شانۆیی هەڵواسراوەکان

Loading

هەڵواسراوەکان/ المعلقون

نووسینی: عباس الحایک

و له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: هه‌ورامان وریا قانع

 

دیمەنی یەکەم

دیمەن: لەسەرەوە درێژکراوەی ڕێگایەکی بەردەڵانی دەبینرێت، دەرەختێکی قەد ئەستور لە بەردەڵانەکەدا ڕواوە، کۆمەڵێک گوریس لە درەختەکەوە شۆڕبوونەتەوە. تەرمی پیاوێک کە بۆگەنی کردووە، بە گوریسێکیاندا هەڵواسراوە. لە خوارەوە خەرەندێکی قووڵی بێ بن هەیە. لە پشتەوە دیمەنەکە وا دەردەکەوێت کە ناوچەیەکی شاخاوی بێت.

کات: شەوە و ڕووناکی کزە، با وایدانێین وەک ڕووناکی مانگە لە ئاسمان. لە دوورەوە لورەی گورگ دەبیسرێت کە تابێت نزیک دەبێتەوە، لورەی گورگەکان تێکەڵ بە دەنگی ترساوی مرۆڤەکان و هەناسەبڕکێیان و دەنگی پێیان بووە کە نزیک دەبنەوە.

دەنگی 1: ڕاکەن!

دەنگی 2: لە دوامانەوەن، بە زیندوویی بەجێمان ناهێڵن!

دەنگی1: خۆت نەدەیت بەدەستەوە!! ڕاکە، دەنا دەبیت بە پارووی نێوان کەڵبەکانیان.

دەنگی 4: ئاه، من ناتوانم ڕاکەم، قاچم خوێنی لێدێت.

دەنگی 3: کەمەکێک بەرگە بگرە، شوێنێک هەر دەبێت خۆمانی تێدا بشارینەوە. ڕاکە!!

دەنگەکان وردە وردە نزیک دەبنەوە.

دەنگی 2: خودایە یارمەتیمان بدە.

دەنگی 1: (هاوار دەکات)، وایی!! نەخێر، خەرەندەکە لەبەردەمماندایە!

دەنگی3: مانای وایە یا دەکەوینە ناو خەرەندەکەوە، یا ئەوەتا لە نێوان کەڵبەی گورگەکاندا دەمرین؟!

دەنگی 4: (ئازاری هەیە)، ئاه، یان مردن بەهۆی خوێنبەربوونەوە.

دەنگی2: ئا لەوێدا، کۆمەڵێک گوریس بەم درەختەوە شۆڕبوونەتەوە، با بڕۆینە خوارەوە و خۆمان بە گوریسەکانەوە هەڵواسین، تا ئەو کاتەی گورگەکان دوور دەکەونەوە.

دەنگی 1: دەی، گوریسێکی زۆری لێیە، بەشمان دەکات.

کۆمەڵەکە لەسەرەوە دەردەکەون، بڵاودەبنەوە، هەر یەکەیان بەرەو لایەک دەڕوات، پاشان هەر یەکەیان بە گوریسک دێتە خوارەوە.

دەنگی1: (بە گوریسێک دێتە خوارەوە)، یارمەتی براکەت بدە، ئینجا وەرە خوارەوە.

بریندارەکە بە یارمەتی براکەی، بە گوریسێکدا خۆی شۆڕدەکاتەوە، پاشان ئەوی دیکەش دێتە خوارەوە، دەنگی گورگەکان تابێت نزیکتر دەبنەوە.

دەنگی 3: دەستوبردکەن، گورگەکان نزیک دەبنەوە.

پاشان خۆی بە گوریسێکدا شۆڕدەکاتەوە و دێتە خوارەوە. دەبینرێت هەر چواریان خۆیان بە گوریسەکانەوە شۆڕکردووەتەوە، چوار گەنج جامانەیان (عەمامەیان) بەستووە، هەر یەکەیان کۆڵەپشتێکی کردووەتە پشت، کە هەندێک کەلوپەلی تێدایە.

دووەم: (خۆی تووند پێچاوە بە گوریسەکەوە و بە ترسەوە دەڵێت)، سەیری خوارەوە مەکەن، ئەوە خەرەندێکی تا بڵێی قووڵە.

هەموان بە تووندی خۆیان بە گوریسەکانەوە دەگرن.

یەکەم: (بە هەناسە بڕکێوە)، نەفرەتی خودا لە گورگەکان، خەریک بوو لەناومان بەرن.

چوارەم: (بە ئازارەوە)، ئەگەر منتان لە چنگی گورکەکە دەرنەهێنایە، ئێستا مردبووم.. ئای قاچم، من ئازارم هەیە.

سێیەم: براکەم بەرگە بگرە، گرنگ ئەوەیە نەکەوینە ناو خەرەندەکەوە.

(بە وریاییەوە سەیری خوارەوە دەکات، پاشان خۆی بە گوریسەکەوە تووند دەکات و زەندەقی چووە).

کۆتایی خەرەندەکە نابینم، بۆیە زۆرباش خۆتان بگرن!!

پێدەچێت گورگەکان گەشتبنە کۆتایی ڕێگاکە، دەنگیان زۆر بە جوانی دەبیسرێت

چوارەم: (بە ئازارەوە)، گورگەکان گەیشتن، ئەگەر ئەم گوریسانە نەبوایە، ئەوا دەبووینە نێچیری گورگەکان.

دووەم: تۆبڵێیت ئەم گوریسانە بەرگەمان بگرن؟!

یەکەم: گوریسەکان بە قەدی ئەو درەختەوە بەستراونەتەوە، زۆر بە قایمی بەستراونەتەوە.

سێیەم: (تۆزێک گوریسەکە دەجووڵێنێت)، پێدەچێت وابێت، گوریسەکان ئەستور و پتەون.

دووەم: (گوریسەکە دەپشکنێت)، وەک ئەوەی بۆ ڕزگارکردنی ئێمە ئامادەکرابن.

چوارەم ئاوڕ لە دواوە دەداتەوە، بە بینینی تەرمەکە لەسەر گوریسەکە، زەندەقی دەچێت و دەقیژێنێت.

چوارەم: (لە ترسا زمانی تەتەڵە دەکات)، تەماشاکەی گوریسەکەی پشتەوەی من بکەن، چی پێوەیە، ئەوەتان بینی کە من بینیم؟!

هەموان ئاوڕدەدەنەوە و سەیری پشتەوەی چوارەم دەکەن، دەست دەکەن بە هاوارکردن

یەکەم: تەرمی پیاوێکە.

دووەم: ئەو مردووە!!

سێیەم: مردووە و گوریسەکەی گرتووە.

چوارەم: (تەرمەکە دەپشکنێت)، چ چارەنووسێک تۆی هێناوە بۆ ئەم شوێنە، تاکو ئاوا بە هەڵواسراوی بەم گوریسەوە بمریت؟!

سێیەم: چۆن چۆنی لێرە مردووە؟!

یەکەم: نازانم، دەترسم ئەویش لە ترسی گورکەکان ڕایکردبێت بۆ ئێرە!!

دووەم: لەبری ئەوەی لە نێوان کەڵبەی گورگەکان، یان لە کەوتنە خوارەوەی بۆ ناو خەرەندەکە بمرێت، بە گوریسێکەوە مردووە کە لە نێوان زەوی و ئاسمان هەڵواسراوە و چاوەڕێی ڕزگاربوونی کردووە.

سێیەم: دەترسم ئێمەش هەمان چارەنووسی ئەومان هەبێت.

چوارەم: (بە دەستی ئەو بیرۆکەیە لە ڕووخساری دووردەخاتەوە)، نەخێر.. نەخێر.. نەخێر نامەوێت مردنی من لێرەبێت، دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ ماڵەکەم، نە گەنجینە، نە زێڕ و زیو، نە پارەم دەوێت، دەمەوێت بگەڕێمەوە.

(قاچی خوێنی لێدێت، بەدەم ئێش و ئازارەوە)

ئای قاچم، ئازارێکی زۆری هەیە!

یەکەم: بەرگەی ئازارەکە بگرە، گورگەکان دوای ئەوەی لە ئێمە نائومێد دەبن، شوێنەکە بەجێدەهێڵن و ئێمەش بە زێڕ و زیوەکانی باوکتەوە، دەگەڕێینەوە.

سێیەم: چارەسەری خوێنبەربوونی برینەکەت دەکەین، لێناگەڕێین ئازار بچێژیت.

چوارەم: (تەماشای سەرەوە دەکات)، کەی؟! گورگەکان تا ئێستاش هەر لەسەر سەرمانن، پێدەچێت برسیان بێت، دەڵێی چەندین ساڵە هیچیان نەخواردووە، ئەوان ئێمە بە نێچیرێکی ئاسان دەبینن.

یەکەم: بێزاردەبن و دەڕۆن، ئێمەش لێرە دەچینە دەرەوە.

چوارەم: با دەمودەست بگەڕێینەوە بۆ گوندەکە، نامەوێت ئەم ئەرکە نەفرەتییە تەواو بکەم.

دووەم: ئێمە بۆیە هاتین، تاکو بۆی بسەلمێنین پیاوین و متمانەی بەدەستبێنین، پاشان ئەوە گەنجینە و زێڕ و پارەیە.

چوارەم: نامەوێت ببم بە پیاو، نە پارەم دەوێت نە زێڕ، تەنها لەم ئازارە ڕزگارم بکەن کە خەریکە دەمکوژێت.

سێیەم: ئای براکەم، خۆزگە ئەو ئازارەی تۆ بۆ من بهاتایە!!

دووەم: ئێستا هیچ جیاوازییەک لە نێوانتاندا نییە!

یەکەم: (تفەکەی قووتدەدات)، هەناوم لە توونیەتیدا وشکبووە، مەتارەی ئاوەکە لای کێیە؟!

چوارەم: لای منە، لەناو ئەو کەلوپەلانەیە بە کۆڵەپشتەکە هەڵمگرتوون، هەوڵدەدەم دەریبێنم.

سێیەم: بەڵام ئاگاداریی خۆت بە!!

چوارەم: مەترسە.

بە دەستێکی کۆڵەپشتەکەی دەگرێت، مەتارەکە دەردەهێنێت، بە دەستەکەی دیکەی و زۆر بە زەحمەت دەمەکەی دەکاتەوە، قومێکی لێدەدات، پاشان بە تووندی دەمەکەی دادەخاتەوە.

یەکەم: هەنووکە هەڵیدە بۆ من!

چوارەم: ئەی ناکەوێتە خوارەوە؟ دەترسم بۆتی هەڵدەم و نەیگریتەوە، ئیدی بارودۆخمان بە بێ ئاو، زۆر خراپتر دەبێت.

یەکەم: ئەی چارەسەر چییە؟ ئەوەندەم توونییە قوڕگم وشک بووە و وەک بەردی لێهاتووە.

سێیەم: من زیاتر لێی نزیک دەبمەوە و مەتارەکەی لێوەردەگرم.

(کەمەکێک دەلەرێتەوە و تەکاندەدات)

دووەم: ئاگاداربە نەکەویتە خوارەوە، یان گوریسەکە دەرچێت و بەربیتەوە نێو خەرەندەکە.

سێیەم: (بەدەم لەرینەوەوە)، گوریسەکان بەشێوەیەکی مەحکەم و زۆرباش بەستراون.

(زیاتر دەلەرێتەوە، هەوڵدەدات بگات بە چوارەم)

وا گەیشتم.

(بە تووندتر دەلەرێتەوە، زیاتر لە براکەی نزیک دەبێتەوە)

بە دەستت مەتارەکەم بۆ درێژکە، لێتی وەردەگرم.

(چوارەم دەستی بە مەتارەکەوە درێژ دەکات، سێیەم تادێت بەهێزتر دەلەرێتەوە، تاکو دواجار دەتوانێت مەتارەکە لە براکەی وەربگرێت)

سێیەم: (خۆشحاڵە)، ئەوەتا سەرکەوتم!

(دەمی مەتارەکە دەکاتەوە و بە خۆشییەوە ئاو دەخواتەوە. بۆ یەکەم)

 ئێستا نۆرەی تۆیە، وەک من بکەیت و بگەیتە لام.

یەکەم: لەبری ئەم لەرینەوە و تەکاندانە مەترسیدارە کە بەرماندەداتەوە بۆ ناو بنکی خەرەندەکە، بۆچی بۆمی هەڵنادەیت؟

(بەتوڕەییەوە فەرمان بەسەر سێیەمدا دەکات)

دەی هەڵیدە!!

سێیەم: بەسە واز لە گاڵتەکردن بێنە، هەڵینادەم، بۆ ئەوەی لێرە لە توونیەتیدا نەمرین.

دووەم: باشە!، بۆ منی هەڵدە!

سێیەم: (بەپێداگرییەوە)، هەڵینادەم، دەبێت ئێوەش وەک من بکەن.

چوارەم: (بە ئازارەوە ڕوو دەکاتە یەکەم)، برا ئازیزەکەم، ئێستا کاتی دەمبۆڵە نییە.

دووەم: (بۆ یەکەم)، من مەتارەکەت بۆ دەهێنم.

(دووەم دەست دەکات بە لەرینەوە، پاشان لەرینەوەکەی بەهێزتر دەکات)

سێیەم: ئا بەم شێوەیە دەگەیت، بە دەستم مەتارەکەت بۆ درێژدەکەم.

(سێیەم تا دەتوانێت دەستی بە مەتارەکەوە درێژ دەکات، دووەم دوای لەرینەوەیەکی بەهێز، دەگات و مەتارەکە وەردەگرێت، مەتارەکە دەخاتە باوەشییەوە، دەیکاتەوە، ئینجا ئاو دەخواتەوە)

یەکەم: (توڕەیە)، ئەوە چی دەکەن؟ یەکەمجار من داوای ئاوم کرد، کەچی دواهەمین کەسم ئاو بخۆمەوە؟!!

دووەم: تووڕەمەبە، تەنها دەستت درێژبکە، بۆتی دەهێنم.

(دووەم دەلەرێتەوە و بەرەو لای یەکەم دەڕوات و مەتارەکە دەدات بە یەکەم، ئەمیش مەتارەکە وەردەگرێت و لە باوەش ی دەگرێت و بەخۆشحاڵییەوە ئاو دەخواتەوە)

یەکەم: (هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەکێشێت)، ئاوی دوای توونییەتی چەند خۆش و شیرینە.

چوارەم: هەنووکە پێویستە چی بکەین، پێدەچێت ئێمە دووچاری تەڵەزگەیەک بووین، هەرچەندە لورەی گورکەکان، کەمی کردووە، بەڵام تا ئێستاش زۆرێکیان لەسەر سەرمان ماونەتەوە، ئەم گورگە پیسانە کەی دەڕۆن؟!

دووەم: دوای هەمو ناخۆشییەک خۆشییەک دێت.

چوارەم: کەی، کەی دێت؟ من لەتاو ئازار خەریکە دەمرم.

(دەگری)

ئەوەندە خوێن لە قاچمدا نەماوە، وابکات بە زیندویی بمێنمەوە، ئیدی مەبەستت کام خۆشییە؟

سێیەم: ناشکورمەبە، ئینشائەڵا کۆتاییەکەی خۆشییە.

چوارەم: دەترسم کۆتاییەکەمان، وەک کۆتایی ئەو کەسەی دواتەوە بێت.

یەکەم: (بە توڕەییەوە)، بەسە کەمەکێک واز لە بێزاری بێنە، تۆ نائومێدی لە ڕۆحماندا دەچێنیت.

چوارەم: بێدەنگ دەبم، ئەگەر بێدەنگیم خۆشحاڵتان دەکات.

(بێدەنگی، لورەی گورکەکان تۆزێک کەم بووەتەوە)

دووەم: (باوێشک دەدات)، بێدەنگی ئارەزووی نووستنم تیا دەجووڵێنێت.

یەکەم: نەکەی!! نووستنت مانای لەناوچوونتە.

سێیەم: گورگەکان بێدەنگن، تۆ بڵێی ڕۆشتبن؟

چوارەم: (سەری بۆ سەرەوە بەرز دەکاتەوە)، نەخێر، نەخێر هێشتا بەشی زۆریان هەر لەم دەوروبەرەدان.

دووەم: ئێمە لەناو چ تەنگوچەڵەمەیەکداین، ماندووبوون و خەو، ترس لەوەی دێت، گورکەکان کەی ئەم شوێنە جێدەهێڵن؟!

سێیەم: (پێدەکەنێت)، بگرە ئێمە لەناو چ گاڵتەجاڕییەکداین، گورگەکان دەیانەوێت بە ئێمە، سکی بەتاڵی خۆیان پڕکەن.

یەکەم: مەشڵەژێن، دڕندەکان لە ڕۆژ/النهار دەترسن.

چوارەم: مەبەستت ئەوەیە، تا ڕۆژ دەبێتەوە، ئێمە بەم حاڵەوە دەبین؟! نەخێر، نەخێر ناتوانم بەرگەی ئازاری قاچم بگرم.

(هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەکێشێت)

خۆزگە لە ماڵەوە دەمامەوە و لە چاوی دایک و باوکمدا، هەر منداڵەکەی جاران دەبووم، نەک ڕوبەڕووی ئەم ئێش و ئازارە ببمەوە.

سێیەم: باوەڕم پێبکە، هەمومان ئەو هیوایەمان هەیە، بەڵام ئێستا هیوا هیچ سودێکی نییە، ئێمە لە تەنگوچەڵەمەیەکی ڕاستەقینەداین.

یەکەم: ئێمە هەر لەسەرەتاوە، دەمانزانی لەم گەشتەماندا، تاکو دەگەینە ئەو شوێنەی باوکتان، وەسیەتنامەی موڵک و ماڵەکەی تێدا داناوە، دووچاری مەترسی دەبینەوە.

دووەم: بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت ئێمە پیاوین، ناردینی تاکو وەسیەتنامەکە بدۆزینەوە، بەڵام ئێمەی لەگەڵ مەرگ ڕوبەڕوو کردووەتەوە.

چوارەم: مانەوەمان بە هەژاریی، باشترە لەوەی بە دەوڵەمەندی بمرین.

یەکەم: ئەم هەمو نائومێدییە چییە؟ لە گەشتەکەماندا، ڕوبەڕووی چەندین بارودۆخی خراپ بووینەتەوە.

سێیەم: بەڵام ئێستا ڕوبەڕووی خراپترین بارودۆخ بووینەتەوە.

(بۆ یەکەم)

سەرت بەرز بکەرەوە تا گورگەکان ببینیت، ئەوان تادێت ژمارەیان زۆردەبێت.

یەکەم: من تا ئێستاش، ئومێدم بەوە هەیە ڕزگارمان دەبێت.

چوارەم: باوکە خوا گەردنت ئازاد بکات، ئێمەت بۆ مردن ناردووە.

یەکەم: (قسەکەی پێدەبڕێت)، کام مردنە؟!

چوارەم: من وای نابینم ئێمە بە زیندوویی دەمێنینەوە، ڕەنگە وەک ئەو برادەرەمان بمرین. (ئاماژە بۆ تەرمە هەڵواسراوەکە دەکات، پاشان بە گاڵتەجاڕییەوە دەداتە قاقای پێکەنین)

بەڵام سەربەرزانە مردووە، وەک ئەوەی دەتانەوێت و وەک ئەوەی باوکتان دەیەوێت. (هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەمژێت)

ئەی پیاوە بەستەزمانەکە، ئاخۆ دەبێت بەسەرهاتی تۆ چی بێت؟

سێیەم: هەر کە گەیشتینە ئێرە، ئەم گوریسانەمان بینی شۆڕبوونەتەوە، دەربارەی ئەم گوریسانە و تەرمی ئەم پیاوە، پرسیارێکی زۆر لە سەرمدا کۆبووەتەوە.

دووەم: ڕوون و ئاشکرایە، گوریسەکان بۆ ئەوە ئامادەکراون، تا لە دەست ئاژەڵە دڕندەکان ڕابکەیت، گوریسەکان زۆر بە قایمی بە قەدی درەختەکەدا بەستراون.

یەکەم: ژمارەی گوریسەکان، پێدەچێت بۆ کۆمەڵێک خەڵک بێت.

چوارەم: لەوانەیە گورگ پەلاماریدابن، ئەوانیش پەنایان بۆ ئەم گوریسانە هێناوە.

سێیەم: تۆ بڵێی لە ژیاندا مابن؟ ئایا لەم تەنگوچەڵەمەیە ڕزگاریان بووە؟!

یەکەم: پێدەچێت ڕزگاریان بووبێت، شوێنەواری کەسیان دیار نییە.

چوارەم: لەوانەیە کەوتبنە ناو خەرەندەکە.

دووەم: (ئاماژە بۆ تەرمەکە دەکات)، ئەی ئەم برادەرەیان؟؟ بۆچی لێرەدا بە مردویی بەجێیانهێشتووە؟

یەکەم: لەوانەیە برادەریان نەبێت، لەوانەیە دوای ئەوان هاتبێت و لەسەر ئەم گوریسە مردبێت.

چوارەم: نامەوێت چارەنووسم، وەک چارەنووسی ئەم و چارەنووسی ئەوانەبێت کەوتوونەتە ناو خەرەندەکەوە، نامەوێت بمرم.

سێیەم: منیش نامەوێت بمرم

(بۆ یەکەم)

تۆ هۆکاری ئەوەی کە ئێمە تێیداین، چونکە تۆ برا گەورەمانی، ئێمەت خستە دوای خۆت، بێ ئەوەی بایەخ بە بیروڕای ئێمە بدەیت، بەوەی ڕێگایەکی سەلامەت بگرینەبەر. پێمان وتی لەوانەیە ڕێگاکە سەخت و بەردەڵان بێت و پڕبێت لە دێو و درنج، بەڵام تۆ گوێت نەگرت.

یەکەم: (بە توڕەییەوە) ئێستا لێپرسینەوەم لەگەڵ مەکە.

چوارەم: (بۆ یەکەم)، هەروەها تۆ هۆکاری ئەوە بوویت چەکەکانمان لەدەست بدەین.

یەکەم: (بە گاڵتەجاڕییەوە پێدەکەنێت)، ئەوانە ناو دەنێت چەک؟

چوارەم: (بێهێزی پێوە دیارە)، دەمانتوانی بە چەکەکان، بەرەنگاریی گەلە گورگەکە ببینەوە.

یەکەم: ئەوەتا تۆ بە دەمی خۆت وتت، گەلە گورگ، ئایا تۆ لەو بڕوایەدای بە خەنجەر و تیروکەوان، دەتوانیت بەرپەچی شەهوەتی گورگەکان بۆ خوێن، بدیتەوە؟

سێیەم: لانی کەم، دەمانتوانی براکەت ڕزگار بکەین، پێش ئەوەی گورگەکان قاچی بریندار بکەن.

دووەم: ڕاستە، ئێمە بە لق و چڵی وشکی درەختەکە، بەرگریمان لێکرد، بەمەش کاتێکی زۆرمان بەفیڕۆدا.

یەکەم: (بە تەحەداوە)، ئۆهۆۆ، ئێوە خەتاکە هەر هەموی بە تەنها دەخەنە ئەستۆی من، هەمومان بەشدارین لەوەی ڕوویداوە.

سێیەم: بەڵام لە وەرگرتنی بیروڕادا بەشدار نەبووین، بیروڕا و بڕیار تەنها لای تۆ بوو.

یەکەم: لەبەر ئەوەی من گەورەی هەموتانم.

سێیەم: بەڵام تۆ لە ئێمە عاقڵ و تێگەیشتوتر نیت، خۆپەرستی و خۆشەویستیت بۆ دەسەڵات، ئەوانن تۆ دەجووڵێنن.

یەکەم: (بە توڕەییەوە هەڵدەچێت)، من خۆپەرستم/ ئەنانیم؟ حەزی زەعامەتم هەیە؟ تۆ سوکایەتیم پێدەکەیت.

(بەتوڕەیی گوریسەکە دەلەرێتەوە و تەکانی پێدەدات)

  فێرت دەکەم چۆن ڕێز لەوانە بگریت کە لە خۆت گەورەترن.

(بە قایمی دەلەرێتەوە و بەرەو لای سێیەم دەڕوات)

دووەم: دەتەوێت چی بکەیت؟

(یەکەم دوای ئەوەی بەخێرایی دەلەرێتەو و دەگاتە لای سێیەم، پێوەی دەنووسێت و قوڕگی دەگرێت)

یەکەم: مردنی تۆ لەناو دەستی منە.

دووەم: (هاوار دەکات)، نا، ئەو براتە!

سێیەم: بە تەنها نامرم، ئەگەر مردم، تۆش لەگەڵم دەمریت.

دووەم: دەمبۆڵە و شەڕکردن بەسە، ئێمە زۆر پێویستیمان بە هێمنی هەیە، لەبری ئەوەی وەک دوو دوژمن بەشەڕدێن، وەرن بیر لە ئامرازێک بۆ ڕزگاربوون بکەینەوە.

چوارەم: (بە دەنگێکی کز دەگری)، خۆزگە بمردمایە و ئێوەم ئاوا نەبینیایە شەڕدەکەن، سەیرکە ئێمە لە چ حاڵێکداین.

(بۆ یەکەم)

تۆ گەورەمانی، بەحساب تۆ ڕابەرمانی، کەچی هەستدەکەین بەردەوام توڕەمان دەکەیت.

یەکەم: (یەخەی سێیەمی گرتووە) ، با زمانی خۆی بگرێت.

سێیەم: تۆش چیتر بیروڕای خۆت بەسەر ئێمەدا مەسەپێنە.

یەکەم: باشە، (بەگاڵتەجاڕییەوە)، باشە باببینین بە بیروڕا حەکیمانەکەی جەنابت، چۆن  و بە چ شێوەیەک، ڕزگارمان دەکەیت.

(یەکەم لە سێیەم دوور دەکەوێتەوە، بە لەرەلەر دەگەڕێتەوە بۆ شوێنی خۆی. چوارەم بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە، خۆی دەکێشێت بە تەرمە هەڵواسراوەکەدا، تەرمەکە کەمەکێک دەلەرێتەوە، پاشان بەردەبێتەوە بۆناو خەرەندەکە)

چوارەم: (بەدەنگێکی کز)، نا…!

دووەم: کەوتە ناو خەرەندەکەوە.

چوارەم: (بەخەمبارییەوە)، کۆتاییەکی بەئازار بۆ پیاوێک کە توانی ماوەیەکی زۆر بەرگە بگرێت، ئەی خاوەنی جەستە هەڵواسراوەکە، کە هێشتا چیرۆکەکەت نازانین، خۆزگە ئێمەش بتوانین وەک تۆ بەرگە بگرین.

سێیەم: بەستەزمان، تەنانەت دوای مردنیشی، هەر خۆڕاگربوو!

چوارەم: ئەو لەم نەهامەتییەماندا، پێنجەم-مان بوو، من هەستم بە بوونی دەکرد لەگەڵماندا، لە چاوەکانیدا ئەو ئازارەم دەبینی کە ئێمە تێیکەوتووین.

(بۆ یەکەم)

تۆ هۆکاری کەوتنە خوارەوەکەی بوویت بۆ خەرەندەکە، بێ ئەوەی هیچ گوناهێکی هەبێت.

دووەم: کاتێکی زۆر بەسەر مانەوەی بە گوریسەکەوە تێپەڕیوە، ئەوە بەڵگەی ئازایەتییەتی، هەروەها بەڵگەی ئەو دڵڕەقییەیە کە ڕوبەڕووی ببوەوە.

سێیەم: بوونمان لێرە، بووە هۆکارێک بۆ لەناوچوونی جەستەی.

یەکەم: (سەری وەک جۆرێک لە پەشیمانی دەجووڵێنێت)، مەبەستی من ئەوە نەبوو، پاشان ئێوە ئاخ بۆ پیاوێکی مردو هەڵدەکێشن، بۆ لاشەیەکی بێ ڕۆح.

چوارەم: بەڵام من هەستم دەکرد یەکێکە لە ئێمە.

(لورەی گورگەکان بەناویەکدا دەچن و بەرزتر دەبنەوە، وەک ئەوەی شتێک بخۆن)

چوارەم: (تەماشایەکی سەرەوە دەکات و چاودێری ئەوەی ڕوودەدات دەکات)، ئەوانە ئاژەڵێک دەخۆن، لەوانەیە ئاسک بێت.

یەکەم: هیوادارم ورگیان پڕکەن و لێمانگەڕێن ئێمە ئەم شوێنە بەجێبێڵین.

دووەم: پێموانییە تاقە ئاسکێک، بەشی ئەو هەمو گەلە گورگە بکات.

چوارەم: لەوانەیە وایان لێ بکات، زیاتر هەست بە برسییەتی بکەن، ژەمەکە بەشیان ناکات و زیاتر چاو لە ئێمە دەبڕن.

یەکەم: جگە لە چاوەڕوانی، هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نییە.

چوارەم: (بە بێزارییەوە)، ئۆۆۆف! بێزاربووم لەم چاوەڕوانییە و لەم  ئێش و ئازارە.

سێیەم: ئازارەکەت کەمتر نەبووە؟!

چوارەم: (بە کزۆڵەییەوە)، بگرە زیاتر بووە، هەست بە شتێک لە تێکشکان و لاوازیی دەکەم.

یەکەم: دەبێت خۆڕاگربیت.

(لورەی گورگەکان زیاتر دەبێت، گوریسەکان دەلەرێننەوە)

دووەم: (ترساوە و تووند خۆی بە گۆریسەکەوە گرتووە)، ئەوە چییە گوریسەکان دەلەرێنێتەوە؟

(هەموان بە تووندی خۆیان بە گوریسەکانەوە دەگرن)

سێیەم: گورگەکان دەستیان کردووە بەوەی یارییەکی تازەمان پێبکەن.

چوارەم: یارییەکی مەترسیدارە، ئەوان هەوڵدەدەن گوریسەکانمان بپچڕن، ئەی پێم نەوتن ئەوان چاویان بڕیوەتە ئێمە؟

یەکەم: وای ئەوە چ شێتییەکە، چی پاڵیپێوەناون ئەوە بکەن؟ دەترسم بمانکوژن.

دووەم: ئەگەر توانییان گوریسەکان بپچڕن، ئەوا هیچ شتێک لە مردن ڕزگارمان ناکات.

چوارەم: (چاوی دەنوقێنێت و سەر دەخاتە سەر گوریسەکە)، خودایە لەم بەڵایە ڕزگارمان بکە.

(دەلەرزێت)

هەست دەکەم سەرمامە.

یەکەم: بەسە گورگە نەفرەتییەکان، بەسە واز لەم سەرشێتییەی خۆتان بێنن، ئێمە پاروویەکی ئاسان نین.

(بە دەنگی بەرز هاوار دەکات)

بەسە!!

دووەم: (هاوار دەکات)، بەسە!!

سێیەم: (هاوار دەکات)، بەسە!!

چوارەم: (دەلەرزێت و بە دەنگێکی نزم)، بەسە، بەسە.

(گوریسەکان دەلەرێنەوە، ئەوانیش پێکەوە هەمان وشە، بە دەنگێکی بەرز دەڵێنەوە و شوێنەکە پڕ دەبێت لە دەنگدانەوەی وشەکە)

تاریکی

 

 

دیمەنی دووەم

هەمان دیمەن، هێمنی، لە دوورەوە لورەی گورگەکان دێت، براکان نووستوون، بە جامانەکانیان، جەستەی خۆیان بە گوریسەکانەوە بەستووەتەوە، چوارەم دەلەرزێت.

چوارەم: (ئازاری هەیە و دەلەرزێت)، ئای قاچم!، باوکە ئازارەکەم زۆر لەوە زیاترە بەرگەی بگرم، ئێمە دووچاری ناخۆشترین بارودۆخ بووینەتەوە کە مرۆڤ تێیکەوتبێت. تەنها لە پێناو بەدەستهێنانی چەکی پارە و موڵکەکانت، بەرەو تاقیکردنەوەی مەرگ ڕاپێچمان دەکەیت، ئەوەتا ئێمە لە هەوادا هەڵواسراوین، لە نێوان کەڵبەی تیژی گورگەکان و خەرەندە قووڵەکە، ئەگەر بەربینەوە، ئەوا ناگەینە بنکی خەرەندەکە، مەگەر وەک لاشەیەکی هەلا هەلا بوو نەبێت.

خۆزگە با، ئاه و ناڵەی ئێمە دەگەیەنێتە لای تۆ، تاکو نوێژی مانەوەمان بۆ بکەیت. لە پێناو گەڕانەوەمان لەم گەشتە پڕ ئێش و ئازارە، نوێژ بکە. نوێژ بۆ من بکە، دوای ئەو هەمو ئێش و ئازارە جەستەیی و ڕۆحییە. لەپێناو مانەوەی براکانم بە زیندوویی، نوێژ بکە. باوکە گوێت لە لورەی گورگەکانە؟! ئەوە دەنگی مردنی ئێمەیە، ئەوەتا ئێمە بەم گوریسانەوە هەڵواسراوین، نە ئاسمانمان هەیە و نە زەوی. ڕازیت بەوەی ئێمە تیایداین؟ ئایا تۆ پێتناخۆش بوو لەگەڵت بمێنینەوە، تا ئاوا بماننێریت بۆ ئەم گەشتی مردنە؟ بۆچی چەکی پارە و موڵکەکانت، ئا لەم شوێنە عاسییەدا هەڵگرتووە؟ بۆ ئەوەیە بەرگەگرتنی ئێمە تاقیبکەیتەوە؟ بۆ ئەوەیە بە ئێمەوە سەربەرز بیت؟ بۆ ئەوەیە لە ڕێگەی ئێمەوە، مەدالیای سەرکەوتن لە سنگت بدەیت؟ ئەی ئەگەر تەنها وەک یادەوەریی، گەڕاینەوە بۆ لات؟ ئەی ئەوە نییە ڕۆژەکان، یادەوەرییەکان دەسڕنەوە؟

(لەناکاو ئازارێکی زۆری بۆ دێت)

ئای قاچم، ئازار ڕۆحم لە جەستەم دەردەهێنێت.

(بە دەنگی بەرز هاوار دەکات)

ئاههههه!!

(سیانەکەی دیکە، بە هاواری چوارەم بەئاگادەێنەوە، پێیان سەیرە لەسەر گوریسەکانن)

سێیەم: چی بووە و چی ڕوویداوە؟

چوارەم: (بە ئازارەوە) ، قاچمە، ئازارەکە لە من بەهێزترە، زۆر زۆرە، وەک چەقۆ وایە، هەروەها من هەست بە سەرما و سڕبوون دەکەم.

دووەم: ئەوە چییە، هێشتا هەر بەم گوریسانەوە هەڵواسراوین؟ خەونم بینی ئێمە لە شوێنێکی دیکەین.

یەکەم: ئەوە تەنها خەون بووە، حەقیقەت ئەوەیە کە دەیبینی.

سێیەم: پێویستە شتێک بکەین، نابێت براکەتان، بێ ئەوەی برینەکەی تیمار بکەین، بەم حاڵە جێبێڵن، ئەو ئازاری هەیە و خوێنی لێدێت.

یەکەم: ئێمە کە لەم بارودۆخەداین و گەیشتن بە ئەو، تا بڵێی زەحمەتە، ئیدی چۆن چۆنی بتوانین برینەکەی تیمار بکەین؟

دووەم: هەروها هەمومان دووچاری بێهێزی بووین و بڕستمان لەبەر بڕاوە.

سێیەم: (بۆ یەکەم)، بەڵام تۆ گەشتیتە لای من و نیازت بوو بمکوژی، ئیدی بۆچی گەیشتن بەو زەحمەتە؟! ناکەوینە خوارەوە، بەتایبەت ئێمە خۆمان بە گوریسەکانەوە شەتەکداوە، با هەوڵدەین.

چوارەم: (دەلەرزێت)، هەستەکەم تا هەمو جەستەمی گرتووەتەوە، هەست بە سڕبوون دەکەم، تکاتان لێدەکەم یارمەتیم بدەن.

سێیەم: (بەڕوویاندا هاوار دەکات)، با شتێک بکەین.

(بۆ دووەم)

وابزانم تۆ لە کۆڵەپشتەکەتدا، هەندێک گیا دەرمانی پزیشکیت هەڵگرتووە، ئایا دەتوانیت بمدەیتێ، مادام ئێوە هەردووکتان هەر تەماشا دەکەن، خۆم بە تاقی تەنها هەوڵدەدەم.

دووەم: لە کۆڵەپشتەکەیدا، توورەکەیەک دەردەهێنێت، دەیکاتەوە، بۆنی دەکات.

دووەم: هەمان گژوگیایە، (دەمی توورەکەکە دادەخاتەوە)، ئایا دەیگریتەوە؟

سێیەم: نا، لەوانەیە نەتوانم بیگرمەوە و بکەوێتە خوارەوە، من دێم تا لێت وەربگرم.

(دەلەرێتەوە، قایمتر دەلەرێتەوە، پاشان توورەکەکەی لێوەردەگرێت، دەیخاتە گیرفانییەوە)

 مەتارەی ئاوەکە لای کێ ماوەتەوە؟

یەکەم: لای من

سێیەم: دەتوانم وەریبگرم؟

یەکەم: جا بۆ چیتە؟

سێیەم: تا برینی براکەتی پێساڕێژ بکەم، گوێت لێنەبوو؟

یەکەم: ئاگاداربە، ئاوەکە لە شتێکدا بەفیڕۆمەدە کە سودی نییە؟

سێیەم: سارێژکردنی برینەکەی بۆچی سودی نییە؟

(بە توڕەییەوە)

تۆ برایەکی دڵڕەقی

یەکەم: (هەوڵدەدا بارودۆخەکە ئارام بکاتەوە)، باشە، من بۆت دەهێنم.

(یەکەم خۆی دەلەرێنێتەوە، دەگاتە بە سێیەم ومەتارەکەی دەداتێ)

سێیەم: سوپاسی برایەتیت دەکەم.

(مەتارەکە دەکات بە ملیەوە)

نابێت وازی لێبێنین ئازار بچێژێت و ئێمەش تەماشای بکەین.

(سێیەم جامانەکەی لە کەمەری و لە گوریسەکە دەکاتەوە، گرێیەک لە سوچێکی دەدات، ئەوانی دیکە تەماشای دەکەن)

سێیەم: (بۆ چوارەم)، ئێستا سوچێکی جامانەکەت بۆ هەڵدەدەم، هیوادارم بە باشی بیگریتەوە.

چوارەم: (ئازاری هەیە، دەلەرزێت)، باشە.

(چوارەم دەستی درێژ دەکات، سێیەم سوچێکی جامانەکەی بۆ هەڵدەدات)

سێیەم: ئێستا بیگرەوە.

(چوارەم هەوڵدەدات بیگرێتەوە، بەڵام سەرکەوتوو نابێت)

چوارەم: جارێکی دیکە هەڵیبدەرەوە.

(سێیەم سوچی جامانەکە هەڵدەداتەوە، بەڵام لە گەیاندنی سەرکەوتوونابێت، جارێکی دیکەش هەوڵدەدات، دەگاتە دەستی چوارەم، وەلێ لەدەستی بەردەبێتەوە)

دووەم: ئێوە بە دیاریکراوی چی دەکەن؟

سێیەم: ئێستا دەیبینیت.

(سێیەم سەرلەنوێ جامانەکە هەڵدەداتەوە، چوارەم دەیگرێتەوە و تووند تووند بە دەستی سوچی جامانەکە دەگرێت)

چوارەم: (بەزەحمەت پێدەکەنێت)، ئەوە گرتم، ئێستا چی بکەین!

سێیەم: بە تووندی بیگرە، هەر ئێستا دەگەمە لات.

(چوارەم جامانەکە بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت، هەردووکیان بەرەو لای یەکتر دێن، بەیەکدەگەن، چوارەم گوریسەکەی سێیەم دەگرێت و بە جامانەکە دەیبەستێتەوە بە گوریسەکەی خۆیەوە)

سێیەم: (بۆ یەکەم)، بینیت؟ گەیشتنم بەو سەخت نەبوو.

(بۆ چوارەم)

ئازارت زۆرە، وایە؟

چوارەم: (بە ئازارەوە)، زۆر لەوەی تەسەوری دەکەیت.

سێیەم: گوێیمەدەرێ، برینەکەت ساڕێژ دەکەم.

(سێیەم مەتارەی ئاوەکە دەکاتەوە، دموچاوی براکەی دەشوات، زۆر بە ئاگادارییەوە نزمدەبێتەوە)

سێیەم: (بە واقوڕمانەوە)، ئەمە چ برینێکی گەورەیە، هیچ گۆشتێکیان بە قاچتەوە نەهێشتووە. (مەتارەکە دەکاتەوە، ئاو دەکات بەسەر برینەکەدا)

چوارەم: (لەتاو ئازار هاوار دەکات)، ئاییی، قاچم!!

(لورەی گورگەکان زیاتر دەبێت، خشەخشێک لەسەرەوە دەبیسرێت)

دووەم: وەک ئەوەی تۆ گورگەکانت بەئاگاهێنابنەوە.

