لە ڕۆشنبیری دینیەوە بۆ ڕۆشنبیری نادینی
لە ڕۆشنبیری دینیەوە بۆ ڕۆشنبیری نادینی
رامین جیهانبگلو
وەرگێڕانی: رێبین هەردی
بەشی سێیەم و کۆتایی
– ڕەنگە سەرەتا باشتر بێت لەبارەی ئەم چوار نەوەیەوە ڕونکردنەوە بدەن بۆ ئەوەی دواتر بەشێوەیەکی وردتر باسی نەوەی چوارهەم بکەین.
– من ڕۆشنبیران لە ڕووبەڕووبوونەوەی مۆدێرنە یان ڕۆژئاوا بۆ چوار نەوە دابەش دەکەم. نەوەی یەکەم پاش جەنگی ئێران و ڕوسیا درووست بوو، و نوێنەرەکانیشی کەسانی وەک تاڵبۆف، میرزا تەقیخان، ئەمیر کەبیر ، میرزا مەلوکم خان و ئاخونزادەن، کە کارکردنەکانین زۆتر مۆدێرنەکردنی تەقلیدی بوو. بۆ نموونە ئەوان (politechnic) و فراماسونریان لە ڕۆژئاواوە وەرگرت و بە ڕیز گۆڕیان بۆ خانەی هونەر و فەرامۆشخانە. ئەم ئاراستەیە شکستی هێنا، چونکە زۆرتر لەسەر بناغەی دیدێک بوو کە لەناو حکومەت لە ناو ئەرستۆکراتەکاندا دەرکەوتبوو، گفتوگۆی لەگەڵ زانایانی دین، نەریت و جەماوەردا نەکردبوو. ئەم دیدە بووە هۆی شۆڕشی مەشروتە. پاش شۆڕشی مەشروتە نەوەی دووهەمی ڕۆشنبیران درووست بوون، کە دەکرێت کۆبونەوەیان لە سیاسەتە سەپێنراوەکانی دەوڵەتی ڕەزا شادا ببینین. کەسانی وەک فروغی، تەقیزادە، جەمالزادە، کازم زادەی ئیرانشار سەر بەم نەوەیەن، کە هەندێکیان لەناو ئێران بوون و هەندێکیشیان لە دەروەی ئێران. مەسەلەی ئەوان دیسان پێشکەوتنی ئێران و گواستنەوەی داب و نەریتی ئەوروپی و ڕۆژئاواییە بۆ ئێران. لەم ناوەشدا چەندا ئاوارتن هەیە وەک سادقی هیدایەت. پاش ئەمە هێواش هێواش بیری چەپ دێتە ناو ئێرانەوە. گواستنەوەکارانی نەوەی دوهەمیش شکستیان هێنا، چونکە نەیانتوانی ئەو گفتوگۆیەی درووست بکەن کەدەبێت لەنێوان نەریت و مۆدێرنەدا هەبێت، زۆرتر لەڕێگەی سەپێنراوەوە بەرەو پێش چوون. لەگەڵ کەوتنی ڕەزا شادا نەوەی سێهەمی ڕۆشنبیران سەریان هەڵدا. ئەم نەوەیە سەر بە قۆناغی دوای سپتەمبەری ١٩٤١بوون. نەوەیەک بوو تەواو جیاواز لە دوو نەوەکەی دی. مەسەلەکانی بە ئادیدۆلۆژیانەتر دەبینی، چونکە مارکسیزمی ڕووسی دەهاتە ناو ئێرانەوە، و حیزبی تودە بەهێز دەبوو. ئەو وەرگێڕانانەی لەم قۆناغەدا دەکرا، زۆرتر ئەو وەرگێڕانانە بوون کە دژی کلتووری ئەمەریکا بوون. ئەم نەوەیە زۆر دژ بە ڕۆژئاوا، دژ بە مۆدێرنە و تازەگەری بوو. لە نوێنەرانی ئەم نەوەیە دکتۆر شەریعەتی و جەلالی ئال ئەحمەد و هەندێکی تر کە مارکسی بوون. دیارە لێرەشدا چەند ئاوارتنێک هەیە. وەک حەمیدی عنایت و پەرویز خانلەری. چالاکی ئەم نەوەیە کە کەڵکەڵەی خۆماڵیبوون، گەڕانەوە بۆ ڕەسەنایەتی، گەڕانەوە بۆ خود، دژە ڕۆژئاوایی و خەبات دژی کۆلۆنیالیزمی هەبوو، لەپاڵ کاری زانا دینیەکاندا بووە هۆی بەرپابوونی شۆڕشی ئێران.
دە ساڵی یەکەمی شۆرش، قۆناغێکی سیاسی و گیرۆدەی جەنگ بوو، بەبڕوای من ڕۆششنبیری لەم قۆناغەدا بەتەواوی لە داڕماندا بوو. بەڵام دەیەی دووهەمی شۆرش لە قۆناعی ڕەفسەنجانی بەدواوە، چەندان ڕوودای ڕۆشنبیری ڕوویاندا. ئەم ڕووداوانە چی بوون؟ ژمارەیەک ڕۆشنبیر کە لە دەرەوەی وڵات بوون و لەوێ خوێندبوویان، گەڕانەوە بۆ ئێران و لەگەڵ ڕۆشنبیرە گەنجەکانی ناو ئێراندا گۆڤاری وەک گفتوگۆ، دیدی نوێ، کیان، ئەرغنون،…هتدیان بڵاو کردەوە. بەمشێوەیە بابەت و پرسیاری تازەیان لە کۆمەڵگادا هێنایە پێشێ کە تا تێستاش هەیە. ئەوەی بەرچاو دەکەوێت ئاوابوونی ئایدۆلۆژیەکانە، مەسەلەکان بەشێوەیەکی قوڵتر باسدەکرێن، هیچ جۆرە بیرکردنەوەیەکی ێۆتۆپیایی لەئارادا نیە. مەسەلەی ئەم نەوەیە، واتە نەوەی چوارهەم جۆرێک ڕۆشنگەریە بۆ کۆمەڵگا و هەر لەبەرئەمەشە دەبینین ئەو ووتەزا و چەمکانەی ئەم نەوەیە بەدرێژای دە ساڵی ڕابردوو باسیان کردووە، لە سیاسەتەکانی خاتەمیدا ئەنجامی دەبێت. مەسەلە و وتەزای وەک پلۆرالیزم. سکۆلاریزم و کۆمەڵگای مەدەنی، گفتوگۆی دیموکراسی، ئازادی و هەروەها ئەو مەسەلەیەی چ بمانەوێت خەبات دژی ڕۆژائاوا بکەین، و چ بمانەوێت ڕۆژئاوا قەبوڵ بکەین، دەبێت سەرەتا بە قوڵی بیناسین. بۆ نموونە دەبێت کتێب لەبارەی هایدگەرەوە بنووسین و بە گواستنەوەی دوو قسەی هایدگەر نەڵین ئیدی ناسیومانە. ئەو پرسیارانەی ئەم نەوەیە بە درێژای دە ساڵی ڕابردوو کردوویانە، سەبارەت بە پەیوەندی نەریت و مۆدێرنەیە. لەسەرجەم نووسینەکانی نەوەی چوارهەمدا ئێوە بابەتی مۆدێرنە و نەرتیت دەبتنن. لە نووسینەکانی بابەکی ئەحمەدی، مورادی فەرهادپور، جەواد تەبا تەبائی و ….. هەمویان لێکۆڵینەوە و کار لەسەر ئەم بوارە دەکەن. دیارە لەم ناوەدا دۆخی سروش جیاوازە، چونکە سروش بەخۆرێک لە جۆرەکان پەیوەندی بە نەوەی سێهەموە هەیە. کارەکانی سروش دوو ڕەهەندی هەیە، یەکێکیان ڕەهەندێکی ئایدۆلۆژی و ئەوی تریان ڕەهەندێکی عیرفانی.
– دیارە سروش لەسەدا سەد نکوڵی لە ڕەهەندی ئایدۆلۆژیانە دەکات.
– بەڵێ، بەڵام بە بڕوای من ئەم ڕەهەندەی هەیە. ڕەهەندێکی تری کاری سروش مەعنەوی و عیرفانییە. کەسێکی وەک سەید حسێن نەسر زۆر دژی سروشە. لەبەرئەوەی نەسر لە دیدێکی نەریتگەرانەوە سەیری سروش دەکات و بڕوای وایە سروش دیدێکی ئایدۆلۆژیانە دەهێنێتەوە ناو ئیسلامەوە. من لەگەڵ ئەم قسەیەی نەسرم، دیارە دیدی من زۆر جیاوازە لە دیدی نەسر. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم قسەیە لە دیدی نەسر خۆیەوە هەڵە نیە. سروش بەڕاست ڕەهەندێکی ئایدۆلۆژی دەهێنێتە ناو ئیسلامەوە. لەگەڵ ئەوەشدا وەک گووتم سروش ڕەهەندێکی عیرفانی ومەعنەویشی هەیە. بۆ نموونە کاتێک باسی مەولەوی دەکات. شەریعەتیش ئەم ڕەهەندەی هەبوو. ئێوە کاتێک کتێبی ((کۆیر)) دەخوێنیتەوە، بەتەواوی ئەم ڕەهەندە مەعنەوی و عیرفانیە دەبینن. بەبڕوای من جیاوازیەکی سەرەکی کە لەنێوان سروش و نەوەی چوارهەمدا هەیە، ئەوەیە سروش لەهەندێک شوێندا جۆرێک چنین و لەیەک بەستن دەکات، ڕێک وەک کارەکانی شەریعەتی و ئال ئەحمەد، واتە تێکەڵکردنی ڕۆژئاوا و کلتووری ئێسلامی ئێران، کارێک کە نەوەی چوارهەم نایکات. ئەم نەوەیە ئەم شتانە شیدەکاتەوە، ئێوە لە هیچ یەک لە نووسین و کتێبەکانی نەوەی چوارهەمدا نابینن کە بۆ نموونە پەرەگرافێکی هایدگەر لەپاڵ بەشێک لە قسەکانی ئیمام عەلی (ع) دابنرێت. یان بۆ نموونە ڕستەیەک یان ڕوانینێکی پۆپەر لەپاڵ قسەکانی نەهجولبەلاغە دابنرێت. بەڵام سروش ئەم تێکەڵکردنە دەکات. ئەمە دەریدەخات کە هێشتا فکری سروش وەک فکری نەوەی چوارهەم دژ ێۆتۆپیایی و دژ بە تێکەڵکردن نیە.
کەڵکەڵەی نەوەی چوارهەم بە جیهانی بوون و چونە ناو گفتوگۆی دیار و نادیارە لەگەڵ بیرکردنەوەی ئەمڕۆی دنیا، و گواستنەوەی ئەم بیرکردنەوەیە بۆ کۆمەڵگا. بەڵام سروش هیچ مەسەلەیەکی لەگەڵ پۆستمۆدێرندا نیە و بیری لێناکاتەوە. من نەمدیووە هیچی لەبارەوە بڵێت، لەکاتێکدا پۆستمۆدێرنیزم لە فکری ئەمڕۆدا مەسەلەیەکی گرنگە. بۆچی نەوەی چوارهەم ئەوەندە لەباەری پۆستمۆدێرنیزمەوە نوسیوێتی وبیری لێ کردۆتەوە؟ لەبەرئەوەی ناکرێت لە دنیای ئەمڕۆدا پۆستمۆدێرنە نادیدە بگیرێت. واتە ئەگەر باسی مۆدێرنە دەکەن، دەبێت لەگەڵیدا پۆستمۆدێرنەش لەبەرچاو بگرن. بە کورتی بە بڕوای من سروش هێشتا لە قۆناغی پێشوودا ماوەتەوە و بانگەشەکانیشی هەمان بانگەشەکانی قۆناغی پێشووە. تەنانەت کەسانی وەک موجتەهد شبستەری و کەدیوەریش لێی دوور کەوتوونەتەوە. ئەوانیش لەم قۆناغە دێنە دەر. بەڵگەکەشی قسەکان و نووسینەکانیانە. گرنگیدان موجتەهد شبستەری بە هێرمۆنتیک دەرخەری ئەوەیە کە دەیەوێت لە چوارچێوەی بیرکردنەوەیەکی جیهانیدا نەک نەریتیدا – باسی کەلامی ئیسلامی بکات. خۆشی هەر ئەمە دەڵێت. بێ هۆ نیە نەوەی چوارهەمی ڕۆشنبیریی بە چەمکی تازەوە بیر لە ئێران دەکاتەوە. بەڵام بیرکردنەوەیان بە پێچەوانەی سروشەوە بەهیچ شێوەیەکی تێکەڵەیی یا سیاسی نیە. چونکە دەزانن تێکەڵکردن بەرەو پێشەوەمان نابات، و بە هیچمان ناگەیەنێت. دەزانن دەبێت بە وردی پەنجە بخەنە سەر ئەو چەمکانە و بیپشکنن، کارێک کە زۆر کەم لە ڕۆشنبیری ئێرانیدا ڕوویداوە. بە بڕوای من لە قۆناغێکدا ئەمکارە ڕوویدا، واتە قۆناغی ڕەزا شا، ئەویش بەدەستی هەندێک لە بیریارانی ئەو سەردەمە، وەک خوالێخۆش بوو فروعی کە (ڕەوتی حیکمەت لە ئەوروپا)ی نووسی، و (گوتارێک لەبارەی میتۆدەوە)ی دیکارتی وەرگێڕا.
بیریارانێک کە بەشێوەیەکی ئینتیقائی و تێکەڵکردن بیر دەکەنەوە، خوێنەران و لایەنگرانی زۆرتر بەرەو ڕەوتی ئایدۆلۆژی دەبەن، تا بەرەو بیردکردنەوە و تێڕامان. کاتێک ئێوە تێکەڵەیەک لە بیروڕاکانی هایدگەر و سارتەر و ئاینی هندۆ و ئیسلام درووست دەکەن، وەرگر لە کوێوە تێبگات ئەو هێڵەی ئاینی هندۆ لە بیرکردنەوەی سارتەر و هایدگەر جیا دەکاتەوە، لە کوێدایە؟ یەکێک لە ڕەخنە سەرەکیەکانی من لە ڕۆشنبیرانی نەوەی سێهەم ئەوەیە کە ئەوان سوود لە ڕۆژئاوا و چەمکە ڕۆژئاواییەکان وەردەگرن بۆ نکوڵیکردن و نەفیکردنی ڕۆژئاوا، ئەمکارەش هەڵەیە. غەربزدەگی ئال ئەحمەد کتێبێکی ناکامڵ و خەسیو و تەواو ئایدۆلۆژیانەیە. کتێبێکە کە تیایدا گفتوگۆ نیە، بەڵام شەڕ هەیە. لە ئێراندا ئەمڕۆ باسی ئاسانگیری و گفتوگۆ و ناتوندوتیژی و بەجیهانیبوون لە ئارادایە. بۆچی ئەوەندە سورین لەسەر ئەوەی لە تەکنەلۆژیادا ئەوەندە جیهانی بین، بەڵام لە ئاستی ڕۆشنبیریدا ئێمە لە جیهانی بوون دوور دەکەوینەوە؟. عەقڵ ئامێریمان دەیەوێت جیهانی بێت، بەڵام عەقڵی ڕەخنەگرانەمان نایەوێت و بەمشێوەیە نابێت لەم حاڵەتەدا بمێنێتەوە.
– کەڵکەڵەی دیاریکردنی پەیوەندی نەریت و تازەگەری لە نەوەی سێهەمیشدا هەیە.
– بەڵام ئەوان نەیاندەزانی تازەگەری چیە بۆ ئەوەی بە دروستی باسی مەسەلەی مۆدێرنە بکەن. دەتوانم بڵێم زوربەی بەهۆی ئایدۆلۆژیای مارکسیزم لینینیزم و کاریگەری حیزبی تودەوە بوو. ئەو مۆدێرنەیەی لایەنگرانی ئەم ئایدۆلۆژیایە دەیانویست لە ئێراندا پراکتیکی بکەن، نیوە مۆدێرنە بوو. مۆدێرنەیەک بوو کە دەیگووت بەرهەمەکانی شۆلۆخۆف و گۆرگی، مارکس و ئەنگڵز و ئەنوەر خواجە بخوێنرێتەوە، بەڵام نابێت هایدگەر و کانت و هیگڵ بخوێنرێتەوە. ئەمە چ مۆدێرنەیەکە کە تیایدا بتوانیت باسی ستالین بکەیت، بەڵام نەتوانیت باسی هیگڵ بکەیت. ئەمە زۆر بێ بناغە و بێ مانایە. بە بڕوای من لەبەرئەوەی لە قۆناغی پاش ئایدۆلۆژیدا لە ئێران دەژین و بەهەرحاڵ ڕەوتی جیهانیش زۆر کاریگەریمان لێدەکات، مەسەلەکەمان لەبنەرەتدا مەسەلەی بناغە و بونیاد و پایەکانە. مەسەلەیەک کە سەرجەم ڕۆشنبیرانی نەوەی چوارهەم باسی دەکەن ئەوەیە کە ئێمە دەبێت ببینین کە پایە و بناغەی مۆدێرنەی پێشوو چی بووە، نەک لاسایی بکەینەوە. هیچ کەس باسی لاسایکردنەوە ناکات. سەرجەم ئەو کەسانەی کتێب دەنووسن، سەرنج لەم مەسەلەیە دەدەن کە پەیوەندی ئێمە بە مۆدێرنەوە دەبێت چۆن بێت: بەرگری، تەقلیدی، یەکسان، گفتوگۆیی یان شێوەیەکی تر؟ هەریەکێک بەجۆرێک جەخت لەسەر ئەم مەسەلەیە دەکات.
مەسەلەیەک کە تا ئێستا لەبارەیەوە قسەمان نەکردووە، و لە لابەلای ئەم گفتوگۆ و باسەوە لەگەڵ ڕۆژئاوادا سەردەردێنێت، مەسەلەی شوناسی ئێرانی یان ئێرانی بوونە. من هەمیشە جەختم لەوە کردۆتەوە ئێمە کاتێک دەتوانین لە شوناسی ئێرانی بوونی خۆمان نزیکتر بینەوە و باشتر لێی تێبگەین کە بچینە ناو ڕەوتی بە جیهانیبوونەوە. کاتێک چووینە ناو ئەم ڕەوتەوە، بوونمان مانای زیاتر پەیدا دەکات. نەک کۆمەڵێک مرۆڤی پەراوێزی بین کە تەنیا ڕەوتی بەجیهانیبوون بەسەرماندا زاڵ بێت، ئەویش لە ڕووی تەکنەلۆژیەوە، بە شێوەیەکی تەقلیدی. نمونەی بەرجەستەی سینەمایە. بەڵێ، گرنگتر لە غرووری نەتەوەیی، غرووری فکریە. دەتوانین ئەوەندە غروور و پشتبەخۆ بەستنی فکریمان هەبێت، کە بزانین بۆچی ئێمە لە دنیای ئەمڕۆدا ئیرانین، بۆ ئەم کارەش دەبێت دنیای ئەمڕۆ لە ڕووی فکریەوە بناسین، زانیاری بگەیەنین و ڕۆشنگەری بکەین، و لەڕێگەی ئەم ڕۆشنگەریەوە باس و گفتوگۆ لەنێوان ڕۆشنبیرانی نەریتگەر لە لایەک و ڕۆشنبیرانی سکولار لەلایەکی دیەوە درووست بکەین. ئەم گفتوگۆیە دەبێت لەسەر بناغەی ڕێزی دوولایەنە بێت. ئەم ڕێزگرتنە بەهیچ شێوەیەک لە نەوەی سێهەمدا نەبوو. لەبری ئەمە جۆرێک بەرکەوتن و شەڕ و دەمەقاڵێ بوو، دوور لە ئاسانگیری و لێکبوردن.
-پێدەچێت لێرەشدا بکرێت چەند نموونەیەک بهێنینەوە کە پێچەوانەی قسەکانی بەڕێزتە. بۆ نموونە پەیوەندی جەلال و شەریعەتی، توند و ڕەق نەبوو. نموونەیەکی دی قەرزاری جەلالە بەرامبەر خەلیل موڵکی و کەسانی کە ئەو کاتە تاڕادەیەک بە ڕۆشنبیر دەزانران، بەڵام لەهەمان کاتدا جۆرێک پەیوەندی لێکتێگەیشتن و ئاسانگیری لە نێوانیاندا هەبوو. دیارە کەسێکی وەک جەمالزادە ڕەخنەی لە جەلال هەبوو، بەڵام دواجار بە جەلالدا هەڵیدەدا و ڕێزی لێدەگرت. بە کورتی ئەوان لەگەڵ ئەوەشدا کە ڕەخنەیان لە یەک دەگرت، بەڵام دەکرێت چەندان حاڵەتی ئاسانگیری و ڕێزگرتن لەیەک لە ناو ئەم نەوەیدا ببینین. دیارە ئەوەم قەبوڵ کە زمانی کەسانی وەک جەلال، جەمالزادە و شەریعەتی زبر و تیژ بوو. بەڵام ئەمە ڕێگەی لەوە نەگرت لە بیری یەک تێبگەن و ڕێز لەیەکدی بگرن.
– ڕۆشنبیرانی نەوەی سێهەم لەبەرئەوەی لەژێر کاریگەی ئایدۆلۆژیدا بوون، زۆر یەکتریان بریندار دەکرد، بۆ نموونە بەرامبەر کەسانی حیزبی یان دەوڵەتی. بەڵام ئەم ڕێ و رەسمە بەهیچ شێوەیەک لە نەوەی چوارهەمدا نیە. چونکە چیدی لە قۆناغی ئایدۆلۆژیدا نین. لە قۆناغێکدا نین کە ئەم ناوناتۆرانە لە کۆمەڵگای ئەمڕۆی ئێراندا لە ئارادا بێت. کۆمەڵگای ئەمڕۆی ئێران زۆر گۆڕانی بەسەردا هاتووە، چونکە گەنجتر بووە و مەسەلەکەی زانین و ڕۆشنگەریە، مەسەلەکەی ئەوە نیە پاڵەوان بازی بکات. بەبڕوای من ڕۆشنبیری سەمەدی بهرەنگی لە کۆمەڵگای ئەمڕۆی ئێراندا جێگەیەکی نیە، چونکە نووسەری لەمجۆرە، لەو کەسانەیە دەیەوێت پاڵەوانی لێ درووست بکەن. ڕاستیەکەی ئەوەیە سەردەمی پاڵەوانەکان کۆتای هاتووە، و ئێمە ئەمڕۆ پێویستمان بە ڕۆشنگەریە.
– بە بڕوای من پۆلێنکردنە چواریەکەی ئێوە لەبارەی نەوەکانی ڕۆشنبیری لە ئێراندا جۆرێک پۆلێنکردنی زەمەنیە، و ئەگەر بنەمایەکی دی هەڵبژێرین، وەک پەیوەندی ڕۆشنبیر بە نەریت، دین یان مۆدێرنەوە، ڕەنگە ئەم قۆناغانە کەمتر یان زیاتر بن.
– دەکرێت نموونەیەک بهێننەوە.
– بۆ نموونە گەر پەیوەندی ڕۆشنبیری لەگەڵ دیندا هەڵسەنگێنین، دەبینین لە سەدوپەنجا ساڵی دواییدا چەند جۆرە ڕۆشنبیرێک دەناسرێتەوە. ڕۆشنبیرێک کە بە قوڵی پەیوەستە بە دینەوە، بەڵام دیدێکی ئایدۆلۆژی بۆ دین هەیە، جۆرێکی تر ڕۆشنبیرێکە کە دەڵێت گرنگی بە دین دەدات، بەڵام دیدی خۆی بۆ دین بە نائایدۆلۆژی دەزانێت، دواجار جۆرێکی تری ڕۆشنبیریش هەیە کە لەڕاستیدا ناکۆک نیە بە دین، بەڵام زۆر سەرقاڵیش نیە پێوەی، واتە بەمانایەک لە ماناکان دین بابەتی نیە. جۆری چوارهەمیش ڕۆشنبیرێکە ناکۆک بە دین. ڕێگەم بەن لەم بابەتەوە ڕێگەیەک بکەمەوە بۆ ئەو پرسیارە سەرەکیەی بەنیازبووم لێتان بکەم. فەرمووتان ڕۆشنبیرانی نەوەی چوارهەم گرنگی بە بەجیهانی بوون و پەیوەندی بە دنیاوە دەدەن. لەهەمانکاتدا باسی مەسەلەی پەیوەندی نەریت و تازەگەریان لا گرنگە. کۆمەڵگای ئێمە لە ئێستادا کۆمەڵگایەکە سەرەڕای ئەوەی سەرنج لە ڕۆژئاوا دەدات، بەڕاستی گرنگی بە شارستاێتی تازە دەدات، و یەکێک لە خولیا فکریەکانی بەڕاستی ناسینی قوڵ و وردی ڕۆژئاوایە، بەڵام لە هەمانکاتدا ئەم نەوەیە نەوەیەکی دیندارە. کۆمەڵگای ئێمە کۆمەڵگایەکی دینیە، لەڕووی جیاوازەوە گرنگی بە دین دەدات. واتە دین دەخاتە ناو دید و داوەریکردنیەوە، و لەپشت چاویلکەی دینەوە تەماشای مەسەلەکان دەکات. هەستدەکەم ڕۆشنبیرانی نەوەی چوارهەم هۆگری ئەم دیدە دینیە نین. ئەو کەسانەی ئاماژەتان بۆ ناوەکانیان کرد، وەک بابەکی ئەحمەدی، موردا سەقفی، موردای فەرهادپور، جەوادی تەباتەبائی، خودی خۆشتان لەگەڵ ئەوەشدا کە ڕێز لە دین دەگرن، و بەمانای گشتی وشەش بە دیندار دەژمێرێن، بەڵام ئەو زمان و دیدە دینیەی لە کۆمەڵگای ئێمەدا باوە، لای ئێوە نیە. ئەمانە چۆن دەتوانن گفتوگۆ لەگەڵ کۆمەڵگایەکدا بکەن کە زمان و دیدی باڵادەستی دینیە؟ چۆن لەگەڵ نەوەی گەنجدا پەیوەندی درووست بکەن؟ بۆ نموونە دەکرێت ئەمجۆرە ڕۆشنبیرە بە کەسێک بشوبهێنرێت کە لە چینەوە هاتووە بۆ ئێرەو زمانی فارسی نازانێت، بەڵام دەڵێت لەگەڵ فارسی زماناندا هاوسۆزە، لە کێشەکانیان دەگات، و لە ناویاندا دەژی. لە خولیاکانیان دەگات. ئایا مرۆڤێکی وا بۆ درووستکردنی پەیوەندی توشی کێشە نابێت؟. بە بڕوای من ئەم ڕۆشنبیرانەی نەوەی چوارهەم بەو وەسفەی ئێوە بۆتان کرد، لەبەر ئەوەی بەشێوەیەکی قوڵ ئاشنای مەعریفەی دینی و زمانی دینی نین، پێدەچێت لەگفتوگۆی ئەو چەمکانەی پەیوەندیەکی جدیان بە دینەوە هەیە، لەگەڵ نەوەی گەنجدا بێ توانا بن، و دیار نیە بتوانن لە خولیا و کێشەکانی ئەم نەوەی بە دروستی تێبگەن، چ بگات بەوەی بتوانن وەڵامیان بۆ ئەو کێشانە هەبێت.
– ئەو چەمکانەی نەوەی چوارهەم باسیان دەکات، ئەو چەمکانەن لە کۆمەڵگای ئەمڕۆی ئێراندا لە ئارادان، چ لە قاڵبی دیندا بێت یان لە دەرەوەی دین بێت. بەهەرحاڵ ئەم چەمکانە ئەو چەمکانەن هەمووان خەریکین، ئەو چەمکانەن کە ئەمڕۆ ئەو سیاسەتەی لە ئێراندا هەیە سەرقاڵە پێوەی، وەک پلۆرالیزم، کۆمەڵگای مەدەنی، مەدەنیەت…هتد. لەبەرئەوە تەنانەت گەر گوتاری ڕۆشنبیرانی نەوەی چوارهەم دینی نەبێت، ناوەڕۆکی قسەکانیان بەشێکە لە ڕەهەندەکانی شارستانێتی ئێران، مەسەلەیەک کە ئێرانی ئەمڕۆ لەگەڵ دوو ڕەهەندەکەی تری شارستانێتی ئێرانی، واتە ڕەهەندی دێرین و ڕەهەندی ئیسلامی شیعی سەرقاڵن پێوەی، مەسەلەی دنیای مۆدێرنە. لەڕاستیدا ئەو مەسەلانەی ئەم ڕۆشنبیرانە دەیخەنە ڕوو، پەیوەندی بەو قەیرانەوە هەیە کە ئەمڕۆ گەنجانی وەک گەنجانی ئێران بەرامبەر بە مۆدێرنە ڕووبەڕووی دەبنەوە. تەنیا ڕێگە چارەی ئەم قەیرانەش ئەوەیە پرسیاری فەلسەفی لەو وتەزایانە بکەن کە لە مۆدێرنەدا لەئارادان. ئەو خۆشەویستیەی نەوەی چوارهەم کە لەناو گەنجانی کۆمەڵگای ئێرانیدا، بەتایبەتی گەنجە خوێندەوارەکاندا هەیەتی، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەم نەوەیە لە دیدێکی فەلسەفی و کۆمەڵناسیەوە وەڵامی پرسیارەکانی گەنجانی ئێران دەداتەوە. پرسیاری وەک پێگەی من لەم جیهانە مۆدێرنەدا چیە؟ یان لەبنەڕەتدا مۆدێرنە چیە؟. من بڕوا ناکەم نوێنەرانی نەوەی سێهەم چ لە ناو ئێران و چ لە دەرەوەی ئێران، وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەنەوە. بەداخەوە ئەوان هێشتا بەپێی فکری ئایدۆلۆژی خۆیان دەڕۆن و ڕەفتار دەکەن. هێشتا شەڕەکانیان شەڕ سەردەمی ڕابردووە و هێشتا نەیانتوانیووە خۆیان ئەمڕۆیی بکەن و کوڕی سەردەمی خۆیان بن. لانیکەم لە ئاستی فەلسەفیدا نەیانتوانیووە ئەمکارە ئەنجام بدەن. ڕەنگە لە شیعردا ئەمکارە بکەن. زوربەی ئەو کەسانەی ئەمڕۆ لە ئێراندا کاری فەلسەفی و کۆمەڵناسی جدی دەکەن، لە نەوەی چوارهەمن. واز لە ئاوارتنەکان بهێنین، ئەوانی دی هەموویان هەڵوێستێکی ئایدۆلۆژیان بەرامبەر بە ڕۆژئاوا هەبوو، ڕۆژئاوا باش نیە، ڕۆژئاوا باشە و …مەسەلەکە باش بوون یان خراپ بوونی ڕۆژئاوا نیە، مەسەلەکە ئەوەیە ئێمە کۆمەڵێک مەسەلەی فکریمان هەیە کە دەبێت باسی بکەین، ئەم مەسەلانەش تەنیا نەوەی چوارهەم باسی دەکات.
– من نکوڵی لەوە ناکەم بەهەرحاڵ بەدەربڕینی ئێوە نەوەی چوارهەم ئاماژە بۆ کۆمەڵێک مەسەلە دەکات، کە بەشێکە لە مەسەلە کرداریەکانی کۆمەڵگای ئێمە، بەڵام من دەمەوێت بڵێم ئەو مەسەلانەی ڕۆشنبیرانی نەوەی چوارهەم باسی دەکەن، لە ڕاستیدا لە ئاستێکدا بەرکەوتنی بەر دینەکەیان هەیە؟
– نا. بۆچی؟
– ناڵێم ناکۆکی، دەڵێم بەرکەوتن. ئێستا لە کۆمەڵگای مەدەنیدا مەسەلەکانی وەک ئازادیە تازەکان و دیموکراسی باس دەکرێت، و منی مرۆڤ وەک کەسێکی دیندار هەمشە ئەو پرسیارەم لە خەیاڵدایە ئایا دەتوانین دیموکراسی تازە یان کۆمەڵگای مەدەنی کە باسکردن و ڕەخنەکردنی بە هیگڵەوە دەست پێدەکات، قەبوڵبکەین. لە ڕاستیدا دەمەوێت بڵێم مەسەلەکانی ئێمە لانیکەم دوو ڕەهەندیان هەیە، ڕەهەندێکی مۆدێرنەیە و ڕەهەندێکی دیان نەریتە. نەوەی چوارهەم گرنگی بە ڕەهەندی مۆدێرنە دەدات، بەڵام سەبارەت بە نەریت – بە جەختکردنی لەسەر مەسەلەی دین- نەک تەنیا هیچ نزیکیەکی نیە، بەڵکو تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا زانیاریشی نیە، ئەوەش زۆر سەیرە کە ڕۆشنبیرانی نەوەی چوارهەم بە سەرنجدان لە کێشەکانی دنیای مۆدێرن و گرنگینەدانیان بە جیهانبینی دینی، بیانەوێت لەگەڵ دیندارەکاندا گفتوگۆ بکەن، و هەندێکجاریش پێشنیاری ڕێگە چارە بکەن. بۆ نموونە گەر لە تۆ و نەوەی چوارهەم بپرسین ڕوانینی ئیسلام بۆ ئازادی یان کۆمەڵگای مەدەنی چیە، یان بمانەوێت خەسڵەتەکانی ئەو کۆمەڵگای مەدەنیەی ڕۆژئاوا پێشنیاری دەکات، بەراورد بکەین بەو خەسڵەتانەی ئیسلام بۆ کۆمەڵگای دینی پێشنیاری دەکات، و وەک ڕۆشنبیرێک کە خۆی بە بەشێکی گرنگی ڕابەری فکری کۆمەڵگا دەناسێنێت، چ وەڵامێکتان هەیە؟ پێمان بڵێن ئایا دەتوانین ئەم مۆدێلەی ئازادی یان کۆمەڵگای دیموکراسی قەبوڵ بکەین یان ناتوانین؟
بە بڕوای من ئەم نەوەی چوارهەمە لەبەر نەبوونی زانیاری سەبارەت بە بنەما و بناغە دینیەکان، ناتوانێت چ بە سەلماندن یان ڕەدکردنەوە پەیوەندی وتەزاکانی دنیای تازە و دین بۆ ئێمە روون بکەنەوە، و لەبەرئەوەش ناتوانن ڕێنمایکەری ئێمە بن؟
– ئەمە هۆی هەیە. هۆکەشی ئەوەیە نوێنەرانی نەوەی چوارهەمی ڕۆشنبیری لە ئێراندا نایانەوێت ڕابەری فکری بن، بەڵکو زۆرتر ڕۆشنگەرن.
– ڕابەڕیش نا، تەنانەت لە هەقیقەتدا ناتوانن مەسەلەکان بۆ ئێمە شی بکەنەوە.
– ئەمان گەر ئەمکارە ناکەن لەبەرئەوەیە زانایانی دینی چەندان جار باشتر ئەنجامی دەدەن، وەک موجتەهد شبستەری یان کەدیوەر…
– دیارە من باسی کەسەکان ناکەم، بەڵام ئەو کەسانەی ناوت هێنان زۆرتر لە قاڵبی ڕۆشنبیری دینیدا دەردەکەون نەک زانای دینی. سەرەڕای ئەمە ئەوەش ڕاستە زانایانی دینی ئێمەش کێشەی نەزانینی قوڵ و نەبوونی شیکاری رەخنەگرانەیان بۆ دنیای تازە هەیە. زانایانی دینی ئێمە بەشێوەیەکی گشتی نەک بەشێوەیەکی ڕەها کەمتر دیدێکی قوڵ و فەلسەفیان بۆ بنەما فکریەکانی کلتووری ڕۆژئاوا هەیە. ئەوان دەسەڵاتیان بەسەر مەعریفەی دینیدا هەیە، بەڵام دەسەلاتیان بەسەر بنەما فکریەکانی دنیای تازەدا نیە.
– ڕێک وایە.
– ڕەنگە هەر لەبەرئەمەش بێت نەوەی گەنجی ئێمە هەندێک کات گوێی خۆی دەدات بە زانای دینی و هەندێک کاتیش بە ڕۆشنبیر. چونکە هەریەک لەمانە یەک ڕەهەند و یەک سیمای هەقیقەت دەخەنە ڕوو. بەڵام کەسێک نیە هەردوکیان کۆبکاتەوە، یان بەگرنگیدان بە دوو دنیای دینی و مۆدێرن، دەستبکات بە شیکردنەوەی مەسەلەکانی کۆمەڵگای هەنوکەیی و دینی ئێمە.
– مەسەلەکە بەهیچ شێوەیەک ئەمە نیە. هەموو قسەی من ئەوەیە ئێمە چیدی پێویستمان بە ڕەچەتە نووسین نیە، هەرکەس کاری خۆی دەکات. (دینانی) کە پسپۆرن لە سەهرەوەردیدا، لەبارەی سەهرەوەردیەوە ڕایان هەیە، بەلام ناتوانن لەبارەی سارتەر یان میشل فۆکۆوە ڕایان هەبێت، چونکە زانیاری پێویستیان لەبارەیانەوە نیە. من ئەوە دەسەلمێنم گەنجێک کە دەیەوێت لەبارەی سەهرەوەردیەوە بزانێت، پرسیاری لە دینانی بکات، و من ڕێگە بەخۆم نادەم لەم بوارەدا ڕایەک بڵێم.
– هەموو مەسەلەکانی ئێمە یەک ڕەهەندی نیە. لێرەدا تەنیا باسی سەهروەردیە. ئەگەر بریاڕ بێت بەراوردی سەهرەوەردی و ڕیکۆر بکرێت، کەسێک کە تەنیا پسپۆری سەهرەوەردیە بەتەنیا ناتوانێت ئەمکارە ئەنجام بدات، کەسێکیش کە زاڵە بەسەر زەمینەی بیرکردنەوەی پۆل ڕیکۆردا، بەتەنیا ناتوانێت ئەمکارە بکات.
– ئالێرەدایە گفتوگۆ ئەنجام دەدرێت. ئەگەر بتوانین پانتاییەکی گفتگۆ دروست بکەین، دەرفەتێک درووست دەبێت کە من و دینانی لەپاڵ یەکدا دانیشین. ئەوان گوێ لە قسەکانی من لەبارەی ڕیکۆرەوە بگرن و و منیش قسەکانی ئەو لەبارەی سەهرەوەردیەوە و بتوانین ڕوانینەکانی یەکتر کامڵ بکەین. ئەگەر لەنێوان نوێنەرانی نەریت لەلایەک و نوێنەرانی دنیای مۆدێرن لەلایەکی دیەوە ڕێزگرتن لەیەک هەبێت، ئەوا لە فەزای ڕۆشنبیری ئێراندا ئەم پانتایی گفتوگۆیە باشتر دێتە دی. بە بڕوای تۆ مرۆڤێکی وەک من بۆ ئەوەندە سوورە لەسەر ئەوەی لەلایەکەوە لەگەڵ کەسێکی وەک شایگان و لەلایەکی دیەوە لەگەڵ بیریارێکی نەریتگەری وەک سەید حسێن نەسر کە وەک مەرجەعی تەقلید خوالێخۆش بوو برۆجردی بیر دەکاتەوە، گفتوگۆ بکەین؟. لە پلەی یەکەمدا لەبەرئەوەی من دەمەوێرت لەگەڵ نوێنەرە جیاوازەکانی ڕۆشنبیری لە کۆمەڵگاکەی خۆمدا پەیوەندیم هەبێت، و بیروبۆچونەکانی خۆم بڵێم و گوێ لە بیروبۆچونەکانی ئەوانیش بگرم، و بەرهەمی ئەم گفتوگۆیەش بخەمە بەردەم کۆمەڵگا. لەلایەکی دیەوە بەم کارە دەتوانم هەڵوێستی فکری نەوەکەی خۆم بۆ ئەو کەسانەی ڕەنگە لە نەوەیەکی تری ڕۆشنبیری بن، باشتر بناسێنم. بە بڕوای من ئەوە پانتایی گفتوگۆیە ئەو ئەگەرەمان بۆ دەرەخسێنێت بەو شتە بگەین کە تۆ دەتەوێت، واتە ئەو ئامانجەی کە ڕەهەندە جیاوازەکان لەبری ئەوەی تەنگژەیان لەگەڵ یەکدا هەبێت و یەکدی لەناو بەرن، لەبری ئەمە یەکدی کامڵ بکەن. شوناسی ئێرانی واتە هەر ئەمە. بەیەک ڕستە ئێرانی بوون واتە هەبووی سێ ڕەهەندی شارستانێتی، بەڵام بە تێگەیشتن و هەستکردن نەک بە هەڵە ثێگەیشتن و توندوتیژی. بەبڕوای من ئەرکی نەوەی چوارهەم ئەوەیە ئەم فەزای گفتوگۆیە لەنێوان ئەو سێ ڕەهەندە شارستانێتیەی لە ئێراندا هەیە، درووست بکات، بۆ ئەوەی ئێرانی بوون لە ئەمرۆی دنیادا، باشتر مانای هەبێت.
سەرچاوە:
رامین جهانبگلو: بین گذشتە و ایندە. تهران: نشر نی، ١٤٨٤