سلێمان به‌شیر ده‌یان: وێنه‌ی ئیسلام له سه‌رده‌می زێڕیندا نایاب بوو
هاشم ساڵح
و له عه‌ره‌بییه‌وه: هه‌ورامان وریا قانع
ڕه‌نگه سلێمان به‌شیر ده‌یان، له‌م سه‌رده‌مه‌دا گرنگترین ڕۆشنبیری وڵاتی سینگال بێت. هه‌ر چۆنێك بێت ئه‌و له ئێستادا یه‌كێكه له فه‌یله‌سوفه ناوازه و ده‌گمه‌نه‌كانی ئیسلام و ساڵی 1955 له‌دایكبووه. هه‌نووكه له زانكۆی كۆلۆمبیا له نیۆیۆرك، مامۆستای زمانی فه‌ره‌نسی و فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلامییه، پێشتر بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵی به‌رده‌وام، ڕاوێژكاری تایبه‌تی سه‌رۆكی سینگال عه‌بدو زیوف بووه.
لێره‌وه ئه‌و له یه‌ككاتدا، كه‌سایه‌تییه‌كی نیشتیمانی و جیهانییه. ناوبانگی له‌و كاته‌وه ده‌ركردووه كه كتێبه گه‌وره‌كه‌ی له‌سه‌ر شاعیر و فه‌یله‌سوفی پاكستانی ناودار “محه‌ممه‌د ئیقبال” به ناونیشانی: “ئیسلام و كۆمه‌ڵگای كراوه: پێشینان و نوێگه‌ری له فیكری محه‌ممه‌د ئیقبال دا” بڵاوكرده‌وه. هه‌روه‌ها ناوبانگی به‌و كتێبه‌ی دیكه ده‌ركرد كه دواتر به ناونیشانی: “چۆن ده‌توانین له خاكی ئیسلامدا فه‌لسه‌فه‌مان هه‌بێت”، سلێمان به‌م كتێبه‌ی، وه‌ڵامی خۆرئاوا ده‌داته‌وه كه ئیسلام به فێنده‌مێنیتاڵیزم و تووندڕه‌و تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، ئه‌و ده‌ڵێت خۆرئاوا له‌مه‌دا هه‌ڵه‌یه و لایه‌نگره/متحیز و سته‌مكاره. ئه‌ڵبه‌ته دڵسۆزی بۆ ئیسلام و ده‌ستگرتن به ئیسلامه‌وه، هه‌رگیز به مانای تووندڕه‌وی نایه‌ت، به‌و مه‌رجه‌ی به شێوه‌یه‌كی ڕۆشنگه‌ری ڕاست و دروست له ئیسلام تێبگه‌ین. ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه خۆرئاوا، بێئاگایه له‌وه‌ی دوو تێگه‌شتن بۆ ئیسلام هه‌یه، نه‌ك یه‌ك تێگه‌شتن: یه‌كه‌میان تێگه‌شتنێكی میانڕه‌وی عه‌قڵانی لێبورده‌یه، دووه‌میان تێگه‌شتنێكی فێنده‌مێنیتاڵیزمی تووندڕه‌وه.
ئه‌م جیاكارییه، بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كییه بۆ جیاكردنه‌وه‌ی نێوان ڕۆشنبیرانی تووندڕه‌وی ده‌مارگیر له لایه‌ك، له‌گه‌ڵ ڕۆشنبیرانی مۆدرێنی ڕۆشنگه‌ر له لایه‌كی دیكه. حه‌سه‌ن به‌نا ئیمام عه‌بده نییه، سه‌ید قوتب نه عه‌قاده و نه ته‌ها حسێن، قه‌رزاوی محه‌مه‌د ئه‌ركۆن نییه. له ئێستادا ئه‌م دوو تێگه‌شتنه یان ئه‌م دوو لێكدانه‌وه گه‌وره‌یه بۆ ئیسلام، له ململانێدان و له ته‌واوی جیهانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی كێبڕكێی یه‌ك ده‌كه‌ن. بگره به درێژایی مێژوو ململانێی یه‌كیان كردووه. غه‌زالی نه ئیبن سینایه و نه ئیبن ڕوشد، ئیبن تیمه‌یه نه ئیبن عه‌ره‌بی و نه فارابی و نه مه‌عه‌رییه… هتد.
با نموونه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه بێنینه‌وه، لێكدانه‌وه‌ی سوره‌تی ئه‌لفاتیحه، به تایبه‌ت ئه‌م به‌شه‌ی سوره‌ته‌كه: “اهدنا الصراط المستقيم. صراط الذين أنعمت عليهم غير المغضوب عليهم ولا الضالين». ئیسلامییه تووندڕه‌وه‌كان، به كۆن و تازه‌یانه‌وه، وا تێگه‌یشتوون كه “غه‌زه‌بلێگیراوان/ المغضوب علیهم” جووله‌كه‌كانن و گومڕاكان/ الضالین نه‌ساری و مه‌سیحییه‌كانن. به‌ڵام ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه بۆ به‌ناوبانگترین سوره‌تی قورئانی پیرۆز، به ته‌واوه‌تی هه‌ڵه‌یه. غه‌زه‌بلێگیراوان و گومڕاكان، ئه‌وانه‌ن له ڕێگای ڕاست لایانداوه، واته له ته‌قوا و خواپه‌رستی و بیركردنه‌وه‌ی و هه‌ڵسوكه‌وت و ڕه‌فتاری دروست لایانداوه. ده‌كرێت ئه‌وانه موسڵمانیش بن، چونكه موسڵمانی باش و موسڵمانی خراپیش هه‌یه، وه‌ك چۆن جووله‌كه‌ی خراپ و جووله‌كه‌ی باش و مه‌سیحی خراپ و مه‌سیحی باش هه‌یه.
لێره‌وه لێكدانه‌وه‌ی داخراوی تائیفی بۆ ئیسلام، له ئه‌ساسه‌وه هه‌ڵه‌یه، ئه‌وه ئه‌و جۆره لێكدانه‌وه‌یه‌یه كه وا ده‌كات پرۆژه‌ی ئیخوان موسلمین و خومه‌ینییه‌كان، شكست بهێنێت، ئه‌گه‌رچی تا ئێستاش له شه‌قام جه‌ماوه‌رێكی زۆریان له‌گه‌ڵه. ئاخر ئه‌و جۆره لێكدانه‌وه‌یه، پێچه‌وانه و دژ به جووڵه‌ی فه‌لسه‌فه و مێژووه. پێچه‌وانه‌ی ڕۆح و جه‌وهه‌ری ڕۆژگاری مۆدرێنه‌یه. بگره پێچه‌وانه و دژ به جه‌وهه‌ری خودی ئیسلامه، ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌كی ڕاست و دروست له هه‌قیقه‌تی ئیسلام تێبگه‌ین. وه‌لێ كێشه‌كه ئه‌وه‌یه، ئه‌و جۆره لێكدانه‌وه‌یه، تا ئه‌م ساته‌وه‌خته، كۆنترۆڵی شه‌قامی كردووه و ڕه‌وتێكی به‌رفراوانی پێكهێناوه. سه‌یركه له هه‌مو شوێنێكه‌وه هاتوهاواری تووندڕه‌وه‌كان ببیسته. سه‌یری تۆمار و لێدوانه ئاگرین و هه‌ڵچونه‌كانیان بكه، كه به وێنه‌وه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاویده‌كه‌نه‌وه و تێیدا هه‌ڕه‌شه له حكومه‌ته‌كانیان و وڵاته‌كانیان ده‌كه‌ن.
ئێمه پێویسته ئه‌وه بزانین، كه‌له‌پوره‌كه‌مان له مه‌زنترین كه‌له‌پوره ئاینییه‌كانی مرۆڤایه‌تییه. به‌هاكانی ماف و دادپه‌روه‌ریی و ڕاستگۆیی و ڕێگای ڕاستمان فێرده‌كات و خێر و چاكه‌ی سه‌رجه‌م مرۆڤه‌كانی ده‌وێت، نه‌ك ته‌نها خێر و چاكه‌ی ئێمه‌ی موسڵمانان. كه‌واته كه‌ی له‌و كه‌له‌پوره مه‌زنه تێده‌گه‌ین و به شێوه‌یه‌كی ڕاست و دروست له سوره‌تی ئه‌لفاتیحه تێده‌گه‌ین؟ كه‌ی له لێكدانه‌وه‌كانی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست دێینه ده‌ره‌وه و ده‌ڕۆینه ناو لێكدانه‌وه‌ی سه‌رده‌مه‌كانی تازه‌گه‌ری و مۆدرێنه؟
ئا به‌م جۆره، له جیاوازی نێوان تێگه‌شتنی داخراوی تائیفی بۆ دین و تێگه‌شتنی ڕۆشنگه‌رانه‌ی نا تائیفی بۆ هه‌مان دین، تێده‌گه‌ین. به‌م مانایه، له‌وه تێده‌گه‌ین موسڵمانی ڕاسته‌قینه، ئه‌و كه‌سه‌یه دڵسۆزی جه‌وهه‌ری ئیسلام و لێبورده‌ییه‌كه‌یه‌تی: واته دڵسۆزه بۆ ڕه‌فتار و مامه‌ڵه‌ی باش و ئه‌خلاقی باش و كرانه‌وه به‌سه‌ر ئه‌وانی دیكه‌دا و سوكایه‌تی نه‌كردن پێیان یان ته‌كفیرنه‌كردنیان یان پێشێلنه‌كردنی كه‌رامه‌تی مرۆڤانه‌یان. هه‌ر ئه‌مه‌شه شێخی گه‌وره محێدین ئیبن عه‌ره‌بی، ئامۆژگاریمان ده‌كات و پێمان ده‌ڵێت: “له ئیسلامدا هیچ شتێك به‌ده‌ستناهێنیت، تا ڕێز له هه‌مو بوونه‌وه‌ره‌كان نه‌گریت و سوكایه‌تی به هیچ بوونه‌وه‌رێك نه‌كه‌یت، مادام خه‌لقه‌نده‌ی په‌روه‌ردگارن”. هه‌ر ئه‌مه‌شه فه‌یله‌سوفه موسڵمانه‌كه‌ی سینگال، پرۆفیسۆر سلێمان به‌شیر ده‌یان، به شێوه‌یه‌كی دیكه ده‌یڵێت كه شانازییه‌كی گه‌وره به ئیسلامبوونی خۆیه‌وه ده‌كات.
ئه‌م بیریاره پێیوایه وێنه‌ی ئیسلام، له ڕۆژگاری سه‌رده‌می زێڕین، وێنه‌یه‌كی نایاب بووه. وه‌لێ زۆری ئه‌و كاره تیرۆریستیانه‌ی له‌م ساڵانه‌ی ڕابردوودا، به‌ناوی ئه‌وه‌وه ئه‌نجامدراون، وێنه‌ی ئیسلامیان له‌سه‌رتاپای جیهان ناشرین كردووه و شێواندویانه. له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه، كه‌س بوێری ئه‌وه ناكات ئیسلام و فه‌لسه‌فه، یان ئیسلام و عه‌قڵانییه‌ت، یا ئیسلام و لێبورده‌یی، یاخود ئیسلام و مافه‌كانی مرۆڤ، پێكه‌وه ببه‌ستێته‌وه. توونده‌ڕه‌وه‌كان ئیسلامیان كردووه به دێوه‌زمه‌یه‌كی ترسناك كه سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی ده‌ترسێنێت. ئه‌مه له كاتێكدایه ئیسلام، وه‌ك ره‌حمه‌تێك بۆ جیهان هاتووه. له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه، پرۆژه‌ی ئیخوانی فه‌نده‌مێنیتاڵیزم- خومه‌ینی شكستیهێناوه، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆرئاوا یاخود كۆی جیهان دژی ئه‌و پرۆژه‌یه‌یه. به‌ڵكو شكستیهێناوه چونكه دژ به جووڵه‌ی مێژووه، نوقته سه‌ری دێڕ.
دواتر ئه‌و بیریاره سینگالیه، له‌سه‌ر قسه‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت: “هه‌میشه تێگه‌شتنی ئوسوڵی بۆ ئاین، كێشه‌ی له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه هه‌بووه. ئه‌م حاڵه‌ته ته‌نها په‌یوه‌ست نییه به جیهانی ئیسلامه‌وه، به‌ڵكو په‌یوه‌سته به جیهانی مه‌سیحی و جیهانی یه‌هودی-شه‌وه. هه‌مویان كێشه‌یان له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه هه‌بووه، هه‌مویان پێیانوابووه فه‌لسه‌فه خزمه‌تكارێكی سه‌ركزی زانستی تیۆلۆژیای ئاینه. وه‌لێ جیاوازییه‌كه له‌وه‌دایه یه‌هود و مه‌سیحییه‌كانی ئه‌وروپا، دوای سه‌رده‌مه گه‌وره‌كه‌ی ڕۆشنگه‌ریی، گه‌شه‌یان كرد و دیدگا و تێڕوانینی خۆیان گۆڕی. ئه‌مه له كاتێكدایه موسڵمانان، له‌ناو تێگه‌یشتنه به‌سه‌رچووه‌كانی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا، به داخراویی ماونه‌ته‌وه. كێشه ڕاسته‌قینه‌كه ئالێره‌دایه، موسڵمانان تا ئێستاش، به قۆناغی گه‌وره‌ی له بێژنگدانی ڕۆشنگه‌ریی بۆ كه‌له‌پوره مه‌زنه‌كه‌یاندا تێنه‌په‌ڕیوون. به‌ڵام گه‌یشتوونه‌ته به‌رده‌م ده‌روازه‌كانی!
هه‌رچۆنێك بێت، بۆ ئه‌م سێ ئاینه ئیبراهیمییه- كه له ئه‌بو زه‌بی مۆنۆمێنتێكی گه‌وره‌یان بۆ دروستكراوه- له‌به‌ر هۆكارێكی زۆر ساده، ئاسان نه‌بوو پێشوازی له فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانی بكه‌ن، ئه‌و هۆكاره ساده‌یه‌ش بریتییه له‌وه‌ی پێیانوابوو فه‌لسه‌فه‌ی یۆنان، فه‌لسه‌فه‌یه‌كی بتپه‌رستی كافره. جگه له‌وه، فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانی وا خۆی ده‌خسته‌ڕوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی حیكمه‌تی مرۆڤ بێت، نه‌ك ئه‌وه‌ی وه‌حییه‌كی خودایانه بێت و له ئاسمانه‌وه هاتبێته خواره‌وه. له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه، زانایانی ئیسلام و مه‌سیحی و جووله‌كه ده‌یانپرسی: ئایا فیكرێكی مرۆڤ هه‌یه، شایه‌نی ستایش و ڕێزلێنان بێت؟ ئه‌و فیكره چ نرخ و به‌هایه‌كی هه‌یه، به به‌راورد به‌و وه‌حیه ئیلاهی و ئاسمانییه‌ی كه ئێمه هه‌مانه و هه‌موو شتێكی پێبه‌خشیووین؟ به‌های قسه‌كانی ئه‌فلاتون و ئه‌رستۆ و ئه‌بیقۆر، به به‌راورد به قسه‌كانی ته‌ورات و ئینجیل و قورئان چییه؟
وه‌ڵامه‌كه‌ی لای ئیبن ڕوشدی موسڵمان و تۆما ئه‌كوینی مه‌سیحی و مو‌سا بن مه‌یمونی یه‌هودی عه‌ره‌بی ده‌دۆزینه‌وه. وتم “عه‌ره‌ب” چونكه ئه‌و شاكاره فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی “دلالة الحائرین”ی به زمانی عه‌ره‌بی نووسیوه و كۆی ئه‌وانه‌ی له زمانی عه‌ره‌بیدا داهێنانیان كردووه، ئه‌وا له ڕووی كه‌لتوور و شارستانییه‌ته‌وه عه‌ره‌بن. هه‌مو ئه‌وانه، ده‌قه فه‌لسه‌فییه‌كانیان به جدیی وه‌رگرت و به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان، وه‌حی ئیلاهی-یان له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانی ئاشتكرده‌وه. سه‌رجه‌میان نێوان فه‌لسه‌فه و ئاین یان نێوان عه‌قڵ و نه‌قڵ-یان ئاشتكرده‌وه. هه‌ر ئه‌مه‌یه مانای ناونیشانی كتێبه به‌ناوبانگه‌كه‌ی ئیبن ڕوشد: “فصل المقال فيما بين الشريعة والحكمة من الاتصال”.
به‌ڵام لێره‌دا ناڕه‌زایه‌تییه‌كی ڕه‌وا دێته‌پێشه‌وه و خۆی ده‌خاته‌ڕوو: ئه‌گه‌ر كرانه‌وه به‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌دا، له ئێستادا لای یه‌هودی یان مه‌سیحییه‌كانی ئه‌وروپا، هیچ كێشه‌یه‌كی نه‌بێت، ئه‌ی بۆچی تا ئێستاش لای ئیسلام و موسڵمانان، كێشه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه و به‌ربه‌ستێكی گه‌وره‌یه؟ وه‌ڵامه‌كه به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌یه: له‌به‌ر هۆكارێكی زۆر ساده، ئه‌ویش بریتییه له‌وه‌ی ڕۆشنگه‌ریی له ئه‌وروپا سه‌ركه‌وت، كه‌چی تا ئێستاش له جیهانی عه‌ره‌بی یان ئیسلامی‌دا سه‌رنه‌كه‌وتووه. كێشه ڕاسته‌قینه‌كه و به‌ڵا گه‌وره‌كه لێره‌دایه.
ئێمه ئه‌مه ده‌ڵێین و ده‌زانین فه‌لسه‌فه، هیچ مه‌ترسییه‌كی بۆ سه‌ر ئاین نییه. وه‌ك كانت ده‌ڵێت فه‌لسه‌فه ئاین ته‌واو ده‌كات و ئاینیش فه‌لسه‌فه ته‌واو ده‌كات. له كوێدا سنوری عه‌قڵ كۆتاییهات، له‌وێدا سنوری ئیمان ده‌ستپێده‌كات. فه‌لسه‌فه یارمه‌تیمان ده‌دات له جه‌وهه‌ری ئاین تێبگه‌ین. فه‌لسه‌فه ته‌نها مه‌ترسی، له‌سه‌ر تێگه‌شتنی تاریكبینی ته‌كفیكری بۆ ئاین هه‌یه. هه‌رچی تێگه‌شتنی ڕۆشنگه‌ریی لێبورده‌ییه، ئه‌وا هیچ مه‌ترسییه‌كی له‌سه‌ر نییه و گه‌وره فه‌یله‌سوفانی ڕۆشنگه‌ریی ئه‌وروپا كه‌سانی ئیمانداربوون.
دواتر ئه‌م فه‌یله‌سوفه موسڵمانه سینگالییه، شتێكی ئاوامان پێده‌ڵێت: له مێژووی ئێمه‌دا، ته‌كفیركردنی فه‌لسه‌فه زۆر كۆنه و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئیمام غه‌زالی. غه‌زالی كه‌سایه‌تییه‌كی گه‌وره‌ی ئاینی بوو، بگره به ڕاستی حوجه‌تول ئیسلام بوو، چونكه زانایه‌كی گه‌وره بوو له دیندا قاڵببوه‌وه، بگره شاره‌زاییه‌كی زۆر باشیشی له فه‌لسه‌فه‌دا هه‌بوو. كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، فه‌یله‌سوفانی به بیدعه و زه‌ندیق و گومڕا و ده‌رچوون له ئاینی ئیسلام تۆمه‌تبار كردووه. به‌ڵام له هه‌مان كاتدا، له لێكۆڵینه‌وه و تویژینه‌وه‌دا، ڕێچكه و ڕێبازی ئه‌وانی به‌كارده‌هێنا كه ڕێچكه و ڕێبازێكی فه‌لسه‌فی بوو.
بۆ نمونه لاسایی ئیبن ڕوشدی ده‌كرده‌وه، سودێكی زۆری له خۆی و بیركردنه‌وه‌كانی وه‌رده‌گرت، كه‌چی دوای هه‌مو ئه‌وانه، ته‌كفیری ده‌كرد! له‌م باره‌یه‌وه، سه‌یری كتێبه به‌هاداره‌كه‌ی توێژه‌ری دیاری جه‌زائیر د عومه‌ر مه‌رزوق بكه‌ن: “ئیبن سینا یان ئیسلامی ڕۆشنگه‌ر”، به‌م دوایانه بۆ دووه‌م جار ئه‌و كتێبه‌م خوێنده‌وه، بێ ئه‌وه‌ی لێی تێر ببم. ئا لێره‌دا لایه‌نێكی سه‌یر و دژبه‌یه‌ك، له كه‌سایه‌تییه‌كی مه‌زن و ئاڵۆزی وه‌ك كه‌سایه‌تی ئیمام غه‌زالی ده‌رده‌كه‌وێت. كێشه‌ی ئیمام غه‌زالی ئه‌وه بوو زیاد له پێویست له ته‌سه‌وف و غه‌یبانییه‌تدا قووڵ ببوه‌وه و هه‌قیقه‌ته به‌رجه‌سته و هه‌ستپێكراوه‌كان و شته مادییه‌كان و یاساكانی سروشتی بیرچوبوه‌وه، بگره یاسای هۆكارگه‌رایی/ السببیة په‌كخستبوو كه به بێ ئه‌و یاسایه، نه عه‌قڵ هه‌یه و نه عه‌قڵانییه‌ت. دروست ئا له‌و چركه‌ساته‌وه، جیهانی ئیسلامی، ڕۆچووه نێو سه‌رده‌می درێژخایه‌نی داڕمانه‌وه كه ئێمه ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت، لێی نه‌هاتووینه‌ته ده‌ره‌وه.
دواجار ئاوا كۆتایی پێده‌هێنین: ئه‌گه‌ر گه‌وره فوقه‌هاكانی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست، بگره ته‌نانه‌ت ئین خه‌لدون-یش، پێشتر ئیدانه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانیان كردبێت، ئه‌ی ئاخۆ چی به فه‌لسه‌فه‌ی مۆدرێنی ئه‌وروپی ده‌ڵێن كه به چه‌ندین ساڵی ڕووناكی، فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانی تێپه‌ڕاندووه؟ ئه‌وان ئه‌گه‌ر ئیدانه‌ی ئه‌فلاتون و ئه‌رستۆیان كردبێت، ئه‌ی ئاخۆ چی به دیكارت و سپینۆزا و لایبنتز و ڤۆڵتێر و رۆسۆ و دیدرۆ و كانت و هیگڵ و ماركس و نیتچه و فرۆید و هایدگه‌ر و بێرگسۆن و پۆل ڕیكۆر و هاپرماس و … هتد ده‌ڵێن؟ ئه‌مه كه‌لێنێكی مێژوویی یان خه‌ره‌ندێكی قووڵه، ئه‌سته‌مه له مه‌ودای بینراودا پڕبكرێته‌وه.
سه‌رچاوه
به‌شی كولتووری رۆژنامه‌ی شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت 29ی كانونی دووه‌می 2025.