یەکەم: گورگەکان عەیامێکە کەوتوونەتە شوێنمان و چاویان لەسەر ئێمەیە، هێشتا نائومێد نەبوون. هەرچەندە لە هەوڵەکانیان بۆ بچڕانی گوریسەکانمان، سەرکەوتوو نەبوون، کەچی تا ئێستاش سوورن لەسەر مانەوە.

(سێیەم لە شۆردنی برینەکە تەواو دەبێت، هەندێک گژوگیای لەسەر دادەنێت، برینەکە بە جامانەی چوارەم کە لێیکردووەتەوە، دەبەستێت. هەوڵدەدا خۆی ڕاستکاتەوە و گوریسەکە بگرێت، بەڵام گوریسەکە لەدەستی دەردەچێت و خەریکبوو بکەوێتە ناو خەرەندەکەوە. بەڵام چوارەم دەستی دەگرێت)

هەموان: (هاوار دەکەن) نا!!

(لەکاتێکدا سێیەم هەوڵدەدا جارێکی دی خۆی بە گوریسەکەوە بگرێت، مەتارەکەی لێدەکەوێتە خوارەوە)

چوارەم: (سێیەم دەگرێت)، ئاگاداربە، خەریک بوو بکەویتە ناو خەرەندەکەوە.

سێیەم: (بە ترسەوە هەناسە بڕکێیەتی، هەوڵدەدات پێبکەنێت)، تۆ ڕزگارت کردم.

(جارێکی دی بە گوریسەکە خۆی ڕاست دەکاتەوە)

گرنگ ئەوەیە تۆ سەلامەت بیت.

چوارەم: پشت بە خوا ئازارەکە کەمدەبێتەوە.

یەکەم: (بۆ چوارەم)، ترساین شتێکت لێبێت.

سێیەم: (ئاوڕ لە یەکەم دەداتەوە)، بەڕاست، ئەی تۆ ئەمەت نەدەویست؟!

دووەم: باوەڕناکەم کەسمان مردنی ئەوی دیکەمانی پێخۆش بێت، لەبیرتان چووە ئێمە برای دایک و باوکێکین؟

یەکەم: من چۆن ئاواتەخوازی مردنی تۆم؟! ئەو خوێنەی بە دەمارەکانی مندا دێت و دەچێت، هەمان ئەو خوێنەیە بە دەمارەکانی تۆشدا دەڕوات.

(بە دڵشکاوییەوە سەری ڕادەوەشێنێت)

بەڵام توڕەیی ناخمان، دەمان گۆڕێت بۆ کەسانی دیکە کە نایانناسین.

سێیەم: توڕەیی کوێرت دەکات!!

دووەم: ئێستا براکەت بەو شێوەیە مەهێڵەوە، بیبەستەوە بە گوریسەکەوە، تاکو باشتر ئیسراحەت بکات.

(جامانەکەی دەکاتەوە)

بە جامانەکەی من بیبەستەوە.

یەکەم: (جامانەکەی لە کەمەری خۆی دەکاتەوە)، نا، بە جامانەکەی من بیبەستەوە.

(سوچێکی جامانەکە گرێدەدات و هەڵیدەدا بۆ سێیەم، دەیگرێتەوە، ڕایدەکێشێت، پاشان خۆی و براکەی بە گوریسەکەوە دەبەستێتەوە. جامانەکەی خۆی دەکاتەوە کە دوو گوریسەکەی بەیەکەوە بەستبوو، هەڵیدەدات بۆ یەکەم)

سێیەم: ها بیگرە و خۆت بە گوریسەکە ببەستەوە ، من لەگەڵی دەمێنمەوە.

چوارەم: (دەلەرزێت و بە دەنگێکی نزم)، وا باشە، نامەوێت لێم دوورکەویتەوە، لە تەنیشم بمێنەرەوە.

سێیەم: بەجێتناهێڵم بە تەنها ئازار بچێژیت.

یەکەم: (دوای ئەوەی خۆی بە گوریسەکەوە دەبەستێتەوە)، ئێستا هەست بە چی دەکەیت؟!

چوارەم: هەست بە بێهێزی دەکەم، هەست دەکەم هەمو گیانم ئازاری هەیە، هەست بە توونیەتی دەکەم.

سێیەم: (بە حەپەسانەوە)، ئاوەکە؟! مەتارەکە لە دەستم بەربوەوە و کەوتە ناو خەرەندەکە.

دووەم: ئەی چۆن بەبێ ئاو بمێنینەوە؟

چوارەم: هەموی بەهۆی منەوە بوو.

یەکەم: بەهۆی تۆوە نەبوو، ئەمە بەڵایە و بەشەکانی تەواودەبێت.

چوارەم: (دەگری)، چ تاوانێکمان کردووە، تا ئازار و ترس بچنینەوە؟ چیمان کردووە، تاکو مەرگ بەدوامانەوە بێت، وەک چۆن گورگەکان بەدوامانەوەن؟ چارەنووس بۆ کوێمان دەبات؟ ئایا دەبێت تا مردن، ئاوا بە هەڵواسراوی بمێنینەوە. لاشەمان بۆگەن دەکات، وەک لاشەی برادەرەکەمان کە کەوتەخوارەوە؟ یان بڕۆینەدەرەوە تاکو گورگەکان بمانخۆن؟ باوکە تۆ چ باوکێکی دڵڕەقیت، ئێمەت ئاوا لەناو ئەم بەڵایە جێهێشتووە، ئایا هەستمان پێناکەیت هەنووکە چۆن گیرۆدەبوین و دەناڵێنین؟

سێیەم: (چوارەم لەباوەش دەکات)، بەسە مەگری، بەسمانە ئەو ئازار و خوێنەی لێتڕۆشتووە، لەوە زیاتر خۆت ماندوو مەکە.

(عارەقی نێو چاوانی دەسڕێت)

تۆ وەک پشکۆ گەرمیت.

چوارەم: ئەوە تایە، حەزدەکەم بخەوم، ئایا دەتوانم لەسەر شانت بخەوم؟

سێیەم: (سەری چوارەم لەسەر شانی خۆی دادەنێت)، ئەگەر ئەوە ئاسودەت دەکات، بخەوە.

(چوارەم لەسەر شانی سێیەم دەخەوێت)

دووەم: من چەند بەزەییم پێیدا دێتەوە، داماوە لەم گەشتەدا ناڕەحەتی زۆری بینی، ئەو هێشتا زۆر منداڵە تا بەرگەی ئەو هەمو دڵڕەقییە بگرێت.

یەکەم: ئێمەش بە هەمان دڵڕەقی باوکمان، دڵڕەق بووین لەگەڵیدا، خۆزگە لەگەڵمان نەدەبوو.

دووەم: خۆزگە هیچ شتێک لەمەسەلەکە ناگۆڕێت.

یەکەم: چەند ڕقم لەخۆمە، چونکە هەرگیز وەک ئێستا هەستم بە نزیکی لێیەوە نەکردووە. هیوادارم بەخەبەربێتەوە، تاکو قسەم لەگەڵ بکات، وەک چۆن برای بچووک، قسە لەگەڵ برا گەورەکەیدا دەکات. لەبارەی خۆیەوە قسەم بۆ بکات، سەبارەت بە خەونەکانی و هەر شتێکی دیکە قسەم بۆ بکات، گرنگ ئەوەیە لەگەڵ یەک قسە بکەین.

سێیەم: ئەو تای زۆرە و لەرزییەتی، خودایە یارمەتی ئەم گەنجە نەخۆشە بدە، یارمەتیبدە تاکو بەرگەی ئازارەکەی بگرێت.

یەکەم: (دووبارەی دەکاتەوە)، خودایە یارمەتی برا نەخۆشەکەمان بدە، یارمەتیبدە تاکو بەرگەی ئازارەکەی بگرێت.

دووەم: (دووبارەی دەکاتەوە)، خودایە یارمەتی برا نەخۆشەکەمان بدە، یارمەتیبدە تاکو بەرگەی ئازارەکەی بگرێت.

هەموان هەمان ڕستە دەڵێنەوە.

تاریکی

 

 

دیمەنی سێیەم

هەمان دیمەن، خشەخش و لورەی گورگەکان بەرزتر دەبنەوە، بێهێزی و ناڕەحەتی بە هەمویانەوە دیارە، چوارەم هێشتا هەر نووستووە.

یەکەم: گورگەکان تابێت ژمارەیان زۆرتر دەبێت، شوێنەکە پڕ بووە لە گورگ.

دووەم: نازانین کەی ڕۆژ دەبێتەوە، گورگەکان کەی دەگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان؟ بەو هیوایەی ئێمەش، ڕێگایەکی سەلامەت بدۆزینەوە و بمانگەیەنێت بە گوندەکە، هیچم لە پارەی دونیا و چەکی موڵکەکان ناوێت، تەنها بە سەلامەتی بگەڕێینەوە بۆ نیشتیمان.

یەکەم: منیش وەک تۆ هیچم ناوێت. پارە و موڵک فریویداین، پیاوەتی/ الرجولة دەستخەڕۆی کردین، ئەمەیە مانای پیاوەتی کە بەم شێوەیە بمرین و وەک نێچیر ڕاوبکرێین؟ چەند ڕقم لەوەیە پیاوم، ئەم پیاوبوونە چ سودێکی بۆمان هەیە، لەکاتێکدا گورگە برسییەکان، وەک نێچیر چاوەڕێمان دەکەن؟ پیاوەتی لەگەڵ خۆم نابەمە ناو گۆڕ؟

دووەم: ماندووبووم لە خۆهەڵواسین بەم گوریسەوە، تینوێتی و برسییەتی و چاوەڕوانی، بڕستیان لێبڕیووم، ئاییی ئەمە چ ئەشکەنجەیەکە.

سێیەم: من خودی ژیان شەکەت و ماندووی کردووەم، ئەگەر بمردمایە، ئەوا ڕزگارم دەبوو لەو نەهامەتییەی ئێستا دەیبینم.

(دەنگی خشە خشەکەی سەرەوە زۆرتر دەبێت و لورەی گورگەکانیش بەرزتر دەبێتەوە)

یەکەم: (تەماشای سەرەوە دەکات)، گورگەکان نێچیرێکی دیکەیان گرتووە، وا هەلا هەلای دەکەن.

دووەم: ئاسکە؟

یەکەم: نازانم ئایا ئاژەڵە یان مرۆڤە؟

سێیەم: ئەوە چییە وا دەکات گورگەکان لەو سەرەوە بمێننەوە و نێچیرەکانیان بهێنن بۆ ئەو شوێنە؟ ڕەنگە ئێمە کەوتبینە ژێر حەشارگەیەک لە حەشارگەکانی گورگەکان.

یەکەم: لەوبڕوایەدا نیم، بگرە ئەوان چاوەڕێی چونەدەرەوەی ئێمە دەکەن، ڕەنگە گۆشتی ئێمە خۆشتربێت، ئێمە ئەم چوارە، ورگیان پڕدەکەین.

(گوریسەکان دەست بەلەرینەوە دەکەن)

سێیەم: (دەترسێت و برا نووستووەکەی گرتووە)، ئەوە چییە ڕوودەدات؟

یەکەم: گورگێکی زۆر درەختەکە دەجووڵێنن، گوریسەکانیش بە درەختەکەوە بەستراون.

دووەم: ئاژەڵێک لەسەر درەختەکەیە، گورگەکان دەیانەوێت ئەو ئاژەڵە بخەنەخوارەوە.

سێیەم: (گوریسەکان بەردەوامن لە لەرینەوە)، دەترسم ئێمە پێش ئەو ئاژەڵە بخەنە خوارەوە.

(دەنگی لورە و لەرینەوەکان بەهێزتردەبن)

یەکەم: وا دیارە، ئەم گورگانە واز لەو شێتبوونە ناهێنن؟

دووەم: وازناهێنن تا ئەوەی سەر درەختەکە دەکەوێتە خوارەوە.

سێیەم: سەیرکەن ئەو دەکەوێتە خوارەوە.

(لەرینەوەکان و دەنگی لورەی گورگەکان کەمتر دەبنەوە)

دووەم: وا دەیخۆن، (ڕِوخساری خۆی دەگرێت)، ئاواتەخواز نیم لە شوێنی ئەو بم.

یەکەم: بەڵکو ئەو نێچیرە تێریان بکات و واز لە ئێمە بێنن بەڕێگەی خۆماندا بڕۆین.

سێیەم: یەک نێچیر بەشی ئەم هەمو گەلە گورگە ناکات، پێموایە داوای زیاتر دەکەن.

یەکەم: چەند ڕقم لە گورگەکان و نێچیرەکانە.

(چوارەم لەخەو هەڵدەسێت و چاوەکانی دەکاتەوە)

چوارەم: ئەوە چییە تا ئێستاش هەر لێرەین؟

دووەم: ئەی لە کوێ بین؟

چوارەم: خەوم بینی، خەوەکەم زۆر خۆش بوو، خۆزگە خەبەرم نەبوایەتەوە.

یەکەم: چیت بینی؟

چوارەم: (پێدەکەنێت، بەو پەڕی تاسەوە)، دایکم.

سێیەم: بەڕاست؟

چوارەم: بەڵێ، لە باوەشیدا نووستبووم، شوێنەکە زۆر جوان بوو، پێشتر شوێنی وا جوانم نەبینیوە.

یەکەم: خوای لێخۆشبێت.

دووەم: چەند بیری دایکمان دەکەین.

چوارەم: پەرداخێک ئاوی پێدام، ئێستا هەست بە تونییەتی ناکەم.

سێیەم: ئەی قاچت؟ چۆنە؟

چوارەم: هەستی پێناکەم.

یەکەم: بەڕاست؟ ئەی تاکە؟

چوارەم: (پێدەکەنێت)، من باشم.

سێیەم: (دڵخۆشە)، پێدەچێت گیا دەرمانەکە کاری خۆی کردبێت، چاک بوویتەتەوە.

چوارەم: دایکم چیرۆکی چوار گەنجی بۆ گێڕامەوە، ڕۆشتبوون بۆ گەشتێکی سەخت، تاکو موڵکەکانی باوکیان بەدەستبێنن کە لە شوێنێکی عاسیدا شاردبوویەوە. لەو گەڕانەیاندا، تووشی نەهامەتی و ناخۆشی لەڕادەبەدەر هاتوون، تەنانەت گورگەکانی شاخەکە، کەوتوونەتە دوایان، لە نێوان گوریسەکان و خەرەندەکەدا، بە هەڵواسراویی ماونەتەوە.

یەکەم: ئەوە چیرۆکەکەی ئێمەیە، کۆتایی گەشتەکەی ئەو چوار گەنجەی پێ نەوتی؟

چوارەم: چیرۆکەکەی تەواو نەکرد، دوای ئەوەی لە ئامێزی گرتم و دەستی بەسەرمدا هێنا، شوێنەکەی بەجێهێشت.

دووەم: ئەگەر دایکم بمایە، ڕێگەی نەدەدا بەجێیبێڵین و ئەم گەشتە ناخۆشە ئەنجامبدەین.

یەکەم: ئەو بەزەیی زیاتر پێماندا دەهاتەوە تا باوکمان.

سێیەم: ئەگەر ئەو لەگەڵمندا بوایە، زیاتر هەستمان بە سەلامەتی و گەرمی دەکرد.

دووەم: ڕۆشت و بەتەنها جێیهێشتین، بەخێرایی ڕۆشت، وەک ئەستێرەی بەربەیان.

چوارەم: لە خەوەکەدا جوان و دڵخۆش بوو، بە پاڵتۆ سپییە فراوانەکەیەوە لە فریشتە دەچوو، هەر دەیوت: منداڵەکانم دڵم لەگەڵتانە.

سێیەم: (هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەکێشێت)، ئاه، دایک چەند جوانە، ژیان بێ ئەو چەند ناخۆشە.

یەکەم: بڕوام پێبکەن، بیری بۆنی نانی بەیانیانی دەکەم، دایک مانا بە بوون دەبەخشێت.

چوارەم: ئەویش بیری هەمومانی دەکرد.

دووەم: دەڵێن دۆعای دایک بۆ ڕۆڵەکانی گیرادەبێت، بۆ بۆ، داوات لێنەکرد لە خودا بپاڕێتەوە لەم بەڵایە ڕزگارمان بکات؟

چوارەم: کاتێ بۆ جاری دووەم دەیبینمەوە، داوای لێدەکەم.

سێیەم: (بەسەرسوڕمانەوە) بۆ دووەم جار دەیبینیتەوە؟!

