تەقەللایەکی ونبووی تر «کۆمەڵەی بژاری کوردی»

Loading

تەقەللایەکی ونبووی تر

«کۆمەڵەی بژاری کوردی»

بەختیار حەمەسوور

١

زۆرجار بیر لەم زمانە، زمانی کوردی، دەکەمەوە، بە دروستی چۆن گەیشتووەتە ئەم ئاست و شێوازە لە دەربڕین، ڕستەسازی و پێکهاتە. هەڵبەت ئەمە هەر لە خۆڕا و بە ڕۆژێک و دووان ڕووی نەداوە، بەڵکوو چەندان کەس تەقەللایان بۆ داوە و چەندان قۆناغ و ساڵی پێچووە، ئەگەر بمانەوێ بیبەینەوە سەر مێژوو و لەمێژینەکەی، ڕەنگە سێکوچکەی شاعیرانی قوتابخانەی بابان؛ نالی، سالم و کوردی، بنج و بناخەکەی بێت، پاشتر شاعیرانی نەوەی دووەمی هەمان قوتابخانە دەبنە درێژەپێدەر و دواتریش، لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستدا، لە ڕێی هاتنی چاپخانە و ڕۆژنامەگەرییەوە شکڵ و شێوەیەکی مۆدێرن و شارنشینی بەخۆوە دەگرێت. هەنووکە ئێمە کە بەم زمانە بیر دەکەینەوە و دەنووسین و ڕۆژانە لە کار و ژیانی ئاساییماندا پێی دەئاخێوین، گرنگە بە شوێن ئەو ئەڵقە ونبووانە و ئەو کەسانەی لەپێناو گەشەی ئەم زمانەدا شۆڕشیان کردووە، بگەڕێین، بە خاتری هیچ نا، تەنیا لەبەر ئەوەی پتر زمانەکەمان و مێژووەکەی بناسین و لە ژێڵا و ڕیشەوە پێی بگەینەوە. ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا ئەم گەشتە سەرچڵانە و تاکانەیە، بەڵام لە ناوەرۆکدا پرسێکی کۆیی و گشتییە و دەتوانێت لە ڕۆنانی مێژوویەکی یەکپارە و سەراپاییدا، بەشداری بکات. لەو گەشت و گەڕانەدا ئەڵقەگەل و هەوڵی پەرتەوازە و تۆزلێنشتوو هەن و دیتنەوەیان و بە شوێن‌یەکداهاتنیان لە درێژەی ڕەوتێکدا، یەکسان دەبێت بە زمانی نووسراو و لێوەکی ئەمڕۆی ئێمە. ئەم نووسینە بەرهەمی گەڕان و پشکنینە، دۆزراوەیەکی نوێیە بە نیسبەت خۆمەوە کە لە هەمان چوارچێوە و ڕێسای گەشەی زمانی کوردیدا جێکەوتە دەبێت، دەزانم لە ڕەوتی ئەم خەباتە دێرینەدا ئەڵقەی ونی دی هەن و لە قوژبنی تاریکیدان، لەبەر ئەوە گەشت و گەڕان بەردەوامن.

٢

لە ساڵانی بیستەکانی سەدەی بیستدا، بە دروستی ساڵی ١٩٢٥، لە سەردەمی پاشایەتیدا، یەکەم موتەسەڕیفی سلێمانی، ئەحمەد بەگی تۆفیق بەگ (١٨٩٨ – ١٩٦٣)، لە لایەن حوکمەتی ئەوکاتی عێراق و لەژێر دەسەڵات و چاودێریی ئینگلیزدا، دادەنرێت. لێرەدا نامەوێ قسە دەربارەی ئەم کەسێتییە بکەم، کە لە ماوەی دە ساڵی موتەسەڕیفیدا چەند کار و پڕۆژەی گرنگی بۆ ئەم شارە کردووە و چەندیش خزمەتی بە چینوتوێژە جیاوازەکان گەیاندووە، تەنیا لایەنێکی ئەحمەد بەگ وەردەگرم، ئەویش گرنگیدانیەتی بە بواری فەرهەنگ و ڕۆشنبیری و تایبەتیش زمانی کوردی.

ئەحمەد بەگی تۆفیق بەگ لە بنەماڵەیەکی ناسراوی سلێمانییە کە بنەماڵەی خەندانە، لەم بنەماڵەدا کەسێتیی مننەوەر و خانەدان هەڵکەوتوون، بێگومان ئەحمەد بەگیش یەک لەوانە. ئەحمەد بەگی تۆفیق بەگ لە هەردوو بواری سیاسەت و ڕۆشبیریدا ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە، بە تایبەت لە دەیەی بیست و سییەکانی سەدەی پێشوودا. کە بووە بە موتەسەڕیف، یەک لەو کارانەی بە هاوکاری ڕۆشنفکرانی ئەوکات کردوویەتی، دانانی «کۆمەڵەی زانستی کوردان» بووە، ئەم کۆمەڵەیە ساڵانێکی زۆر لەم شارەدا خزمەتی بە بواری هوشیارکردنەوە و نەهێشتنی نەخوێندەواری بێ جیاوازی ڕەگەز، کردووە. ئەگەر تەماشای ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکانی ئەودەم بکەین، دەبینین ئەم کۆمەڵەیە چەند چالاک بوون و چۆن کۆشاون لە قەلاچۆکردنی نەزانیی و دواکەوتووییدا. لە هەناوی کۆمەڵەی زانستیدا کۆمەڵێکی چکۆلە دروست دەبێت، کە دامەزرێنەرەکەی خودی ئەحمەد بەگی تۆفیق بەگە، ئەویش «کۆمەڵەی بژاری کوردی»یە.

وەک لە ناوەکەی‌ڕا دیارە و سوود لە دەستەواژەیەکی کشتوکاڵی وەرگیراوە، مەبەستی سەرەکیی «کۆمەڵەی بژاری کوردی»: «بژارکردنی زمانی کوردی و لابردنی وشە و زاراوەی بێگانە و دانانی وشە و زاراوەی کوردی بووە». ئەم کۆمەڵەیە لە لیژنەیەک کەسی ڕووناکبیر و ناسراوی ئەو کاتە پێکهاتووە، بڕیار بووە هەفتانە دوو جار لەناو بینای کۆمەڵەی زانستی کۆببنەوە. لە یەکەم کۆبوونەوەدا، پاش خواردنەوەی چا و قاوە، ئەحمەد بەگ وتارێک پێشکەش دەکات و لە بڕگەیەدا دەڵێت: «ئامادەبووانی بەڕێز بە هەستێکی خۆشەوە کە ناتوانم لێتان بشارمەوە و عەرزتان ئەکەم کە دڵخۆش و دڵکراوەم کە ئەبینم ئێوە بۆ مەبەستێکی موبارەک و چاک لێرە کۆبوونەتەوە، هیوادارم کە ئینشەڵڵا بە نووری زانست وڵاتەکەمان ڕووناک بکەینەوە.» پاشتر دێتە سەر باسکردنی ڕیشەی زمانی کوردی و چۆن ئەم زمانە لە بەردەم داگیرکردن و سڕینەوەدا خۆی ڕاگرتووە و شوناسی خۆی پاراستووە، بەڵام لەم گوزەرە پڕ ئاشووب و ئاژاوەیەدا «چەندین وشە تێکەڵبوون بە زمانی کوردی، لە زمانی نەتەوەکانی دەوروبەری خۆی لێیانی وەرگرتووە، ئەمەش لەبەر ئەوەی هەندێ وشە و دەستەواژەیان نەدۆزیوەتەوە، هەربۆیە هاتوون لە زمانەکانی تر وەریانگرتووە. ئەمڕۆ بەهۆی لوتف و بەزەیی فەخامەتی حکوومەتی بەریتانی هەروەها لێخۆشبوونی حکوومەتی عێراقی کە دۆخێکی زۆر باش و ئازاد هاتووەتە پێشەوە کە هەرکەس بیەوێ دەتوانێ خزمەتی خۆی و میللەتەکەی و زمانەکەی بکا، ئەمڕۆ زمانی کوردی زمانێکی زۆر دەوڵەمەندە هیچ پێویستی بەوە نییە لە زمانەکانی دیکەوە وشە وەربگرێ و بەکار بهێنێت.» [١]

٣

ئەگەر تەماشای نووسراو و چاپکراوەکانی ئەوێ دەمێ، واتە بیستەکانی سەدەی ڕابردوو و دواتریش بکەین، باشتر لە نیاز و مەبەستی «کۆمەڵەی بژاری کوردی» دەگەین. زمانی کوردی لەو کاتەدا تێکەڵەیەک بووە لە زمانی عەرەبی، تورکی و فارسی، هەر ئەمە بووەتە مشتومڕی چەند مننەوەر و ڕۆشنبیر لەو ساڵانەدا، هەندێک بەو دۆخە نەیار و هەندێکیش یار بوون. بۆ بەرچاوڕوونی و ڕوونکردنەوەی باسەکە و بنەمای دروستبوونی ئەم کۆمەڵەیە، ڕەنگە وەرگرتنی نموونەیەک لەسەر ڕووپەڕی ڕۆژنامەیەکی ئەو سەروەختە، ڕۆژنامەی «پێشکەوتن»، کە لە ساڵانی (١٩٢٠ – ١٩٢٢) لە سلێمانی چاپ و بڵاو بووەتەوە، بێجێ نەبێت. «پێشکەوتن» لە لایەن مێجەر سۆن (١٦/٨/١٨٨١ – ٢٤/٢/١٩٢٣)، حاکمی سیاسیی ئینگلیز لە سلێمانی، دەرکراوە. هەر لە ژمارەکانی سەرەتا و لەپێناو گەشەی زمانی کوردیدا، داوای لە نووسەران و شاعیران کردووە بەرهەمەکانیان بۆ ڕۆژنامەکە ڕەوانە بکەن، هاوکات جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە بە کوردییەکی پەتی و ڕەوان، دوور لە وشەی بێگانە بنووسن، هەر زوویش ئەحمەد حەمدی (١٨٩٤ – ٤/١١/١٩٦٩) هەڵوێستی لەسەر ئەم خاڵە وەرگرتووە و بابەتێکی تکاکارانە و ڕەخنەئامێزی بۆ ڕۆژنامەکە ناردووە، لێرەدا هەم تکا و ڕەخنەکەی ئەحمەد حەمدی و هەم وەڵامە تەوسئامێزەکەی مێجەر سۆن وەک خۆی دەنووسینەوە و داواش لە خوێنەر دەکەین بە وردبینییەوە، لەسەر زمانی کوردیی وتارەکەی مێجەر سۆن بوەستێت.

بۆ مودیری پێشکەوتن

ئەحمەد حەمدی

 

نیشانەی سەعاتەدە، کە وەک ‹پێشکەوتن› بێ، لە لیوای سلێمانییا دانرا و نوێنرا. زۆر مەمنوونی حکوومەت و واسیتەی بووین، ئومێدیش دەکەین کە حکوومەت بە ‹پێشکەوتن›ـی، بە فەیز و بە ڕووناکیمان بگەیەنێ.

بێینە سەر مەقسەد، وا دیارە کە ئەربابی نووسین جەنابیان خەریکن بە جارێ زبانی کوردی لە فارسی و عەرەبی ڕووت بکەن، بە جارێ سادە و ئازادی بهێڵنەوە. ئەمەیش لە پڕا مومکین نابێ، لەبەر ئەمەی زبانی کوردی لەگەڵ فارسییا تەرحێک و نموونەیەکە و بۆ عەرەبیش عادەتەن بووە بە موحتاج و موحتاجی… خسووس زبانی عەرەبی زۆر دەوڵەمەنگە هەروا بە دەستوبردێ ناتوانین ئیستیغنای لێ بکەین، هەرچەن ئەمە ئینکار ناکرێ؛ ئەمڕۆ لە کورد و عەشایەری کوردەواریی خۆمان کە جونووبییە، زبانیان هەیە، زۆر سادە و ئازادە.

ئەگەر ئەرباب خۆی بگەڕێ و لێکی باتەوە، نزیک ئیمکان دەبێ کە ئەمەندە ئیحتیاج نەنوێنین، سەربەخۆیی زبانی ئێمەش ڕەنگ و شکڵێک بەجوێ بۆ خۆی پەیا بکا، بەڵام ئەو ظەرافەت(زەرافەت) و طەراوەتە(تەراوەتە)، ئەو جیناس و حەلاوەتەی کە هەیە تێک دەچێ، نامێنێ.

ئەمە لازمە نەک وا بە دەستوبردیی و بە مانووکردنی فکر و هۆش، بەتەدریج زبانی خۆمان، ڕێگای نووسین و وتن بدۆزێتەوە و بە حەقی خۆشی بگات. زاتەن دەبێ لەمەولا ئەربابی فەزیلەتیش، حەمییەتەن هەوڵ بدا بۆ ئەم زبانە، وەکو زبانەکانی کە، ئەساس و قاعیدەی بۆ بدۆزێتەوە و داینێ بۆی؛ لەبەر ئەمەی زبانی ئێمە زۆر لە دوا ماوەتەوە، کە زۆریش ئیستعدادی پێشکەوتنی هەیە.

وام نیاز و ڕجا هەیە، وا دەمودەست، یەکجارەکی، زبانەکەمان دەستی لێ نەدرێ، هیچ نەبێ قیاس لە زبانی عوسمانی بکەین؛ ئەو بە کوهنەییە (کۆن) و بەم هەموو هیمەتەوە کە لێی کرا و ئەدەبیاتیشی بەم دەرەجەیە تەرەققی کرد، جارێ هەر لە ئەسارەتی فارسی و عەرەبی، خۆی پێ ڕزگار نەکرا.

-ڕۆژنامەی پێشکەوتن، س١، ژ: ٥، پێنجشەممە، (٢٧ـی مەی١٩٢٠).

*

بۆ خۆوڵاتییەکان بەهەموویەتی، بۆ ئەحمەد بەگ بەتایبەتی

مێجەر سۆن

جاری پێشوو لە ‹پێشکەوتن›ـدا، لەسەر زمانی ‹کورد› شتێک درێژ درابوو کە ئەم زمانە بە جارێ لە عەرەبی و فارسی ڕووت نەکرێت و ناکرێت.

بەڵێ خۆ دیارە لە پڕێکدا کەس نابێ بە کوڕێک، بەڵام ئەوەی لە دەست بێت و بکرێت، بۆ چ نەکرێت؟

وا دەزانم ئەو نووسینانە کە عەرەبی و فارسی تێکەڵە، ئەگەر بڵێم زۆر کەسی وا هەیە کە تێ ناگا، درۆ نابێت.

وەک لە فەرموودەکەی ئەحمەد بەگدا ئەم دێڕەی تیا نووسرابوو؛ [ئەو ظەرافەت(زەرافەت) و طەراوەتە(تەراوەتە)، ئەو جیناس و حەلاوەتە!] ئێوە بن و خوا ئەمە کەی کوردییە؟ یەکێک لە عەرەبی زۆر شارەزا نەبێ، لەمە چۆن دەگات؟ کوێخا و پیاوە ماقوولەکانمان یەکە یەکە ئەمانەیان لێ بپرسنەوە، باش دەردەکەوێت کە درۆ ناکەم. ئەو جوانی و باشی و خۆشییە کە بۆ عەرەبی و فارسی دادەنرێت، لەبەر ئەمەیە کە زۆر بێژراوە و باش چووەتە مێشکەوە، ئەگینا کورد لە فارسیش کۆنترە. ئەگەر باش تەماشای فارس بکرێت، تیا دەردەکەوێت کە لە کوردی زۆر وەرگرتووە، چونکە نووسینمان بە کوردی نەبووە، لای عەرەبی و فارسیش زۆرتر گیرا، بەو ڕەنگە زمانەکەمان پاشکەوت.

ئێستایش حەز لە وتن و نووسینی عەرەبی و فارسییەکە دەکەین، چونکە زیاتر پێیانەوە ڕاهاتووین.

بەڵێ بڕواش بەوە دەکرێت، بێت و زمانەکەمان ڕووت بکرێت، لەوانیتر بۆ ئەمڕۆی ئێمە گرانە، بەشکو زۆریش گرانە، ئەگەر ئێمە ئەم گرانییە لەسەر خۆمان فڕێ بدەین، لەو ‹ڕابوردوانە› کە ئەم گرانییەیان بۆ بەجێ هێشتووین بێجێیتر دەکەین، چونکە بەیەکجاری دەیکوژێنینەوە، ئەوانەی پاش ئێمە دەکەون لێیان ون دەبێ، ئیتر بۆیان نادۆزرێتەوە.

خۆ دیارە چ لەناو عەرەب و چ لەناو عەجەم، لەناو کورد و تورک… شت بۆیە دەنووسرێت کە هەموو کەس بتوانێ تێ بگات، هەچ کەس بەو زمانە کە ئەیەوێت، شتێکی نووسی کە هەموو کەس تێگەیشت و توانی لە زمانێکی کە کەم، یا هیچی تێکەڵ نەکرد، بۆچ ناشیرینە؟

ئێوە دەڵێن جارێ بەو زمانە ڕەنگێک بڕێژرێت، ئینجا دەستی لێ بدرێت، بەڵێ باشە. بەڵام ئەم دەستلێدانە ڕووخانن نییە، بەشکو نەهێشتنی دڵۆپەی عەرەبی و فارسییە، هەتا لە توانیندابێ، کون و قوژبنیشی بگیرێت.

ئینجا لەمەولا، هەچ کەس بە ڕەنگێک خزمەتێکی باش بکات، وەک خۆتان دەفەرموون [ئەساس و مەساس]، [قاعیدە و ماعیدە] وەک ڕەنگڕشتن و ئەو شتانەبێ، بۆی دانرێت، زۆر هەوڵ بدرێت بۆ پێشکەوتنەوەی زمانەکەمان.

نەک لەبەر دڵگران بێ، لەمە زیاتر لەسەری ناڕۆم.

-ڕۆژنامەی پێشکەوتن، س١، ژ ٦، پێنجشەممە، (٣ـی جوونی١٩٢٠). [٢]

ئەگەرچی مێجەر سۆن وەک دوژمنێک و نوێنەری کۆلۆنیالیزم هاتووەتە ئەم شارە، بەڵام پێویستە ئەم هەڵوێستە مێژووییەی لە یاد نەکەن: لە چەند ژمارەی پاشتردا، ژمارە “٢٧”ی هەمان ڕۆژنامە، واتە «پێشکەوتن»، مێجەر سۆن گرەوێک و خەڵاتێک ڕادەگەیەنێت، داوا لە بەشداربووان دەکات بەرهەمەکانیان لە وادەیەکی دیاریکراودا بۆ ڕۆژنامەکە بنێرن و دواتر ناوی براوەکان ئاشکرا دەکرێت و وێڕای بڵاوکردنەوەی دەقی یەکەم، دووەم و سێیەم لە «پێشکەوتن»دا، هاوکات هەر سێ براوەکە پاداشت وەردەگرن. ئەوەی گرنگە ئەمەیە: لە یەکێک لە مەرجەکانی ئەم گرەوەدا هاتووە: پێویستە نووسینەکە «ڕوون و دیار بێ، فارسی و تورکی و عەرەبی کەمتر تیابێ، […] ئەگەر شیعر بوو کەلیمەی فارسی نەبێ، وەک ئەمەی ڕووی “حەزلێکراو – مەعشووقە” دەکەن بە “ماه تابان”، ئەگریجە و زوڵف “مشک ئالود” لێو بە “لەعل و یاقووت”، چاو بە چاو “غزل – ئاهو”، ئەگەر کینایە بێ با ئەویش بە کوردی بێت.» پاش تێپەڕبوونی سەدەیەک لەو گرەوە و ئەنجامەکەی، بێ هیچ دووڵییەک دەتوانین بڵێین ئەو کارەی مێجەر سۆن کارێکی مێژوویی بووە بۆ زمانی کوردی و بەرەوپێشبردنی.

٤

بە خوێندنەوە و گەڕان بە لەتوکوتەکانی نووسراوی کوردیدا، دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە یەک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گەشەی زمانی کوردی، ڕۆژنامەگەریی بووە، سەرەتا پرس و بابەتی زمان لە ڕۆژنامەدا مشتومڕیان لەسەر کراوە، ڕۆڵی ڕۆژنامە تاکو نیوەی سەدەی بیستیش لە گەشانەوەی زمان و پاقژکردنەوەدا، لە ڕۆڵە هەر لەپێشینەکانە، پاشتر و وردە وردە کتێبۆچکە و نامیلکە و بڵاوکراوەی دی دێن و ڕۆڵەکە گشتگیرتر دەبێت. دەتوانین هەوڵەکەی ئەحمەد بەگی تۆفیق بەگ لە درێژەی ئەو تەقەللایانەی پێش‌خۆی و هاوکاتی خۆی و پاش‌خۆیدا بخوێنینەوە، کە ساڵانێک بەر لەو و دوای ئەو لەپێناوی گەشەی زمانی کوردیدا، دراون، لەو کەسانەش کە دەکرێت بە ڕێزەوە ناویان ببرێت، هەریەک لە: سەعید کابان، تۆفیق وەهبی، مستەفا مەزهەر، جەمال عیرفان، مستەفا سائیب، شێخ نووری شێخ ساڵح، مەلا عەبدوڵڵای زێوەر، ڕەشید زەکی، حسێن نازم، عەلی عیرفان، مەحموود جەودەت، مستەفا شەوقی، کەریم سەعید زانستی، عەبدولواحید نووری و… . ئەگەرچی تەمەنی «کۆمەڵەی بژاری کوردی» کورت بوو و نەیتوانی بگات بە مەبەست و نیازەکانی و ئەمڕۆ هیچ ئارشیف و نووسراوێک لەو کۆمەڵەیە بەردەست نییە، بەڵام بێگومان تەقەللاکەیان بێسوود نەبووە، هەر خودی ئەم زمانەی ئەمڕۆ ئێمە پێی دەنووسین و پێی دەپەڤین و بیری پێ دەکەینەوە، بەر و بەرهەمی ئەو هەوڵانەیە کە زۆرینەیان تاکەکەسی بوون، بایەخی ئەم هەوڵانە گەر هێندەی ئەو شۆڕشانەی لەپێناو ئەم خاکەدا کراون و ئەو خوێنانەی لەپێناو ئەم نیشتمانەدا ڕژاون زیادتر نەبێت، کەمتر نییە.

کانوونی یەکەم ٢٠٢٢

سەرچاوەکان:

١/ ئەحمەد بەگی تۆفیق بەگ، یەکەم موتەسەڕیفی سلێمانی لە سەردەمی پاشایەتیدا، سارا محەمەد عەلی، بەڕێوەبەرایەتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی، چاپی یەکەم، سلێمانی ٢٠٢٢.

٢/ دەقی هەردوو وتارەکە و زانیاریی دەربارەی گرەوەکەی مێجەر سۆن، لەم سەرچاوەیەی خوارەوە وەرگیراون:

ڕۆژنامەی ‹پێشکەوتن›ـی سلێمانی، یەکەمین ڕۆژنامەی سلێمانی، (ژمارە ١ -١١٨)، ئامادەکردنی: ڕەفیق ساڵح، سدیق ساڵح، لە بڵاوکراوەکانی بنکەی ژین، چاپی یەکەم، سلێمانی ٢٠١٢.

ناردن: