چاوپێکەوتن لەگەڵ پـشـکـۆ نـەجـمـەدیـن سەبارەت بە ئەحلام موستەغانمی
سازکردنی: ئیدریس عەلی
من بووم بە تۆ، یەکێکی ترە لە کتێبە چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، نووسەری ناوداری عەرەب (ئەحلام موستەغانمی) نووسیویەتی و لە لایەن نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد (پشکۆ نەجمەدین) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕدراوەتە زەر زمانی کوردی و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستە.
خوێنەر لە ساتی خوێندوەی ئەم کتێبەدا وا هەست دەکات قەسیدەیەکی درێژ دەخوێنتەوە، قەسیدەیەک پڕ لە هونەر و فەنتازیا و خەیاڵ، تەکنیکی بەرز و خۆشهاتوو بە زماندا، قەسیدەیەک پڕ وشە و دەربڕینی ئیستاتیکیانە و فیکریانە، پڕ لە کارەکتەری جۆراوجۆر، لە قوربانی و ستەمکار، پڕ لە چیرۆک و ڕووداوگەل، هاوکات گەلێ نهێنیش سەبارەت بە ژیانی کەسێتی خودی خۆی وەک ژن، لە منداڵییەوە تا گەورەبوون و قۆناغەکانی خوێندن و سەرەتای ئاشنابوون بە کتێب و ئەوین و دەستبردن بۆ پشکۆی نووسین و گەیشتن بە ناوبانگ ئاشکرا دەکات
لەم کورتە دیدارەدا، پشکۆ نەجمەدین دنیای ڕۆمانەکە و چۆنێتی وەرگێڕانەکەیمان بۆ دەگێڕێتەوە
سەردەم: لەنێو کتێبەکانی ئەم خانمە نووسەرەدا، بۆچی بە دیاریکراوی ئەم کتێبەت (من بووم بە تۆ) بۆ وەرگێڕان هەڵبژارد؟
پشکۆ نەجمەدین: هەموو بەرهەمەکانی ئەحلام موستەغانمی، چ ڕۆمان و چ شیعرەکانی، شایستەی وەرگێڕانن. ئەو نووسەرێکی دیار و دەرکەتووی نێو پانتاییی نووسین و ڕۆشنبیریی عەرەبییە. وەرگێڕانیش تەنیا پردێکە بۆ یەکانگیربوونی ڕۆشنبیریی میللەتە جیاوازەکان و هەوڵدان بۆ خولقاندنی ڕۆشنبیرییەکی جیهانی.
ئەم کتێبە (من بووم بە تۆ) نوێترین ڕۆمانی ئەم خانمەیە و من لە خوێندنەوەیدا، سەراسیمە و دڵبەندی تێما، زمان، ستاییل و میتۆدی نووسین و گێڕانەوەکانی بووم و واوەتریش، ئەو حیکایەتگەلێک دەگێڕێتەوە، کە ڕووداوە واقیعییەکانی ژیانی خۆی و بنەماڵە و میللەتەکەی، لە پەلکەزێرێنەی خەیاڵێکی درەوشاوە دەپێچێت و فەنتازیا و واقیعت بۆ ئامێتە دەکات.
دیارە کە من سەرجەمی بەرهەمەکانی ئەم خانمەم خویندوونەتەوە و پێشتریش کۆمەڵێک شیعری ئەوم بە نێوی (تامەزرۆتن ڕووح و جەستە) کورداندووە.
من کە لە خوێندنەوەیدا، عاشقی ئەم بیۆگرافی ڕۆمانە بووم، پێم وا بوو وەرگێڕانی بۆ زمانی کوردی، کارێکە وێڕای هەموو سەختییەکانی، بۆ کتێبخانەی کوردی گرنگە.
سەردەم: بە گشتی چیرۆک و ڕووداوەکانی نێو کتێبەکە چین و چ گرنگییەکیان بۆ خوێنەری کورد هەیە؟
پشکۆ نەجمەدین: ئەحلام ئەم کتێبەی پاش مردنی باوکی نووسیوە و ڕایەڵەی بنچینەیی گێڕانەوەکانیشی هەر بۆ باوکیەتی. ئەویش مینا ئیسابێل ئەلەندی، چۆن باشترین ڕۆمانەکانی (ماڵی تارماییەکان) وەک ڕۆماننامەیەک بۆ باپیری نووسیوە و لەوێرا هەموو مێژووی ئەمریکای لاتین دەگێڕێتەوە، ئەحلامیش هەر وەهای کردووە. واتە نووسەر لە ڕێڕەوی گێڕانەوەی ڕووداوەکانی مێژووی باوکی و بنەماڵەکەیەوە، سەرپاکی مێژووی جەزاییر، فرەنسا و داگیرکردن، شۆڕشی ڕزگاری و موقاوەمەتی چەکداری، سەرکەوتنی خەبات و سەربەخۆیی، دەوڵەتی نوێ و خۆشحاڵییەکان و کارەسات و مەینەتییەکانی، بە زمانێکی شیعریی باڵا و میتۆدێکی تایبەت و ناوازە دەگێڕێتەوە… ئەحلام لەم گێڕانەوەیەدا، ورد و فەلسەفییانە، لە چەمکەکانی شۆڕش، بزووتنەوەی چەکداری، کۆمەڵ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، ئەدەب و کولتوور، هونەر و زمان قسان دەکات و مێژوو و ڕووداوەکانی شەنوکەو دەکات.
نووسەر، پاژێکی فراوانی بۆ ئەوین و عیشق تەرخان کردووە و لێزانانە لەمەڕ کارکردی ئیدۆلۆگیا و سیاسەت لەسەر چەپاندن و پاشتریش کوشتنی ئەوین و سەرلەنوێ زیندووبوونەوەی، لێکۆڵینەو دەکات و عیشقە چەپێنراوەکەی باوکیشی، تەنیا هەنجەتێکە تا لەوێوە، باس لە ئاڵنگارییەکانی عیشق لە بازنە داخراوەکانی کۆمەڵێکی بە زەبر و خوێنڕژتن ئاخنراودا بکات.
لە خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانەدا، خوێنەر دەرک بە خەسڵەتە هاوبەشەکانی بزووتنەوەی چەکداری لە دنیادا و لەکن ئێمەیش دەکات و بەو حەقیقەتە دەگات، کە شۆڕشی چەکداری ئەگەر سەرکەوتنیشی بۆ نووسرابێت و میلیۆنێک شەهیدیشی پێ بەخشرابێت، دیسانیش سەرکەوتن شتێکی دیکەمان پێ دەڵێت و ئەنجامێکی دیکەمان لە دەرەوەی بەڵێن و هەرێکانی شۆرش دەداتێ.
دوور لە مژار و پەیامەکانی شۆڕش و سیاسەت لەم ڕۆمانەدا، کە جەخت لە پرۆسەی چاوچنۆکیی شۆڕش و خواردنی ڕۆڵەکانی خۆی دەکاتەوە،
شارەزابوونی خوێنەری کورد بە ئەدەبێک کە من پێم وایە لە ترۆپکدایە و خوێندنەوەی ڕۆمانێک کە لە سەروەختی (سێڵاوی ڕۆماننووسینی کوردیدا!) قووڵ و پڕمانایە، گرنگە تا ئێمە لە ڕەگەز و خەسڵەتە بنچینەییەکانی ڕۆمانی باڵا بگەین.
سەردەم: کتێبەکە بە زمانێکی شیعریی پوخت نووسراوە. تۆ چۆن توانیت ئەو شیعرییەتە لە عەرەبییەوە بگوازیتەوە بۆ کوردی؟
پشکۆ نەجمەدین: هیوادارم من لە بەها و جوانییەکانی ئەو تێکستە شیعرییەم کەم نەکردبێتەوە و ڕیتم و موزیک و وێنە دڵڕفێنەکانیم تا ئەو جێیەی توانست و شارەزاییم لە وەگێڕانی شیعردا دەرفەتیان پێ دابم، پاراستبن.
بەرهەمەکانی ئەحلام، چ شیعر و چ ڕۆمانەکانی، شیعریان لێ دەچۆڕێت. ئەم ژنە خۆی هەر لە شیعردا دەژی و ئاشقی جوانییەکانی زمانی عەرەبییە و لە نووسیندا، ناوازە و باڵادەستە.
ئەگەر کەسێک دیققەتی بەرگی پشتەوەی نوسخە عەرەبییەکەی ئەم کتێبە بدات، ئەوا کۆپیی بۆچوونێکی بەدەستنووسرای سەرۆک ئەحمەد بین بیللا دەبینێت، کە لە پەسن و پیاهەڵدانی بەرهەمەکانی ئەحلامدا نووسیویەتی و دەبێژێت:(ئەحلام موستەغانمی، خۆرێکی جەزاییرییە و ئەدەبی عەرەبیی تیشکبار کردووە. ئەو بە بەرهەمەکانی، ئەدەبی جەزاییریی بە پێگەیەک گەیاندووە کە شایستەی مێژووی خەباتی ئێمەیە. ئێمە شانازی بە قەڵەم و پابەندبوونی ناسیۆنالیستیی ئەوەوە دەکەین، وەک چۆن شانازی بە عەرەببوونی خۆمانەوە دەکەین!)
ژنەنووسەرێک کە توانێبێتی سەرنجی یەکەم سەرۆککۆماری جەزاییر بەند بکات و ئاوەها وەسفی بکات، نیشانەی ناوازەیی و باڵاییی زمانەکەیەتی. من لە کورداندنی ڕۆمانێکی بە شیعرنووسراودا، ڕەنجی فەرهادم کێشاوە و تا ئەوپەڕی ماندووبوون لە ناسین و کورداندنی ئەو تێکستەدا، زەجرم کێشاوە. دیارە زۆر جارانیش ڕووبەڕووی تێکستێک یاخود وێنەیەکی شیعری، جا هیی خۆی بووبێت یانژی هیی شاعیرانی دیکەی عەرەب کە بە پێی پێویستیی گێڕانەوەکانی بەکاری هێناون، ناچار هانام بۆ کەسانێکی لە خۆم شارەزاتر و بەسەلیقەتر، بردووە و هاوکاریم لێ وەر گرتوون.
من لە ساخکردنەوە و تێگەیشتنی هەندەک وێنە و پەرەگرافی تێکستەکەدا، بەتایبەت کە نووسەر زۆر پەند و قسەی پێشینانی جەزاییەرییەکان و فرەنسییەکانی بەکار هێناوە، ناچار بووم پێوەندیی بە نووسەر و ڕۆماننووسانی جەزاییرەوە بکەم و بە هاناییشمەوە هاتوون.
دەمەوێت بڵێم، وەرگێڕان بە گشتی و وەرگێڕانی بەرهەمی ئەحلام بە تایبەتی، کاری سەرپێی نییە و بە ئاسانی خۆی بەدەستەوە نادات. واوەتریش، من پێم وایەی کردەی وەرگێڕانی شیعر کارێکی دژوارە و هەر خودی پرۆسەی وەرگێڕانیش لە نووسین سەختترە.
تۆ عاشقی تێکستێک نەبیت، هەر دوو زمانەکە شارەزا نەبێت و لەوەیش زیاتر هونەری وەرگێڕان نەزانیت، مەحاڵە تێکستێکی وەرگێڕدراوی خوێنەرخواز بخولقێنێت. ئەگەر خودی تێکستی نووسراو تەنیا یەک خولقێنەری هەبێت، کە نووسەرە، ئەوا تێکستی وەرگێڕدراو، خولقێنراوێکی نوێیە و خودانی دوو خولقێنەرە… هەم نووسەر و هەم وەرگێڕ!
سەردەم: پێگەی ئەم کتێبە و نووسەرەکەی لەنێو دنیای ڕۆشنبیریی عەرەبیدا، لە چ ئاستێکدایە؟
پشکۆ نەجمەدین: ئەم کتێبە و سەرجەمی بەرهەمەکانی ئەحڵام و خودی نووسەریش، پێگەیەکی باڵا و دیاریان لەنێو پانتاییی ڕۆشنبیریی عەرەبیدا هەیە و فرۆشی کتێبەکانی دوو میلیۆن نوسخەیان تێپەڕاندووە و بۆ زۆرینەی زمانە ئۆرۆپییەکان وەرگیڕدراون.
ئەحلام لەسەر تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان نێزیکی دوانزە میلیۆن خوێنەر و شوێنکەوتەی هەیە.
ئەحلام، لە ساڵی 2016دا، نازناوی باڵێویزی یۆنیسکۆی بۆ ئاشتی، پێ بەخشراوە.
بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی یۆنسکۆ، ئیرینا بۆکۆڤا، لەمەڕ ئەحلام گوتوویەتی:
(ئەحلام ژنێکی مەزن و نووسەرێکی گەورەیە. ئەو ڕێبەرێکی دەرکەوتووی بواری خەبات و تێکۆشانە و سەر بەو نووسەرانەیە، کە لە ڕێڕەوی مێژوودا، مەسەلە گەورەکانیان لە ئەستۆی خۆیان ناوە!)
پاژێک لە کتێبەکەوە (لەم کتێبەدا فرمێسکێکی درەنگوەختم بۆ هەڵگرتویت…فرمێسکەکە درەنگ وەختە، بەڵام فرمێسکێکی تێکەڵ بە ئەڤین و هەستی لە دەستدان و بیرکردنی قوڵی مرۆڤێکە، کە بە چاوێکی جیاواز، بۆ بینیبی ڕابردوی خۆی دەگەڕێتەوە و بە زمانێکی تر، دەربارەی ڕابردوی خۆیی و ئەوانی تریش دەدوێت.)