
ئه‌مه یه‌كێكه له‌و كتێبانه‌ی كه له دۆسییه‌كانی گۆڤاری سه‌رده‌م-ه‌وه وه‌رگیراوه‌و له پێشه‌كییه‌ك و شه‌ش وتار پێكهاتووه. ئه‌وه‌ی كۆی وتاره‌كان پێكه‌وه كۆده‌كاته‌وه، قسه‌كردنه له‌سه‌ر چه‌مكی علمانییه‌ت و چۆنیه‌تی سه‌رهه‌ڵدانی و ئه‌و خراپ تێگه‌شتنه‌ی ده‌رباره‌ی ئه‌م چه‌مكه هاتووته ئاراوه، به‌تایبه‌ت لای كۆمه‌ڵگا رۆژهه‌ڵاتییه‌كان و به‌تایبه‌تی تر لای كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بی و كۆمه‌ڵگای كوردی. ئه‌م كتێبه له‌لایه‌كه‌وه هه‌وڵده‌دا ئه‌و ساده‌گۆیی و به هه‌ڵه تێگه‌شتنه له علمانییه‌ت روونبكاته‌وه‌و ده‌ریبخات كه عه‌لمانییه‌ت به هیچ جۆرێك و له‌ژیر هیچ په‌رده‌و پاساوێك، واتای كوفر‌و ئیلحاد ناگه‌یه‌نێت و قسه وتن نییه به ئاین و ئاینزاكان و سوكایه‌تی نییه به سروت و رێوڕسمه ئاینییه‌كان، گاڵته‌كردن نییه به هه‌ست و سۆزی مرۆڤی ئیماندار‌و باوه‌ڕدار به ئاینێك له ئاینه‌كان، هه‌روه‌ها ئامانج له عیلمانییه‌ت هه‌رگیز بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌دڕه‌وشتی و تێكدانی شیرازه‌ی خێزان و كۆمه‌ڵگا نییه كه به‌شێك له هێزه ئیسلامییه‌كان و خه‌ڵكی ساده به‌و جۆره لێی تێگه‌یشتوون. به‌ڵام له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌م كتێبه ده‌یه‌وێت ئه‌و دیده عه‌لمانییه ره‌خنه بكات كه عه‌لمانیه‌ت وه‌ك پرۆژه‌یه‌كی نه‌یار به دین و به ده‌ركردنی دین له مه‌جالی گشتی وێناده‌كات، وه‌ك تێڕوانینێك بۆ له‌كه‌داركردن و قسه وتن به هه‌مو پیرۆزییه‌كی ئاینی لێیده‌ڕوانێت. دیدێكی په‌ڕگیری عه‌لمانییه‌ت هه‌یه كه دژایه‌تییه‌كی گه‌وره‌و نا لۆژیكی ئاین ده‌كات و نایه‌وێت ئاین هیچ پێگه و رۆڵێكی هه‌بێت به رۆڵه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌شیه‌وه. بێگومان دیدێكی له‌و جۆره بۆ عه‌لمانیه‌ت، هه‌رگیز له خزمه‌ت پێكه‌وه‌ژیان و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تیدا نییه‌و دیدێكه زۆر خراپ له چه‌مك و رۆڵی عه‌لمانییه‌ت تێگه‌شتووه.
به مانایه‌كی دی شه‌ش وتاره‌كه‌ی نێو ئه‌م كتێبه، ره‌خنه له هه‌ردوو دیده‌كه یان راستتر له هه‌ردوو به‌ره‌كه ده‌گرێت: به‌ره‌ی ئیسلامییه‌كان و به‌ره‌ی عه‌لمانییه‌كان و دیدێكی جیاوازتر له دیدی ئه‌و دوو به‌ره‌یه ده‌خاته روو. له وتاری یه‌كه‌مدا كه به‌ڕێز نه‌وزاد ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د به كوردییه‌كی چوخت و جوان وه‌ریگێڕاوه‌و ئه‌م ناونیشانه‌ی وه‌رگرتووه: عه‌لمانییه‌ت چییه؟ سه‌ره‌تا ئه‌و هه‌ڵه باوه راستده‌كاته‌وه كه له نوسینی ئه‌م چه‌مكه‌دا به‌رامبه‌ر به علمانییه‌ت كراوه‌و به عیلمانییه‌ت نووسراوه، به‌و پێیه‌ی ئه‌م وشه‌یه له عیلمه‌وه وه‌رگیراوه. به‌ڵام ئه‌مه هه‌ڵه‌یه و وشه‌ی علمانییه‌ت له وشه‌ی عاله‌مه‌وه ورگیراوه. نوسه‌ر له درێژه‌ی بابه‌ته‌كه‌یدا باس له جیاوازی ئه‌و دوو وشه‌یه: عیلمانیه‌ت و عه‌لمانییه‌ت ده‌كات و واتای هه‌ریه‌كه‌یان به شێوه‌یه‌كی دروست راڤه‌ده‌كات. هه‌ر له‌م وتاره‌دا نوسه‌ر ره‌خنه له‌و رۆشنبیره ئیسلامیانه ده‌گرێت كه پێیان وایه عیلمانیه‌ت نامۆیه به ئێمه و به هیچ جۆرێك له ژیانی ئێمه‌دا شوێنی نابێته‌وه. نوسه‌ر به درێژی له‌سه‌ر ئه‌م دیده ناراسته بۆ علمانیه‌ت راده‌وه‌ستێت و نالۆژیكییه‌كه‌ی ده‌رده‌خات. له راستیدا ئه‌م وتاره یه‌كێكه له‌و وتارانه‌ی به ته‌واوی جیاوازه له‌و تێگه‌شتنه باوه‌ی كه له رۆشنبیری ئێمه‌دا بۆ علمانییه‌ت هه‌یه و گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه بۆ راستكردنه‌وه‌ی ئه‌م چه‌مكه.
وتاری دووه‌م كه به‌ڕێز رێبین هه‌ردی به كوردییه‌كی جوان له فارسییه‌وه كردویه‌تی به كوردی، باس له‌و دیدگایه ده‌كات كه پێیوابوو به پێشكه‌وتنی جیهان و گه‌شه‌كردنی زانست و ته‌كنه‌لۆژیا، رۆلی دین ورده ورده به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه‌و كاڵبوونه‌وه ده‌ڕوات و له دواجاردا له‌ناوده‌چێت. به‌ڵام وه‌ك له وتاره‌كه‌دا ئاماژه‌ی پێكراوه، ئه‌و دیده بۆ دین راست ده‌رنه‌چووه‌و له‌مڕۆدا دین له به‌شێكی زۆری كۆمه‌ڵگاكانی رۆژهه‌ڵاتدا، نه‌ك له‌ناونه‌چووه‌و كاڵنه‌بووه‌ته‌وه، به‌ڵكو ئاماده‌ییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه‌و به‌شێكی گه‌وره‌ی بواری گشتی و كۆمه‌ڵایه‌تی داگیركردووه. له به‌شێكی ئه‌م وتاره‌دا، باس له لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك ده‌كرێت كه بۆ زاراوه‌ی علمانیه‌ت كراوه‌و شه‌ش مانای به چه‌مكی عه‌لمانییه‌ت به‌خشیوه‌و هه‌ر مانایه‌كیش له‌وی دیكه‌یان جیاوازه‌و هه‌ریه‌كه‌یان ره‌هه‌دێكی دیاریكراو ده‌به‌خشێت به علمانییه‌ت. به‌ڵام ئه‌م مانا جیاوازانه وه‌ك له وتاره‌كه‌دا ئاماژه‌ی پێدراوه (به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ره‌ت كه‌ره‌وه‌ی یه‌ك نین. ئه‌م جیاوازییه له مانای علمانیدا په‌یوه‌ندی به جیاوازی مانای دینه‌وه هه‌یه.لا21-22).
وتاری سێیه‌م به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا سیوه‌یلی كراوه به كوردی و ئه‌م ناونیشانه‌ی له‌خۆگرتووه: ده‌بێت چۆن بیر له عه‌لمانییه‌ت بكرێته‌وه؟ ئه‌م وتاره باس له په‌یوه‌ندی نێوان عه‌لمانییه‌ت و مۆدێرنه ده‌كات و باس له‌وه ده‌كات له وڵاته مۆدێرنه‌كانی ئه‌مڕۆدا، به تایبه‌تی وڵاته پێشكه‌وتووه‌كانی خۆرئاوا، فه‌زای گشتی زیاتر فه‌زایه‌كی كراوه‌یه و فه‌زایه‌كی ئاینی نییه. ئه‌م فه‌زا یان ئه‌م كه‌لتووره نائاینییه، وایكردووه عه‌لمانییه‌ت ئاماده‌ییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌بێت و رۆڵی هه‌بێت له پارێزگاریكردنی ئه‌و فه‌زایه‌و به‌رقه‌راركردنی، چونكه له جۆره فه‌زایه‌كی له‌و شێوه‌یه‌دا، ته‌واوی ئاین و ئاینزاكان، ئازادن و هه‌ریه‌كه‌یان تاراده‌یه‌كی زۆر ئازادن له پراكتیكردنی سروت و رێوره‌سمه ئاینییه‌كانی خۆیان، به‌و مه‌رجه‌ی فه‌زای گشتی تێكنه‌دات و نه‌بێته هۆی فشار بۆ سه‌ر خه‌ڵكانی دیكه‌ی دیندار یان بێ دین.
وتاری چواره‌م به‌ڕێز شوان ئه‌حمه‌د وه‌ك وه‌رگێڕانه به پێزه‌كانی دیكه‌ی، ئه‌م وتاره‌شی زۆر جوان و به كوردییه‌كی پاراو وه‌رگێڕاوه‌و ئه‌مه‌ش ناونیشانی وتاره‌كه‌یه: عه‌لمانیه‌تی فه‌ره‌نسی دژ به ئاین نییه. له‌م وتاره به‌پێزه‌دا باس له سێ پرنسیپی سه‌ره‌كی ده‌كرێت كه عه‌لمانییه‌تیان له‌سه‌ر دامه‌زراوه كه بریتین له‌م پرنسیپانه:
یه‌كه‌م: بێلایه‌نی ده‌وڵه‌ت له‌كاروباری ئاینیدا.
دووه‌م: بێلایه‌نی قوتابخانه له ئاست مه‌سه‌له‌ی ئاینیدا.
سێیه‌م: رێزگرتنی ئازادیی ویژدان و بیروباوه‌ڕ.
به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م وتاره زۆرێك له‌و به‌دحاڵیبوون و خراپ تێگه‌شتنه‌ی لای ئێمه له‌سه‌ر عه‌لمانییه‌ت هه‌یه ده‌ڕه‌وێته‌وه‌و به‌رچاوڕونییه‌كی زیاتر‌و زۆرترمان له‌سه‌ر ئه‌م چه‌مكه به مانا راسته‌قینه‌كه‌ی لا گه‌ڵاڵه ده‌بێت و له‌وه تێده‌گه‌ین عه‌لمانییه‌ت هه‌رگیز به مانای سڕینه‌وه‌و كۆتاییهێنان نییه به ئاین. به‌ڵكو بریتییه له رێزگرتنی سه‌رجه‌م ئاینه‌كان و رێخستنیان له‌ناو كۆمه‌ڵگاو بواری گشتیدا، به شێوه‌یه‌ك هیچ دینێكیان ئه‌وه‌ی دیكه‌یان نه‌سڕێته‌وه‌و قه‌ده‌غه‌ی نه‌كات و هیچ دینێك ئه‌وی دیكه‌یان نه‌چه‌وسێنێته‌وه‌و رێگری لێنه‌كات. بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م كاره‌ش، پێویستمان به ده‌وڵه‌تێك هه‌یه ئاینی هیچ هاوڵاتییه‌كی نه‌كات به ئاینی فه‌رمی خۆی، ده‌وڵه‌ت ده‌بێ به یه‌ك ئاست و له یه‌ك دوورییه‌وه به‌رامبه‌ر به هه‌مو ئاینه‌كان راوه‌ستێت و فه‌زڵی هیچ ئاینێك نه‌دا به‌سه‌ر ئاینیكی دیكه‌دا.
له وتاری پێنجه‌مدا كه به‌ڕێز شاهۆ سه‌عید به جوانی كردویه‌تی به كوردی، باس له‌وه ده‌كات كه پێویسته ده‌قه ئاینییه‌كان، سه‌رله‌نوێ راڤه‌ی تازه‌یان بۆ بكرێت و ده‌ستبه‌رداری ئه‌و راڤه‌كردنه كۆنانه ببین كه له ئێستادا بوونه‌ته به‌ربه‌ستێكی گه‌وره له‌به‌رده‌م راڤه‌ی نۆێدا. واته ده‌توانین بڵێن خاڵی سه‌ره‌كی له‌م وتاره گرنگه‌دا، ئه‌وه‌یه كه واز له‌و خوێندنه‌وه كۆن و حه‌رفییه‌ی ده‌قه پیرۆزه‌كان ببین و خوێندنه‌وه‌یه‌كی دیكه بۆ ئه‌و ده‌قانه بكه‌ین، خوێندنه‌وه‌یه‌ك كۆی سه‌رجه‌م پێشكه‌وتنه‌كانی مرۆڤ له‌به‌رچاو بگرێت و ده‌قه‌كان بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ سیاقه مێژوییه‌كه‌ی خۆی و هه‌لومه‌رجه تایبه‌ته‌كه‌ی. ئه‌م وتاره له به‌شێكیدا ره‌خنه‌گرتنه له دیدی فه‌نده‌مێنیتاڵه‌كان كه خۆیان به خاوه‌نی حه‌قیقه‌ت ده‌زانن و پێیانوایه حه‌قیقه‌ت موڵكی خۆیانه. ئه‌گه‌ر ئه‌وان حه‌قیقه‌ت بۆ خۆیان مۆنۆپۆڵ بكه‌ن و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بكه‌ن كه ته‌نها یه‌ك حه‌قیقه‌ت هه‌یه‌و ئه‌ویش لای ئه‌وانه، ئه‌وا لایه‌نه‌كانی دیكه‌و دیدگاكانی دی، به توندی ره‌خنه له‌م جۆره بیركردنه‌وه‌و قسه‌كردنه ده‌گرن و ئه‌وانیش ده‌توانن هه‌مان بانگه‌شه بكه‌ن و هه‌مان پێداگری ئه‌وان له‌سه‌ر حه‌قیقه‌ت بكه‌ن بۆ خۆیان. لێره‌وه له‌م وتاره‌دا پیداگرییه‌كی گه‌وره هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌قه ئاینییه‌كان قابیلی ئه‌وه‌ن به چه‌ندین جۆر‌و شێواز خوێندنه‌وه‌یان بۆ بكرێت و هیچ گروپ و تاكه كه‌سێك بۆی نییه خوێندنه‌وه‌و راڤه‌ی خۆی بۆ ده‌قه ئاسمانییه‌كان، به تاقه خوێندنه‌وه‌و راڤه‌كردنی راست و دروست دابنێت.
وتاری شه‌شه‌م كه به‌ڕێز هه‌ڵكه‌وت عه‌بدوڵا سه‌ركه‌وتوانه كردویه‌تی به كوردی و ئه‌م ناونیشانه‌ی له‌خۆگرتووه: ئایا عه‌لمانییه‌ت ئامرازێكه بۆ وێرانكردنی ئیسلام؟ ئه‌م وتاره باس له‌و ترسه ناحه‌ق و ناراسته ده‌كات كه ئیسلامییه‌كان به‌رامبه‌ر به عه‌لمانییه‌ت هه‌یانه و پێیانوایه عه‌لمانییه‌ت پلانێكی گه‌وره‌یه بۆ له‌ناوبردنی ئیسلام. ترسێك تا ئه‌و ئاسته رۆشتووه كه عه‌لمانییه‌كان به ده‌یان تۆمه‌تی ناڕه‌وا تۆمه‌تبار بكه‌ن و له هه‌ندێ وڵات و ده‌وڵه‌تدا فه‌توای كوشتن‌یان بۆ ده‌ربكرێت. ئه‌م وتاره دێت و ته‌واوی ئه‌و ترس و ناحه‌قیانه ره‌خنه ده‌كات و ئه‌و راستییه دووباره ده‌كاته‌وه كه عه‌لمانییه‌ت نه‌هاتووه بۆ وێرانكردنی نه ئیسلام و نه هیچ ئاینێكی دیكه، به‌ڵكو هاتووه ئاین له فه‌زای گشتی كۆمه‌ڵگه‌دا یه‌كبخات و هیچیان له‌سه‌ر حسابی ئه‌وی دیكه‌یان نه‌چه‌وسێنرێته‌وه‌و هه‌موان وه‌ك یه‌ك ده‌رفه‌تی گه‌شه‌و قسه‌كردن و گوزارشتكردنیان هه‌بێت و كه‌سیان خۆی به نوێنه‌ری خودا له‌سه‌ر زوی نه‌زانێت
دواجار ئه‌م كتێبه گه‌رچی كتێبێكی بچوكه و ژماره‌ی لاپه‌ڕه‌كانی ته‌نها 140 لاپه‌ڕه‌ی بچوكه، به‌ڵام گرنگییه‌كی گه‌وره‌و تایبه‌تی هه‌یه بۆ رونكردنه‌وه‌ی چه‌مك و ئامانجی عه‌لمانییه‌ت. تیراژی كتێبه‌كه 500 دانه‌یه و نرخی ته‌نها سێ هه‌زار دیناره.