دواهەمین گفتوگۆی ڕۆژنامەوانیی شێرکۆ بێکەس
ئەوەی لێرەدا دەیخوێننەوە بریتییە لە دەقی دواهەمین گفتوگۆی شێرکۆ بێکەس، کە ساڵی ٢٠١٣ لە سێ ژمارەی ڕۆژنامەی ڕەخنەی چاودێردا بڵاو بووەتەوە. قسەکردن لە بارەی ئەم دیمانەیەوە زۆرە، کە من وەک باوە لە ژیانمدا؛ دوا کەوتم و شێرکۆ بێکەسیش لە ناوەڕاستی وەڵامی پرسیارێکدا پێی گوتم (بە خێر بێی تەممەڵ.) بەڵام لەبەر ئەوەی خودی گفتوگۆکەیش دوورودرێژە، بیرەوەریی ئەو ڕۆژە هەڵدەگرم بۆ شوێنێکی تر. بە هیوای چێژبینین لە دواهەمین وەڵامەکانی شاعیرێکی کورد، کە دەیتوانی نیشانت بدات چەندێک شیعری خۆش دەوێت. – شاڵاو حەبیبە
سێ حەفتە بەر لە نەخۆشکەوتنی، ئێمە وەک ستافی ڕەخنەی چاودێر، لە بەیانییەکی هەینیدا، لە دەزگای سەردەم، بۆ نزیکەی سێ کاتژمێر، شاعیری گەورەی کورد، شێرکۆ بێکەسمان دواند. وەک لەم دیدارەدا دەیخوێننەوە، ئێمە تەوەرەیەکمان دەربارەی تەندرووستیی بوو، وەک لە وەڵامەکانیشیدا دەردەکەوێت و هاوکات بە قسەکردن و جووڵەشییەوە هەستمان پێ دەکرد؛ لەو کاتەیشدا تەندرووستیی زۆر جێگیر نەبوو. بە وتەی خۆی، جگەرە هۆکاری سەرەکیی نەخۆشییەکەیەتی، بەڵام دەیوت پێی تەرک ناکرێت. خۆشبەختانە ئێستا هەواڵی تەرککردنی جگەرەکێشانی شێرکۆ بێکەسمان لایە و بەو هیوایەین هەرچیی زووترە شاعیری نیشتیمانمان تەندرووستیی جێگیر بێتەوە.
شێرکۆ بێکەس، ئەزموونێکی دەوڵەمەند و فراوانی شیعری و پێگەیەکی بەهێز و گەورەی لەناو ئەدەبیاتی کوردیدا هەیە، شاعیرێک تەمەن و ژیانی خۆی لە پێناو شتێکدا بەخشی کە ئەویش شیعرە. وەک خۆی باسی دەکات شێرکۆ واتا شیعر. دەڵێت: هەرکات شیعر نەما، منیش بوونم نامێنێت.
ئەگەرچی بەشێک لە پرسیارەکانی ئەم چاوپێکەوتنە پرسیاری سادەن و پەیوەندییان بە سرووتەکانی نووسینەوە هەیە، بەڵام پرسیارگەلێکین، کە بەردەوام نووسەران و ئەدیبە گەورەکانی جیهان وەڵامیان داونەتەوە.
ستافی ڕەخنەی چاودێر
پێشەوا محەمەد، بڕوا بەرزنجی، شاڵاو حەبیبە
دووشەممە، ٢٠/٠٥/٢٠١٣
ڕۆژنامەوانان: بە گشتی کەمێک باسی ئەزموونی خوێندنەوەی خۆتمان بۆ بکە. ئەوەندەی ئاگەدار بین، خوێنەرێکی بەردەوام و زۆر باشیت، لەگەڵیشیدا ئەگەر باسی دوایین ئەو کتێبانەمان بۆ بکەیت کە خوێندووتنەوە.
شێرکۆ بێکەس: ژیان بەبێ کتێب نابێت. بە تایبەت بۆ نووسەر و شاعیر. کتێب ڕووبارێکە کە پێویست دەکات هەمیشە تێیدا بیت و لێی بخۆیتەوە. ئێمەش لە تەمەنی هەرزەکاریمانەوە لەگەڵ خوێندنەوەی کتێب هاتووین. بیرمە ئەو کاتەی لە بەغدا بووین، لە سەرەتای درووستکردنی گرووپی ڕوانگەوە، جاری وا هەبووە تا بەیانی دەمخوێندەوە. بێگومان خوێندەوە هەم بە پێی کاتە، هەم بە پێی تەمەن و ئەوەیش کە چی دەخوێنیتەوە. من هەمیشە حەزم لە خوێندنەوەی ئەدەب کردووە، لە ئەدەبیاتیشدا زیاتر ڕۆمان، چیرۆکی کورت، شانۆنامە. بە پێچەوانەی هەندێ خوێندەوار و ئەدیبی ئێستامانەوە، کە پاشخانی ڕۆشنبیرییان گەورەترە، دەبینیت ڕۆمان دەنووسێت، لە بواری فیکردا دەنووسێت. ئێمە کەمتر بایەخمان بە مەسەلەی فیکری و فەلسەفی دەدا، زیاتر سەرنجمان لەسەر ئەدەب و زمانی کوردی خۆی بوو.
ئێمە خاوەنی کتێبخانەیەکی زۆر بچووک بووین بە زمانی کوردی، لەو کاتەیشدا ئێمە تەنها زمانی کوردیمان دەزانی، بیرمە ئەو کاتە چاوەڕوانی ڕۆژنامەی (ژین)مان دەکرد، کە تەنها یەک لاپەڕەی تێدا بوو دەربارەی ئەدەب. ئەو لاپەڕەیەش زۆر بڵاو نووسرابوو و زۆرترینیش شیعرە تەقلیدییەکانی تێدا بڵاو دەکرایەوە. دیارە ئەوەیش ئێمەی نەدەکرد بە هیچ، بۆیە بایەخمان بە گۆڤاری گەلاوێژ دەدا، لەگەڵ کۆمەڵێک شیعری تازەی سەردەم. بە تایبەت شیعرەکانی گۆرانی شاعیر.
ئێستا خوێندنەوەم کەمتر بووە و زیاتر تەرکیزم خستووەتە سەر تەماشاکردنی تەلەڤزیۆن. بە تایبەت ئەو بەرنامانەی خۆم حەزیان لێ دەکەم و بە باشیان دەزانم. بۆ نموونە ئەو بەرنامانەی لە کەناڵەکانی (ناشناڵ جیۆگرافیک و ئەبوزەبی و جەزیرەی دیکۆمێنتاری) پیشان دەدرێن، کە تەماشاکردنی هەر بەرنامەیەکیان وەک خوێندنەوەی کتێبێک وایە. وەک دەشزانن من تەنها زمانی عەرەبی دەزانم، شتێکی کەم سویدی، چونکە لە سویدیش تێکەڵابوونم کەم بوو، دووەمیشیان من لە تەمەنی ٤٧ـساڵی چوومە سوید، لەو تەمەنەیشدا دەبوو سێ ساڵ خۆت بۆ فێرکردنی ئەو زمانە تەرخان بکەیت، بەڵام من سەرقاڵی کارەکانی خۆم بووم.
