ڕۆشنبیری و گەڕان بەدوای هەقیقەتدا گفتوگۆ لەگەڵ رامین جهانبگلو
ڕۆشنبیری و گەڕان بەدوای هەقیقەتدا…گفتوگۆ لەگەڵ رامین جهانبگلو
بەشی یەکەم
وەرگێڕانی: ڕێبین هەردی
ئایا ئەو لەمپنیزمەی لەوبەری ئاو هەیە جیاوازە لەو لەمپنیزمەی لە ئێراندا گیرۆدەی بووین؟
– لەهەندێک ڕوەوە بەڵێ، و لەهەندێکی دیەوە نەخێر. ئەو چەمکەی لە فەلسەفەی سیاسیدا بەناوی لەمپنیزمەوە دەیناسین، واتە زاراوەی (term) کە لە مارکسیزمیشدا سوودی لێ وەرگیراوە، لەڕاستیدا بە گروپێک دەگووترێت کە چینە کۆمەڵایەتیەکەیان زۆر ڕوون نیە. ئەم گروپە وەک بکەرێکی جەماوەری دەورێکی زۆر گرنگیان لە ئایدۆلۆژیا تۆتالیتاریزمیەکانی سەدەی بیستدا بینی. مەبەست لە ئایدۆلۆژیا تۆتالیتاریەکان شێوەی ستالینی و فاشیزم دەگرێتەوە. ئەم گروپە سوودیان لەم چەمکە بۆ بەرەو پێشبردنی بیروڕاکانیان وەرگرت. بەڵام دوای ئەمە وشەی (لەمپنیزم) بەمانایەکی فراوانتر بەکارهات.
ئەمڕۆ کاتێک باسی لەمپینیزم دەکەین، مەبەستمان کەسانێکە کە خاوەنی هیچ ئەخلاقێکی مەدەنی نین. واتە کەسانێک کە پەیڕەوی لە ڕێساکانی هاوڵاتی بوون ناکەن، و مافی تاکەکەسی و مەدەنیان بۆ گرنگ نیە. چ لە ڕۆژئاوا و چ لە ڕۆژهەڵات ڕووبەڕووی ئەم دیاردەیە دەبینەوە. بڕوام وایە یەکێک لە ئەرکە سەرەکیەکانی ڕۆشنبیر خەباتە دژی لەمپنیزم.
لە کۆمەڵگای ئێمەشدا لەمپنیزم جگە لەوەی پەنا بۆ توندوتیژی فیزیایی دەبات، توندوتیژی فکریش بەکار دەهێنێت، وەک درۆزنی کە خاڵێکی گرنگە. لەکاتێکدا ڕۆشنبیری خەباتە بۆ هەقیقەت، دیارە نەک هەقیقەتی ڕەهای ئایدۆلۆژی، بەڵکو هەقیقەتێکی ئەخلاقی. ئێوە بیردەکەنەوە و خەبات دەکەن بۆ ئەو ئاسۆیەی لە زیهنتاندایە، کەهەمان ئاسۆی هەقیقەتە،. لەمپینیزم دەیەوێت ئەم ئاسۆیە لەناوببات، و لەڕێگەی درۆ و ڕیا و هەراوهوریاوە توندوتیژی درووست دەکات، و لەڕاستیدا هەوڵدەدات ڕێگە بە ئێوە نەدات توانای جیاکاریتان لەنێوان مەسەلەکاندا هەبێت. من بڕوام وایە ڕۆشنبیر بە پێناسە کەسێکە دەبێت توانای جیاکاری ڕاست و هەڵەی لەناو مەسەلە جیاوازەکاندا هەبێت. دەزانین وشەی intellectual لە زمانە ئەروپیەکاندا لە زمانی لاتینیەوە هاتووە کە تیایدا کرداری intellegere هەیە، کەبەمانای جیاکارییش دێت ، کە ئەمیش دەگەڕێتەوە بۆ هەمان ڕەگی ێۆنانی critic. هەر لەبەرئەمەیە کە من بەگەڕانەوە بۆ ئەم ڕەگوڕیشانە، جەخت لەوە دەکەم ڕۆشنبیر کەسێکە کە هەم جیاکاری لەنێوان مەسەلەکاندا دەکات، و هەم قەیران درووستکەرە. قەیران درووستکەر بەو مانایەی دەتوانێت قەیران لەناو چەمکەکان و خەسڵەتە کۆمەڵایەتیەکان و تەنانەت مێژوویەکاندا درووست بکات، و دەیانخاتە ژێر پرسیارەوە و لەگەڵیشیدا ڕێگەچارەیەکی تازە دەخاتە ڕوو.
– ئەو خاڵەی هەستدەکرێت لەڕووی دەروونیەوە لەم مەسەلەیەدا هەبێت، ئەوەیە باسی ڕۆشنبیری بە زەمینەی چالاکیەکی کۆمەڵایەتی مانادار دەبێت، واتە کەسێک دەتوانێت فیزیازان یان فەیلەسوف بێت، و لە فیزیا و فەلسەفەشدا شۆڕشێکی بەرپا کردبێت، بەڵام وەک ڕۆشنبیر نەناسرێت. بۆ نموونە بەراوردی میشل فۆکۆ بە ئایر بکەین. ئایر کارێکی گرنگی لە فەلسەفەی شیکاریدا ئەنجامدا، بەڵام ئەوە ناوی میشل فۆکۆیە وەک ڕۆشنبیر دەناسرێت. یان بۆ نموونە سارتەر. کاری ئایر لە فەلسەفەی شیکاری زمانیدا، هیچ ڕووداوێک لە بواری ڕەخنەدا درووست ناکات.
– ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی ڕۆشنبیری. یەکەم بەبڕوای من ڕۆشنبیری ڕەگەزێکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی مۆدێرن. ئەوەی دەبێت ڕوون بێت ئەوەیە ئێمە دەبێت جیاوازی لەنێوان ئەدیب، زانا، عارف و ڕۆشنبیردا بکەین. هەیەک لەمانە لە ئاستێکی باڵادا کار دەکەن، بەڵام ڕۆشنبیر نین. دیارە دەشێت وەڵامی باشتریان بۆ مەسەلە مرۆیی و جیهانیەکان هەبێت، کە ڕۆشنبیران نەیانبووە.
ئێمە لەسەدەی نۆزدە لە ڕۆسیا لەگەڵ وشەی intelligentsia و لەسەرەتای سەدەی نۆزدەدا لەفەڕەنساو لەگەڵ کێشەی (دریفۆسدا) ئاشنای چەمکی ((ڕۆشنبیر)) دەبین. زۆلا و ئاناتۆل فڕانس و ئەوانی دی لە ڕۆژانامەدا بەرگریان لە دریفۆس کرد، کە تۆمەتبار کرابوو بە جاسوسی بۆ ئەڵمانیا. ئالێرەدا بوو کە ژمارەیک نووسەر هاتنە ناو شانۆی سیاسی کۆمەڵگاوە. لێرە بەدواوە ئاشنای وشەی ((ڕۆشنبیر)) بوین، و ئەمەش کاریگەری زۆری لە وڵاتانی دی و لەوانەش لە وڵاتی ئێمە کرد. ئێمە هەرکاتێک باسی ڕۆشنبیر دەکەین، باسی کەسانێک دەکەین کە بەشداری لە ڕووداوە کۆمەڵایەتیەکاندا دەکەن.
بەبڕوای من ئەوشتەی لەسەروو کاری ئەکادیمیەوە کەسێک دەکات بە ڕۆشنبیر، هوشیاربوونە بە خود و هەروەها ئەو دەورە ڕەخنەگرانەیەی لە کۆمەڵگادا دەیبینێت، و هەوڵدەدات ویژدانی زیندووی کۆمەڵگا بێت. ڕەنگە بۆ مێژوونووسێکی فەلسەفە باسکردنی مەسەلە کۆمەڵایەتیەکان سەرنجڕاکێش نەبێت، بەڵام ڕۆشنبیران بە گشتی باسی ئەم مەسەلانە دەکەن. ئێوە نموونەی ژان پۆل سارتەرتان هێنایەوە، جیاوازیەکە لەنێوان سارتەر و مێژوونووسێکی فەلسەفەدا کە لەهەمانکاتدا لە سۆربۆن وانەی دەگووتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا کە کارەکەی زۆر بەباشی ئەنجامدەدا، ئەوەبوو بەدروستی دەوری کۆمەڵایەتی خۆی نەدەبینی و گرنگی بە مەسەلە سیاسی و کۆمەڵاتیەکان و تەنانەت لە ئاستی جیهانیشدا نەدەدا.
ڕۆشنبیرانی وەک ئیداوارد سەعید، چۆمسکی، فۆکۆ و سارتەر هەن لە ئاستی نێو دەوڵەتیدا ئامادەن. بە دەربڕینی بەندە ئەم کەسانە بەشداری ڕاستەوخۆیان لە ((فۆرمەلەبوونی ڕۆحی جیهانیدا)) هەیە. ئەگەر سەعید کەسێک بوایە تەنیا ڕەخنەی ئەدەبی بکردایە، هیچکات ئەوەندە گرنگی پەیدا نەدەکرد کە پاش نووسینی کتێبی خۆرهەڵاتناسی یان باسکردنی مەسەلەکانی فەلەستین و مەسەلە نێودەوڵەتیەکان پەیدای کرد. لێرەوە بە بڕوای من ڕۆشنبیر بکەری سەرەکی عەقڵی ڕەخنەگرانەیە. عەقڵی ڕەخنەگرانە عەقڵێکە تەنانەت خودی مۆدێرنەبوون دەخاتە ژێر پرسیارەوە، واتە هەمان ئەو جیهانبینیەی کە هۆی لەدایکبوونێتی.
– زەمینەی ڕۆشنبیری لە چ فەزایەکدا دەڕخسێت؟ ئێوە لە گفتوگۆکانی دوایتاندا دیموکراسی بەیەکێک لە ڕێکارەکانی ڕۆشنبیری هەنوکە دەزانیت، لەلایەکی دیەوە یەکێک لە مەرجەکانی ڕۆشنبیری بە هوشیاربوون بە خود دەزانیت، هەروەها بەپێی پێناسەکەی خۆتان بۆ لەمپنیزم گووتتان، ڕۆشنبیری گەڕانە بەدوای هەقیقەتدا. ئایا نەبوونی خودی ئەم ناسینە نەبۆتە هۆی ئەوەی پرۆژەی ڕۆشنبیریت لە وڵاتی ئێمەدا بە شێوەیەکی دروسی نەیەتەدی؟ دەمویست ئاراستەی باسەکە ئەو پرسیارە بێت کە ئایا ڕۆشنبیری ڕەسەنی ئێرانی هەمان ئەو ڕۆشنبیرەیە کە بەباشی ئاگاداری تێکستە کلتووریە ڕەسەنەکانی خۆیەتی و ئەم ئاگاداربوونەش چەند کاریگەری لە فەزای زیهنی دەکات؟
– من پرسیارەکەی ئێوە بەشێوەیەکی دی دەکەم. ئایا ڕۆشنبیری ئێرانی دەبێت هوشیار بێت بە شوناسە ئێرانیەکەی، یان ئەوەی بەناچار دەبێت هوشیار بێت بە هەندێک مەسەلەی تایبەتی.
– مەبەستم ئەو دەقانە بوو کە کاریگەریان لەسەر ڕوونکردنەوەی شوناسیان هەیە.
– بەڵێ، بەڵام ئەوەی چ کەسێک دیاریدەکات کە چ تێکستێک کاریگەری لە دیاریکردنی شوناسیدا هەیە، شتێکە بەتەواوی ڕێژەییە. چونکە ڕەنگە لە هەر قۆناغێکی مێژوویانماندا بڵێین کۆمەڵێک دەق ڕوونکەرەوەن. شارستانێتی ئێرانی لە سێ ڕەهەند پێکهاتووە کە هەم وجودی و هەم ئەبستمۆلۆجین. ئەم سێ ڕەهەندە پێکهاتووە لە پێش ئیسلام، ئیسلام و قۆناغی مۆدێرنە کە لە سەدوپەنجا ساڵی پێشوەوە دەستی پێکردووە. هەر ئێرانیەک لەهەر شوێنێکی دنیا بێت، ئەم سێ ڕەهەندەی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە، و ڕۆشنبیری ئێرانیش دەبێت بەتەواوی هوشیار بێت بەم سێ ڕهەندە.
ئەو پرسیارەی دەبێت لە ڕۆشنبیری ئێرانی بکرێت ئەوەیە ئێرانی بوون لە جیهانی ئەمڕۆدا مانای چیە؟ ئایا ئێرانی بوون واتە تەنیا خواردنی قورمە سەبزی یان خوێندنەوەی حافز یان تەنیا هۆگری ئێرانی پێش ئیسلام یان هەبوونی جۆرێک هەستی سەیری ناسێۆنالیستیە بۆ ئەم سنور و خاکە؟. من بڕوام وایە ئێرانی بوون، واتە هەموو ئەمانە و هەروەها ئەو پرسیارە کە ئێرانی بوون وەک ڕۆح یان گەلێک چۆن دەتوانێت هاوهەنگاو بێت لەگەڵ ڕۆحی جیهانیدا، واتە ئەوەی ئێمە وەک ئێرانیەک چۆن دەتوانین شتی زیادە بۆ جیهانی تازە زیاد بکەین، و دنیای ئەمڕۆش تا چ ئاستێک دەتوانێت هاوکاری ئێرانی بوونمان بکات و پەرەی پێبدات. کەوابوو ڕۆشنبیر کەسێکە دەبێت هەم بەرگری لە شوناسی نەتەوەیی خۆی بکات، و هەم لە وشوناسە جیهانیەی کە لە ناویدا دەژی. ئێوە ناتوانن بڵێن من دەتوانم بە فەڕەنسی، ئەڵمانی یان ئینگلیزی بنووسم یان بخوێنمەوە، بەڵام بە زمانی فارسی ناتوانم و بانگەشەی ئێرانی بوونیش بکەم.
ڕۆشنبیر کەسێکە بتوانێت لەگەڵ خەڵکی خۆیدا گفتوگۆ بکات. کێشەی گەورەی لەمپنیزم ئەوەیە نە شوناسی نەتەوەیی خۆی باش دەناسێت، و نە شوناسی جیهانی خۆی، و ناتوانێت پەیوەندی لەنێوان ئەم دوانەدا درووست بکات.
– بەسەرنجدان لەوەی کۆمەڵگای ئێمە لە قۆناعی گواستنەوەدایە، یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەم کۆمەڵگایە، شێوانی چەمکەکان و شوناسەکانە. یەکێک لەوکارانەی ڕۆشنبیرێک بۆ ئەوەی شوناسی خۆی بناسێت، شوناسێک لەناو ئەم سەردەمی شێوانە کلتووریەدا، ئەوەیە بەهەمان دیدی ڕەخنەگرانەوە تەماشای شوناسی خۆی بکات، واتە ڕۆشنبیر دەبێت گفتوگۆ لەگەڵ نەریتی خۆشیدا بکات، بۆ ئەوەی شوناسی خۆی ئاشکرا بکات. ئەگەر کەسێک ئەم دیدە ڕەخنەیەی بۆ نەریتی خۆی نەبێت، وەک زۆریش دەیبینین- ئەوا شوناسە ئێرانیەکەی دەشێوێت.
– هاوڕام! بەڵام چەمکی (میرات) لە چەمکی ((نەریت)) گرنگترە. ڕۆشنبیری ئەمڕۆی ئێران دەبێت ڕۆشنبیری میراتی بێت، ڕۆشنبیرێک کە لەچەمکی میرات چ میراتی خۆی و چ میراتی جیهانی گەیشتبێت، و بزانێت خەریکە کار بە چ میراتێک دەکات، و بنەمای چ میراتێک ئەم جیهانبینیە فۆرمەلە دەکات.
نەریت کۆمەڵێک ڕێسا و پێوەرە کە لەقۆناغێکی مێژوویدا درووست دەبێت، و لە قۆناغێکی دیدا لەناو دەچێت، بۆ نموونە نەورۆز بە بەشێک لە میراتی ئێرانی دەژمێرێت. ئێمە دەتوانینن میراتی دینی یان میراتی زمانیی سەقامگیرمان هەبێت. ڕاستە ڕەنگە هەندێک گۆڕانکاری بەسەر زماندا بێت، بەڵام زمانی فارسی ناگۆڕێت بۆ زمانی عەرەبی یان تورکی. ڕەنگە کەسانی وەک ((ئاشوری)) وشەی وەک (گوتار) درووست بکەن کە بیست ساڵ پێش ئێستا لە زمانی فارسیدا نەبوو، بەڵام ئێمە هەر بە زمانی فارسی قسە دەکەین. ڕێبازەکانی ئێمە کە ئێمە وەک ئێرانی پێکدەهێنن، هەم ڕێبازە دینی و هەم ڕێبازە عەلمانیەکان دەگرێتەوە. جیاوازیەک هەیە لە نێوان ئێمە و بۆ نموونە ئیتاڵی یان پۆرتوغالیەکاندا. ئەوانە گەلی ئەوروپیین بە ڕێبازی دینی مەسیحی کە ئەم ڕێبازانە لێرە هیچ مانایەکی نیە، یان بە دەربڕینێکی دی چوارچێوەی مانایی نیە. ئەوە میراتە چوارچێوەی مانایی بە کۆمەڵگایەکی وەک کۆمەڵگای ئێرانی دەدات. ڕۆشنبیری ئێمە دەبێت کار لەسەر ئەم چوارچێوە ماناییە بکات. جیاوازی ڕۆشنبیر و لەمپین هەر لەمەدایە. لەمپین کەسێکی بێ شوناسە. ئەمرۆ هێزێک و سبەی هێزێکی دی سوود لەم لەمپینانە وەردەگرێت. لەکاتێکدا ناکرێت لە ڕۆشنبیرێک، نووسەرێک یان زانایەک ئەم سوودە وەربگیرێت. لێرەدا وەڵامی پرسیارەکەی ئێوەش لەبارەی دیموکراسیەوە دەدۆزینەوە. لەبەرئەوەی کاری ڕۆشنبیری ئێرانی پەیوەندی بە چوارچێوەی ماناییەوە هەیە کە لەمیرات و دیارە زۆرتر لە نەریتەوە وەریدەگرێت، بەجۆرێک لە جۆرەکان دەبێتە هۆی ڕاهێنانی دیموکراسیش. ئەم ڕاهێنانی دیموکراسیە چەندانجار لە درووستکردنی دیموکراسی گرنگترە. بە بڕوای من ڕۆشنبیریی ئەزموونە و دیموکراسیش ئەزموونە، و ئەم دوانە تێکەڵ یەک دەبن. ئێوە کاتێک باسی ڕۆشنبیری وەک بیری ڕەخنەگرانە، سوودوەرگرتن لە عەقڵ لە بواری گشتیدا، و یان وەک قەیران دورستکەر و ڕەخنەگر دەکەن، دەبێت تێبینی ئەوە بکەن کە ڕۆشنبیر ئەمکارە بە ئاراستەی ڕاهێنانی دیموکراسی ئەنجام دەدات. درووستکردنی دەزگا دیموکراسیەکان شتێکە و ڕاهێنان و ئەزموونکردی دیموکراسی وەک هاوڵاتیەک شتێکی دی. من هەستدەکەم ڕۆشنبیر بە پلەی یەکەم هاوڵاتیەکە، و من پێی دەڵێم ڕۆشنبیر- هاوڵاتی. ڕۆشنبیر – هاوڵاتی کەسێکە ڕاهێنانی دیموکراسی دەکات و بە هوشیاریەوە هەوڵدەدات پەرە بە ئەزمووونی دیموکراسی لەناو تاکەکانی کۆمەڵگاکەیدا بدات.
– بەو وەسفەی بۆ ڕۆشنبیرتان کرد ئەگەر قەبوڵی بکەین ڕۆشنبیر کەسێکە بە دیدێکی ڕەخنەگرانەوە تەماشای ڕێسا باوەکان دەکات، ئایا لەم حاڵەتەدا دەربڕینی ((ڕۆشنبیری دینی) دەربرینێکی دژبەیەک نیە؟ چونکە رۆشنبیری دینی نایەوێت میراتەکان بپارێزێت، بەڵکو دەیەوێت پارێزگاری لە نەریتەکان بکات. ڕۆشنبیری دینی لە پێناسەکەی ئێوەدا چ جێگەیەکی هەیە؟
– من هەڵوێستێکی ڕوونم لەم مەسەلەیەدا هەیە. بەدیاریکراوی لەم دەربڕینەدا دژیەکی دەبینم. ئەم دژیەکیە پەیوەستە بە پابەندبوونی ڕۆشنبیری و پابەندبوونی دینەوە. ڕۆشنبیری خۆ بە خۆ پابەندبوونێکی تایبەتی هەیە، کە ئەم پابەندبوونە دیدی ڕەخنەگرانەیە بۆ گەڕان بەدوای هەقیقەتدا. ئەم ناکۆکیەی من لەگەڵ ڕۆشنبیری دینیدا لەبەرئەوە نیە کە ئێمە دەمانەوێت ئەم گروپە لە شانۆی کۆمەڵگا بسڕینەوە. کەسانێک کە ئەمڕۆ باسی ڕۆشنیری دینی دەکەن، بەبڕوای من ڕیفۆرمخوازە دینیەکانن. ئەم کەسانە دەتوانن بڵێن ئێمە نوێگەری دینین، واتە دەمانەوێت لەناو هەمان چوارچێوەی دینی خۆماندا، نوێگەری بکەین و چەندان ڕیفۆرم بکەین. کاری ئەمانە ڕێک وەک کاری لۆسەرە. لەمێژوودا کەس لۆسەر بە ڕۆشنبیر ئەژمار ناکات. ئێوە وەک ڕۆشنبیر ناتوانن ئەو دیدە ڕەخنەگرانەیە تا ئەو شوێنەی مومکینە ببنە پێشەوە، چونکە چەند لە ئاسۆی هەقیقەت نزیکتر بیتەوە، لێتان دوور دەکەوێتەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئێوە بەردەوام کارەکانتان درێژە پێبدەن. چونکە ئێوە دەستان بەو هەقیقەتە ناگات، تا بتوانن پەنجەی بخەنە سەر. بەڵام مرۆڤی دیندار لە هەقیقەتێکەوە دەست پێدەکات، ئەگینا باوەڕی بە چ شتێک دەبێت؟ مرۆڤ ناتوانێت بڕوای بە ڕێژەگەری باوەڕ هەبێت. باوەڕ هەمیشە بە هەقیقەتێکی ڕەهایە. ڕۆشنبیر لە کاری ڕۆشنبیریدا بەدوای هیچ هەقیقەتێکی ڕەهاوە نیە، لە کاتێکدا گەڕان بۆ هەقیقەت بە پێناسە دینامیکیە. هەر قۆناغێکی لێکۆڵینەوە و پشکنینی ڕۆشنبیر، پێشەکی قۆناغێکی دیە و قۆناغی کۆتایی بوونی نیە.
– ئێوە لە قسەکانتاندا گووتتان یەکێک لە ئەرکەکانی ڕۆشنبیر ناسینی میراتە کە دینامیکیە نیە و دەمێنێتەوە.
– نا، گووتم میرات کۆمەڵێک پێوەرە بۆ ڕۆحی نەتەوەیی یان جیهانیی، کە ئێوە وەک ڕۆشنبیر پشتی پێ دەبەستن. خۆ ئەمانە خۆ بە خۆ ڕۆشنبیر درووست ناکەن. ئێوە دەتوانن لەسەر بنەمای میرات داهێنەر بن، بۆ نموونە گەر دەتانەوێت لە بواری وێنەکێشان یان مۆسیقا یان سینەمادا داهێنەر بن، دەبێت بگەڕێنەوە بۆ میراتی ڕابردووتان، کە ئەم میراتە هەم نەتەوەییە و هەم جیهانی. ئەگەر مۆسیقازانن، دەبێت بتهۆڤن و باخ بناسن، بەڵام بتهۆڤن و باخ نابنە هۆی لەناوچوونی داهێنەری ئێوە. چونکە ئێوە لاسایی ئەوان ناکەنەوە. ڕۆشنبیر داهێنەرێکی دینامێکی و بزێوە، و بەردەوام بەرەو پێشەوە دەڕۆیت. لەکاتێکدا دینداری بەمشێوەیە نیە. ئێوە وەک دیندارێک تەنیا لە چوارچێوەی دیندا دەتوانن داهێنەر و نوێگەر بن. لەبەرئەوە من نازانم چۆن دەکرێت ڕۆشنبیر و دینداری بکەینە هاوڕێیی یەک، بێ ئەوەی لە جێگەیەکدا یەکدی نەفی بکەن؟. من لە فەلسەفە نموونە دەهێنمەوە: هیگڵ کەسێکە دەیەوێت دین لەناو فەلسەفەکەی خۆیدا تێکەڵ بکات. لەبەرامبەردا کیرکگۆر یان باسکاڵمان هەیە. کیرکگۆرد بۆ ڕەخنەی هیگڵ و بۆ ئەوەی لە پەیوەندی نێوان تاکایەتی و باوەڕ تێبگات، هیگڵ دەخاتە ژێر پرسیارەوە. بەڵام هیچ یەک لەم دوانە هەردوو ئەم شتانەیان بەیەکەوە نیە.
– ئەگەر ڕەگەزی سەرەکی ڕۆشنبیری بە بەکارهێنانی عەقڵی دنیایی بزانین، لەڕاستیدا ڕۆشنبیر دەیەوێت عەقڵی ڕەخنەگرانە بگوێزێتەوە بۆ بواری گشتی. لەم حاڵەتدا ڕۆشنبیری دینیش دەتوانێت ئەمکارە بکات، واتە ڕەگەزە ڕەخنەگرانەکەی عەقڵ بەرامبەر ڕەگەزە فکریەکانی بەکار بهێنێت کە لە دینەوە وەریگرتووە.
– دیندار دەتوانێت ئەمکارە بکات، نەک ڕۆشنبیری دینی. ئەو نموونەیەی من هەمیشە دەیهێنمەوە دوو فەیلەسوفی ڕۆشنبیری فەڕەنسیە، یەکێکیان یەهودیە و ئەوی دیان پرۆتستانت. پول ڕیکۆر و لڤیناسی فەیلەسوف و لە ڕۆشنبیرە دیندارەکانن، وبڕوایان بە خودا هەیە، بەڵام هەردووکیان جەخت لەوە دەکەن کاتێک کاری فەلسەفی دەکەن، دینەکەیان بەشداری پێناکەن. ئەم دووانە بۆ نموونە کاتێک باسی دادپەرەوەری کۆمەڵایەتی دەکەن، هیچ پەیوەندیان بە بواری ڕۆشنبیری دینیەوە نیە. کارل یاسپرس بەراورد بکەن. سارتەر بێ باوەڕە و یاسپرسی وجودیش مەسیحی. بەڵام کاتێک بەرهەمەکانی یاسپرس دەخوێنیتەوە، هیچ تێبینی ئەوە ناکەیت کە مەسیحیە.
– ئەو فەیلەسوفە و کاتێک کاری فەلسەفی دەکات، دەبێت بڕوای بە پێوەرەکانی فەلسەفە هەبێت. ڕۆشنیر دەبێت کار بە عەقڵی ڕەخنەگرانە بکات، بەڵام فەیلەسوف ناچار نیە عەقڵی ڕەخنەگرانە بەکار بهێنێت. بەڵام ڕۆشنبیری دینی دەیەوێت عەقڵی ڕەخنەگرانە بەکار بهێنێت.
– بەڵام دژی خۆی نا، چونکە ناتوانێت ئەمکارە بکات.
– ئەوەی کە نایکات شتێکە و ئەوەی دەتوانێت بیکات شتێکی دی. دەمەوێت بزانم ئەگەر ئێمە لەناو هەر ئەم دینەدا عەقڵی ڕەخنەگرانە بەکار بهێنین، چی دەبێت؟ باوەڕیش خۆ وەستاو نیە، و دینامیکیە. وەک ئێوە لەبارەی وتەزای ڕۆشنبیریەوە دەڵێن، ڕۆشنبیر دەگەڕێت، ئێمەش لە باوەڕدا دەگەڕێین و تیایدا ناوەستین. ویلیام ئالستۆن زۆر باسی ئەم مەسەلەیەی کردووە. لەم حاڵەتەدا ڕۆشنبیری دینی، عەقڵی ڕەخنەگرانە لە بواری دیندا بەکار دەهێنێت، ئەگەر نەشڵێین دین، ئەوا دەتوانین بڵێن لانیکەم لە بواری بیروڕاکانیدا بەکاری دەهێنێت.
– بەڵێ، من ئەمەم قەبوڵە، بەڵام هەستدەکەم سنووردارە. واتە سیمای ڕۆشنبیری دینی هەمان سیمای دیاردەناسینانەیە کە هیگڵ لە ((دیاردەناسی ڕۆحدا) وەک ((هوشیاری غەمگین)) باسی دەکات. هوشیاری غەمگین سیمایەکە کە توشی دژیەکیە، هەم دەیەوێت بە خودایەتی بگات، لە لایەکی دیشەوە لەبەرئەوە خۆی کۆتادارە، ناتوانێت بە بێ کۆتایی بگات. ئەمە ڕێک ئەو دۆخەیە کە ڕۆشنبیری دینی لە شانۆی کۆمەڵگادا تێی دەکەوێت. ڕۆشنبیری دینی دەتوانێت سوود لە عەقڵی ڕەخنەگرانە وەربگرێت، بەڵام ناتوانێت سوود لەم بیرە دژی خۆی وەربگرێت، چونکە لەمحاڵەتدا چیدی ڕۆشنبیری دینی نیە، بەڵکو دەبێت بە ڕۆشنبیرێکی سکولار. ئەمە مەترسیەکی گەورەیە کە هەڕەشە لەم گروپە دیندارە دەکات.
– ئەگەر ببێ بە سکۆلار گرنگ نیە، چونکە ئێمە ئێستا هەقمان بەسەر ئەنجامەکەیەوە نیە. بەڵێ، ڕەنگە بێ بڕوا یان دەمارگیر دەرچێت. لەبنەڕەتدا لە پرۆژەی ڕۆشنبیریدا ئەنجام گرنگ نیە، ڕەفتارکردن بەرامبەر بە هەقیقەت گرنگە. ڕۆشنبیری دینی وەک ڕۆشنبیری دنیایی دەڵێت من بە عەقڵی ڕەخنەگرانەوە ڕوو لە دین دەکەم، بۆ ئەوەی بزانم بە چ ئەنجامێک دەگەم. خاڵێکی دی ئەوەیە هەموو دینەکان عەقڵ بەیەکێک لە بناغەکانی خۆیان دەزانن. ئێمە بەشێوەی نەریتی چونکە عەقڵ خودا،پێغەمبەر و دین قەبوڵ دەکات، قەبوڵی دەکەین. واتە ئێمە لە عەقڵەوە دەست پێدەکەین. دەبێت ئەم عەقڵەش بە دیدێکی ڕەخنەگریەوە تەماشا بکەین.
– باسەکەی من ئەوەیە جیاوازی ڕۆشنبیری دنیایی و ڕۆشنبیری دینی لەوەدایە کە ڕۆشنبیری دنیایی بۆ ئەم پرسیارە گرنگ و فەلسەفیە کە (بۆچی شتێک هەیە و جگە لەوەش نیە؟) وەڵامێکی نیە، لەکاتێکدا ڕۆشنبیری دینی لەبەرئەوەی دینیە، پێشوەخت وەڵامی ئەم پرسیارەی دەداتەوە، چونکە گەر وانەبێت چیدی دیندار نیە. یان دەبێت (دینی) لاببات، یان دەبێت لە چوارچێوەی وەڵامێکی پێشوەختدا بجوڵێت. ئەو پرسیارانەی بۆ ڕۆشنبیری دنیایی گرنگن، پرسیاری یەکەمی کانتە، واتە ((چی دەزانم و دەتوانم چی ئەنجام بدەم؟)). پرسیاری سێهەم کە دین وەڵامی دەداتەوە (( من دەتوانم ئومێدم بە چ شتێک هەبێت)) لە ئارادا نیە، چونکە مەسەلەی دین مەسەلەی ڕۆژی کۆتایی و ژیانی دوای مردنە. مەسەلەی دین تەنیا ئەخلاقی کۆمەڵایەتی نیە، ئەو مەسەلەی دین دەیهێنێتە پێشێ ئەوەیە دەسەڵاتێکی میتافیزکیتان پێدەبەخشێت، بۆ ئەوەی بتوانن تەحەمولی مردن بکەن، و بزانیت کە دادپەروەریەکی خودایی هەیە. ڕۆشنبیری دنیایی وەڵامی بۆ ئەمجۆرە پرسیارانە نیە، و لەڕاستیدا لەگەڕانی ڕۆشنبیریدایە کە دەشێت ئەم پرسیارە وەڵامی جیاواز پەیدا بکات. بەلام بێگومان هیچکات وەڵامەکەی، وەڵامێکی دینی نیە، بەڵکو وەڵامێکی کۆمەڵایەتی و فەلسەفیە، کە هیچ کاتێک نایەوێت باسی مەسەلەو ئاخیرەت بکات. ئەم دژیەکیە نەک تەنیا ڕۆشنبیری دینی، بەڵکو لەهەموو پرۆژەیەکدا هەیە کە خۆی بە دینی دەزانێت. بۆ نموونە یەکێک لەو مەسەلانەی ڕۆشنبیری دینی وەڵامی ناداتەوە، مەسەلەی فەلسەفە سیاسیەکەیەتی. کاتێک لێیان دەپرسیت فەلسەفەی سیاسی ئێوە چیە، و دەتانەوێت چ دەزگایەکی سیاسی لەناو دڵی ڕۆشنبیری دینیەوە دەربهێنن؟ هیچ وەڵامێکیان نیە. دینداران لە دیموکراسیدا وەک هاوڵاتی وەک هەموو خەڵکێکی دی کۆمەڵگا، لە ڕاهێنانی دیموکراسیدا بەشداری دەکەن، بەڵام گەر دینی بێت، چۆن دەتوانێت پارێزگاری لەو فۆرمانە بکات کە ئێمە بۆ دیموکراسی لە دنیای ئەمرۆدا دەیناسین. مەگەر ئەوەی قاڵبێکی تازە هەبێت کە هێشتا ئێمە نەمانناسیووە. هەروەها ئەو پرسیارەش دەکرێت کە ڕۆشنبیری دینی تا چ ڕادەیەک دەتوانێت دینداری خۆی بخاتە ژێر پرسیارەوە؟ ئایا ئەو دەسەڵات و ئازایەتیەی هەیە سەرجەم دینداری خۆشی بخاتە ژێر پرسیارەوە؟
– ئەگەر ئەو ئازایەتیەی هەبێت، ئەوا ئێوە وەک ڕۆشنبیری دینی قەبوڵی دەکەن، واتە گەر ئەو ئازایەتی و سەرکێشیەی هەبێت کە وەفادار بێت بەرامبەر بەوەی عەقڵی ڕەخنەگرانە پێیی دەگات، و پابەند بێت بە ئەرکی ئەخلاقی ڕۆشنبیریەوە، ئەوا قەبوڵی دەکەن کە ئەو دژیەکیەی ڕۆشنبیری دینی چارەسەر بووە؟
– دژیەکی چارەسەر نابێت، بەڵکو خودی ڕۆشنبیری دینی لەناو دەچێت، و دەگۆڕێت بۆ ڕۆشنبیری دنیایی. چونکە بە کردەوە جەوهەری خۆی خستۆتە ژێر پرسیارەوە. من هەستدەکەم جەوهەری ڕۆشنبیری دینی لەسەر بناغەی ئەم دژیەکیە ڕاوەستاوە. بۆ چارەسەری ئەم دژیەکیە، دوو حاڵەتمان دەبێت یان ئەوەی دیندار بوون زاڵ بێت، یان ئەوەی ڕۆشنبیری بەسەر دینداریدا سەردەکەوێت. کەوابوو کاتێک دەستکرا بەچارەسەری دژیەکیەکە، ئێوە یان لەبارەی دینداری ڕووتەوە قسە دەکەن، یان لەبارەی ڕۆشنبیری ڕووتەوە، و چیدی تێکەڵەیەک نابێت لەم دووانە.
من هەستدەکەم کاتێک ئێمە لە ئێراندا باسی ڕۆشنبیری دینی دەکەین، لەبەر هۆی سیاسی و لەبەر ئەو پێگانەیە کە ئەو کەسانە هەیانە کە دەڵێن ڕۆشنبیری دینین. واتە جارێکی دی لەبری ئەوە میراتیانە بیر بکەنەوە، نەریتیانە بیر دەکەنەوە و هەستدەکەن گەر نەریتەکانی خۆیان بخەنە ژێر پرسیارەوە، بوونی خۆیان بردۆتە ژێر پرسیارەوە و چیدی قسەیەکیان بۆ گووتن نامێنێت.