
سارا لە خێزانێكی ئیمانداری پەڕگیر هاتووەتە دونیاوە، لە زانكۆی بریستۆل درامای خوێندووە، پێش ئەوەی دەست بە نوسینی شانۆنامە بكات، بۆ ماوەیەك، وەك ئەكتەر كاری نواندنی ئەنجامداوە. یەكێكە لەو نوسەرانەی تەمەنێكی زۆر كورت ژیا، ئەو لە ساڵی 1971 لە شاری برینتۆدی بەریتانیا لەدایكبووەو لە بەرەبەیانی ساڵی 1999 خۆی دەكوژێت. واتە تەنها 28 ساڵ ژیاوە. بەڵام هەرگیز تەمەنی مرۆڤەكان بە ژمارەی ساڵەكان ناپێورێت. بەڵكو بەو داهێنان و خزمەتگوزاریانە دەپێورێت كە پێشكەش بە مرۆڤایەتی دەكات. سارا زیاتر وەك نوسەرو دەرهێنەرێكی شانۆ ناسراوە. شانۆنامەكانی باس لە گەلێك بابەت دەكات، لەوانە خۆشەویستی، ئارەزووی سێكس، ئێش و ئازارو ئەشكەنجەی جەستەیی و دەروونی و مەرگ. وەك ئاماژەمان پێدا هەرچەندە ژیانێكی كورت ژیاوەو چەند كارێكی كەمی هەیە، بەڵام كارە شانۆییەكانی زۆر بەخێرایی بڵاوبوونەوە. یەكێك لە تایبەتمەندی شانۆنامەكانی ئەوەیە پڕە لە ڕستەی شیعری كورت و چڕ، ئەمەش وایكردووە لەنێو ناوەندی شانۆی بەریتانی، وەك نووسەرێكی نامەئلوف بناسرێت. ئەم خانمە لەو تەمەنە كورتەی ژیانیدا، توانی 5 شانۆنامە و فیلمێكی كورت و هەندێ وتار بنووسێت.
ڕەخنەگران سەبارەت بەم نووسەرە بوون بە دوو بەشەوە: بەشێكیان پێیان وایە كارەكانی شایەنی خوێندنەوە نییەو ڕەتیدەكەنەوە، لێ بەشێكی دیكەیان پێیانوایە ئەم خانمە یەكێكە لە نووسەرە بلیمەتەكان. سارا لە ژیانیدا و لە ڕێگەی رۆژنامەكانەوە، رووبەڕووی چەندین هێرشی ناڕەواو دڵڕەقانە بووەتەوە. بەڵام ئەو هێرشانە هەرگیز نەیانتوانیوە قەناعەتەكانی ئەم خانمە بگۆڕن و لە نووسین پاشگەز بێتەوە. یەكێك لەو نوسەرانەی كاریگەی زۆری لەسەر سارا هەبوو، ساموێل بێكت بووە. سارا لە بەرەبەیانی ساڵی 1999 بە قەیتانی قۆنەرەكانی كۆتایی بە ژیانی خۆی دێنێت.
دەكرێ بڵێین هێڵی سەرەكی لەم پێنج شانۆنامەیەدا، بریتییە لە مەسەلەی خۆشەویستی و توندوتیژی جەستەیی و سێكسی. نوسەر لە شانۆگەری ئەڤینی فایدرا، باس لە توندوتیژی دەكات، چ لە ڕقدا یان لە خۆشەویستیدا. باس لەوە دەكات توندوتیژی لە هیچەوە نەهاتووە، بەڵكو لە واقیعەوە هاتووە، واقیعی ژیان و واقعی داب و نەریت و واقعی میدیایی كە ئەمەی دواییان وایكرد توندوتیژی ببێتە مەسەلەیەكی سروشتی كە هیچ جۆرە ناڕەزایەتییەك ناوروژێنێ.
سارا وەك خانمە نوسەرێك، هەوڵیداوە ئەوەی لە شانۆنامەكانیدا باسی دەكات، رەنگدانەوەی ئەو حاڵەتانەبێت كە لە ژیانی رۆژانەداو لە كۆمەڵگاكەیدا دەیبینین. تەنانەت هەندێ لەوانەی شانۆگەرییەكانی دەبینین، دوای هاتنەدەرەوەیان دەپرسن: ئەرێ ئایا ئەم توندوتیژییەی لەم شانۆیەدا بینیمان، راستەقینەیە و لە كۆمەڵگادا هەیە، یان تەنها زادەی خەیاڵی نەخۆشی نوسەرێكە هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی ناوبانگ دەدات.
وەك وتمان ئەم خانمە 5 شانۆنامەی نووسیوە كە بریتین لەمانەی خوارەوەو دەزگای سەردەم لە بۆكسێكی قەشەنگ و جواندا هەر پێنجیانی پێكەوە چاپكردووە:
1-تەقینەوەكان. 2-ئەڤینی فایدرا. 3-رزگاربوو. 4-تینووێتی. 5- شێتەكەی سەعات 4:48
باران، ئەم شانۆگەریانەی لە زمانی سویدییەوە كردووە بە كوردی.