سەبارەت بە ڕۆمانی دکتۆر گلاس وتووێژیک لەگەڵ (خەبات عارف)ی وەرگێڕدا

Loading

سەبارەت بە ڕۆمانی دکتۆر گلاس

وتووێژیک لەگەڵ (خەبات عارف)ی وەرگێڕدا

سازکردنی: سەردەم

لە ماوەی ڕابردوودا، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، شاکارێکی ئەدەبی سویدی چاپ و بڵاوکردەوە، ئەویش ڕۆمانی (دکتۆر گلاس)ی نووسەری ناودار ((یاڵمار سوێدەربێری)یە کە لە لایەن نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد (خەبات عارف) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، لەم وتووێژەدا لەگەڵ وەرگێڕی ڕۆمانەکە، قسە لەسەر دنیای ڕۆمانەکە و چۆنێتی وەرگێڕانەکەی دەکەین.

سەردەم: بۆچی ڕۆمانی دکتۆر گلاست هەڵبژارد بۆ وەرگێڕان و گرنگیی ئەم ڕۆمانە چییە بۆ خوێنەری کورد؟

خەبات  عارف: جوانیی نووسین، باڵایی داڕشتن و چڕیی زمانی ڕۆمانی دکتۆر گلاس، هۆکاری سەرەکیی هەڵبژاردنی من بوون بۆ وەرگێڕانی. ئەمە لە لایەک و لە لایەکی دیکەیشەوە، ڕوونی و ڕەوانی دنیابینیی (یاڵمار سوێدەربێری) لەم ڕۆمانەدا هۆکاری تر بوون، بەتایبەت لە پرسی ڕووناککردنەوە و ناساندنی دنیای سەرانڕێژ لە ناپاکی، دەستپیسی، دڵپیسی و گوماناوی پیاوانی ئاییندا، ڕەنگە ئەمەیش پێوەندێکی تایبەتی بە خۆمەوە هەبێت و باسوخواسی نێو مێشک و دڵی خۆم بێت و بووبێت، ئەگەرچی من هیچ شتێکی تایبەتم لەگەڵ و دژی هیچ ئایینێک نییە و ئایینەکان پێوەندن بەوانەوە کە بڕوایان پێیان هەیە و بۆ ئەوانن و من باوەڕم بە هیچیان نییە بەڵام من لەوەتی بەرچاو و دڵم ڕوون بووەتەوە، بە ئەوپەڕی گومانەوە لە پیاوانی ئایینیم ڕوانیوە و دەڕوانم و بە ناپاک و دەستپیس و دڵپیس و مرۆڤخاپێن و گوماناوی سەیرم کردوون و دەکەم، ئاخر ئەگەر مرۆڤ پێویستی بە هەبوونی خودایەک و ئایینێک هەبووبێت یا هەبێت، چ پێویستی بەوانە هەیە کە نێوەندکاریی نێوان خودا و مرۆڤیان کردووە بە ئەرکی سەرەکیی ژیانیان و بە کامی دڵ لەسەری دەژین و خۆش دەلەوەڕێن! ئایینەکان؛ هەر هەموویان لەمەدا وەکیەکن و هیچ جیاوازییەکیان نییە. ڕەنگە ئەم دوو هۆکارە و پرس و ئارێشەکانی تری وەک خەم و خەونەکانی مرۆڤ و جوانی و پیری و تووشبوونی جوان و پیرێک بە دەست یەکترەوە لە پێوەندییەکی ژن و مێردایەتیدا، کە خواستی دڵی هەر نەبێت جوانەکەیان نییە و لە باشترین حاڵەتدا یا زۆردارەکی یا بەرژەوەندییە، پرسی تری گرنگ بن بۆ هەموومان و بەتایبەت بۆ خوێنەری کوردی ئێستا و ئەو پرس و ئارێشانەیش، نەک بە تەنیا خوێنەران، بەڵکە نزیکەی هەموومانیان بە خۆیانەوە خەریک کردووە!

سەردەم: بێگومان ڕۆمانی دكتۆر گلاس له‌ ساڵی 1905دا نووسراوە و به ‌یه‌كێك له‌ كاره‌ جوانه‌كانی نووسه‌ر داده‌نرێت، پێم بڵێ چ شتێک لەم ڕۆمانەدا هەیە پاش ئەو مێژووە لە نووسینی هێشتا بخوێنرێتەوە و شتی تازەی تێدا بدۆزرێتەوە؟

خەبات عارف: ڕاستە دۆکتۆر گلاس ئەوسا نووسراوە و دوای ئەو بە هەزاران ڕۆمانی تر بە زمانی سوێدی و لە لایەن نووسەرگەلێکی زۆرەوە نووسراون، بەڵام چەردەیەک لەو ڕۆمانانە نەبێت، ئەوانی تریان هەر هەموویان، لە بیر کراون و ئێستا ناخوێنرێنەوە، کەچی ئەمیان تا ئێستا و بەردەوام دەخوێنرێتەوە. لەوەیە هۆیەکەی ئەوە بێت کە تا ئێستایش نەوە لە دوای نەوە شتی نوێیان لە بابەتگەلی باسلێوەکراوی نێو ڕۆمانەکەدا دۆزیبێتەوە و بدۆزنەوە و ئەو بابەتانەیش کە ڕۆمانەکە لەسەریان دەدوێت ئێستایش بابەتگەلێکن کە هەن و لە ئارادا هەن و خەڵک بە گشتی پێیانەوە خەریکن بەڵام، من پێم وایە کە داڕێشتنی ڕۆمانەکە و زمانە چڕوپڕەکەی و چۆنێتیی گێڕانەوەی لە پێش هەموو شتێکی دیکەوە دێن و ئەوانن کە سەرنجی خوێنەران بەرەوخۆیان ڕادەکێشن و زۆربەیان بە دەستکردن بە خوێندنەوەی ناتوانن دەستی لێ هەڵبگرن. نووسین هەن بۆ هەموو ڕۆژگارەکان دەبن و نەوە لە دوای نەوە کە دێن خۆیان لەگەڵیاندا خەریک دەکەن و هەمیشەیش شتی تازەیان تێدا دەدۆزنەوە. ئەمەیش بۆ هەموو ئەو نووسینانەی کە بە (کلاسیک) دادەنرێن و لە هەموو زمانەکان و لەنێو هەموو نەتەوەکاندا هەن، هەر وەهایە و ئێمەی کوردیش هەر وەهاین و وا دەکەین، ئەوە نییە ئێستایش و تا داهاتوویەکی نادیاریش من و تۆ و ئێمە، کارەکانی مەولەوی و نالی و مەلای جزیری و گۆران و… دەخوێنینەوە و شتی تازە تێیاندا دەدۆزینەوە!

سەردەم: لە نێوەندی ئەدەبی سویدیدا، ڕۆمانی دکتۆر گلاس چۆن هەڵسەنگێنرا و ڕەخنەگران چییان لە بارەوە وتووە؟

خەبات عارف: ئەوسا بە بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی دۆکتۆر گلاس، ڕەخنەگران لێی بوون بە دوو بەشەوە، ئەوانەی کە بە گەرمی و دڵگەرمی پێشوازییان لێ کرد و ئەوانەیش کە ڕەق و دژ و ناهەق ڕەخنەیان لێ گرت، ڕەخنەی ئەمانەی دوایی زیاتر پێوەند بەو بابەتانەوە بوون کە لەنێو ڕۆمانەکەدا بوون و تا ئەوسا باسکردنیان (بڤە) بوو و بە ئەوان قووت نەدەچوون، ئاخر کۆمەڵی سوێد ئەوسا وەک ئێستا نەبوو کە هیچ شتێک تێیدا (تابوو) نییە و هەموو شت ئاسایی و ڕوون و ڕەوان تێیدا باس دەکرێن! ئەمان ئەو ڕەخنەگرانە بوون کە سەروکارێکیان لەگەڵ دەستەڵاتی سیاسیی کۆنەخوازی ئەو ڕۆژگارە و پیاوانی کڵێسا و بیروڕێی ئایینیدا هەبوو و هەندێکیشیان توند پێیانەوە وابەستە بوون. ئەوەیش کە لە ڕەخنەکانیاندا زۆر جەختیان لەسەر دەکردەوە، ناوازەی و باڵایی ڕۆمانەکە نەبوو، بەڵکە ئەوە بوو کە چۆن دۆکتۆر گلاس ڕێ و ڕەوایی دەدات بە کوشتنی قەشە گرێگۆریوس، بە تایبەت بە پلانێک کە خۆی دایڕێشتووە، بۆ ڕزگارکردنی خانم گرێگۆریوس! ڕەخنەی ئەمانەیان هەر چییەک و هەر چۆنێک بووبێتن، لەگەڵ تێبەڕینی ڕۆژگاردا ئەگەرچی کێشەی کەمیشیان تووشی یاڵمار سوێدەربێری نەکرد، لە بیر هەمووان چوونەتەوە، بەڵام ڕۆمانەکە و باسەکانی نێوی، نەک لە بیر نەچوونەتەوە، بەڵکە ئەوسا و ئێستایش لە بیری زۆر کەسدا کارا و زیندوون و نەک هەر دەخوێنرێنەوە، بەڵکە لە بوارەکانی خوێندنی باڵای زانستی ئەدەبیشدا، ناوەناوە، لێیان دەکۆڵرێتەوە و توێژینەوەیان لەسەر دەکرێن.

سەردەم: ئه‌م ڕۆمانه‌ ده‌چێته‌ قاڵبی ڕۆمانی یاداشته‌وه‌، نووسه‌ر ڕۆژانه‌ یاده‌وه‌رییه‌كانی ده‌گێڕێته‌وه‌، جگه ‌له‌وه‌ش ته‌كنیكی مۆنۆلۆگ زاڵه‌ به‌سه‌ر ڕۆمانه‌كدا، ئایا ئەمە نەبووەتە هۆی جۆره‌ مومیلییه‌ك بۆ خوێنەر؟

خەبات عارف: هەردوو شێوازی (تەکنیکی مۆنۆلۆگ) و (ڕۆژانە یادەوەری) ئەوسا کە ڕۆمانەکەی تێدا نووسراوە، تا ڕادەیەک نوێ بوون و ئێستایش هەر بەکار دەهێنرێن و ئەگەر چیرۆکنووس و ڕۆماننووس باش و دروست و لێزانانە بە کاریان بهێنن، هیچ جۆرە مومیلییەک بۆ خوێنەر دروست ناکەن. هەر نەبێت من پێم وایە کە مومیلییان بۆ من لە کاتی خوێندنەوەی چەندجارەی ڕۆمانەکەدا دروست نەکردووە و هیواداریشم کە توانیبێتم هێندە باش بیکوردیێنم کە هیچ مومیلییەک بۆ خوێنەری کورد دروست نەکەن. ئەمەیان ئێستا نازانین و خوێنەرانن کە بڕیار دەدەن!

سوێدەربێری لە ڕۆمانی (لاوێتیی مارتین برینگ)دا لەمەیش زیاتر تەکنیکی مۆنۆلۆگی بە کار هێناوە و هیچ ناخۆشی و بەربەستیشی بۆ خوێنەر، هەر نەبێت بۆ من، دروست نەکردووە.

سەردەم: تۆ وەرگێڕێکی بە ئەزموونیت، بەڵام هیچ وەرگێڕێک نییە لە کاتی وەرگێڕاندا ڕووبەڕووی کێشە و گرفت نەبووبێتەوە، بە گشتی سەرەکیترین ئەو گرفتانە چی بوون لە ساتی وەرگێراندا ڕووبەڕووت بوونەوە و چۆن چارەسەرت کردن؟

خەبات عارف: سەرەکیترین کێشە و گرفت بۆ من لە کاتی وەرگێڕانی هەر نووسینێکدا دۆزینەوەی ئەو شێوازەیە کە نووسینەکەی پێ نووسراوە، چون هەر نووسەرێک شێوازی نووسینی تایبەت بە خۆی هەیە و هەر نووسینێکیش بە شێوازی تایبەت بە خۆی نووسراوە و دۆزینەوەی شێوازیش لە ڕێی خوێندنەوەی چەندجارە و بەردەوامەوە بە دەست دەهێنرێت، خۆهەڵنان و خۆڕانانیش نییە ئەگەرەکو بڵێم: دۆکتۆر گلاسم بە دەیان جار، لە ماوەی ئەو سی ساڵانەدا کە ڕابووردوون، خوێندووەتەوە! کە ئەمەم لە هەر نووسینێکدا، مەبەستم شێوازی نووسینە، دۆزییەوە، ئیتر ترسم لە وەرگێڕانی دەشکێت و دەچمە سەر بیرەبیرەی ئەوەی چۆن بتوانم وەریبگێڕم. لێرەیشەوەیە کە کێشە و گرفتی بە دروستی و ڕاستیی بەکارهێنانی زمانی کوردیم بۆ دێتە پێش، چونکی من ئیتر بڕیاری وەرگێڕانم داوە و بە نیازم لەگەڵ ئەمیاندا کار بکەم و ئەو وشە و واژە و دەستەواژانە بدۆزمەوە کە لە زمانەکەماندا هەن و لەبارن و کۆمەک بە کارەکەم دەکەن، بۆ ئەمەیش توانای خۆم و کتێب و فەرهەنگان بە کار دەهێنم، دەگەڕێم و لە پرسکردن لە دۆست و هاوڕێیانیشم ناترسێم و هەر بەوانەیش هەمیشە چارەسەری ئەو گرفتانەم کردووە کە لە کردەی وەرگێڕاندا بۆم هاتوونە پێش و دێنە پێش و لەم کارەیشمدا هەر وەهام کردووە و هیوادارم تێیدا سەرکەوتوو بووبم.

سەردەم: ئەم ڕۆمانە پێشتر لە لایەن کاک (دلاوەر قەرەداغی)یەوە وەرگێڕدرابوو، ئایا ئاساییە لە کۆمەڵگەیەکی کەمخوێنەری وەک ئێمەدا بەرهەمێکی بیانی دوو جار کاری وەرگێرانی بۆ بکرێت؟

خەبات عارف؛ پێش هەموو شت، بەڵێ ئاساییە لە دوو جاریش زیاتر بەرهەمێک وەربگێڕدرێت. ئەمە پێم وا بێت، لە زۆربەی زمانەکان و نێو هەموو نەتەوەکاندا هەیە و تەواو دڵنیایشم کە لە زمانی سوێدی و لەنێو سوێدییاندا هەیە و زۆر ئاساییە. لە بارەی وەرگێڕانەکەی هاوڕێ دلاوەر قەرەداخی خۆشەویستیشمەوە، چیرۆکەکە بەم جۆرەیە: ”من بە هیچ جۆرێک ئاگادار نەبووم لەوەی کە پێشتر کاک دلاوەر ئەو ڕۆمانەی وەرگێڕابوو بۆ کوردی، ئاخر من لە جێیەک دەژیم کە هاوسنوورە لەگەڵ سەرزەمینی ورچە سپییەکان و دەستم بە کەم شتدا نەبێت ڕاناگات! تا هاوڕێی خۆشەویستم دانا ڕەئوف لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیی نێوانماندا و لەنێو باسوخواسانی تردا ئەوەی پێی ڕاگەیاندم و من ئەوسا زۆربەی ڕۆمانەکەم وەرگێڕابوو و کەمێکی مابووەوە؛ ئیتر هەر چۆن بێت، دوودڵییەک دایگرتم. دواتر پێوەندیم بە کاک دلاوەرەوە کرد و پێم ڕاگەیاند کە ئاگادار نەبووم لەوەی ئەو و ئێستایش نەچووە بچێت، مادام ئەو پێشتر وەریگێڕاوە، دەستی لێ هەڵدەگرم؛ بەڵام ئەو ئەمەی لێ نەسەلماندم و داوای لێ کردم کە تەواوی بکەم و بیانووەکەیشی ئەوە بوو کە ئەو زۆر دەمێک لەوەوپێش ئەو کارەی کردووە و ئێستا ڕەنگە وەختی وەرگێڕانێکی دیکەی ڕۆمانەکە هاتبێت، ئیتر دلاوەرە و جوانییەکانی! منیش پاش ماوەیەک بیرکردنەوە، هەم بە قسەی ئەوم کرد و هەم بە دڵی خۆمیش.

کە کۆمەڵی ئێمەیش کەم دەخوێنێتەوە، ئەمە ئێستا وایە، ئەگەر وا بێت! بەڵام خۆ هەروا نامێنینەوە و ڕۆژێکیش دێت ئێمەیش ئەو پێستی کەمخوێندنەوەیە لە خۆمان داماڵین!

تۆ بڵێیت هەڵە بم!؟

 

ناردن: