وتووێژێک سەبارەت بە کتێبی کەسێتیی مێژوویی لە ڕۆمانەکانی (جان دۆست)دا
وتووێژێک سەبارەت بە کتێبی
کەسێتیی مێژوویی لە ڕۆمانەکانی (جان دۆست)دا
دیداری: سەردەم
لە ماوەی ڕابردوودا، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، کتێبێکی گرنگی بە ناوی (کەسێتیی مێژوویی لە ڕۆمانەکانی جان دۆست)دا چاپ و بڵاو کردەوە، بابەتی کتێبەکە توێژینەوەیەکی ورد و فرەلایەنی ئەدەبییە سەبارەت بە کەسایەتییە مێژووییەکانی نێو ڕۆمانەکانی نووسەر و ڕۆماننووسی دیاری کورد (جان دۆست) کتێبەکە لە لایەن توێژەری ئەدەبی (گزنگ حەسەن) نووسراوە و تیایدا بە وردی قسەی لەسەر ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی کەسایەتیی مێژوویی کردووە لەنێو ڕۆمانەکانی ئەو نووسەرە دیارەی کورددا… لەم وتووێژەدا خاتوو (گزنگ) تیشکی زیاتر دەخاتە سەر دنیای کتێبەکە.
سەردەم: چۆن بوو بیرت لە نووسینی ئەم توێژینەوەیە کردەوە؟
گزنگ حەسەن: نووسینی توێژینەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکە یاخود پڕکردنەوەی کەلێنێکە لە ڕێگەی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی کە لای توێژەر دروست بووە، پرسیارەکەی ئێمەش ئاخۆ ئەو کەسێتییە مێژووییانە لە ڕوانگەی ڕۆمانەوە چ جۆرە خوێندنەوەیەکیان بۆ کراوە؟
ڕۆمانی مێژوویی جۆرێکی نوێی ڕۆمانە لە نێو ئەدەبی کوردیدا شایەنی گرنگیپێدان و لێکۆڵینەوەیە، بە مەبەستی خستنە ڕووی ڕۆڵ و پێگەی کەسێتییە مێژووییەکان. شایەنی باسە بە گشتی لە ئەدەبی کوردیدا و بە تایبەتی لە ژانرێکی وەک ڕۆماندا (ڕۆمانی مێژوویی) و (کەسێتیی مێژوویی) نەخراوەتە ڕوو بە شێوازێکی سەربەخۆ و زانستی و ئەکادیمی کاری لە سەر نەکراوە.
ئەوەی جێگەی بایەخە دەرخستنی ڕۆڵ و توانای نووسەرە لە خستنەڕووی بیری نەتەوەیی و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی کورد و ڕووناککردنەوەی قۆناغێکی دیاریکراوی مێژوویی گەلەکەمان لە ڕێگەی زیندووکردنەوەی چەند کەسایەتییەکی دیار و کاریزمای مێژوویی کورد، بۆ نموونە لە ڕۆمانی میرنامەدا ژیانی شاعیری کورد (ئەحمەدی خانی) دەگێڕێتەوە، هەروەها لە ڕۆمانی (سێ هەنگاو سێدارەیەک) دا شۆرش و بەسەرهاتی (شێخ سەعیدی پیران) دەکاتە هەوێنی گێڕانەوەکەی لە ناو ئەدەبدا و بە تایبەت لە ژانرێکی وەک ڕۆمان، کە یەکێکە لە ژانرە گرنگ و فراوانەکانی ئەدەب لە سەردەمی ئەمڕۆدا جێگەی گرنگیپێدانی سەرجەم توێژەران و ڕەخنەگرانی ئەدەبە.
سەردەم: لەنێو نووسەر و ڕۆماننووسانی کورددا بۆچی بە دیاریکراوی ڕۆمانەکانی جان دۆستت هەڵبژارد بۆ توێژینەوەکەت؟
گزنگ حەسەن: لەبەر ئەوەی بە هەموو پێوەرێک ڕۆمانی کوردی کردە خاوەنی ڕۆمانی مێژوویی. لێرەدا بوونی (جان دۆست) وەک لێکۆڵەرەوەیەکی مێژوویی و شارەزاییەکی هەمەلایەنەی وردەکارییەکانی مێژووی کورد دەبینرێت، کە ئەمەش ئەرکی سەرەکیی ڕۆماننووسی مێژووییە. (دۆست) شارەزاییانە هەوڵی نووسینی جۆرێکی ڕۆمانی داوە کە هەوێنی گێڕانەوەکەی لە مێژوو کەسایەتی و کاریزمای کورد، واتە بە ئامادەبوونی کەسایەتی مێژووی لە تەنیشت کەسایەتی خەیاڵیدا بەکارهێناوە، ئەوە دەریدەخات کە ڕۆمانووس خودی واقعییە مێژووییەکە بە باشی دەزانێت و شارەزایە ئەمەش بنەمای بونیادنانی ڕۆمانی مێژووییە. لە ڕۆمانی کوردیدا نەبوونی کەسایەتییە مێژووییەکان و ئافراندنەوەی مێژوویی کۆنی کورد نەبوونی ڕۆمانی مێژوویی کوردی نیشان دەدا. ئامادە نەبوونی کەسایەتییە مێژووییەکان وای کردووە کە خوێنەری کورد سەرەڕای ئەو مێژووە دەوڵەمەندەی هەیەتی زیاتر ئاشنابێت بە کەسایەتی داستانی نەک کەسایەتی مێژوویی، چونکە بە گشتی مێژووی کۆنی کورد لە ڕۆمانی کوردیدا زیاتر بە ناوەڕۆکێکی سیاسییانە ئامادەیە نە فەزای ڕۆمان و نە کەسایەتییەکان ئەوە نین کە لە مێژوودا بوونی واقعییان هەبووبێت. هەر بۆیە ئەو جۆرە ناوەڕۆکە و زۆرینەی ئەو ڕۆمانانەی بەو شێوازەن، بە ڕۆمانی مێژووی هەژمار کراون، بەڵام ئەمانە ناچنە خانەی ڕۆمانی مێژووییەوە. لە بەرامبەردا ڕۆمانەکانی (جان دۆست) ڕەنگدانەوەی مێژووی کوردن لە چەندین سەدەی ڕابردوودا و هەوڵی نووسەر دەردەخەن لە ئافراندنەوەی مێژووی کەسایەتییەکانی وەک ئەحمەدی خانی و شێخ سەعیدی پیران، بێگومان ئەوانەش دەستکەوتێکی گرنگن لە بزاڤی ناسیۆنالیستی کورددا.
سەردەم: ئایا کەسێتیی مێژووی لەنێو ئەدەبیاتی نووسەرانی دیکەدا بەدی ناکرێت؟
گزنگ حەسەن: ئەوەی وای کردووە کار لە سەر ئەو بوارە بکەم نەبوونی ڕۆمانی مێژووی بە گشتی و کەسێتیی مێژوویی بوو بە تایبەتی لە ڕۆمانی کوردیدا. بەو پێیەی رۆمانی مێژوویی بە بەکارهێنانی مێژوو تایبەتمەندە پێویستە ئەو ماددە یاخود بابەتە مێژووییەی کە بەکارهاتووە لەگەڵ هەندێک کەسایەتیدا هاوتەریب بێت کە پێکهاتبن لە مێژوویی و خەیاڵی، نەک تەنیا لایەنێک. لە ڕۆمانی کوردیدا هەرچەندە لێزانانە و بە شێوەیەکی هونەری بەرز لە ڕێگەی کەسایەتییەکانەوە گوزارشت لە ڕووداوە مێژووییەکان کراوە، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا ئەو ڕۆمانانەی کە بە ناوەڕۆکێکی سیاسی یاخود مێژووی پەیوەست بە گەلی کورد هاتوونەتە بەرهەم، سەرجەمیان لە لایەن کارەکتەری خەیاڵی (داستان)ی گێڕدراونەتەوە نەک کەسایەتی مێژوویی (کاریزما) هەروەها بوونی مێژوو لە ڕۆمانی نووسەرانی دیکەدا زیاتر بۆ زەقکردنەوەی هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەردەمێکی نزیکە و زۆر دوور نییە واتە دەتوانین بڵین باسکردنە لە مێژووییەکی هاوچەرخ بەبێ گوزارشتکردن لە کاسایەتییەکی مێژوویی کە ناو و ناوبانگێکی هەبووبێت لە مێژووی کورددا بە بەراورد بەوەی (جان دۆست) کە لە ڕووی ناوەڕۆک و کەسایەتییەوە ڕەنگدانەوەی مێژووی کوردانن. کەسێتیی یەکێکە لەو بناغە گرنگانەی کە دەقی خەیاڵی لە سەر بنیاد دەنرێت، چونکە بەشداربوویەکی گەشەسەندووییە لە پڕۆسەی گێڕانەوەدا، بە جۆرێک ئەو جۆرە کەسایەتییانە ڕۆمانی مێژووی جیادە کەنەوە، گرنگترینیان پاراستنی ڕەهەندی مێژوووییە لە لایەک و تێکەڵکردنیان لەگەڵ کارەکتەرە خەیاڵییەکان بۆ دەربڕین لەلایەکی دیکەوە.
سەردەم: ڕۆمانی مێژوویی و کەسێتیی مێژوویی لە ڕۆماندا چ جیاوازیی، یان پەیوەندییەکیان پێکەوە هەیە؟
گزنگ حەسەن: کەسێتیی مێژوویی بە بنەمای سەرەکی ڕۆمانی مێژوویی دادەنرێت، مەرجی سەرەکی ڕۆمانی مێژوویی ئەوەیە پشتی بە ڕووداوێکی مێژوویی یان کەسێتییەکی مێژوویی ببەستێت. ڕۆمانی مێژوویی تێکهەڵکێشی دوو چەمکی سەرەکییە ئەوانیش ( ڕۆمان) و (مێژوو)ە، لەم جۆرەی ڕۆماندا ئامانج هەوڵدانە بۆ زیندووکردنەوەی ڕابردوو، یاخود بۆ زیاتر ناساندنی ڕابردوو. لێرەدا ڕاستییەکان تەنیا بنەمای بەرهەمەکە دەئافرێنن باقی دیکە ڕۆماننووس گەمە هونەرییەکانی خۆی دەخاتە نێو ڕووداوە مێژووییەکانەوە بۆ سەلماندنی و بە ئەدەبی کردنی مێژووەکە، واتە بە ئەدەباندنی ئەو واقیعەی کە بنەمای سەرەکی دروستبوونی گێڕانەوەکەیە. هەرچەندە فەزای مێژوو تەواو لە ڕۆمانەکەدا دیارە، بەڵام لایەنی هونەری و خەیاڵیش دەوری کارا دەگێرن، چونکە گواستنەوەی کتومتی ڕووداوی مێژوویی ڕەگەزەکانی ڕۆمان دەکوژێت. هەر بۆیە چیرۆکەکە ئەوەندەی لەسەر بنەمایەکی ڕیالیزمی دامەزراوە دەبێت ئەوەندەش لە سەر خەیاڵ کاری کردبێت.
سەردەم: گرنگیی ئەم جۆرە توێژینەوە و کتێبانە لە چیدا دەبینیتەوە بۆ خوێنەر و کتێبخانەی کوردی؟
گزنگ حەسەن: ئەم جۆرە ڕۆمانە ڕەهەندێکی مەعریفی هەیە و ئەرکێکی پەروەردەیی و فێرکاری لەخۆ دەگرێت. وەک (ئەزموونی مرۆیی) یاخود (تۆماری ژیانی مرۆڤ) ڕۆڵ دەگێڕێت، لەو ڕوانگەیەوە کە ژیان و هەستی ئەو کەسایەتییانە لەژێر گاریگەریی بارودۆخی مێژووییدا دەگێڕێتەوە، بە تایبەت ئەوانەی لە پاشخانی مێژوودا دانراون و پەراوێز خراون. هەروەها گەشە دەدات بە تێگەیشتن لە کارەکتەر و سەردەمە جیاوازەکان و ڕابردوو بە ژیان دەهێنێتەوە و زیندووی دەکاتەوە، بەمەش مێژوو زیاتر پەیوەندیدار و مانادار دەکات. وا دەکات خوێنەر بە ئاسانی ئەم ڕوودا و کەسایەتییە مێژووییانە بناسێتەوە، هەروەها شانازی و بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بە کولتوور و ڕەسەنایەتی زیاتر دەکات.
هەربۆیە ئەم جۆرە سەکۆیەک بۆ دیدگا جۆربەجۆرەکان لە مێژوودا دەرەخسێنێت، کە ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن لە کۆمەڵدا و کاریگەری زۆری هەیە لەسەر ڕەنگدانەوە و پاراستنی ناسنامەی کولتووری لەو ڕێگەیەوە کە زۆرجار ڕۆمانی مێژوویی بەدواداچوون بۆ میراتی کولتووری دەکات. ئەمەش دەبێتە یارمەتیدەر بۆ خوێنەر تاوەکو لە ڕابردوو ناسنامەی خۆیان تێبگەن، چونکە زیاتر دەرخستنی خودی مێژووە لە ڕوودا و کەسایەتییەکاندا، لەو ڕوانگەیەشەوە گێڕانەوەکان دەپارێزێت و دەتوانێت وێنەیەکی گشتگیرتر لە ڕابردوو پێشکەش بکات و ئەو چیرۆکانە وەربگرێتەوە و پەرەی پێ بدات کە ونبوون یان لە بیرکراون و تیشک دەخاتە سەر دیدگا پەراوێزخراوەکانی مێژوو.