هەناسە فەلسەفییەکان ئاوات ئەحمەد سوڵتان دەینوسێت

Loading

هەناسە فەلسەفییەکان

ئاوات ئەحمەد سوڵتان دەینوسێت

(٢٠)

پرسیاری زانستی و پرسیاری فەلسەفی

تێلیسی مایلیتۆسی یەکەمین فەیلەسوفە لە مێژووی هزری خۆراواییدا، هاوکات یەکەمین زاناشە، گەلێک داهێنانی زانستیی پێشکەش کردووە، میتۆدی زانستیی بۆ لێکۆڵینەوەکانیی بەکارهێناوە (لەگەڵ خۆشی نەیدەزانی کە وادەکات)، واتە لەناو کایەی سروشتدا کاری کردووە، هاوکات بیری لە کایەی دەرەوەی سروشتیش کردۆتەوەو پرسیاری کردووە: ئەسڵی شتەکان چین؟ دوایی هەر خۆی وەڵامی داوەتەوە کە ئاوە. مەبەستم لەو قسانە چیە؟ دەمەوێت بڵێم زانست و فەلسەفە پێکەوە سەریانهەڵداوە، فەیلەسوفانی سەرەتا لەهەمانکاتدا زاناش بوون. باسەکەی منیش پەیوەندیی نێوان پرسیاری فەلسەفی و پرسیاری زانستییە، چ لەو ڕووەوە کە لەیەکتریی نزیکن، یان لەو ڕووەوە کە لەیەک دوور دەکەونەوە.

مرۆڤ بە سروشتی خۆی بوونەوەرێکە پرسیار زۆر دەکات، دەیەوێت دیوە شاراوەکانی شتەکان بزانێت، پرسیارکردن ڕێگایەکە بۆ تێرکردنی حەزی زانین کە لە ناخیدا ڕەگی داکوتاوە، ئەمەش سەرەکیترین خاسییەتە کە مرۆڤەکان لە بوونەوەرەکانی تر جیادەکاتەوەو هۆیەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی مرۆڤ خاوەنی ئەقڵێکی زۆر گەشەکردووە. جیهانەکەشی پڕە لە شتی نەزانراو. ئەقڵیش خۆی سروشتێکی نەسرەوتی هەیەو بەردەوام پرسیاردەکات، سەرسام دەبێت، بیردەکاتەوە. بەڵام بیرکردنەوە ڕێگاو شێوازی جۆراوجۆری هەیە، ئەوەی لێرەدا مەبەستمە، زیاتر وردبوونەوەیە لە دوو شێوازی سەرەکیی بیرکردنەوە: زانستی و فەلسەفی کە ئەوانیش دوو جۆر پرسیار بەرهەم دەهێنن: پرسیاری فەلسەفی و پرسیاری زانستی! ئەم دوو جۆرە پرسیارە چین؟ خاسییەتەکانیان چیەو لەچیدا لەیەکتریی جیاوازن؟

بێشک هەردوو پرسیارەکە ئامانجیان گەیشتنە بە هەقیقەت، بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی دیاردەکانی دەوروپشتی مرۆڤ، دەیانەوێت لە هۆیەکانیان تێبگەن، بۆ ئەوەی ڕێگاکانی مامەڵەکردن لەگەڵیانداو چۆنێتی کۆنترۆڵکردنیان بۆ ئێمە فەراهەم بکەن. لەڕاستیدا کۆی شارستانێتییەکەی ئێمە هیچ نیە جگە لە وەڵامی ئەو پرسیارانەی فەیلەسوفان و زانایان بەرزیان کردوونەتەوە. چونکە هەردوو جۆرەکەی پرسیارکردن پڕن لە کرێسیی وردبوونەوە، پاشان گەڕان بەدوای چارەسەر یان وەڵام بۆ ئەو گرفتانەی دێنە پێشەوە.

دەبێت لەنیوان ئەم دوو پرسیارەدا چ جۆرە پەیوەندییەک هەبێت؟ ئایا پەیوەندیی پێکەوە کارکردن و هەماهەنگی و پێوەستبوونە، یاخود پەیوەندیی جیابوونەوەو ناکۆکی و لێک دوور کەوتنەوەیە؟

ئەم دووجۆرە پرسیارە، لە گەلێک ڕووەوە بەناو یەکترییدا چوون، بەجۆرێک کە واهەست دەکەین دوایەکی لێک جیانەکراوەن: فەیلەسوف و زانا دوو کەسن کە خاوەنی هەستێکی ئیشکالییانەن، واتە گومان زۆر دەکەن و پرسیاری لە پشتەوەی دیاردەکان دەکەن و بە ڕووکەشەکان ڕازی نابن.

فەیلەسوفان پرسیاردەکەن و زانایانیش وەڵام دەدەنەوە. پاشانیش جارێکی دیکە فەیلەسوفان گومان دەخەنە بەر وەڵامەکان، پرسیاری دیکە بەرزدەکەنەوە. هاوکات زانایانیش پرسیاری خۆیان هەیە، ئەوانیش کە پرسیار دەکەن، یەکێک لەوانەی دێتە پێشەوە بۆ وەڵامدانەوە فەیلەسوفە. ئەگەر لە ساتەوەختێکدا کێشە کەوتە نێوانی فەلسەفەو زانستەوە، ئەوە پرۆسەی بنیاتنانی شارستانی پەکی دەکەوێت، ڕێک وەک ئەوەی کلۆد بێرناری فرانسەیی دەڵێت: “فەلسەفە بێ زانست کوێرەو زانستیش بێ فەلسەفە، گێڕە.”

ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێبدەین، ئەوەیە کە هەردوو پرسیارەکە، لە ئاستی زانینی ئاسایی تێدەپەڕن، گرنگییەکی ئەوتۆ بە هەست و تێگەیشتنی باو نادەن، هەردوکیان نیگەرانییەک، ناسەقامگیرییەکی مەعریفییانەی قووڵیان لەهەناویاندا هەڵگرتووە، هەتا ئەو پەڕی توانا، بگرە هەتا ئەوپەڕی بڕکردنی ئەقڵ و ئەندێشە، لە گرفتەکاندا قووڵ دەبنەوە. زۆرجار لە جێگایەکدا کۆدەبنەوەو بەهەردوکیان فەلسەفەیەک پێکدەهێنن کە پایەکانی لەسەر زانست دامەزراوە، وەک فەلسەفەی مارکسیزم، پۆزەتیفیزم.

لەگەڵ ئەوەشدا، کۆمەڵێک جیاوازیی لەنێوان بونیادو پێکهاتەی ئەم دوو جۆرە پرسیارەدا هەیە، چونکە ئەوەی زانست گرنگیی پێدەدات پرسە زانستییە بەرهەستەکانە، بەڵام فەلسەفە خۆی بە مەسەلە مێتافیزیکییەکانەوە سەرقاڵ کردووە کە قابیلی ئەوە نین ببرێنە ناو تاقیگە زانستییەکانەوە. واتە کایەی کارکردنی فەلسەفە دۆزینەوەی هۆیە بنەڕەتییە گەردونییەکان و لێکۆڵینەوە گشتگیرەکانە، تۆژینەوەیە لە بوون وەک گشت، کایەی کارکردنی فەلسەفە گەردوونە بەسەریەکەوە. بەڵام زانست لەناو سروشتی دەوروبەرماندا کاردەکات، هەرجارەی دیاردەیەک، گرفتێک تاقیکردنەوەیەک وەردەگرێت و تا ئەوپەڕی تێیدا قووڵ دەبێتەوە.

کێبڕکێی نێوان زانست و فەلسەفە لەلوتکەی هاوکارییدایە، هاوکاریکردنیان ئەوپەڕی ناکۆکی و مشتومڕە. لێرەدا بواری ئەوەمان نیە لەهۆیەکانی ئەم پەیوەندییە پڕ لە ئیشکالە بکۆڵینەوە، بەڵام گرنگە ئاماژە بکەین بۆ ئەوەی کە یەکەمین فەیلەسوفەکان، هەر خۆیشیان یەکەمین زاناکان بوون و دواتر پێڕەوەکانیان جیابوونەوە. لەئێستادا دەبینین کە بواری کارکردنی زانست واقیعی بەرهەستە واتە جیهانی سروشتیی، بەڵام بواری کارکردنی فەلسەفە پرسە ئەقڵێنراوەکانە (واتە لایەنە مینۆکییەکانی بیرکردنەوە)، واتە دەرەوەی سروشت یان مێتافیزیک. دەبێ ئەوەش بڵێین کە کایەی کارکردنی زانست کایەیەکی بەشەکیی تایبەتە، خۆی بە دیاردەیەکی دیاریکراوەوە خەریک دەکات، وەک کەوتنەخوارەوەی شتەکان (تیۆری کێشکردنی زەمین) بەڵام فەلسەفە لەهەمەکەکان دەکۆڵێتەوە، بۆ نمونە پرسیارێکی گشتی دەخاتە ڕوو: شت چیە؟

زانست لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکاندا، میتۆدێکی ئەزمونییانەی هەیە، ئەو هەمیشە داتاکان کۆدەکاتەوە، ڕێکیان دەخات، تاقییان دەکاتەوە، لێیانەوە دەگاتە دەرەنجام، پاشان جار لەدوای جار تاقیکردنەوەکان دووبارە دەکاتەوە. بەڵام فەلسەفە واناکات، ئەو میتۆدێکی ئەقڵییانە پێڕەو دەکات‌و لەناو تێڕامانەکانیدا بیردەکاتەوە، کارەکانی فەیلەسوف زۆر گریمانەیین، داتاکانی بەردەستی زیاتر ئەقڵیین نەک ماتریاڵی، ئەوەشی لەکۆتاییدا پێی دەگات، ڕایەک، بۆچوونێکە کە زۆر نابات، فەیلەسوفێکی دیکە هەڵیدەوەشێنێتەوەو کاری زیاتری لەسەر دەکات… سەرەنجام زانست لەکۆتاییدا کۆمەڵێک یاسا دەخاتە بەردەستمان، بەڵام فەلسەفە جگە لە چەند تیۆرێک هیچی ترمان پێنادات.

واتە پرسیاری زانستی پرسیارێکی بەرهەستەو میتۆدێکی ئەزمونیی پێڕەو دەکات و وەڵامەکانیشی زۆر دیاریکراون و دەبن بە یاسا. بەڵام پرسیاری فەلسەفیی پێڕەوێکی ئەقڵی بەکاردەهێنێت بۆ لێوردبوونەوەی و لەکۆتاییدا کۆمەڵێک تیۆر دەخاتە ڕوو کە جار لەدوای جار خۆی ڕەخنەیان لێدەگرێت و هەمواریان دەکات، بەڵام زۆر زەحمەتە تیۆرەکانی ببن بە یاسا.

ئەگەر بەراوردەکە چڕتر بکەینەوە: پرسیاری فەلسەفی لەپێناو بنیاتنانی زانینی گشتگیرو هەمەلایەندا، کەچی هەر لە بنەڕەتەوە گومانی لە تواناکانی وەڵامدانەوە هەیە، چونکە لەفەلسەفەدا شتێک نیە ناوی کۆتا وەڵامی یەکلاییکەرەوە بێت. ئەگەر چاوێک بە ژیانی سۆکراتدا بخشێنین دەبینین هەموو تەمەنی خۆی بۆ ئەوە تەرخانکردووە کە گومان بخاتە بەر زانینی ئەوانەی لافی شارەزایی‌و دانایی لێدەدەن، فەلسەفە تا ئەمڕۆش هەر لە تەقەللای بەدرۆخستنەوەی دڵنیاییەکان و دۆگماکاندایە. هەروەها پرسیاری فەلسەفە خاسییەتی ئەوەشی هەیە کە زنجیرەیەک پرسیارەو هەمیشە پرسیاری دیکە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، واتە هەر وەڵامێک کە بە پرسیارەکەی دەدەینەوە، خۆی لەخۆیدا وروژێنەری پرسیارێکی نوێ یان زیاترە. هەربۆیەشە کارل یاسپەرس جەخت دەکات کە لە فەلسەفەدا پرسیارکردن لە وەڵامدانەوە گرنگترە، پێویستە هەموو وەڵامێک بگۆڕێت بۆ پرسیارێکی نوێ.

کەواتە دەتوانین لە ڕووی سروشتی بابەتەکانیان و میتۆد و ئامانجەکانیانەوە هەردوو پرسیارەکە لەیەکتریی جیابکەینەوە، هەروەها دەتوانین سەرنجی ئەوەش بدەین کە هەردوکیان لە سەرەتایەکی زۆر سادەوە دەستیان پێکردووە، بیرمەندانی سەرەتا، لەوێنەی تێلیس و هاوڕێکانی، هەم بە فەیلەسوف و هەم بە زاناش لەقەڵەم دەدران.. لەو ساتەوە تا ئەمڕۆ دەبینین زانست پێشکەوتنێکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام فەلسەفە هەنگاوی ئەوتۆی نەناوە. لەئێستادا ناوی زانا کۆنەکان وەک ئەرشیف دەهێنین، کارەکانی ئەرخەمێدس گرنگییەکی مێژوویی زیاتریان نەماوە؛ کەچی ناتوانین لە لێکۆڵینەوە فەلسەفییەکاندا دەسبەرداری ئەفلاتون و ئەرەستۆ ببین.

***

ئێستا با بەجۆرێکی دیکە بیری لێبکەمەوە: پرسیاری زانستی و پرسیاری فەلسەفیی سروشتی جیاوازیان هەیە و میتۆدەکانیان جیاوازەو ئامانجی جیاوازیشیان هەیە. پرسیاری زانستی زیاتر سروشتێکی ئەزموونییانەی هەیە، واتە دەتوانین تاقیکردنەوەی لەبارەوە بکەین، هەڵیانبسەنگێنین و پێوانەسازییان تێدا بکەین. چوارچێوەی ئەم پرسیارانە دیاریکراوەو دەزانین لە چ پانتاییەکدا مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین. چونکە هەریەکێک لەم پرسیارانە زیاتر پەیوەندیی بە دیاردەیەکی دیاریکراوەوە هەیە، بۆیە تەرکیزی تەواوی لەسەر ئەو دیاردەیە و دەتوانین هەر لەوێدا گریمانەکانمان دەستنیشان بکەین. کاتێک پرسیار لەبارەی گەرمبوونی ژینگەی جیهانییەوە دەکەین، دەزانین گریمانەکانمان چین و لەکوێدا کاردەکەین و چ جۆرە تاقیکردنەوەیەک بەئەنجام دەگەیەنین.

ئەی پرسیاری فەلسەفی چۆنە؟

ئەم پرسیارە سروشتێکی زۆر جیاوازی هەیە، ئەمیان ئەبستراکت و چەمکییانەیە (conceptual). زیاتر گرنگیی دەدات بە چەمکە ئەبستراکتەکان (پەتییەکان)، لەمنوونەی بوون، زانین، واقیع، ئاکار … هتد. ئینجا مەوداکەی سنوردار نیە، بەڵکو هەتا بڵێی فراوانە، هۆیەکەشی دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی سەرقاڵی لێکۆڵینەوە و تێگەیشتنی بنەماکانی ژیان و ئەزمون و تێگەیشتنی مرۆڤە. میتۆدی دەرگیربوون لەگەڵ پرسیارە فەلسەفییەکاندا زیاتر شیکارییە، واتە کار لەسەر بیرکردنەوە، ئەرگومێنتسازیی، بیرکردنەوەی ڕەخنەیی دەکات، نەک سەرنجدانی ئەزموونییانە (empirical observation). کاری فەیلەسوف زیاتر تێڕامانە، نەک تاقیکردنەوەی ناو لابوورەکان. هەر بۆیەشە کارەکەی پڕێتی لە مشتومڕکردن و هەڵسەنگاندنی گوتارەکان و لێپرسینەوەی چەمک و هزرەکان. کاتێک فەیلەسوف دەپرسێت: سروشتی ئاگایی چیە؟ یەکسەر دەست دەکات بە شیکردنەوەیەکی ڕەخنەییانە و مشتوماڵکردنی چەمکی ‘ئاگایی’، تیۆرە جیاجیاکان بەسەردەکاتەوە، لە بەڵگە و دەستاوێژەکان ورد دەبێتەوە. ئەگەر هەمان پرسیار لای زانایەک دروست ببێت، بیر لە ئاڕاستە و کارلێکە کارەباییەکانی مێشک دەکاتەوە، هەوڵ دەدات لە لە میکانیزمەکەی تێبگات.

ناردن: