بەخشین بە بیرکردنەوە، بە پێچەوانەی دۆگماتیزم کە پەیڕەویکردنە لە هەقیقەتێکی فەلسەفی یان سیاسی کە خۆی بە ڕەها و نەمر دەزانێت، و سوود لە دەسەڵاتی سیاسی و ئایدۆلۆژی بۆ سەقامگیری هەقیقەتی خۆی وەردەگرێت.

بە دەربڕینێکی تر دوگماتیزم ناوەڕۆکێکی پرۆکرۆستی هەیە. لەکاتێکدا ڕۆشنبیری بەرگریکردنە لە بەهاکانی فرەیی لەبەرامبەر دیدە پرۆکرۆستیەکاندا. ڕەنگە هەر لەبەرئەمەش ڕۆشنبیر بوون پێش هەموو شتێک بەمانای قەبوڵکردنی بەرپرسیارێتی بەرگریکردن لە هەقیقەت، و خەباتکردن دژی درۆ بێت. ئەم خەباتە بۆ هەقیقەت لەبەرامبەر دەسەڵاتدا، بەردەوام خەباتێکی ناتوندتیژە، کە نوکی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، دژی دەسەڵاتخوازی فکری و کۆمەڵایەتی بەکار دەهێنێت. لەبەڕئەوە گەڕانی ڕۆشنبیر بۆ هەقیقەت، بەمانای توڵەکردنەوە نیە. لەو شوێنەدا کە ڕق و کینە و توڵە، فکر و بیرکردنەوە داگیردەکات، ڕۆشنبیریی دەگۆڕێت بۆ لەمپنیزم و جێگەیەک بۆ پرۆژەی ڕۆشنگەری نامێنێتەوە. ڕۆشنبیر بۆ ڕەخنە لە ڕێسا کۆمەڵایتەیەکانی و گۆڕان لە بونیادەکانیدا، پێویستی بە لەناوبردنی ئەوانی دی نیە، چونکە لای ڕۆشنبیر گۆڕانی کۆمەڵگا بە شێوەی کلتووری و لەڕێگەی فێرکاری بیرۆکەی تازەوە درووست دەبێت. بەدەربڕینێیکی تر ڕۆشنبیر کەسێکە بەدوای پەروەردەکردنی فکری خۆی و کۆمەڵگاکەیدا دەگەڕێت، و رەگەزی سەرەکی کاری خۆی بە کلتوور دادەنێت. کاری ڕۆشنبیری هاوەڵی ڕەوتێکە کە هیگڵ لە دیاردەناسی ڕۆحدا ناو دەنێت (Bildung)  کە بەمانای فێرکاری زیهنە. لێرەوە دەکرێت بگوترێت ڕۆشنبیری کردارێکی ڕادیکاڵە، چونکە گەڕان بە دوای هەقیقەتدا، ڕەخنەیەکی رادیکاڵە لە شێوەی ژیانکردن. ڕۆشنبیربوون بەمانای هەبوونی ئازایەتی ئازاد بیردکرنەوە و بیرکردنەوەیە لەبارەی ئازادیەوە. ناکرێت بۆ ڕۆشنبیربوون قارەمانێکی لەناکاو بیت. ڕۆشنبیری نە قارەمانبازی و نە قارەمانسازی و نە شۆڕشگێڕیە. شۆرشی واقعی ڕۆشنبیر لە شێوەی پرسیارکردنیدایە، قارەمانێتیشی لە شێوەی خەباتدایە بۆ هەقیقەت لەبەرامبەر درۆدا. بە قسەی ڕۆمان ڕۆلان قارەمان کەسێکە ئەوە ئەنجام دەدات کە لەتوانایدایە. توانای ڕۆشنبیریش بەستراوە بە هێزی بیرکردنەوەی، و هەر لەبەرئەمەش ڕۆشنبیریی چالاکیەکی تاکەکەسیە، نەک دەستەجەمعی. ڕۆشنبیر پەیڕەوی لە جەماوەر ناکات، لەکاتێکدا شۆرشگێڕێک بۆ سەرکەوتنی ئایدۆلۆژیاکەی خۆی پێویستی بە جەماوەرە. بەگشتی جەماوەر هاوەڵی شۆڕشەکان و شۆڕشگێرەکانن، بەڵام دواتر پشتیان تێدەکەن،و دەبنە هۆی شکانی شۆڕشەکان. بەڵام پرۆژەی ڕۆشنبیری بەناچار هاوەڵی جەماوەر و جەماوەرپەرستی نیە، ئەگەرچی ڕۆشنبیران لەبواری گشتیدا کار دەکەن.

کەوابوو وەک دەبینین ڕۆشنبیریی بەشێکە لە نەریتێکی ڕەخنەگرانە کە دوو چەمکی بەرپرسیاری (واتە قەبوڵکردنی دەسەڵاتی هەڵبژاردن) و سنووردارێتی (واتە قەبوڵنەکردنی ئەو ڕێسا و پێوەرانەی لە دەرەوە بە ڕۆشنبیر دەدرێت) لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە. هەر لەبەرئەمە ڕۆشنبیر کەسێکی ڕەخنەگرە کە بە نەفیکردنی ئاینی ئەوی دی و ئەوی دی سالاری، و بە جیاکاری لەنێوان مەسەلەکاندا، قەیران لە کۆمەڵگادا درووست دەکات. ڕۆشنبیر بە سەرنجدان لە زمەنی هەنوکە و بە کوڕی سەردەمی خۆی بوون، ڕابردوو بەشێوەیەکی ڕەخنەگرانە ڕاڤە و تەفسیر دەکات، و بەمشێوەیە مێژوو وەک سنووری داهێنان تاوتوێ دەکات. واتە بەدەربرینێکی دی ڕۆشنبیر زیهنی خۆی دەخاتە ناو مێژوەوە و بەشێوەیەکی ڕەخنەگرانە دەیگێڕێتەوە و تەفسیری دەکات. لێرەوە ڕۆشنبیر بە ڕەخنەکردنی واقعیەت، ئەو ئەفسانانە وێران دەکات کە پێشنیاری پەرستنی دەسەڵات دەکەن. لەوڕوەوە کە ڕەخنەی واقعیەت بەڕەخنەکردنی هێزی داوەری عەقڵ مومکینە، کەوابوو ڕۆشنبیریی لەبنەڕەتدا وەڵامێکە بۆ یەکەم پرسیاری کانت، واتە ((من دەتوانم چی بزانم)) (Was kann ich wissen)، نەک وەڵامی پرسیاری سێهەمی ((دەتوانم ئومێدم بە چی بێت)) (Was darf ich hoffen). ئەگەر ئەوەمان قەبوڵ بێت باوەڕ، ناوەڕۆکی ئەو شتانەیە کە ئۆمیدی لەسەر هەڵدەچنین، کەوابوو ئومێد بە ئاخیرەت و ژیانی دوای مردن، ئامانجی دین و دینداریە، نەک ڕۆشنبیری. مەسەلەی ڕۆشنبیر ڕەخنەی ناسین و سوودوەرگرتنە لە هێزی عەقڵ لە بواری گشتیدا. واتە شێوەبەخشین بە ناوەڕۆکی ژیان، نەک باسکردنی بان ژیان. ڕۆشنبیر کەسێکە خەبات بۆ مانا بەخشین بە ژیان دەکات، نەک بۆ نەفیکردنی لە جیهانی دوای مردندا.

هەروەها ئەستەمە بیری ڕەخنەگرانە کە ڕاستەوخۆ لە هێزی عەقڵ و کارکردنی لەبواری گشتیدا سەرچاوە وەردەگرێت، لەسەر بنەمای باوەڕ و وەڵامی پرسیاری دوهەمی کانت دابڕێژرێت. چونکە لەو شوێنەدا کە بیری ڕەخنەگرانە تووشی سنووردارێتی وجودی بێت، پرۆژەی ڕۆشنبیری کۆتای دێت.

 

سەرچاوە:

رامین جهانبگلو: بین گذشتە و ایندە. تهران: نشر نی، ١٤٨٤

ناردن: