
سادق هیدایەت
و. لە فارسییەوە: بابەک سەحرانەوەرد
لە بەیانی زووەوە گەواڵە هەورەکان لە هاتووچووا بوون و بایەکی زۆر ناخۆش هەڵیکردبوو. ژێر دارەکان پڕ بوو لە گەڵای وەریو. گەڵا زەردەکان ناوە ناوە لە هەوا لوولیان دەخوارد و ئەکەوتنە سەر ئەرز. پۆلە قەلەڕەشێک بە قارە قار بەرەو جێگەیەکی نادیار دەچوون. ماڵە لادێییەکان لە دوورەوە وەک قاپی شقارتە کە لەسەر یەکتر هەڵچنرابوون بە پەنجەرەی ڕەش هەڵگەڕاو و بە بێ درگا، وا دەهاتنە بەر چاو کە بە هاکەزایی درووس کرابێتن.
خوداداد بە ئەردێن و سمێڵی بۆرەوە، گورج و گۆڵ و دڵتەڕ، هەنگاوی قورسی دەنا و هەستی بە هێز و تینی تازە لە گیانی دەکرد. بە ڕواڵەت چاوی بڕیبووە جادە شێدارەکەی بەردەمی خۆی و بەرژەوەندی دەشتایییە دوور ودرێژەکە. با کەوتبووە ناو لەشی وەک ئەوەی بیلاوێنێتەوە. دارەکان وادەهاتنە بەرچاوی کە دەڵێی سەمایان دەکرد و قەلەڕەشەکان دەڵێی مزگێنی بەزم و خۆشییان بۆ دەهێنا و هەمووی ئەم سرووشتە لەبەر چاویدا دڵگر و ڕووخۆش بوو. بوخچەیەکی قەڵەمکاری لە باخەڵی خزاندبوو کە توند بە خۆییەوە چەسپاندبووی. چاوانی دەبریسکانەوە و هەر هەنگاوێکی دەنا، بەلەکە پتەوەکانی لە ژێر دەرلنگی پانتۆڵە رەشەکەیەوە بە دیار دەکەوتن.
جل و بەرگەکەی شینی ئاسمانی بوو و کڵاوێکی لبادی زەردی پێ بوو. خوداداد شەست ساڵە بوو، پیاوێکی ئێسقان ئەستوور و بە قەڵافەت و چاوگەش بوو. کەمتاکورت بیست ساڵی دەخایاند کە خەڵکی دەماوند نەیاندیبوو، چوونکا دوورەپەرێز ببوو و لاسەروی کانی عەلا لەسەر رێگای مازەندەران بۆ خۆی کۆختەیەکی بە بەرد و گڵ دروس کردبوو. بیست ساڵ دەبوو کە ژیانێکی تەنیایی بۆ خۆی دابین کردبوو. بە دەستە زبرەکانی عەرزی دەکێڵا، ئاوی دەدا و وەرزێری تێدا دەکرد. هەر ئەو ئیشە کە باوک و ڕەنگە باپیرانی کردبوویان. جێی هەشتا ڕبە تووی میرات پێگەیشتبوو کە لە ڕەشەساڵی، نیوەی زۆرتری فرۆشتبوو. واتە بە جێی ئارد مامڵەی کرد. و ئێستاکە بە دەسکەوتی ئەو پارچە زەوییە کە بۆی مابوو ژیانی خۆی پێ بەسەر دەبرد.
ئەو شتەی کە ببووە سەرسووڕماوی هەمووان ئەمە بوو کە خوداداد لەم چەند ساڵەی دوایینە لە لادێکان و بە زۆری لە بازاڕی دەماوەند دەبیندرا کە قوماشی ژنانە و قەن و چا و وردەواڵە دەکڕێ. بڕێ جاریش لە کێوەکانی دەوروبەری ئاوە گەرمە، جابۆن، گیلیارد ئەویان لەگەڵ کچە قەرەچییەک دیتبوویان.
چوار ساڵ لەمەوبەر لە شەوێکی سارد، ئەو شەوە ساردانە کە بە چەپۆڵە پۆڵایییەکەی خۆی دەموچاوی بنیادەم دائەتاشێت، خوداداد هەر ئەونە کە چراکەی بە فوو کوژانەوە و چووە ژێر جێگاوە، دەنگێکی سەیر هاتە گوێی. هاوار و ناڵەی پچڕپچڕ کە دیار نەبوو دەنگی حەیوانە یان بنیادەم. دەنگەکە لە پەستا نزیک دەبووەوە هەتا ئەوەی کە درگای کۆخەکەیان کوتا. خوداداد کە نە لە گیاندار و نە لە بێ گیان ترسی بوو هەستا و دانیشت و هەستی کرد تنۆکە عارەقێکی سارد بە گازەرای پشتی هاتەخوار. هەر چەندە پرسیاری کرد کێیە و چی دەوێ، وەڵامێک نەبوو و ئەو کاتەی کە ڕادەکشا تا بخەوێ هەمیسان لە درگایان ئەدا. بە دەستی لەرزۆکەوە چراکەی هەڵکرد. کێردێکی گەورە کە بۆ شکاندنی دار بە دیوارەوە هەڵواسیبوو، هەڵگرد کتووپڕ درگای کردەوە. زۆرتر سەرسووڕما کاتێ کچۆلەیەکی قەرەچی بە جلوبەرگی سووری دی کە لە کەرکرۆکی درگا وێستاوە و فرمێسک بەسەر گۆناکانییەوە مەییوە و هەڵدەلەرزێ. هێندەی تر سەری سووڕما. خوداداد کێردەکەی فرێدایە سووچێکی دیوەکە. دەستی کچۆلەکەی گرت و بردییەوە ژوور. هاڵاوی ئاگرەکە کچەکەی گەرم کردەوە. ئینجا خوداداد بە جلەکۆنەکانی جێ خەوێکی بۆ درووس کرد.
سەرلەبەیانی هەر چی زۆرتر پرسیاری لێدەکرد بێ وەڵام دەمایەوە. وەکوو ئەوە بێ کە کچۆڵەکە سوێندی خواردبێ زمان نەگێڕێ و هیچ نەدرکێنێ. هەر بەم هۆیە خوداداد ناوی لێنا لاڵ یان لالوو و بەرە بەرە ئەو ناوە بوو بە لالە. ئەو شتەی کە زۆر سەیر بوو ئەوە بوو کە ئێستا وەرزی گەرمیان و کوێستانی قەرەچییەکان نەبوو و خوداداد لێی روون نەبوو لە نێوان عەرز و ئاسمان ئەو کچۆلەیە لە کوێوە هاتووە. لە کوختەکەی وەدەرکەوت وشوێن پێی کچەکەی هەڵگرت، بەڵام شوێن پێیەکانی لەسەر گەڵاوەریوەکان ون دەبوو. لە ئاشەوانەکەی کانی عەلا پرسیاری کرد، ئەویش هیچی نەدەزانی. لە ئەنجامدا بڕیاری دا منداڵەکە ڕاگرێ هەتا کەس و کارەکەی پەیدا دەبن.
لالە کچۆڵەیەکی تەمەن دوانزەساڵی گەنم ڕوو بوو. سیمایەکی شیرین و چاوەکانی گەش و لەبەردڵان بوو. لەسەر دەست و نێوچاوانی خاڵی شینیان کوتابوو. لە ماوەی ئەو چوار ساڵە کە لالە لەو کۆختەیە ژیانی بەسەر دەبرد، خوداداد هەرچەندە سوراخی کەس و کارەکەی گرت، کەس لەو قەرەچییانە نەیاندەناسی. دواتر خوداداد پێی خۆش نەبوو لالەی لە کیس بچێ. هەروەک منداڵی خۆی گلی دایەوە و بەرەبەرە خۆشەویستییەکی سەیری بەو کچە پەیدا کرد. نەک خۆشەویستی باوک و ڕۆڵە، بەڵکوو خۆشەویستی بە چەشنی ژن و مێرد.
هەر ئەو کاتە کە وەسوەسەی ئەڤین لە کەللەی دا، لە ناوەڕاستی دیوەکە پەتی بەست و پەردەیەکی کرد بە ناوبڕەی وەتاخەکە هەتا شوێنی خەوتنیان لەیەکتر جیا بێت. ئەوەی کە لە هەمووان خراپ تر بوو لالە خودادادی بە باوە بانگ دەکرد و هەر کەڕەت کە بە خودادادی دەوت باوە، یەکسەر تێکدەچوو. رۆژێک خوداداد هاتە نێو ماڵەکە سەیری کرد دوو مریشکی سەربەکڵاو لە بەردەم کوختەکەی چینە دەکەن. هەر چەندە خوداداد ئامۆژگاری لالەی کرد کە دزی خراپە و لە ئاوری جحەندەمدا دەسووتێی، بزیەکی لاسارانە لەسەر لێوی لالە دەنیشت و هەر جار بە بۆنەیەک لەم باس و خواستە خۆی دەرباز دەکرد.
لالە حەزێکی زۆری لە سەیران بوو. ئەگەر دووسێ رۆژ باران بووایە و بە ناچاری لە کۆختەکە بمایە، کپ و خەمگین دەبوو، بەڵام ئەو رۆژانەی کە هەوا ساماڵ بوو یان بە تەنێ یان لەگەڵ خوداداد دەچووبۆ گەشت و سەیران. زۆربەی کات بە تەنیایی دەڕۆیشت و ئەمە دڵپیسی خودادادی بە شوێنەوە بوو. چوونکا یەک دووجار عەباسە شوانی لەگەڵ لالە دیتبوو و عەباسی بە ڕەقیبی خۆی دەزانی. تەنانەت رۆژێ عەباسی دیتبوو کە تووتڕکی دەچنی و دەیکردە دەمی لالە. هەر ئەو شەوە کەوتە سەر کۆنەکردن و تەشەردان لە لالە کە نابێت لەگەڵ پیاوی غەیرە قسە بکا. فرمێسک لە چاوانی لالە قەتیزمان و دڵە دێهاتییەکەی خودادادی پڕ کرد. دایکی عەباس دوو جار بۆ خوازبێنی لە لالە هاتبوو، بەڵام هەر جار خوداداد بە بۆنەی ئەوەی کە لالە هێشتا منداڵە، جوابی کردبوو و لەبەر خۆییەوە ئاوای بیر دەکرد کە ئەم عەباسە تەمەڵە دەبێتە میراتگری ئەو و هەرچی سەروەت و سامان کە لەماوەی پەنجا ساڵ پێکەوەی ناوە داگیری ئەکات. ئینجا رۆحی باوباپیرانی چییان پێ دەوت کە لە بری میرات گر، کەسێکی شڕۆڵە و بێ سەروبەری هەڵبژاردووە کە ناتوانێ خزمەتی زەوی بکات و لێی داچەنێ. بەر لەوەش کچۆڵەیەک کە لە کوختەکەی بە خۆی داڵدەی داوە، خواردەمەنی داوەتێ، جلی بە بەرا کردووە، رەنجی پێوە کێشاوە و گەورەی کردووە، بۆ ئەو وەکوو دارە میوەیەکە کە خۆی پەروەراندویەتی و بەری هێناوە، زەلامێکی نامۆ بەرەکەی بچنێ، بۆ مەگەر خۆی دەسی شکاوە؟ ناتوانێ لالە بۆ خۆی بە ژنی بخوازێ ؟ بۆ نا؟ بەس ئەو واهەستی پێدەکرد کە ئەم مەسەلە بەم ساکارییەش نەبێ و ڕازیبوونی کچەش خۆی مەرجە و ئیتر ئەم خووە خراپە کە کچەکە بووی و ئەوی بە بابی خۆی دەزانی، هێندەی دی ناهۆمیدی دەکرد. زۆربەی شەوان کاتێ کچەکە دەنووست، چراکەی هەڵدەبڕی و قەیرێکی زۆر لە دەمووچاو، سنگ، مەمک و قۆڵەکانی دەیڕوانی. ئینجا هەر وەک شێت وەدەردەکەوت بەرەو کێو و دۆڵ ملی پێوەدەنا و قەیرێکی زۆری پێدەچوو هەتا دەگەڕایەوە. ژیانی ئەو لە نێو ترس و هیوا تێدەپڕی وترس ڕێی نەئەدا کە ئەشقی خۆی بۆ دەربڕێت. ئەگەرەکوو لالە دەیوت نا، تۆ پیری. ئەو ئیتر چاری نەبوو مەگین ئەوەی خۆی لەناو بەرێ. تاشەبەردێکی زل لە نزیکی کوختەکەی خوداداد هەبوو کە لالە بە زۆری لەسەری دادەنیشت و بەلەکە سفت و سۆڵە ڕووتەکانی لە بەردەکە جووت دەکرد و کاتێکی زۆر بەو دەقە دەمایەوە، بێ ئەوەی کە وەڕز بێ و جاروبار لەبەر خۆوە گۆرانییەکی سۆزداری دەخوێند. بەڵام هەر ئەوندە کە کەسێ لێی نزیک دەبووەوە، کتووپڕ بێ دەنگ دەبوو. خوداداد بە رێکەوت ئەم سترانەی بیستبوو و زۆر دڵی پێوە بوو کە هەمیسان گوێی لێ بێت.
ئەمڕۆ سەرلەبەیانی کاتێ خوداداد دەیویست بۆ شاری دەماوەند بڕوات، لالە لەسەر ئەو تاشەبەردە دانیشتبوو، بەڵام لە رۆژانی دی بەدەماخ تر بوو، بە پێچەوانەی جاران نەیدەویست شوێن خودادا کەوێ. خوداداد پێی وت: لەچکەیەکی سوورت بۆ دەکڕم.
بزە مەعسووم و بەختەوەرەکەی لالەی دی کە بەقەد دوونیایەک بایەخی بوو و کاتێ چووە بازارە چکۆلەکەی دەماوەند، سەرەتا چووە دوکانی کووتاڵ فرۆشی و لەچکەیەکی سوور کە گوڵ و جوقەی زەرد و سەوزی پێوەوە بوو، کڕی. ئینجا قەن و چای کڕی، هەر هەمووی خستە بوخچە قەڵەمکار و بە هەنگاوی بەرز بەرەو کوختەکەی کەوتە رێ.
بۆ خوداداد کە دائیمە لە رێگاوباندا بوو، ئەگەر چی شار هەتا ماڵەکەی دوو فەرسەخ دەبوو، وەک کورتە رێگایەک دەهاتە بەر چاوی. ئەگەر چی پیر و کەنەفت ببوو، ئێستا ژیانەکەی جۆرە ئەنجام و مانایەکی تێدا شین ببوو. بەدەم رێگاوە لەبەر خۆی کەوتبوە بیر: ئەم لەچکەیە هەر بۆئەو جوانە کە بیدا بەسەر شانیا و سەرەکەی لە ژێر مەمکەکانییەوە گرێ بدات. ئینجا وەک ئەوەی کە هەست بە شەرم بکات، لەبەر خۆییەوە دەیوت: من دەبێ بە جوانی ئەو شانازی بکەم، چوونکا لە جێگای باوکی ئەوم و مێردێکی لێهاتووی بۆ پەیدا بکەم! بەڵام ئەم بیرە کە عەباسە شوان لالەی خۆش دەوێ، زۆری پێ پەست بوو.
بە هەوراز و نشیو، بە قەراخ دۆڵ و چیا و دەشتایی تێدەپەڕی. لە ڕێ چاوی بەکەس نەکەوت، هەستی بە چ شتێک نەدەکرد، تەنانەت ماندوویی رێگاش تێیدا دیار نەبوو. جاران کاتێ کە ڕێی دەکەوتە لادێکانی دەوروبەر، تەنیا دەیڕوانییە ئاسمان هەتا بزانێت باران دێ یا نا. تەماشای زەوییەکانی دەکرد هەتا دەسڕەنجی خەڵکی ببینێ. پرسیاری نرخی جۆ، گەنم، لۆبیا، قەیسی، سێو، گێلاس، شێلانێ و زۆر شتی دی دەکرد. بەڵام ئێستا بەر لە لالە لە چ شتێ تر بیری نەدەکرد، زەوییەکەی ئەمساڵ باش بەری نەگرتبوو و مەجبوور بوو هەندێ لە دەسکەوتەکەی خەرج بکا، بەڵام تەواوی ئەم شتانە لە داڵغەی ئەودا بە قەد تاڵە قژێکی لالە بایەخی نەبوو. بەدەم ئەم بیرەوە بە کەنار دارەکان تێپەڕی و چووە سەر ئەو رێیە کە لە بەرزایییەکەی کوختەکەی کە دەتوت دوو قوتوە شقارتەی شەق و پەقە کە لە پاڵ یەکدا، دانراون، دیار کەوت. پێی هەڵگرت و گرێ بوخچەی پتر بە خۆیەوە گووشی و ئەو رێگەیە کە چاک لێ شارەزا بوو، تێپەڕاند و لە سەروولێژییەکی دی رەت بوو و پێچێکی کرد و گەیشتە بەردەم کوختەکەی. بەڵام لالە لەوێدا نەبوو، نە لەسەر تاشەبەرد، نە لە ژوورەوە.
هاتە بەر کەرکەرۆکی درگا، دەستی خستە لادەمی، هاواری کرد: لالە.لالە…! کەسێ وەڵامێ نەدایەوە . هاتە دەرێ و بە تەواوی هێزیەوە گازی کرد: لالە لالە…لالو ..لالو. زایەڵەی دەنگی وەڵامی دایەوە لالە…لالو. ترس و خۆفێکی زۆری تووش بوو. ڕایکردە سەر تاشەبەردەکەی نزیک ماڵی. لە دەوروبەری ڕوانی. هیچ ئاسەوارێکی لە جلە سوورەکەی نەدی. گەرایەوە بۆ ژوور وسەندوقی لالەی کردەوە، سەیری کرد ئەو جلو بەرگە تازانەی کە ئەمساڵ بۆی کڕیبوو، نەمابوون. خەریبوو لە داخا شەقی دەبرد. سەری لەم کارە دەرنەدەکرد. هەمیسان وەدەرکەوت و لە کانی عەلا تووشی مەلای گوند بوو کە بە فەرەنجییەکی دڕێژ و کڵاوی شینی چاکدار و شاڵ و شەڵوارێکی ڕەش و کەوایەکی سێ چاکییەوە لە بن دارێکدا دانیشتبوو و سەبیلی دەکێشا. ئەونە بە ڕقەوە لە خودادادی ڕوانی کە خوداداد زاتی نەکرد شتێکی لێ بپرسێ. کەمێک ئەولاترەوە ژنێکی بە چارشێوی سوور و پانتوڵی ڕەش و پرچی هۆنراوەیی بینی کە منداڵەکەی بە کۆڵیەوە بوو و ئەویش هیچ هەواڵێکی لالەی پێ نەبوو. خوداداد بە ناچار زڤرییەوە.
تاریکی شەو هەموو لایەکی گرتەوە بەڵام لالە نەهاتەوە. چ خەونگەلێکی ناخۆش کە خوداداد نەیدی. هەر خەو نەچووە چاوی. هەموو کابووس بوو و بە هەر لەرەیەک ، هەڵدەستاسەرپێ، بە خەیاڵی خۆی لالە گەڕاوەتەوە. زێدە لە دەجار هەستا پەردەی لائەدا. بە لەپەکوتێ جێگا سارد و سڕەکەی لالەی سەح دەکرد و دەلەرزی و لە دەکەوتە عەرز. ئاخۆ کەسێ بەزۆر لەگەڵ خۆی بردوویەتی؟ یان هەڵیان خەڵەتاندووە یا خۆی ڕویشتووە؟
سبەی بەیانی هەوا سارد و ساف بوو. خوداداد ئەو لچکەیە کە کڕیبووی، لەگەڵ خۆیدا هەڵگرت و ڕۆیشت بە شوێن لالە. لە رێگا تەواوی خەڵک چەشنی دێو و هەژدیها دەهاتنە بەرچاوی. کێوە شین و بۆرەکان کە بەرف هەتا ئاست قەدپاڵیان گەیشتبوو ترسیان دەخستە دڵییەوە. بۆنی پنگ لە قەراخ جۆگەلە هەناسەی سوار دەکرد. لە رێگا تووشی دوو لادێیی بوو. بە شپرزەییەوە لێی پرسین: ئەرێ ئێوە لالەتان نەبینیوە؟
سەرەتا وایان دەزانی شێت بووە و لە یەکدیان پرسی: کێ؟
کچە قەرەچییەک
یەکێکیان وتی: دوورۆژە تاقمە قەرەچییەک هاتوون لە لای موومجەح چادریان هەڵداوە.ڕەنگە مەبەستت ئەوانە.
خوداداد رێگای موومجەحی گرتە بەر. ئەمجار بە هەڕا و خێراوییەوە هەنگاوی دادەنا و لە چەند ڕێ و پێچەوە تێپەڕی هەتا ئەوەی چەند ڕەشماڵی لە دوورەوە دیاری کرد، نزیک کە بووەوە، سەیری کرد پیاوێ لە قەراخ جۆگەلە خەوی لێکەوتووە. تۆزێ لەولاترەوە ژنە قەرچییەک پەتڵەی لە بێژنگ ئەدا،
ئەو ژنە سڵاوی لێکرد و وتی:
فاڵ دەگرینەوە، مۆرە مارانمان پێیە، هێلکە، بێژنگ، گوێز و…
خوداداد شێت ئاسا وتی:
ـ لالە. لالوت نەدیوە. نازانی لە کوێیە؟
ـ فاڵ دەگرینەوە و پێتی دەڵێن.
ـ دە بڵێ، پارەت دەدەمێ.
ـ هەقەکەی بدە هەتا پێت بڵێم.
خوداداد ماندوو بوو، دەستی کردە گیرفانی و قڕانێکی دەرهێنا و دایە دەس ژنەکە. ژنەکە دەسی گرت و لە سیمای ورد بوو و وتی:
عەلی پشت و پەنات بێ، پیاوەکە، تۆ ئێستا خەم و خەفەتت لە دڵدایە، چوونکا شتێکت لێ ون بووە کە چوار ساڵی ڕەبەق ڕەنجت بۆ کێشاوە، نە منداڵتە، و نە لە منداڵی خۆت کەمترت خۆش دەوێ.
خوداداد بە چاوانی فرمێسکاوی ڕوانییە ژنە قەرەچییەکە و لەبەر خۆییەوە وتی:
ـ ڕاستە راست.
بەڵام بێ هۆ خەفت مەخۆ، چوونکا ئەو کچە لێتەوە نزیکە، زیندوو و ساخ و سڵامەتە، ئەویش تۆی خۆش دەوێ، بەڵام چ قازانج نییە، چارەنووس کاری خۆی کردووە!
ـ ئاخر چۆن، چۆن؟ توخوا قسە بکە.
ـ بێ هۆ خەفت مەخۆ، ئەو بەختەوەرە، درگای ژوورەکەت بە بەتاکی جێهێشتووە و شەیتان هاتۆتە ژوور و ئەوی هەڵخەڵەتاندووە.
ـ ناوی عەباس نییە؟
ـ نا.
ـ تۆ کێی، چۆن دەزانی، توخوا ڕاستەکەی بڵێ، هەرچیت بوێ پێت دەدەم.
دەستی کرد بە گیرفانی و قڕانێکی تری دەرهێنا و خستیە لەپی دەستی ژنەکە. بەڵام لەم کاتە دی پەردەی ڕەشماڵەکەی تەنیشتەوە لادرا و لالە وەدەرکەوت. هەر ئەو جلە سوورە کە بۆی کڕیبوو لە بەریدا بوو. سێوە لاسوورەیەکیشی بە دەستەوە بوو و بە سەرقۆلی کراسەکەی دەسڕی و قەپاڵی لێدا. ئینجا بەدەم پێکەنینەوە، بە ژنە فاڵ چییەکەی وت:
نەنە، ئەمە باوکە خودادادە. بە دەست ئیشارەتی بۆ ئەو کرد.
خوداداد لە سەرسوڕماوی دەمی داچەقی بوو. لێکدا لێکدا لە لالە و دایکی دەیڕوانی بەڵام هەتا ئێستا لالوی وەها شاد و بە کەیفەوە نەبینیبوو. دەستی بردە بوخچەکەی و لچە سوورەکەی دەرهێنا و خستییە بەردەمی لالە و وتی: ئەمەم لە بازاڕ بۆ تۆ سەند.
لالو بە دەنگێکی بەرز هاتە پێکەنین. لچکەی دا بە شانیا و لە ژێر مەمکەکانیەوە گرێی دا. ئینجا بە ڕاکردن خۆ گەیاندە بەر ڕشماڵەکە. دەستی پیاوە گەنجێکی گرت و ڕای کێشایە دەر. ئاماژەی بۆ لای خودادادکرد و شتێکی بە پیاوەکە وت. پاشان بە هەمان شێوە تایبەتییەی خۆی لەبەر خۆییەوە و بە پۆزە سفت و سۆڵەکانیەوە کەوتە گۆرانی وتن و دەستی کردە ملی پیاوەکە و بە بن دارە بیەکاندا ڕەت بوون و دوورکەوتنەوە.
خوداداد لە خۆشحاڵی و خەمەوە دەگریا. بە لەقە لەق لە هەمان ڕێ کە هاتبوو گەڕایەوە و چووە نێو کوختەکەی و درگای لەسەر خۆی داخست و ئیدی هیچ کەسێ نەیدییەوە.