پوختەی مێژووی هونەر

یەکێکی تر لە کتێبە گرنگەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە( پوختەی مێژووی هونەر) کە لە بیستوپێنج بەش پێکهاتووە و بۆ هەریەک لە بەشەکان بە وردەکارییەکی زۆرەوە تیشک خراوەتە سەر قۆناغە جیاجیاکانی هونەری شێوەکاری، بەتایبەت مێژووی سەرهەڵدان و گەشەکردن و قۆناغ و ناوی شوێن و ئەو وڵاتانەی کە ڕەوتی هونەری شێوەکاری تێیدا لەدایکبووە و گەشەی کردووە.

ئەم کتێبە لەلایەن پەرویز مەرزبان نووسراوە و هونەرمەند ستار کەریم وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، گرنگی ئەم کتێبە بۆ هونەرمەندان و خوێندکاران و شەیدایانی هونەری شێوەکاری لەوەدایە کە بە شێوەی نووسراو و وێنە ئاشنا دەبن بە مژووییەکی دێرین کە تێیدا هونەری شێوەکاری سەریهەڵداوە و وردە وردە بە پێی قۆناغەکان گەشەی کردووە و شکڵی گرتووە، ئەم کتێبە گەشتێکی خێرا و پڕ لە زانیارییە بەنێو ڕەهەندە جیاجیاکانی دونیای شێوەکاری و شۆڕبوونەوەیەکی تیۆریانەیە بۆ نێو فۆڕم و شێوازە جیاجیاکان، بێگومان لە قۆناغێکی دیاریکراوی ئەم مێژووە دوور و درێژەدا چەندین ڕێباز و قوتابخانە سەرهەڵدەدەن کە لە ڕووی زانستی و تیۆری و هونەرییەوە  دەڕواننە هونەر و پانتایی ئەو تابلۆ و نەخش و نیگارانەی بە دیواری ئەشکەوت و تاشەبەردی قەد چیا و پەرستگا پێرۆزەکانی ئایینەکانەوە جێماون و لە ئێستادا وەک  بەرهەمێکی هونەری باڵای مرۆڤە دێرینەکان چاو لێ دەکرێن و خوێندنەوەیان بۆ دەکرێت، هەر لەو ڕێگەیەشەوە دەتوانرێت ئەو مێژووە جوانتر ببینرێت و شیکاری بۆ جۆری ژیان و پەیوەندییەکان و هۆیەکانی ژیانی مرۆڤی ئەو سەردەم و قۆناغەکە و خودی کەرەستە هونەریی و دەستڕەنگینییەکان بکرێت.

لە ڕاستیدا ئەوەی زیاتر گرنگی ئەم کتێبە بەرجەسە دەکات تەنها لایەنە مێژووەکەی نییە، بەڵکو بوونی ئەو ڕاستییە سەلمێنراو و زانیارییە فراوان و گشتیانەیە کە پێشکەش بە خوێنەری دەکات، تەنانەت ناکرێت تەنها گرنگییەکەی بۆ خودی دەستەبژێری شێوەکاری ببەستینەوە، بەڵکو بۆ هەر مرۆڤێکی ئاسایی دەبێت بە چاوێکی دیکە بۆ دیتنی جوانی و ئاشناییەکی زیاتر بە قووڵاییەکان و پانتانییە نهێنییەکان و ڕەهەندە شاراوەکانی دونای هونەر و مێژووە کۆنەکەی.

لە بەشی یەکەمی کتێبی  ( پوختەی مێژووی هونەر) دا تیشک خراوەتە سەر قۆناغی هونەر بەر لە مێژوو، واتە سەروەختێک کە هێشتا مرۆڤایەتی بە لایەنەکانی مێژوو ئاشنا نەبووە بەڵام  هونەر بوونی هەبووە، لەم بەشەدا ئاماژە بە قۆناغی چوارەمی زەویناسی کراوە کە پەیوەستە بە خودی ئێستاوە و چاخی بەستەڵکی بە خۆوە بینیوە و بە ( پلیستون) ناو براوە، لەم بەشەدا ئەوە ئاشکرا کراوە کە لەو ماو درێژەدا بە تێپەڕبوونی هەر چەند هەزار ساڵێک، سەرمای گۆی زەوی ناوەناو گۆڕاوە و سەهۆڵبەندانی بەشەکانی جەمسەرەکانی باکوور و ناوەندی ئەوروپا و ئەمریکا کەمبوونەتەوە.

دواتر دێتە سەر قۆناغێک کە نەخش و نیگار لەسەر دیواری ئەشکەوتەکان، هەندێ جاریش هەڵکۆڵین لەسەر بەرد بە دووکەڵی خەڵوز یاخود سووتانی ئێسقان بە تێکەڵکردنی چەوری گیانداران بە نەخشی سادە و ئینتیزاعی و بە بڕوایەکی جادوویی بۆ دوو مەبەست دەکرا: یەکێک لەوانە دەستڕەنگینی و زاڵبوون لە ڕاوی بەکۆمەڵی ئەو ئاژەڵانەی کە خۆراکی سەرەکییان بوون، مەبەستێکی دیکەشیان دووبارە درووستکردنەوەی وێنەی ئاژەڵان بووە لەسەر تاشەبەردەکان، هەتا زیاتر زاڵبوونیان بەهێز بکات.

ئەوە دیارە مرۆڤ لە پێش سەدەها هەزار ساڵ بەر لەوەی ئاگر بخاتە خزمەتی خۆیەوە، بەشێوەی ئاماژە گفتوگۆی کردووە، پاشماوەی هونەری وێنەکێشان و هەڵکۆڵین لەسەر تاشەبەرد و ئەشکەوتەکان، دەگەڕێتەوە بۆ بیست هەزار ساڵ پێش زایین، هەروەها هەڵکۆڵینی سەر ئێسقان ماوەیەک دوای ئەوە دەرکەوتووە.

لە هەمان بەشدا ئاماژە بۆ مەڵبەندێکی دیکەی پەیدابوون و فراوانبوونی شارستانییەتی بەردینی نوێ کراوە، کە لە خۆرهەڵاتی ئاسیا و باشووری خۆرهەڵاتی تایلاند بووە، لە چینیش لە هەزارەی چوارەمی پێش زایین جاخی بەردینی نوێ بە دروستکردنی گۆزەگەری لە گڵی سوور و بە نەخش و نیگاری ئەندازەیی لەسەر زەمینەیەکی سوورباو یان بە ڕەنگی ڕەش دەستی پێکردووە.

لە بەشێکی دیکەی ئەم کتێبەدا کە تایبەتە بە هونەری ئێران تا دەرکەوتنی، باس لە قۆناغی بەدینی نوێی ئێران دەکرێت و زانیاریی خراوەتە ڕوو کە لە ناوەڕاستی هەزارەی حەوتەمی پێش زایین دەست پێ دەکات، باس لەو پاشماوە بەجێماوانەش دەکرێت کە لە چەند ئامێرێکی درووستکراو پێکهاتوون لە بەدری چاککراو، ئەم بەشە ئەوەش ئاشکرا دەکات، کە کۆمەڵگەی ئەو ڕۆژگارە لە گرووپی خەڵک یاخود چەند هۆزێک پێکهاتبوون، کە لە دەشتی بەپیت و گونجاو بۆ کوشتوکاڵ نیشتەجێبوون لەڕێی کوشتوکاڵ و ئاژەڵداری بژێوی ژیانی خۆیان مسۆگەر کردووە.

بە گشتی لەم کتێبەدا تیشکی مێژوویی و زانیاری گشتی خراوەتە سەر سەرهەڵدانی هونەر لە جیهاندا و ئاماژە بە ژینگە و جۆری ژیان و دەرکەوتن و گەشەکردنەکانی هەر وڵات و شارستانییەتێک کراوە، لە هونەر بەر مێژووەوە تا هونەری میزۆپۆتامیا و هونەری میسر و ئێران هند و چین و یۆنان و هونەری ڕۆمی و بێزەنتینی و هونەری ئیسلامی ڕێنسانس، تا دێتەوە بۆ قۆناغە نوێیەکانی پاش مێژوو و فراوانبوونی شارستانییەت و گەشەکردنی لایەنەکانی ژیان و سەرهەڵدان  و ئاشکرابوونی قۆناغ و قوتابخانە هونەرییەکانی سەدەی بیستەم کە وكاتانی ئەوروپایی و خۆرئاوا دەگرێتەوە و چەندین ڕێباز و لق و بنەمای تیۆری سەرهەڵدەدەن.

جێی خۆیەتی ئاماژە بۆ ئەوەش بکرێت کە وەرگێڕی ئەم کتێبە بەشێوەیەکی جوان و سەرنجراکێش کتێبەکەی کردووە بە کوردی و سەرکەوتوانە ئەو چەمک و موفرەدات و دەستەواژە هونەری و مێژووییانەی کورداندووە کە ڕەنگە تا ئەندازەیەک کە فەرهەنگی ئێمەدا نوێ بن و پێشتر پێیان نامۆ بووبین، ئەموەرگێڕە ئەزموونێکی باشی لەگەڵ وەرگێڕانی کتێبی هونەریدا هەیە و پێشتر ئەم کتێبانەشی کردوون بە کوردی: مێژووی سینەما، دەربڕینی ئەندێشە لە موزیکدا، ئامێری مۆزیکی کوردی، سیناریۆی کورتە فیلم، کۆمەڵناسی و هنەری مۆزیک.

جگە لە کتێبی ئامێری مۆزیکی کوردی، سەرجەم کتێبەکانی دیکەی لەلایەن دەزگای چاپ و پەشی سەردەمەوە چاپ بوون.

بارین عەلی

ناردن: