نووسه‌ران په‌یامنێری جه‌نگ بوون
نووسه‌ران په‌یامنێری جه‌نگ بوون
حه‌سونه ئه‌لمسباحی
له عه‌ره‌بییه‌وه: باوكی ڕه‌هه‌ند
ڕۆشتنیان بۆ به‌ره‌كانی شه‌ڕ هه‌ڵبژارد، تا له نزیكه‌وه ڕووداوه‌كان و ڕاستییه‌كان به چاوی خۆیان ببینن و تێیدا بژین.
ئیێمه ده‌زانین ئێستا و پێشتریش، جه‌نگ ئیلهامی به نووسەران و شاعیران به‌خشیوه و له هه‌مو قۆناغه‌كانی مێژووی مرۆڤایه‌تی، چیرۆكی جه‌نگه‌كان، ئاماده‌ییه‌كی به‌هێزی هه‌بووه. یه‌كه‌مین كه‌س بایه‌خی به‌م چیرۆكانه داوه، “هۆمیرۆس”ی یۆنانی بوو له “ئه‌لیاده”دا. له ڕۆمانی فه‌ڕه‌نسی، ڕۆماننووس ستاندال، له ڕۆمانی “سور و ڕه‌ش” و له ڕۆمانی ڕوسی، ڕۆماننووس تۆڵستۆی، بایه‌خیان به گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كانی جه‌نگ داوه. لای تۆڵستۆی ورده‌كارییه‌كی گرنگ ده‌رباره‌ی ئه‌و جه‌نگانه ده‌بینین كه ناپلیۆن بۆ ناپارت ئه‌نجامیدا و ده‌یویست چه‌ندین وڵاتی ئه‌وروپی داگیربكات و سیستمه پاشایه‌تییه‌كانیان بڕووخێنێت.
كاره‌سات و نه‌هامه‌تی و كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی، له چه‌ندین ڕۆمانی نایابدا ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه، له‌وانه ڕۆمانی نووسه‌ری ئه‌ڵمانی ئێریك ماریا ڕیمارك: “هیچ شتێك له‌به‌ره‌ی خۆرئاوا ڕوونادات”، ڕۆمانی نووسه‌ری فه‌ره‌نسی لوی فێردینارد سیلین: “گه‌شتێك بۆ كۆتاییه‌كانی شه‌و”. كۆمه‌ڵه چیرۆكی “كه‌تیبه‌ی سوارچاكه سوره‌كه” له نووسینی چیرۆكنووسی ڕوسی ئیسحاق بابلی، به باشترین نووسین داده‌نرێت سه‌باره‌ت به‌و شه‌ڕه ناوخۆییه‌ی له نێوان “سپییه‌كان” و “سووره‌كان” به‌رپابوو، دوای سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی به‌لشه‌فییه‌كان و ڕووخانی ڕژێمی قه‌یسه‌ر له ڕوسیا.
له هه‌ردوو ڕۆمانی “ئومێد/الامل”ی نووسه‌ری فه‌ره‌نسی ئه‌ندرێ مالرۆ، له‌گه‌ڵ ڕۆمانی “زه‌نگه‌كان بۆ كێ لێده‌ده‌ن”ی نووسه‌ری ئه‌مریكی ئارنست هێمنگوای، دیمه‌نی ترسناك و زیندوو، له‌سه‌ر جه‌نگی ناوخۆی ئیسپانیا ده‌بینین. نووسه‌ری ئه‌مریكی نۆرمان میله‌ر، له ڕۆمانی “النیئون و العراة” به شێوازێكی تووند و كاڵتهجاڕانه، ڕه‌خنه له ئه‌فسانه‌ی سوپای ئه‌مریكا ده‌گرێت، گوایه سوپایه‌كه “تێكناشكێت”، هه‌روه‌ها ئه‌و شكست و دۆڕاندنانهی ئاشكراكردووه كه سوپای ئه‌مریكا، له جه‌نگی دووه‌می جیهانی، دووچاری ببوو.
نووسه‌ری ئیتالی مالابارتی، له ڕۆمانی “كابوت”، به وردییه‌كی ئازاربه‌خشه‌وه، نه‌هامه‌تی سه‌ربازه ئه‌ڵمانییه‌كان، له به‌ره‌ی ڕوسیا و له ماوه‌ی جه‌نگی دووه‌می جیهانی، ده‌گێڕێته‌وه. به‌ڵام له ڕۆمانی “پێست/ الجلد”، وێنه‌یه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌رمان، سه‌باره‌ت به چوونی سوپای هاوپه‌یمانان بۆ دورگه‌ی سقلییه؛ كه له كه‌ناراوه‌كانی باشوری ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاسته‌وه هاتبوون، ده‌خاته‌ڕوو.
هه‌ندێك له نووسه‌ره گه‌وره‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی له نزیكه‌وه و به چڕی له ڕووداوه‌كاندا بژین و به چاوی خۆیان بیبینن، بڕیاریانداوه بڕۆن بۆ به‌ره‌كانی جه‌نگ و له‌وێ، ڕاپۆرت و به‌دواداچوونی كاریگه‌ر بۆ ڕۆژنامه و گۆڤاره به‌ربڵاوه‌كان، بنووسن. نووسه‌ری فه‌ره‌نسی خاتوو كۆلێت (1873-1954) یه‌كێك بووه له‌و نووسه‌رانه‌ی ڕۆشتووه بۆ به‌ره‌كانی جه‌نگ. ئه‌م خاتوونه له ماوه‌ی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی، وازی له نووسینی ڕۆمان هێنا، تاكو وه‌ك په‌یامنێری جه‌نگ، بۆ ڕۆژنامه‌ی “لۆماتان/ سپێده” كار بكات. ئه‌و له به‌ره‌یه‌كی جه‌نگه‌كه‌وه، بێ ترس و له‌رز، ده‌ڕۆشت بۆ به‌ره‌یه‌كی دیكه‌ی جه‌نگه‌كه، تاكو به زمانێكی باڵا و پاراو و به شێوازێكی جوان، به‌دواداچوونی ڕۆژنامه‌وانی بنووسێت. ئه‌و له كۆتاییه‌كانی ساڵی 1918، واته له‌سه‌روبه‌ندی نزیكبوونه‌وه‌ی جه‌نگه‌كه له كۆتاییه‌كه‌ی، له به‌ره‌ی شه‌ڕی به‌لجیكا بوو، نزیك به ڕووباری لامۆز و ئه‌مه‌ی نووسیووه: “پێده‌شتێكی بێ مه‌ڕ و ماڵات، دۆڵی بێ گژوگیا، له‌وێ شوێنه‌واری جه‌نگ به ڕوونی دیاره… گۆڕه‌پانی شه‌ڕی ئیتان، بیابانێكی كانزاییه. نیگه‌رانی لێره‌وه له‌دایك ده‌بێت، ترسێك زیاتر له نه‌خۆشی ده‌چوو بۆ هێمنییه‌كی تۆقێنه‌ر. ئاوێنه‌ی ئاوێكی لێڵ و لیخن، سه‌یری بێده‌نگی ئاسمانی ده‌كرد. چوار ساڵ، چوار ساڵ لێره ژیان. له ماوه‌ی ئه‌و چوار ساڵه‌دا، ده‌یانبینی خۆر له كاتێكی دواخراوی ڕۆژه‌كانی مانگی كانوونی دووه‌م، له‌سه‌ر ئه‌م گردۆڵكه سه‌ختانه هه‌ڵدێت، هه‌ندێكجار خۆری زستانیان ده‌بینی كه به هه‌زار حاڵ له ئاسۆكانه‌وه به‌رز ده‌بووه. له ماوه‌ی چوار ساڵدا، هه‌ر یه‌كه‌یان، ئه‌و بیره ئاوانه‌یان بینی، ئاگری قووتده‌دا و ئاگری هه‌ڵده‌هێنایه‌وه”.
هه‌روه‌ها له ئیلهامی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانییه‌وه، هێمنگوای ڕۆمانی “ماڵئاوا ئه‌ی چه‌ك”ی نووسی، ڕۆمانێك وایكرد هێمنگوای له ساڵانی گه‌نجیدا، ببێت به گرنگترین سیمبولی نه‌وه‌ی نوێ كه گرتێرد شتاین به “نه‌وه‌ی ونبوو/ الجیل الضائع” وه‌سفی ده‌كات. دوای ئه‌وه هێمنگوای، له میانه‌ی شه‌ڕی ناوخۆی ئیسپانیا، بووه په‌یامنێری جه‌نگ. پاشان له كاتی جه‌نگی جیهانی دووه‌م، وه‌ك په‌یامنێری جه‌نگ مایه‌وه و یاوه‌ری سوپای هاوپه‌یمانان بوو كه چوونه ناو شاره‌كانی فه‌ره‌نساوه، ئه‌مه دوای ئه‌وه‌ی سوپای هاوپه‌یمانان، له شه‌ڕی “نۆرمه‌ندی” به‌ناوبانگدا، سوپای ئه‌ڵمانیایان تێك‌شكاند.
هێمنگوای پێش جه‌نگ، سه‌ردانی پاریسی كردبوو، شه‌یدای زۆرێك له قاوه‌خانه به‌ناوبانگه‌كانی پاریس بوو، وه‌ك قاوه‌خانه‌ی “كلۆزری دو لیلا” كه تێیدا ده‌ینووسی، قاوه‌خانه‌ی “لیب” و “دۆماگۆ” كه جارێكیان له‌و قاوه‌خانه‌یه، له‌گه‌ڵ جێمس جۆیس “شێری” خواردووه‌ته‌وه. سه‌روه‌ختێك هێمنگوای ساڵی 1944، له‌گه‌ڵ سوپای ئه‌مریكا، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پاریس، یه‌كه‌م شت كه ئه‌نجامی ده‌دا، بریتییه له “خاوێنكردنه‌وه‌ی” قاوه‌خانه دڵخوازه‌كانی له پاشماوه‌ی نازییه‌كان. له‌م باره‌یه‌وه، یه‌كێك ئه‌م به‌سه‌رهاته ده‌گێڕێته‌وه: “سه‌ربازێكی ئه‌مریكیم بینی له‌ش و لاری هه‌رقلی هه‌بوو، له ئۆتۆمۆبێلی (جێبه‌كه) دابه‌زی، سه‌لامی له به‌رێز كازاس كرد كه خاوه‌نی قاوه‌خانه‌ی لیب بوو، پێی وت: نامناسیته‌وه؟ من ئارنست هێمنگوام، من تینوومه، شه‌رابێكم ده‌وێت بۆ تاوێك تینوێتیم بشكێنێت”.
نووسه‌ری فه‌ره‌نسی ئه‌لبێر لیندره (1884-1932) كه له پێنج كیشوه‌ره‌كه، سه‌ردانی به‌ره‌كانی جه‌نگی كردووه، یه‌كه‌م په‌یامنێری جه‌نگ بوو به مانای تازه‌ی وشه‌كه. لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچوونه ورده‌كانی، بوونه‌ته به‌ڵگه‌ی مێژوویی گرنگ، بۆ جه‌نگه گه‌وره و بچوكه جیاوازه‌كان كه جیهان له ڕۆژگاری ئه‌ودا، به‌خۆیه‌وه بینیبوو. ئه‌و سه‌باره‌ت به بۆردومانی سوپای ئه‌ڵمانیا بۆ سه‌ر كاتدرائی ڕایمس، له مانگی ئه‌یلولدا، یه‌كه‌م به‌دواداچوونی ڕۆژنامه‌وانی نووسی. ئا له‌و كاته‌وه، به‌دواداچوونه‌كانی وه‌ك به‌ڵگه‌نامه‌ی باوه‌ڕپێكراو لێیده‌ڕوانرا و بووه مه‌رجه‌عی سه‌ره‌كی، بۆ هه‌مو شه‌ڕه‌كانی نێوان سوپای فه‌ره‌نسا و سوپای ئه‌ڵمانیا.
ئه‌لبێر لینده‌ر چونكه په‌رۆشی گواستنه‌وه و خستنه‌ڕوی ڕاستییه‌كان بوو، بۆیه راپۆرته‌كانی، توڕه‌یی فه‌رمانده گه‌وره‌كانی سوپای لێده‌كه‌وته‌وه كه ده‌یانوویست هه‌ڵه‌كانیان و شكستی سه‌ربازه‌كانیان، له‌م شه‌ڕ یا له‌وی دی، بشارنه‌وه. له مانگی ته‌موزی ساڵی 1917 له نووسینێكیدا ده‌ڵێت: “له‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی به ڕوونی دیمه‌نی تراژیدیای جه‌نگ نابینن، چونكه تێیدا خۆشه‌بوون، یان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆر دوورن لێیه‌وه، پێویسته له‌گه‌ڵ مندابێن، من ده‌یانبه‌م و چاوه‌ڕێی ئه‌وه بكه‌ن كه دێت و ده‌یبینن” .
دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانی، خه‌ڵاتێكی نوێ به ناوی ئه‌لبێر لینده‌ر، راگه‌یه‌نرا و ده‌درێت به‌و نووسه‌رانه‌ی، لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچوونی بنكۆڵكاری ئه‌نجامده‌ده‌ن، به مه‌رجێك ته‌مه‌نیان له چل ساڵ زۆرتر نه‌بێت. مارسێل بیكار، له ساڵی 1946، به‌هۆی بڵاوكردنه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچونێكی بنكۆڵكاری به ناونیشانی: “من په‌یامنێری جه‌نگ بووم” یه‌كه‌م نووسه‌ر بوو خه‌ڵاته‌كه‌ی وه‌رگرت.
رێنیه مۆریاس، ساڵی 1956 له پای به‌دواداچوونێكی بنكۆڵكاری به ناونیشانی: “ڕیف.. جه‌نگی تارماییه‌كان” هه‌مان خه‌ڵاتی وه‌رگرت. به‌دواداچونه بنكۆڵكارییهكهی تایبه‌ت بوو، به‌و شه‌ڕانه‌ی مقاوه‌مه‌ی مه‌غریب به سه‌رۆكایه‌تی عه‌بدولكه‌ریم ئه‌لخه‌تابی، له شاخه‌كانی ریف، دژ به هه‌ردوو سوپای ئیسپانی و فه‌ره‌نسی، ئه‌نجامیانده‌دا. ئه‌و به‌دواداچوونه بنكۆڵكارییه، به “كارێكی ئه‌ده‌بی نایاب” وه‌سفكرا، چ له ڕووی شێوازه‌وه یان له ڕووی هێز و چڕی و ڕاستی ڕووداوه‌كانه‌وه”.
دواتر له‌سه‌ر هه‌مان رێچكه‌ی ئه‌لبێر لیندره، هه‌ر دوو نووسه‌ر ئه‌رمان گاتی و كریستیان هۆش، ده‌ستیانكرد به به‌دواداچوونی شه‌ڕ و ململانێكان، له زۆر وڵاتی جیاواز. یه‌كه‌میان له ساڵانی په‌نجاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا، له‌گه‌ڵ هیندییه‌كانی گواتیمالا بوو، له‌كاتی راپه‌ڕینیان دژ به حكومه‌تی ناوه‌ند له‌و وڵاته. هه‌رچی دووه‌میانه، بۆ ڕوماڵكردنی شه‌ڕه‌كان، سه‌ردانی ڤێتنام، لوبنان، كه‌مبۆدیا، ئه‌ریتریای كردووه. هه‌روه‌ها ئه‌و وه‌ك گه‌واهیده‌رێك شه‌ڕی ناوخۆی براكوژی له ئیرله‌نده بینیوه.
ئه‌و لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچونانه‌ی “ئیڤ كۆریار”ی فه‌ره‌نسی، ئه‌نجامیداون و له كتێبێكدا به ناونیشانی “كوڕانی ڕۆژی مه‌رگ” كۆیكردووه‌ته‌وه و چاپیكردووه. كتێبێكی به‌ڵگه‌نامه‌یی گرنگه، بۆ تێگه‌یشتن له نهێنییه‌كانی شه‌ڕی جه‌زائیر، چ له لایه‌نی فه‌ره‌نسی، یان له لایه‌نی جه‌زائیری.
مارك كرافتێز كه ئه‌ویش خه‌ڵاتی “ئه‌لبێر لیندره”ی وه‌رگرتووه، سه‌باره‌ت به كاركردنی وه‌ك په‌یامنێری جه‌نگ، ده‌ڵێت: “بێگومان ئه‌وه‌ی وا ده‌كات راستییه جۆراوجۆره‌كان به خوێنه‌رانمان بڵێین، ته‌نها جه‌نگ نییه. به‌ڵكو پێش هه‌مو شتێك، ئێمه له میانه‌ی ئه‌م هه‌مو ململانێ خوێناویانه‌وه، ئه‌م هه‌مو شه‌ڕه ناكۆتا و دڕندانه‌یه‌وه؛ كه زۆر به‌خێرایی، له هه‌ستیارترین شوێنی قووڵایی ناخی مرۆڤایه‌تیدا، لهبیردهكرێن، له‌مسی ئه‌م تێكه‌ڵه‌یه ده‌كه‌ین كه تێیدا خه‌ڵك، جیاوازی ناكات له نێوان زیره‌كی و گه‌مژه‌یی، به‌ربه‌ریه‌ت و نه‌رمونیانی، درۆ و خود ته‌واوكردن. لێره‌وه ئێمه لای خۆمانه‌وه و ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به ئێمه‌وه هه‌یه، پابه‌ندبوونه به پیشهكهمانهوه كه تا ئاستی شه‌یدابوون، پیشه‌كه‌مان خۆشده‌وێت و ئه‌نجامده‌ده‌ین. له‌هه‌مان كاتدا به هۆشیارییه‌كی زۆره‌وه، له پووچی و بێهودهییهكهشی تێده‌گه‌ین”.
هیچ زیاده‌ڕۆییه‌ك له‌وه‌دا نییه، ئه‌گه‌ر نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسی پۆڵۆنیا ڕیچارد كابۆشینسكی (1932-2007)، له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیست، به یه‌كێك له گرنگترین و پرشنگدارترین ئه‌و په‌یامنێرانه دابنێین، له وڵاتانی جیهانی سێیه‌م، یاوه‌ری شه‌ڕه‌كان و ڕاپه‌ڕینه جه‌ماوه‌رییه‌كان و كوده‌تا سه‌ربازییه‌كان بووه.
ئه‌و به حوكمی ئه‌وه‌ی له ساڵانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، په‌یامنێری ئاژانستی هه‌واڵی پۆڵۆنیا بووه، له كیشوه‌ری ئه‌فریقا زۆر گه‌ڕاوه و له كاتی كوشتنی سه‌رۆك باتریس لۆمۆمبا، له كۆنگۆ ئاماده‌بووه. هه‌روه‌ها له به‌شێكی زۆری وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌فریقا، ئه‌وانه‌یان كوده‌تای سه‌ربازی و شه‌ڕی ناوخۆ و راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری دژ به سته‌م و گه‌نده‌ڵی تێدابووه، ئاماده‌بووه. سه‌روه‌ختێك له ئه‌دیس ئه‌بابا، ئیمپراتۆری هیلاسیلاسی هه‌ره‌سده‌هێنێت، ئه‌و له‌وێ بووه. له كاتێكدا له شیلی سلفادۆر لیندی هاوڕێی ده‌كوژرێت، ئه‌و له‌وێ بووه. سه‌روه‌ختێك له ئێران و له ساڵی 1978 شۆڕشی ئێران به‌رپاده‌بێت و ڕژێمی شا ده‌ڕوخێت، ئه‌و له‌وێ بووه. له ڕۆژگارێكدا ئه‌وه‌ی پێیده‌وترێت یه‌كێتی سۆڤیه‌ت هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه، سه‌ردانی هه‌مو ئه‌و وڵاتانه ده‌كات كه له‌ژێر هه‌یمه‌نه‌ی كۆمۆنیزم ڕزگاریان بووه و كتێبێكی نایاب به ناونیشانی “ئیمپراتۆریه‌ت” بڵاوده‌كاته‌وه.
لێره‌دا پێویسته له‌سه‌رمان ئاماژه به‌و لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچوونه‌ی نووسه‌ری ئیسرائیلی دێڤید گرۆسمان بده‌ین كه شایه‌نی گرنگیپێدانه و له ناوه‌ڕاستی ساڵانی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا، به ناونیشانی “ڕه‌شه‌بای زه‌رد” بڵاویكردووه‌ته‌وه. تێیدا وێنه‌یه‌كی ترسناكی دۆخی كاره‌ساتاوی فه‌له‌ستینییه‌كان ده‌خاته‌ڕوو، كه له سایه‌ی داگیركاری ئیسرائیل‌دا ده‌ژین. ئه‌و لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچوونه، كۆچكردوو مه‌حمود ده‌روێش، له گۆڤاری “الكرمل” بڵاویكرده‌وه و كۆمه‌ڵێ ڕاستی له‌خۆگرتبوو كه ڕای گشتی جیهانی تاساند.
سه‌رچاوه
الشرق الاوسط، 14 كانوونی دووه‌می 2024