جوانترین چیرۆک کە بیخوێنمەوە، تکایە!
خوێندنەوەی کۆمەڵەچیرۆکی “جوانترین خنکاوی دونیا”
خوێندنەوەی: سەردەم
ئەمە سەلماوە کە کردەی چیرۆکنووسین کردارێکی سەخت و ئاڵۆزە، ئەوەی کە دەقی چیرۆکێکی سەرکەوتوو لە کەمتر لە نیو سەعاتدا دەخوێنیتەوە، دڵنیابە کاری تاقەتپڕووکێنی چەندین شەو و ڕۆژی نووسەرەکەی بووە. چیرۆک ئەو هونەرەیە کە دەرگیری چڕیی و گوشراوییە، چڕییەک کە دەبێت زەینی نووسەرەکەی و هەڵبەت دواتریش خوێنەرەکەی، لەسەر نوختەیەک ڕابگیرێت، ئەو نوختە ڕێک نوختەی وەرگەڕان و قەومانی چیرۆکەکەیە، کە ڕەنگە لە ڕواڵەتدا زۆریش هەرزان و بچکۆلە بێت، بەڵام کاتێک نووسەر لە ماشێنی گێڕانەوەدا هەڵیدەسووڕێنێت، دەبینین کە لە کارلێکی توخمەکانی چیرۆک وەک هونەرێکی مۆدێرن، وەها تێک هەڵشێراوە، کە بایەخێکی گرنگ و قورساییەکی بەرچاو وەردەگرێ، هەر ئەمەشە کە بۆ چیرۆکنووس، وەک بابەت، لە ڕووی گەورەیی یان بچكۆلەییەوە گرفتێک لە ئارادا نییە، بەڵکو تواناکەیەتی کە ئەو حەجم بەو ئایدیایە دەبەخشێت. خاڵێکی تر گوشراوییە کە چیرۆک دەستەویەخەیەتی، گوشراوییەک کە تەنیا لە ئابووری وشەدا ناوەستێت، بەڵکو بۆ خودی ڕستە و ڕووداو و پێکهاتەکان شۆڕ دەبێتەوە و هەموو جومگەکان تاکو دوایین ڕادەی گوشین و خەستکردنەوە، لەگەڕدا دەبێت.
بەم پێشەکییەوە دەمانەوێت بە ناخی کتێبێکدا ڕۆ بچین کە تێکڕای چیرۆکەکانی لەو ڕوانگەیەوە نووسراون، نووسەرانی ئەم کتێبە لەو نووسەرانەن کە نوێنەری ئەدەبی مۆدێرنن، ئەگەرچی لێرەدا هەریەکە و نموونەیەکیان لێ وەرگیراوە، بەڵام خوێنەر کاتێک بە شوێن ناوی ئەم چیرۆکنووسانەدا دەگەڕێت، دەزانێت کە هەریەکەیان بۆ خۆی لە پانتاییەکدا سەرقاڵی کردەی چیرۆکنووسین و داهێنان بووە و ئەوەی بەرهەمی هێناوە، بناغەیەکی گرنگ بووە بۆ چیرۆکی مۆدێرن و هونەری. هەر لێرەدا دەبێت ئەم ستایش و پێزانینە بۆ وەرگێڕی کتێبەکە بنێرین، ژوان شوانی، بێگومان پێگەی وەرگێڕ لەم کارانەدا دەردەکەوێت، ژوان شوانی کە لە زمانی خۆڕسکی چیرۆکەکانەوە، ئەم هەڵبژاردەیەی کردووە بە کوردی، پێشتر دنیای چیرۆکنووسەکان و خودی چیرۆکەکانی خۆشویستوون، پاشتر لەنێو چەندان کۆمەڵەچیرۆکی هەمان نووسەردا یەک دانەی تەڵبژێر کردووە و وەریگێڕاوە، جیا لەوانەش ئەو خەسڵەتەی چیرۆکی مۆدێرن و ئەم چیرۆکانەش کە لە دووتوێی ئەم کتێبەدا هاتوون، چڕیی و گوشراویی، توانراوە لە زمانی بۆوەرگێڕاو و کوردیدا، بەرهەم بهێنرێنەوە، بە جۆرێک کە سەروەختی خوێندنەوە، خوێنەری کورد درک بەو خەسڵەتانە دەکات کە هەریەک لەم چیرۆکانە لە زمانی دایکیدا هەڵیان گرتووە. هەر ئەوەشە کە سەرەڕای چێژی جوانیی چیرۆکەکان، خوێنەری کورد دەتوانێت ئەو هونەرە بەرزەش ببینێت کە ئەو نووسەرانە لە چیرۆکەکانیاندا کردوویانە.
کتێبەکە پێکهاتووە لەم چیرۆکانە و ئەم چیرۆکنووسانە: (کاغەزی زەردی دیوار: شارلۆت پێرکینز گیڵمان، بێدەنگییەکان: دێنیس جۆنسۆن، یازدە: ساندرا سیسنێرۆس، جوانترین خنکاوی دونیا: گابریئێل گارسیا مارکیز، تا ئاگر بکرێتەوە: جاک لەندەن، حسابی بانک: ستیڤن لیکۆک، ماشێنەکە دەنووسێت: ئێدوارد مۆرگن فۆرستەر و لە وڵاتێکی تر: ئێرنەست هێمینگوەی). چیرۆکەکان لە ڕووی بابەت و فۆرمی گێڕانەوەوە لێک جودان، هەریەکەیان خاوەنی دنیای سەربەخۆی خۆیەتی، هاوکات لە ڕووی کورتی و درێژیشەوە چیرۆکەکان جیاوازن، ڕەنگە ئەگەر بمانەوێ خاڵی هاوبەشیان بدۆزینەوە، کە ئەمە بە هیچ جۆرێک بۆ یەکخستن و یەک بابەتیکردنی چیرۆکەکان نییە، بەڵکو بۆ ئەوەیە کە یارمەتی خۆمان و خوێنەریش بدەین تا وەکو کلیلێک دەرگای چوونە ژوورەوەی چیرۆکەکانی پێ واڵا بکاتەوە و بچێتە نێو دونیای هەراوی چیرۆکەکان. ئەوا دەتوانین بڵێین گرفتەکانی ئینسان، ئەو گرفتانەی کە وەڵامەکان لە ئاستیاندا بە چۆکدا دێن و هەمیشەش وەک مەتەڵ دەمێننەوە، لە نموونەی مردن، جەنگ، ئەڤین و نەخۆشی و… ئەو بابەتانەن کە هەریەکەیان لەم چیرۆکانەدا وەک گرفتێک ئاوڕیان بۆ دراوەتەوە و هەوڵ دراوە لە میانی بەچیرۆککردنی تێماکانەوە، ڕۆچنەیەک بخاتە زەینی خوێنەر و لەوێوە یارمەتی بدات کە لە گۆشەیەکی ترەوە لەو مەسەلانە بڕوانێت. ڕەنگە شیکارکردنی دوو نموونە وەک کاری ڕەخنەی جێبەجێکار، شیاو و شایستە بێت، کە چۆن خودی چیرۆکەکان دەرگیری بابەتە ئەزەلییەکان دەبن و چۆن بێ ئەوەی لە ناوەڕۆکی ئەو بابەتانە بێینە خوارەوە، بەرزیان دەکەنەوە بۆ ئاستێکی تر لە ڕوانین.
١/ چیرۆکی “بێدەنگییەکان” نووسینی: دێنیس جۆنسۆن
ئەم چیرۆکە یەکێکە لە چیرۆکە زۆر کورتەکانی ئەم هەڵبژاردەیە، بەڵام دەتوانین بڵێین یەکێکە لە چیرۆکە زۆر تایبەتەکان، کە تێیدا پێڕەوی لە بنەمایەک دەکات کە دەکرێ ئاوا دایبڕێژین: خودی چیرۆکەکە چەند دەدات بە خوێنەر، ئەوەندەش بۆ خوێنەرەکەی بەجێ دەهێڵێت و بانگهێشتی دەکات نەگوتراوەکان تەواو بکات و ڕستە سڕاوەکان پڕ بکاتەوە. ئەم چیرۆکە چیرۆکی میواندارییەک دەگێڕێتەوە، کۆمەڵێک ژن و پیاو، یان زگوردی و تەنیاباڵ، چیرۆکە بە دڵخۆشیی تێکڕایی دەست پێ دەکات، هەمووان باسی ئەو دەنگە بەرزترینانە دەکەن کە لە ژیانیاندا بیستوویانە: “یەکێک وتی بەرزترین دەنگ بیستبێتی، دەنگی ژنەکەی بووە کاتێک پێی وتووە چیتر خۆشی ناوێت و داوای کردووە لێی جیابێتەوە. یەکێکی تر وتی بەرزترین دەنگ، دەنگی لێدانی دڵی بووە ئەو کاتەی کە جەڵتەی دڵ لێی داوە.” بەو جۆرە چەند دانە لە ئەندامانی ئەو میوانییە باسی هەمان بەرزترین دەنگێک دەکەن کە تا ئەو کاتە بیستوویانە، بەڵام چیرۆک بڕیار نییە لەسەر یەک سککەی قەتار بڕوات، هەمیشە لادانێک هەیە کە تێیدا هەموو شت ئاوەژوو دەبێتەوە و دەکەوێتە سەر بارێکی تر، لەم چیرۆکەدا “کریس کەیس” ئەو کەسەیە کە ئەم نوختەوەرچەرخانە لە ڕەوتی خۆشمەجلیسیی چیرۆکەکەدا دەکات، ئەویش بە گێڕانەوە چیرۆکەکەی، کە پێچەوانەی ئەوانی ترە، ئەویش “بێدەنگترین” شتێکە کە بیستوویەتی، “وتی بێدەنگترین شت کە گوێی لێ بووبێت ئەو مینە بووە، کە لاقی پەڕاندووە و لە ناوچەیەکی دەرەوەی کابوڵ لە ئەفغانستان.” چیرۆکەکە دەکەوێتە کەشێکی سکوونەتەوە، ئەگەرچی دەیانەوێ باسی لاقە پەڕیوەکەی کۆمیک بکەنەوە و بیکەنە باسێکی پێکەنیناوی، بەڵام کەشە بێدەنگەکە زاڵە و هەمووان خامۆش دەبن. چیرۆکەکە سیلەنیگایەکی بەرەو جەنگە، جەنگی ئەمەریکا – ئەفغانسان، جەنگێکی خوێناویی و درێژماوە، چیرۆکەکە لە ڕێی ئەو لاقە پەڕیوەوە ئەو جەنگە دژوارە بیری خوێنەر دەهێنێتەوە، پێی دەڵێت کە لاقێکی سەناعی و دەستکرد یانی کارەساتی جەنگ، خەمگینییەکی هەمیشەیی یانی شۆکی جەنگ، چیرۆکەکە ئەمانە لە بازنەی نەگوتراودا دەڵێت، واتە خوێنەر دەبێت پەییان پێ ببات، کۆتایی چیرۆکەکە پاش چەند مانگ لەو دانیشتنە و هاوسەرگیری لەگەڵ دیێدرێدا دەکات؛ کەوایە پاش جەنگ و کاولکارییەکانیش ژیان هەر بەردەوامە.
٢/ چیرۆکی “لە وڵاتێکی تر”، نووسینی: ئێرنەست هێمینگوەی
هێمینگوەی لە ناسراوترین نووسەرانی دنیای کورتەچیرۆکە، ئەو لە ڕەوتی چیرۆکنووسیدا بە میراتگری سەرڕاستی ئەنتۆن چێخۆف دەناسرێت و بۆ خۆیشی باس لە کاریگەرییەکانی چێخۆف و دنیاکەی دەکات. چیرۆکەکانی هێمینگوەی هێند بە وردەکارییەوە نووسراون کە ئەمڕۆ وەک وانە و فێرکاری لە وەرشە و وۆرکشۆپەکانی چیرۆکنووسیندا دەخوێنرێن، چیرۆکەکانی هێمینگوەی بەرجەستەکەرەوەی ئەم ڕستەیەن: “وەسف مەکە، پێشان بدە!” بێگومان چیرۆکی “لە وڵاتێکی تر” لە چیرۆکە ناسراوەکانی هێمنگوەییە، کە تێماکەی لە جەرگەی جەنگدا دەسووڕێتەوە، کۆمەڵێک سەربازن بە کۆمەڵێک برینی جەستەیی و ڕۆحییەوە، لە نەخۆشخانەیەکدا، لە ئیتاڵیا. کارەکتەری سەرەکی زەبر بەر قاچی کەوتووە، ناترێ کە ڕادەی زەبرەکە چەندە، بەڵام بەوەی کە دکتۆر وەک دڵدانەوە لێی دەپرسێت کە حەز دەکات پاش جەنگ چی بکات؟ و ئەویش دەڵێت فتبۆڵێن، دەردەکەوێت کە قاچێکی لەدەست دابێت. هێمینگوەی حاڵەتەکان دەنوێنێتەوە، بێ ئەوەی بچێتە بەیانکردن و قووڵکردنەوەوە، بەڵکو لە ڕێی کامێرای بگێڕەوە، کە دەکاتە گۆشەنیگای کەسێتیی سەرەکی، کۆمەڵێک سەربازمان پێشان دەدات کە لەوپەڕی داڕووخاندان، جەنگ دەروونیانی وێران کردووە، ئازار دەچێژن و لە پەنجەرەی خەستەخانەوە تەماشای دەرەوە دەکەن، هەڵبەت زۆر بە خەمگینی، ئەگەرچی ئەم سەربازانە خاوەنی چەند مەدالیان، بەڵام دۆڕاون، بۆیە سەرکەوتن چیدی شەرفێک نییە، وەک چۆن مەدالیاکانیش هیچ دڵخۆشییەک نابەخشن، مادامەکی جەستە و ڕۆح لە لووتکەی بەربوونەوەدان.
“جوانترین خنکاوی دونیا” کە ناوی چیرۆکە ناوازەکەی مارکیزە، بووە بە ناونیشانی ئەم هەڵبژاردە جوان و تایبەتە، کتێبەکە لە دووتوێی ١٤٢ لاپەڕەدا و لە لایەن “دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم”ەوە چاپ کراوە و ساڵی ٢٠١٧ بڵاو کراوەتەوە. ئەم کتێبە بۆ چیرۆکنووسان و هەموو ئەو خوێنەرانەی چیرۆکیان خۆشدەوێت و عەوداڵی چیرۆکی جوان و جددیین، ئەم کتێبە شیاوی خوێندنەوە و لەسەروەستانە.