مارتن لۆسه‌ر و دیكارت و ڕۆسۆ
هاشم ساڵح
له عه‌ره‌بییه‌وه باوكی ڕوهه‌ند
با لێره‌دا قسه له‌سه‌ر سێ كه‌سایه‌تی گه‌وره بكه‌ین، سێ كه‌سایه‌تی ڕه‌وتی مێژووی مرۆڤایه‌تیان گۆڕی.
یه‌كه‌م ڕیفۆرمخوازی به‌ناوبانگی ئه‌ڵمانیا مارتن لۆسه‌ر كه عه‌رشی پاپاویه‌تی هه‌ژاند و ئاینی مه‌سیحی له هه‌مو ئه‌و خڵته‌یه پاككرده‌وه كه پێییه‌وه نووسابوو و ناوبانگی ئاینه‌كه‌ی له‌كه‌دار كردبوو.
دووه‌م ڕێنییه دیكارت به‌ناوبانگترین فه‌یله‌سوف له مێژووی فه‌ره‌نسا.
سێیه‌م ژان ژاك ڕۆسۆ كه به ئه‌سڵ خه‌ڵكی سویسرایه و بیرۆكه‌كانی شۆڕشی فه‌ره‌نسی به‌رپاكرد و كتێبه‌كانی بوونه ئینجیلێكی ڕێنیشانده‌ر بۆ شۆڕشه‌كه.
ئێستا با كه‌مه‌كێك بڕۆینه نێو ورده‌كارییه‌كانه‌وه، بزانين مارتن لۆسه‌ر به‌دیاریكراوی چی كرد؟ به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بده‌ینه‌وه، پێویسته وه‌ڵامی پرسیارێكی دیكه بده‌ینه‌وه: مارتن لۆسه‌ر كه‌ی و چۆن چۆنی بوو به‌و مارتن لۆسه‌ره‌ی كه ده‌یناسین؟ واته كه‌ی بۆ جاری دووه‌م له‌دایكبووه‌وه و بوو به‌و ڕیفۆرمخوازه دینیه به‌ناوبانگه‌ی؛ تا ڕاده‌یه‌كی زۆر ئاینێكی دیكه‌ی دامه‌زراند: پرۆتستانت؟ ئه‌م پیاوه له سه‌ره‌تای گه‌نجیدا، له قه‌یرانێكی ده‌روونی هێجگار قووڵدا ده‌ژیا، بگره له قه‌یرانێكی ده‌روونی وێرانكه‌ردا ده‌ژیا. ئه‌م قه‌یرانه ده‌روونییه، بۆ چه‌ندین ساڵی یه‌ك له دوای یه‌ك به‌رده‌وام بوو، تا وایلێهات بووه هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر بوونی و گه‌یاندییه لێواری شێتبوون. به‌ڵام له دوا ساته‌كاندا و پێش ئه‌وه‌ی كار له كار بترازێت و شتێكی نه‌خوازراو ڕووبدات، كرانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره ڕوویدا.
ئه‌ڵبه‌ته دوای تاریكی ڕووناكی دێت، دروست ئا له‌و چركه ساته‌دا، لۆسه‌ر ئه‌م وته كاریگه‌ره ده‌ڵێت: “پاشان یه‌زدان به‌زه‌یی پێمداهاته‌وه”. له‌و كاته‌دا، مارتن لۆسه‌ر خۆی له ژورێكی بچووكی تاوه‌ری كڵێساكه‌دا ماتكردبوو، له‌ناكاو سروش/ ئیلهام وه‌ك بروسكه‌یه‌ك بۆی دێته‌خواره‌وه و له‌و قه‌یرانه ده‌روونییه ڕزگاری ده‌كات كه هه‌م ته‌شه‌نه‌ی كردبوو هه‌م خه‌ریك بوو ژیانی له‌ناوده‌برد. سه‌روه‌ختێك ئه‌و ئیلهامه بروسك ئاسایه ڕووده‌دات و یه‌زدان به‌زه‌یی پێدا دێته‌وه، ئه‌م وته به‌ناوبانگه ده‌ڵێت: “به‌و خودایه، له‌و چركه‌ساته‌دا هه‌ستم كرد ده‌رگاكانی به‌هه‌شت له‌به‌رده‌ممدا كراونه‌ته‌وه”.
ئاه ئه‌وه چ چركه‌ساتێكی جوان بووه، مه‌زنترین چركه‌ساتی مێژوو: چركه‌ساتی چركه‌ساته‌كان. ئا له‌و ساته‌وه‌خته‌وه، مارتن لۆسه‌ر بوو به پاڵه‌وانی ئه‌ڵمانیا و ڕیفۆرمخوازێكی ئاینی له سه‌رتاپای ئه‌وروپا.
ئا ئه‌مه‌یه واتای ئیلهامی بروسك ئاسا به مانای ته‌واوی وشه‌كه، ئه‌وه له وشه‌یه‌كدا یان ڕاستتر له دوو وشه‌دا كورتده‌بێته‌وه: له‌ئامێزگرتنی ڕۆح/ انعتاق الروح. به‌و مانایه‌ی ڕۆحێكی نیگه‌ران، ڕۆحێكی شپرزه، ڕۆحێكی به ئازار، ڕۆحێكی تێكشكاو، ڕۆحێكی وێران، له‌ناكاو له هه‌مو كۆت و به‌نده‌كانی ڕزگاری ده‌بێت. ئه‌مه‌یه ئیلهام به مانا فه‌لسه‌فی یان ده‌روونشیكارییه‌كه‌ی وشه‌كه. ئه‌مه ئه‌زموونێكی ڕۆحی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر گه‌وره‌یه و به‌درێژایی ته‌واوی مێژوو، ته‌نها نوخبه‌ی نوخبه‌كان یان باشترینی باشترینه‌كان ده‌یناسن. ئه‌وه‌ی له‌و چركه‌ساته‌دا ژیابێت، هه‌رگیز له‌بیری ناكات. ئه‌م پیاوه پێش ئه‌وه‌ی ئیلهامه بروسك ئاساكه‌ی بۆ بێته خواره‌وه، له ڕووی ده‌روونییه‌وه تێكشكابوو. كه‌چی ئه‌و ئیلهامه له‌ناكاو ده‌گۆڕێت بۆ هێزێكی زه‌به‌لاح كه نه باسده‌كرێت و نه ڕه‌تده‌كرێته‌وه. ساته‌وه‌ختی به‌ر له هاتنی وه‌حی شتێكه و دوای هاتنیشی شتێكی دیكه‌یه. لۆته‌ر به‌ر له هاتنی وه‌حییه‌كه، كه‌سێكی نه‌ناسراوی قه‌له‌نده‌ر بوو، دوای هاتنی بوو به مه‌زنترین كه‌سایه‌تی له مێژووی ئه‌ڵمانیا.
سه‌باره‌ت به دیكارت؛ كه دوای مارتن لۆسه‌ر و له‌سه‌ده‌ی حه‌ڤده ده‌ركه‌وت، ئه‌ویش به نێو ئه‌زموونی ئیلهامی بروسك ئاسادا تێپه‌ڕیوه. مه‌به‌ستم ئه‌زموونی وه‌حییه به مانا فه‌لسه‌فی و ده‌روونشیكارییه‌كه‌ی وشه‌كه. هه‌ر ئه‌وه بوو وایكرد دیكارت، كوده‌تا به‌سه‌ر ئه‌رستۆدا بكات كه له‌لایه‌ن كڵێساوه ڕامكرابوو. هه‌روه‌ها سه‌ره‌تایه‌كی بۆ فه‌لسه‌فه‌ی مۆدرێن ده‌ستپێكرد و بووه سه‌ركرده‌یه‌كی ڕۆشنبیر بۆ سه‌رتاپای ئه‌وروپا، نه‌ك به ته‌نها فه‌ره‌نسا. كتێبه به‌ناوبانگه‌كه‌ی “وتارێك ده‌رباره‌ی میتۆد” بووه ڕێپیشانده‌رێك بۆ كۆی گه‌لانی ئه‌وروپی كه له‌و ڕۆژگاره‌دا سه‌رگه‌ردان و سه‌رلێشێواو بوون. كه‌چی دوای ئه‌وه دێن و پێت ده‌ڵێن: سودی ڕۆشنبیران چییه؟ ئه‌وان چرا و مه‌شخه‌ڵی گه‌لانن، ئه‌گه‌ر له ئاستی دیكارت بن كه جارێكیان هیگڵ ئاوا وه‌سفی كردووه: دیكارت پاڵه‌وانی ئازای فیكره.
ئاخۆ چیرۆكی دیكارت له‌گه‌ڵ ئیلهامی بروسك ئاسا چۆن بووه و دیكارت چۆن و به چ شێوه‌یه‌ك به‌و ئه‌زمونه یه‌كلایكه‌ره‌وه‌یه‌دا تێپه‌ڕیوه؟ هه‌واڵه‌كان شتێكی ئاوا ده‌ڵێن: دیكارت له چله‌ی زستاندا و له شه‌وی 10 تشرینی دووه‌می ساڵی 1619، له ژوره بچوكه گه‌رمه‌كه‌یدا، به مات و مه‌لوولی به‌دیار چاره‌نووسی نادیاری خۆیه‌وه دانیشتبوو. له‌و شه‌وه‌دا سێ خه‌ونی ترسناك ده‌بینێت و زۆر به تووندی داده‌چڵه‌كێت، هێنده‌ی نه‌مابوو عه‌قڵی له‌ده‌ستبدات و گه‌یشته سه‌ر لێواری شێتی. خه‌ونه‌كان وای لێده‌كه‌ن به به‌خه‌به‌ر بێته‌وه و له ترساندا هه‌مو گیانی ده‌له‌رزی و وه‌ك پوشی ده‌م بای لێهاتبوو. وه‌لێ وه‌ك ده‌وترێت مه‌سه‌له‌كان له كۆتایدا ده‌رده‌كه‌ون.
زریانه‌كه هێوربوه‌وه و به ئاگابوونه‌وه‌یه‌كی نایابی هێنایه ئاراوه. ئه‌م به‌ئاگابوونه‌وه‌یه، بۆ فه‌یله‌سوفه‌كه‌ی فه‌ره‌نسا، چه‌شنی خۆری دره‌وشاوه، بریتی بوو له ده‌ركه‌وتنی ڕاستییه‌كان. ئه‌و ڕووبه‌ڕوو ڕاستییه‌كانی بینی، چاوی به كلی ئاوێنه‌ی ڕاستییه‌كان داڕشت. دروست ئا له‌و كات و ساته‌دا، سوجده‌ی برد و زانی گه‌یشتووه به مه‌رام و ئامانجه‌كه‌ی. له‌وێدا ده‌ركی به‌وه كرد، هاتووه بۆ ئه‌وه‌ی هیدایه‌تی دانیشتوانی ئه‌وروپا بدات و بیانخاته سه‌ر ڕێگا ڕاسته‌كه. ئیدی له‌و چركه‌ساته‌دا، دیكارتی وێڵ و قه‌له‌نده‌ری سه‌ر ڕێگاوبانه‌كان، بوو به‌و فه‌یله‌سوفه مه‌زنه‌ی كه ده‌یناسین. دیكارت ئاوا وه‌سفی ئه‌و ماوه‌یه ده‌كات: “من وه‌ك ئه‌و كه‌سه بووم، به تاقی ته‌نها، به نێو ده‌ریایه‌ك له تاریكی و زوڵمه‌تدا هه‌نگاوی ده‌نا و نه‌یده‌زانی به‌ره‌و كوێ دێت و ده‌ڕوات. وه‌ك ئه‌و كه‌سه بووم، به‌سه‌ر په‌تێكی زۆر باریكدا ده‌ڕوات و له هه‌ر چركه‌یه‌كدابێت، له‌وانه‌یه بكه‌وێته ناو هه‌ڵدێره‌كه‌وه”.
به‌ڵام ویست و چاودێری خودایی؛ كه له سه‌ره‌وه جیهان به‌ڕێوه‌ده‌بات و سه‌رپه‌رشتی ده‌كات، ڕزگاری كرد. ئایا ده‌زانن دیكارت، له‌و كات و ساته‌دا چی كرد؟ بڕیاریدا حه‌ج بكات، بڕوات بۆ سه‌ر مه‌زاری قه‌دیس دو لۆریت كه په‌یكه‌رێكی به‌رجه‌سته‌ی مریه‌می پاكیزه‌یه له ئیتالیا.
به‌ڵێ، به‌ڵێ، دیكارت فه‌یله‌سوفه عه‌قڵانییه به‌ناوبانگه‌كه، بگره باوكی عه‌قڵانییه‌ت، بووه حاجییه‌كی ئاسایی و سه‌ردانی مه‌زارگه‌ی پیاوچاكان و ژنه پیرۆزه‌كانی ده‌كرد و به‌ره‌كه‌تی لێ وه‌رده‌گرتن. ئێوه له‌مه‌دا ئازادن باوه‌ڕده‌كه‌ن یان نا. ئاخر دیكارت باوه‌ڕی به‌وه نه‌ده‌كرد كه ڕزگاری بووه، پێویسته ئه‌وه‌ش بزانین ئه‌و دیارییه‌ی له‌و شه‌وه تاریكه‌دا بۆی هاته‌خواره‌وه، وه‌ك گه‌نجینه‌ی گه‌نجینه‌كان بوو. گه‌وره‌ترین دیاری بوو كه هه‌ر ڕۆشنبیرێكی سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وییه، خه‌ونی پێوه‌ده‌بینێت. ئه‌مه ئه‌و ڕاستییه سه‌ره‌كی و بنه‌ڕه‌تییه‌یه، هه‌ر سه‌د یان دوو سه‌د ساڵ جارێك، خۆی ده‌خاته به‌رده‌ست بلیمه‌ته مه‌زنه‌كان. دیكارت له‌و چركه‌ساته‌دا، بڕیار ده‌دات كوده‌تا به‌سه‌ر هه‌مو ئه‌و بیركردنه‌وه نه‌ریتخوازانه‌ی كه‌له‌پوردا بكات كه هه‌ر له منداڵییه‌وه، له خێزانه‌كه‌ی و كڵێساكه‌ی و شێخ و مه‌لاكانی وه‌ریگرتبوو. له‌و ساته‌وه‌خته‌وه بڕیار ده‌دات مه‌عریفه، له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی زانستی ڕاست و جێگیر بونیادبنێت. هه‌ر له‌و ساته‌وه‌خته‌دا، ده‌سته‌واژه مه‌ترسیداره‌كه‌ی خۆی وت، ڕه‌نگه ترسناكترین ده‌سته‌واژه بێت له مێژووی فه‌لسه‌فه‌دا: “له‌به‌ر ئه‌وه بڕیارمدا هه‌مو بیركردنه‌وه پێشوه‌خته‌كانم تێكبشكێنم كه له‌سه‌ر نه‌قڵ بونیادنرابوو نه‌ك عه‌قڵ”.
ئاخر مادام بیركردنه‌وه‌ی نه‌ریتخوازانه‌ی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست، هزر و عه‌قڵمانی كۆنترۆڵ كردووه، ئه‌وا نه ڕزگارمان ده‌بێت و نه چاره‌سه‌رێكیش له‌ئارادایه. دواتر دیكارت ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ی دیكه‌ی وت كه وه‌ك په‌ندێكی لێهاتووه: “پێویسته ببین به سه‌روه‌ر و خاوه‌نی سروشت”. هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو دواتر و له ڕێگه‌ی ده‌ستگرتنی ڕۆژئاوا به‌سه‌ر زانست و ته‌كنه‌لۆژیا، به‌دیهات و باڵاده‌ستی خۆرئاوا به‌سه‌ر هه‌مو جیهاندا ده‌ركه‌وت. هه‌مو فه‌زڵه‌كه‌ش بۆ دیكارت ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌و بوو كلیل و ڕێبازه‌كه‌ی پێبه‌خشین.
دواجار ئه‌م قسانه‌مان به وشه‌یه‌ك ده‌رباره‌ی ژان ژاك ڕۆسۆ كۆتایی پێده‌هێنین. ئه‌ویش به ساته‌وه‌ختی ئیلهامی بروسك ئاسا تێپه‌ڕیوه كه له ناكاو ڕووده‌دات و هه‌ژانێكی تووند ده‌تهه‌ژێنێت. ڕۆسۆ دوای عه‌یامێكی دوور و درێژ له مات و مه‌لوولی، هه‌مان ساته‌وه‌ختی كرانه‌وه گه‌وره‌كه ژیاوه. له‌و چركه‌ساته‌وه بووه ڕابه‌ری سه‌رده‌مه‌كانی مۆدرێنه، به‌و مانایه‌ی تیۆره فه‌لسه‌فییه‌كانی ده‌رباره‌ی ئاین و په‌روه‌رده و سیاسه‌ت و ئه‌خلاق، به‌درێژایی هه‌ردوو سه‌ده‌ی نۆزه و بیست، بوونه ئینجیلێكی ڕێپیشانده‌ر بۆ گه‌لانی ئه‌وروپا.
ئایا ئه‌و چركه‌ساته چۆن ڕوویدا و له كوێ ڕوویدا؟ ڕۆسۆ له‌و كاته‌دا، به‌سه‌ر ئه‌و ڕێگایه‌دا ده‌ڕۆشت كه پاریسی له گه‌ڕه‌كه جوان و قه‌شه‌نگه‌كه‌ی “ڤانسین” جیاده‌كرده‌وه- به‌نده ڕۆژێك له ڕۆژان، له نزیك ئه‌و گه‌ڕه‌كه ده‌ژیام، یان بڵێ له دووره‌وه و له میانه‌ی په‌نجه‌ره‌كه‌وه ده‌مبینی- له‌ناكاو ئه‌و چركه‌ساته‌ی بۆ دێت، چركه‌ساتی ژانی له‌دایكبوون، ئیدی به‌رده‌بێته‌وه و ده‌كه‌وێته سه‌ر زه‌ویه‌كه.
رۆسۆ هه‌ستی كرد وه‌ك ئه‌وه‌ی بروسكه‌یه‌ك لێیداوه، به‌رچاوی تاریك ده‌بێت و سه‌ری گیژده‌خوات و له‌ژێر دارێكدا ده‌كه‌وێت و ده‌بوورێته‌وه. سه‌روه‌ختێك له‌و بێهۆشبوونه‌یدا كه نزیكه‌ی نیو كاتژمێری خایاندووه، به‌ئاگادێته‌وه، ده‌ست له جه‌سته‌ی خۆی ده‌دات، هه‌ست ده‌كات كراسه‌كه‌ی یان سنگی به ته‌واوه‌تی ته‌ڕ بووه. له‌و كاته‌دا، بێ ئه‌وه‌ی بزانێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و هه‌مو فرمێسكه، له چاوانییه‌وه هاتووه‌ته‌ده‌ر. له‌وێدا ڕۆسۆ ده‌گاته مه‌رامی خۆی، هه‌قیقه‌ت ڕووبه‌ڕوو دێته به‌رچاوی. به‌ڵام ڕۆسۆ له نێوان ئاگایی و نائاگایی، له نێوان هه‌ست و نه‌ست، هه‌ندێك شتی دیكه‌ی بینیوه. هه‌زاران بیرۆكه و ڕووناكی و دره‌وشانه‌وه‌ی بینی كه له هه‌مو لایه‌كه‌وه ده‌ڕژان به‌سه‌ریدا. دواتر له دوای ئه‌و چركه‌ساته یه‌كلایكه‌ره‌وه‌یه‌دا، هه‌مو كتێبه‌كانی هاتنه‌به‌رهه‌م كه گرێكانی مێژوویان چاره‌سه‌ر كرد‌و جیهانیان ڕووناك كرده‌وه.
رۆسۆ ده‌رباره‌ی ئه‌وه به پیتی درشت ده‌ڵێت: “ئا له‌و چركه‌ساته‌وه، گه‌ردونێكی دیكه‌م بینی و بوومه پیاوێكی دی”، له‌و چركه‌ساته‌وه ئه‌م كه‌سه نه‌ناسراو و قه‌له‌نده‌ره، بوو به‌و ئه‌ستێره ئه‌ده‌بی و فه‌لسه‌فییه به‌ناوبانگه كه له كتێبه‌كانی مێژوودا، له‌ژێر ناوی “ژان ژاك رۆسۆ” ناوی به نه‌مری تۆماركراوه. فیكتۆر هیگۆ ده‌ڵێت: “ئه‌و شته بێ بایه‌خانه‌ی پێش له‌دایكبوونم ده‌منووسی”، مه‌به‌ستی پێش له‌دایكبوونی دووه‌میه‌تی كاتێك بوو به بلیمه‌ت.
به‌ڵام ئاخۆ دوای ئه‌م دۆزینه‌وه گه‌وره‌یه، چی به‌سه‌ر ژان ژاك ڕۆسۆدا هاتووه؟ ئایا چه‌پڵه‌یان بۆ لێدا؟ ئایا پێشوازیان لێ كرد؟ ئایا به نه‌مر ڕایانگرت؟ نه‌خێر، ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه ڕوویدا. له هه‌مو شوێنێكدا به‌دوایه‌وه بوون، ته‌نگیان پێ هه‌ڵچنیبوو، له لێواری مه‌رگ نزیكیان كردبوه‌وه و ئه‌و وته به‌ناوبانگه هاته‌دی: “پێغیه‌مبه‌ر له‌ناو گه‌لی خۆیدا ڕێزی لێ ناگریێت”، پێداگری ڕۆسۆ بۆ وتنی هه‌قیقه‌تی برینداركه‌ر دژ به ده‌وڵه‌مه‌ندان و ده‌سه‌ڵاتدارانی فێنده‌مێنیتاڵیزمی تاریكبینی فه‌ره‌نسا، هیچ شه‌فاعه‌ت و سودێكی نه‌بوو. كتێبه‌كانی ده‌رباره‌ی ئاینی مه‌سیحی، له‌لایه‌ن سه‌رجه‌م فێنده‌مێنیتاڵیزمه كاسۆلیكه‌كان و پرۆتستانته‌كانه‌وه، هه‌لاهه‌لا ده‌كران و ده‌سوتێنران. له هه‌ر كوێ بوایه، به جدیی چاویان لێ سوورده‌كرده‌وه و ئه‌گه‌ر ڕه‌حم و به‌زه‌یی خودا نه‌بوایه، ئه‌وا له‌ناویان بردبوو. ئه‌وان به‌رده‌وام به‌دوایه‌وه‌بوون و به كافریان داده‌نا و ژیانیان تا دوا سنور لێ تاڵ كردبوو، ژیانی ڕۆسۆیان كردبوو به دۆزه‌خ. ئا به‌م جۆره، ڕۆسۆ چووه نێو گێژاوی مشتومڕێكه‌وه كه نه سه‌ره‌تا و نه كۆتایی هه‌بوو، چیتر نه‌یده‌زانی زه‌بر و لێدان و گوشاره‌كان له كوێوه بۆی دێن و داموده‌زگا ئه‌منی و هه‌واڵگیرییه‌كان چۆن و به چ شێوه‌یه‌ك به‌دوایه‌وه‌بوون و چوارده‌رویان ته‌نیبوو.
سه‌رچاوه
به‌شی كوولتوری رۆژنامه‌ی شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت 2ی شوباتی 2025.