به‌ختیار عه‌لی به خۆشه‌ویستییه‌كی سه‌یر، دووباره مێژووی شوێن ده‌نووسێته‌وه
به‌ختیار عه‌لی له ڕۆمانی كۆشكی باڵنده غه‌مگینه‌كان، به خۆشه‌ویستییه‌كی سه‌یر، دووباره مێژووی شوێن ده‌نووسێته‌وه
وه‌رگێڕان و ئاماده‌كردنی: سه‌رده‌م
خوێنه‌ری به‌ڕێز، ئه‌و ناونیشانه‌ی سه‌ره‌وه و ئه‌م نووسینه‌ی خواره‌وه، له‌سه‌ر ڕۆمانی كۆشكی باڵنده غه‌مگینه‌كان، به زمانی عه‌ره‌بی له‌لایه‌ن نووسه‌ر و وه‌رگێڕ ئیبراهیم خه‌لیل(*) نووسراوه و له ماڵپه‌ڕی ئه‌لجه‌زیره نێت، له رۆژی 26ی ئابی 2024بڵاوبووه‌ته‌وه، له‌به‌ر گرنگی نووسینه‌كه، لێره‌دا به‌شێكی به كوردی ده‌خه‌ینه‌ڕوو.
نووسه‌ری كورد به‌ختیار عه‌لی ساڵی 1960 له شاری سلێمانی له‌دایكبووه، خوێنه‌ر به خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانی كۆشكی باڵنده غه‌مگینه‌كان، هۆكاری ناوبانگی نووسه‌ر و هۆكاری وه‌رگێڕانی زۆرێك له كاره‌كانی بۆ زمانه‌كانی دیكه‌ی بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، نه‌ك ته‌نها له نێو نووسه‌ره كورده‌كانی هاوته‌مه‌نی خۆیدا، به‌ڵكو له نێو چوارچێوه‌ی بزووته‌وه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی و نووسه‌ره‌كانیدا.
ناساندنی جیهانی ئه‌م نووسه‌ره، به خوێنه‌ری عه‌ره‌ب، فه‌زڵه‌كه‌ی بۆ ده‌زگای “خان” ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌م ده‌زگایه پێشتر له ساڵی 2019 ڕۆمانی “دواهه‌مین هه‌ناری دونیا”ی به وه‌رگێڕانی غه‌سان حه‌مدان بڵاوكرده‌وه. هه‌ر له‌و ساڵه‌دا، واته 2019، ڕۆمانی “ئێواره‌ی په‌روانه”ی به وه‌رگێڕانی فه‌دوی ده‌روێش بڵاوكرده‌وه، تا ده‌گات به بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌ی كۆشكی باڵنده غه‌مگینه‌كان، به وه‌رگێڕانی ئیبراهیم خه‌لیل.
(لێره‌دا ئه‌م كه‌وانه‌یه ده‌كه‌ینه‌وه و هه‌ندێك زانیاری كورت له‌سه‌ر چاپكردن و وه‌رگێڕانی ڕۆمانی كۆشكی باڵنده غه‌مگینه‌كان ده‌خه‌ینه ڕوو، ساڵی 2009 بۆ یه‌كه‌مجار ڕۆمانه‌كه له شاری سلێمانی و له ناوه‌ندی ڕه‌هه‌ند بڵاوده‌كرێته‌وه، پاشان ساڵی 2014 ناوه‌ندی ڕۆشنبیریی و هونه‌ریی ئه‌ندێشه، چاپی دووه‌می ڕۆمانه‌كه به به‌رگێكی جیاواز و فۆنتێكی گه‌وره‌تره‌وه بڵاوده‌كاته‌وه، ساڵی 2012 له‌لایه‌ن ره‌زا كه‌ریم موحاوره‌وه ده‌كرێت به فارسی و ده‌زگای ئه‌فراز بڵاویده‌كاته‌وه، ساڵی 2017 ڕۆمانه‌كه له‌لایه‌ن به‌سام مسته‌فاوه، له 416 لاپه‌ڕه‌دا، وه‌رده‌گێڕدرێته سه‌ر شێوه‌زاری كرمانجی و له توركیا ده‌زگای ئا‌ڤێستا بڵاویده‌كاته‌وه).
نه‌فره‌تی مانه‌وه له شوێن
به‌ختیار عه‌لی جیهانی ڕۆمانی كۆشكی باڵنده غه‌مگینه‌كان، له‌سه‌ر ڕوداوێكی سه‌یر بونیادده‌نێت و وه‌رده‌كارییه‌كانی له ڕۆمانێكی قه‌به‌دا ده‌خاته‌ڕوو كه ژماره‌ی لاپه‌ڕه‌كانی نزیكه‌ی 600 لاپه‌ڕه‌یه و ئێمه له خواره‌وه هه‌وڵده‌ده‌ین پوخته‌یه‌كی ڕۆمانه‌كه بخه‌ینه‌ڕوو.
له ڕۆمانه‌كه‌دا سێ كوڕی گه‌نج، ده‌كه‌ونه داوی خۆشه‌ویستی كچێكه‌وه، كچێكی نه‌خۆش، ڕه‌فتار سه‌یر، خاوه‌ن ڕۆشنبیرییه‌كی به‌رز. سێ گه‌نجه‌كه یه‌ك له دوای یه‌ك، دێن و داوای هاوسه‌رگیری له كچه‌كه ده‌كه‌ن و خێزانی سه‌وسه‌ن گۆڵدانچی، نازانن چی بكه‌ن و كچه‌كه‌یان به كێ بده‌ن. وه‌لێ سه‌وسه‌ن به‌جیا له‌گه‌ڵ هه‌ر سێ گه‌نجه‌كه‌دا كۆده‌بێته‌وه و داوا له‌هه‌ر یه‌كێكیان ده‌كات، كۆمه‌ڵێك مه‌رجی بۆ جێبه‌جێ بكات، له‌وانه بۆ ماوه‌ی هه‌شت ساڵ سه‌فه‌ر بكات، له‌و ماوه‌یه‌دا سه‌د باڵنده‌ی جۆراوجۆری جیاوازی بۆ كۆبكاته‌وه و هه‌ندێك له باڵنده‌كان ده‌بێت باڵنده‌ی ده‌گمه‌ن بن و هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوچونیان له‌سه‌ربێت، دوای ئه‌وه ده‌كرێت یه‌كێك له سێ گه‌نجه‌كه هه‌ڵبژێرێت و شووی پێده‌كات، له‌وانه‌شه كه‌سیان هه‌ڵنه‌بژێرێت. سێ گه‌نجه‌كه به سه‌رجه‌م مه‌رجه‌كانی سه‌وسه‌ن ڕازیده‌بن و یه‌ك له دوای یه‌ك، سه‌فه‌ر ده‌كه‌ن و ده‌ڕۆن و وێڵی به‌جێهێنانی حه‌ز و ویست و مه‌رجه‌كانی ئه‌و كچه ده‌بن كه ده‌ستگیرانی ئاینده‌یانه.
سێ گه‌نجه‌كه بریتین له كامه‌رانی سه‌لما، مه‌نسور ئه‌سرین و خالید ئامون، ئه‌م سێ گه‌نجه له هه‌مو شتێك‌دا له‌یه‌كتر جیاوازن و ته‌نها خۆشه‌ویستییان بۆ سه‌وسه‌ن و جێبه‌جێكردنی مه‌رج و ئاره‌زووه‌كانی سه‌وسه‌ن كۆیكردوونه‌ته‌وه. ئاخر ئه‌وه‌تا كامه‌رانی سه‌لما گه‌نجێكی بێكاره و یه‌كێكه له قومارچی و چه‌قۆكێشه به‌ناوبانگه‌كانی شار. مه‌نسور ئه‌سرین خوێندكاری زانكۆیه و كه‌سێكی ڕۆشنبیر و شه‌رمنه، ژیانی زیاتر له نێو كتێبدا به‌سه‌ربردووه تا له نێو خێزانه بچكوكه‌كه‌ی. هه‌رچی خالید ئامونه، بازرگانی جلوبه‌رگ و پۆشاكی ژنانه‌یه و په‌یوه‌ندییه‌كی زۆری له‌گه‌ڵ ژنان هه‌یه و سه‌ر به عه‌شیره‌تێكی گه‌وره و به‌هێز و ده‌وڵه‌مه‌نده.
به‌خیتار له ڕۆمانه‌كه‌دا، ئه‌م ڕووداوه سه‌یره ده‌هێنێت و ئاوێكی زۆری ده‌دا و ڕۆمانێكی قه‌به‌ی لێبه‌رهه‌م ده‌هێنێت. ئه‌ڵبه‌ته ڕۆمانه‌كه به ته‌نها ڕۆمانێكی ڕۆمانسی نییه، باس له سه‌ركێشییه‌كانی سێ گه‌نج بكات له كاتی گه‌ڕانیان به دوای باڵنده سه‌یر و ده‌گمه‌نه‌كاندا، به‌ڵكو ڕۆمانێكه مێژووی شارێك له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و سیاسی و فۆلكلۆرییه‌وه ده‌گێڕێته‌وه.
ڕۆمانێكه شیكردنه‌وه بۆ ململانێی پارته‌كان و جه‌نگی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگای كوردی له باكور و جه‌نگی عێراق ئێران و جه‌نگی داگیركردنی كوێت و پاشان داگیركردنی ئه‌مریكا بۆ عێراق و ڕاپه‌ڕینی كورده‌كان و به‌ده‌ستهێنانی حوكمی ئۆتۆنۆمی ده‌كات. هه‌روه‌ها باس له شه‌ڕی خوێناوی ناوخۆی نێوان دوو پارته گه‌وره‌كه‌ی كورد ده‌كات، پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر شوێن و دانیشتوانه‌كه‌ی ده‌كات.
سیحر و كلاسیك
به‌ختیار عه‌لی چیرۆكێك ده‌گێڕێته‌وه و ڕۆمانه‌كه‌ی به شێوه‌ی كلاسیك ده‌نووسێته‌وه، له ڕۆمانه‌كه‌دا چیرۆكێكی سه‌ره‌كی هه‌یه، له‌سه‌ره‌تای ڕووداوه‌كانییه‌وه ده‌ستپێده‌كات و ده‌ڕوات تا ده‌گاته كۆتاییه‌كه‌ی، چاره‌نووسی كاراكته‌ره سه‌ره‌كی و لاوه‌كییه‌كان یان ئه‌وانه‌ی به‌شدارن له ڕووداوه‌كاندا، دیارن و یه‌كلایبوونه‌ته‌وه. زۆرجار به‌ختیار ڕۆمانه‌كه‌ی به ڕسته‌یه‌ك ده‌ستپێده‌كات، ڕۆمانه كلاسیكییه گه‌وره‌كانمان بیرده‌خاته‌وه، ئه‌وه‌ش ده‌ستپێكێكه، وا له خوێنه‌ر ده‌كات به ئاگایی و چێژه‌وه له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه به‌رده‌وامبێت. ئه‌ڵبه‌ته ڕۆمانه‌كه بۆ نووسینه‌وه‌ی ڕسته‌كان و گێڕانه‌وه به شێوازێكی شیعریی پڕ له وێنه و وه‌سفی سه‌یر و جیهانی خه‌ونه‌كان و مۆته‌كه و مردن و كردنی شوێن به‌شوێنێكی جیاواز له هه‌مو شوێنه‌كانی دیكه، سوودی له كه‌ش و هه‌وای ڕیالیزمی ئه‌فسوناوی وه‌رگرتووه.
به مانایه‌كی دی، به‌ختیار عه‌لی ڕۆمانه‌كه‌ی به ڕیالیزمێكی ئه‌فسوناوی كلاسیك ده‌نووسێت، شوێنه‌كه و كاره‌كته‌ره‌كانی و چیرۆكه‌كانی، به وه‌سفێكی ناوه‌كی و ده‌ره‌كی بنیاتده‌نێت و پشت به دروستكردنی چه‌ند كاراكته‌رێكی كه‌م نابه‌ستێت، به‌ڵكو پشت به دروستكردنی كاراكته‌رێكی زۆری نێر و مێ ده‌به‌ستێت كه له ڕووی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابوری و ڕۆشنبیرییه‌وه، جیاوازن و له‌وه‌شدا سه‌ركه‌وتووه. هه‌مو ئه‌وه‌ش له شوێنێكدا ڕووده‌ده‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی شوێنێكه له پێناو چیرۆكه سه‌ره‌كییه‌كه و چیرۆكه لاوه‌كییه‌كاندا دروستكراوه.
كاراكته‌ری سه‌وسه‌ن گوڵدانچی، وه‌ك ئه‌وه‌یه كاراكته‌رێك بێت له ڕۆمانێكی دیكه‌وه هێنرابێت یان له كتێبێكی كۆنه‌وه وه‌رگیرابێت. ئاخر سه‌وسه‌ن هه‌رچه‌نده به‌ده‌ست نه‌خۆشییه‌كی هه‌میشه‌ییه‌وه ده‌ناڵێنێت، وه‌ك نه‌خۆشی كه‌مخوێنی و سه‌ریه‌شه، به‌ڵام ئه‌م نه‌خۆشییه كه به درێژایی ژیانی له‌گه‌ڵیدایه، جۆرێك له جوانی و قه‌شه‌نگی و ناسكی پێبه‌خشیوه و وایلێكردوووه له كچه‌كانی دیكه جیاوازتربێت، هه‌ر ئه‌مه‌شه بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌وانی دیكه بكه‌ونه داوی خۆشه‌ویستییه‌كه‌یه‌وه.
وه‌لێ سه‌وسه‌ن له كچان و ژنانی دیكه جیاوازتر بوو، هه‌ر بۆیه ژنانی شار هه‌م ئیره‌ییان پێده‌برد و هه‌م ڕقیان لێی ده‌بوه‌وه، ئاخر سه‌وسه‌ن ژیانی له نێو كتێب و ئه‌تڵه‌سه‌كان و خوێندنه‌وه‌دا به‌سه‌ربردووه و گوێی به بازاڕیكردن و خۆجوانكردن و ئاهه‌نگگێڕان نه‌داوه. ئه‌و له ژووره‌كه‌ی خۆی داده‌نیشت و گه‌شتی به‌نێو جیهاندا ده‌كرد، به‌ڵام هه‌ستی ده‌كرد وێنه‌ی ڕووداوه‌كان و مرۆڤه‌كان و شوێنه‌كان و نه‌خشه‌كان، به ته‌نها له رێگه‌ی هه‌ستی بینینه‌وه، حه‌قیقه‌تی جیهان ناخه‌نه‌ڕوو. واته بێ به‌كارهێنانی هه‌سته‌كانی دیكه، ناكرێت توانای ناسینی جیهانمان هه‌بێت. جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌وسه‌ن خۆی ناتوانێت ئه‌و كاره بكات، بۆیه داوا له ده‌ستگیرانه‌كانی ده‌كات، بڕۆن بۆ ماوه‌ی هه‌شت ساڵ، جیهان ببینن و له‌گه‌ڵ خۆیاندا سه‌د باڵنده‌ی سه‌یر و نامۆ بهێننه‌وه.
سه‌روه‌ختێك سێ گه‌نجه‌كه ده‌گه‌ڕێنه‌وه، سه‌وسه‌ن بۆنی ده‌ستی هه‌ر یه‌كێكیان ده‌كات، بۆنی سنگ و قژ و ته‌واوی جه‌سته‌ی هه‌ر یه‌كێكیان ده‌كات، تاكو هه‌م تێبگات و هه‌م هه‌ست به‌و شوێنانه بكات كه سه‌ردانیان كردووه، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی بزانێت دوای ئه‌و شه‌كه‌ت و ماندووبوونه گه‌وره‌یه و گواستنه‌وه له نێوان ناوچه‌كان و ژینگه‌كان و نه‌ته‌وه‌كان و زمانه جیاوازه‌كانی جیهاندا، له ڕووی ڕۆحییه‌وه چ گۆڕانكارییه‌كیان به‌سه‌رداهاتووه.
كاراكته‌ره‌كان و چیرۆكه‌كان
به‌ختیار عه‌لی له ڕۆمانه‌كه‌دا، جگه له چیرۆكه سه‌ره‌كییه‌كه كه نزیكه‌ی 20 ساڵ ده‌خایه‌نێت، كۆمه‌ڵێكی زۆر له كاراكته‌ر و كه‌سایه‌تی دیكه‌ی سه‌یر ده‌خاته‌ڕوو، بۆ نمونه ئه‌و خوێنه‌ر ئاشنا ده‌كات به گروپی “چه‌قۆكێشه‌كان”ی شار و پاڵه‌وانه‌كانیان، وه‌ك مه‌نگۆڕی بابه گه‌وره و یوسف كه‌ویار و شه‌ڕه‌كانیان و ڕه‌چه‌ڵه‌ك و به‌سه‌رهاته‌كانیان ده‌خاته‌ڕوو، هه‌روه‌ها خوێنه‌ر ئاشنا ده‌كات به جیهانی قوماركردن و جیهانی پارته‌كان و مێژووی شوێنه‌كان و كه‌سایه‌تییه‌كانی عه‌شیره‌تی ئامون و خێزانی گوڵدانچی و فیكرت و پروشه‌ی كچی و هاوسه‌ره پزیشكه‌كه‌ی كه دكتۆری سه‌وسه‌ن بوو…هتد.
ڕۆمانی كۆشكی باڵنده غه‌مگینه‌كان، به پوختتر له دوو ڕۆمانه وه‌رگێڕدراوه‌كه‌ی پێشووی داده‌نرێت. پێشبینی ده‌كرێت ئه‌م ڕۆمانه، یارمه‌تی بڵاوبوونه‌وه‌ی ناوی به‌ختیار عه‌لی بدات له زمانه جیاوازه‌كانی دیكه‌دا، نووسه‌ر ئه‌مه به باشترین ڕۆمان داده‌نێت كه ویستوویه‌تی بینووسێت. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ده‌ركردنی بڕیارێكی له‌و جۆره له‌سه‌ر به‌های ڕۆمانه‌كه، كارێكی قورسه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه هێشتا ڕۆمانه‌كانی دیكه‌ی نووسه‌رمان نه‌خوێندووه‌ته‌وه و كه بریتین له هه‌شت ڕۆمان و جارێ نه‌كراون به عه‌ره‌بی.
سه‌ره‌ڕای هه‌مو ئه‌و سیفه‌ته هونه‌ریانه‌ی كه نووسینه‌كانی به‌ختیار عه‌لی پێجیاده‌كرێنه‌وه، ئه‌و شیعر و ڕۆمان و وتار و چیرۆك و شانۆنامه ده‌نووسێت، كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دۆزینه‌وه‌ی له‌لایه‌ن خوێنه‌ره‌وه دواده‌كه‌وێت، نه‌ك ته‌نها خوێنه‌ری عه‌ره‌بی، به‌ڵكو له‌لایه‌ن خوێنه‌ری كوردیشه‌وه، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی نازانن به شێوه‌زاری سۆرانی بخوێننه‌وه، ئه‌وه ئه‌و شێوه‌زاره‌یه كه به‌ختیار عه‌لی به‌رهه‌مه‌كانی پێده‌نووسێت و جیاوازه له شێوه‌زاری كرمانجی كه كوردانی سوریا و توركیا قسه‌ی پێده‌كه‌ن. یه‌كه‌م ڕۆمانی به‌ختیار عه‌لی ساڵی 1997 بڵاوبووه‌ته‌وه (مه‌به‌ستی ڕۆمانی مه‌رگی تاقانه‌ی دووه‌مه)، ڕۆمانی ئێواره‌ی په‌روانه كه له ساڵی 2019 كراوه به عه‌ره‌بی، به‌ختیار عه‌لی له ساڵی 1998 به كوردی بڵاویكردووه‌ته‌وه. هه‌مان شت بۆ ڕۆمانی دواهه‌مین هه‌ناری دونیا ڕاسته كه ساڵی 2002 به كوردی بڵاوكرایه‌وه و ساڵی 2019 كراوه به عه‌ره‌بی.
هه‌روه‌ها وه‌رگێڕانی كاره‌كانی به‌ختیار عه‌لی بۆ ئه‌ڵمانیش دواكه‌وتووه، ئه‌وه‌تا له ئه‌ڵمانیا ساڵی 2017 ڕۆمانی دواهه‌مین هه‌ناری دونیا كراوه به ئه‌ڵمانی، ساڵی دواتر، ڕۆمانی شاری مۆسیقاره سپییه‌كان-یش كراوه به ئه‌ڵمانی و له هه‌مان ئه‌و ساڵه‌دا، خه‌ڵاتی نیلی زاكس وه‌رده‌گرێت، ئه‌م خه‌ڵاته شاری دۆرتمۆندی ئه‌ڵمانی، هه‌ر دوو ساڵ جارێك ده‌یبه‌خشێت. له‌م ساڵدا 2024به‌ختیار عه‌لی، له ئه‌ڵمانیا خه‌ڵاتی “هێڵدا دۆمین”ی بۆ ئه‌ده‌بی تاراوگه وه‌رگرت، وا بڕیاره له‌م مانگه‌دا وه‌رگێڕانی ڕۆمانی كۆشكی باڵنده غه‌مگینه‌كان بۆ ئه‌ڵمانی له ده‌زگای “ئۆنیۆ” بڵاوبكرێته‌وه.
زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی به‌ختیار عه‌لی، له‌ده‌وری بیرۆكه‌ی جێهێشتنی شوێن و دۆزینه‌وه‌ی دونیا ده‌سوڕێنه‌وه. هه‌ڵگری ئه‌م بیرۆكه‌یه، بریتییه له‌وه‌ی مرۆڤ سه‌روه‌ختێك به جیهاندا ده‌گه‌ڕێت و دونیا ته‌یده‌كات، شار و مرۆڤ و ئاژه‌ڵ و ده‌ریا و ڕووبار و چیرۆكی نوێ ده‌دۆزێته‌وه، له قوڵایی ناخیدا بڵێسه‌ی خراپه‌كاری و ڕق كاڵ و خامۆش ده‌بێته‌وه و لێیه‌وه بۆنی خۆشه‌ویستی و ئارامی ده‌رژێت. ئه‌وه‌تا له ڕۆمانی ئێواره‌ی په‌روانه‌دا ده‌ڵێت: “ئه‌م شاره به‌جێبهێڵه، پێش ئه‌وه‌ی ببیت به ئاژه‌ڵێكی ڕاسته‌قینه”.
له ڕۆمانه‌كانی به‌ختیار عه‌لی دا، ئه‌و كاراكته‌رانه‌ی توانیویانه رابكه‌ن، ژیانی خۆیان رزگار كردووه و ئه‌وانه‌شی له شاره‌كه‌دا یان له شوێنه‌كه‌دا ماوه‌ته‌وه، ئه‌وا پێویست بووه ژیانی له‌ده‌ستبدات، هۆكاره‌كه‌شی بۆ سیاسه‌ت و جه‌نگه‌كان و تۆڵه‌كردنه‌وه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه. یان به‌هۆی خه‌مۆكی كوشنده‌ی شوێنه‌كه‌وه، ژیانی خۆی و سه‌رجه‌م هیوا و ئاواته‌كانی له‌ده‌ستداوه.
خودی به‌ختیار عه‌لی بۆ خۆی، كاراكته‌ره‌كانی ناو ڕۆمانه‌كانی نا‌ئومێد نه‌كردووه، ئه‌وه‌تا به‌ر له‌وه‌ی له‌سه‌ر كاراكته‌ره‌كانی بنووسێت، زێدی خۆی به‌جێده‌هڵێت و ڕوو له شوێنی دیكه ده‌كات.
به‌ختار هیوا و ئومێدی كاراكته‌ره‌كانی له كۆچ و جێهێشتنی شوێندا به‌دیهێناوه، ساڵی 1990 ده‌ڕوات بۆ ئه‌ڵمانیا و تا ئێستاش له‌وێ نیشته‌جێیه (لێره‌دا به هه‌ڵه نووسراوه 1990، به‌ختیار عه‌لی دوای هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ناوخۆ، له ئه‌یلولی ساڵی 1994 كوردستان به‌جێده‌هێڵێت و ڕوو ده‌كاته سوریا، له‌وێ پاش نۆ مانگ ژیان له دیمه‌شق، ده‌ڕوات بۆ ئه‌ڵمانیا، سه‌ره‌تا له شاری فرانكفۆرت نیشته‌جێ ده‌بێت و له ساڵی 1999وه، له شاری كۆڵن نیشته‌جێ بووه ).
به‌ڵام تا حاڵی حازر هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و شوێنه ده‌نووسێت، زێدی خۆی، شوێنی له‌دایكبوونی، له‌سه‌ر به‌سه‌رهاته‌كانی ئه‌و شوێنه و خه‌ڵكه‌كه‌ی و داب و نه‌ریته‌كه‌ی و ئاژه‌ڵه‌كانی و جه‌نگه‌كانی و نه‌هامه‌تییه‌كانی ده‌نووسێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی تا ئێستاش هه‌ر له‌وێ بێت.
(*) ئیبراهیم خه‌لیل، نووسه‌ر و وه‌رگێڕێكی كورده، ساڵی 1972 له شاری حه‌سه‌كه له باكوری خۆرهه‌ڵاتی سوریا له‌دایكبووه. له كۆلێژی ئادابی زانكۆی حه‌ڵه‌ب بڕوانامه‌ی له زمانی فه‌ره‌نسی و دبلۆمی له په‌روه‌رده به‌ده‌ستهێناوه. له قوتابخانه حكومییه‌كانی سوریا وانه‌ی وتووه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها له زانكۆی ڕۆژئاوا له شاری قامشلۆ له به‌شی زمانی كوردی وانه‌ی وتووه‌ته‌وه.
له زمانی عه‌ره‌بی و فه‌ره‌نسییه‌وه، چه‌ندین به‌رهه‌می وه‌رگێڕاوه بۆ كوردی، له هه‌مویان گرنگتر كتێبی “طبائع الاستبداد و مصارع الاستعباد”ی كه‌واكیبی كردووه به كوردی، ڕۆمانی “به‌فر”ی نووسه‌ری فه‌ره‌نسی ماكسانس زێرمین-ی كردووه به كوردی، ڕۆمانی “داگیركردنی نانه‌كه یان ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی نانه‌كه/ الاستیلاء علی الخبز”ی ڕۆماننووسی ڕوسی بیوته‌ر كرۆبۆنكین-ی له فه‌ره‌نسییه‌وه وه‌رگێڕاوه بۆ عه‌ره‌بی، هه‌روه‌ها به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵڵا شێخۆ، ڕۆمانی “دواهه‌مین هه‌ناری دونیا” ڕۆماننوسی كورد به‌ختیاری عه‌لی، وه‌رگێڕاوه بۆ سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی، دواهمین به‌رهه‌می چاپكراوی، بریتییه له وه‌رگێڕانی ڕۆمانی كۆشكی باڵنده غه‌مگینه‌كان بۆ عه‌ره‌بی، له ئێستادا له شاری حه‌سه‌كه ده‌ژی.
سه‌رچاوه
عارف حه‌مزه، ئه‌لجه‌زیره نێت، 26ی ئابی 2024
تێبینی: بۆ ئاماده‌كردنی هه‌ندێك زانیاری له‌سه‌ر نووسه‌ر به‌ختیار عه‌لی، سود له پێگه‌ی ویكیپیدیای كوردی وه‌رگیراوه.