ڕۆژنامەوانان: لای تۆ شوێن و کاتی دیاریکراو و تایبەت هەیە بۆ نووسین؟
شێرکۆ بێکەس: من دەربەندی پەپوولە، بۆننامە، خاچ و مار و ڕۆژژمێری شاعێرێک و هەندێکی تریش لە بەرهەمەکانم، هەموویان لە چایخانەکانی سویددا نووسراون. لەوێ کەمتر لە ماڵەوە دەمنووسی، چایخانەیەکی یۆنانی هەبوو، ئەوەندە چووبووم مێزی خۆم هەبوو. تا دەوروبەری نیوەڕۆ دەمنووسی و دەگەڕامەوە.
جارێک کە سەرقاڵی نووسینی دەربەندی پەپوولە بووم، چووم بۆ ئەمریکا، لەوێ بە خوشکەزاکانم وت بمبەنە کافێیەک و دوایی بێنەوە بە شوێنمدا، منیش قاوەیەکم داوا کرد و مێزێکم گرتبوو، دواتر خاوەنقاوەخانەکە دەنگی دام کە من بڕۆم، چونکە مێزێکم گرتووە و تەنها قاوەیەکیشم خواردووەتەوە! دواتر لە قاوەخانەکانی سویدیش لە جیاتیی قاوەیەک سیانم دەخواردەوە.
بۆ نووسین شوێنێکی دیاریکراوم نییە، لە ئۆفیسەکەم و لە ماڵیشەوە دەنووسم، جاری وا هەیە لە خەیاڵمدا دەنووسم. من نە شوێن و نە کاتی دیاریکراوم بۆ نووسین نییە، بەڵام هەرگیز لە ژووری کتێبخانەکەمدا نانووسم، لەسەر ئەو مێزە دەنووسم کە ئاسایییە و خۆم لەسەری دادەنیشم و نانی لەسەر دەخۆم و لەسەریشی دەنووسم. زۆر کەم شەوانە دەنووسم، ناتوانم، نازانم بۆچی، بەڵام شەوانە نانووسم.
من لەو نووسەرانەم، یان بڕیاری نووسینی دەقێک نادەم، یان کە دەستم پێ کرد، تا تەواوبوونی ناوەستم، ناتوانم دەقێک نیوەی بنووسم و دوای چەند ساڵێک بگەڕێمەوە سەری، بەڵکوو دەبێت تەواوی بکەم.
ڕۆژنامەوانان: چ کتێبێک یان قەسیدەیەکت لە خەیاڵە، هیی شاعیرانی دنیا، کە حەزت بکردایە ئەو دەقە تۆ بتنووسیبایە و ناوی شێرکۆ بێکەسی بەسەرەوە با؟
شێرکۆ بێکەس: بێگومان هەن. لە کۆندا، بە ئاواتەوە بووم شیعرێکی جوانی وەک (جوانی بێناو)ـی گۆران بنووسم. یان نووسینی دەقێکی وەک (گەشتێکی قەرەداغ). بە ئاواتەوە بووم شیعرێک بۆ دڵدارەکەم بنووسم وەک ئەوەی هەردیی شاعیر وا بێت: (هەموو ڕۆژێ لەسەر ڕێتا دەوەستم.) هیواخوازی ئەوە بووم ڕۆژێک لە ڕۆژان وەک لۆرکا بنووسم، وەکوو ڕیتسووس بنوسم. ئاواتم بووە لە سەردەمێکدا وەک نازم حیکمەت بنووسم. پێم وایە نازم حیکمەت زۆر غەدری لێ دەکرێت، بەڵێ ئەو پیاوە شیووعی بووە و ئایدیۆلۆژیای مارکسی-لینینیی هەبووە، بەڵام نازم حیکمەت زۆر شاعیرە، بە تایبەت لە تازەکردنەوەی شیعری دنیادا دوای مایۆکۆڤسکی، نازم حیکمەت بووە. من سوودم لێ وەرگرتووە.
ڕۆژنامەوانان: ئەگەر خوێنەرێکی تازە بۆ یەکەمجار بیەوێت شێرکۆ بێکەس بخوێنێتەوە، تۆ پێشنیاری چیی بۆ دەکەیت؟ لە کام دیوانەتەوە دەست پێ بکا؟
شێرکۆ بێکەس: بۆ تێگەیشتن لە شاعیرێک دەبێت هەموو بەرهەمەکانی بخوێنیتەوە نەک تەنها دیوانێک. داوا لەو خوێنەرە دەکەم هەموو ئەزموونەکەم ببینێت، لە سەرەتامەوە بمخوێنێتەوە تا ئێستا. یان ڕەخنەگرێک کە بیەوێت لە بارەی منەوە بنووسێت، دەبێت هەموو شتەکانی من بخوێنێتەوە، تەنانەت وتار و چاوپێکەوتنەکانیشم.
ڕۆژنامەوانان: تۆ لەگەڵ پڕبەرهەمیی خۆتدا، ئەزموونی وەرگێڕانیشت هەیە، بەڵام بەردەوام نەبوویت.
شێرکۆ بێکەس: من وازم لە وەرگێڕان هێنا، چونکە لە عەرەبییەوە وەرگێڕانم دەکرد، پێم وا بوو هەڵە دەکەین ئەگەر لە زمانی دووەمەوە وەرگێڕان بکەین، چونکە زۆر حەقیقەت ون دەکات. چاکتر وایە لە زمانە سەرەکییەکەوە بکرێت. کاتی خۆی زمانزانمان کەم بوو، بەڵام ئێستا خۆشبەختانە ئەڵمانیزان و فەڕەنسی و سویدی و ئینگلیزیزانی زۆرمان هەن.
ڕۆژنامەوانان: تۆ تا ئێستاش بە قەڵەمڕەساس دەنووسیت، ئایا پەیوەندیت بە کۆمپیوتەر و تەکنەلۆژیاوە چۆنە؟
شێرکۆ بێکەس: هیچ پەیوەندییەکم لەگەڵ کۆمپیوتەردا نییە، بەڵام قەڵەمڕەساسەکەم و لاستیکەکەم تۆزێک لە کۆمپیوتەر دەچن. قەڵەمەکە دەینووسێت و لاستیکەکە دەیکوژێنێتەوە. ناتوانم بچمە دنیای کۆمپیوتەرەوە. من ئەگەر بە کۆمپیوتەر بنووسم وا دەزانم دەستێکی تر دەنووسێت نەک من، بەڵام بەشێک لە برادەرەکانم ئەگەر کۆمپیوتەریان لێ وەربگریتەوە ناتوانن بنووسن. من ئێستا کۆمپیوتەرم نییە، چونکە دامدەبڕێت، ناتوانم کۆمپیوتەر لەبەر دەستمدا بێت و دەستی پێدا بنێم و بگەڕێم. ناتوانم. لە ئەنجامی زۆربەکارهێنان و ڕاهاتنمەوە، قەڵەمڕەساس و لاستیک بوون بە بەشێک لە ژیانم.
ڕۆژنامەوانان: ڕۆژێک ڕێکەوتی کردووە ویستبێتت شیعرێک بنووسیت سەیرت کردبێت قەڵەمەکەت بیر چووە یان نووکی نەمابێت یان شتێکی وا؟
شێرکۆ بێکەس: بەڵێ ئەو ڕێکەوتانە هەبووە. چەند جارێک ویستوومە بنووسم و قەڵەمڕەساسم دەست نەکەوتووە و بۆ بەیانی شیعرەکەم لە بیر چووەتەوە. کاتی خۆیشی لە بەغدا دیوانێکی تەواوم لێ ون بووە و تا ئێستایش نەمدۆزیوەتەوە.
ڕۆژنامەوانان: شیعرێکت هەیە بە ناوی (ڕۆژێکی مردوو)، لە دیوانی (لە گوڵەوە تا سوتوو)، لەو شیعرەدا باس لەوە دەکەیت ئەو ڕۆژە تاقەتی هیچ شتێکت نەماوە، وەک لە ناونیشانەکەشەوە دیارە، ڕۆژێکی تەواو مردووە بۆ تۆ، ئایا ئەو ڕۆژە مردووانە تا چەندێک ژیانی شێرکۆ بێکەسیان داگیر کردووە؟
شێرکۆ بێکەس: بێگومان ئەو ڕۆژانە هەن، بەڵام زۆر نین. جاری وا هەبووە هەستم کردووە هیچ شتێک هیچ نییە، تەنانەت بە نووسینیشەوە. بیر دەکەمەوە وا نووسیت، وا داهێنانت کرد، بەڵام لە دواییدا دەمریت. هەندێک جار تووشی تەفسیرکردنێکی عەبەسییانە دەبین بۆ ژیان، یاخود تەنیایی و نائومێدی، بەڵام من دەتوانم زوو لەو بارودۆخانەدا بێمە دەرەوە و خۆمی تەسلیم نەکەم. سەرەڕای ئەوەش نووسین بۆ ئێمە بووە بە بەشێک لە ژیان، بە عەشقێک. لە ڕاستیدا زمان بووە بە هاوسەرم، هێناومە، ناتوانم بەبێ شیعر و نووسین بژیم، ئەوەی دەنووسم واتا بەردەوامبوون.
ڕۆژنامەوانان: نووسینی زۆر لە بارەی بەرهەمەکانتەوە نووسراون، کام لەو نووسینە ڕەخنەیییانە توانیویانە بە تەواوەتی بچنە فەزای شیعریی تۆوە؟
شێرکۆ بێکەس: تا ئێستا لەناو کورددا، ئەوەی لە بارەی منەوە نووسراوە زۆر کەمی تێدایە توانیبێتی ئەزموونی من بە قووڵی باس بکات. شتەکان بڵاون، بۆ نموونە لای بەختیار عەلی شتێک باس کراوە، لای مەریوان وریا قانیع شتێک باس کراوە، ئەوەیش پەیوەندیی بە ڕۆشنبیریی خۆیانەوە هەیە و پەیوەندییان بە ئەزموونەکانی منەوە کەمە. ئەزموونەکانی من بەو شێوەیەی کە من ویستوومە نەخوێندراونەتەوە. جاری وا هەبووە شتێکم کراوە بە عەرەبی، ڕەخنەگرێکی عەرەب باشتر لە بارەیەوە نووسیوە وەک لە ڕەخنەگرێکی کورد، چونکە نووسینی ڕەخنەیی پەیوەندیی بە ڕۆشنبیریی ئەدەبییەوە هەیە، ڕەخنەگری گەورە واتا تەفسیرکاری گەورە.
ڕۆژنامەوانان: هیچ پرسیارێک یان باسێک هەیە کە نەتەوێت بە هیچ شێوەیەک قسەی لە بارەوە بکەیت؟
شێرکۆ بێکەس: بێگومان هەموو کەسێک پەست دەبێت. هیی وا هەبووە هاتووە بۆ لام و یەکەم پرسیار پێی وتووم خۆت بناسێنە، یان کەسی تر هاتوون هیچی منیان نەخوێندووەتەوە، بە تایبەت ئەو کچە تازەپێگەیشتووانە، دێن و پێیان دەڵێم چیی منتان خوێندووەتەوە، دەبینم هیچیان نەخوێندوومەتەوە.
ڕۆژنامەوانان: با بپرسین لە ئێستادا تەندرووستیت چۆنە و تا چەند کاریگەریی لەسەر نووسین و خوێندنەوەت هەیە؟
شێرکۆ بێکەس: من لەم ساڵانەی دواییدا تەندرووستیم زۆر باش نییە، یەکەم تەمەنم هەڵکشاوە، دووەمیش خەتامی خۆمی زۆر تیایە، چونکە ئەو ڕێنمایییانەی پزیشک بۆم دادەنێ جێبەجێم نەکردوون. یەکێک لە هۆکارە گەورەکان بۆ مەسەلەی خراپبوونی تەندرووستیم، جگەرەیە. جگەرە زۆر دەکێشم و ناتوانم نە کەمی بکەمەوە و نە وازیشی لێ بهێنم. ئێستا ڕۆیشتنم زۆر خراپ بووە، لە مێزەوە بۆ مێز دەڕۆم، وەرزشێکی زۆر کەم دەکەم، من نەخۆشیی شەکرەم هەیە و لەوە دەچێت ویراسییش بێت، شەکرە بۆ شوێنە هەستیارەکانی لەش کاریگەریی هەیە، بە تایبەت بۆ چاو. چاوم هەر زوو ئاوی سپیی کرد و عەدەسەیان بۆ دانام، لەم دوایییانەدا چاوم خراپ بووەتەوە. نەشتەرگەرییەکی تریان بۆ کردم، ئێستا ڕوانینم بۆ دوور باشترە، بەڵام بۆ نزیک پێویستم بە چاویلکەیە. ئینجا ماوەی بیستوپێنج ساڵە من هەوکردنی عەسەبەکانی دەست و قاچم هەیە، جاری وا هەیە تا بەیانی ناخەوم و دەسووتێتەوە، وەک ئەوە وایە تا بەیانی قاچ یان دەستت لە نزیک ئاگرەوە بێت و وەک پزیشکەکانیش دەڵێن پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە شەکرەوە هەیە، بەڵام بە گشتی تەواوی پشکنینەکانی ترم باشن.
ڕۆژنامەوانان: بارودۆخی تەندرووستیت ناتترسێنێت؟
شێرکۆ بێکەس: نەخێر، بەڵام هەندێک جار وام لێ دەکات زیاتر بیر لە پیرێتی بکەمەوە و ئەوەم پێ ناخۆشە، چونکە ئەگەر تەندرووستیت باش نەبێت بەرهەمیشت نابێت. نووسین پەیوەندییەکی زۆری بە تەندرووستی و جەستەوە هەیە. من تا ئێستا خراپ نیم، شیعرەکانی دوایین دیوانیشم، (خێراکە… مردن خەریکە بگات)، هیی ئەم سێ ساڵەی دوایین.
ڕۆژنامەوانان: ناونیشانی ئەم دیوانەت، خێراکە… مردن خەریکە بگات، تا چەند پەیوەندیی بە هەڵکشانی تەمەن و پیرێتییەوە هەیە؟
شێرکۆ بێکەس: بێگومان پەیوەندیی پێوە هەیە، خێراکە… مردن خەریکە بگات، واتا شتێک بکە بمێنێتەوە، بەر لەوەی کۆچ بکەیت. زیاتر هاوارێکی ناوەکی و دەروونییە. قسەک هەیە دەڵێت پێویستە بە خێراییی با بنووسیت، چونکە هێشتا شتی زۆر ماوە شێرکۆ بێکەس بینووسێت.
ڕۆژنامەوانان: ناجێگیریی تەندرووستیت لە ڕووی زیهنییەوە کاریگەریی لەسەر درووست کردوویت؟
شێرکۆ بێکەس: زهنییەتم باشە. تەرکیزم باشە. حەماسەتێکی باشم بۆ نووسین و خوێندنەوە هەیە.
ڕۆژنامەوانان: خوێندنەوەی خۆت بۆ شیعرەکانت چۆنە، ئایا لە ئێستادا هەمان دەسەڵات و توانای شاعیرانەی پێشترت بەسەر دەقەکان و نووسیندا ماوە؟
شێرکۆ بێکەس: بە لای خۆمەوە تا ئێستا نەگەیشتوومەتە ئەو باوەڕەی کە نەنووسینم باشتر بێت لە نووسینم. خۆیشم ڕەخنەگرم بەسەر خۆمەوە. یەکەم ڕەخنەگر شاعیر و ئەدیب خۆیەتی، بڕوام بەوەیە، ئەگەر بزانم ئاستم دێتە خوارەوە نانووسم، بۆ من زۆر ئاسایییشە، چونکە کۆمەڵێک بەرهەمی زۆرم لە ژیانمدا نووسیوە. بەڵام لە ئێستادا کەمیانم بە دڵە.
لە نێوان بەرهەمەکانمدا بەرزونزمی هەن، بەڵام ئەوە نین یەکێکیان لە زەوی بێت و یەکێکی تریان لە ئاسمان، بەڵکوو بەرزونزمییەک هەیە و ئەوەیش ئاسایییە.
ڕۆژنامەوانان: تۆ پڕکار بوویت و ئەم چەند ساڵەی دوایییش زۆرترت نووسیوە، ئایا باشتر نییە لە ئێستادا نووسینەکانت بۆ بڵاوکردنەوە هەڵبژێریت و تا پێنج یان دە ساڵی تر دووبارە نەڵێیت هەموو بەرهەمە بڵاوکراوەکانم بە دڵ نین و هەمان قسە بۆ ئەزموونی ئەم چەند ساڵەشت دووبارە بکەیتەوە؟
شێرکۆ بێکەس: هەموو ئەو بەرهەمانە کە لە کاتی خۆیدا نووسیومن، کە ئێستایش پێی دەنووسم، ئەو حەماسەتە کەم نەبووەتەوە و زۆریشم لە خۆم نەکردووە بۆ نووسین. سەرچاوەی ئەمە لەوەوە دێت کە درەنگ قەناعەت بە خۆم دەکەم شتەکەم تەواو بێت لە هەموو لایەنێکەوە. ئینجا ئەدیب ئەگەر ڕەخنەگری خۆی بێت سوودی بۆ ئەزموونەکەی دەبێت، بۆ نموونە سروودە بەردینەکان و گۆڕستانی چراکان دەخوێنیتەوە دەزانیت جیاوازیی نێوان ئەو دووانە چییە، چ لە ڕووی پێکهاتەی ئەدەبی و شیعرییەوە، چ لە ڕووی بابەتییشەوە. پەشیمانبوونەوە نییە، بەڵکوو تەماشاکردنێکی ڕەخنەگرانەیە.
ڕۆژنامەوانان: ئەم پرسیارە ڕەنگە بۆ ئەزموونی تۆ قورس بێت، بەڵام گرنگە، ئەگەر مەحکووم بکرێیت دیوانێک هەڵبژێریت لە ئەزموونەکەتدا، کامیان جیا دەکەیتەوە؟
شێرکۆ بێکەس: گرانە، بەڕاستی زۆر گرانە. ئەگەر بڵێم دەربەندی پەپوولە، ڕەنگە وەک خوێنەرێک سەیری بابەتەکە نەکەم، ڕەنگە بە لای منەوە کورسی لە دەربەندی پەپوولە هەڵکشاوتر بێت، ڕەنگە خاچ و مار و ڕۆژژمێری شاعیرێک بێت، بۆ گۆڕستانی چراکان نەبێت، بۆیە زۆر قورسە، بەڵام هەندێکیان هەن کە خۆم زۆرم خۆش دەوێن، یەکێک لەوانە ملوانکەیە. لەوێدا مانیفێستێکی ژنانی کوردستان دەبینم، جگە لەوە ڕەوانی لە ملوانکەدا زیاترە وەک لە شیعری تر. گرانە مناڵێک هەڵبژێریت و بڵێی لە هەموویانم خۆشتر دەوێت، بەڕاستی زۆر گرانە.
ڕۆژنامەوانان: لە ژیانی زۆر کەسدا زەمەنێک هەیە، کە پێی دەگوترێت زەمەنی زێڕین و کەسەکان ئەگەر بتوانن چەرخی ڕۆژگار لەو کاتەدا ڕادەگرن، لای تۆ زەمەنێکی وا هەیە ئەگەر بە دەستت بواتە ڕاتبگرتایە و بۆ هەمیشە لەو زەمەنەدا بژیایتایە؟
شێرکۆ بێکەس: حەزم دەکرد لەو دوو زەمەنەدا بوەستامایە و ئەگەر بە دەستم بوایە ژیانی خۆم بۆ ئەو دوو سەردەمە دەگەڕاندەوە و دەموەستاند.
یەکێکیان لەسەر فوڕات، لە کاتی دوورخستنەوەمدا لە جەنگی عێراق بۆ ئەنبار، لە ئەنبارەوە بۆ هیت و لەوێوە بۆ بەغدادی، کە ناحیەیەکی بچووک بوو لەسەر فوڕات، نزیکەی نۆ ماڵی بڵاوبڵاوی لێ بوو لەناو دارخورماکاندا. کە منیان گواستەوە بۆ ئەوێ، گەورەترین زەمەنی ژیانم بوو، چونکە زۆر زۆرم خوێندووەتەوە لەوێ، دووەمیش زۆر باشیشم نووسیوە، هەموو کازیوە، ئاسک و دیوانێکی تریشم لەوێ نووسیوە.
دووەمیشیان زەمەنی ئەورووپا و چوونەدەرەوەم، چونکە زۆر بەپیتتر بووم وەک لەوەی لە کوردستان بووم. لەوێ بەشی زۆری بەرهەمەکانم نووسیوە. دیارە بە ئیزافەی زەمەنی شاخیش، کە بۆ خۆی ئەزموونێک بوو. کۆمەڵێک شیعری پێشمەرگانەم تیا نووسی. ڕەنگە هۆکارەکەی ئەوە بێت کە ئەو زەمەنانە تەنیایت، تەنیایی بە مانا جوگرافی و فیزیکییەکەی نا، بەڵکوو تەنیایی وەک غوربەت و نامۆبوون بە ژیان. وەک ئەو دەمەی هەموو شتێکت لێ ون دەبێت، لە نیشتیمانەوە بۆ تەواوی هاوڕێکانت، لەو کاتانەدا پاڵنەری نووسین لای من زۆرتر بوون.
لەگەڵ ئەوانەیشدا ئەو فەترەیەی مەلا کرێکار لەسەر شیعری (حەمەبچکۆلی بۆیاخچی) بەسەر منیا دا، زۆر ناخۆش بوو. شیعرەکە باسی منداڵێکە و لە یەکێک لە مەیدانەکانی شامدا بانگی خەڵک دەکات بۆ ئەوەی قۆنەرەکانیان بۆیاخ بکات، لە دوایییشدا باسی قۆندەرەی خوا دەکات و دەڵێت دەبێت قاچی چەند زل بێت. ئەمەیان کرد بە بابەت و مەلا کرێکار فەتوای کوشتنی منی دەرکرد.
ڕۆژنامەوانان: تۆ لە بەرهەمەکانتدا بەردەوام گەڕانەوەیەک هەیە بۆ بێکەسی باوکت، دەکرێت باسی کاریگەریی ئەومان بۆ بکەیت لەسەر خۆت؟
شێرکۆ بێکەس: من فریای ئەوە نەکەوتم بە تەمەنی گەورەیی لەگەڵ باوکمدا دابنیشم و لە ئەزموونەکانی سوود وەربگرم. یادەوەریی منداڵیم لەگەڵ باوکم وەکوو خەوێک وایە. چۆن هەڵسوکەوتی کردووە لە یادم نییە، بەڵام سەرەتای بیرەوەرییەکانم کە نووسیومەتەوە و بڵاو دەکرێتەوە، بە مردنی ئەو دەست پێ دەکەم، کە دەکاتە ١٨/١٢/١٩٤٨ لە شاری هەڵەبجە. من لەژێر سەقفێکی ڕۆشنبیری و شیعریدا گەشەم کردووە، زۆرجار بەو مناڵییەیش باوکم شیعرەکانی خۆی پێ لەبەر دەکردم، شیعرەکانیشی پەیوەندیی زۆریان بە نیشتیمانپەروەرییەوە هەبوو، ڕەنگە ئەوە یەکەم کاریگەریی بووبێت، کە ئەو لە مندا چاندبێتی بۆ دوایییش. ئەو گەرای خۆشەویستیی نیشتیمان و گەڕان بە دوای شتەکاندا لەوێوە دەست پێ دەکات. کەسێک ئەگەر بیەوێت لێکۆڵینەوە لەو تەوەرە بکات لە شیعری مندا، دەبێت بۆ ئەو سەردەمە بگەڕێتەوە.
تۆ چیت؟
من کوردم
خۆ ترسنۆک نیت؟
نەخێر نەبەردم
چی تۆی زەبوون کرد؟
دوودڵی و نیفاق
چۆن ڕزگار دەبیت؟
هەر بە ئیتیفاق
ئەمە شیعرێکی تەعلیمیی بێکەسە، پێنج-شەش-ساڵان بووم ئەم شیعرەی پێ لەبەر کردم، لە دوای مردنیشی، خۆشەویستیی ئەو هۆکارێکی تر بوو بۆ نووسینی من، بۆ ئەوەی بنووسم. هەر کەسێکم دەبینی باسی باوکمی دەکرد، ئەوانە کاریگەریی زۆریان لەسەر من دانا، بەڵام بۆ وەک باوکم نەبم؟
من لە سوورداش خرامە بەر مەکتەب، لە دووی سەرەتایی بێکەسی باوکم مرد. لە بیرمە هەمیشە خەڵک دەهاتن بۆ لای، دیمەنی هاتنی بەختیاری کوڕی زێوەری شاعیرم لەبەر چاوە.
بێکەس لە ژیانی مندا سەرەتای داگیرساندنی مەشخەڵێکی شیعری بووە، هەروەها بۆ ژیانی کوردایەتی، بۆ داهاتوو.
ڕۆژنامەوانان: ئێمە چۆن بڕوانینە ئەو یادداشتانەی، کە بە ناوی (نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش) تۆمارت کردوون. ئایا ئەو کتێبە تەواوی یادەوەری و واقیعی پراکتیزەکراوی ژیان و ئەزموونی شێرکۆ بێکەسە؟
شێرکۆ بێکەس: من لە ژیانمدا زۆر حەزم بە خوێندنەوەی یادەوەریی کەسانی تر کردووە. باسی زۆر بیرەوەریم کردووە کە زۆر پێیان سەرسامم، یەکێکیان بیرەوەرییەکانی ویسنتۆن چەرچڵە. کەم کەسیش ئەوە دەزانێت کە چەرچڵ ئەدیبیش بووە و نۆبڵی ئەدەبیاتیشی وەرگرتووە. دووەمیشیان بیرەوەرییەکانی پابلۆ نێروودایە، کە تازە کراوە بە کوردی. تەنانەت تا ماوەیەکی زۆر بیرەوەرییەکانی پابلۆ نێروودام لە تەنیشت سەرینەکەم دادەنا.
بەڵام بیرەوەرییەکانی من زۆر کەموکوڕییان هەیە. لەبەر ئەوەی من هیچ ڕۆژێک بیرم لە نووسینەوەی بیرەوەرییەکانم نەکردووەتەوە. بۆیە دەفتەر و یادنووسێکم نەبووە بۆ تۆمارکردنی هیچ شتێک، لە ئەورووپا بە تایبەتی دەیان کۆڕ و کۆبوونەوەم کردووە و دەیان ئەدیبی گەورەگەورەم بینیوە و ناسیوە، بەڵام ناوی هیچکامیانم بیر نەماوە، واتا بیرەوەرییەکانم بە هێزی بیر و زیهن نووسراون، بەڵام زیهنیش جارێکی تر هەموو شوێنێک ڕووناک ناکاتەوە ئەگەر شتێکت لەبەر دەست نەبێت بتخاتەوە ئەو شوێنە شاراوەیەی یادگەت. شتی تیایە، باسی زۆر شتم کردووە، بەڵام لە پەخشان دەچن.
ڕۆژنامەوانان: ئەو بیرەوەرییانە دانپیانانی تێدایە سەبارەت بە هەندێک واقیعی ژیانی خۆت؟
شێرکۆ بێکەس: ئەمە یەکێکە لە کێشە گەورەکان، دیارە هەندێک دانپیانانی تیایە، بەڵام بەو جۆرە نییە، چونکە ناتوانیت. لە ڕۆژهەڵاتی ئیسلامیدا ناتوانیت باسی زۆر شت بکەیت. یەکێک لە کۆسپە هەرە گەورەکان، دینە. زۆر ڕاستیان وتووە کە دین ئەفیوونی میللەتانە. ئێمە هەر کە لە دایک دەبین خەتی حەرام و حەڵاڵیان بە دەوردا کێشاوین. بۆیە هەمیشە ترسێک بە نێوچەوانتەوەیە. شمشێری دین و شەریعەت لەسەر ملت دانراوە، بۆیە ناتوانیت هەموو شتێک بە ڕاستگۆیی بڵێیت.
دووەم، ژینگە کۆمەڵایەتییەکەیش ئەو ڕاستگۆیییەت لێ قبووڵ ناکات. دایک، خوشک و مناڵ لێت قبووڵ ناکەن. بۆ نموونە کچێکی ئەدیب و شاعیر هەبووە من بە هەموو تێکەڵاوبوونێکەوە لەگەڵی بووم، بەڵام نەمتوانیوە باسی بکەم و ناشبێت بە حەرفیش ناوی بهێنم، چونکە کێشە درووست دەبێت. بۆیە هیچ ئەدیب و شاعیرێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت وڵاتە ئیسلامییەکاندا مومکین نییە بتوانێت هەموو شتێک بڵێت.
بە پێی توانا هەوڵم داوە، چ مەسەلە کێشە گشتییەکان بووبێت چ تایبەتییەکان باس بکەم، بۆ نموونە من لە ژیانمدا سی بۆ چل هاوڕێی ژنم هەبووە، ناکرێت ئەمە باس بکرێت و ناویان بهێنرێت. دوای ئەوە من ڕێز و خۆشەویستی لە یەکتری جیا دەکەمەوە، ئێستا ڕێزێکی زۆرم بۆ ژنەکەم هەیە، کە لە خۆشی و ناخۆشیدا لەگەڵم بووە، بەڵام مەرج نییە من لەگەڵ ژنەکەمدا هەموو خۆشەویستییەکی ترم هەبووبێت. ڕێزی زۆری بۆ دادەنێم، بەڵام لەوانەیە هاوڕێیەکی ژنی ترم بۆشایییەکی گەورەی بۆ پڕ کردبمەوە کە ئەو نەیتوانیبێت پڕی بکاتەوە. شتەکان ئاڵۆزن. هەوڵم داوە بە پشتبەستن بە زاکیرە، شتەکان باس بکەم ئەوەندەی توانیومە.
زیاتر لەسەر مەسەلە ئەدەبییەکان وەستاوم، باسکردنی شیعر، چییەتیی شیعر لای من، چۆن هاتمە ناو دنیای شیعرەوە، سەبارەت بە یەکەم چوونەدەرەوەم بۆ شاخ، ئیشکردنم لە ئێزگە، شەڕەکانی ناوخۆی ئەو کاتانە، دەربارەی بینینی مەلا مستەفای بارزانی.
ڕۆژنامەوانان: دەکرێت باسی ئەو بینینەمان بۆ بکەیت لەگەڵ مەلا مستەفای بارزانیدا؟
شێرکۆ بێکەس: مەلا مستەفا هات بۆ ئەشکەوتی سەردێمان کە ئێزگە لەوێ بوو. ئێوارەیەک بە کتوپڕی هات بۆ لامان، یەکەیەکە چووین و خوالێخۆشبوو ساڵح یووسفی تەقدیمی کردین. کە هاتە سەرەی من، ساڵح یووسفی وتی ئەمە کوڕی فایەق بێکەسە، مەلا مستەفا وتی باوکی ڕەفیقم بووە. باسی باوکمی کرد. لەو کاتەدا کاک جەلیل فەیلی هەبوو لەگەڵماندا، ڕەنگە ئێستایش لە ژیاندا مابێت و تەمەنی هەر درێژ بێت، تازە لە بەغداوە هاتبوو، بەرنامەیەکی بە عەرەبیی بەغدایی هەبوو و بۆ عەسکەرە عەرەبەکان قسەی دەکرد، هەموو جارێ کە دادەنیشتین بە مەلا مستەفای دەوت مامۆستا، دەمانوت پێی مەڵێ مامۆستا، چونکە ئەگەر پێی بڵێی مامۆستا، ئەو ڕقی هەڵدەستێ، ئیتر کە ئێمە چووین، جەلیل فەیلی بە مەلا مستەفای وت مامۆستا بەخێر بێیت، ئەویش وتی بەخێر نەیەم، وتی من مامۆستا نیم خۆت مامۆستایت. جەلیل تێک چوو، دووریان خستەوە. زانیی غەڵەتی کردووە. سەری هەڵێنایەوە و وتی مامۆستا عەفووم کە، ئیتر مەلا مستەفا خۆیشی دەستی کرد بە پێکەنین.
ڕۆژنامەوانان: لەو بیرەوەرییانەتدا باسی سیاسەتت کردووە، بە تایبەت خۆت کە کاتی خۆی چۆن لە باڵی مەلایییەکان جیا بوویتەوە و چوویتە باڵی مەکتەبی سیاسییەوە؟
شێرکۆ بێکەس: من لە هیچ باڵێکیان نەبووم، بەڵکوو من کاژیک بووم. نزیکەی نۆ ساڵ لەو حیزبەدا بووم. ئێمە جیلی دووەمی کاژیک بووین. جیلی یەکەم ئەوانە بوون کە سەرکردایەتییان دەکرد، لەوانە، ئەحمەد هەردی، عەبدوڵڵا جەوهەر، فەرەیدوون عەلی ئەمین، جەمال نەبەز و کامیل ژیر. دوای ئەوان ئێمە بووین، لەوانە، من، عەبدوڵڵا ئاگرین و کۆمەڵێ برادەری تریش. ئێمە ئاگامان لە شتە وردەکان نەبوو کە چی هەیە و چی نییە، بە تایبەتییش کاژیک بەوە بەناوبانگ بوو کە زۆر نهێنییە، ڕێکخستنێکی پڕ لە نهێنیی هەبوو. کەس نەیدەتوانی بڵێ من کاژیکم. بە بڕوای من ئەگەر سەرکردایەتیی کاژیک ئیرادەیان هەبوایە و نەترسیش بوونایە و بچوونایەتە ناو خەڵکەوە، ئەوا جێگای بە پارتی لێژ دەکرد، بەڵام نەیانکرد، چونکە ئەمان پیاوی ئەدیب و شاعیر و ڕۆشنبیر بوون، نەک پیاوی سیاسەت. ئەگینا لەو ڕۆژەدا خوێندەواری وەک هەردی و عەبدوڵڵا جەوهەر و فەرەیدوون ئەمین و جەمال نەبەز کەم بوون. من لە بیرمە ئەوکاتیش شیعرێکی جوانم بە هەموو دنیا نەدەگۆڕییەوە. من نە ئەوساش و نە ئێستایش، لە دوای کاژیکەوە لە هیچ ڕێکخستنێکدا نەبووم.
ڕۆژنامەوانان: ئەگەر بگوازینەوە بۆ بارودۆخی سیاسیی ئێستا، لەناویاندا بارودۆخی باکوور، گفتوگۆی ئیمڕاڵی و حکوومەتی تورکیا، تا چەند ئاگەداریت؟
شێرکۆ بێکەس: بەردەوام ئاگەدارم و جۆرێک لە ڕەفیقایەتی و دۆستایەتییشم لەگەڵ کەسە دیارەکانی باکوور هەیە. بە تایبەتی پەیوەندییەکی زۆر گەرموگوڕم لەگەڵ جەمیل بایک هەیە. تا ئێستایش پەیوەندیی نامە و تەنانەت بینینیشمان هەیە. بە وردییش ئاگەداری دەستپێشخەرییەکانی ئەم دوایییەم و بە حەزەرەوە لێی دەڕوانم، لەوانەیشە تورکیا گەیشتبێتە قەناعەت کە ئەو مەسەلەیە بە چەک چارەسەر ناکرێت. ئێستا لەو بڕوایەدام هەم پەکەکە و هەم تورکیاش ئامادەی ئەو ڕێککەوتنەن. پێم وایە کلیلی هەرە گەورەی چارەسەری کێشەی کورد لە باکوورەوەیە.
ڕۆژنامەوانان: دیداری ئۆجەلانت نەبووە؟
شێرکۆ بێکەس: خەریک بوو شتێک دەکرا بیبینم و دەستبەسەر کرا.
ڕۆژنامەوانان: یەکێک لە هاوڕێکانت مام جەلالە، کە ئێستا تەندرووستیی تێک چووە، لە بارەی ئەو پەیوەندییەوە چیمان پێ دەڵێیت؟
شێرکۆ بێکەس: مام جەلال یەکێک بوو لە ڕەفیق و تەنانەت مامۆستا خۆشەویستەکانم. نەچوومەتە ناو هیچ شانەیەکیانەوە، بەڵام لە ڕەگی مل زیاتر لێیانەوە نزیک بووم؛ لە مام جەلال، کاک نەوشیروان، فوئاد مەعسووم، بەڵام زیاتر لەگەڵ مام جەلالدا.
یەکەمجار لە ساڵی ١٩٨٣ لە سەفەرێکدا بۆ دەرەوە لەگەڵ ڕەووف بێگەرد مام جەلالم بینی، لەسەر داوای خۆی، بۆ نووسینی سروودێکی نەتەوەیی بۆ ئەو سەردەمە، من شیعرەکەم برد و زیاتر لە دە جاری خوێندەوە، زۆر زۆری پێ خۆش بوو. لەژێر چادرێکدا بینیم. ئەوانەی لەوێ بوون بریتی بوون لە من، ڕەووف بێگەرد، نەوشیروان مستەفا، مام جەلال و فەرەیدوون عەبدولقادر. دوای تۆزێک کاک فەرەیدوون ڕۆیشت. لەو کاتەدا و تا مفاوەزاتی ١٩٨٤ بینینەکانمان زۆرتر بوون لەگەڵ مام جەلالدا، هەر دیدارێک، بە تایبەت بۆ ئەدیبان و نووسەران منی تیا بووم.
لە ساڵی ١٩٨٤ـدا، یەکێتیی نووسەران کۆمەڵێک چووین تەرمی تۆفیق وەهبیمان هێنایەوە بۆ پیرەمەگروون ناشتمان و مام جەلال و جەماعەتێکیش لە شاخەوە هاتن. لەوێ من وتارێکم هەبوو بە کوردی، وتارێکی ئەدەبی بوو، حەماسەتێکیشی تیا بوو، دوای من مام جەلال قسەی کرد. ئەوکاتە دانوستانیان لەگەڵ حکوومەتی عێراقیدا هەبوو، بەڵام مام جەلال زۆر توند قسەی کرد. دواتر کاک فەرەیدوون پێی وتبوو چۆن لەو ڕۆژگارەدا ئەو قسانە دەکەیت، مام جەلال وتبووی ئاخر ئەو شێرکۆیە وات لێ دەکات بەو جۆرە قسە بکەیت.
لەوەتەی چووەتە نەخۆشخانەیش من زۆر هەواڵم پرسیوە، بەڵام تێکڕا باشە. ئومێد دەکەم باش بێت، چونکە مام جەلال یەکێکە لەوانەی بۆ ڕەفیقەکانی خۆی زۆر باش بووە، جگە لەوەیش دەوری مام جەلال دەورێکی مێژوویییە، ئەوەی ئێستا لە باکوور دەیبینین، مام جەلال دەورێکی گەورەی تێدا هەبووە. مام جەلال ڕەفاقەتی زۆر خۆشە. پیاوێکی زیرەکە و زاکیرەی زۆر باشە. یەکێکە لەوانەی هەموو شەوێک موزەکەراتی خۆی دەنووسێت. مام جەلال یەکێکە لەوانەی دڵی منداڵی هەیە.
جارێک من پێم وت بەڕاست چۆن تاقەتت هەیە لە بەیانییەوە تا ئێوارە بیست کۆبوونەوە بکەیت، دیارە ئەوەیش جۆرێکە لە توانا و هێز.
مام جەلال خوێندنەوەی زۆر باشە. هەموو شەوێک بەر لە خەوتن دەخوێنێتەوە، ئەدەبدۆستە- بە تایبەت شیعر، شیعرەکانی جەواهیریی زۆر بە لاوە جوانە. دەزانێت شاعیر کێیە، کامەیە. چەند جارێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا ناوی منی هێناوە. نەمبینیوە ڕۆژێک لە ڕۆژان لە من تووڕە ببێت. ئومێد دەکەم، ئەگەر مام جەلالەکەی جارانیش نەبێت، هەر بگەڕێتەوە و لە برادەرەکانییەوە نزیک بێت.
لەم دوایییانەیشدا هەندێک مەلا چووبوونە لای مام جەلال، پێی وتبوون ئێوە جەلالەددینی ڕومی دەخوێننەوە، مەلاکانیش وتبوویان بەڵێ ئەو زانایەکی گەورە بووە، مام جەلالیش دەڵێت دە باشە، بەڵام ئەم شیعرەیشی هەیە، شیعرێکی جەلالەددینی ڕومییە، شوانێکە بانگی خوا دەکات، دەڵێ وەرە خوارەوە، کەرەی جوانم ئامادە کردووە، ماستی جوانم هەیە، وەرە لەگەڵمدا بیخۆ. ئەمەی بۆ ڕەددی ئەوان هێناوەتەوە.
ڕۆژنامەوانان: زۆر جار تەفکیر کراویت و هەڕەشەی کوشتنت لەسەر بووە سەبارەت بە بیروبۆچوون و شیعرەکانت، ڕاوسەرنجت چییە لە ئێستادا کە لەو بارودۆخەی ئەو کاتانە دەڕوانیت؟
شێرکۆ بێکەس: ئەو کاتەی مەلا کرێکار فەتوای کوشتنی منی دەرکرد، مام جەلال زۆر بە جددی هاتە سەر خەت و تەنانەت هەڕەشەشی لێ کردن. ئەو فەترەیە زۆر ناخۆش بوو. ماوەیەکیش لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی تێک چووم، ئەوان شتێکیان کرد و من ڕەتم دانەوە. من دەڵێم دین تەنها بۆ عیبادەتە، بۆ مزگەوتە و هیچی تر. دین بچێتە هەر شتێکەوە خراپی دەکات، بە تایبەت سیاسەت. هەتا ئێستایش بۆچوونم هەر ئەوەیە، مزگەوت بە تەنیشت کڵێساوە، کڵێسا بە تەنیشت مەیخانەوە، مەیخانە بە تەنیشت مەکتەبەوە، دەبێت هەموویان لە ڕیزێکدا بن و هیچ جیاوازییەک نەبێت.
پێم وایە هەتا مەسەلەی دین و دەوڵەت تێکەڵ بن، شتەکان وەک خۆیان دەمێننەوە، یەکێک لە کێشە هەرە سەرەکییەکانی عالەمی ئیسلامی پەیوەندیی بە توندڕەویی دینییەوە هەیە. زۆر خەتەرە بۆ سەر پاشەڕۆژ، بۆ سەر دیموکراتییەت، مافی مرۆڤ. هۆکاری بەهێزیش بۆ بڵاوبوونەوەی ئەو توندڕەوییە دینییە لەم کۆمەڵگایانەدا لایەنە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکەیە؛ بێکارێکی زۆر، گەنجێکی زۆری بێئیش و بێهیوا، چونکە هیچ شتێکیان بۆ نەڕەخساندووە، ئەو گەنجە دەقۆزرێتەوە. لە ڕاستیدا لەشکری ئەوان لەشکری بەتاڵەکان بووە و مێشکیان بە کۆمەڵێک خورافات پڕ کردوون. مرۆڤ کە نائومێد بوو، هەموو کاریگەرییەک وەردەگرێت.
ڕۆژنامەوانان: تا چەند ئاگەداری نەوەی تازەی شیعری کوردیت، بە تایبەت ئەو نەوەیەی لە دوای ساڵی دووهەزارەوە دەستی بە نووسین کردووە؟
شێرکۆ بێکەس: من دڵم بە هەڵبژاردەیەک لەوانە خۆشە. لە نەوەی جەمال غەمبار و هیوا قادر و دلاوەر قەرەداغی، لەوانەن کە حەز بە خوێندنەوەیان دەکەم. دوای ئەوانیش چەند کەسێک لەناو ژناندا هەڵکەوتوون، بۆ نموونە شیعری دڵسۆز حەمەم زۆر خۆش دەوێت، لە دوای ئەو نەوەیەشەوە شیعرەکانی لازۆم بە دڵە، بەڵام باشەکان کەمینەکانن.
ڕۆژنامەوانان: بە پێی ئەزموونی دەوڵەمەند و ئاگەداری خۆت، خەسڵەتە جیاکەرەوەکانی ئەو نەوەیە چییە لە شیعردا، لە چاو ئەزموونی شیعری نەوەی ئێوە؟
شێرکۆ بێکەس: بەڵێ خاڵی جیاکەرەوە هەیە. خاڵێکی درەوشاوە و بەهێزی جیاکەرەوە لە شیعری ئەواندا بریتییە لە خەمی خودی خۆیان لەناو شیعرەکانیاندا. لەناو نەوەی ئێمە ئەوە نییە، خەسڵەتەکان تێکەڵن، لای ئەوان ڕووتە. بۆ نموونە یەکێک لەوان تووشی شکست دەبێت لەگەڵ ئافرەتێکدا؛ زۆر بە ڕوونی لە شیعرەکەیدا دەیبینیت، بەڵام ئێمە کەمتر باسی شتە تایبەتەکانمان کردووە. دواتر زمانەکانیشمان جیاوازە. شێوازی نووسینمان جیاوازە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو نەوەیە لە ئێمە ئازاترن لە دەربڕیندا.
ڕۆژنامەوانان: ئەوەندەی بزانین نوێترین دەقت کە سەرقاڵی نووسینیت دەربارەی کەرکووکە. دەکرێت باسی ئەو دەقەمان بۆ بکەیت، بۆ کەرکووک؟
شێرکۆ بێکەس: بە بڕوای من بەبێ کەرکووک کورد نابێت، بۆیە ئەو دەقە تازەیەم دەربارەی کەرکووکە. بە هەمان شێوە دەقی واڵایە، بەو تەفسیرەی کە لە ژانرێکدا کورت نەبووەتەوە، هاوکات بە هەمان شێوە بەقسەهێنانی شتە بێگیانەکانە، ئەمجارەیان پاسکیلێکە بەسەرهاتی خۆی دەگێڕێتەوە. ئەمەش لە پێناو بەخشینی زیاد لە ڕەهەندێک بۆ دەربڕینی شیعری، بۆ تەفسیرکردنی ژیان و ئاڵۆزییەکان.
مەسەلەی ئێمە بەبێ کەرکووک تەواو نابێت، بەڵام چۆن، کاتەکە هیی ئەوە نەماوە چەک قسەی تیا بکات، دەبێت لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانیشتنەوە بکرێت، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە لەگەڵ کەسانی زۆر توندڕەودا دادەنیشیت، توندڕەوی دینی و توندڕەوی عەرەبین، پێیان وایە جگە لە عەرەب کەسی تر بوونی نییە.
من لە ئێستادا گەشبین نیم کەرکووک بێتەوە سەر هەرێمی کوردستان، پێشم وایە خۆمان هۆکاری سەرەکین لەو پرسەدا، چونکە چەند فرسەتێکمان لە دەست دا، کە دەکرا بقۆزرێنەوە، بۆ نموونە کاتی ڕووخانی سەددام ئێمە دەمانتوانی کەرکووک بگەڕێنینەوە سەر هەرێمی کوردستان، فرسەتەکەمان لە دەست دا، ئەگەر دیققەتیشتان دابێت کەرکووک هەمیشە بەشێک بووە لە شیعرەکانم. دیارە پێوانەی شیعریش بە مەسەلەکان ناپێورێت، بە وەتەن و کەرکووک و سلێمانی ناپێورێت، بە شیعرییەت دەپێورێت. دەبێت سەرەتا شیعرییەتی دەق بپارێزین ئینجا شتەکانی تر، وەتەن شەفاعەت بۆ شیعری خراپ ناکات.
من لە ئەدیبە کەرکووکییەکان زیاتر بۆ کەرکووک گریاوم و گۆرانیم وتووە و شیعرم بۆ نووسیوە. ئەم دەقە تازەیەشم بۆ کەرکووک شتێکی تازە نییە و پێشینەیەکی هەیە.
لە نووسینەکەدا دەمەوێت تەئریخێک کورت بکەمەوە لە ڕێگەی کۆمەڵێک حیوارەوە، پاسکیلێک دەکەوێتە لای دارتوویەک و حیکایەتی خۆی بۆ دەگێڕێتەوە، دەمەوێت لە ڕێگەی ئەو حیکایەتانەوە بگەڕێمەوە بۆ مێژووی کۆنی کەرکووکیش. کارێکی تازەیە و پێشتر دەستی بۆ نەبراوە. وەک ئەدەبیش کە شتە-گەورەکەیە نازانم چی لێ دێت. قورسییەکە نووسین نییە، بەڵکوو چی، لەگەڵ چۆن-نووسینە.