چیرۆكی ئه‌و كچه ئه‌فغانییه‌ی له ترسی تالیبان خۆی كردبوو به كوڕ
چیرۆكی ئه‌و كچه ئه‌فغانییه‌ی له ترسی تالیبان خۆی كردبوو به كوڕ
“باوكم بۆ ماوه‌ی ده ساڵ جلی كوڕانه‌ی له‌به‌ركردم تاكو به ئازادی بژیم”
نیلۆڤه‌ر ئه‌یوبی، كچێكی ئه‌فغانییه، له ئێستادا ته‌مه‌نی 23 ساڵه و له وڵاتی پۆڵه‌نده ده‌ژی، ئه‌و ئاوا به‌سه‌رهاتی چیرۆكی ژیانی خۆی ده‌گێڕێته‌وه:
ته‌مه‌نی ته‌نها چوار ساڵ بووه، له شه‌قام و كۆڵانه‌كانی شاری قه‌ندوز، له باكوری ئه‌فغانستان، سه‌رقاڵی یاریكردن بووه، له ناكاو پیاوێكی ریشنی شێوه ترسناك، لێی نزیك ده‌بێته‌وه، ده‌ست ده‌خاته سه‌ر سنگی و به شوێن نیشانه‌ی “مێیایه‌تیدا” ده‌گه‌ڕێت، پاشان تا هێزی تیایه شه‌پازله‌یه‌ك له رووخساری ده‌دات و تا ئێستاش شوێنی سوور هه‌ڵگه‌ڕانی شه‌پازله‌كه، به رووخساریه‌وه دیاره. ئینجا هه‌ڕه‌شه‌ی لێده‌كات ئه‌گه‌ر جارێكی دی بێ حیجاب بیبینێته‌وه، ئه‌وا باوكی ده‌ستگیر ده‌كات.
نیلۆڤه‌ر دوای تێپه‌ڕبوونی 23 ساڵ به‌سه‌ر رووداوه‌كه‌دا، هه‌مو ئه‌وه‌ی له‌و رۆژه‌دا روویدا بوو، بیرده‌كه‌وێته‌وه و قسه بۆ به‌رنامه‌ی “ئاوت لۆك”ی رادیۆی BBC كردووه و ده‌ڵێت: “به گریانه‌وه گه‌ڕامه‌وه بۆ ماڵه‌وه، باوكم به جۆرێك توڕه بوو، غه‌زه‌بی لێده‌باری و رووخساری سوور هه‌ڵگه‌ڕا”.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: “بیرمه باوكم له شوێنی خۆی كه‌وته هاتوچۆكردن، ده‌رۆشت و ده‌گه‌ڕایه‌وه و له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌یوت: چۆن بوێری ئه‌وه‌ی كردووه ده‌ستت لێ بدات؟”.
پاشان باوكی بڕیارێك ده‌دات، ته‌واوی ژیانی كچه‌كه‌ی له ئه‌فغانستان و له ماوه‌ی حوكمی یه‌كه‌می تالیبان، له نێوان ساڵانی 1996 بۆ 2001، ده‌گۆڕێت و نیلۆڤه‌ر به درێژایی 10 ساڵ، وه‌ك كوڕ ده‌ژی. به‌مه‌ش له ده‌ست ئه‌و لێكدانه‌وه سه‌ركوتكه‌رانه‌یه رزگاری بووه كه تالیبان، بۆ جێبه‌جێكردنی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی، سه‌باره‌ت به مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ ژن، پیاده‌ی ده‌كرد.
نیلۆڤه‌ر ساڵی 1996 له‌دایك بووه، هه‌رچه‌نده پاسپۆرته‌كه‌ی له‌سه‌ری نووسراوه ساڵی 1993 له‌دایك بووه. باوكی له‌م كاره‌دا، هه‌وڵیداوه به زووترین كات كچه‌كه بخاته قوتابخانه و ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی قۆستووه‌ته‌وه كه ئه‌مریكا، توانی له ساڵی 2001 تالیبان له ئه‌فغانستان دووربخاته‌وه. له‌م باره‌یه‌وه نیلۆڤه‌ر ده‌ڵێت: “شاری قه‌ندوز، هه‌رگیز شوێنێكی سه‌رنجڕاكێش نییه بۆ ئه‌وه‌ی ژن تێیدا له‌دایكببێت. له‌م شاره‌دا ژیان بۆ پیاو قورس و سه‌خته، چ جای بۆ ژن”.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: “كوڕ بوون خۆڕسكانه هێزت پێده‌به‌خشێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر تۆ كوڕێكی منداڵی ته‌مه‌ن دوو ساڵانه‌ش بیت، ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه تۆ رێزت له‌و دایكه زیاتره كه تۆی هێناوه‌ته دونیاوه. ئه‌گه‌ر كوڕ بیت، له ته‌مه‌نی چوار ساڵیدا، له رووی یاساییه‌وه، بۆت هه‌یه هاوه‌ڵی ئه‌و ژنه بكه‌یت كه دایكته، ئه‌و وه‌ك كۆیله وایه. تۆ وه‌ك ژن، مێینه‌یه‌كی نه‌بینراویت”.
نیلۆڤه‌ر باس له‌وه ده‌كات له ئه‌فغانستان، كارێكی به‌ربڵاوه خێزانه‌كان، جلوبه‌رگی كوڕانه بكه‌نه به‌ر كچه‌كانیان. به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر خێزانه‌كه هیچ “نێرینه‌یه‌كی” نه‌بێت. چونكه ئه‌و خێزانانه‌ی نێرینه‌یان نییه، ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه هه‌ر پیاوێك بێت، لێیان نزیك ببێته‌وه و هه‌وڵده‌دا ژنه‌كه بكاته هاوسه‌ری خۆی.
به‌ڵام ئه‌م حاڵه‌ته له ژیانی نیلۆڤه‌ردا جیاواز بووه، چونكه خێزانی ئه‌وان نێرینه‌یان هه‌بووه و مه‌سه‌له‌كه په‌یوه‌ندی به بوون یان نه‌بوونی نێرینه‌وه نه‌بووه. به‌ڵكو مه‌سه‌له‌كه په‌یوه‌ندی بوه‌وه‌وه بووه تا نیلۆڤه‌ر بتوانێت به ئازادانه بژی. لێره‌وه باوكی داوا له دایكی ده‌كات مقه‌سته‌كه‌ی بۆ بێنێت، قژی ده‌بڕێت و به دایكی ده‌ڵێت: “جلی كوڕانه‌ی له‌به‌ربكه”.
ئازادی
سه‌روه‌ختێك نیلۆڤه‌ر به قژه بڕاوه سه‌یره‌كه‌یه‌وه راده‌وه‌ستێت و جلوبه‌رگی كۆنه‌ی براكانی له‌به‌رده‌كات، هه‌رگیز به خه‌یاڵیدا نه‌هاتووه ژیانی به شێوه‌یه‌كی ریشه‌یی گۆڕانی به‌سه‌ردادێت و ده‌ڵێت: “وه‌ك براكانم مامه‌ڵه‌م له‌گه‌ڵ ده‌كرا، ده‌متوانی جلی كوڕانه له‌به‌ربكه‌م و له‌گه‌ڵ باوكم بڕۆم بۆ بازاڕ. ده‌متوانی سواری پاس و ئامانه ببم و بڕۆم بۆ بینینی چالاكییه وه‌رزشییه‌كان. بوومه هاوڕێی كوڕانی دراوسێمان. له ده‌ره‌وه له هه‌ر كاتێكدا بووایه ده‌متوانی یاری بكه‌م”.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، ژیانی خوشكه‌كانی، وه‌ك خۆیان مانه‌وه و هه‌مان دۆخی ژیانی ژنانی ئه‌فغانستانیان هه‌بوو. خوشكه‌كانی ناچاربوون ته‌نانه‌ت له ماڵه‌وه‌ش حیجاب بكه‌ن و ئه‌و جلوبه‌رگانه له‌به‌ربكه‌ن كه ته‌واوی جه‌سته‌یان داده‌پۆشێت. وه‌لێ باوكی حه‌زی به‌و جۆره شتانه نه‌بووه و ده‌ڵێت: “باوكم هه‌رگیز داوای لێ نه‌كردووین، ئه‌و جلوبه‌رگه زه‌رد و نه‌ریتییه له ماڵه‌وه له‌به‌ربكه‌ین. باوكم هه‌میشه له‌گه‌ڵ دایكم شه‌ڕیان بوو، به دایكمی ده‌وت: بۆچی جلوبه‌رگی گونجاویان له‌به‌رناكه‌یت، ئه‌م جلانه زۆر درێژه، بۆچی ئه‌م جلوبه‌رگه ده‌ڵب و درێژ و پان و پۆڕانه‌یان له‌به‌رده‌كه‌یت؟”.
دروستكردنی متمانه
نیلۆڤه‌ر ده‌ڵێت ژیان و گه‌وره‌بوونی به دوو شوناس، دوو ناسنامه، وای لێكردووه هه‌میشه هه‌ست به جیاوازی بكات. ره‌نگه تاقه كه‌سێك له ئه‌زمونی ئه‌م تێبگات، هاوڕێ نزیكه‌كه‌یه‌تی كه كچێكه ئه‌ویش وه‌ك كوڕ ژیاوه و روبه‌ڕووی هه‌مو جۆره كێشه‌یه‌ك بووه‌ته‌وه.
ئه‌و له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: “من و هاوڕێكه‌م هاوبه‌شبووین له تاوانه‌كه‌دا، له هه‌ر جارێكدا، یه‌كێمان خه‌ریك بوو ئاشكرا ببێت، ئه‌وه‌ی دیكه‌مان به خێرایی ئاگاداری كردووه‌ته‌وه و رزگاری كردووه”، نیلۆڤه‌ر ئاماژه به‌وه ده‌كات ئه‌و به ته‌واوی دڵنیابووه له‌وه‌ی كه كوڕه، ته‌نانه‌ت به‌لای خه‌ڵكه‌وه زۆر زه‌حمه‌ت بووه، مه‌زه‌نده‌ی ئه‌وه بكه‌ن ئه‌و كوڕ نییه و كچه. له كۆبوونه‌وه و گردبوونه‌وه‌كاندا، وه‌ك كوڕه‌كانی دیكه، توانجی له كچه‌كان گرتووه و ته‌نگی پێهه‌ڵچنیون و به كچه‌كانی وتووه ئێوه جوان و سه‌رنجڕاكێشن.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌و ئازادییه‌ی به‌ده‌ستی هێنابوو، باجی خۆی هه‌بوو: هه‌رگیز فێری ئه‌وه نه‌بووه، وه‌ك ژنێكی ئه‌فغانی به ئاسایی بژی و نه‌یتوانیوه پارێزگاری له په‌یوه‌ندی نێوان خۆی و خوشكه‌كانی بكات و ده‌ڵێت: “هه‌رگیز نه‌متوانی وه‌ك پێویست له‌گه‌ڵ خوشكه‌كانم به‌رده‌وامبم. تێنه‌ده‌گه‌شتم جیهانی ئه‌وان چۆن چۆنییه. ئا له‌به‌ر ئه‌وه، تێنه‌ده‌گه‌شتم، سوڕی مانگانه‌ی كچان، چ مانایه‌كی هه‌یه و واتای چییه”. ئه‌و له شاشه‌ی ته‌له‌فزینه‌كانه‌وه، ریكلامی “سانتی” بینیوه، به‌ڵام نه‌یزانیوه بۆ چ مه‌به‌ستێك به‌كاردێت.
“رۆژێكیان سانتییه‌كم له‌ژێر فه‌رشه‌كه‌دا دۆزییه‌وه، هه‌ڵمگرت و رۆشتم بۆ لای باوكم، ئای باوكه، سه‌یركه! وه‌ك ئه‌وه وایه كه له ته‌له‌فزیۆندا ده‌یبینم. وای چه‌ند پێكه‌نیناوییه، ئه‌مه بۆ چ مه‌به‌ستێك به‌كاردێت؟ باوكی داماوم ته‌نها توانی بڵێت: نازانم، نا زانم. پاشان پرسیارم له خوشكه‌كه‌م كرد، بیرمه خوشكه‌كه‌م قسه‌ی پێوتم و به توڕه‌ییه‌وه سانتییه‌كه‌ی لێوه‌رگرتم. تا ئه‌و كاته كه‌س بیری له‌وه نه‌كردبووه‌وه: پێویسته باسی خوێن بینین و سوڕی مانگانه‌ی بۆ بكرێت”.
گه‌ڕانه‌وه بۆ واقیع
له ته‌مه‌نی 13 ساڵیدا و دوای مه‌شق و راهێنانێكی تاقه‌تپڕوكێنی یاری جۆدۆ، نیلۆڤه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ماڵه‌وه و هه‌ست به ماندووبوونێكی زۆر ده‌كات، قاچه‌كانی ئازاریان ده‌دا، ده‌یویست ته‌نها بڕواته سه‌ر جێگاكه‌ی و پشوویه‌ك بدات. سه‌روه‌ختێك ده‌ڕوات بۆ گه‌رماو، خوێن ده‌بینێت و تووشی شۆك ده‌بێت، ئا له‌و چركه‌ساته‌دا، هه‌ست ده‌كات ژیانی خه‌ریكه وه‌رچه‌رخانێكی تووندی دیكه به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت.
“له به‌یانی رۆژی دواتردا، حاڵه‌ته‌كه‌ی دوێنێم بۆ هاوڕێ كچه‌كه‌م باس كرد، خه‌ریك بوو بداته قاقای پێكه‌نین و وتی: تۆ زۆر گه‌مژه‌یت، ئه‌ی خوشكه‌كانت پێیان نه‌وتوویت؟”.
كچه‌كه‌ی هاوڕێی، تاكه كه‌سی متمانه‌پێكراوی ژیانی بووه، ژیانێك جۆرێك له شیزۆفیرینیای له‌خۆگرتبوو. دواجار هاوڕێكه‌ی یارمه‌تیده‌دا له مه‌ته‌ڵی سانتییه‌كه تێبگات كه له شاشه‌ی ته‌له‌فیزیۆنه‌كانه‌وه بینیویه‌تی.
“له گه‌رماو گه‌ڕامه‌وه و دایكم په‌ڵه‌یه‌كی له‌سه‌ر جله‌كانم بینی، له بری ئه‌وه‌ی پشتگیریم بكات و لای من بێت، جنێوی ده‌دا و پرسی: بۆچی ئه‌وه‌نده زوو گه‌وره بوویت؟”.
دایكی ده‌ست ده‌كات به گریان، چونكه ده‌یزانی ئاینده‌ی كچه‌كه‌ی، وه‌ك ئاینده‌ی خۆی و ئاینده‌ی خوشكه‌كانی دیكه‌ی ده‌بێت، له نێو چوار دیواری ماڵه‌كه‌دا گیرده‌خۆن و ده‌مێننه‌وه. ئه‌م ئه‌زموونه، سه‌باره‌ت به نیلۆڤه‌ر، ئه‌زمونێكی ئازاربه‌خش بووه و ده‌ڵێت: “لای ئێمه ئه‌فسانه‌یه‌ك هه‌یه، به گوێره‌ی ئه‌م ئه‌فسانه‌یه، ئه‌گه‌ر به‌ژێر په‌لكه زێڕینه‌دا بڕۆیت، ئه‌وا ره‌گه‌زه‌كه‌ت ده‌گۆڕدرێت. من زۆرم پێ‌ناخۆش بوو كه كچم، ته‌نانه‌ت شه‌وانه له‌سه‌ر جێگاكه‌م ده‌گریام و له خودا ده‌پاڕامه‌وه ده‌رفه‌تم بۆ بڕه‌خسێنێت به‌ژێر په‌لكه زێڕینه‌كه‌دا بڕۆم”.
كچێكی یاخی
ئه‌و ساڵانه‌ی نیلۆڤه‌ر وه‌ك “كوڕ” ژیابوو، كاریگه‌ری له‌سه‌ر قۆناغی هه‌رزه‌كاری به‌جێهێشتبوو، رۆحی یاخیبوونی له ناخیدا چاندبوو، ئه‌مه وای لێده‌كات له قوتابخانه، گروپێك دروست بكات، بۆ ئه‌وه‌ی كچان فێری ئه‌و گۆڕانكاریانه بكات كه به‌سه‌ر جه‌سته‌یاندا دێت. هه‌روه‌ها رێگه‌ی پێدا له ده‌ره‌وه‌ی وڵات و له هیندستان، بخوێنێت و بۆچوونه‌كانی خۆی سه‌باره‌ت به هاوسه‌رگیری په‌ره‌پێبدات.
سه‌باره‌ت به هاوسه‌رگیری ده‌ڵێت: “ته‌نانه‌ت كاتێك زۆر بچووك بووم، پێشنیاری زۆر ده‌خرانه‌ڕوو. به‌ڵام باوكم هه‌میشه منی ده‌پاراست و لایه‌نگری من بوو، باوكم ده‌یوت: ئێستا هاوسه‌رگیری ناكات، با یه‌كه‌مجار خوێندنه‌كه‌ی ته‌واو بكات، دوای ئه‌وه خۆی سه‌رپشكه چی ده‌كات و كێ هه‌ڵده‌بژێرێت”.
له كۆتایدا نیلۆڤه‌ر، ساڵی 2016، واته له ته‌مه‌نی 19 ساڵیدا، هاوسه‌رگیری ده‌كات. وه‌ك خۆی ده‌ڵێت هاوسه‌ره‌كه‌ی، به رێگایه‌ك له رێگاكان، ئه‌و بۆشاییه‌ی بۆ پڕكرده‌وه كه مردنی باوكی له ژیانیدا بۆی دروستكردبوو، باوكی ساڵێك پێشتر، واته له ساڵی 2015 كۆچی دوایی كردووه و ده‌ڵێت: “بێگومان، هاوسه‌ره‌كه‌م ناتوانێت جێگای باوكم بگرێته‌وه. به‌ڵام هاوسه‌ره‌كه‌م چ ئه‌و كات و چ ئێستاش، پاڵپشتم بووه”.
راكرن
خێزانی نیلۆڤه‌ر ورده ورده گه‌وره‌ده‌بن و گه‌شه‌ی زیاتر ده‌كه‌ن و به ماڵه‌وه دێنه كابولی پایته‌خت، له‌وێ ژماره‌یه‌ك فرۆشگای مۆبیلیات ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كاره‌كانی ئه‌نجامده‌دا، له گه‌رمه‌ی ئیشوكاریاندا، 300 كه‌سیان دامه‌زراندبوو، له‌وانه به‌شی هه‌ره زۆریان ئه‌و ژنانه بوون كه هیچ نێرینه‌یه‌كیان نه‌بوو.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ هاتنی ساڵی 2021 و گه‌ڕانه‌وه‌ی تالیبان بۆ ئه‌فغانستان و خۆئاماده‌كردنی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان بۆ جێهێشتنی ئه‌و وڵاته، خێزانی نیلۆڤه‌ر بیر له‌وه ده‌كه‌نه‌وه ئیدی كاتی ئه‌وه‌یه سه‌ر زه‌وی به‌جێبێڵن و روو بكه‌نه ژێر زه‌وی. هاوكات له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌شێوی و ئاژاوه‌گێڕی له شه‌قامه‌كانی كابولدا، خێزانی نیلۆڤه‌ر په‌نا ده‌به‌نه به‌رخانوویه‌كی سه‌لامه‌ت له نزیك شوێنی كاره‌كه‌ی. به‌ڵام دایك و خوشكه‌كانی، له دیوه‌كه‌ی دیكه‌ی شاره‌كه‌دا و دوور له ده‌سه‌ڵاتی تالیبان مانه‌وه.
ئه‌فغانستان له سایه‌ی حوكمی تالیبان، قه‌ده‌غه‌ی كرد ژنان سه‌ردانی باخچه گشتییه‌كانی پایته‌ختی وڵاته‌كه بكه‌ن. لێره‌وه نیلۆڤه‌ر ده‌ستیكرد به یارمه‌تیدانی رۆژنامه‌نووسه نێو ده‌وڵه‌تییه‌كان، ئه‌وان په‌رۆشی ئه‌وه بوون، نیلۆڤه‌ر هه‌ر زانیارییه‌كی لایه، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی له كاتی په‌شێوییه‌كاندا رووده‌دات، پێیان رابگه‌یه‌نێت. یه‌كێك له‌و رۆژنامه‌نووسانه، گه‌نجێكی پۆڵه‌نده‌ی ده‌بێت و به نیلۆڤه‌ر ده‌ڵێت ئایا خۆی و خێزانه‌كه‌ی، ناویان له‌و لیستانه‌دا هه‌یه كه ڕێگه‌یان پێده‌درێت ئه‌فغانستان به‌جێبهێڵن؟ وه‌ڵامی ده‌داته‌وه و پێی ده‌ڵێت: نه‌خێر.
نیلۆڤه‌ر ئه‌و ساته‌ی باش له بیره، رۆژنامه‌نووسه‌كه پێی ده‌ڵێت: “ته‌نها یه‌ك كاتژمێر له‌سه‌رم بووه‌سته”. ئیدی ناوه‌كه‌ی بۆ گروپی واتس‌ئاپ زیاد ده‌كرێت و پێی ده‌ڵێن له ماوه‌ی 24 كاتژمێردا، له فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كابول ئاماده‌بێت و ته‌نها دوو جانتای پشت له‌گه‌ڵ خۆی بهێنێت.
هه‌نووكه نیلۆڤه‌ر و خێزانه‌كه‌ی له وڵاتی پۆڵه‌نده ده‌ژین، وڵاتێك پێش ئه‌وه‌ی سواری فڕۆكه‌كه ببن، هیچ زانیارییه‌كی ئه‌وتۆیان له‌باره‌یه‌وه نه‌بووه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا و له‌گه‌ڵ بوونی چه‌ندین ئاسته‌نگ، نیلۆڤه‌ر توانی ببێت به به‌رگریكارێكی سه‌ر سه‌ختی مافه‌كانی ژن له وڵاته‌كه‌ی و له جیهاندا، بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌زموونی خۆی، سه‌ردانی برۆكسل و ئه‌ڵمانیا و ئه‌مریكای كردووه.
به بیركردنه‌وه له ژیانی كه به شێوه‌یه‌كی ریشه‌یی دابه‌ش بووه، ده‌ڵێت ژیانی: “نیعمه‌ت و نه‌فره‌ت” بوو:” نه‌فره‌ت بوو چونكه وایكرد شوناس و ناسنامه‌یه‌كی په‌رت و بڵاوم هه‌بێت. نه ده‌توانم ژنێكی ته‌واوبم و نه پیاوێكی ته‌واو. به‌ڵام له هه‌مان كاتدا نیعمه‌تیشه، چونكه من هه‌ر دووكیانم ئه‌زموون كردووه، ئه‌مه‌ش وایلێكردم ببمه ئه‌و ژنه به‌هێزه‌ی ئه‌مڕۆ”.