
کتێبی نووسینەوەی
هەزارویەک خەون
لازۆ ئازاد
(١٠٠١)
دنیا گەرم بوو
خۆر کەوتبووە سەر چیمەنتۆی سوور
بەبەر چاوی مسگەرەکانی کۆڵانەوە هاتیت
ئەو پیاوانەی پێستی سپی دەیترساندن
خۆر گەیشتە ناو ئینجانەکان
ڕووناکی بە دەماری باخچەدا ڕۆ چوو
چیمەنتۆی سوور داغ بوو
بە کراسێکی ڕەشەوە
تۆ دەرکەوتیت
لەودیو ماڵەکەی منەوە
سەموونفرۆشەکە هاوار دەکات و
من و تۆ دەنگمان لەگەڵ ئەودا ون دەبێت
میوەفرۆشەکە بۆنی کاڵەک لە دەمی دێت
من لە بری کاڵەک زمانی تۆ دەخۆم
کوتاڵفرۆشەکە مەترێک
قوماشی نیپاڵی
دەدات بە سکێکی بازنەیی
هەوا لە ژوورەکەمدا دەتاسێت
دەستی تۆ
لەسەر یەکەم قۆپچەی کراسەکەمە،
تێکەڵ دەبێت لەگەڵ ماستفرۆش و
سەوزەفرۆشەکان سەدای تۆ،
مەلا دەنگخۆشەکەی کۆڵانی ئێمە
بانگ دەدات و
پانتۆڵەکەت لەسەر کەمەرت دەترازێت
قۆپچەی کراسی ڕەشت
لەناو دەستی مندا سەرگەردان
زەوی سووڕی خۆی تەواو دەکات
خۆر لە ناوەڕاستی سینەمە
من و تۆ سووڕێکی خەوتن تەواو دەکەین
تۆ نیوەی دەرگهکەت کردووهتەوە
پاژنەت لەسەر تاکێک لە پێڵاوەکانتە
ماچێک بە سەری پەنجەکانت دەنێریت
پیاوانی گەڕەک لێت دەڕوانن
ئەوانەی پێستی سپی وەک مەترسی دەبینن
من لەمدیو پەنجەرەکانەوە
بیر لەوە دەکەمەوە
دەنگی پێڵاوەکانت
لەودیو دەرگهکەم
سەدای هەیە
لەناو دەنگی زبری شاردا
ون دەبن
هەنگاوەکانت
تۆ مەعشووقی کۆچەریی منیت
(١٠٠٠)
دڵم
بەوە دەلەرزێت
بەوە بزە دەیگرێت
کە چاوەکانت تەڕ دەبن و
بۆینباخەکەت شل دەکەیتەوە
(٩٩٩)
دیواری ژوورەکەم درزی بردووە
سیسەمە دارینەکەم بۆنی پێستی لێ دێت
کتێبە زەردەکانم لەسەر زەوی پەرێشان
گۆزەیەکی شکاوی شەراب و
ملوانکەی مێخەکم ئەڤین دەگۆڕنەوە
جامێکی ستیل لە تەنیشتمەوە
لێوی دەلەرزێت
من ژوورەکەمم خۆش دەوێت
ئەوکاتانەی دەنگی درزی دیوار و
سیسەمی دارین و پەڕەی زەردی کتێب و
گۆزەی شکاو دێت
ئەوکاتەی بە دوو لێوی گەرمەوە
جامی ستیل بەتاڵ دەکەینەوە
سەرمان لە یەکتر نزیک دەکەینەوە و
دەیکەین بە ئاوێنە
(٩٩٨)
تۆ هەزاران سێبەرت هەیە و
وەک برا بەسەر پیاوەکانی دنیادا
دابەشت کردوون
من لەسەر ئەم زەوییە
حەزم لە هەزارە و
تاکوتەنیا ئەڤینداری تۆم
(٩٩٧)
کچێک لەناو مندایە
خوشکی بچووکی تۆیە
گۆرەوییەکانت دەشوات
ژنێک لەناو مندایە خەون دەبینێت
دەزگیرانت بێت
کراسی سپیت بۆ دابکەنێت
ئەستێرەی بچکۆلەی سوورت بداتێ
گەر لەگەڵ تۆدا پیر نەبووم
حەز دەکەم دایکت بم
دڵم لات بێت،
بۆت بگریم و
هێندە خەمت لێ بخۆم
پرچەکانم سپی ببن
لەسەر گۆڕی پیاوچاکان
بۆت بپاڕێمەوە
خودا مرازی دڵت حاسڵ بکات
کوڕەکەم!
(٩٩٦)
بە پەنجەکانی
قردێلەی قژمی کردەوە
پارچەیەک قوماشی ئاوریشم
کەوتە سەر زەوی
مێروولەکان ژوورەکەیان بەجێ هێشت
(٩٩٥)
پێم مەڵێ دنیا گەورەیە
دەستت بەر هەر ژنێک بکەوێت
جێپەنجەکانت لەسەر گەردنی من
دەردەکەون
(٩٩٤)
بیر لەوە دەکەمەوە
چەند جار زنجیری تەنوورەکەم
قۆپچەکانی کراسەکەم
بەو پەنجانەی تۆ
دەکرێنەوە و
دەترازێن و
دادەخرێنەوە
تۆ
هەر هیچ نەبێت
شتێک بڵێ
بۆ ئەوەی کەوتنەخوارەوەی جلەکانم بۆ سەر زەوی
تاکە دەنگێک نەبێت من گوێم لێی بێت،
مەسیحی من!