لەگەڵ د. هەژار فەقێ سلێمان سەبارەت بە ڕوونبێژی لە شیعری مەحویدا

Loading

لەگەڵ د. هەژار فەقێ سلێمان سەبارەت بە ڕوونبێژی لە شیعری مەحویدا

دیداری: ئیدریس عەلی

کتێبی (ڕوونبێژی لە شیعری مەحوی)دا، بەرهەمێکی ناوازەی نووسەر و توێژەری ئەدەبی (د. هەژار فەقێ سلێمان)ە، لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە و بریتییە لە لێکۆڵینەوەیەکی قووڵ لەمەڕ شیعرەکانی مەحوی، لە ڕوانگەی زانستی ڕەوانبێژییەوە، لەم وتووێژەدا لەگەڵ دکتۆر هەژار، قسە لەسەر دنیای کتێبەکە، هاوکات بەها و گرنگییەکی دەکەین.

سەردەم: خودی چەمکی ڕەوانبێژی چییە لە شیعردا و چۆن ئەم چەمکەمان پێمان دەناسێنیت؟

هەژار فەقێ سلێمان: ڕەوانبێژی وەک هەر چەمکێکی تری نێو زانستە مرۆیییەکان بە گشتی و ئەدەب و ڕەخنەی ئەدەبی بە تایبەتی، هەم کات و سەردەم، هەمیش گۆشەنیگای ڕەوانبێژیناسان لە پێناسەیدا جێکەوتی خۆیان لەسەری جێهێشتووە. یاخوود لەگەڵ زاراوەگەلێکی تردا تێكەڵ بووە و جیا نەكراوەتەوە، لەوانە (فەساحەت و بەڕاعەت و بەیان و صنعەتی شیعر و صنعەتی ئاخاوتن.)

لە سادەترین و باوترین پێناسەیدا و لە كتێبی (جواهرالبلاغە)دا هاتووە، ڕەوانبێژی دەربڕینی واتای بەرز و ڕوونە بە واژە و وشەی پاراو و دروست، كە گاریگەر بێت لەسەر دەروون و خەیاڵی گوێگر و خوێنەر.

دەستپێك و سەرەتای ئەم زانستە وەكو زۆربەی زانستەكانی تر و هونەرەكان و تێڕوانینە فەلسەفی و میتافیزیكییەكان و بوارگەلێكی تر، دەگەڕێتەوە بۆ یۆنان. ئەمەش لە نووسینەكانی ئەرستۆدا بەرچاو دەكەوێت. ڕێكخستن و كۆكردنەوەشی هەر لەسەر دەستی ئەو بووە. پێویستیشە ئەوە بوترێت كە سەرەتا ڕەوانبێژی هونەرێك بوو بۆ بەهێزکردنی وتار، دواتریش بۆ هەموو دەربڕێنێكی زمانی سوودی لێ وەرگیرا، تا لەوەش زیاتر وای لێهات ڕەوانبێژی بە هاوبەشی لەگەڵ هونەرە شیعرییەكانی تردا، توانی بۆ هەموو ئەدەب درێژ ببێتەوە.

لە دوای یۆنانییەكان، تاكە میللەتێك كە بە چڕی و بە فراوانی گرنگییان بە زاراوە و زانستەكانی ڕەوانبێژی دابێت عەرەب بووە. ئەم زانستە وای لێهاتووە لە مێژووی ئەدەب و ڕەخنەی ئەدەبیی عەرەبیدا ناوێكی دیار و ناسراوی هەبێت. هاوکاتیش نووسین و لێكۆڵینەوە و كتێبگەلێکی زۆری لە بارەوە بنووسرێت، بە بەراورد بە ئەدەبی نەتەوەكانی تر. لە دیارترین ڕەوانبێژیناسانی عەرەبیش: (عەبدولقاهر جورجانی و جاحز و ئیبن موعتەز و ئەبی هیلالی عەسکەری و ئیبن ڕەشیقی قەیرەوانی و سەکاکی و قەزوینی و تەفتازانی و …هتد)ن.

لە سەرەتادا کتێبەکانی ڕەوانبێژی و ئەدەب و شیعر تا ڕادەیەک جیا بوون، لە دوای سەدەی سێیەمی کۆچی لە لایەن بەشێک لەو زانا ڕەوانێژییانەی کە ناوبردەمان کردن، ئاوێزان بە شیعر کران و زانستتەکانی ڕەوانبێژی دابەش کران.

ڕەوانبێژی لە شیعردا ئەرکگەلێکی گرنگ وەئەستۆ دەگرێت. لە دیارترینیان، داڕێژەری وێنەی شیعرییە، وێنەی شیعریش بە ڕای ڕەخنەگری ئەدەبی (سی دی لویس) چواندن و خواستن(میتافۆر) دروستی دەکات، کە دوو دیارترین هونەری ڕەوانبێژی و ڕوونبێژین. ئەرکێکی تری ڕەوانبێژی پێدانی مۆسیقایە بە وشە، بە هێنانەوەی ئەو وشانەی لە یەكەوە نزیكن لە ڕووی شێوە و پیتەوە، ئەمەش لە زانستی جوانکاریدا دەبینرێت.

جێی باسە لەمڕۆدا هونەرە شیعرییە ڕۆژئاواییەکان(Poetic Devices) باڵیان کێشاوە بەسەر پێودانگەکانی شیکردنەوە و ئیستاتیکای شیعریدا، لە کاتێکدا گەر توێژەر تەفرنجە و سەرنج بدات، نزیکەی هەموو ئەو هونەرە شیعرییانە لە هونەرە چەشناوچەشنەکانی ڕەوانبێژیدا بوونیان هەیە، بۆ نموونە (metaphor) خواستنە، (Alliteration و Repetition) لە هەناوی ڕەگەزدۆزیدان، (Personification) بەشێکە لە (خواستنی شاراوە) و (Contrast) هونەری دژیەکە و زۆری تر.

سەردەم: بیرۆکەی ئەم لێکۆڵینەوەیە چۆن دروست بوو لە لای تۆ، ئایا هەر بۆ نامەی ماستەرەکەت بوو یاخود ڕەهەندی گرنگتری لە پشتە؟

هەژار فەقێ سلێمان: لە توێژینەوەی ئەکادیمیدا، بنەما و خاڵێکی جەوهەری هەیە، پێێ دەوترێت پرسیاری توێژینەوە، واتا توێژەر دەیەوێت بە توێژینەوەکەی، نامەی ماستەرەکەی، تێزی دکتۆراکەی، وەڵامی پرسیارێک یان پرسیارگەلێک بداتەوە.

ئێمەش لەم نامەیەدا بەو هۆیەی زۆربەی ئەو توێژینەوانەی کە لەسەر شیعرەکانی مەحویی شاعیر كراوبوون، لە ئاستی ناوەڕۆكدا بوون، واتا لەسەر هزر و تێڕوانین و دنیابینیی ئایینی و سۆفیزمییەكانی مەحویی شاعیر نووسرا بوون. دەمانویست وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە لەپاڵ ئەو ناوەڕۆک و تێما باڵایانەی کە شاعیری پێ دەناسرێتەوە، تا چەند شاعیر خاوەنی پاشخانی هونەری و شیعری و تەکنیکی و بەلاغییە (بە تایبەت لە چێکردنی وێنەی شیعریدا کە لە هەناوی ڕوونبێژیدایە) هەڵبەت لە زانستی ڕەخنەی ئەدەبیدا ئەوە جێی بایەخ نییە کە بوترێت شیعرەکانی جوانن، ئیستاتیکا و شیعرییەت دەبێت بە کۆمەڵێک پێودانگ و پێوەر و شیكردنەوەدا بچێت و دەستنیشانکردن و دەرئەنجامی زانستی هەبێت و بسەلمێنرێت.

دیارە لەپاڵ ئەوەشدا وردە مۆتیڤی بابەتی و کەسی و چێژی تایبەتیی توێژەر و ڕەخنەگریش گرنگە و ڕۆڵی لە ئاڕاستەی ئیشکردنیدا هەیە، دەمەوێت ئاماژە بە هەردوو مۆتیڤەکە بدەم، مۆتیڤی بابەتی و دەرەکییەکەی ئێمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەدەبیاتی کوردی، ئەدەبیاتێکی بەپێز و دەوڵەمەندە و بەراورد بە دەوڵەمەندییەکەی توێژینەوەمان نییە، بە تایبەتی لەسەر ئەدەبی کلاسیکی. ئەوکات و ئێستاش ڕام وایە کە پێویستە بەشێکی زۆری توێژینەوە و نامەی ماستەر و تێزی دکتۆراکانمان بۆ ئەدەبی کلاسیکیمان تەرخان بکەین. ئێمەش لەو دەلاقە زانستییەوە کارمان لەسەر شیعرەکانی مەحوی شاعیر کرد، وەک کۆڵەکەیەکی گرنگ و جێی شانازیی ئەدەبی کلاسیکیی کوردی.

مۆتیڤە خودییەکەشمان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە خودی خۆم هەر لە قۆناغێکی زووی ژیانمەوە، زیاتر بایەخم بۆ شیعر و ئەدەبیاتی کلاسیکی هەبووە، بە چڕی و بەردەوام و بە ئێستاشەوە شیعری شاعیرانم دەور و دەرس ئەدایەوە. ئەمەش بۆ هەر توێژەرێکی تر دروستە، کە زیاتر خوێندنەوەکانی خۆی بۆ سەردەم و ژانرێکی ئەدەبی، بۆ وێنە وەک چیرۆک و ڕۆمان تەرخان کردووە و توێژینەوەکانی لەو بارەیەوەن.

سەردەم: گرنگیی ئەم بابەتە لە چیدایە و بۆچی بە دیاریکراوی ئەم چەمکەت هەڵبژارد لە شیعری مەحویدا؟

هەژار فەقێ سلێمان: هەڵبژاردنی چەمکی(ڕوونبێژی) لە شیعری مەحویدا، بۆ گرنگیی چەمکی (وێنەی شیعری) دەگەڕێتەوە لە شیعردا، کە پێشووتر ئاماژەم بە ناساندنەکەی (سی، دی، لویس) دا. یەكێك لە تایبەتمەندییە گرنگ و دیارەكانی شیعرییەت لە هەر دەقێکدا جگە لە ناوەڕۆكه‌كەی، بوونی وێنەی شیعرییە. وێنەی شیعری توانستی شاعیرە لە فۆرمبەخشینی خەیاڵی ئەو بە دەوروبەر. ئەوە وێنەی شیعرییە، كە شیعر لە قسە و ئاخاوتنەكانی تر جیا دەكاتەوە. هەر بۆیە شێوەی بەكارهێنانی وێنەی شیعریی لای هەر شاعیرێك، نەك شێوازی ئەدەبی ئەو دیاری دەكات، بەڵكو ئەگەر شاعیرەكە خاوەن ئەندێشەی داهێنەرانە و ئەزموونی ئەدەبی و هونەریی زەنگین بێت، بە دڵنیاییەوە وێنە شیعرییەكانی بەراورد بە شاعیرانی دیکە جیاواز دەبێت.

هەڵبژاردنی ئەم چەمکە کە ڕۆحی ڕەوانبێژییە، وەک (دكتۆر ئەحمەد مەطلوب) دەڵێت: ڕەوانبێژی زانستێكە وەكو زانستەكانی تر، كار لە زمان و وێنەی شیعریدا دەكات، نەك یەكێكە لە پێوەرە گرنگەكانی ڕەخنەی ئەدەبی، بەڵكو ناوەڕۆك و ڕۆحی ئەدەبیشە، فێربوونی ئەم زانستە بۆ ڕەخنەگر بەرچاوڕوونی و دەلاقەیەکی گەورەی پێ دەبەخشێت لە ڕەخنەدا.

ئێمە لەم نامەی ماستەرەدا (ڕوونبێژی لە شیعری مەحویدا) نزیکەی دووسەت دێڕی مەحویمان بەو پێودانگە شیکردووەتەوە. دەمەوێت لێرەدا ئاماژە بە سەرنجێکی مامۆستای ئازیز و ل ەدڵابوو بەڕێز دکتۆر دڵشاد عەلی بکەم، کە وێنەی باڵا و پێشەنگی هەموومانە لەو بوارەدا، لە کاتی گفتوگۆکەی نامەکەدا وتی: من بەراوردی شیکردنەوەی ئەو دێڕانە و شیکردنەوەکەی مامۆستایانی مودەڕیسم کردووە، لەم نامەیەدا کۆمەڵێک کەشف و دۆزینەوەی نوێ سەرباری شیکردنەوەکانی تر خراوە، ئیستاتیکا و ڕاڤە و شێوازی نوێی تێدا دەبینرێت، ئەمەش بە هۆی ئەو پێوەرە وردانەی هونەرە جۆربەجۆرەکانی ڕوونبێژییەوەیە.

سەردەم: ڕەوانبێژیت وەک زانست چواندووە لە کتێبەکەتدا، بە گشتی سنووری ئەم زانستە چی و چی دەگرێتەوە؟

هەژار فەقێ سلێمان: زانستی ڕەوانبێژی لە نزیکەی هەموو سەرچاوەکاندا دەسەبەشی سێ زانست کراوە، کە ئەوانیش (ڕوونبێژی و جوانکاری و واتاناسی)ن، کە هەر یەک لەمانەش چەند هونەرێک لە خۆدەگرن. ڕوونبێژی هونەرەکانی خوازە و خوازەی زمانی و خواستن و چواندن و درکە لەخۆ دەگرێت. زانستی جوانکاریش دابەش دەبێت بەسەر دوو جۆردا (جوانكاریی وشەیی و جوانكاریی واتایی) كە هەریەكەیان بەسەر چەند بابەتێكی زۆردا دابەش كراون، لە دیارترین جۆرەكانی جوانكاریی وشەیی وەك (ڕەگەزدۆزی، وەرگرتن، تێهەڵكێش، دووبارەكردنەوە، ڕەنگاوڕەنگ و پێكەوەگونجان و …هتد). لە دیارترین جۆرەكانی جوانكاریی واتاییش وەك (دژیەك، تیلنیشان، پێچان وکردنەوە و جوانی بایس و …هتد). زانستی واتاناسییش ئەم هونەرانە لەخۆ دەگرێت: (هەواڵ، داڕشتن، خۆزگە، پیشاندان و هاندان، كورتبڕی، درێژبڕی، جیاكردنەوە و بەستنەوە و دانەپاڵ و …هتد.)

سەردەم: لەنێو شاعیراندا بۆچی مەحویت هەڵبژارد بۆ لێکۆڵینەوەکەت، ئایا ئەم زانستە لە شاعیرانی دیکەی کلاسیکدا بەرجەستە نییە؟

هەژار فەقێ سلێمان: کارکردن بە پێودانگی ڕەوانبێژی و ڕوونبێژی لە لای مەحوی و هەڵبژاردنی مەحوییش بۆ توێژینەوەکە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەقە شیعرییەکانی ئەدەبی کلاسیک و لە ناویشیدا هیی مەحوی، لە سەر بنەمای تیۆرە شیعرییەکانی کێش و سەروا و وێنە بەلاغییەکان و گەمە زمانییەکان و وشە ئاراییەکان و کۆی ناوەڕۆکە ئەڤینی و ئایینی و کۆمەڵایەتیی و هۆشیارکردنەوە داڕێژراون، کە کاریگەر بوون بە ئەدەبیاتی کلاسیکی ڕۆژهەڵاتی ئیسلامی، هەڵبەت بە هەندێک تایبەتمەندی و جیاوازییەوە. بۆ ئەمەش گەر بمانەوێت نزیک ببینەوە لە ڕۆحی دەقەکان و تێگەیشتن لێیان و لە ئیستاتیکایان، پێویستە ڕەخنەگر و توێژەر بەو پێوەر و میتۆد و بنەمایانە ئەو دەقانە ڕاڤە و شی بکەنەوە، کە دەقەکانیان لەسەر بنیات نراوە.

مەحوی شاعیرێکە هەم ستایڵی وێنەچێکردنی جیاوازە، هەمیش لادانە زمانییەکانی، کە شیعرییەت دەبەخشن

بۆ نموونە تایبەتمەندییە جیاوازەکانی وێنەی شیعری (کە لە هونەرە ڕوونبێژییەکاندا زیاتر دەردەکەوێت) لای مەحوی ئەوەیە کە خودی خۆی و نەستی تێکەڵ بە وێنە شیعرییەکان دەکات، لە وێنەکاندا زیاتر ئامادەیی خۆی دەبینرێت. سەرەڕای بوونی ئەزموونی خودی و ئەزموونی بیری عیرفانی و سۆفیگەری و ژیانی تایبەتی لە وێنە شیعرییەکاندا. بە بەراورد بە نالی کە وەک وەسفکەرێک، پەسنی وێنەیەکی بەردەمی خۆی بکات وایە و لە دەرەوەی وێنە شیعرییەکانەوەیە و لێیان دەڕوانێت. هەڵبەت گومان لەوەدا نییە، شیعری هەر یەکەیان ئیستاتیکا و چێژی جیاواز بە خوێنەر دەبەخشن. پاشخانی هەریەکەیان لە داڕشتنی وێنەی شیعری و پێکهاتە و ڕەگەزەکانی وێنەی شیعریدا جیاوازە، ئەمەش بۆ ئەو جیاوازییە دەگەڕێتەوە، کە لە پاشخانی مەعریفی و ئەدەبی و ئەزموونی ژیانکردندا هەیان بووە.

ناردن: