بـە یـادی حـەکـایـەتـەکـانی داپـیرە و بـاپـیـرە

Loading

خستنەڕووی کتێبی “گابرێل گارسیا مارکیز”

بەختیار حەمەسوور

بۆ زانیاری و وردەکاری سەبارەت بە نووسەرانێک کە دڵخۆش و ئازیزی ئێمەی خوێنەرانن، ڕەنگە بینینەوەی کتێبێک کە تەرخانە بۆ کۆی هەنگاوەکانی ئەو نووسەرە، کتێبێک بێت لە چەشنی بینینەوەی گەوهەرێک. ئەو جۆرە کتێبانە دەتوانن کۆمەک و یاریدەی ئێمە بن لە ناسینی باشتری ئەو نووسەرەدا، لە وردبوونەوە لە هەندێ ڕووداو و پێشهاتی ژیانیدا کە دەتوانێت بە شێوەیەکی باشتر وێنایەکی گشتیمان لەسەر کۆی بیرکردنەوە و ڕوانینی ئەو و هەنگاوەکانی گەشە و نەشەی بخاتە بەردەست و پێشچاو. بێگومان ناتوانین وەها باوەڕ و ئیمانێک بە هەموو ئەو کتێبانە بهێنین کە دەربارەی نووسەران نووسراون و بڵێین ئیدی ئەو کتێبە نەک دەروازەیەک، چەندان دەرگامان بەسەردا واڵا دەکات، نەخێر، بەڵکو ئەوە دەکەوێتە سەر ئەو نووسەرەی کە چۆن شوێنپێی نووسەری لەسەر نووسراو هەڵدەگرێت و دەتوانێت ئەو نوختە بچووک و پەراوێزانە کە گرنگیان لە ژیانی ئەو نووسەرە و داهێنراوەکانیدا گێڕاوە، بدۆزێتەوە و بتوانێت بە ڕایەڵێک پێکیانەوە ببەستێت و کۆیەکیان لێ پێک بهێنێت کە وا بکات نووسەری ئازیزی ئێمە، ئازیزتر بێت لە دڵماندا و پەیوەندییەکی پتەوتر و باشتر بە بەرهەمەکانیەوە ببەستین.

بێگومان نووسەرێکی داهێنەری وەک گابرێل گارسیا مارکیز لەو نووسەرانەیە بەردەوام لەسەر خوانی گفتوگۆیە، ئەو بە بەرهەمە هەمەلایەنەکانی، کە ڕۆمان و چیرۆک سەرچەشنیەتی، بەردەوام لە بەردەست و چاوی خوێنەردان، لە تەواوی زمانە زیندووەکانی دنیادا ئەم نووسەرە و کتێبەکانی، دەستاودەست دەکەن و بەشێکی گرنگ لە مشتومڕە ئەدەبییەکان بۆ خۆیان بەکێش دەکەن. بێگومان ئێمەیش وەک کورد، ساڵانێکە بەرهەمەکانی گابرێل گارسیا مارکیز لە ڕێگەی کۆمەڵێک وەرگێڕ و نووسەرەوە هاتووەتە کتێبخانەی کوردییەوە و بووەتە باسی گەرم و خۆشی نێوان خوێنەران و نووسەران و ڕۆشنبیران. بەرهەمە گرنگەکانی ئەم نووسەرە، ڕۆمانەکانی: سەد ساڵ تەنیایی، خۆشەویستی لە زەمەنی کۆلێرادا، عەشق و شەیتانەکانی تر، کەس نامە بۆ کۆلۆنێل نانێرێ، کاتژمێری شووم، دەریاوانە خنکاوەکە، ڕاپۆرتی مەرگێکی پێشوەخت ڕاگەیەندراو، ئەم شارە دزی تیا نییە و… چەندان بەرهەمی تری، لە پاڵ یادەوەرییەکانی: زیندووم بۆ ئەوەی بگێڕمەوە و بۆنی گوافا و دوایین بەرهەمیشی کە هەر لەم ساڵدا (ساڵی ٢٠٢٤) بڵاو کرایەوە: گەلاوێژ وادەی دیدارمانە، ئەوە وێڕای چەندان مەلەف و گفتوگۆ و وتار (چ نووسراو و چ وەرگێڕاو) لەم نووسەرە لە بەردەستی خوێنەری کورددان و دەتوانێت لە ڕێیانەوە تێکەڵ بە دنیای گابرێل گارسیا مارکیز و دنیا هەرە ناوازە و داهێنەرانەکەی ببێت.

نوێترین کتێب دەربارەی ئەم نووسەرە، کە کتێبێکە لە لایەن سوزان مودای داراجەوە نووسراوە و لە لایەن وەرگێڕی ئازیزمان جەبار سابیر لە زمانی فارسییەوە کراوە بە کوردی، ئەم کتێبە لە دووتوێی ١٣٧ لاپەڕەدا و لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە، چاپ و بڵاو کراوەتەوە. وەرگێڕ لە هەڵبژاردنی ئەم کتێبەدا جارێکی تر پێویستی کتێبخانەی کوردی لەبەر چاو گرتووەتەوە و لە پاڵ ئەو کتێبانەی تریدا، بێگومان ئەم کتێبەش دەتوانێت جۆشێک بە کتێبخانەی کوردی و خوێنەرانی بدات، بە تایبەت بۆ تێکڕای ئەو کەسانەی کە سەوداسەری دنیای گابرێل گارسیا مارکیزن و دەخوازن زیدتر و زیادتر لە بارەیەوە بخوێننەوە و بزانن. کتێبەکە بە زمانێکی ڕەوان و بێگرێ و گۆڵ کراوە بە کوردی، خوێنەران لە هەر لاپەڕەيەکیدا دەتوانن کۆمەڵێک زانیاری زۆر دەربارەی مارکیز بزانن، بەشێکی بەرچاو لەو زانیارییانە گەرچی لە خودی بەرهەمەکانی گابرێل گارسیا مارکیز خۆیەوە هێنراون و بە شێوەی تێهەڵکێش لەگەڵ پەخشانی نووسەری کتێبەکەدا ئامێتە بوون، بەڵام بە جۆرێک ئەم کارە کراوە کە شێوازێکی ئەدەبیی زۆر ناوازەی بەخشیوتە ناوەرۆکی کتێبەکە و وای کردووە خوێنەر بە تاسەوە لەگەڵ دێڕ بە دێڕ و بەش بە بەشیدا لەسەر خوێندنەوەی بەردەوام بێت.

دەستپێکی کتێبە، بە بەشێک دێتە ناوەوە کە ناباوە، واتە بەو جۆرە نییە کە لە پلیکانەی ئەوەڵینەوە دەستی پێ کردبێت، هەر لەو سەرەتایەوە خوێنەر درک بەوە دەکات لە بەردەم کتێبێکدایە کە بە شێوازێکی تایبەت نووسراوە، جیاوازە لەو کتێبانەی دەیانەوێ کەسێک یان نووسەرێک بەسەر بکەنەوە و لەو جێیەوە دەست پێ دەکەن کە بەپێی ژیاننامە و کرۆنۆلۆژیای ژیانی کەسەکە، پەیرەو و هەنگاو هەڵدەگرێت. سوزان موادی داراج وا ناکات، ئەو لە دڵ و ناوەندی ژیانی مارکیزەوە ئێمە دەباتە ناو کتێبەکەی، جێیەک هەڵدەبژێت کە تێیدا نووسەرە دڵخوازە داهێنەرەکەمان لە گینگڵ و ململانێی نووسینی شاکارە گەورەکەی تەمەنیدایە؛ سەد ساڵ تەنیایی!

خەڵکی دەیانگوت بە دڵنیایی گابۆ شێت بووە.

ساڵی ١٩٦٥ لە مەکسیکۆ سیتی زۆربەی هاوڕێیان و هاوسێکانی گابرێل گارسیا مارکیزی ڕۆماننووس و ڕۆژنامەنووس، چەندین مانگ بوو ئەویان نەبینی بوو، ئەم پرسە بابەتێکی زۆر نائاسایی بوو، چونکە گابۆ بەوە بەناوبانگ بوو کەسێکی خۆشمەشرەب و حەز بە تێکەڵییە.

قاو کەوتەوە ئەو گۆشەنشینی هەڵبژاردووە، بە گەرمی و مکووڕییەوە سەرقاڵی نووسینی ڕۆمانێکی نوێیە. مێرسیدس، هاوسەری گابرێل گارسیا مارکیز، کە کاتی نووسین پشتیوانی مێردەکەی بوو، بەپێی خواستەکانی ئەو بەری لە هەر جۆرە دەستتێوەردان و بێزارکردنێک دەگرت، جەختی لەم قاوەقاوە کردەوە. بە هەرحاڵ، چەندین مانگ تێپەڕی و ئەو هێشتا ئەو ڕۆمانەی تەواو نەکردبوو کە خەڵکی لە بارەیەوە پێشبینی و گومانێکیان دەکرد. مێرسیدس هەنجەتی دەهێنایەوە و بە ئارامی و خۆڕاگرییەوە ڕوونی دەکردەوە؛ گابۆ بۆ نووسین پێویستی بە کەشوهەوا و خەڵوەتی خۆیەتی، لە ناخیشەوە نیگەرانی کەمبوونەوەی داهاتەکەیان بوو. ئەو دوو منداڵی هەبوو، ڕۆدریگۆ و گۆنزالۆ، کە دەبوو چاودێریی بکرانایە و پێداویستییەکانیانی دابین بکردایە. مێرسیدس بۆ قەرەبووکردنەوەی داهاتی کەم و پسووڵە کەڵەکەبووەکان دەستی کرد بە فرۆشتنی کەلوپەلی ماڵ و ئوتومبێلی خێزانەکەی، بەڵام هیچی لە کەڵکەڵە داراییەکانی بە هاوسەرەکەی نەدەگوت، کە نەخشە سەرەتاییەکانی ڕۆمانەکەی لێکدا لێکدا دەنووسی.

کتێبەکە بەو دێڕانەی سەرەوە دەست پێ دەکات، دواتر بەش بەش و لاپەڕە دوای لاپەڕە دەمانباتە ناو پانتاییەکی بەرین لە ژیانی گابرێل گارسیا مارکیزەوە. شێوازەکەی بەم جۆرەیە: ڕاستەوڕاست نەهاتووە ژیاننامەی مارکیز بنووسێتەوە، بەڵکو لەسەر ئەو ڕووداو و کەسێتیانە وەستاوە کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر بیر و جیهانبینی مارکیز داناوە، لەم وێستگە و ساڵ و مانگانەی تەمەندا، کە هەر لە منداڵییەوە ڕەنگڕێژ کراوە، کەسانێکی زۆر هەن کە ڕەنگە هیچ کات ناویان نەهێنرێت، بەڵام بۆ مارکیز وەها نییە، ئەو بە بچووکترین دەستگیرۆییەکان وەفادارە و بە ستایشەوە ناوی یەک بە یەکیان دەهینێت. لە پاڵ کەسەکاندا ئێمە شایەتی چەندان ڕووداوی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەدەبی دەبین، کە دیسان کاریگەرییان لەسەر داڕشتنی کەسێتی مارکیز چەند گەورە و بەهێزە و کۆی ئەمانەش سەلمێنەری خاڵێکە، ئەگەرچی نووسەری ئەم کتیبە نەینووسیوە، بەڵام ئێمە دەتوانین بەم جۆرە پێی زیاد بکەین: مارکیز هەمیشە نزیکەژیان بووە، بە دڵ و گیانەوە بەرەو ڕووی چەقەکەی چووە، لە ژیان خۆیەوە تەجرووبە و ئەزموونەکانی چنیوەتەوە، دواتر لە ڕووبەری تێکستەکانیدا چاندوویەتی و ئەوەی لێ بەرهەم هاتووە کە بووە بە موڵکی نەک ئەمریکای لاتین، بەڵکو هەموو مرۆڤایەتی.

سەرەتای کاریگەرییەکان بۆ مارکیز لە بنەماڵەوە دەست پێ دەکەن، ئەویش بە چڕی لە لایەن باپیرە و داپیرەیەوە، من بۆ خۆم هەر کات هەر بەرهەمێکی مارکیز بخوێنمەوە، تەنانەت ئەگەر وتارێکیشی بێت، یان سیناریۆیەک، یان گفتوگۆیەک، هەمیشە ئەم هەستە دەژیم: کۆی نووسینی مارکیز یادێکە لە داپیرە و باپیرەی، لەو حەکایەتە سەیروسەمەرانەی ئەوان بۆیان گێڕاوەتەوە، لەو ژیانە ئەفسانەییەی لەنێو ماڵباتی داپیرە و باپیرەیدا هەبووە و زارەوزار و سینگاوسینگ گەیەنراوەتە مارکیز و ئەویش پێی وەفادار ماوەتەوە و وزەی گرنگترین بەرهەمەکانی خۆی لەو میراتە گەورەیەوە وەرگرتووە. ئەم کتێبە زۆر بە وردی ئەو کاریگەرییە دەستنیشان دەکات، پێمان دەڵێت هیچ داهێنەرێک لە ئاسمانەوە بەر نەبووەتەوە، بەڵکو داهێنەری ڕاستەقینە لەناو ئەو خێزانەوە سەر دەردەهێنێت کە تێیدا چاو دەکاتەوە، مەرج نییە هەموو خێزان و بنەماڵەی داهێنەرەکان وەک ئەوەی مارکیز بن، بەڵام تێکڕای نووسەران کەم تا زۆر گەڕاونەتەوە بۆ چیرۆکەکانی بنەماڵەکانیان، هەندێکیان بە ستایشەوە و هەندێکی تریشیان بە نەفرەتەوە. بۆ مارکیز بنەماڵە ئەو کتێبە گەورەیە کە تا دوایین ساتی داهێنانی، هەر دەیخوێندەوە و چیرۆکی لێوە هەڵدەگۆزی، ئەو سەر بە دەستەی یەکەمە، ئەو دەستەیەی بنەماڵە بوارێکیان بۆ ڕەخساند، بۆ هەمیشە چیرۆکەکانیان بگاتە دوورترین و قوژبنترین شوێنی جیهان.

لەم کتێبەدا زۆر بە گرنگییەوە ناوی کەسانێک هاتووە کە هاوڕێ یان دۆستی نزیکی مارکیز بوون، بە تایبەت لە دەستپێکی نووسینی مارکیزدا درکیان بە ڕۆحی داهێنەرانەی کردووە و هەوڵیان داوە هەڵی بنێن، هانیان داوە بەردەوام بێت، هەریەکەو بە شێوەیەک، هەریەکەو بە قسەیەک. ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە دەستگیرۆیی بۆ نووسەرێک چەند گرنگە، چەند دەتوانێت ئەو ڕۆحە داهێنەرە پەرە بێ بدات و وا بکات نەپووکێتەوە. لێرەدا پێکەوە پاراگرافێک دەخوێنینەوە، کە تێیدا مارکیزی لاو، تازەکی دەست بە بڵاوکردنەوەی چیرۆکەکانی لە بڵاوکراوە ئەدەبییەکاندا دەکات و دەبێتە جێی سەرنج:

هاوڕێکانی گارسیا ماکیز چیرۆکەکەیان خوێندەوە و پیرۆزباییان لێ کرد، بەڵام قسەی یەکێک لە هاوپۆلەکانی کۆلێژی ماف بە ناوی خۆرخە ئالڤارا ئیسپینۆزا کە مارکیز ستایشی دەکرد، دیاربوو لە هەموویان پێشبینکەرانەتر بوو: “پێم وایە بزانیت کەوتوویتەتە چ دەردەسەرییەکەوە. ئێستا تۆ کەوتوویتەتە جامخانەی نووسەرانی ناسراوەوە و دەبێت کاری زۆر بکەیت تا شایستەی ئەم پێگەیە بیت.” کاتێک گارسیا مارکیز لە بارەی نرخی ئەدەبیی چیرۆکەکەیەوە گومانی دەربڕی، ئیسپینۆزا خستیە زاری: “بە هەرحاڵ، ئەم چیرۆکە بووەتە ڕابردوو. گرنگ چیرۆکی دواترە.” ئەو لە بارەی ئەو کتێبانەی دیکەوە کە مارکیز دەبوو بیانخوێنێتەوە، هەروەها نەخشە، پێکهاتە و شێوازی چیرۆکنووسییەوە ئامۆژگاریی کرد. گارسیا مارکیز دواتر لە بارەی چیرۆکەکەیەوە، کە یەکەمین چیرۆکی چاپکراوی بە نیشانەیەک لە داهاتووە ئەدەبییەکەی دەهاتە بەرچاو، ئاوها نووسی: “هەرگیز بە جەرگییەکەیم دەست نەکەوت تا پێی بڵێم ڕەنگە ئەو گفتوگۆیە ڕێگەی ژیانمی دیاری کردبێت.”

سەبارەت بە یەکێک لەو کتێبانەی کە مارکیزی لاو دەیخوێنێتەوە و تووشی سەرسامی و حەپەسان دەبێت و دیسان بە گوژم بەرەو دنیای نووسین بەکێش دەکرێت، “بەدگۆڕان”ی فرانتز کافکایە، ئەم کتێبەش هەر لە ڕێی هاوڕێیەکییەوە بە دەستی دەگات و چیرۆکەکەش ئاوایە:

ئەدەبیات وردەوردە دەسەڵات و کاریگەرییەکی قووڵتری لەسەر گارسیا مارکیز دانا. یەکێک لە هاوژوورەکانی بە ناوی دۆمینگۆ مانوێل ڤیگا دانەیەک لە ڕۆمانی بەدگۆڕانی کافکای بە خواستن پێ دا. وەک گارسیا مارکیز بیری دەکەوێتەوە، ئەم کتێبە “لە هەمان دێڕی یەکەمەوە، ڕێگەیەکی تازەی لە ژیانمدا دیاری کرد. دێڕێک کە ئەمڕۆ بە یەکێک لە تەکنیکە گەورەکانی دنیای ئەدەبیات هەژمار دەکرێت: بەیانییەک، کاتێک گریگۆری سامسا لە خەونگەلی پەرێشان بەئاگا هاتەوە، بینی لە پێخەفدا بووەتە مێروویەکی زەبەلاح.” ئەم سادەییە لە نووسیندا، سەرباری ناوەرۆکە خەیاڵاوییەکەی، دڵنیایی و دەسەڵاتێکی دەدایە تێکست، کە گارسیا مارکیزی ئەفسوون دەکرد.

بێگومان ژینگەی پڕ لە هەڵبەز و دابەزی سیاسیی ئەمریکای لاتین یەکێکی ترە لەو هۆکارانەی بە توندی کاریگەری لەسەر مارکیز دەنەخشێنن، ململانێی دێرینی کۆنەپارێز و لیبراڵەکان، هاتنی چەپەکان بۆ سەر دەسەڵات و ڕسکانی یەک لە دوای یەکی دیکتاتۆرەکان، کە هەموو ئەمە چ وەک مێژووی کۆن و نوێ، بەردەوام بەسەر زاری بنەماڵە و هاوڕێیانی مارکیزەوە بووە و دواتر خودی مارکیز خۆیشی تێکەڵ بەو دنیایە دەبێت، تێکڕا دەبنە تێمای سەرەکی بەشێکی بەرچاو لە ڕۆمان و چیرۆکەکانی، هێشتا مارکیز خوێندکارە، کە بە چاوی خۆی تیرۆکردنی بەربژێری سەرککۆماری کۆڵۆمبیا خورخە ئلییسر گایتان دەبینێت:

ڕۆژی نۆی نیسانی ساڵی ١٩٤٨، گارسیا مارکیز لە هۆڵی نانخواردنی بەشەناوخۆیی فێرخوازان دانیشت تا نانی نیوەڕۆ بخوات. کتوپڕ هاوڕێ و هاوپۆلەکەی هرووژمیان بۆ هۆڵەکە هێنا و هاواری کرد: “هەر ئێستا گایتانیان لە بەرانبەر ئل گاتیۆ نیگرۆدا کوشت.” گارسیا مارکیز حەپەساو لەگەڵ هەندێک کەسی تردا بە پڕتاو بەرەو کافێی ئل گاتیۆ نیگرۆ چوون، کە تەنیا سێ شەقام تا شوێنی ژیانی لە بەشەناوخۆیی فێرخوازان دوور بوو. ڕاست بوو: گایتان گوللەی بەر کەوتبوو، بەڵام هێشتا گیانی تێدا مابوو.

یەکێکی تر لەو کەسایەتییە سیاسیانەی دەبێتە جێی سەرنج و هاوڕێی تەمەنی گارسیا مارکیز، لاوێکە لەو سەروەختەدا، واتە لە هەمان ئەو ڕۆژەی وا گایتان تیرۆر دەکرێت: فیدڵ کاسترۆ، کە دواتر دەبێتە سەرکردەی کوبای کۆمۆنیست. کاسترۆ کە لایەنگری سەرسەختی گایتان بوو، بڕیار وابووە لە هەمان ئەو ڕۆژەدا گایتان ببینێت.

سوزان موادی داراج بە شێوەیەکی درامی ژیاننامەی گابرێل گارسیا مارکیز و ئەو خولە پڕ لە قەیرانە دەنووسێتەوە، بەردەوام سیمای نووسەرەکەمان لەناو ئەو کەشوهەوا و ململانێی توندەدا بۆ وێنا دەکێشێت، هەوڵ دەدات بەر لەوەی وێنەی نووسەرێکمان پێشان بدات، وێنەی کەسێکمان بخاتە بەرچاو کە قەدەری ژیانی کەوتووتە ناو گەرمەی ڕووگەلێکەوە کە بەردەوام لە قەوماندا بوون، ئەو کەسەش کە هەمان مارکیزە، نەک دوورەپەرێز و بێلایەن وەستاوە، بەڵکو بە دڵ و گیانەوە لە ڕووداوەکاندا ژیاوە، بە خاتری هیچ نا، لەبەر ئەوەی دواتر بیانگێڕێتەوە و ببێتە جێمتمانەترین شایەتحاڵی ئەو ڕووداوانە.

هێڵی درامی و گێڕانەوەی ژیانی مارکیز لەم کتێبەدا شێوەچیرۆکە، نووسەری کتێبەکە بە جۆرێک کۆلاژی بەش و ڕستە و بۆچوونەکانی مارکیزی کردووە و لە مەتنی کتێبەکەیدا گونجاندوویەتی، کە خوێنەر هەست بە لەحیمکاری و ناهارمۆنی ئەو گواستنەوانە ناکات، بەڵکو هەستێکی وای لا چێ دەبێت کە نووسەر وەک هەڵکۆڵین و جۆرێک لە هونەری پێکەوەبەستن دەیکات، کە تێکڕا دەمانخاتە نێو پانتایی ژیانی مرۆڤێکی داهێنەر، وا دەکات لە ڕێی تەڵبژێرکردنی ئەو ڕووداوە گرنگانەی کە مارکیز تێیاندا ژیاوە و بینیونی، بزانین کە ئێمە لە بەرانبەر کەسێکداین کە بە ‌قووڵی درکی دەروبەرەکەی کردووە و هاوکات وەک ئەزموونیش بۆ کایەی نووسین، سوودی لێ بینیوە. گەشتەکە تا لووتکەی ناوبانگ و سەرکەوتن مل دەنێت، گارسیا مارکیز لە ساڵی ١٩٨٢دا دەبێتە براوەی خەڵاتی نۆبڵ، بەوەش نەک لە نووسەرێکەوە کە تەنیا لە ئەمریکای لاتیندا بناسرێ، بەڵکو دەبێتە نووسەرێکی جیهانی و لە تەواوی دنیادا هەڵپەی وەرگێڕانی بەرهەمەکانی دەردرێ، تا دەگات بەمڕۆش.

ئەوەی کە شیاوی ئاماژەبۆکردنە ئەوەیە، کە ئەم کتێبە لە کاتێکدا نووسراوە کە هێشتا مارکیز لە ژیاندا بووە و لە برەوداندا بووە بە داهێنانەکانی، دوایین کارێک کە لە سەروەختی ئەم کتێبەدا مارکیز نووسیویەتی، یادەوەرییەکانی بووە؛ زیندووم بۆ ئەوەی بگێڕمەوە. کە خۆشبەختانە ئەم کتێبەش بە زمانی کوردی بەردەستە. گابرێل گارسیا مارکیز لە ١٧ی نیسانی ٢٠١٤دا بۆ هەمیشە چاو لێک دەنێت و دەڕوات، بەڵام ئەو کتێبانەی لە ڕۆمان و چیرۆک و یادداشتەکانی کە لەپاش خۆی بە میرات بەجێی هێشتوون، بۆ هەمیشە دەخوێنرێنەوە؛ خوێندنەوە و هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی هەر کتێبێک، زیندووێتیی و لێرەبوونی نووسەرەکەی ڕادەگەیەنێت.

ناردن: