هاشم ساڵح حەزدەکات 2025 چی کتێبێک بخوێنێتەوە؟
هاشم ساڵح
له عه‌ره‌بییه‌وه: باوكی ڕه‌هه‌ند
چه‌ندین كتێب هه‌یه، له سه‌ره‌تای ئه‌م ساڵه تازه و موباره‌كه‌دا، خه‌ون به خوێندنه‌وه‌یان ده‌بینم. به‌ڵام لێره‌دا و له نێو ئه‌و كتێبانه‌دا كه خه‌ون به خوێندنه‌وه‌یان ده‌بینم، ته‌نها ئاماژه به دوو كتێبی بیرمه‌ندی گه‌وره‌ی جه‌زائیر “لاهوری عده‌ی” ده‌كه‌م. یه‌كه‌میان كتێبی “ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی ڕادیكاڵ و ئیسلامی سیاسی”، دووه‌میان كتێبی “قه‌یرانی گوتاری ئاینی ئیسلامی هاوچه‌رخ- پێویستی گواستنه‌وه له فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌فلاتونه‌وه بۆ فه‌لسه‌فه‌ی كانت”، له‌وانه‌یه ئه‌مه گرنگترین و به‌ناوبانگترین كتێبی ئه‌و بیرمه‌نده‌بن.
دكتۆر لاهوری له ساڵی 1992وه‌وه، له ڕێگه‌ی گه‌ڵاڵه‌كردنی ئه‌و تێزه سه‌رنجڕاكێشه‌ی ده‌رباره‌ی هه‌ڵكشانی شه‌پۆلی ئیسلامی سیاسی خستییه ڕوو، ناوبانگی ده‌ركردووه و ئه‌مه ناونیشانی تێزه‌كه‌یه‌تی: “پاشه‌كشه‌ی به پیت یان شكستی به پیت و به سوود/ التراجع الخصب او الانتكاسة الخصبة و المفیدة”، ئه‌م زاراوه‌یه به ڕاستی و به شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو بڵاوبووه‌ته‌وه. به‌ڵام مانای چییه و ناوه‌رۆكه‌كه‌ی باس له چی ده‌كات؟
ئاشكرایه زاراوه‌ی پاشه‌كشه یان شكست، شتێكی نه‌رێنییه و ئه‌رێنی نییه، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی نووسه‌ر له ساته‌وه‌ختی یه‌كه‌مدا خستوویه‌تییه‌ڕوو. به‌ڵام زاراوه‌كه له‌سه‌ر ده‌ستی نووسه‌ر، ئه‌گه‌ر به ڕاستی و ته‌واوه‌تی لێی تێگه‌یه‌شتین، ئه‌وا ده‌گۆڕێت بۆ شتێكی ئه‌رێنی. ئه‌ڵبه‌ته پێویسته ئه‌وه بزانین، نووسه‌ر له گه‌رمه‌ی هه‌ڵكشانی شه‌پۆلی فێنده‌مێنیتاڵیزمی جه‌زائیری و “به‌ره‌ی ڕزگاریخواز/ جبهة الانقاذ”، ئه‌م زاراوه‌یه‌ی گه‌ڵاڵه‌كرد و بڵاویكرده‌وه و شتێكی ئاوای به هه‌موان وت: بۆ ئه‌وه‌ی له فێنده‌مێنیتاڵیسته ڕابردوخوازه‌كان ڕزگارتان ببێت، لێیانگه‌ڕێن حوكمی وڵات بكه‌ن. ئه‌مه تاقه ڕێگایه بۆ ڕزگاربوون له مۆته‌كه‌كه‌یان. چونكه به‌م شێوه‌یه، گه‌لی جه‌زائیر، دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م له حوكمڕانییه‌كه‌یان، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت پرۆژه‌كه‌یان چه‌ند نه‌زۆكه و چه‌ند دواكه‌وتووه له كاروانی شارستانییه‌ت و سه‌رده‌م. بۆی ئاشكرا ده‌بێت به‌ڵێنه دیماگۆگییه ڕادیكاڵه‌كانیان، قابیلی جێبه‌جێكردن نییه، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت پرۆژه‌كه‌یان كێشه‌ی میلله‌ت چاره‌سه‌رناكات، بگره تابێت كێشه و قه‌یرانه‌كان قووڵتر ده‌كاته‌وه. دوای ئه‌وه ئیدی میلله‌ت، پشتیان تێده‌كات و ڕه‌تیانده‌كاته‌وه و ئامێز بۆ ڕیفۆرمخوازه مۆدێرنیسته لیبراڵه‌كان ده‌كاته‌وه.
ئه‌م تێزه، ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ی هێگڵ-مان بیرده‌خاته‌وه كه ده‌ڵێت: “فێڵی عه‌قڵ له مێژوو/ مكر العقل فی التاریخ” یان “ڕۆڵی ئه‌رێنی فاكته‌رێكی نه‌رێنی له مێژوودا”. واته تۆ نا‌توانیت بگه‌یت به قۆناغێكی ئه‌رێنی، ئه‌گه‌ر به قۆناغێكی نه‌رێنیدا تێپه‌ڕنه‌بیت و تاڵاوه‌كه‌ی نه‌چێژیت و به ئاگره‌كه‌ی داخ نه‌كرابیت. ئه‌گه‌ر به خراپه‌كاریدا تێنه‌په‌ڕیت، ناگه‌یت به چاكه‌كاری. ناگه‌یه‌ت به ڕووناكی، ئه‌گه‌ر به قۆناغی زوڵمه‌ت و تاریكی چڕدا تێنه‌په‌ڕیت. بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌یته كه‌ناری ئارام و ڕزگاربوون، پێویسته باجه‌كه‌ی بده‌یت. موته‌نه‌بی شاعیر، پێش هیگڵ و له ڕێگه‌ی ئه‌م دێڕه شیعره‌وه، گه‌شتووه‌ته ئه‌و بیرۆكه‌یه: “بۆ گه‌یشتن به هه‌نگوین ده‌بێت پێشوه‌خت ئازاری چزوی هه‌نگ بچێژیت/ وَلا بدَّ دونَ الشَّهْد من إِبرِ النحلِ”.
تێزی ئه‌و بیرمه‌نده جه‌زائیرییه، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌مان پێده‌ڵێت: ئوسوڵییه‌تی توندڕه‌وو، وه‌همێكی گه‌وره‌ی به‌هێز و پیرۆز پێكده‌هێنێت؛ كه مێشكی ملیۆنان عه‌ره‌ب و موسڵمان كۆنترۆڵ ده‌كات. ئه‌وان له‌و بڕوایه‌دان، ئه‌گه‌ر بگه‌نه ده‌سه‌ڵات، ئه‌وا به یه‌ك لێدانی عه‌سایه‌كی سیحری، هه‌مو كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر ده‌كات. ناكرێت له‌م وه‌همه گه‌وره و به‌هێز و پیرۆزه كه هه‌مو سه‌ده‌كانی بڕیوه و كۆنترۆڵی مێشكی ملیۆنان خه‌ڵكی كردووه، ڕزگارببیت ته‌نها دوای ئه‌زمونكردنی و له‌بێژنگدانی نه‌بێت، ئیدی له‌و كاته‌دا وه‌ك بڵقی سابون ده‌ته‌قێت و نامێنێت. به‌ڵام كێشه‌كه ئه‌وه‌یه، ئه‌و بڵقه تا حاڵی حازر، له ئێران‌دا نه‌ته‌قیوه و نه‌بووه به هه‌ڵم. دوای تێپه‌ڕبوونی زیاد له چل ساڵ، هێشتا فێنده‌مێنیتاڵیزمی دواكه‌وتووی ئاینی، له ئێران حوكم ده‌كات و له‌سه‌ر سنگی ئه‌و وڵاته دانیشتووه. ئاخۆ تاكه‌ی ئه‌وه به‌رده‌وام ده‌بێت؟ تاكه‌ی فێنده‌مێنیتاڵیزمی دواكه‌وتووی ئاینی، حوكمی وڵاتێكی گه‌وره و گه‌لێكی ڕۆشنبیر و داهێنه‌ری وه‌ك گه‌لی ئێران ده‌كات؟ هه‌ندێك له ڕۆشنبیران، له‌و بڕوایه‌دان ئه‌م سیستمه كۆنه‌پارێزه‌ی ویلایه‌تی فقیهی و ئاخونده‌كان، به شێوه‌یه‌كی كرده‌یی/ عه‌مه‌لی كۆتایی پێهاتووه، یان له كۆتایی نزیكبووه‌ته‌وه و گه‌نجان و لاوانی ئێران تا ئه‌و په‌ڕی لێی بێزاربوون.
لێره‌وه ئه‌م ڕژێمه، یا ئه‌وه‌تا له ناوه‌وه ده‌ته‌قێته‌وه و محه‌ممه‌د جه‌واد زه‌ریف و باقی لیبراڵیسته ڕیفۆرمخوازه‌كان كه كراوه‌ن به‌ڕووی گه‌شه‌پێدان و شارستانییه‌تی مۆدرێن سه‌رده‌كه‌ون، یا ئه‌وه‌تا كوڕه‌كه‌ی شا له تاراوگه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه و جارێكی دیكه عه‌رشی باوكی وه‌رده‌گرێته‌وه، بژارده‌كه له ده‌ست خۆتانه.
سه‌باره‌ت به ئێران، حه‌ز ده‌كه‌م بیره‌وه‌رییه‌كانی فه‌ره‌ح په‌هله‌وی، بۆ جاری دووه‌م یان له‌وانه‌یه بۆ جاری سێیه‌میش بخوێنمه‌وه. ئه‌وه كتێبێكی قه‌به‌یه و ژماره‌ی لاپه‌ڕه‌كانی زیاد له چوار سه‌د لاپه‌ڕه‌ی قه‌باره گه‌وره‌یه، به‌رگی كتێبه‌كه به وێنه‌یه‌كی قه‌شه‌نگی شابانو ڕازێنراوه‌ته‌وه. شابانو ته‌نها هه‌ر قه‌شه‌نگ نه‌بوو، به‌ڵكو هه‌م زیره‌ك بوو، هه‌م بیركردنه‌وه‌یه‌كی قووڵیشی هه‌بوو. ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت ئاگاداری بارودۆخی میلله‌تی ئێران بێت، پێش به‌رپابوونی شۆڕشی ئێرانی و دوای به‌رپابوونی شۆڕش، ڕێنوێنی ده‌كه‌م ئه‌و كتێبه بخوێنێته‌وه. ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت كه‌سایه‌تی خومه‌ینی بناسێت، كاتێك هێشتا كه‌سێكی نه‌ناسرابوو، با ئه‌و لاپه‌ڕه نایابانه بخوێنێته‌وه كه فه‌ره‌ح دیبا بۆی ته‌رخانكردووه. خومه‌ینی له‌و كاته‌دا، ته‌نها مه‌لایه‌كی ده‌مارگیری تاریكبین بووه، به شێوه‌یه‌كی زۆر ڕادیكاڵانه دژی بیرۆكه‌ی پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردن و چاكسازی كشتوكاڵ بووه كه شا له شۆڕشه سپیه‌كه‌یدا دایڕشت، ئه‌و شۆڕشه‌ی ته‌نانه‌ت یه‌ك دڵۆپه خوێنی تیانه‌ڕژا. خومه‌ینی له‌و ڕۆژگاره‌دا، له‌گه‌ڵ فیوداڵ و ده‌ره‌به‌گه گه‌وره و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كاندا، دژی جوتیاره خاكی و هه‌ژاره‌كان بوو. شا ده‌یتوانی خومه‌ینی له سێداره‌ی بدات، وه‌لێ ئه‌و كاره‌ی نه‌كرد و ڕێگه‌یدا به‌و په‌ڕی ئازادییه‌وه، وڵات به‌جێبهێڵێت و بڕوات بۆ تاراوگه.
دوای ئه‌وه، ئه‌م شێخه‌ی (خومه‌ینی) سه‌ده تاریكه‌كانی ناوه‌ڕاست، له‌سه‌ر ده‌ستی شوێنكه‌وتوانی و گروپه‌كانی ئیسلامی سیاسی یان گروپه‌كانی به ئیسلامیكراو، بوو به ئه‌فسانه. ئه‌مه مانای ئه‌وه نییه من به ته‌واوی به‌رگری له شا ده‌كه‌م، وه‌ك ئه‌وه‌ی فه‌ره‌ح دیبا كردوویه‌تی. نا نه‌خێر، شا كه‌موكورتی و خراپه‌ی گه‌وره و لوتبه‌رزی و خۆبه‌زلزانی زۆری هه‌بوو كه ئه‌وه‌ی به‌سه‌رهێنا. به‌ڵام پێویسته ددان به‌وه‌دابنێن كۆمه‌ڵێك كاری ئه‌رێنی هه‌بوو، نه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌مو كاره‌كانی نه‌رێنی بووه. وه‌لێ شه‌پۆله ئوسوڵییه‌كه، خۆی و ناو و ناوبانگی به ته‌واوه‌تی وێران‌كرد، هه‌نوكه كاتی ئه‌وه‌یه ڕژێمی ئێرانیش وێران بكرێت، ئه‌مه دوای ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی چل و پێنج ساڵی به‌رده‌وامه، حوكمی ئێران ده‌كات.
ده‌ی مه‌سه‌له‌كه هه‌رچۆنێك بێت، ئه‌وه كرده‌وه و هه‌ڵه گه‌وره‌كانییه‌تی كه وێرانی كردووه یان وێرانی ده‌كات. ڕژێمی ئێران ململانێ و ناكۆكی تائیفی و مه‌زهه‌بی له ناوچه‌كه‌دا بڵاوكردووه‌ته‌وه و ئێمه‌ی 1400 ساڵ گه‌ڕاندووه‌ته‌وه بۆ دواوه. ئایا ده‌بێت یه‌ك ملیۆن ساڵی دیكه چاوه‌ڕێ بكه‌ین، تاكو فیتنه گه‌وره‌كه تێپه‌ڕێنین كه هه‌لاهه‌لای كردووین؟ هه‌ڵه‌ی بیركردنه‌وه‌ی ئوسوڵی كۆنه‌په‌رستانه ئالێره‌دایه كه خۆی له عه‌قڵیه‌تێكی ڕابردووخوازی به‌سه‌رچوودا زیندانی كردووه. كه‌ی لای ئێمه، ئاشتبوونه‌وه‌ی مێژوویی له نێوان سه‌رجه‌م مه‌زهه‌ب و تائیفه‌كان ڕووده‌دات، وه‌ك ئه‌و ئاشتبوونه‌وه مێژووییه‌ی له نێوان كاسۆلیك و پرۆتستانته‌كان له ئه‌وروپا ڕوویدا و له دۆزه‌خی دابه‌شبوونه تائیفی و مه‌زهه‌بییه‌كان ڕزگاریكردن؟ كه‌ی ڕۆشنگه‌ریی عه‌ره‌بی ئیسلامی، سه‌رده‌كه‌وێت به‌سه‌ر تاریكبینی عه‌ره‌بی ئیسلامی‌دا؟ له چاوه‌ڕوانی به‌دیهاتنی ئه‌وه‌دا، پێویسته له‌سه‌ر سه‌رجه‌م كه‌مینه‌كان، له‌ده‌وری زۆرینه كۆببنه‌وه، چونكه ئه‌وه زۆرینه‌یه كه كۆڵه‌كه و بڕبڕه‌ی پشتی وڵاته، چونكه سه‌ركه‌وتنی ده‌بێت به سه‌ركه‌وتنی هه‌موان و شكستی (خوانه‌خواسته) به‌ڵا و ئافاتی زۆرتر به‌سه‌ر هه‌مواندا ده‌هێنێت.
لێره‌دا من ئه‌مه‌ی بۆ زیاد ده‌كه‌م، تاقه چاره‌سه‌ری تووندڕه‌وی، ئیسلامی میانڕه‌وی عه‌قڵانییه كه له زۆرینه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی، ئه‌گه‌ر له هه‌موشیا نه‌بێت، به‌ربڵاوه. دروست وه‌ك ئه‌وه‌ی له قورئانی پیرۆزدا هاتووه: ” ئێمه ئێوه‌مان كرده نه‌ته‌وه‌یه‌كی میانڕه‌و/ و كذلك جعلناكم أمة وسطا”، هه‌ر ئه‌مه‌یه “به‌ڵگه‌نامه‌ی برایه‌تی مرۆیی/ وثیقة الاخوة الانسانیة” ساڵی 2019 له ئه‌بو زه‌بی بڕیاری له‌سه‌ردا. هه‌روه‌ها هه‌ر ئه‌مه‌یه “به‌ڵگه‌نامه‌ی مه‌ككه‌ی پیرۆز” كه له لایه‌ن “رابیته‌ی جیهانی ئیسلامی”یه‌وه، له هه‌مان ساڵدا ده‌رچووه و بڕیاری له‌سه‌رداوه. هه‌ر ئه‌مه‌یه من به شێوه‌یه‌كی شه‌خسی، له قۆناغی ناوه‌ندی و له شاری جه‌بله‌ی كه‌نار ده‌ریا له سوریا، له‌سه‌ر ده‌ستی مامۆستای په‌روه‌رده‌ی ئاین شێخ “محه‌ممه‌د ئه‌دیب قه‌سام” فێری بووم، ئه‌و مامۆستایه ده‌رچووی ئه‌زهه‌ر بوو، ئه‌زهه‌رییه‌كی قسه‌خۆش بوو، وایكرد بێ ویستی خۆت، وانه‌ی ئاینت خۆش‌بووێت.
تا ئێستاش بیرمه چۆن ئه‌م فه‌رموده‌یه‌ی خواره‌وه‌ی بۆ شیده‌كردینه‌وه: “ژنێك به‌هۆی حه‌پسكردنی پشیله‌یه‌كه‌وه، چووه‌ته دۆزه‌خ، چونكه نه خواردنی ده‌دا به پشیله‌كه، نه لێده‌گه‌ڕا خۆی له خێر و بێری زه‌وی شتێك بدۆزێته‌وه و بیخوات، تا ئه‌و كاته‌ی تۆپی”، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا له‌به‌رچاومدا بێت، كاتێك ئه‌و فه‌رمووده پیرۆزه‌ی پێغه‌مبه‌ری بۆ ڕوون ده‌كردینه‌وه. لێبورده‌یی و ئه‌خلاقی به‌رزی ئیسلام لێره‌دایه. ئه‌گه‌ر ئیسلام به‌زه‌یی به پشیله‌یه‌كدا یان به ئاژه‌ڵێكدا بێته‌وه، ئه‌ی سه‌باره‌ت به مرۆڤ چی؟ جه‌وهه‌ری ئیسلام ئا لێره‌دایه كه وه‌ك ڕه‌حمه‌تێك بۆ جیهان هاتووه‌ته خواره‌وه، نه‌ك وه‌ك نه‌فره‌ت و ترس و تۆقاندنیان.
سه‌رچاوه
به‌شی كولتووری ڕۆژنامه‌ی شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت 1ی كانوونی دووه‌می 2025.