ئێمه له‌سه‌ر لێواری سێیه‌م سه‌رده‌می زێڕیندا راوه‌ستاوین
ئێمه له‌سه‌ر لێواری سێیه‌م سه‌رده‌می زێڕیندا راوه‌ستاوین
سیماكانی له ئاسۆوه وا ده‌رده‌كه‌وێت و شه‌پۆلی فێنده‌مێنیتاڵیزم ئه‌مڕۆبێت یان سبه‌ی پاشه‌كشه ده‌كات.
هاشم ساڵح
له عه‌ره‌بییه‌وه هه‌ورامان وریا قانع
ناوه‌رۆكی كتێبه‌كانی مێژوو، شتێكی ئاوامان پێده‌ڵن: له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی هه‌شته‌می زاینی‌دا، شه‌ڕێكی گه‌وره‌ی ناوخۆیی روویداوه و بووه‌ته هۆی ناسه‌قامگیری جیهانی عه‌ره‌بی. له‌و كاته‌دا عه‌باسییه‌كان به‌سه‌ر ئه‌مه‌وییه‌كاندا سه‌ركه‌وتن و ده‌سه‌ڵاتیان گرته ده‌ست، ئه‌مه دوای ئه‌وه‌ی ئهمهویهكانیان كۆمه‌ڵكوژ كرد و هه‌مو خێزانه ئه‌مه‌وییه‌كان قڕكران و ته‌نها یه‌ك كه‌سیان له‌و مه‌رگه‌ساته رزگاری بوو و ڕایكرد بۆ ئه‌و په‌ڕی دونیا، ئه‌و كه‌سه‌ش عه‌بدولره‌حمانی داخل بوو كه به هه‌ڵۆكه‌ی قوره‌یش ناسراوه.
ئه‌م تاقه كه‌سه ترسا‌و و ڕاكردووه، توانی له ئه‌نده‌لوس، ئیمپراتۆریه‌تێكی نوێ دامه‌زرێنێت! كێ باوه‌ڕ به‌وه ده‌كات؟ ئه‌وه موعجیزه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌یه. هه‌رچۆنێك بێت، ئا به‌و جۆره، له سه‌رده‌می بنه‌ماڵه‌ی ئهمهوییهكانهوه؛ كه لانی كه‌م سه‌ده‌یه‌كی خایاند، گواستمانه‌وه بۆ سه‌رده‌می بنه‌ماڵه‌ی عه‌باسییه‌كان كه نزیكه‌ی پێنج سه‌ده‌ی خایاند و تێیدا شارستانییه‌تی ئیسلامی، گه‌یشته ترۆپكی مه‌زنی و نه‌مری خۆی. له‌و كات و ساته‌دا، سه‌نته‌ری ئیسلام و عروبه، له سوریاوه گواسترایه‌وه بۆ عێراق، له دیمه‌شقه‌وه بۆ به‌غداد. له‌و چركه‌ساته‌وه، خۆری سه‌رده‌می زێڕین به هه‌مو ڕوناكییهكهیهوه، به‌سه‌ر جیهاندا هه‌ڵهات و بڵاوبووه‌وه.
لێره‌دا پێویسته ئه‌وه بزانین، ململانێی نێوان عه‌باسییه‌كان و ئه‌مه‌وییه‌كان، ده‌رباره‌ی چه‌مكی ئیسلامی ڕاسته‌قینه بوو: واته ئاینی ڕاسته‌قینه. هه‌ر لایه‌نیك، لایه‌نه‌كه‌ی دیكه‌ی به لادان و دووركه‌وتنه‌وه له ئیسلامی ڕاسته‌قینه و له عه‌قیده‌ی ڕاست و دروست، تۆمه‌تبار ده‌كرد، هه‌مو ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه بوو، له ده‌سه‌ڵات لایببات و خۆی بچێته جێگاكه‌ی.
له ڕاستیدا عه‌باسییه‌كان، ئه‌و شێوازه‌یان له پڕوپاگه‌نده به‌كارده‌هێنا، بۆ ئه‌وه‌ی شكست به ئه‌مه‌وییه‌كان بێنن و وێنه‌كه‌یان ناشرین بكه‌ن، له‌مه‌شدا به ته‌واوه‌تی سه‌ركه‌وتووبوون. پڕوپاگه‌نده‌ی ئه‌وه‌یان دژ به ئه‌مه‌وییه‌كان بڵاوده‌كرده‌وه، گوایه له ڕێبازی قورئان و شه‌ریعه لایانداوه، ئه‌وان گومڕان، گه‌نده‌ڵن، داوێنپیسن، زه‌ڕه‌یه‌ك ئیمان له دڵیان‌دا نییه. پڕوپاگه‌نده‌كه سه‌ركه‌وتوو بوو، له سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی ئیسلامدا بڵاوبوه‌وه، ئه‌مه له ساڵی 750 زاینی، بووه هۆی له‌ناوبردنی ئه‌مه‌وییه‌كان و عه‌باسییه‌كان له ئیمپراتۆریه‌تی عه‌ره‌بی ئیسلامی‌دا، جێگایان گرتنه‌وه. ئا ئه‌مه‌یه مێژوونوسان پێیده‌ڵێن: شۆڕشی عه‌باسییه‌كان.
هه‌مو ئه‌وه، مانای وایه تۆ نا‌توانیت هیچ ڕژێمێك به هێزی (خام)، ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌ربڕینه گونجاوبێت، یان ته‌نها به هێزی ڕووت، بڕوخێنیت. به‌ڵكو پێویسته یه‌كه‌مجار ڕه‌وایه‌تییه ئیلاهییه‌كه‌ی یان دینییه‌كه‌ی بڕوخێنیت، ئێستا ده‌ڵێین ڕه‌وایه‌تییه ئایدۆلۆژییه‌كه‌ی یان سیاسییه‌كه‌ی. سه‌یری ئه‌و ململانێیه‌ی ئێستای نێوان ڕه‌وته تاریكبینه‌كانی ئیسلامی سیاسی و ڕه‌وته ڕۆشنگه‌ره‌كه‌ی ئیسلام بكه؛ كه سه‌ره‌ڕای هه‌مو شتێك، به‌و په‌ڕی هێزه‌وه له هه‌ڵكشاندایه. ڕاسته ئه‌و ڕه‌وته ڕۆشنگهرهی ئیسلام، تا حاڵی حازر، كه‌مینه‌یه‌كی كه‌مه. به‌ڵام جووڵه‌ی مێژوو، به ئاراسته‌ی ئه‌و ده‌ڕوات و به دڵنیاییه‌وه ئاینده بۆ ئه‌وه.
باشه كه‌ی واز له‌و تێگه‌یشتنه‌ی ئیسلام ده‌هێنین؛ كه له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌یه ئیسلام ته‌كفیره، جه‌نگه، لێدانه، ته‌قینه‌وه‌یه، ململانێی گڕگرتووی تائیفییه؟ كه‌ی له‌وه تێده‌گه‌ین تێگه‌یشتنێكی دیكه بۆ ئیسلام هه‌یه: تێگه‌یشتنێكی شارستانی و ئه‌خلاقی و ڕۆحانی مه‌زن. جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی “به‌هاری عه‌ره‌بی” دركی به‌وه نه‌كردبوو، بۆیه دووچاری شكستێكی گه‌وره هات. (لێره‌دا كه‌وانه‌یه‌ك ده‌كه‌مه‌وه و ده‌ڵێم، بێده‌نگی زۆرینه‌ی ڕۆشنبیرانی عه‌ره‌ب، به‌رامبه‌ر به‌و كۆمه‌ڵكوژییه ئابڕوبه‌رانه‌یه‌ی تووندڕه‌وه‌كان، له ماوه‌ی بیست یان سی ساڵی ڕابردوودا، چ له ناوه‌وه و چ له ده‌ره‌وه، ئه‌نجامیاندا. هه‌روه‌ها بێده‌نگییان ده‌رحه‌ق به تیرۆركردنی ڕۆشنبیران و ڕۆژنامه‌نووسان له جه‌زائیر و شوێنه‌كانی دیكه، گه‌وره‌ترین به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر دواكه‌وتوویی كه‌لتوری عه‌ره‌بی، نه‌ك ته‌نها له ڕووی فیكرییه‌وه، به‌ڵكو له‌ڕووی ئه‌خلاقیشه‌وه. ئا له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه، ئێمه له‌سه‌ر ئاستی جیهان، هیچ ڕه‌وایه‌تییه‌ك و هیچ ڕێزێكمان نییه).
له نێوان ساڵانی 750 بۆ 1100 زاینی، سه‌رجه‌م زاناكانی ئاسیای ناوه‌ڕاست، عه‌ره‌ب یا فارس یان تورك بوون. به‌ڵام له ئه‌نده‌لوس و باكوری ئه‌فریقا، ئه‌مازیغی به‌ربه‌ر یان جووله‌كه یا مه‌سیحی یا ئیسلام بوون. وه‌لێ یه‌ك سیفه‌تی هاوبه‌ش له نێوان هه‌مویاندا هه‌بوو، ئه‌ویش بریتییه له‌وه‌ی هه‌ر هه‌مویان، بیركردنه‌وه و نووسینیان به زمانی عه‌ره‌بی بووه.
ڕاسته ئه‌وان كاتێك ده‌گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵه‌وه، بۆ لای خێزان و منداڵه‌كانیان، به زمانی دایك قسه‌یان كردووه. به‌ڵام زمانی زانست و فه‌لسه‌فه و دیالۆگه فیكرییه گه‌وره‌كان، هه‌موی به زمانی عه‌ره‌بی ئه‌نجامده‌درا. ئا له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره‌یه، ده‌سته‌واژه‌ی “شارستانییه‌تی عه‌ره‌بی” به‌كارده‌هات و پێیان باشتر بوو له ده‌سته‌واژه‌ی “شارستانییه‌تی ئیسلامی”، بۆچی؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی زاناكانی ئه‌و ڕۆژگاره، موسڵمان نه‌بوون، بگره زۆرینه‌ی وه‌رگێڕه گه‌وره‌كان، عه‌ره‌بی مه‌سیحی بوون. به‌ڵام هه‌ر هه‌مویان، عه‌ره‌بیزانێكی باش بوون و كتێبه سه‌ره‌كییه‌كانیان به‌و زمانه ده‌نووسی.
له‌و سه‌رده‌مه‌دا زمانی عه‌ره‌بی، زمانی شارستانییه‌تی جیهان بوو. له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره‌یه، ده‌ڵێین ئایندهی زمانی عه‌ره‌بی له پێشیه‌وه‌یه نه‌ك له دواوه‌ی. به‌ڵام به یه‌ك مه‌رج، ئه‌ویش بریتییه له ئاسانكردنی ياساكاني و رێزمانه‌كه‌ی و ده‌ربڕینه‌كانی. هه‌روه‌ها به‌و مه‌رجه‌ی ڕۆشنبیرانی عه‌ره‌ب، ده‌ستبه‌رداری دیارده‌ی فهساحهتكاریی به‌زۆر و قووڵبوونه‌وه‌ی زیاد له پێویست ببن. ئێمه چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌مان لێده‌كردن زمانی عه‌ره‌بی پێشبخه‌ن و ئاسانی بكه‌ن، كه‌چی ئه‌وان ئاڵۆزتریان كردووه. پاشان به‌و مه‌رجه‌ی هه‌مو زانست و فه‌لسه‌فه‌ی نوێ، بگوێزنه‌وه بۆ سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی. هه‌روه‌ها به‌و مه‌رجه‌ی له به‌رامبه‌ر زاراوه ئینگلیزی و فه‌ره‌نسییه‌كاندا، هه‌زاران زاراوه‌ی نوێ، به زمانی عه‌ره‌بی داتاشن، به ئامانجی ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ڕۆحی زانست و سه‌رده‌مه‌كه‌دا هه‌ڵبكه‌ین و قه‌ره‌بووی ئه‌وه‌ی له كیسچووه بكه‌ینه‌وه.
پێویسته هه‌مو ڕۆژێك، له كایه‌ی فه‌لسه‌فه و زانسته مرۆڤایه‌تییه‌كان و زانسته سروشتییه‌كاندا، زاراوه‌ی نوێ دابهێنین. ئینجا به مه‌رجی ئازادی داهێنان و ئه‌فراندن. پاشان به مه‌رجی ڕه‌خنه‌گرتن له فێندهمینیتاڵیزمی تاریكبین و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی له ڕه‌گ و ڕیشه‌یه‌وه. ئا ئه‌مه مه‌رجه سه‌ره‌كییه‌كه‌یه بۆ ده‌ستپێكردنی بزاوتی ڕۆشنگه‌ریی عه‌ره‌بی داهاتوو. به‌م شێوه‌یه ده‌كرێت جارێكی دی، سه‌رده‌می زێڕین بگه‌ڕێته‌وه.
لێره‌وه زاناكانی ئیسلام، له نێوان هه‌ردوو سه‌ده‌ی هه‌شته‌م و دوانزه‌ی زاینی‌دا، له هه‌مو بواره‌كان، داهێنانیان كردووه. (له‌نێوان دوو كه‌وانه‌دا: ئه‌وه‌ی زۆر لێی ده‌ترسم، ئه‌وه‌یه كه‌سێك بێت و ئه‌م ده‌ربڕینه‌م بۆ ڕاستبكاته‌وه: له هه‌مو بواره‌كان، بیكات به له هه‌ر هه‌مو بواره‌كان!)، ئه‌وه شێت و هارم ده‌كات، دروست ئا ئه‌وه‌یه قووڵبوونه‌وه‌ی زیاتر و فهساحهتكاریی زمانه‌وانی. ئه‌م جۆره فهساحهتكارییه، جڵه‌وی زمان ده‌كات و ڕێگری له گه‌شه‌كردن و پێشكه‌وتنی زمان ده‌گرێت، له‌وانه‌یه له دواجاردا زمانه‌كه بكوژێت یان بیخنكێنێت، له خۆشه‌ویستییا كوشتی، له خۆشه‌ویستییا خنكاندنی.
ئه‌م شه‌ڕه گه‌وره‌یه، شه‌ڕی جبران خه‌لیل جبران و میخایل نه‌عیمه و ته‌ها حسێن و تۆفیق ئه‌لحه‌كیم و نه‌جیب مه‌حفوز و رێنیسانسخوازه پێشه‌نگه‌كانی دیكه بوو. كه‌ی زمانی عه‌ره‌بی له زمانی ژیان نزیك ده‌بێته‌وه؟ ئه‌وه پرسیاره‌كه‌یه. كه‌ی بۆشاییه گه‌وره و زه‌به‌لاحه‌كه‌ی نێوان زمانی نووسین و زمانی قسه‌كردن پڕدهكهینهوه، نه‌ك ئه‌وه‌ی گه‌وره‌تر و فراوانتری بكه‌ین و ببینه مایه‌ی پێكه‌نین بۆ میلله‌ت و گه‌لانی دیكه.
سه‌ركه‌وتنی سه‌رده‌می داڕمان
با بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ناوه‌رۆكی بابه‌ته‌كه و ده‌ڵێین: ئه‌م سه‌رده‌مه زێڕینه، زۆر به‌داخه‌وه، ماوه‌كه‌ی كورت بوو، چونكه ته‌نها سێ بۆ چوار سه‌ده به‌رده‌وام بوو، سه‌ره‌تا له به‌غدادی عه‌باسییه‌كان، پاشان له قورتوبه‌ی ئه‌مه‌وییه‌كان، به‌رده‌وام بوو. دوای ئه‌وه، سه‌رده‌می دوور و درێژی داڕمان ده‌ستی پێكرد كه لێی ده‌رباز نه‌بووین تا كه‌وتنی سه‌ڵته‌نه‌تی عوسمانی له ساڵی 1918، سه‌ڵته‌نه‌تی عوسمانی، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته بوو كه هه‌ژمونی به‌سه‌ر جیهانی عه‌ره‌بیدا كردبوو، له سه‌ده‌ی شانزه‌وه بۆ سه‌ده‌ی بیست.
له ماوه‌ی ئه‌و چوار سه‌ده تاریكه‌دا، موسڵمانان به هیچ شێوه‌یه‌ك، هاوشانی بزاوتی زانستی و فه‌له‌سه‌فی، هه‌نگاویان نه‌ناوه، بگره هه‌ر گوێشیان لێی نه‌بووه و نه‌یانبیستووه. له‌بری ئه‌وه، له خه‌وێكی قووڵدابوون و ئه‌وروپاش له‌و كاته‌دا، خه‌ریكی بوژانه‌وه و دروستكردنی زانست و شارستانییه‌ت و موعجیزه بوو. ئا به‌م شێوه‌یه، ئایه‌ته‌كه قڵپبووهوه، له‌و چوار سه‌ده‌یه‌دا، هه‌مو فه‌یله‌سوف و زانا گه‌وره‌كانی ئه‌وروپا ده‌ركه‌وتن، له نموونه‌ی: كۆپه‌رنیكۆس، گالیلۆ، دیكارت، نیوتن، كانت، هیگڵ و ده‌یانی دیكه.
به‌ڵام ئایا سه‌ركرده‌كانی سه‌ڵته‌نه‌تی عوسانی و شێخه گه‌وره‌كانیان، گوێیان له‌و ناوانه بووه؟ نه‌خێر، هه‌رگیز گوێیان له‌و ناوانه نه‌بووه و تاقه یه‌ك كتێبیشیان وه‌رنه‌گێڕاوه. ته‌نها یه‌ك كتێبی پزیشكی نه‌بێت، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سوڵتانی عوسمانی، تووشی نه‌خۆشییه‌كی سێكسی ببوو. ئه‌مه مانای وایه سه‌رده‌می داڕمان، نزیكه‌ی شه‌ش بۆ حه‌وت سه‌ده به‌رده‌وام بوو، واته له سه‌ده‌ی دوانزه‌وه، مێژووی سه‌ركوتكردنی موعته‌زیله و فه‌یله‌سوفه‌كان و كوژانه‌وه‌ی ڕوناكی قورتوبه، دوای كوژانه‌وه‌ی ڕوناكی به‌غداد، تا سه‌ده‌ی نۆزده، مێژووی ده‌ستپێكردنی ڕێنیسانسی عه‌ره‌بی له میسر و وڵاتی شام، له‌سه‌ر ده‌ستی: محه‌مه‌د عه‌لی، ته‌نتاوی، پترۆس ئه‌لبوستانی، یه‌عقوب سهروف، شبلی شمیل و ئه‌فغانی و ده‌یان ڕێنیسانسخوازی دیكه.
له كۆتایدا، به‌م شێوه‌یه ده‌بینین له مێژووی ئێمه‌دا، سه‌رده‌می داڕمان و تاریكی، جێگیر و چه‌سپاوتره و زیاتر به‌رده‌وام بووه. ئا لێره‌وه‌یه ڕابوون و هه‌ستانه‌وه، قورس و زه‌حمه‌ته. هه‌ر كه هه‌وڵی هه‌ستانه‌وه ده‌ده‌ین، ده‌كه‌وین و به‌ره‌و دواوه ده‌گه‌ڕێینه‌وه. به‌رده‌وام هێزگه‌لێك هه‌یه، هه‌میشه بۆ دواوه رامانده‌كێشێت. لێره‌وه‌یه قوتاربوون له بزووتنه‌وه تاریكبینه‌كان كه له ئێستادا، هه‌ژمونیان به‌سه‌رماندا هه‌یه، قورس و زه‌حمه‌ته.
یه‌كه‌م سه‌ده‌ی زێڕین له به‌غداد و قورتوبه، ته‌نها چه‌ند سه‌ده‌یه‌كی خایاند، دووه‌م سه‌ده‌ی زێڕین، له سه‌ده و نیوێك زیاتر نه‌بوو: مه‌به‌ستم سه‌رده‌می ڕێنیسانسه له سه‌ده‌ی نۆزده‌وه تا ساڵی 1970، دوای ئه‌وه شه‌پۆلی فێنده‌مێنیتاڵیزم، به گڕوتینێكی گه‌وره‌وه ده‌ركه‌وت و هاتهئارهوه و نزیكه‌ی 50 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، بگره له‌وه‌و پێشتریش و تا حاڵی حازر، باڵاده‌سته.
ده‌كرێت بڵێین بزووتنه‌وه‌ی ئیخوان موسلیمین كه ساڵی 1928دامه‌زرا، ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه بوو ڕێنیسانسی عه‌ره‌بی تێك‌شكاند، ڕێنیسانسێك له میانه‌ی كارلێكردنی له‌گه‌ڵ باشترین ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی ئه‌وروپا هێنابوویه ئاراوه، به گڕوتینێكی به‌هێزه‌وه له هه‌ڵكشاندا بوو. ئه‌وه ئیخوان موسلیمین بوو، له هه‌مو وڵاته‌كاندا، زاناكان و ڕۆشنبیرانی ترساندبوو، سه‌یری تیرۆركردنی عه‌باس مه‌حمود عه‌قاد بكه‌ن كه خۆشبه‌ختانه سه‌رینه‌گرت.
هه‌نووكه ئێمه له‌سه‌ر لێواری سێیه‌م سه‌رده‌می زێڕین ڕاوه‌ستاوین: واته سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ریی عه‌ره‌بی كه سیماكانی له ئاسۆوه ده‌ركه‌وتووه. ئه‌ڵبه‌ته ئه‌م شه‌پۆلی ئوسوڵییه، درنگ یان زوو، به‌رته‌سكده‌بێته‌وه و ئیسلامی ڕۆشنگه‌ر، شوێنی ئیسلامی تاریكبین ده‌گرێته‌وه كه له ئێستادا باڵاده‌ستن. به‌ڵام ئه‌وه نایه‌ته‌دی، پێش ئه‌وه‌ی شه‌ڕێكی ئێسكشكێن له‌گه‌ڵ فێدهمێنیتاڵیزمه تاریكبینه ده‌م بههاوارهكان ڕوونه‌دات. ڕوونادات ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ خوده كه‌له‌پورییه قووڵه‌كه‌ی خۆماندا، نه‌كه‌وینه شه‌ڕێكی فیكری تووند و بێئامانه‌وه. ئه‌وه ئه‌و شه‌ڕه‌یه كه ڕۆشنبیرانی عه‌ره‌ب، خۆیانی لێ دوورده‌خه‌نه‌وه و ترسیان هه‌یه له‌گه‌ڵیدا بجه‌نگن. وه‌لێ له دواجاردا ئه‌و شه‌ڕه هه‌ر ده‌بێت بكرێت.
سه‌رچاوه
رۆژنامه‌ی الشرق الاوسط، 19 شوباتی 2024