قه‌یرانی نووسه‌رانی ئۆكرانیا و روسیا… ئایا ده‌كرێت له زه‌مه‌نی جه‌نگدا دایه‌لۆگ بكرێت؟
قه‌یرانی نووسه‌رانی ئۆكرانیا و روسیا… ئایا ده‌كرێت له زه‌مه‌نی جه‌نگدا دایه‌لۆگ بكرێت؟
ئایا ده‌كرێت له نێوان نووسه‌رانی هه‌ردوو به‌ره‌ی جه‌نگ، دایه‌لۆگ و گفتوگۆ بێته ئاراوه؟ ئه‌مه ئه‌و پرسیاره بوو، دواهه‌مین ڤیستیڤاڵ بۆ ئه‌ده‌بی جیهان هه‌ژاندی، ڤیستیڤاڵێك یانه‌ی قه‌ڵه‌می ئه‌مریكی (PEN America) ڕێكیخستبوو. هه‌ژاندنه‌كه ئه‌و كاته ڕوویدا كه ڕێكخراوه ئه‌مریكییه‌كه، بۆ به‌شداریكردن له‌و ڤیستیڤاڵه‌ی ڕێكیخستبوو، نووسه‌رانی ئۆكرانیا و ڕوسیای بانگهێشت كردبوو.
پێده‌چێت قه‌یرانی جه‌نگه‌كه، ده‌رفه‌تێك بێت بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی له په‌یوه‌ندی نێوان سیاسه‌ت و ڕۆشنبیریی، ده‌سه‌ڵات و مه‌عریفه، پیاوانی ده‌وڵه‌ت و شمشێر و پیاوانی فیكر و قه‌ڵه‌م. كه‌واته ئایا ڕۆشنبیران و نووسه‌ران و ئه‌دیبه‌كان، به باشیان زانیووه، له بری ده‌وڵه‌ت، ئه‌ركی شیكردنه‌وه و ڕه‌خنه‌گرتن و ده‌ربڕینی بیروڕا بگرنه ئه‌ستۆی خۆیان؟ یان چوونه‌ته پاڵ ده‌سه‌ڵات و قه‌ڵه‌مه‌كانیان بۆ خزمه‌تی جه‌نگه داگیرساوه‌كه خستووه‌ته‌كار؟ ئێ ئاخر ڕۆشنبیرانیش كوڕی كۆمه‌ڵگاكه‌یانن و نابێت بۆ به‌رگریكردن دوابكه‌ون.
له‌گه‌ڵ گه‌رمبوون و تاوسه‌ندنی جه‌نگی روسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا، یه‌كێتی نووسه‌رانی وڵاتانی دراوسێی (روسیا و ئۆكرانیا و وڵاتانی به‌ڵتیك)، له پشت هه‌ڵوێستی حكومه‌ته‌كانیانه‌وه ڕاوه‌ستان. هه‌رچه‌نده هاوپه‌یوه‌ستبوونێكی كه‌لتوری به‌هێز و دێرین، له نێوان ئه‌و وڵاتانه‌دا هه‌یه كه مێژوویه‌كی هاوبه‌ش، هه‌مویان پێكه‌وه كۆده‌كاته‌وه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له زه‌مه‌نی جه‌نگ، هیچ ده‌نگێك له‌سه‌رو ده‌نگی ته‌قه‌ی جه‌نگه‌كه‌وه نییه. هه‌ر بۆیه وتاری نووسه‌ران و ئه‌دیبان و یه‌كێتییه‌كانیان، هیچ جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆی له‌گه‌ڵ وتاری سیاسییه‌كاندا نییه.
له‌م ڕووه‌وه یه‌كێتی نووسه‌رانی روسیا، هه‌فته‌یه‌ك به‌سه‌ر ده‌ستپێكردنی جه‌نگه‌كه‌دا تێنه‌په‌ڕیبوو، له به‌رواری 28 شوباتی 2022، له پێگه ئه‌لیكترۆنییه‌كه‌ی خۆیه‌وه، رایگه‌یاند ئه‌م ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه، له نێون ڕوسیا و ئۆكرانیادا نییه، به‌ڵكو پێكدادانێكی ڕاسته‌قینه‌یه له نێوان ڕوسیا و هاوپه‌یمانی ناتۆ. یه‌كێتی نووسه‌رانی ڕوسیا، له راگه‌یاندنه‌كه‌یاندا، جه‌ختیان له‌وه كردووه‌ته‌وه كه نووسه‌رانی ڕوسیا، له‌گه‌ڵ سوپای ڕوسیا یه‌كیانگرتووه و سوپای ڕوسیا، به‌و په‌ڕی پڕۆفیشناڵییه‌وه، ئه‌ركه‌كه‌ی جێبه‌جێ ده‌كات و پارێزگاری له رۆح و شه‌ره‌ف و كه‌رامه‌تی ئۆكرانیا ده‌كات.
ڕاگه‌یاندنه‌كه له درێژه‌ی وته‌كانیدا، ئاماژه به‌وه ده‌كات سه‌ركردایه‌تی ئۆكرانیا، ماوه‌ی هه‌شت ساڵه، له میانه‌ی بانگه‌شه‌ی بۆ ڕه‌گه‌زپه‌رستی و ترس له ڕوسیا، نه‌ریت و عادات و ته‌قالیدی كه‌لتووری ئۆكرانیای وێرانكردووه. ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی نه‌وه‌یه‌ك له گه‌نج، نه‌ریت و ڕابردووی نێوان ئه‌م دوو گه‌له، ڕه‌تده‌كاته‌وه و نایه‌وێت ئه‌م دوو گه‌له پێكه‌وه به ئاشتی و سه‌قامیگری بژین. جگه له‌وه ڕاگه‌یاندنه‌كه‌ی یه‌كێتی نووسه‌رنی ڕوسیا، ده‌ڵێت به‌وپه‌ڕی هه‌ستكردن به به‌رپرسیاره‌تی و تێگه‌یشتنه‌ه‌وه، به هه‌مو ئه‌و بڕیارانه ڕازییه كه سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت و ئه‌منی فیدراڵی، سه‌باره‌ت به ڕزگاركردنی هه‌ردوو كۆماری دۆنیتسك و لۆگانسیكی میللی ده‌ریكردووه و ڕازییه به‌وه‌ی ئه‌و دوو كۆماره، ببنه دوو كۆماری له چه‌ك داماڵراو…
به‌ڵام له لایه‌كی دیكه‌وه، یه‌كێتی نووسه‌رنی لیتوانیا، سه‌ركۆنه‌ی ڕاگه‌یاندنه‌كه‌ی یه‌كێتی نووسه‌رانی ڕوسیا-ی كرد و داوایكرد په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵدا بپچڕێنن، چونكه پاساو بۆ ئه‌و داگیركارییه خوێناوییه‌ی ئۆكرانیا ده‌هێننه‌وه. هه‌روه‌ها یه‌كێتی بڵاوكراوه‌كانی ئه‌وروپا (FEP)، وه‌ك پشتگیرییه‌ك، بانگهێشتی یه‌كێتی بڵاوكراوه‌كان و كتێبفرۆشانی ئۆكرانیا (UPBA) كرد، له پێشانگاكه‌یدا ببێت به میوانی شه‌ره‌ف و ئیدانه‌ی داگیركردنی ڕوسیای بۆ ئۆكرانیا كرد.
ئه‌نجومه‌نی نووسه‌رانی ئه‌وروپی كه ده‌ڵێت نوێنه‌رایه‌تی نزیكه‌ی 160 هه‌زار نووسه‌ر و وه‌رگێڕ و پیشه‌گه‌ری بواری كتێب و تێكست ده‌كات، له به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند هێرشی ڕوسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا: “جه‌نگێكه دژ به سه‌رجه‌م سیستمه دیموكراسییه‌كان، به‌هاكانمان، قه‌ناعه‌تمان به ئاشتی، ئازادی و مافه‌كانی مرۆڤ”. لای خۆشییه‌وه سه‌رۆكی یه‌كێتی نووسه‌رانی لاتیڤیا “ئه‌رنۆ جۆندێزی” له وته‌یه‌كیدا ڕایگه‌یاند: “پێویسته ئه‌و خوێنڕشتنه ڕاگیرێت. پێویسته له‌م كات و ساته سه‌خت و دژواره‌دا، پاڵپشتی گه‌لی ئۆكرانیا و هاورێ نووسه‌ره‌كانمان بین. ئه‌وه‌ی له ئۆكرانیا ڕووده‌دات، هه‌ڕه‌شه‌یه له‌سه‌ر دیموكراسی له سه‌رتاپای ئه‌وروپا. ئه‌گه‌ر جه‌نگی ئۆكرانیا ڕانه‌وه‌ستێت، مانای وایه ده‌ستدرێژیكه‌ر، ده‌توانێت ئه‌وه‌ی پێی خۆشه، له ته‌واوی ئه‌وروپای خۆرهه‌ڵاتدا ئه‌نجامی بدات”.
له‌م ڕووه‌وه، له مانگی ئایاری ئه‌م ساڵدا، ده‌بوایه سێ نووسه‌ری ئۆكرانیا، به‌شداری له “ڤیستیڤاڵی ده‌نگه‌كان له جیهاندا” بكه‌ن كه یانه‌ی قه‌ڵه‌م له نیۆیۆرك ڕێكیخستبوو، به‌ڵام ناڕه‌زایه‌تیان به‌رامبه‌ر به بوونی نووسه‌رانی ڕوس له ڤیستیڤاڵه‌كه‌دا، ده‌ربڕی و به‌شداریان نه‌كرد. ئارتیم شابیی، یه‌كێكه له‌و سێ نووسه‌ره ئۆكرانییه كه سه‌ربازه له پۆلیسی ئۆكرانیدا، ده‌ڵێت “ده‌ركه‌وتن له ته‌نیشت نووسه‌ره ڕوسه‌كان، له چاوی سه‌ركرده‌كانی و هاوڕێكانییه‌وه، جۆرێكه له ناپاكی”. ئه‌م نووسه‌ره سه‌ربازه، به ئاژانسی ڕۆژنامه‌وانی فه‌ره‌نسای ڕاگه‌یاندووه: “ده‌زانم ئه‌و كه‌سانه، لایه‌نگری حكومه‌ته‌كه‌ی سه‌رۆكی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن نین. به‌ڵام من وه‌ك سه‌ربازێك ئه‌ركم هه‌یه”.
هیچ ده‌نگێك له‌سه‌رو ده‌نگی جه‌نگه‌وه نییه
ڤلادیمێر یه‌رمۆلنكۆ، سه‌رۆكی لقی سه‌ندیكای نێوده‌وڵه‌تی له ئۆكرانیا، جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه له زه‌مه‌نی جه‌نگدا، بڕوای به ئه‌گه‌ری دیالۆگ و گفتوگۆ نییه و ده‌ڵێت: “له كاتێكدا هاوڕێكانمان له‌وانه‌یه به‌هۆی ئاگری چه‌كه‌كانی ڕوسیا، گیان له‌ده‌ست بده‌ن، دانیشتن له ته‌نیشت نوێنه‌رانی ڕوسیا قورسه”.
دوو نووسه‌ری ڕوس و خانمه ڕۆژنامه‌نووسێكی ڕۆژنامه‌ی (The New Yorker) ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌توانرا بگه‌نه ڕێكه‌وتن، له ڤیتسڤاڵه‌كه كشانه‌وه. له‌م باره‌یه‌وه خانمه ڕۆماننوسی ڕوسی “ئانا نیمزر” كه له سه‌ره‌تای جه‌نگی دژ به ئۆكرانیا، له ڕوسیا هه‌ڵهاتووه، پێیوایه ئه‌و بژارده‌یه ئازار به‌خش بوو. به‌ڵام پێداگری ده‌كات و ده‌ڵێت من له ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئۆكرانییه‌كان بۆ دیالۆگ له‌گه‌ڵ نووسه‌رانی ڕوس، تێده‌گه‌م. هه‌روه‌ها به به‌خمبارییه‌وه ده‌ڵێت: هه‌ڵگری ئه‌م پاسپۆرته نه‌فره‌تییه‌م، من به زمانم و به‌وه‌ی هه‌مو ژیانم له‌وێ ژیاوم، به‌شێكم له هه‌مو ئه‌وه و ناتوانم خۆم له مه‌سه‌له‌كه به‌دوور بگرم”. له به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا ده‌ڵێت: “ئه‌مه ته‌ڵه‌یه، ئه‌مه دادپه‌روه‌ری نییه! به‌ڵام من چۆن ده‌توانم بڵێم ئه‌مه دادپه‌روه‌ری نییه، له كاتێكدا زۆرباش ده‌زانین به‌ڕاستی نادادپه‌روه‌ری چییه، واته ئه‌و بۆمبانه‌ی به‌سه‌ر ئۆكرانیادا ده‌كه‌ونه خواره‌وه”.
له هه‌مان ئه‌م مانگه‌دا، مانگی ئایار، له شاری تارتو له ئیستوانیا، ناكۆكییه‌كی هه‌مان شێوه‌ی یانه‌ی قه‌ڵه‌می ئه‌مریكا ڕوویدا. له‌وێ دوو شاعیری ئۆكرانیا، ڕازینه‌بوون به‌شداری له ڤیستیڤاڵێكی ئه‌ده‌بیدا بكه‌ن كه خانمه نووسه‌ری ڕوسی به‌ناوبانگ “لینۆر گۆرالیك”ش بۆ ڤیستیڤاڵه‌كه بانگهێشتكرابوو. له‌م ڕووه‌وه “ئۆلینا حسینۆڤا” كه خانمه شاعیرێكی ئۆكرانییه، له وته‌یه‌كیدا ڕایگه‌یاند: “ئه‌و تاوانانه‌ی جه‌نگ كه له ئۆكرنیا ئه‌نجام ده‌درێن، به ناوی كه‌لتووری ڕوسییه‌وه ئه‌نجام ده‌درێن” و هۆكاری به‌شداری نه‌كردنی خۆی له ڤیستیڤاڵه‌كه‌دا ڕوونكرده‌وه.
دواجار ئاشكرایه ژماره‌یه‌كی زۆر له نووسه‌ر و ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ندان، له ڕوسیا هه‌ڵهاتوون و ئه‌و وڵاته‌یان به‌جیهێشتووه. به‌ڵام هه‌ندێكی دیكه له نووسه‌ران و ئه‌دیبان و هونه‌رمه‌ندان، له‌وێ ماونه‌ته‌وه و له ناوجه‌رگه‌ی ڕوسیا، گوزارشت له دژایه‌تیكردنیان بۆ جه‌نگه‌كه ده‌رده‌بڕن، هه‌ر بۆیه دووچاری هه‌ڕه‌شه و به‌ندكردن و ڕاوه‌دوونان بوونه‌ته‌وه.
سه‌رچاوه
الجزیرة نیت، 25-5-202