چوارەم: بەڵێ، دەگەڕێتەوە و چیرۆکەکەم بۆ تەواو دەکات. دەزانن، حیکایەتەکانی جوان و سەرنجڕاکێشە.

یەکەم: تۆ لەوانەیە هێشتا هەر خەون ببینیت، یان ئەمە کاریگەری تاکەیە؟

چوارەم: تام نییە و خەونیش نابینم، ئەو بەڵێنی پێدام دێت و چیرۆکەکەم بۆ تەواو دەکات، چیرۆکی چوار گەنجەکەی بە گوریسەکانەوە هەڵواسراون.

یەکەم: (پێدەکەنێت)، هیوادارم لە شوێنێکی سەلامەت تردا بخەویت. کاتێک بەیانی دێت و گەلە گورگەکانیش ڕۆشتبن، ئێمەش دەڕۆین بۆ یەکێک لە ئەشکەوتەکانی گوندەکە، بێزار و ماندووبووم لەم ڕاوەستانە دوور و درێژەی سەر گوریسەکە، لەوێ، دەتوانی بە سەلامەتی بخەویت و خەون ببینیت.

چوارەم: بەڵام لە خەودا نایبینم، بە ڕاستی و لەبەرچاومدا دەیبینم، لێرە دەمبات بۆ ئەو شوێنەی کە خۆی لەوێیە.

سێیەم: (بە واقوڕمانەوە)، ئەوە دەڵێی چی؟

چوارەم: لەگەڵی دەڕۆم بۆ ئەو شوێنەی ئەوی لێیە، لەوێ ژیان خۆشترە، مرۆڤ هەست بە بێزاریی ناکات، هەست بە دڵڕەقی ژیان ناکات.

دووەم: ئەوێ کوێیە؟

چوارەم: نازانم، بەڵام شوێنێکی دڵگیرە، عەقڵ و دڵ دەبات.

یەکەم: ئەم گەنجە دەمترسێنێت.

سێیەم: (ترساوە)، بۆچی؟

یەکەم: دەست لە تەوێڵی بدە، بزانە تای هەیە؟

سێیەم: (دەست لە تەوێڵی چوارەم دەدات)، نەخێر.

یەکەم: کەواتە بۆچی بەم شێوەیە وڕێنە دەکات؟

دووەم: قاچی هێشتا خوێنی لێدێت، ڕەنگی جامانەکە سور هەڵگەڕاوە، کەچی ئەو دەڵێت هەست بە ئازار ناکات، چی لێ قەوماوە؟

چوارەم: (سەیری ئاسمان دەکات)، ئا لەوێوە دێت، لە ئاسمانەوە، بە ڕوخسارە فریشتەییەکەیەوە دێت بۆ لامان.

یەکەم: (بە توڕەییەوە)، دایکت نایەت، دایکت مردووە.

چوارەم: دێت، ئەو وتی، دایکم هەرگیز درۆی لەگەڵ کەس نەکردووە، ئیدی چۆن درۆ لەگەڵ من دەکات.

دووەم: ئەوە خەوە نەک ڕاستی.

چوارەم: بگرە ڕاستییە، دێت.

سێیەم: هەست بە ئازاری قاچت ناکەیت؟  قاچت خوێنی لێدێت.

چوارەم: نەخێر، نەخێر هەست بە بوونی قاچم ناکەم، هەست بە بوونی جەستەم ناکەم، وەک تارمایی هەستی پێدەکەم. (هەردوو دەستی بە تەواوەتی درێژ دەکات)، کە لە ئاسماندا مەلە دەکات و هیچ جەستەیەکی مرۆڤی لێ نییە.

یەکەم: (بۆ سێیەم)، بە باشی بیگرە، بۆ ئەوەی هەردووکتان بەرنەبنەوە.

سێیەم: (بەسەرسوڕمانەوە)، چیت لێهاتووە؟ تۆ وڕێنە دەکەیت.

چوارەم: (ڕوخساری گەش دەبێتەوە)، دایکە، دواجار هاتیت.

(سەیری ئاسمان دەکەن… هیچ شتێک نابینن)

دووەم: من لە هیچ شتێک تێناگەم، ئەوە چییە ڕوودەدات؟

سێیەم: (هەوڵدەدا بە نەرمە لێدانێک لە ڕوومەتی چوارەم، بەئاگای بهێنێتەوە)، لەم وڕێنەیە بەئاگاوەرەوە.

چوارەم: (لە حاڵەتێکدایە وەک ئەوەی بیەوێت پێشوازی لە کەسێک بکات)، دایکە، چاوەڕێم دەکردیت، ئایا دەمبەیت بۆ ئەو شوێنەی، چیتر تێیدا هەست بە ئازاری خوێنبەربوون نەکەم؟

سێیەم: (بە ترسەوە دەیجووڵێنێت)، مەڕۆ، لێرە لە شوێنی خۆت بمێنەرەوە، ئەوە تەنها خەونێکە!

چوارەم: دایکە! لە دووری تۆ زۆر ماندووبووم، دوای تۆ ڕۆژەکان  زۆر سەخت بوون، وەرە بمبە، وەرە.. دایکە، دایکە.

(لەناکاو بێدەنگ دەبێت، بەسەر جەستەی سێیەمدا بەردەبێتەوە)

سێیەم: (چوارەم لەسەر جەستەی خۆی بەرز دەکاتەوە)، براکەم؟ چیت بەسەرهاتووە؟

یەکەم: ئەوە چییە ڕوودەدات؟ براکەت تووشی چی بووە؟

دووەم: ئێستا دێم بۆ لات.

(بەلەرینەوەوە تەکان دەگاتە شوێنی سێیەم و چوارەم، گوریسی هەردووکیان دەگرێت، چوارەم دەجوڵێنن، ناجووڵێت)

دووەم: (ترس بە ڕوخسارییەوە دیارە)، شتێک بڵێ، چیتە؟

سێیەم: (ترساوە)، لاشەی ساردە، تۆ بڵێی مر….؟

یەکەم: (هاوار دەکات)، نەخێر، نەخێر نەمردووە.

(یەکەم بەلەرینەوەو تەکان دەگاتە لای ئەوان، چوار گوریسەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە)

سێیەم: (بەدەم گریانەوە چوارەم ڕادەوەشێنێت)، تکایە شتێک بڵێ.

دووەم: (چوارەم ڕادەوەشێنێت)، ئەو قسە ناکات، هەناسە نادات.

یەکەم: (سەری چوارەم دەگرێت و دەست دەکات بە گریان)، نا، دایکت خەون بوو، لەگەڵی مەڕۆ، لێرە بمێنەرەوە، تکایە.

سێیەم: (بەکوڵ دەگری)، ئەنجامیدا، ڕۆشت بۆ لای.

(هاوار دەکات)

براکەتان مرد!!

دووەم: (هاوار دەکات)، نەخێر!

یەکەم: (بەگریانەوە چوارەم لەباوەش دەکات)، بەتەنها جێمانمەهێڵە، برا بچوکەکەم، من پێویستم بە تۆیە.

سێیەم: (دەگری)، ئایا بینینی دایکت، پێشبینی بوو بۆ مردنت؟!

دووەم: (زۆر بە قایمی هاوار دەکات)، گورگەکان نەفرەتتان لێبێت، براکەم بە قاچێکی خوێناویی و بەهۆی گەمارۆی ئێوەوە، کۆچی دوایی کرد.

(لەسەروە خشە خشێکی گەورە دەبیسرێت، لورەی گورگەکان بەرزتر دەبنەوە، گوریسەکان دەلەرێنەوە)

سێیەم: دیسانەوە هاتنەوە بۆ گیانی گوریسەکان.

یەکەم: دەترسم هەمومان بکوژن.

سێیەم: (دەناڵێنێت)، من مادام براکەم بە مردوویی لەسەر شانمە، ئیدی لە مردن ناترسم. ئەی مەرگ منیش ببە، چونکە چیتر توانای بەرگەگرتنم نەماوە.

(گوریسەکان تابێت زیاتر دەلەرێنەوە)

یەکەم: گورگەکانی مەرگ،  بەسە، واز لەو سەرشێتییە بێنن، بەسە.

دووەم: (بەدەنگی بەرز هاوار دەکات)، بەسە.

(دەنگەکە لە هەمو شوێنێکدا دەنگدەداتەوە)

(تاریکی)

سەرچاوە:

abbashayek.com                   

ناردن: