گفتوگۆ لەگەڵ سەڵاح حەسەن پاڵەوان سەبارەت بە کتێبی پاڵەوانی هەزار ڕوو

Loading

گفتوگۆ سەبارەت بە کتێبی “پاڵەوانی هەزار ڕوو”

لەگەڵ سەڵاح حەسەن پاڵەوان

سازکردنی: ئیدریس عەلی

لە ماوەی ڕابردوودا، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، کتێبێکی گرنگی بە ناوی (پاڵەوانی هەزار ڕوو) چاپ و بڵاو کردەوە، ئەم کتێبە لە لایەن (جۆزیف کامبڵ) نووسراوە و (سەڵاح حەسەن پاڵەوان) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجراکێش کاری وەرگێرانی بۆ کردووە، لەم وتووێژەدا لەگەڵ وەرگێڕی کتێبەکە، سەبارەت بە گرنگی و ڕەهەندەکانی کتێبەکە گفتوگۆ دەکەین.

سەردەم: ماوەی چەند ساڵێکە گرنگیی بە وەرگێڕانی کتێبەکانی (جۆزیف کامبڵ) دەدەیت، هۆکاری ئەمە چییە؟

سەڵاح حەسەن پاڵەوان: گرنگیدانم بە نووسین و وەرگێڕان لەسەر ئەفسانە، پەیوەندی بەو دنیا تایبەتییەی ئەفسانەوە هەیە، پاش خوێندنەوەیەکی زۆرم لە بوارە جیاجیاکانی دەروونناسی و کۆمەڵناسی و ئەدەب، بۆم دەرکەوت هێزی ئەفسانە لە نێو ئەو هەموو کایانەدا چەند مەزنە و چ کاریگەرییەکی هەیە، ئەوەم لا ئاشکرا بوو زۆر لە بەرهەمە مەزنەکانی دنیا کەم تا زۆر کاریگەری ئەفسانە و حەکایەتە میللییەکانی پێوە دیارە. ئەم گرنگیدانە هەر وەها لە خۆیەوە دروست نەبوو، لە نێو ئەوانەشی بە شێوەیەکی ئەکادیمی گرنگییان بە ئەفسانە داوە، جۆزیف کامبڵە. هۆکاری سەرەکی گەڕانەوەم بۆ لای جۆزیف کامبڵ، پەیوەند بە پەیوەندی کردنی ئەفسانە بە دەروونناسی و سینەما و مۆسیقا و سەماوە.  گرنگی ئەم نووسەرە تەنیا لەبەرئەوەش نییە پەیوەندی لە نێوان ئەفسانە و ئەو بوارانەی سەرەوە دامەزراندووە، بەڵکو گرنگی جۆزیف کامبڵ، مەودای بیرکردنەوە و ئایندەڕوانینەکانێتی، بێ لایەن و دیالەکتیکانە دەڕوانێتە ئەفسانە، لە خاڵێکدا ڕایناگرێت، ئەو دەیبەستێتەوە بە ئێستا و ئایندەوە.

دەتوانین بڵێین جۆزیف کامبڵ تێکەڵەیەکمان پێشکەش دەکات لە ئەفسانە و خورافات لەگەڵ ژانرەکانی تری ئەدەب و بوارە گرنگەکانی سینەماناسی و دەروونناسی و شیکردنەوەی دەروونی، کامبڵ خۆی بە قوتابی کارڵ یۆنگ دەزانێت، ئەو یۆنگەی کەم تا زۆریش قسەی لەسەر ئەفسانە کردووە، بۆیە گرنگیدانم بە جۆزیف کامبڵ لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، کە نووسەرێکە پەلوپۆی بۆ چەندین بابەتی گرنگی مرۆڤناسی بردووە و لە سنووری تەسکی ئەفسانە و کۆمەڵگا و مێژوودا ناوەستێت، دەڕوات بۆ ئاین، زانسیش، هەروەها بابەتێکی تری گرنگ کە پێشتر ئاماژەی بۆ نەکراوە خوێندنەوەی هێزی دەروونی مێییە لە نێو ئەفسانەکاندا، گەڕانە بە دوای پاڵەوانی مێ لە دنیای پیاوسالاریدا.

سەردەم: گرنگیی جۆزیف و دونیاکەی جۆزیف چییە بۆ خوێنەر، بە تایبەت کە گوزارشتن لە دنیای ئەفسانە و دەروون؟

سەڵاح حەسەن پاڵەوان: گرنگی دەروونناسی یۆنگ و فرۆید لەوەدا بوو ئەوان مەودای خوێندنەوەی ئەفسانەیان فراوانتر کردەوە، هەر لە سنووری ئەوەدا نەوەستان وەک ژانرێکی وشک و بڕینگ مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، ئەوان هاتن لە قاڵب و بوارێکی تردا دووبارە  خستیانەوە بەردەم خوێنەر و دەروونناسان و فڕێیاندایە نێو زنجیرەیەک پەیوەندی چڕ و پڕ، تا تاک و کۆمەڵگای پێ بخوێنرێتەوە،  کە ئەمەش بۆ خۆی بواری بۆ لە نووسەران و توێژەرانی پاش ئەوان خۆش کرد، فراوانتر بچنە نێو کون و کەلەبەر و خوێندنەوەکانیان و سەرە دەزووی ئەریادنی بدۆزنەوە بۆ ڕزگاربوون لە دەستی وێڵگەکانی دووبارەبوونەوە. ئەو وەک برمیسیۆس ئاگری ئەفسانەی لە دەستی عەقڵی داخراو ڕزگارکر و خستییە بەردەم مرۆڤ، تا مرۆڤی سەردەم وەک هەر چالاکییەکی تر بڕوانێتە ئەفسانە، لەوە دەرچوو تەنیا لە نێو کتێب و ئەرشیفەکان بمێنێتەوە، ئەو وای کرد ئەفسانە لە دنیای ئەمڕۆشدا کاری پێ بکرێت.

بۆیە لە پاش نووسین و خوێندنەوە و توێژینەوەکانی ئۆتۆڕەنگ و جیمس فریزەر و میرچا ئیلیادە ئەفسانە چووە بوارێکی ترەوە، لە سنووری گێڕانەوەدا نەمایەوە، بووە شێوازێک بۆ خوێندنەوەی بیر و هزر و تێگەیشتنی مرۆڤ ، بووە بوارێک بۆ شیکردنەوەی دەروون و پێکهاتەی مرۆڤ و خوێندنەوەی ئاکارەکانی دەستەجەمی، ئارکیتایپەکان. ئەوەی جۆزیف کامبڵ لە هەموو ئەوانەی تر جیادەکاتەوە، ڕێگایەکی جیاوازی گرتەبەر، ئەو توانی سینەما و ڕۆمان و سەماش بۆ نێو ئەفسانە پەلکێش بکات، ئەو زاراوەی پاڵەوانی ئەفسانەیی بە ئامڕازی یۆنگ شیکردەوە، فۆرمێکی نوێی گەشتی پاڵەوانی داهێنا، ئەو فۆرمە بەسەر هەموو پێکهاتەیەکی فیکری کلاسیک و مۆدێرن و پۆست مۆدێرنیزمیشدا دەسەپێت.

سەردەم: بە دیاریکراوی پاڵەوانی هەزار ڕوو لەو کتێبانەیە کە قوول بەنێو دنیای  دەروون و ئەفسانەکاندا ڕۆ چووە، دەکرێت باس لە گرنگیی ئەم کتێبە بکەیت و پێمان بڵێیت بۆچی گرنگە ئەم کتێبە بخوێنرێتەوە؟

سەڵاح حەسەن پاڵەوان: جۆزیف کامبڵ کاتێ ئەم کتێبە دەنووسێت و دەخوازێت بڵاوی بکاتەوە، لە لایەن چەندین دەزگا و چاپەمەنییەوە ڕەتدەکرێتەوە و وەک کتێبێکی بێبەها تەماشای دەکرێت، بەڵام دواجار کە بڵاودەبێتەوە، دەبێتە هۆکاری گەورەی ناوبانگدەرکردنی کامبڵ، زۆرێک لە نووسەران و سینەماکاران بە گرنگەوە تەماشای ئەم بەرهەمەی کامبڵیان کرد، تەنانەت زۆر لە سینەماکاران ( وەک جۆرج لوکاس دەرهێنەری فیلمی شەڕی ئەستێرەکان) بەسەرچاوەیەکی گرنگی دروستکردنی پاڵەوانی فیلمەکانی خۆی دادەنێت. پاڵەوانی هەزارڕوو، شیکردنەوەی بازنەی ئەرکی پاڵەوانە، کە زۆربەی ژیانیش پەیوەندی بەو بازنەیەوە هەیە، سەنتەری کارکردنی ئەو پرسیارەیە، چۆن ئێمە لە کۆمەڵگا بەدیهاتنی خەون و هیواکانمان بە یەکێک یان ئامانجێک دەبەستینەوە، لە زۆربەی کۆمەڵگاکاندا ئەو خەونانە ڕادەستی  پاڵەوان و قارەمانەکانی نێو کۆمەڵگا و سیاسەت و ئەدەب دەکرێت. ئەو کەسەی بە مەشخەڵێکەوە پەیام و ئامانجەکانمان جێبەجێ دەکات و دواجار دەرگای ئازادیمان بەڕوودا دەکاتەوە، ئەوە ئەو کەسە پاڵەوانی ئێمەیە. ئەمە کرۆکی پرسی پاڵەوانە، دیارە کامبڵ ئەم شیکردنەوەی پاڵەوانەی لەژێر کاریگەری کارل یۆنگ، دەروونشیکاری سیوسرایی و قوتابی فرۆیدا نووسیوە. بەڵام گرنگییەکی تریشی پاڵەوانی هەزارڕوو لەوەدایە نووسەرێکی تری ئەمەریکایی بە ناوی (کریستۆفەر ڤۆگلەر ) هاتووە کتێبێکی نووسیوە بە ناونیشانی ( گەشتی نووسەر..The Writer’s Journey) ئەو لەو کتێبەدا بە ڕاشکاوی باس لە کاریگەری پاڵەوانی هەزارڕووی جۆزیف کامبڵ دەکات و لەوێشدا نووسەر جێگای پاڵەوان دەگرێتەوە و دەستنیشانی هەنگاوەکانی گەشتی نووسەر دەکات، کە چۆن لە فیلمسازیدا مامەڵە لەگەڵ پاڵەواندا بکات.  ئەو کتێبە ڕێنمایکەری قوتابیانی بواری سینەمایە، ئەوانەی لە هۆلیود خەریکی خوێندنی کاری دەرهێنان و فیلمسازین.

گرنگییەکی تری ئەم کتێبە لەوەدایە یەکەمین سەرچاوە بووە لە ڕووی دەروونشیکاری یۆنگەوە، ئەفسانە و حەکایەتە میللی و خورافاتەکانمان شیدەکاتەوە، نەک تەنیا شیکردنەوەیەکی تیوریانەی ڕەها، بگرە دەیبەستێتەوە بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و خێڵەکی و هزری کۆمەڵگاوە، پەلوپۆ دەهاوێ بۆ بواری سیاسەت و پەیوەندی خێزان و ئاکاری تاک و کۆمەڵ.. ئەمە بە وردی و درشتی لەو کتێبەدا کامبڵ کاری لەسەر کردووە.

خاڵێکی تری نێو ئەم کتێبە ئەوەیە سەرچاوەیەکە بۆ قوتابیان و مامۆستایان، واتە هەردوولا دەتوانن لە ڕێگای ئەم کتێبەوە ژیان تاقی بکەنەوە، مرۆڤ بە مەرگ و ژیانکردنییەوە پەیوەستە بەو شتانەی لە سەروی سرووشتەوە هێزی پێدەبەخشن، هەرچەندە مرۆڤ گەشە بکات و گۆڕانکاری زانستی و تەکنەلۆژیش لە ژیان و کۆمەڵگادا ڕووبدات، ئەو ناتوانێ لە بوونی ئەفسانە و پاڵەوان و بیرۆکەی سەروی خەیاڵ داببڕێت، دواجار مرۆڤی هەموو سەردەمەکان وەک پێویست ئەفسانەیان بەکاربردووە.

سەردەم: پێت وایە کتێبی پاڵەوانی هەزار ڕوو دەتوانێت چ شتێک لە زیهن و فیکری ئینسانی کورد و خوێنەراندا بگۆڕێت، بە دیاریکراوی پێت وایە لەو کتێبانە بێت کە توانای گۆڕانکاریی لە فیکر و ئەندێشەی خوێنەردا هەبێت؟

سەڵاح حەسەن پاڵەوان: هەروەک هەر کتێبێکی هزری و دەروونشیکاری، بەدڵنیاییەوە چەمکی ”پاڵەوانی هەزارڕوو” دەتوانێت بیرو هزر و ڕوانگەی خوێنەری کورد بگۆڕێت. ئەم چەمکە خۆی بەشێکە لە تێوری ئەفسانەیی بە ناوی ”مۆنۆئەفسانە” واتە ئەفسانەی یەکمەوادایی، باس لە نەخشەیەکی گشتگیر دەکات، ئەو بازنەیەی کە پێشتر باسمان کرد، کە ئەمە بەسەر هەموو  کەسێک، گرووپێک، خێزان، نەتەوەیەک، کۆمەڵگایەک دا جێبەجێ دەبێت، دەکرێت وەک پاترۆنێک تەماشای بکرێت کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەمان هەبێت، لێرەدا ئاماژە بە چەند شێوازێکی کاریگەری ئەو بازنەیە دەکەم: کامبڵ بڕوای وایە هەندێ بابەت و نموونەی دێرین هەن لە هەموو کۆمەڵگاکاندا بوونیان هەیە، سەرەرای جیاوازی کولتووری، هەر هەموومان لە بەسەرهات و حەکایەت و سەرکێشییەکانماندا یەکین. گەشتی پاڵەوان، میتافۆرێکە بۆ گەشەکردنی کەسایەتی، واتە ئەو ئەزموون و سەختیانەوە کە لە ژیاندا دێنە ڕێگامان، یارمەتیمان دەدەن گەشەبکەین و روانگەی نوێمان لا دروست بێت. ئەم گەشتەی پاڵەوان ئیلهامبەخشە، چونکە پڕە لە خەیاڵ و فەنتازیا و ئەزموون، کەسی داهێنەر لە ڕێگای جوان ڕێکخستنی خەیاڵەوە شتی نوێ پێشکەش دەکات. گەشتی پاڵەوان دەبێتە هۆی ئەوەی تاک ناسنامەی خۆی بدۆزێتەوە و ئەو نهێنیانەی ناخی خۆی ئاشکرا بکات و بەسەر ڕێگرییەکانی ژیانیدا سەرکەوێت. کامبڵ بە هەشت قۆناغ ئەم گەشتەی دەستنیشان کردووە کە بریتین لە : ( بانگەشە بۆ سەرکێشی، ڕەتکردنەوەی بانگەشە، یارمەتییەکانی سەروسروشتی، تێپەڕبوون بە نێو ڕێگرییەکان، تاقیکردنەوە و تەنگانە، کۆتایی، مەرگ و هەستانەوە، پاشان گۆڕانکاری، گەڕانەوە .).

سەردەم: سەرەکییترین ئەو کێشە و گرفتانە چی بوون لە ساتی وەرگێرانی ئەم کتێبەدا بۆت دروست بوون و چۆن چارەسەرت کردن؟

سەڵاح حەسەن پاڵەوان: سەرەکیترین کێشەی وەرگێڕان بەگشتی چۆنیەتی دۆزینەوەی ئەو زاراوانەیە کە لەبەرامبەر زمانی دووەمدا هەمان واتا و ناوەڕۆک دەبەخشن، هەروەها چۆنیەتی بە کورداندن و داڕشتنێکی ئاسانە کە بکرێ بۆ خوێنەری زمانی دووەم تێگەیشتنی ئاسان بێت. گرفتەکە هەر ئەمە نییە، گرفتی گەورە ئەو بابەتانەن کە بە زمان و کەشوهەوای ئەدەبی کوردی ئاشنا نین، هەرچەندە ئێمە کولتوورێکی گەورەی فۆلکلۆر و حەکایەتی میللی و پەند و زاراوەی تایبەت بە بەسەرهاتە خورافییەکانمان هەن، بەڵام دواجار ئەوەی وەریدەگێڕم تێهەڵکێشکردنی هەموو ئەوانەن بە زمانی دەروونشیکاری و تەکنەلۆژیا و کۆمەڵناسی و زانست. بۆیە دەبێ دەستڕەنگینی زمان تێکەڵ بێت بە بەهرەی چنینی بابەتەکە وەرگێڕاوەکەت، ڕەنگ و هێڵ و نەخشەکان بە جوانی بە تەنیشتی یەکەوە دانرێن تا وێنە و ڕازو نهێنییەکان بە ڕوونی بگەنە لای وەرگر. لە ساتی وەرگێڕان گرفتەکان، تەنیا لە جۆری هەڵبژاردنی زاراوە و دەستەواژە دەروونییەکاندا نین، بگرە بارێک لە نادڵنیایی دێتەپێشێ، زۆرجار تووشی دڵەراوکێم دەکەن، کە ئەویش نەبوونی یەقینی تەواوە لە وەرگێڕانی هەندێ زاراوە و دەستەواژەی تایبەت بە بوارەکەی ئەم زاتە. لەوێدا نادڵنیایم لا دروست دەبێت ئایا پڕ بەپێستی خۆی وەرمگێڕاوە؟!، دیارە ئەو گومانە لای زۆر لە وەرگێڕەکاندا هەیە، کە ئەمەش تا ڕادەیەک تەسکینیمان پێ نابەخشێت و تۆزێ دڵگرانیم لا دروست دەکات.

ناردن: