کتێبی “نەژاد و مێژوو” لە وتووێژێکدا

Loading

کتێبی “نەژاد و مێژوو” لە وتووێژێکدا

نەجاتی عەبدوڵڵا: مێژوو بۆ من کۆڵەگەیەکی گەورەی نیشتمانسازیی و دروستکردنەوەی ئینسانی کوردە

دیداری: سەردەم

لە ماوەی ڕابردوودا دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، لە درێژەی بەخششە کولتووری و فەرهەنگییەکانی خۆی لە بواری چاپکردنی کتێبدا، کتێبێکی گرنگی لە بواری مێژوودا چاپ و بڵاو کردەوە، کتێبەکە بریتی بوو لە (نەژاد و مێژوو) ئەم کتێبە لە لایەن (کلود لێڤی- شتراوس) نووسراوە و وەرگێڕ و ئەکادمیستی ناوداری کورد (د. نەجاتی عەبدوڵڵا) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، لە فەڕەنسیەوە وەریگێراوەتە سەر زمانی کوردی، لەم دیدارەدا لەگەڵ نەجاتی عەبدوڵڵا، باس لە گرنگی و ڕەهەندەکانی کتێبەکە دەکەین، بەو ئومێدەی بەرچاوڕوونییەک بێت بۆ خوێنەر تا خۆیان لە خوێندنەوەی ئەم کتێبە گرنگە بێبەش نەکەن.

سەردەم: کتێبی نەژاد و مێژوو چۆن کتێبێکە و چ  بەها و گرنگییەکی هەیە بۆ خوێنەری کورد؟

نەجاتی عەبدوڵڵا: ڕاستییەکەی ڕەنگە بایەخ و گرینگی ئەم کتێبە بۆ ئێمە زیاتر لەوەدا بێ، کە دژی ڕەگەزپەرستی و باڵادەستیی نەتەوەیی نووسراوە، کە ئێمەی کورد زۆر بە دەست ئەم دوو چەمکەوە گرفتار بووین. هەموو نەتەوە سەردەستەکانی دەوروبەری ئێمە، هەمیشە بە جۆرێک مامەڵەیان لەگەڵ ئێمە کردووە، وەک ئەوەی ئەوان خاوەن کولتوورێکی بەرزتر بن و ئێمەیش زۆر لە خوار ئەوان بین، شتراوس لەم کتێبەدا زۆر بە وردی لەم بیرە ناڕاستە و نازانستییە دەدات، کە هیچ شتێک نییە باڵادەستیی فەرهەنگێک یان کولتوورێک بەسەر کولتوورێکی دیکە دووپات بکاتەوە. هەموو فەرهەنگەکان بەیەکەوە کۆیەکی فرەهەنگی مرۆڤایەتی پێک دەهێنن. ئەم بیرە پاک و ئینسانییە لە زانستی ئیتنۆلۆژییدا، وەک مرۆڤایەتییەکی تازە سەیر دەکرێ، کە بایەخ بە فرەچەشنیی کولتوورەکان و بەشداریی هەموو فەرهەنگەکان دەکات لە دروستکردنی شارەستانیەتی مرۆڤایەتیدا. لەم کتێبە شتراوس پرسی ئیتنۆسێنتریسم (ناوەندێتیی ئیتنیکی) و فرەچەشنەیی کولتوورەکان و لەوێشەوە بە هەموو هێزێکییەوە هەوڵی رێگری و هەڵتەکاندنی بیری نەژادپەرستی و ڕاسیزم و بیری نەریتخوازیی و باو دەکات و هەر لەوێشەوە دەرگەیەکی بەرفراوان بۆ باسی فرەچەشنەیی کولتووریی دەکاتەوە، کە ئەم بابەت و دەروازانە لە هەموو ڕوویێکەوە بۆ کۆمەڵگەی کوردی زۆر پێویستن، نەخوازەش کە (کوردستانی باشوور) بە نیوەچڵیی لە دەست ستەمگەریی و جیاکاریی نەژادیی ڕزگاری  بووە. بۆیە پێم وایە ئەم کتێبە بۆ کتێبخانەی کوردی، کارێکی زۆر پێویست و بەجێ دەبێ و هەر ئەم پێویستییەش بوو، دواجار بوو بە هۆکاری وەرگێڕانی ئەم سەرچاوە گەوهەرە ئینسانییە بۆسەر زمانی کوردی. چاو چەندە جوانە کاتێک شتراوس لە دژی بیرۆکەی جیاکاریی نەژادی دەوەستێتەوە لە وەسفی مرۆڤی بەربەری دەڵێ ( مرۆڤی بەربەری بەر لە هەرچی شت، ئەو مرۆڤەیە كە باوەڕی بە بەربەرییەت هەیە).

سەردەم: گرنگترین ئەو پرسیارانەی لەم کتێبەدا بە دوایاندا وێڵ بوویت چی بوون و دواجار ئاکامی پرسیارەکانت بە چی گەیشتن؟

نەجاتی عەبدوڵڵا: ئەوەی زیاتر بۆ من گرینگ بوو و من لەم کتێبەدا بەدوای دا دەگەڕام ئەوە بوو داخۆ، مێژووی ئێمە، کە مێژوویەکی نەنووسراوە لە کوێی ئەو پلەبەندییە دایە کە شتراوس بۆ مێژوو کردوویەتی. شتراوس لای وایە لە ڕەوتی مێژوودا دوو جۆر مێژوو هەیە. یەکەمیان مێژووی کەڵەکەبوو و ئەوەی دیکەشیان مێژووی وەستاوە. بێگومان مێژووی گەلانی سەردەستەی ئێمە هەموویان میژووی کەڵەکەبوون و توانیویانە بەخششێکی بەردەوام و دواجار دەستکەوتی مێژووییان بۆ خۆیان چنیوەتەوە و بە پێچەوانەشەوە مێژووی کورد هەمیشە مێژوویەکی وەستاو بووە، بەو مانایە کە نەیتوانیوە خاوەنی بەخششێکی بەردەوام بێ و دابڕان و خاڵی سپی زۆر لەناو مێژووی کورد هەیە، کە ڕەنگە خاڵە سپی و بۆشاییەکان زۆر زیاتر بن لە خاڵە پڕ و نووسراوەکان، هەر بۆیە ئەم مێژووە نەیتوانیوە مێژوویەکی بەردەوام بێ و بەخشش و داهاتێکی وای ببێ، کە بەردەوام بەسەر یەکەوە کەڵەکە ببن.  شتراوس لەم کتێبەدا ئەوە دووپات دەکاتەوە کە ئەو گەلانەی مێژوویان نەنووسراوەتەوە مانای وا نییە کە مێژوویان نییە، بەڵکوو زیاتر ئەوەیە کە ئەو مێژووە بۆ ئێمە نەناسراوە دەنا ئەوانیش ( لە ماوەی دەیان و هەتا هەزاران ساڵاندا، مرۆگەلی ئەوێش وەک ئەوانی دیکە خۆشەویستی، ڕق، ئازارچەشتن، داهێنان و شەڕیان کردووە) و لە ڕەوتی مێژوو بەردەوام بوون بەڵام ئەوەیە کە مێژووەکەیان بۆ ئێمە نەزانراوە و نەنووسراوەتەوە.

سەردەم: کاتێک ئەم کتێبەت بە فەرەنسی خوێندوەتەوە زۆر سەرنجی ڕاکێشاویت و وەک خۆت دەڵێیت هەمیشە لەناو جانتاکەتدا بووە، پێم خۆشە بزانم چ شتێک وای لێ کردیت هەر زوو ئەم کتێبە گرنگ بێت بە لاتەوە؟

نەجاتی عەبدوڵڵا: ئەم کتێبە لەناو ئەو فەزای دیکتاتۆری و هەناسەکوژییەی کە دیکتاۆرییەت لە عێراقدا بۆ وەچەی ئێمەی دروست کردبوو، لەناو ئەو باڵادەستییە فەرهەنگییەی کە کولتووری بەعس بە شەو و ڕۆژ باڵادەستی و نزمدەستیی فەرهەنگی ئێمەی نیشان دەدا، بۆ من چۆڕە ئاوێکی زۆر سازگار بوو لەناو تینوێتی بیابانێکدا، گەڵایەکی سەوز بوو، کە بە توندی دەستم پێوە گرت، تێگەیشتم کە کولتوورەکان هیچیان لەیەکتر بەرزتر نین و ئەوە بۆ من هەناسەیەک بوو، سەرچاوەی بیرێکی پاکوبێگەردی ئینسانیی بوو دژ بە ڕەگەزپەرستیی و جیاکاریی ئیتنیکی، کە هێندە کتێبەکەیان لا خۆشەویست کردم، کە بەردەوام پێم بوو.

سەردەم: بە گشتی سەرنجمان داوە بەڕێزت بە زۆری گرنگی بە وەرگێرانی بابەتی مێژوویی دەدەیت، ئەم گرنگیدانەت لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە و بابەتە مێژووییەکان دەتوانن چ ئیزافەیەک بخەنە سەر کاروانی مەعریفی و ڕۆشنبیریی خوێنەری کورد؟

نەجاتی عەبدولڵا: مێژوو بۆ من کۆڵەگەیەکی گەورەی نیشتمانسازیی و دروستکردنەوەی ئینسانی کوردە بەو ئاراستەیەی کە بەشداریی بکات لە دروستکردنی مەعریفەیەکی نیشتمانپەروەرانە و مەدەنی، بێ گومان مەبەستم لەوەدا ئەوەیە تاکی کورد ببێتە تاکێکی ڕەخنەگر بۆ مێژووی خۆی و لەسەرووی هەمووشیانەوە خوێندنەوە و دیدێکی ڕەخنەگرانەی بۆ ئەو شکست و داڕووخانە گەورانە هەبێ کە مرۆڤی کورد لەسایەی ناسیۆنالیزمی ئیتنیکی کوردییەوە تووشی بووە. بەداخەوە وەچەکانی پێش ئێمە بواریان نەبووە، یان بۆیان نەلواوە بە دیدێکی ڕەخنەگرانە ئەو پاشخانە سەد یان سەدو پەنجا ساڵەی بزووتنەوەی کوردایەتی بخوێننەوە، ئەمە لەگەڵ خۆیدا وای کردووە ئەم بزووتنەوەیە زۆر لە ئامانجی دروستکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی دوور بکەوێتەوە. خوێندنەوەی مێژوو بۆ بەشداریکردنەوە لە خوێندنەوە و ڕەخنەگرتن و دووبارە داڕشتنەوەی بینای کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و ئینسانیی بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە.  جگە لەوەش میژوو بۆ من هەم عەشق و هەم  زانستێکە هەموو بوونی ئۆنتۆلۆژی خۆمی تێدا دەبینمەوە.

ناردن: