ڕۆمانی مندڵانی هێڵی ئاسن لە بەردەم چەند پرسیارێکدا
ڕۆمانی مندڵانی هێڵی ئاسن
لە بەردەم چەند پرسیارێکدا
سازکردنی: سەدرەم
لە ماوەی ڕابردوودا، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، ڕۆمانی (منداڵانی هێڵی ئاسن)ی، چاپ و بڵاو کردەوە، ئەم ڕۆمانە سەر بە دنیای هەرزەکارانە و لەگەڵ ڕووداوە سەرنجڕاکێشەکانیدا، لە کۆمەڵێک گۆشەنیگاوە، ڕەهەندی ئینسانی و پەروەردەیی قووڵی هەیە، ئەم ڕۆمانە لە لایەن نووسەری ئینگلیزی (ئەی نزبیت) نووسراوە و هەڵمەت عوسمان، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، لە فارسییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.
سەردەم: بۆچی ڕۆمانی (منداڵانی هێڵی ئاسن)ت، هەڵبژارد بۆ وەرگێڕان؟
هەڵمەت عوسمان: سەرەتای چوونم بۆ شاری تەبرێزی وڵاتی ئێران و دەستپێکی خوێندن، یەکەم نۆڤلێت (منداڵانی هێڵی ئاسن)بوو کە کڕیم و خوێندمەوە، ئەویش بە ئامۆژگاری مامۆستاکەم، تا بتوانم لەو ڕێیەوە سوودێک بە باشتربوونی زمانی فارسیم بگەیەنم، چون گەر بڕیار بێت زانستێک لە زمانی دووەمەوە بەدەست بێنی، دەبێ سەرەتا بە باشی فێرە زمانەکە ببیت. دوای خوێندنەوەی چەند جارێکی یەک لە دوای یەکی نۆڤلێتەکە، ئەو هەستەم لا دروست بوو، گەر هاتوو بە باشی بەسەر زمانەکەدا زاڵ بووم، ئەوا ناوی خوای لێ بێنم و وەرگێرمە سەر زمانی کوردی. دوای نۆ مانگ، ئەوە بوو بڕیاری وەرگێڕانیم دا، چون سەرەتای یەکەم کارم بوو، خۆم چ بگات بە خوێنەر، لێی ڕازی نەبووم، دوای بەینێکی دیکە، دووبارە وەرمگێڕایەوە، بەڵام دوو ساڵی بەسەردا تێپەڕی تا تروسکایی بە چاوی خۆی بینی، ئەوەی من لە نۆڤلێتەکەدا(واباشترە پێی بڵێین نۆڤلێت) هەستم پێ کرد، سادەیی زمانەکە و پەیامی پشت دەقەکە بوو، کە بۆ ئێستای هەرزەکارانی ئێمە سوودی دەبێ. نووسەر زۆر بە جوانی باسی لە بەها گەشەکانی هەر خێزانێک کردووە، بۆ مانەوە و کۆبوونەوەیان لە دەوری یەکدی. باس لەو هێزە موگناتیسییە دەکات، وامان لێ دەکا لە پێناویدا چاوپۆشی لە زۆر شتی گرنگی دیکە بکەین، گەرچی ئێستا لە دەستیان دەدەین، بەڵام دەکرێ لە زەمەنێکی دیکە بە دەستیان بێنینەوە.
سەردەم: دنیای ئەم ڕۆمانە چییە و چ گرنگییەکی بۆ خوێنەری کورد هەیە؟
هەڵمەت عوسمان: دونیای نۆڤلێتەکە، دونیایەکی سادە، بەڵام شیرینی خێزانێکە، دوای ئەوەی لە لووتکەی خۆشگوزەرانییەوە، لەپڕ، نەک هێدی هێدی، دەکەونە خوارەوەی کەندەڵانەکە. لەوێدا نووسەر پێمان دەڵێ، ئایە دەکرێ کە دەکەوینه کەندەڵان، هەروا دەست بە خۆماندا شۆڕبکەینەوە و ماتومەلوول دانیشین و چاوەڕێی مەرگی خۆمان بکەین؟ نووسەر لە درێژەی نۆڤلێتەکەدا پێمان دەڵێ: هەڵگەڕان و گەیشتنەوە بە لووتکە، ڕەنگە قورس بێت، بەڵام نابێ لە هەوڵی خۆمان بوەستین.
”باوکتان تا ماوەیەک لێمان دوور دەکەوێتەوە“ ئەوە قسەی دایکی منداڵەکانە، گەرچی خاڵیی نییە لە خەم، بەڵام هیوابڕاوانەش نییە، چون دەڵێ: تا ماوەیەک، کەواتە هێشتا هیوایەک هەیە بۆ گەڕانەوەی هاوسەرەکەی، بەڵام پێویستی بە کاتە. کەواتە ئەوەی نووسەر جەختی لێ دەکاتەوە، نابێ لە هەر دۆخێکی ناخۆشدا بووین، هیوابڕاو بین.
سەردەم: ڕەهەندە پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم ڕۆمانە کامانەن و چ ڕۆڵ و کاریگەرییەکیان بۆ کۆمەڵگە هەیە؟
هەڵمەت عوسمان: بەهێزیی، دڵسۆزیی، باشبوون بۆ هەموان، گوێڕایەڵی؛ ئەو چوار چەمکە پەروەردەییەن، دەبێ لە هەر خێزانێکدا هەبێ، دواجار لە خێزانەوە بگوازرێتەوە بۆ دەوروبەر و کۆمەڵگە.
دایکیان بە گیرانی هاوسەرەکەی، ورەی بەرنەدا، بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخەکە، تەنها شوێن و پێداویستیی و تموحاتی گۆڕی، منداڵەکان گوێڕایەڵ بوون بە بڕیارەکەی دایکیان، کاتێ وتی: دەبێ بچینە خانوویەکی بچووکتر و ڕوو بکەینە لادێ، منداڵەکان لاملیان نەکرد، هەریەکە بیانوویەک بگرێ و کەلـلەڕەقی بنوێنن، بەڵکو ئەوەی دایکیان وتی، پێی ڕازی بوون. بەهێزیی ئەوان لەوەدا بوو، ددان بە خۆیاندا بگرن لەبەرانبەر ئەو دۆخەی تێی کەوتوون و هەڵبکەن لەگەڵ ژیانی چاوەڕنەکراوی ئایندەیان. دڵسۆزیی منداڵەکان بەرانبەر خەڵکی گوندەکە، وای کرد گشتیان خۆشیان بوێن و کاتێکیش بڕیاری ئەوەیاندا یادی لەدایکبوون بۆ پاسەوانی وێستگەی شەمەندەفەرەکە بکەن، خەڵکی گوند بەدەمەوەهاتنی باشیان هەبوو و بەشدارییان کرد لەو بۆنەیە، چون پێشتر تۆوی باشبوونیان چاندبوو. ئەمڕۆ خێزانەکانمان پێویسته بەم جۆرە منداڵەکانیان پەروەردە بکەن، تا لە هەر بارودۆخێکی ناهەموار، بەدەمەوەهاتنی پۆزەتیڤیان هەبێ بۆ دایک و باوک و دەوروبەریان.
سەردەم: ئەدەبی گەنجان چییە و خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی چین؟
هەڵمەت عوسمان: وەک چۆن ئەدەبی منداڵان و میانساڵان ئەمڕۆ ئاوڕێکی باشی لێ دراوەتەوە و هەزاران پەرتووک و گۆڤار بۆ ئەم دوو چینە چاپکراون و بەردەوامیشن لە چاپکردن، بەڵام پێم وابێت، بۆ چینی گەنجان_هەرزەکاران_، بۆشاییەکی گەورەمان هەیە و کەم ئاوڕمان لێ داوەتەوە، چ وەک بەرهەمی خۆماڵی، چ وەک وەرگێڕان. هەرزەکارێکی دوانزە، تا هەژدە ساڵان، گەر بیەوێت بخوێنێتەوە، بەڕاستی نازانێ دەست بۆ چ کتێبێک ببات. ئاخر قورسە بۆ هەرزەکارێکی پانزە ساڵان، بێت ڕۆژانی تاوان و سزا، چاوەکانی، کوێخا سێوی، دەربار، ١٩٨٤، یا هەر ڕۆمانێکی هاوچەشن بخوێنێتەوە، بۆ؟ چونکە لەگەڵ دونیای ئەو نایەتەوە، ئەو بابەت و ئیماژانەی لەوێدا باس دەکرێن، دوورن لە خەیاڵ و ئاستی تێگەیشتنی ئەو، بۆیە ئەمڕۆ گەر بە هەرزەکارێک بڵێی بۆ ناخوێنیتەوە؟ گەر بڵێ: جا چی بخوێنمەوە. ئەوا نابێ ناحەقی بگرین، چون ئێمە هیچمان بۆ بەرهەم نەهێناون، تا مافی ئەوەمان هەبێ گلەییان لێ بکەین، بە بۆچوونی منیش، دونیای هەرزەکاران، زۆر لە دونیای منداڵان ئاڵۆزترە، بۆ دونیای منداڵان، دەکرێ بێین باسی گفتوگۆی نێوان سێوێک و گێلاسێک بکەین، دیمەنی هاوڕێیەتی پشیلەیەک و سمۆرەیەک بخەینە ڕوو، بە ئاسانیش دڵیان خۆش بکەین و قەناعەتیشیان پێ بێنین، بەڵام هەرزەکارێک بە وەها چیرۆکێکی لە سادە سادەتر، ڕازی نابێ، لەم قۆناغەدا مێشکی بەردەوام لە گەشەکردن دایە و پرسیاری نوێی لا دروست دەبێ. کەواتە ئێمە دەبێ ئەدەبێکمان هەبێ، وەڵامی پرسیارە ئاڵۆزەکانی ئەوان بداتەوە، واتا لە ئاست تموحی ئەو چینەدا بێت. چون دواجار ئەوان بناغەی گەشەسەندنی هەر کۆمەڵگەیەکن، کەواتە خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی ئەدەبی گەنجان، پێم وابێت زۆر ئاڵۆزە بەقەد ئاڵۆزی ئەو چینە خۆی.
سەردەم: ئایا ئەم جۆرە ئەدەبە تەنیا بۆ گەنجانە، یاخود بۆ بەتەمەنەکانیش مایەی چێژ و تێگەیشتنە؟
هەڵمەت عوسمان: چێژی هەر دەقێک تایبەت نییە بەو چینەی بۆی نووسراوە، دەکرێ بە گشتی ئەوان چێژی لێ ببین، بەڵام دواجار بەتەمەنەکانیش خۆیان لە ناو دەقەکەدا دەبیننەوە و بۆ ماوەیەک دەگەڕێنەوە تەمەنی هەرزەکاری و بە دیار خوێندنەوەیەوە ئاهێک هەڵکێشن و بڵێن: ئاااای. هەر خودی ئەو ئااایە، هەزاران پرسیاری تێدایە، کە بەتەمەنەکە لە هەرزەکاریدا وەڵامەکەی وەرنەگرتۆتەوە، کەواتە چێژی هەر دەقێکی منداڵان و هەرزەکاران، دەکرێ بۆ گەورەساڵانیش بێت، بۆ؟ چونکە بەتەمەنەکان بەو قۆناغی تەمەنەدا تێپەڕیون و بینیویانە و ئەزمونیان کردووە، هەر بۆ نموونە، زۆرینەمان بەم تەمەنەوە، ئێستاش چێژ لە بینینەوەی فیلمکارتۆنی گلاندەیزەر و نێڵز و مشک و پشیلە و کالیمێرۆ دەبینین، بەڵام وەک لە پرسیاری سەرەوەدا ئاماژەم پێ دا، بە نزیکەیی هەرگیز هەرزەکارێک ناتوانێ چێژ لە ڕۆمانێکی وەک (داگیرکردنی تاریکی) ببینێ، چونکە بۆ ئەو نەنووسراوە و ئەزمونیشی لەگەڵ ئەو تاڵی و سوێرییەدا نییە.
سەردەم: چ زانیارییەکت لەسەر نووسەری ئەم ڕۆمانە هەیە و خاوەنی چ پێگە و کەسایەتییەکە لە نێوەندی ئەدەبیدا؟
هەڵمەت عوسمان: نووسەر لە ساڵی ١٨٥٨ لەدایکبووی ئینگلتەرا و لە ساڵی ١٩٢٤ لە نۆرماندی بە هۆی نەخۆشی سیل کۆچی دوایی کردووە، شاعیر و نووسەر بووە، زیاتر لە چل بەرهەمی بۆ منداڵان و هەرزەکاران هەیە، ناوەڕۆکی هەموو بەرهەمەکانیشی لە ژیانی ڕۆژانە و بابەتی واقیعی وەرگرتووە و تێکەڵ بە فانتازیای کردووە، دیارترین بەرهەمەکانی کە دەنگدانەوەیەکی زۆریان هەبوو(چیرۆکی گەنجینەکان ١٨٩٩، قەڵای سیحراویی١٩٠٧، ماڵی ئاردەن ١٩٠٨، فۆنیکس و فەرش١٩٠٤، منداڵانی هێڵی ئاسن ١٩٠٦)بوو، ئەوەی دواییان کراوە بە فیلم، ڕاستە ئەو بە نووسەری منداڵان ناسراوە، بەڵام بەرهەمی هەیە بۆ گەورەساڵان، بە ناوەکانی:(پۆشاکی پێغەمبەر ١٨٨٩، کاتژمێرێک پێش ڕۆژ١٨٨٥، شتێک هەڵەیە ١٨٨٦، ماڵی سوور١٩٠٢) نووسەرێکی پڕ بەرهەم بووە و بە کۆی گشتی زیاتر لە شەست کتێبی چاپکراوی هەیە و دوای خۆشی، پانزە کتێبی دەستنووسی دیکەی چاپکراوە، ئەو وەک نێسبیت، وەک دروستکەری فانتازیا مۆدێرنەکانی منداڵان ئاماژەی پێ کراوە.