كچه نا شه‌رعییه‌كه‌ی فرانسۆ میتێران: باوكم حه‌ز و ئاره‌زووی ئه‌ده‌بیاتی تیاچاندم
كچه نا شه‌رعییه‌كه‌ی فرانسۆ میتێران: باوكم حه‌ز و ئاره‌زووی ئه‌ده‌بیاتی تیاچاندم
و له عه‌ره‌بییه‌وه: باوكی پایان
كچه نا شه‌رعییه‌كه‌ی فرانسوا میتێران، سه‌رۆكی كۆچكرووی فه‌ره‌نسا: “مازارین پێنجۆ”ی فه‌یله‌سوف و ڕۆماننووس، له چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی الشرق الاوسط، كه به بۆنه‌ی ده‌رچوونی ڕۆمانه نوێیه‌كه‌ی “ساڵۆنی مه‌ساجكردن/ صالون المساج” له‌گه‌ڵیدا سازكرابوو، رایگه‌یاند گرنگی و بایه‌خدانی باوك و دایكم به ئه‌ده‌بیات و هونه‌ر، ده‌رگای ئاسۆكانی له‌به‌رده‌مدا كردووه‌ته‌وه و “له‌وانه‌یه ئه‌وه باوكم بووبێت حه‌ز و ئاره‌زووی ئه‌ده‌بیاتی تیا چاندبم”.
ئاشكرایه مازارین پێنجۆ فرانسوا میتێران، ساڵانێكی زۆری ته‌مه‌نی منداڵی و گه‌نجی، به نهێنی بردووه‌ته‌سه‌ر. میتێرانی باوكی، بۆ ساڵانێكی دوور و درێژ ئه‌م كچه‌ی له چاوی جیهان و له چاوی میدیاكان شاردبوه‌وه. ته‌نانه‌ت فه‌ره‌نسییه‌كان ئه‌م كچه‌یان نه‌ناسیوه، ته‌نها ئه‌و كاته نه‌بێت كه له ساڵی 1996، له مه‌راسیمی ناشتنی ته‌رمی باوكی‌دا ئاماده‌بووه. مازارین له‌و كاته‌دا ته‌مه‌نی ببوو به بیست ساڵ.
ئا لێره‌وه‌یه تێبینی ئه‌وه ده‌كه‌ین له ڕۆمانه‌كانیدا، به‌تایبه‌ت له ژیاننامه‌كه‌یدا “ده‌مێكی داخراو/ الفم المغلق”، كێشه و گرفته‌كانی منداڵی و خێزان و “قورسایی نهێنیییهكان” ئاماده‌بوونێكی به‌هێز و به‌رچاویان هه‌یه. ئه‌و سه‌باره‌ت به‌م خاڵه ده‌ڵێت: “هه‌مو ئه‌و بابه‌تانه، به تۆپزی و زۆره‌ملێ، خۆیان به‌سه‌ر مندا سه‌پاندووه. من هه‌ستمكرد هیچم نییه، ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه بنووسم. له‌و بڕوایه‌دام هه‌مو نووسه‌ره‌كان، به هه‌مان ئه‌و بارودۆخه‌دا تێپه‌ڕیوون و تێیدا ژیاون. واته نووسه‌ران، خۆیان له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵێ بابه‌تدا ده‌بیننه‌وه كه به‌سه‌ریاندا سه‌پاوه، به‌شی هه‌ره زۆری بابه‌ته‌كانیش په‌یوه‌ستن به منداڵییه‌وه…”.
مازارین پێنجۆ ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه كه بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ، زمانی عه‌ره‌بی خوێندووه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا وه‌ك پێویست باش نییه و سه‌ردانی چه‌ندین وڵاتی عه‌ره‌بی كردووه و بایه‌خ به ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی ده‌دات و به‌رهه‌مێكی زۆری ئه‌و ئه‌ده‌به‌ی خوێندووه‌ته‌وه، به تایبه‌ت ئێدوارد سه‌عید، كاتب یاسین، محه‌مه‌د شوكری، نه‌جیب مه‌حفوز. ئه‌م خانمه له‌مڕۆدا هه‌م ڕۆماننووس و هه‌م له زانكۆی ڤنسان مامۆستای فه‌لسه‌فه‌یه و هه‌م میدیاكارێكه له پرۆگرامه كه‌لتووریی و ڕۆشنبرییهكاندا ده‌رده‌كه‌وێت.
له خواره‌وه ده‌قی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی ناوبراو ده‌خه‌ینه‌ڕوو:
-خانم مازارین، تۆ نووسه‌ر و فه‌یله‌سوفیت، له گه‌وره‌ترین كه‌ناڵه میداییهكان ده‌رده‌كه‌ویت و قسه‌ت هه‌یه. به‌ڵام له‌مڕۆدا، پانتایی ئه‌ده‌ب له ژیانتدا چه‌نده؟
*ئه‌ده‌ب په‌ناگا و ماڵی منه. هه‌مو چالاكییه هونه‌ری و پیشه‌ییه‌كانی دیكه‌م، سه‌رچاوه‌ی بژێوی ژیانمن. به‌ڵام ئه‌ده‌ب پانتایی داهێنانهكانمه، من له پێناو به‌دیهێنانی بژێوی ژیان، ناچارنیم بنووسم. هه‌ر بۆیه من زۆر په‌رۆشی ئه‌م ئازادییه‌م. وه‌لێ كاتێك ده‌ست به نووسین ده‌كه‌م، هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌مه جۆرێكه له پێویستی، به‌ڵام پێویستییه‌كی جیاواز له‌وانی دیكه.
-كه‌ی ده‌ركت به‌وه كرد ده‌ته‌وێت ببیت به نووسه‌ر؟
*له كاتیكی زۆر زووی ژیانم، من كچێكی بچووك بووم، دێڕه شیعر و كورته چیرۆكم ده‌نووسی. ئه‌ڵبه‌ته به‌رده‌وام ماڵه‌كه‌مان پڕ بوو له كتێب، له‌به‌ر ئه‌وه سه‌روه‌ختێك ده‌ستم به نووسین كرد، وه‌ك ئه‌وه وابوو كه نووسین شته هه‌ره سروشتییهكهیه جێبه‌جێی ده‌كه‌م. هه‌ستم كرد نووسین گونجاوترین شته بۆ گوزارشتكردن له‌وه‌ی ناتوانم ئاشكرای بكه‌م و بیخه‌مه‌ڕوو.
-له ڕۆمانهكانتدا، كێشه و گرفتی منداڵی و خێزان و قورسایی نهێنییه‌كان، ئاماده‌ییه‌كی به‌هێزیان هه‌یه. ئایا ئه‌م بابه‌تانه، به شێوه‌یه‌كی سروشتی و خۆڕسك خۆیان به‌سه‌ر تۆدا فه‌رزكرد، یاخود تۆ هه‌ستت كرد هه‌ر ده‌بێت ئاوڕ له‌و بابه‌تانه بده‌یته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌كه په‌یوه‌ندی به هێنانه ده‌ره‌وه‌ی شته خه‌فه و چهپێنراوهكانهوه هه‌یه؟
*نه‌خێر… هه‌مو ئه‌م بابه‌تانه به شێوه‌یه‌كی تۆپزی و زۆره‌ملێ، خۆیان به‌سه‌ر مندا سه‌پاند. من هه‌ستمكرد هیچم نییه، ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه بنووسم. له‌و بڕوایه‌دام هه‌مو نووسه‌ره‌كان، به هه‌مان بارودۆخدا تێپه‌ریون و تێیدا ژیاون. واته نووسه‌ران، خۆیان له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك بابه‌تدا ده‌بیننه‌وه كه به‌سه‌ریاندا سه‌پاوه، به‌شی هه‌ره زۆری بابه‌ته‌كانیش په‌یوه‌ستن به قۆناغی منداڵییه‌وه. هه‌مان ئه‌م بابه‌تانه، دووباره و سێباره به‌دوامانه‌وه‌ن و هه‌ر ئه‌م بابهتانهشه هانمانده‌ده‌ن بۆ نووسین.
-ڕۆمانێكی نوێت هه‌یه، چه‌ند ڕۆژێكه بڵاوبووه‌ته‌وه و له كتێبخانهكاندایه. ئایا ده‌توانیت له‌سه‌ر ئه‌م كاره نوێیه‌ت، قسه‌مان بۆ بكه‌یت؟
*ڕۆمانه نوێیه‌كه ئه‌م ناونیشانه‌ی هه‌یه “ساڵۆنی مه‌ساجكردن”، ڕۆمانه‌كه بریتییه له به‌سه‌رهاتی “سوهه‌یله” كه مامۆستایه‌كی پاریسییه و به دوای شتێك‌دا ده‌گه‌ڕێت، به‌ڵام ناتوانێت ده‌ستنیشانی ئه‌و شته بكات كه به دوایدا ده‌گه‌ڕێت. هیچ هۆكارێكی بۆ گله‌یی و سكاڵاكردن له ژیان نییه. كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له ژیانی خۆی ڕازی نییه. ڕۆژێك له ڕۆژان، ده‌ڕواته سالۆنێكی مه‌ساجكردن، خۆشییه‌ك ده‌دۆزیته‌وه وای لێده‌كات ڕابكات. به‌ڵام له ناكاو، ده‌رگای ساڵۆنی مهساجكردنهكه داده‌خرێت و به سوهه‌یله ده‌وترێت مه‌سه‌له‌كه په‌یوه‌سته به كارێكی ئابڕوبهرانهوه: كامێرا‌كان وێنه‌ی ئه‌و موشته‌ریانه ده‌گرن كه ده‌ڕۆنه ناو ساڵۆنهكهوه. له‌به‌ر ئه‌وه ژماره‌یه‌ك ئافره‌ت كۆده‌بنه‌وه، له ناویاندا سوهه‌یله، سكاڵایه‌ك پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، ئیدی لێره‌وه ورده ورده، سوهه‌یله پیاوێك ده‌ناسێت و ژیانی ده‌گۆڕێت. لێره‌وه ڕۆمانه‌كه ده‌كه‌وێته گه‌ڕان به دوای ئه‌سڵ و هه‌روه‌ها گه‌ڕان به دوای خود دا.
-به‌ناوبانگترین ڕۆمانت “ده‌می داخراو”، ژیاننامه‌یه، یان ڕاستتر به‌سه‌رهاتی قۆناغی منداڵیی چه‌پێنراوه كه به‌سه‌ر تۆدا سه‌پێنراوه، به‌و پێودانگه‌ی كچی “نا شه‌رعی” سه‌رۆكی كۆچكردو فرانسوا میتێران بووی. ئایا تا ئێستاش هه‌ست ده‌كه‌یت، پێویستت به‌وه‌یه له‌سه‌ر ئه‌و ڕابردووه “تایبه‌تمه‌نده”بنووسیت؟
*ئێمه بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ، په‌یوه‌ستین به ڕابردووه‌وه. سه‌رجه‌م كاره‌كانم، به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان، له‌و كێشه‌یه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێن و له‌وێوه سه‌رچاوه‌یان گرتووه. به‌ڵام من هه‌ست ناكه‌م پێویستم به “گێڕانه‌وه” یان به “هه‌واڵ” هه‌بێت. به‌ڵكو هه‌ست ده‌كه‌م پێویستم به گه‌ڕانێكی ئه‌ده‌بییه، بۆ ده‌رخستنی زیانه‌كانی بێده‌نگی و نهێنی و سۆزی منداڵی كه لای من جێگای سه‌رنج و بایه‌خدانن. ئه‌وانه سه‌رچاوه‌گه‌لێكی ڕۆمانسی به‌هێزن، تا حاڵی حازر كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ده‌روونم هه‌یه، وه‌ك ئه‌و مه‌ته‌ڵ و ته‌لیسمانه وایه كه به ته‌واوه‌تی حهلنهكراون.
-تۆ كچی یه‌كێك له سه‌ركرده مێژووییه‌كانی فه‌ره‌نسایت، ناوت له میدیا و ده‌زگا جۆراوجۆره‌كانی ڕاگه‌یاندندا بڵاوبووه‌ته‌وه، ئایا ئه‌م مه‌سه‌له‌یه، ئه‌و هه‌سته‌ی لا دروستكردویت كه بوونت له ناوه‌ندی ئه‌ده‌بی “نا شه‌رعییه”؟
*به‌ڵی و نه‌خێر.. ئاخر من له ناوه‌نده ئه‌ده‌بییه‌كه‌دا، به گوڵ و گوڵزار پێشوازیم لێ نه‌كراوه. بگره ناوه‌نده ئه‌ده‌بییه‌كه، یه‌كه‌مجار زۆر دڵڕه‌قبوو به‌رامبه‌رم. وه‌لێ من به‌رده‌وام ده‌منووسی و ئه‌م هه‌وڵی نووسینانه، هه‌رگیز جێگای گومان نه‌بوو. ئا له‌به‌ر ئه‌وه، دوو قۆناغ هه‌یه: قۆناغی یه‌كه‌م ئه‌وه بوو ده‌منووسی بێ ئه‌وه‌ی تێیدا ئه‌و پرسیاره بخرێته‌ڕوو. قۆناغی دووه‌م له دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی كاره‌كانم ده‌ستپێده‌كات و تێیدا “گه‌مه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی” دێته ئاراوه. لێره‌دا مه‌سه‌له‌كان زیاتر هه‌ستیارترن. وه‌لێ له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كات، هه‌ستمكرد مه‌سه‌له‌ی “ڕهچهڵهكم” چیتر كاریگه‌ری له‌سه‌ر پێشوازیكردنی ناوه‌ندی ئه‌ده‌بی بۆ كاره‌كانم نییه.
-هه‌روه‌ها تۆ توێژه‌رێكی كایه‌ی فهلسهفهشیت و چالاكیت له هێنانه ئارای “فه‌لسه‌فه‌یه‌كی ئاسان و ساده‌كراو” بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌ست هه‌موان بێت. باسی ئه‌و پرۆژانه‌مان بۆ بكه كه له‌م بواره‌دا ئه‌نجامتداون؟
-به‌ڵێ وایه، هاوشان له‌گه‌ڵ توێژینه‌وه ئهكادیمییهكانم، به‌جدیی هه‌وڵده‌ده‌م له میانه‌ی كۆمه‌ڵی دهستپیشخهرییهوه، گشتاندنێك بۆ فه‌لسه‌فه بكه‌م. له‌وانه پێكه‌وه به یارمه‌تی و كۆمه‌كی هاوڕێكه‌م خاتوو “ناتالی كۆبرمان”، بڵاوكراوه‌یه‌ك ده‌رده‌كه‌ین، بریتییه له كتێبێك ژماره‌یه‌ك كورته چیرۆكی منداڵانه‌ی له‌خۆگرتووه. ئامانج له‌و بڵاوكراوه‌یه هاندانی وروژاندنی پرسیاره فهلسهفییهكانه لای منداڵ. جگه له‌وه له كه‌ناڵی “LCB” له به‌رنامه‌یه‌كدا به‌شدارم، ئه‌م به‌رنامه‌یه ڕووبه‌رێك ده‌به‌خشێت به‌و فه‌یله‌سوفانه‌ی له میدیاكاندا ئاماده‌ییان نییه. له وه‌رزی پێشوودا، كێشه‌ی ژینگه‌مان چاره‌سه‌ر كرد. هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ خاتوو “سۆفیا نۆردمان”ی هاوڕێم، كۆمه‌ڵێك بڵاوكراوه‌ی فه‌لسه‌فی به‌ڕێوه‌ده‌به‌ین، تێیدا فه‌یله‌سوفه‌كان به‌و په‌ڕی ئازادییه‌وه و له‌سه‌ر بنه‌مای زانستی، گفتوگۆ له‌سه‌ر چه‌ندین بابه‌تی مشتومڕئامێز ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه بیسه‌لمێنین كه گفتوگۆ، ده‌كرێت به ڕێزگرتن و ڕێزگرتنی بیروڕای ئه‌وی دی ڕووبدات، بێ ئه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه بته‌قێته‌وه.
جگه له‌وانه، له شارۆچكه‌ی سانت ئیمیلیۆن، سه‌رپه‌رشتی ڤیستیڤاڵی “فه‌لسه‌فه ” ده‌كه‌م، ئامانجی ئه‌م ڤیستیڤاڵه، ئه‌وه‌یه وا بكات فه‌لسه‌فه بگاته ده‌ست زۆرترین كه‌س. لێره‌وه‌یه ئێمه ساڵانه، پێشوازی له هه‌زاران به‌شداربوو ده‌كه‌ین كه وه‌ك جۆرێك له حه‌ز و ئاره‌زوو/ هیوایه‌ت، بایه‌خ به فه‌لسه‌فه ده‌ده‌ن.
-باوكی كۆچكردوت فرانسوا میتێران، عاشقێكی گه‌وره‌ی ئه‌ده‌بیات بوو، دایكت خاتوو پێنجۆ شاره‌زا و خه‌بیری هونه‌ری بوو. ئه‌م دووانه تا چ ئاستێك، كاریگه‌ریان له‌سه‌ر كاروانی داهێنانه‌كانی تۆ هه‌بووه؟
*وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره قورسه، گرنگی و بایه‌خدانی دایك و باوكم به ئه‌ده‌بیات و هونه‌ر، بێگومان ده‌رگای ئاسۆكانی له‌به‌رده‌م مندا كرده‌وه. ڕه‌نگه ئه‌وه باوكم بووبێت حه‌زی ئه‌ده‌بیاتی تیا چاندم. به‌ڵام كێ ده‌زانێت به دروستی چیمان له باوانمانه‌وه به میرات بۆ ده‌مێنێته‌وه. ڕه‌نگه مه‌سه‌له‌ی میرات و بۆماوه‌یی ڕیگای پێچاوپێچ بگرێته‌به‌ر.
-ئایا پێشتر به‌رهه‌می ئه‌دیبه عهرهبهكانت خوێندووه‌ته‌وه؟
*به‌ڵێ خوێندوومه‌ته‌وه! زۆرێك له به‌رهه‌مه‌كانی ئێدوارد سه‌عید، كاتب یاسین، محه‌مه‌د شوكری، نه‌جیب مه‌خفوز-م خوێندووه‌ته‌وه. ئه‌وانه كۆمه‌ڵی ئه‌دیبی جیاوازی سه‌ر به ڕۆشنبیریی جیاوازن. به‌ڵام من حه‌زێكی زۆرم بۆ ئه‌م جۆره ئه‌ده‌به هه‌یه. سێ ساڵم بۆ فێربوونی زمانی عه‌ره‌بی ته‌رخانكرد. (سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ددانی پێداده‌نێم ئاستی زمانی عه‌ره‌بیم جارێ زۆر ساده‌یه). هه‌روه‌ها من سه‌ردانی چه‌ندین وڵاتی عه‌ره‌بیم كردووه و به شێوه‌یه‌كی گشتی بایه‌خ به به‌رهه‌مه عه‌ره‌بییه‌كان و كه‌له‌پوری عه‌ره‌بی ده‌ده‌م، بێ ئه‌وه‌ی له‌م بواره‌دا شاره‌زا/خهبیربم.
سه‌رچاوه
پاریس، سازدانی چاوپێكه‌وتنه‌كه: ئه‌نیسه مخالدی
الشرق الاوسط، 2 ئه‌یلول، 2023.