وتووێژێک سەبارەت بە کتێبی گەوجاندن
وتووێژێک سەبارەت بە کتێبی گەوجاندن
نوری کەریم: کتێبەکە چەندین چەمکی گرنگی ژیانی ڕۆژانە دەوروژێنێت
سازدانی: سەردەم
لەم وتووێژەدا (نوری کەریم) وەرگێڕی کۆمەڵەچیرۆکی (گەوجاندن) کە لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە، سەبارەت بە دنیای کتێبەکە و چۆنێتی وەرگێڕانی ئەو کتێبە قسە دەکات.
سەردەم: چۆن بوو چیرۆکەکانی (گەوجاندن)ت هەڵبژارد بۆ وەرگێڕان؟
نوری کەریم: هەڵبژاردن، یا پەسەندکردنی ژانرێکی وێژە بۆ وەرگێڕان، بۆ من کارێکی ئاسان نییە و دوای گەڕان و خوێندنەوەیەکی زۆر، ئینجا بڕیار دەدەم چی وەرگێرم، سەرەتا پێویستە بڵێم ئەو کۆمەڵە چیرۆکە، چوار چیرۆک پتر بوو، بەڵام تەنها چواریان ئاوێنەی باڵانمان،کۆمەڵەچیرۆکە ناوی گەوجاندن نەبوو، نووسەرەکەی ناوی نابوو(آثار لا تزول – ئەو شوێنەوارانەی هەر دەمێنن) بەڵام من ناونیشانە سەرەکی و ناونیشانی سێ لە چیرۆکەکانیشم گۆڕی. ناونیشانە سەرەکییەکەم کرد بە گەوجاندن.
یەکەمین جار کە دەستم دایە کتێبەکە و یەکەم چیرۆکم دەخوێندەوە، هەر لە دەستپێکەوە، لە لاپەڕەکانی بەراییەوە نەک هەر سەرنجیان ڕاکێشام، تۆ بڵی پەلکێشیان کردم، ورد ورد بە هەست و چێژەوە کەوتبوومە نێو وشە و ڕستە و دەستە وشەو دەربڕینە سادە و ساکارەکانی نووسەرەوە، کە زۆر وەستایانە چەندین چەمکی گرنگ و هەستیاری ژیانی ڕۆژانە دەوروژێنێت، چینە چەساوە و پلیشاوە و بەشخوراوەکان، هوشیار دەکاتەوە، پڕ بە چاوی بینین و تواناکانی بیرکردنەوە و تێڕامان، گوزەرانی خۆی و دەوروبەرەکەی دروست بخوێنێتەوە بە میتودێکی نوێ لە جۆری پەیوەندییەکانی نێوان گەل و دەسەڵات (حوکمەت) تێبگات کە کوێرانە و پەلبەستراو تێیدا دەژی، لەگەڵ بەردەوامیدا لە خویندنەوەی یەکەم چیرۆک، گومانێکیش هاتە پێش و هەر کە لاپەڕەیەکم هەڵدەدایەوە بە جۆرێک گەل و وڵاتی کوردم لەو چیرۆکانەدا دەبینی، جارجار دەگەڕامەوە سەر ناوی چیرۆکنووسەکە، تۆبڵێیت چیرۆکنووسێکی کورد بێت ئەم چیرۆکانەی بە زمانی عەرەبی نووسیبێت؟ ناونیشانی سێ لە چوار چێرۆکەکەشم گۆڕی کە واتاکانیان لە زمانی کوردیدا، نە هێز و پێزێک و نە هارمۆنیایەکیان نییە. نێونیشانی (دولە هندستان الشقیقە – دەوڵەتی هندستانی برا) گۆڕیم بە دادگاییکردنی مارێکی زمانزان، چێرۆکی (الرجل الغریب – پیاوە نامۆکە) ئەویشم کرد بە جنۆکە! چیرۆکی سێیەم (الشتاء قادم – زستان بەڕێوەیە) لە وەرگێڕانەکەدا بووە بە (بەم هاوینە سەرمامانە، زستانە زستان!)
سەردەم : گرنگیی و پەیامی کتێبەکە چین بۆ خوێنەر و کتێبخانەی کوردی؟
نوری کەریم: وەک دەزانین چیرۆک ژانرێکی وێژەیە، چیرۆکەکانی دووتوێی گەوجاندن یش وەک ژانری چیرۆک نامۆیە بە خوێنەری کورد و کەلینێکی کتێبخانە هەژار و ڕوتەڵەکەی نەتەوەیەکی چل پەنجا ملیۆنیش پڕ دەکاتەوە کە هێشتا لەو جۆرە دەقانەی بە خۆیەوە نەبینیوە و خوێنەر هەر زوو، بەدەم خوێندنەوەوە هەست بە نزیکییەک دەکات لەتەک ڕووداوەکاندا و هەتا پتری لێ دەخوێنێتەوە، پتریش خۆی و ژیانی ڕۆژانەو پەیوەندییەکانی نێوان گەل و دەسەڵاتی بە ئاسانی تێدا دەبینێت و دەتوانم بڵیم هەر خوێنەرێکی کورد بە گشتی خۆی لێ دەبێتە یەکێک لە پاڵەوانەکانی چیرۆکەکان و هەست بە شکست و سەرکەوتنیان دەکات. لە هەردوو وەرگێڕانی سەرانی کۆمپانیا وگەوجاندندا، چەندین خوێنەر دوای خوێندنەوە هەریەکە و بە جۆرێک هەستی خۆی، هەڵسەنگاندنی خۆی، لەمەڕ شێوە و ناوەڕۆکی بەرهەمەکان دەربڕیوە و دەڵێن خۆمان لەپاڵ پاڵەوانەکاندا دەبینییەوە، هەستمان دەکرد بەشیکین لە ڕووداوەکان، هەستمان بەوەش نەدەکرد بەرهەمێکی وەرگێڕدراو دەخوێنینەوە.
سەردەم: ئەم کتێبە چ ئیزافەیەک دەخاتە سەرباری ڕۆشنبیریی کورد؟
نوری کەریم: هەمو بابەتێکی نوێ سەربارێکە، یا ئەرێنی یا نەرێنی. ئەگەر ئەرێنی بوو، ئەوە سەربارێکی پێویست و پڕفرۆش و خاوەن خوێنەرە و ئاشنایان دەکات بە بابەتێکی نوێ و پانتاییەکی بچووکی کتێبخانەی نەتەوەییمان دەڕازێنێتەوە، خۆ ئەگەر نەرێنیش بوو، ئەوە بەرهەمێکە بریتییە لە ڕەشکردنەوەی کاغەزی سپی و بە هیچ حسابێک ئەو کاغەز و مەرەکەبە ناهێنێت کە تێیدا کار کراوە!
بەهاری ساڵی ١٩٧٠، شەڕی نێوان حکومەتی بەعس و بەناو شۆڕشی کورد وەستاو باشوور شەپۆلێکی بوژاندنەوە و پێشکەوتنی هەر هەموو ژانرەکانی وێژە و هونەری بە خۆیەوە بینی و پەیتا پەیتا هۆنراوە و کورتەچێرۆک و وەرگێڕان و لێکۆڵینەوە و ڕیپۆرتاج، بە جیاوازی ئاستیانەوە، بە چاک و مامناوەندی و خراپ و بێکەڵکەوە، بە ڕادەیەک بڵاو دەکرانەوە، نووسەر و وەرگێڕی ناسراو مامۆستا سەعید ناکام، دەگاتە تینی بەرلە ٥٣ ساڵ، نامەیەکی بۆ لیژنەی هاریکاریکردنی چاپکردنی کتێب نووسیوە (نامەکەی بە عەرەبی نووسیوە) و بریتییە لە: هەندێک کتێب و کتێبوڵکە دەبینین لە بازاڕدا لەژێریدا نووسراوە (وەزارەتی کاروباری باکوور یارمەتی لە چاپدانی داوە) نرخی ئەو کاغەزە ناهێنێت کە لەسەری چاپ کراوە! ئایا ئەو شارەزایانەی بەسەر ئەو کتێبانەدا چوونەتەوە، بەشێک لە بەرپرسیارێتی تێکدان و وێرانکردنی وێژە و زمانەکەمانی ناکەوێتە ئەستۆ؟ پێشنیازیش دەکەم لەمەودوا نووسراوی ناردنی کتێب بۆ شارەزایان ئەم (وریاکردنەوە)یەی تێدا بنووسرێت (ئێوە کە پشتگیریی چاپ کردنی کتێبێک دەکەن، بەرپرسیارێتی ئەو ڕەخنانە دەکەوێتە ئەستۆتان کە لە کتێبەکە دەگیرێت) بە مەرجێک ئەم وریاکردنەوەیە کاری پێ بکرێت و ناوی ئەو پسپۆڕە ئاشکرا بکرێت کە ڕەشنووسەکەی پەسەند کردووە چاپ بکرێت بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ڕەخنە ببێتەوە و بەرهەمی کرچوکاڵیش ڕێگەی چاپکردن و دەرکەوتن نەدۆزێتەوە، بە هۆی یارمەتیدانی لایەنی فەرمییەوە.
ئەو هاوار و بانگەوازە ڕاستەوخۆ و بێپەردەیەی مامۆستا سەعید ناکام، لەکاتێکدا بوو، پرۆسەی چاپ کردنی بەرهەمەکان بە هیچ جۆرێک لەگەڵ ئەمەی ئێستادا بەراورد ناوکرێت، ئەوکات خوێنەرمان هەبو، کە دەنگۆی چاپ کردنی کتێبێک بڵاو دەبووەوە، خوێنەرە ڕاستینەکان پێشوەخت ناوی خۆیان دەنووسی و پارەیان دادەنا بۆ ،سۆگەرکردنی بەدەستهێنانی بەرهەمەکە.
سەردەم: پرۆسەی وەرگێڕانی ئەزمونە جیهانییەکان چ گرنگی و بەهایەکیان بۆ کولتوور و خوێنەری ئێمە هەیە؟
نوری کەریم: کاریگەرییەکانی پرۆسەی نزیککردنەوەی ئەزمونە جیهانییەک،ان لە وێژەدا، بە شێوەیەکی گشتی و ژانری کورتە چیرۆک بە تایبەتی لەسەر دەستی وەرگێڕە شارەزا و دەستڕەنگینەکانەوە بۆ خوێنەری کورد، بەها و گرنگییەکی بەرچاوی هەیە.
کورد لە ژانرەکانی هۆنراوە و بەیت و فۆلکلۆری میللیدا دەوڵەمەندە، ئۆسکارمان بەیتە کوردییەکانی کۆکردۆتەوە و لە کتێبێکدا بە نێوی توحفەی موزەفەرییە بڵاوی کردونوەتەوە، نووسیویەتی(ئێوەی کورد قەدری ئەو بەیتە بەنرخانە نازانن، سوێندبێ نە شکسپیر، هۆگۆ، لامارتین و پۆشکین، هیچکامیان بەو ناسکی و جوانییە شیعریان نەهۆنیوەتەوە) بەڵام کورد لە چیرۆک و ڕۆمان وشانۆنامەدا هەژار و دەستکورتە، بۆیە ئەرکێکی نەتەوەیی گرنگ و هەنوکەییە ئەو کەلێنە بە وەرگێڕانی دەقە ناوازە و شاکارەکانی نووسەرە بلێمەتەکانی وێژەی جیهانی پڕکەینەوە و لە هەمان کاتیشدا دەبنە پێشخان و نووسەرەکانمان دەستوپەنجەی خۆیانی لەتەکدا نەرم دەکەن بۆ بەرهەمی ناوازە و شاکار وخوێنەری پێ ئاشنا دەبێت، دەتوانم بلێم نووسەرانی ئێمە کاتێک سەر بە ماڵی نووسەرانی بێگانەدا دەکەن، ئینجا دەزانن ئێمە چەندین قۆناغ لە دواوەین و ئەوان چەندین تەکنیک و داهێنانیان لە بەرهەمەکانیاندا کردووە.
سەردەم: مەرج و پێوەرەکانی هەر وەرگێڕێکی سەرکەوتوو چین؟
نوری کەریم: لە هەر هەموو ژانرەکانی هونەر و وێژەدا، لێکچوونێک هەیە لەگەڵ ئەو پەندە کوردییەی باپیرانماندا کە فەرمویانە (گوڵەگەنم هەیە و زیوانیش هەیە، بەڵام هەزار زیوان بە یەک گوڵەگەنم ناچێت) وەرگێڕان و هەر هەموو کارە هونەری و وێژەییەکانیش ملکەچی ئەو یاسایەن، وەرگێڕان هەیە وەک ئەو گوڵەگەنمە و وەرگێڕانیش هەیە بە ناڕەوا پێی دەوترێت وەرگێڕان، زیوانە و بە هەزاریان وەرگێڕانێکی دروست ناهێنن.
مەرج و پێوەر هەموو دەم هاوتانین، جیاوازن، مەرجێکی سەرەکی وگرنگی وەرگێڕ ئەوەیە زمانی تێکستەکە و زمانەکەی خۆی زۆر چاک و لە ئاستێکی بەرزدا بزانێت و لە هەر هەموو لایەنەکانی زمانەوانیدا: زمان، ڕێزمان، ڕێنووس و داڕشتن و پاراستنی ڕۆحی تێکستەکەدا، باڵادەست بێت. وەرگێڕێکی کورد شارەزای زمانی ئینگلیزی بێت، بەڵام لە زمانەکەی خۆیدا ئەو شارەزاییەی نەبێت، یا بە پێچەوانەوە، دڵنیام هەرگیز بەرهەمێکی سەرکەوتوو پێشکەش ناکات.
دوورکەوتنەوە لە وەرگێڕانی وشە بە وشە، بۆ نموونە سەرنج بدە ئەم ڕستە عەرەبییە(ماذا ورائک ایها الاعرابی؟) ئەگەر وشە بەرامبەر وشە بیکەین بە کوردی، دەبێت بە (چی لە دوای تۆوەیە ئەی دەشتەکی؟) بەڵام وەرگێڕانە دروستەکەی بریتییە لەوەی(کابرای دەشتەکی بۆچی هاتویت؟) یا چیت گەرەکە؟ چی هێناویتی؟
مەرجەکان و پێوەرەکان هەندێک جار هاوشانن و جاروباریش جیاوازن و جیا دەبنەوە، لێرەدا با بە کورتی بڵێین وەرگێڕی ڕاستینە و سەرکەوتوو پێویستە بەهرەی چیرۆکنووسینی هەبێت، ئینجا تەکنیکی چیرۆکنووسین شارەزا بێت، کە گرنگترینیان بریتییە لە توانای گەیاندنی ئەو پەیامەی دەیەوێت بیگەیەنێت و بتوانێت بە فورمێکی سادە و ساکار دایڕیژێت کە خوێنەر چێژی لێ وەرگرێت و لە خوێندنەوەی بێزار نەبێت.